برابه‌شیه‌که‌ی که‌رکوک، جیابوونه‌وه‌ی (براکان)!
هیوا موحه‌مه‌د
زۆر جار باس له‌و برینه یان ئه‌و ( هه‌له له‌ده‌ست چووه ) ده‌که‌ین که هه‌ر له‌راپه‌ڕینی 1991 وه سه‌باره‌ت به که‌رکوک له لایه‌ن سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورده‌وه له‌ده‌ست درا . ناچینه ناو ئه‌م باسه چونکه هه‌موان ده‌زانین چۆن بوو زیاتر له‌وه ده‌دوێین بۆ چی که‌رکوک له شۆڕشی کۆن ( دڵی کوردستان ) و ( ناوی تازه له‌گه‌ڵ شۆڕشی تازه ( قودسی کوردستان ) بوو ؟ ئه‌ی چی وای کرد ئه‌م ناوه‌ی ( شاری برایه‌تی ) به‌سه‌ردا داببڕن ؟ مرۆڤی ئاسایی کاتێ رووبه‌روی خۆشییه‌ک یان ده‌ست که‌وتێک ده‌بێته‌وه دڵی فراون و ده‌ستی کراوه ده‌بێت به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و خۆشیه دوای ماندوو بوون و مل ملانێیه‌کی زۆر بێت .
هه‌ر بۆیه یه‌کێ له سیفه‌ته‌کانی سه‌رکرده‌ی سه‌رکه‌وتوو ئه‌وه‌یه که له ڕێگه‌ی سۆزه‌وه نه‌ڕوانێت و ماتماتیکانه بۆ شته‌کان بڕوانێت که یه‌ک و یه‌ک ده‌کاته دوو ، ئه‌و دڵخۆشییه هانی نه‌دات هیچ شتێکی نه‌ته‌وه‌که‌ی به‌ده‌سته‌وه بدات و سازشی له‌سه‌ر بکات .. ئاخر له‌وه‌تای کۆنگره‌ی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی له لوبنان به‌ستراو تا ئه‌وانی دیکه و ئه‌مڕۆش هه‌موو شته‌کان ژێر به ژێر به ( ته‌وافوق ) کراوه بۆیه به‌شمان خوراوه ، شێخ کاوه‌ی کوڕی شێخ له‌تیف نه‌وه‌ی شێخ مه‌حمودی حه‌فید له ئه‌شکه‌وتی هه‌زارئه‌ستوون به‌ئاماده‌یی چه‌ند ئه‌ندام سه‌رکردایه‌تی هه‌موو حزبه‌کان له باسی سه‌رکردایه‌تی کورد دا ووتی : سیاسه‌ت و حزبایه‌تی ئێمه وای لێهاتوه ( رووی به‌لای راستی مه‌جلیسه‌که‌دا وه‌رگێرا) من ده‌مه‌وێت سواری تۆ بم تۆش هی ئه‌وه‌ی ته‌نیشتت و ئه‌ویش ئه‌وی تر و به‌هه‌مویاندا هات ، هه‌روه‌ها ووتی من که‌سی تیادا نابینم به‌ڕاستی و به ئامانه‌ته‌وه بۆ ئه‌و په‌یامه پیرۆزه خه‌بات بکات که ڕزگارکردنی ئه‌م گه‌له به‌ش خوراوه‌یه.. ئه‌م بێ ئومێدیه‌ی ئه‌و جوانه‌مه‌رگه و سه‌دان هه‌زاری دیکه‌ی لاپه‌ره‌کانی مێژووی کوردایه‌تی چوه ژێر گڵ و ئه‌مرۆش دوای نزیک 27 سال له‌و قسه‌یه نازانین ریشی خۆمان به کێ بسپێرین و متمانه به‌کێ بکه‌ین که به‌ره‌و هه‌ڵدێرمان نه‌بات ..
شۆڕشی کورد ( ئه‌یلول ) ئه‌گه‌ر ( گریمان ) به‌وه‌ی ئێستا له ژێرده‌ستماندا هه‌یه ڕازی بوایه ئه‌وه ئێستا حاڵی کورد له 1970 وه تائێستا واتا 39 ساڵ ئارامی و خود موختاری گه‌یاندبومانی به شتێک لانی که‌م زیانه‌کانمان بۆ ده‌گه‌ڕایه‌وه ، کێشه‌ی رێک نه‌که‌وتنی کورد له‌گه‌ڵ به‌غدا که‌رکوک بوو ، بارزانی که بڕیاری شه‌ڕی دا زانی که ڕژێم ده‌یه‌وێت بیخڵافێنێ و ئامانجیش په‌ڕاوێز کردنی که‌رکوک بوو . ئێستاس هه‌رده‌ڵێی یاری مارو په‌یژه‌مان کردوه بگره خراپتریش چونکه ئه‌گه‌ر به‌راوردێک له نێوان ساڵی 1970 بکه‌ین که به‌یاننامه‌ی رێکه‌وتنی 11 ئازار بوو ئه‌م چه‌ند شته دێنه ژێر پرسیار :
1- دێهاته‌کانی کوردستان هه‌مووی ئاوه‌دان بوو یه‌ک گوند تێک نه‌درابوو . 2- کاره‌ساتی ئه‌نفال و کیمیا باران رووی نه‌دابوو . 3-گوتاری سیاسی یه‌ک گرتوو بوو له ئاستی نه‌ته‌وه‌یی . 4- سه‌دان هه‌زار که‌سمان له شه‌ڕو له گرتوخانه‌کان و کۆمه‌ڵ کوژیدا نه‌بوبونه قوربانی . 5- ئه‌م هه‌موو گه‌نده‌ڵی و بێ متمانه‌ییه روی نه‌دابوو ، متمانه‌ی خه‌ڵک به سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی له لووتکه‌دا بوو . 6- کێشه‌ی که‌رکوک ته‌نها له نێوانی ڕژێم و کورد دا بوو ئه‌وه‌نده ژماره‌ی عه‌ره‌بی تیادا نه‌بوو ، تورکمان له ژێر ده‌ستی ڕژیم دا ده‌چه‌وسێندرانه‌وه و له تاواندا تورکمانێتی خۆیان له بیر چوبوه وه‌و خۆیان به عه‌ره‌ب ده‌زانی. ئه‌وه‌ش که به‌ده‌ستمانه‌وه بوو ( زۆریش ده‌ستمان تیایدا ده‌ڕۆی ) سلیمانی و هه‌ولێر و دهۆک و هه‌موو شارۆچکه‌و دێهاته‌کانی بوو به‌لام شتێک که‌متر له ئێستا ئه‌ویش ئه‌گه‌ر رێکه‌وتن بکرابایه ده‌کرا وه‌ک ئیستای لێبهاتایه .
به‌لام ئه‌مڕۆ :
1-نزیکه‌ی 5 هه‌زار گوندی کوردستان ته‌خت کراوه و وێرانه ، ژیانی لادێ نه‌ماوه ئه‌مه‌ش کاری کرده سه‌ر کشتوکاڵی کوردستان . 2-سه‌دان هه‌زارکه‌سمان به ئه‌نفال و کیمیاباران بونه قوربانی و شاری وه‌ک هه‌ڵه‌بجه‌شمان کیمیا باران کرا و هه‌زاران که‌سی لێ شه‌هید بوون . 3- گوتاری سیاسی نه‌ک یه‌کگرتوو نیه به‌ڵکو کرمێ بوه و گه‌یشتوه‌ته پله‌ی سازش و ماستاو کردن و مل که‌چ کردن بۆ دوژمن . 4- هه‌زاران پێشمه‌رگه له شه‌ڕه‌کاندا شه‌هید کران یان له گرتوو خانه‌کاندا له سێداره دران له‌سه‌ر داوای سه‌رکردایه‌تی کوردی بۆ به‌رده‌وامی شۆڕش . 5- له‌گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئیداریدا نقوم بووین . 6- کێشه‌ی که‌رکوک له‌نێوان ئیمه و رژێم ده‌رچوه و ئێستا قسه‌ی تورکیا‌و نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان و تورکمان و عه‌ره‌ب و شیعه‌و هه‌موو ئه‌مانه ڕۆڵیان هه‌یه‌و کارتێکه‌ری خۆیان هه‌یه ، ئه‌گه‌ر باس له ژماره‌ی پێکهاته‌کانیش بکه‌ین ئه‌وسا نه عه‌ره‌بی هاورده هه‌بوو نه‌کورده‌کانیش ده‌رکرابوون ژماره‌شیان زۆرینه بوو بێ کێشه . رژێم له هه‌فتاکان ده‌یووت که‌رکوک شاری فره نه‌ته‌وه‌یه‌و هه‌موان تیایدا ده‌ژین و ته‌نها جیاواز ئه‌وه بوو که نه‌خرایه سه‌ر ناوچه‌ی ( ئۆتۆنۆمی ) .
ده‌بینین ئه‌مرۆش له دوای شه‌ش ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر نه‌مانی ڕژێمدا که‌چی به چه‌ند مادده‌یه‌کی جیاواز له 58 وه بۆ 23 یاری به‌کات ده‌کرێت و مه‌سه‌له‌که دوا ده‌خرێت . ئێمه ده‌بوا له کاتی لاوازی ره‌قیبه‌کان کارتی هێزی خۆمان ده‌ربخه‌ین به‌لام به پێچه‌وانه‌وه چاوه‌ڕێمان کردوه ئه‌وان پێگه‌ی خۆیان خۆش بکه‌ن و به تینی بکه‌ن ئه‌وجار ده‌چینه پێش و ده‌ڵێین ده‌ی . پار ساڵ مالیکی هێز و توانای خۆی نه‌ده‌ناسی به‌تایبه‌ت له‌وه‌ی که پارته‌که‌ی ( ده‌عوه ) تووشی که‌رت بوون بوو له‌لایه‌ن جه‌عفه‌رییه‌وه ، بۆیه تووشی دڵه ڕاوکێ بوو بوو تاوای لێ هات نزیک بوه وه له‌وه‌ی که حکومه‌ته‌که‌ی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه به‌ڵام به ( قودره‌تی قادری سه‌رکردایه‌تی کورد ) هه‌ستایه‌وه سه‌ر پێ و تا ئه‌و کات کێشه‌کانی هه‌رێمی له‌گه‌ڵ به‌غدا به هه‌ڵواسراوی ده‌هێشته‌وه ، ده‌مێک به بیانووی ئه‌وه‌ی که خه‌ریکی کارن بۆ رێکه‌وتن نامه‌که‌ی نێوان عێڕاق و ئه‌مریکا و ده‌مێک بۆ له‌ناو بردن و پاک کردنه‌وه‌ی به‌غدا له ترۆریستان و ده‌مێکیش بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌کان .
ئێستا رێکه‌وتن نامه‌که ئیمزا کراوه ، به‌غدا تاراده‌ی پێویست بۆ جه‌نابی سه‌رۆک وه‌زیران ئارام کراوه ، هه‌ڵبژاردنه‌کانیش ئه‌نجام دراو سه‌رکه‌وتنی زیاتریش بۆ مالیکی و پارته‌که‌ی بوو . له‌دوای ئه‌مانه تازه به‌تازه ( له‌دوای چه‌ند مانگێک تۆران و ڕێ خۆش کردن بۆ مالیکی بۆ ئه‌نجام دانی پیلانه‌کانی ) سه‌رکردایه‌تی کورد ده‌چێته‌وه به‌غدا و ده‌گه‌ڕێته‌وه ده‌لێ ( موته‌فائیلین ) و ده‌ست ده‌که‌ینه‌وه به گفت و گۆ له‌گه‌ڵ ناوه‌ند ... چه‌ند سمینار و کۆبوونه‌وه‌ی خۆیی و داخراو و کراوه کرا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که با که‌رکوک ناو بنێین شاری برایه‌تی . ناونرا و زۆربه‌ی زۆری سه‌رکردایه‌تی کورد له دیمانه‌کاندا به‌وه‌ی ناو ده‌به‌ن . که‌چی ئه‌وه‌تا ئێستا عه‌ره‌ب و تورکمان له‌دوای سه‌ر‌دانه‌که‌ی گویل بۆ به‌غدا کلکیان لێ ڕه‌ق کردوه و پێ له‌سه‌ر داخوازییه‌کانیان داده‌گرن له‌وانه‌ی که ده‌یانه‌وێت پێی خۆیانی لێ بچه‌سپێنن . ئه‌وه‌تا راکان جبوری پێشنیاری نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان ره‌ت ده‌کاته‌وه به‌وه‌ی که ئیداره‌ی که‌رکوک هاوبه‌ش بێت له‌لایه‌ن هه‌رێم و ناوه‌نده‌وه ( سایتی سبه‌ی 31-03-09 ) و شان به‌شانی ئه‌وه‌ش داوای ئه‌وه ده‌کات که که‌رکوک بکرێته هه‌رێمێکی جیا‌و ئۆتۆنۆمی پێ بدرێت . هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌مه جێگری سه‌رۆکی پارتی تورکمان ئه‌یلی و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا پشتگیری له قسه‌کانی جێگری پارێزگای که‌رکوک ده‌کات و ده‌لێ ده‌بێت که‌رکوک ببێته هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ و په‌یوه‌ست بێت به حکومه‌تی به‌غداوه و دوور بێت له مامه‌ڵه کردن له گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێم . ئه‌مانه له‌سه‌ره‌تادا بۆ ئه‌وه شینیان ده‌کرد که له که‌رکوک ده‌ریان نه‌که‌ن به‌لام که‌زانییان ئێمه دڵ پاکین و ئاماده‌ین به‌شی خۆشمان به‌وان بده‌ین ئه‌وه ئاوا گێڕیان گۆڕی ، جاران له خوایان ده‌ویست ئێمه دان بنێین به‌وه‌دا که که‌رکوک شاری برایه‌تیه ، به‌لام ئێستا داوای جیابوونه‌وه ده‌که‌ن .
ئه‌گه‌ر ئه‌مانه له به‌ڕێوه بردنی پارێزگای که‌رکوک بن و ئه‌وه‌ش نیه‌ته‌کانیان بێت و ته‌نانه‌ت پێشنیاره‌کانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کانیش ( که له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌ش نیه ) ره‌ت بکه‌نه‌وه ، ئیتر چاوه‌ڕوانی چین هه‌ی سه‌رکردایه‌تی کورد ؟ ده‌تانه‌وێت هه‌موو شته‌کان له‌ده‌ستمان بچێت و دوایی پێمان بڵێن پێویستمان به خوێنه بۆ ڕزگاری که‌رکوک ؟ له‌ده‌ست دانی هه‌ل له دوای هه‌ل و به‌سه‌ر بردنی کات له‌به‌رژه‌وه‌ندی دوژمن واده‌کات نه‌ک که‌رکوک بخرێته سه‌ر هه‌رێم به‌ڵکو ئه‌ویش بچێته پاڵ خه‌ونه‌کانی دیکه و برایه‌تی ده‌بێته ڕقه‌به‌رایه‌تی .
|