٢٦\٢\٢٠١٣
پیرۆز بێت ٨ی مارس
رۆژی جیهانیی ژن!
بنەماکانی
توندوتیژیی دژ بە ژنان.

عوسمان
رەحمانی
توندوتیژیی دژ بە ژنان لە جیهانی ئیسلامی و
بەتایبەتی لە کوردستان کە کراوەتە کولتور و یاسا و بەڕێوە دەبرێ، وە لە
شێوازی جۆراوجۆردا گیان و ژیان و کەرامەتی ئینسانی ژنی نابود کردوە،
رەنگدەرەوەی ناوەرۆکی دژی ئینسانیی دینی ئیسلامە. لە دینی ئیسلام دا ژن
بە ئینسان حیساب ناکرێ و بەشیکە لە ماڵ و موڵکی پیاو. لە هەمو ئەو
ئاێەتانەدا کە دەربارەی ژن هاتوە، هەر هەموی ئەمر و فەرمانی خودا و
پێغەمبەری ئیسلامە بۆ پیاوان کە چۆن هەڵسەوکەوت لە گەڵ ژنان بکەن. بە
سەراحەتی تەواو قورئان دەڵی کە ژن مڵکی تایبەتی پیاوە، بۆ پیاو دروست
کراوە و هیچ ئێختیار و ئیرادەێەکی بەدەست خۆی نیە. پیاو دەتوانی لێی
بدا، تەمێی بکا و چۆنی پی خۆشە بەکاری بێنیت. ئایەتەکانی قورئان ئەگەر
راستەخۆ ناڵی ژنەکان بکوژن، خودی وتنی ئەوەیکە ژن ملکی پیاوە و چۆنی پێ
خۆشە مەعامەلەی لەگەڵ بکات، یانی دەتوانێ بیشی کوژێت. هەر بەم دەلیلە
سرچاوە و بنەمای توندوتیژییەکان دژ بە ژنان دینی ئیسلامە. جێگای خۆێەتی
کە ئاماژە بە جۆرەکان و شیوازەکانی توندوتیژیی بکەین و کاریگەریە
ڕوخێنەر و زیانبارە جنسی و جەستەییەکانی بە کورتی بخەینە ڕو کە ڕۆژانە
ژنان دەیچێژن و بەرانبەریان دەکرێ.
توندوتیژیی بە شیوازی جۆروراوجۆر لە لاێان پیاوانەوە دەرحەق بە ژنان
ئەنجام دەدرێ و وەک ئامرازی سوک نرخاندنی ژنان بەکاری دێنن. زۆربەی
خەڵک و تەنانەت بەشیکی زۆر لە خودی ژنانیش توندوتیژیی تەنها بە لێدان و
کوشتن و بڕین دەزانن، بەڵام لایانی شاراوە و دەرونیەکانی نادیدە دەگرن.
دەبی ئەو راستیە بزانین کە توندوتیژیی تەنها لێدان و چاوی شین هەڵگەراو
و هەڵمساو، دەم و لوتی خوێناوی و ددانی شکاو نیە. توندوتیژیی بە زۆری
ئازاردانی ڕۆحی، سوکاێەتی و جاروبار نیگاێەکی مانا دارە لە لاێەن مێرد،
برا و باوکەوە. نیگای پیاوێک بە ناوسنگی کراوەی ژنێک کە میوانداری لە
میوانەکان دەکا و لە کاتی گەڕاندنی ئاو یان چا دا دادەنەوێ و لە
ملیوانی کراسەکەێەوە ناو سنگی دەر دەکەوێ. توندوتیژیی نیگای ڕقی هەڕەشە
ئامێزی مێرد، باوک و یان براێە کە لە میوانیەکدا ژن بە دەنگی بەرز قسەی
کردوە و یان پێکەنیوە. توندوتیژیی زۆر جاران نیگاێەکی نهێنیە لە میوانی
و مەراسم و زەماوەندێکدا کە چاوەدیریی خۆشکان و ژنان و کچان دەکا و
ئاکامەکەی دوا رۆژ و رۆژانی دواتر لە لەش و سەروچاوی ژندا دەر دەکەوێت.
توندوتیژیی ترسێکە کە بەردەوام ڕۆح و جەستەی ژن دەلەرزێنی و بەرەبەرە و
بەردەوام گیان و لەشی دەڕوخێنیت.
توندوتیژیی ئەو ترسە بەردەوامەیە کە ژن هەێەتی لە خۆی. بەردەوام بیر
دەکاتەوە: بڵێی لەسەر ئەم جلانە ئەمڕۆ لەبەرم کردون شەق نەخۆم؟ بڵێی لە
بازار هەڵەێەکم نەکردبێ، بە بێ هێچ مەبەستێک سەیری پیاوێکم کردبێ و
پێکەنیبێتم؟ توندو تیژی ئەو سڵاوەیە کە لە دەرەوەی ماڵ ناویرێت تەنانەت
لە برادەری مێردەکەشی بکات. توندوتیژیی زۆر جاران نیگای بێ کەلام و بێ
دەست وەشاندنی پیاوە کاتیک کە دێتەوە و دەرگای ماڵ دەکاتەوە و لە ناکاو
دڵی ژن دادەخۆرپێنێت، توشی گۆمانی دەکا، خەمباری بیر کردنەوەی دەکا کە
ئاخۆ چی کردبیت وا توڕەێە و مۆن و مۆڕە دەکا. ئیتر ژن دەحەبەسی و زەلیل
دادەکەویت، هەر وەک بڵێی بوونی
نییە.
توندتیژی تەنها شەق و شەپڵاخە و قژ کێشان نیە. توندوتیژیی ئەو شەرم و
ئازارە دەرونیەێە کە ژن توشی نەخۆشی نەفسی دەکا و دەبێ بە هەر شیوازێک
و شێوەێەک کە پیاو دەیهەوێ خۆی بگونجینێت. بەردەوام ترسی ئەوەی هەبێ کە
ژنیکی باش نیە، دەبێ باش بێت، کەم و کۆڕی هەیە و ناتەواوە، دەبی قڵەو
نەبیت، دەبی زەعیف بێت، دەبی قەڵەو بیت، جوانتر بیت، خۆشحالتر بیت،
دەبی قورس و سەنگین بیت، شاد و سێکسی بیت، موحەجبە بیت یان نەبێت،
ماڵدار بیت و عاقڵ، دەبێ گوێراێەڵ و مل کەچ بێت. توندوتیژیی تەنها
لێدان و پەراسو شکاندن و دەست شکاندن نیە کە تەنانەت نەشوێرێت بڵێ لێان
داوم، دەبێ درۆ بکا و بڵێ کەوتوم. توندەتیژی ئەو شتەێە کە ژن نیەتی و
پێی واێە دەبێ هەیبێت. توندوتیژیی خۆ پێشێل کردنی ژنە وەک ئینسان و ئەو
مەقنەعە و نیقابەێە کە ژن دەبێ خۆی پێ داپۆشێ تا خۆی نەبێت و بە گوێرەی
خواست و مەجازی پیاو بێت. توندوتیژیی ئەو حاڵەتانەێە کە پیاو بە سەیر
کردن و تەعلیق و بوغزاندن ژن نابود دەکا بە بێ ئەوەیکە دەستی پێوە بدا
و ئازاری جستەیی بدات. توندوتیژیی ئیرس و میراتی پیاوانە کە لە باو
باپیرانیانەوە نەوە لە دوای نەوە بۆیان بە جێ ماوە و بە نابود کردنی ژن
دەیپارێزن و پەڕیەوە دەبەن.
توندوتیژیی ڕۆحی و دەرونی، دەێان قات بە ئازارتر و ماندگارترە تا لێدان
و ئازاری جەستەیی. جنێودان و سوکاێەتی و ئیهانەکانی وەک دایک قاحبە،
خۆشک حیز، گاڵتە پێکردن، جوندە، قاحبە، بێ ئەخلاق، زەعیفە و سوزانی.
هەروەها پیاوان کاتێک کە پێکەوە بەشەر دێن و کێشەێان لێ پایدا دەبێ،
دیسانەکە جنێوەکان ئاراستەی دایک و خۆشک و ژن و کچانی یەکتری دەکەن،
وەک: دەڵیی ژنیت، ژن ڕەنگ، دایک و خۆشک و.. چی لێ بکەم، کراسی ژنان
لەبەر بکەی باشترە، ژنانی و دەێان وشەی سوکی دیکە کە بە جارێک بەسەر ژن
دا دەبارێ و نابودی دەکا.
ئازاردان، سوکایەتی، هەڵاواردن، بە زەعیفە ناودێر کردن و توندوتیژیی لە
دژی ژنان رەنگدەرەوەی ناوەرۆک و روانگای پیاوسالاریی ئیسلامە کە پلە بە
پلە بەرەو قوڵایی ژن نابود دەکا و یەکەم پلەی بەمانە دەست پێدەکا کە:
ئەو جلە لەبەر مەکە و ئەوە لەبەر بکە، خۆت داپۆشە، لەگەڵ فڵان و فیسار
مەبە چونکە خراپن، ئاو یان چا دەخۆیتەوە روت لەولا بکە عەیبە و بێ
ڕێزیە بە پیاوان و دەێان چونکەی دیکە کە ناویان خۆشەویستی و دڵسۆزی و
ڕیزە لە ژنان. خودی ئەم خۆشەویستی و دڵسۆزیانە لە خۆێدا سەرچاوەی هەمان
وەسیلە و ئامرازی کونترۆڵ کردن و بێ ماف کردنی ئینسانی ژن و بە کۆیلە
کردنیانە. لە ئاکامی ئەم کونترۆل کردن و سوک کردنەدا ژنان دەبنە
بونەوەرێکی بێ ئیرادە، بێ سیقە و باوەڕ بە خۆ، لاواز، خەمۆک و غەمبار،
سوک کراو، ترسنۆک، بەستراوە و وابەستە، ترسان لە هەڕەشەی لەگەڵ نەخەوتن
و لێدان و.... وا لە ژن دەکا کە خوشەویستی دەبێتە نەشتەرێکی ژاراوی لە
جەرگیاندا و دەبێ پێوەی بناڵینن تا مردن.
خودی جنس و وجودی ژن دەبێتە توندوتیژیی لە دژی خۆی، کاتێک کە بۆن و
هاڵاوی هەناسەی خواردنەوەی مێردەکەی ئازاری دەدا و بەڵام بە درۆ وا خۆی
نیشان دەدا کە لەزەتی لێ دەبا و پێی واێە ئەمە خزمەت و ئەرکی ژنانەی
ئەوە و دەبێ ملکەچ بێت. توندەتیژی پاساوی جنێو، سوکاێەتی، بێحورمەتی و
ئازاردانی جنسی و جسمیی پیاوەکەێەتی کە سەرخۆشە و دەبێ قوبوڵی بکا.
ژنیان بە زۆر یان بە فریوکاری و هەڕەشە و گوڕەشەکانی دینی قەناعەت پێ
کردوە کە وەک بڵێی سەرخۆش بون بیانوێەکی لەبار و گونجاوە بۆ
ناشیرینترین و قیزەونترین و توندتر کردنی رفتارەکانی پیاوە دژ بە ژن.
لێدان و ئازارەکانی، لێدان و شکانی دەست و پەراسو، لێدان و هەڵماسین و
شین و مۆر بونەوەی سەروچاو پاش ماوەێەک چاک دەبنەوە و تەنانەت لە بیریش
دەچنەوە، بەڵام هەست و شادی و باوەڕ بەخۆی ژنان کە بە درێژایی ساڵان و
مانگان لێان زەوت دەکرێ هیچ کاتێک و بە هیچ شیوەێەک پڕ نابێتەوە و تا
مردن ئازاری دەدا.
هەمومان بە چاوی خۆمان دیتومانە کاتێک کە خۆشکە چکۆڵەکانمان
بیانوێەکیان دەگرت، یان شتێکیان دەکرد کە باوکمان لێی تورە دەبو،
لیرەدا توندوتیژیی ئەو دەستە بو کە باوک بەرزی دەکردەوە بۆ لێدانی و
قەت نەدەهاتە خوارەوە. ترسی ئەو دەست بە بێ ئەوەی لە کچ بدا، هەمیشە
وەک شەبەحێک بەسەر سەریەوە بو کە کەی دابێت و لێی بدا. توندوتیژیی
غەزەبی چاوانی براێە کە نیگای خۆشویستیی کوڕی دەراوسێ کوێر دەکا و
خۆشکی زەلیل و عاشق نا ئومید و پەنا بۆ خۆ سوتان دەبا و ئەو خۆشەویستیە
ئینسانیە دەبێتە دوکەڵ و ڕقی دەرونی نەخۆشی برا دادەمرکێنێت.
توندوتیژیی پرتە و بۆڵە و جنێودانەکانی مێردە کاتێک کە دێتەوە بۆ ماڵ و
لەبری دەست خۆش وتن و رێزگرتن لە ژنەکەی بۆ ئەوەیکە لە بەێانیەوە تا
نیوەڕۆ لە زیندانی ماڵەوە نەچوەتە دەر و چێشتی بۆ لێ ناوە، جلی بۆ شتوە،
و ماڵەکەی بۆ پاک و خاوێن کردوەیەوە.
لاێانی دیکەی توندوتیژیی، یاسا دژی ئینسانی و ناعادل و بێڕەحمانەکانی
دین و کۆمەڵگا دینیەکانە کە سەرچاوی توندوتیژیین دژ بە ئینسانی ژنن.
لێرەدا توندوتیژیی یاسای ناعادلانە و نابەرابەری مافی مالک بونی
باپیرەێە کە بە نەبونی باوک، دەبێتە خاوەنی کچێک کە هەمو ئەرک و رەنجی
بەخێو کردنەکەی لە سەر شانی دایک بوە و تەنانەت بە بێ ئامادە بونی دایک،
یاسا دەیدا بە باپیرە و باپیرەش یان دەیبەشێ و یان دەیفرۆشێ.
توندوتیژیی بەشە ئیرسە کە پاش مردنی باوک نیوەی براکەت بەرت دەکوێ.
لاێەنیکی دیکەی توندوتیژیی دژ بە ژنان، لە راستیدا خودی ژنانن کە ئەم
هەمو توندوتیژیی و بێ مافی و پێشێلکاریە قەبوڵ دەکەن و تەنانەت ئەگەر
لێرەولەوێ ژنانێک دەنگ هەڵبڕن و بێزاری و نارەزاێەتی دەرببڕن و هەڵوێست
بگرن، لە لاێان ژنانی دیکەوە دەکەونە بەر تانە و لۆمە و سوکاێەتی. بۆ
خۆ شیرین کردن لە لای پیاو سالارانی کۆنەپەرەست، ئیسلامیەکان و
عەقڵیەتی دژی ئینسانی دینی بەو ژنانە دەڵێن: بەرەڵاییان دەوی و ئەوانە
چی و چین.
osman_r@hotmail.no
|