په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٣\٢٠١٦

    بنوون برسیکراوەکانی میللەت بنوون.*

                                

محەمەد مەهدی جەواهیری       وه‌رگێڕان و ده‌ستکاریی: بەکر حسەین

 

بنوون برسیکراوەکانی میللەت بنوون
(خوداوەندی خواردن) پاسەوان دەبێـ لێـتان
بنوون، ئەگەر لە هۆشدارییدا، تـێـر نەبوون
بە نوستوویی، سڕ دەبێ هەستی برسێـتیتان.
بنوون بە خەوی ئەو بەڵێـنە زۆرانەی
کە لە هەڵبژاردنەکاندا، دراوە پێتان
بنوون بە ئەندێشەی هەنگوینی ناو پارووی
بەڵێنی گوتارەکان
وابزانن لە ئاسماندا، کە دەدرەوشێـتەوە، مانگی تابان
کولێرەی نانەواخانەیە و بەرێـوەیە بۆ لاتان.
بنوون تا رۆژی (قـیامەت)
ئەوە باشترین چارەیە بۆ برسێتیتان.
بنوون لە کەلاوەکاندا، لەسەر ئاوازی گیزەی مێـشوولە
وا بـزانن جـریوە و دەنگی بولبول و کـۆترە، دێـتە گوێتان
بنوون بە ئەندێشەی گوتاری سەرکردەکان
بنوون بە گوتاری بەهەشت و (حۆری)ەکان
بنوون جیهان هیچی تیا بەستە نییە و
جیهان پردێـکـە بەرە و نەمان.
بنوون و ئەوەندە گازەندە مەکەن
تێـکی مەدەن گوڕاح و کـۆڕە خۆشەکانی بەرپرسان
بنوون ئەی برسیکراوانی میللەت، بنوون
مەیبڕن فرەمووچەیی و دووەم و سێیەم و
تا پتریش لە دەیەم مووچەی
ساختەچی و ماستـاوچییەکان
بنوون و ئەوەندە سەریەشە دروست مەکەن
بۆ کوێخاکان و بۆ سەرکردەی قارەمان
بنوون و سڵاوی منتان لێبێ
یان، ئەی نوستوەکان، سڵاوی من، بگا پێـتان.

_________________________________

* کارەساتی برسیکردن و مووچە بڕینێك لە هەرێمی باشوور روویداوە لە ژێر سایەی هیچ دەسەڵاتدارێکدا، بەو جۆرە رووینەداوە و زۆر بێ هاوتایە. خاوەن کوێلەکان لە مێژوودا، سەرەڕای هەموو نارەوایی و بێ دادیی، خواردنیان داوە بە کوێلەکان، تا نەمرن و سوودیان لێ وەرگرن، گاگەل و رانە مەڕ دەدرێ بە شوان کە بیانلەوەڕێنێ، ئەگەر شوان هەر بۆخۆی خەریکی بازرگانییەکی تر بێ و ئاگای لە گاگەل و رانە مەڕ نەبێ، رانە مەڕیش بە گورگان خواردوو بچن و یان وردە وردە لە برسانا لێیان بمرێت، خەڵکی دێ، ئەو شوانە دادگایی دەکەن و هیچ نەبێ دەربەدەری دەکەن. لە سەردەمی شۆڕش و ژیانی ناوچەکانی شۆڕشدا، پێشمەرگە جلوبەرگ و شتێک خەرجیی و ئەگەر نان و چاش بووبێ خواردنی هەبووە.. قەت نەبووە دەسەڵاتێک کە بە شایەتیی هەمووان سەرکردەکان لە ملیاردێرەوە تا ملیونێری دۆلار بن و لە بەرامبەریشدا بە هەزاران خێزان و هاووڵاتیانیش بێ مووچە و برسی بن. حکومەتێک نەزانێ و نەتوانێ میللەتێك بەڕێوەببا و حوکمرانی بکا، پێویست وایە داوای لێبووردن بکا و واز بهێنی لە بەرپرسیاریی. ئەوەی لە هەرێمدا روویداوە روودەدا، هیچ پاساوێکی عەقڵانیی نییە، نمایشێکی زۆر ئاشکرایە بۆ نەزانیی و فەشەلی ئەو دارودەستەیەی کە لە چەند ساڵی رابردووەوە تا ئێستا حوکمرانیی دەکەن.
لە عێراقی کۆندا، فهەژاریی هەبووە ئەگەرچی بەو شێوەیەی ئێستا هەرێم نەبووە، بە دڵنیاییشەوە دەسەڵاتداران، بەو رادەیە دەوڵەمەندی ملیاردێرو ملیونێری دۆلار نەبوون. شاعیری گەورەی عەرب محەمەد مەهدی ئەلجەواهیری بە هەڵبەستێک، گاڵتەجاریی کردوە، و نمایشی هەژاریی و برسێتیی میللەتی کردوە.
کە دەسەڵات نەزانێ و نەتوانێ چارەسەری گرفتەکە بکا و بە هیچ شێوازێکیش، رێگە نەدا بە ئاڵوگۆری ئاشتییانەی دەسەڵات، هەر ئەوە دەمێنێ کە داوا لە میللەت بکرێ، بە نوستن چارەی برسێتیی بکەن.

 

 

١٥\٣\٢٠١٦ - سوێد

bakrhssain83@gmail.com


 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک