| 
			١٥\١\٢٠١٩ 
			   
			
			بمخوێنەوە. 
			 
			شۆڕش محەمەد عەلی 
			تۆ وەک جاران 
			نامخوێنیەوەلە چاوتانا
 کتێبێکم بێ ناوەرۆک
 بێ شیعر و داستان و چیڕۆک
 بێ خاڵ٫ بێ پیت ٫ بێ وشە
 
 تۆ وەک جاران نامنووسیەوە
 لە ناختانا
 پەڕاوێکم ۰۰ سپی سپی خاڵی خاڵی
 وەک گوێزێکی کاڵ پووچەڵە
 وەک مێشکێکی بەتاڵ بوودەڵە
 بێ هەست و نەست و ئەندێشە
 
 تۆ هەمیشە لە رۆحمدای
 بۆ من رەنگ و دەنگ و سەدای
 دەتخوێنمەوە۰۰ دەتخوێنمەوە
 بە ونبوون و جیابوونەوەت
 بێزار نابم لە خوێندنەوەت
 
 تۆ هەمو سات لە ناخمدای
 شازادەی و پەرستگای
 کرنوش دەبەم بۆ چاوانت
 لە دڵمەوە دەتنووسمەوە
 دوای تاوتوێ و نووسینەوەت
 بە دەنگێکی بەرز بەرز
 دەتخوێنمەوە
 وەڕز نابم لە خوێندنەوە و نووسینەوەت۰۰۰۰.
 
			  
			٣١\١٢\٢٠١٨
			ماڵپەڕی شۆڕش محەمەد عەلی
  
			  
			  
			  
			  |