په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٨\٢٠١٢

 بنەماڵەى شەهیدان، یان حیزبى بنەماڵە؟؟

 

هۆگر


لە هەموو دنیادا وا باوە وەدیهێنانى هەر دەستکەوتێک بە تایبەتییش دەستکەوتەکانی بوارەکانی (ئازادیی، نیشتمانیی... تاد) پێویستى بە شۆرش و ماندووبونێکى کردەیى هەیە کە مرۆڤەکان کاراکتەرى سەرەکیی ئەو دەستکەوتانەن.. ئەویش پێویستى بە بەخشینى زۆر هەیە لە گچکەترین شتەوە تا دەگاتە گیانبەختکردن، لە هەمان کاتدا پێویستى بە کارگەلێکى تیۆریی و پراکتیکیی هەیە، سەبارەت بە داڕێژەرانی کارەکان وا باشە کەسەکان وەک مەرجی سەرەکیی بە بیر و هەستى نیشتمانیی و نەتەوەیی ئاوێتە بن.. هەروا دەبێ ئاوەز و ژیریی و زانیاریی پێویست دوور لە بەرژەوەندیی تایبەت پێکهاتەی کاراکتەری ئەو کەسانە بن کە  رۆڵی بەرچاو و سەرەکییان هەیە لە رزگاریی نیشتمانیی و وەدستهێنانی ماف و ئازادییەکانی کۆمەڵ.

دروستبوونى شۆڕشە یەک لە دواى یەکەکانى کورد وەک کردەیەکى بەردەوامى هەوڵ و تێکۆشان لە پێناو وەدەستخستنی ژیانێکى ئازادییخوازانە بوو بە هۆى قوربانییدانی خەڵکێکی زۆر لە رۆڵەکانی ئەو میللەتە، هاوکات لەو سەردەمدا زۆرێک لە حیزبەکان لە پێناو بەرژەوەندیی تەسکی حیزبیی و بنەماڵەیى بە بێ سڵمینەوە شەڕى خۆبەخۆیان کرد و ئازادییخوازانێکی زۆری ئەو کوردستانەیان لە خین گەوزاند. دەتوانم بڵێم شەرى خۆکوژیی لەو دەمدا ئەگەری مانەوە و پاراستنی هێز و دەسەڵاتی  حیزبە بنەماڵەییەکان بوو. ئەو سەروەت و سامانەی کە ئێستا لە چرکەساتێکدا دەستیان دەکەوێ و لە نێوان خۆیاندا قۆرخیان کردووە نایانەوێ لە دەستى بدەن چونکە وەک هۆیەک جڵەوى دەسەڵاتیان پێ راگرتییە. کاتى خۆشى دەسەڵاتدارانى ئێستا دەستیان لەگەڵ پیسترین رژێمە فاشیستەکان تێکەڵ کردبوو و پێشڕەوییانن دەکردن لۆ سەر ناوچە کوردییەکان و سڕینەوەى یەکترى و بە کوشتدانى رۆڵە بوێرەکانی ئەو کوردستانە کە یەکەم ئامانجیان وەدیهێنانی ئازادیی و مافە رەواکانی گەلەکەمان بوو.. کەچى ئەوان کوێرانە شەڕى خۆکوژییان پێدەکردن. وەک ئێستاش دەیبینین لایەنەکانی ئەو دەسەڵاتە دژەئازادییە هەر یەکەیان چوونەتە ژێر بارى دڕندەترین رژێمى تۆتالیتاریی و کۆنەپەرستی ئیسلامیی ناوچەکە.. لە ژێر چەترى (تورکیا، ئێران و... تاد کە تا ئێستاش دان بە کەمترین مافە سەرەتاییەکانى خەڵکی کوردستان نانێن و بەردەوامیشن لە راوەدوونان و قڕکردنیان) راسپاردەکانی جێبەجێ دەکەن.

ئەمن لێرەدا گەرەکمە ئەوە بخەمەڕوو کە هەرگیز ناکرێ (بنەماڵەی شەهیدان و حیزبی بنەماڵە) بخێرێنە ناو یەک هاوکێشە وەک ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی ئێستا دەیکەن و خۆیانی پێ هەڵدەکێشن و دەیانەوێ وا نیشان بدەن کە ئاوات و ئامانجی شەهیدان و بنەماڵەکانیان ئەو دەسەڵاتە پەڕپووتەی ئەوان بووە و خۆیان بە درێژەپێدەری رێبازی ئەوان دەزانن... چونکە:

 

- بنەماڵەی شەهیدان: رۆڵەکانیان لە پێناو رزگاریی و سەربەخۆیی نیشتمان و وەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکان بەخشی، مێژووش گەواهی ئەوەیە کە تەنیا ئەو رۆڵە چاونەترس و لەخۆبووردوانە بوون هەر لە یەکەم چرکەی بەرخۆدان بەرانگژبوونەوەیان تا کاتی شەهیدبوونیان داینەمۆی تێکڕای جوولە و چالاکیی و نەبەبەردییەکانی خەڵکی کوردستان بوون و پێ بە پێی سەرکەوتن و نوشستییەکان پەرەیان بە شۆڕش دا تا توانیان دوا قەڵای دوژمن لە کوردستان بڕووخێنن، مێژوویەکی زۆر دوور نییە و دەنگ و سەدا و نەعرەتەی ئەو شەهیدە نەبەرد و جوامێرانە ئێستاش لە گوێی بنەماڵەکانی شەهیدان و خەڵکی کوردستان دەزرنگێتەوە و دەسەڵاتداران هەرگیز ناتوانن بە هۆی پیاوەکانیان کە بەشێکی زۆریان لە سیخوڕ و کۆنە بەعسی و جاشەکانی پێشانن ئەو دەنگە کپ بکەنەوە.

 

- حیزبى بنەماڵە: لە سەرەتاى دروستبوون و دەرکەوتنیان تاکو ئێستا هەر بە هەمان عەقلیەتى خێڵەکیی و تاکڕەویی و کۆنەپەرستیی لە ناو یەک بازنەى بنەماڵەییدا گورزى خۆیان دەوەشێنن و بیروباوەڕە ژەهراوییەکانیان بە سەر تاکى ئەو هەرێمەدا دەسەپێنن. لە هەر کات و شوێنێک حیزبى بنەماڵە بوونی هەبێ سەربارى سەرکوت و کارەساتەکان بوویتە ماڵوێرانیی و کاولکاریی لۆ ئەو وڵاتە.. چونکە ئەوان بیر و هزرە ژەنگاویی و دواکەوتووەکانیان لە نەوەوە بە نەوە دەسپێرن و درێژە بە سیاسەتە چەواشەکارییەکان دەدەن و هەرگیز ئامادە نین گوێ لە راى گشتیی و رابگرن یان پەیڕەوی پرانسیپە مرۆییەکان بکەن.. بەڵکە تەنیا بە پێی بەرژەوەندییە خێڵەکیی و مافیاییەکانیان بڕیاری رەها بە سەر کۆمەڵ و هەر تاکێکى ئازادییخواز دەسەپێنن، هەر کاتێکیش کەسێک پێچەوانەى وان بیر بکاتەوە یان رەخنەیان لێ بگرێ ئەوە بە شێوازی جۆراوجۆر وەک چاو لێ سۆرکردنەوە و سینارۆ دروستکردن و... تاد سەرکوتی دەکەن.. ئەگەر ئەوەش دادی نەدان ئەوە لە کوشتنی دەست ناپارێزن.. نموونەى لەو جۆرەش زۆرن.

هەرێمى کوردستان حکومى بنەماڵە تەواو هەراسانى کردییە، ئەگەر لە ناوەڕۆک تەماشاى بکەین جگە لە دیوەخانێک کە کۆمەڵێک ئاغا کەوتونەتە گیانی هیچی دیکە نییە. جێی گومان نییە کە ئەوانەى ئێستا بڕیاربەدەست و پلەدارن زۆریان کاتى خۆى شەریکەبەش بوونە لە ئەنجامدانى هەڵمەتى ئەنفال و کیمیابارانکردنى هەڵەبجە و وێرانکردنى گوندەکان، ئێستاش بە هەمان شێوە جاش و (مستەشار)ەکان لە لایان داڵدە دراون و وەک پەڵەیەکى رەش بە ناوچەوانیانەوە دیارە، چەوساندنەوەکە هەر هەمان چەوساندنەوەیە بەڵام بە ریتمێکی دیکە.. ئەوەش کارێکى نامۆ نییە و لێیان چاوەڕێ دەکرێ. هەرچى بێ ویژدانیی و خیانەت هەبوو کردیان بەرامبەر بە نەتەوە و مێژوو ئێستاش هەر ئەوانن لەسەر حیسابى خینی شەهیدان و خەڵکى ئازادییخواز هەر چى لەدەستیان بێ دەیکەن.. لەوپەڕى خۆشگوزەرانیی دەژین و هەست بە ئازارى ویژدانیشیان ناکەن، خاوەنی ڤیلاى مۆدێرن و ئۆتۆمبیڵى دوا مۆدیل و پاسەوان و پاسپۆرتن و خۆێندنگاى تایبەتیان لۆ منداڵەکانیان هەیە و بە ئارەزووى خۆیان گەشتی کام وڵاتى گەشتیاریی خۆش هەیە دەکەن و داهات و سامانى ئەو گەلە داماوەش بە ئارەزووی خۆیان تەخشان و پەخشان دەکەن، هەرچى کەونە جاش و بەعسی هەیە کە تاوانبارن بە کوشتنى کورد ئێستا پلەدار و بڕیاربەدەستن و هەر کارێکیان بووێ بە سانایى لۆیان رایى دەکرێ.

 

بە پێچەوانەشەوە ئەوەى لەو هەرێمە دەگوزەرێ ئەو نەهامەتیی و دەردەسەرییەیە کە بەرۆکى بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدانى گرتییە، تا ئێستا نە برینەکانیان ساڕێژ کراینە نە رێزێک لە خانەوادەکانیان دەگیرێ.. لە گچکەترین خزمەتگوزاریی وەک (شوێنی نیشتەجێبوون، دەرفەتی خوێندن. دەرفەتی کار و دامەزراندن و... تاد) بێ بەشن، ئەوانەی لە ئەنجامى بەرکەوتنى چەکى کیمیایى و لە کاتى شۆرش کەمئەندام بوونە تا ئێستاش برینەکانیان ساڕێژ نەکرانە کە دڵنیام لە دەرەوە چارەسەریان هەیە.. ئەوانەی یارمەتییەکیشان دەدرێ دەبێ سەر بە یەکێک لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان بن. سەرەڕای ئەوانەش لۆ راکێشانی بنەماڵەی شەهیدان لۆ خۆیان ساڵانە بە بەفیڕۆدانی سامانى گشتیی هەڵدەستن بە یادکردنەوەی شەهیدان و بەرگى حیزبەکانییان لۆ دەدورن و فرمێسکى تیمساحیی هەڵدەڕێژن! قێزەوەنترین کارى ئەو دەسەڵاتە ئەوەیە کە تەنیا لۆ دەمکوتکرنى کەسوکاری شەهیدان و لە گۆڕنانى حەز و خەونەکانیان هەستاون بە پێدانى بڕە مووچەیەکى کەم کە بە هیچ شێوەیەک پێداویستییەکانى ژیان دابین ناکا.. وەک ئاشکرایە ئەو بڕە مووچەیەش لە لایەن دەسەڵاتی بنەماڵەوە وەک تاکتیکێک بەکاردەبردرێ لۆ لەخشتەبردنی بنەماڵەی شەهیدان تا بتوانن بە هۆی ئەوانەوە مانەوەی خۆیان مسۆگەر بکەن و درێژە بە دەسەڵاتەکەیان بدەن.. بەڵام بە بێ گومان خەیاڵیان خاوە.. چونکە خەڵکانێک خانەوادەی ئەو شەهیدانە بن (کە دەنگی ئازادی ئەو گەلە بوون و پایە و پەیژەکانی ئەو تەختەی ئێستا لەسەر ئێسک و پروسکی ئەوان بنیاتنرا کە دەیانویست میللەت لەسەری دابنیشێ و حیزبی بنەماڵە داگیری کرد) هەرگیز فریو ناخۆن و رۆژێک هەر دادێ بتوانن حیزبی بنەماڵەش وەک حیزبی بەعس بخەنە نێو لاپەڕە رەشەکانی مێژوو.


دوا وتەم ئەوەیە کە تکایە چیدی لە کۆڕ و کۆبوونە و خوانەکانتان، لە بۆنە و یادەکان، لە پڕوپاگەندەى هەڵبژاردنەکاتان باسى شەهیدان و بنەماڵەکانیان مەکەن.. ئەو خوڵەکەش هەر مەوەستن و سەرى رێزیان لۆ دامەنوێنن چونکە ئێوە نەک هەر باوەڕتان بە شەهیدان نییە و بێڕێزییان پێ دەکەن بەڵکە دووبارە و چەندبارە ئازارى گیانی پاکیان دەدەنەوە، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و سەرجەمی ئازادییخوازان و شۆڕشگێڕە دێرینەکانیش بە تەواویی لێتان بێبەریین.

 


hogirsozdar@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک