په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٥\٢٠١١

بن لادن کوژرا، بەڵام ئەوە تەنیا نیوەی شانۆگەرییه‌کەیە!


موحسین کەریم   


ئوسامە بن لادنی سەرۆکی تۆڕی تیرۆریستی ئەلقاعیدە لە پەلامارێکی سەربازیی هێزێکی تایبەتی ئەمریکیدا کوژرا. گومان لەوەدا نیە کە زۆربەری خەڵکی جیهان بەو هەواڵە دڵخۆش بوون. بەڵام ئەمە تەنها دیوێکی شانۆیەکە کە لەدوای کارەساتی ١١ی سێپتێمبەرەوە ئیشدەکات‌!

ئەمریکا نزیکەی دە ساڵە دژایەتیکردنی “تیرۆر"‌و ئوسامەبن لادنی کردۆتە بیانویەک بۆ ئەوەی دەسەڵاتی میلیتاریستی خۆی بەسەر جیهاندا بسەپێنێ تا لەورێگایەوە پارێزگاری لە بەرژەوەندیە ئابوری‌و سیاسیەکانی سەرمایەی ئەمریکی بکات لەبەرامبەر مونافیسە سەرمایەدارەکانیدا لەئاستی جیهاندا. دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە عێراق‌و ئەفغانستان لە پرۆسەی بەناو "شەڕ دژی تیرۆریزم"دا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بە دڕندانەترین شێوە کوژراون‌و هێشتا دەروازەیەکیش بۆ رزگاربون لەو قەسابخانەیە لە نزیکماوەدا بەدی ناکرێ!

رەنگە کەم کەس هەبن گومانیان لەوەهەبێ کە بن لادن‌و ئەلقاعیدە‌و موجاهیدینی ئیسلامی لە ئەفغانستان بەرهەمی سیاسەتی ئەمریکا خۆی بوون لە شەریدا لەگەڵ روسیا، کە سەخاوەتمەندانە، بە هاوکاری پاکستان‌و عەرەبستانی سعودی، کۆمەک‌و مەشقی پێدەکردن‌و لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەمریکاCIA))وە هونەری تەقاندنەوەی بۆمب‌و سەڕبرێنی سەربازی بەدیلگیراوی سۆڤیەتی فێردەکران! بەڵام گاڵتەجاریی زەمانە لەوەدایە کە ئەمریکا کوشتنی تیرۆریستێکی پەروەردەی خۆی کە لێی هەڵگەڕاوەتەوە بەبەرگریکردن لە ئاسایش‌و ئارامیی دنیا نیشاندەدات!

(جەنەڕاڵ نۆریەگا)ی دیکتاتۆری پەنەماو دەستنیشاندەی ئەمریکا، نزیک ٢٥ ساڵێک لەمەوبەر کاتێک پێی لەو بەڕەیەی ئەمریکا بۆی دانابوو درێژترکرد، لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمریکاوە رفێنراو بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە لە زیندانی ئەمریکا توندکراو، ئێستاش ژیانی لەناو زینداندا بەسەر دەبات! سەدام حسەینی بکوژی خەڵکی عێراق، کە لە کۆتایی شەستەکاندا بۆ پێشگرتن بە شەپۆلی کۆمۆنیزم ‌و نەکەوتنی عێراق بەلای بلۆکی سۆڤیەتدا، لەلایەن ئەمریکاو رۆژاواوە دەستی گیرا بۆسەر حوکم، دوای ئەوەی کە بەهەمان شێوەی (نۆریەگا) لە فەرمانەکانی ئەمریکا یاخی بوو، خۆی وەکو دڕندەترین مرۆڤ‌و رژێمەکەشی وەکو ترسناکترین رژێمی دنیا ناسێنراو تۆڵەی سەرکێشیەکەیان لێکردەوە!

رژێمی ئیسلامی ئێران، بەهەمانشێوەی عێراقی کۆتایی شەستەکان، لە جەرگەی شۆرشی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی ئێراندا دژی رژێمی چەوسێنەری شا لە ساڵی ١٩٧٩، لەلایەن ئەمریکاو رۆژاواوە فەرشی سوری بۆڕاخرا تانەوەکا کۆمۆنیستەکان دەستی باڵا پەیدا بکەن یان ئێران بکەوێتە ناو خولگەی بەرژەوەندی سۆڤیتەوە. ئەو رژێمە دڕندەیەی کە بەپێی راپۆرتی دەزگا نێودەوڵەتیەکان گەورەترین ریکۆردی لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ‌و تاوان‌و ئەشکەنجەدا هەیە، بەرهەمی سیاسەتی قازانجپەرستانەی دەوڵەتی بۆرژوا-ئیمپریالسیتی ئەمریکایە.

راستیەکی رون‌و هاوکات تاڵیش ئەوەیە کە ئەمریکا خۆی بێجگە لەوەی کە هەمیشە لایەنێکی سەرەکی تیرۆریزمی دەوڵەتی‌و رەسمی بووە لەدژی بزوتنەوە ئازادیخوازو هەقخوازانە‌کانی دنیاو ئەنجامدەری دەیان کارەساتی ئینسانی بوە لە گۆشەو کەناری جهیاندا، بەڵام هاوکاتیش خۆی تاقیگەی دروستکردنی ئەو ڤایرۆسی تیرۆریزمەیە کە لێرەولەوێ بەریداونەتە گیانی کۆمەڵگاکانی- بەتایبەتی- رۆژهەڵات‌ بۆ پێشگرتن بە رەوتی ئازادیخوازی‌و یەکسانیخوازی لەو کۆمەلگایانەدا، یان لەپێناو بەرژەوەندی سیاسی‌و ئابوری‌و ستراتیژیی خۆیدا، سەرەنجامیش ژیان‌و ئایندەی چەندین نەوەی ئەو کۆمەلگایانەی توشی کارەسات‌و خەتەر کردوە.

سەرەنجام، تیاچونی بن لادن‌و لەدەستدانی یەکێک لە رابەرە هەرە گرنگەکانی بۆ بزوتنەوەی تیرۆریستی ئیسلامی، ئەگەرچی رەنگە لە کورتماوەدا بەپێچەوانە بشکێتەوە، بەڵام بێگومان لەدرێژماوەدا کاریگەری جدی دەبێ لەسەر کزبونی ئەو رەوتە. بەڵام ووشکردنی سەرچاوەی بەرهەم هاتنەوەی تاوانبارانی وەکو (نۆریەگا) و سەدام‌و تیرۆریستانی ئیسلامی وەکو تاڵیبان‌و بن لادن‌و... بەندە بەوەی کە ئەو سەرەکەی دیکەی تاوان‌و تیرۆریزمی رەسمی و دەوڵەتی؛ واتە تیرۆریزمی دەوڵەتیی ئەمریکا، لەلایەن چینی کرێکاری ئەمریکاو بەهاوکاری چینی کرێکارو ئازادیخوازانی سەراسەری جیهان وەڵامی شایستە وەربگرێتەوە! نابێ رزگاربونی مرۆڤایەتی لە تیرۆریستێکی ترسناک ببێتە ستایشکردنی لایەنە تیرۆریستەکەی دیکە کە توانای تیرۆرو کاوڵکردنی هەزاران جار لە توانای ئوسامە بن لادن زیاترەو تائێستاش دەیان کارەساتی بەسەر مرۆڤایەتیدا هێناوە!


٢
\٥\٢٠١١

ماڵپهڕی موحسین کهریم

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک