په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١٢\٢٠١٨

براوەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران ناسێندران.

 

مەنسوور جیهانی


براوەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی رکابەریی "سینەمای نێونەتەوەیی" و رکابەریی "سینەمای نەتەوەیی" سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران لە تاوەری میلادی شاری تاران ناسێندران.

بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران، رێوڕەسمی کۆتایی سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی فەرھەنگی لەوانە؛ "محەمەد مێھدی حەیدەریان"، "محەمەد مێھدی تەباتەبایی نیژاد"، "عەلیڕەزا ڕەزاداد"، "ئیبڕاھیم دارووغەزادە"، "لادەن مستەوفی" ئەکتەر و "مەھتاب کەرامەتی" ئەکتەر و ھۆگری کورتە فیلم و بە پێشکەشکاری "محەمەد سلووکی" لە ھۆڵی کۆبوونەوەکای تاوەری میلادی تاران بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای ئەم رێوڕەسمەدا "سیدسادق مووسەوی" بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران گوتی: شوکری خودای گەورە دەکەم کە سەرکەوتوویی بە من دا بۆ ئەوەی کە لە خزمەت ئێوەدا بم. لەم رێوڕەسمەدا نامھەوێت ژمارە و رەقەم ئاراستە بکەم و ئێوە بۆ خۆتان جۆش و خرۆشی ئەوم رۆژانەتان بینیوە کە بەرەکەتەکەی لە ئێوەی ھونەرمەندان و سینەماکاران و ھۆگرانە.

مووسەوی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بە پێی دابونەریتی ئەدەب و کلتووری ئێرانی سەرەتا بەخێرھاتن ئاراستەی میوانانی بیانی دەکەم و لە درێژەدا سوپاسی ئەو دۆستانە دەکەم کە لە باڵیۆزخانەکانەوە بۆ ئەم رێوڕەسمە ھاتوون. لە کۆتاییشدا سوپاسی ئەو سینەماکارە لاوانە دەکەم کە ناوی ئێرانیان لە ساڵی رابردوودا ١٨١٩ جار بەرز کردەوە و دەستیان دەگوشم.

ھەروەھا لە ئەنجومەنی کورتە فیلم کە لە رەخنە و ھەڵسەنگاندن و ھەڵبژاردنی باشترین فیلم لە روانگەی بینەرانەوە یارمەتی ئێمەیان داوە و لە داوەرەکانی بەشی نێونەتەوەیی و ناوخۆیی سوپاسیان دەکەم کە ١٦٠٠ فیلمی ئێرانییان بینی، ھەڵیانبژارد و لەم رێگایەدا گوشارێکی زۆریان ھاتە سەر. لە ھاوکارانم لە ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران لە سەرتاسەری وڵات و ھەروەھا لێژنەی ناوەندی سوپاسی ھەر ھەموویان دەکەم.

لە ناوچەکەدا، ئێران پیشەی سینەمای ھەیە.
مووسەوی رایگەیاند: فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بەبێ ھیچ داخوازەیەک گرینگترین فێستیڤاڵی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و بایەخی خۆی لەبەر تواناییە ھونەری و تەکنیکییەکان بە دەست ھێناوە. گرینگتر لە ھەمووی ئەمانە، ئێمە دەڵێین لە ناوچەکەدا، ئەمە ئێرانە کە پیشەی سینەمای ھەیە. بێجگە لەوە لە راگەیاندنەکان، چاپەمەنی و رۆژنامەکان، رێکخراوەی دەنگ و رەنگی ئێران و ھەروەھا دەزگاکانی راگەیاندنی بیانی سوپاسی ھەموویان دەکەم کە بە شێوەیەکی بەربڵاو چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بڵاویان کردەوە. لە ماڵی کتێبی بریکاری فەرھەنگیی وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامی کە یارمەتی ئێمەیان داوە بۆ ئەوەی کە بەشی سینەما و ئەدەبیات بە جیددی بەدواداچوونی بۆ بکەین، سوپاسیان دەکەم. لە خاتوو جەلالی سەرپەرشتیاری پەردیسی میللەت کە سەبریان نواند، لە نوێنەرانی پەرلەمان، لە بەڕێوەبەرانی گشتیی فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامی و لە ھەموو ئەو شارەوانانەی کە بانگھێشتی ئێمەیان قەبووڵ کرد و لە تەنیشت ئێمە بوون، سوپاسی ھەر ھەموویان دەکەم. ‌

لە درێژەی ئەم رێوڕەسمەدا، "محەمەد مێھدی حەیدەریان" سەرۆکی رێکخراوی سینەمایی ئێران لە لێدوانێکدا گوتی: لە موحیبەت و لوتفی بەڕێز مووسەوی و ئێوەی ھێژا کە رووناکیدەری ئەم کۆبوونەوەیەن، سوپاس دەکەم. من یەکەمین کورتە فیلمی خۆم لە ساڵی ١٩٨٠ بە فتۆکلیپ چێکرد و خۆشحاڵم کە لەم بوارەدا مامەوە تا چاوەی وەبەرھێنانی ئەم کلتوورە بم.

ئەوەشی راگەیاند: لەگەڵ ئێوە نابێ پەرۆشی ژیانی فەرھەنگیی ئەم کۆمەڵگایە بین، بەڵام بەبێ وێنە و بەبێ ئێوە دەبێ پەرۆشی ژیانی فەرھەنگیی وڵات بین. بە ئامادەبوونی ئێوە چاوەر‌ی رۆژانێکی باشتر بۆ ئێران دەبین و لەگەڵ ئێوە ھیچ کەس ناتوانێت ئێران گۆشەگیر بکات.

سەرۆکی رێکخراوی سینەمایی ئێران گوتی: نابێت دوو ھەزار بەشداریی نێونەتەوەیی لە یەک ساڵدا نەبینرێت. دکتۆر ساڵحی وەزیری فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامی رۆژی رابردوو لە شوێنی بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵە ئامادە بوون و لە ھەبوون لە تەنیشت ئێوەدا یەکجار رەزامەندی نواند. ئەم رێژەیە لە بەشداریی نێونەتەوەیی لە یەک ساڵدا، یەکجار گرینگی ھەیە. ئێوە ھۆکاری ماونەوە و بینران و سەرفراز بوونی ئێران بوون و ھەن و دەبن.

رێزلێنان لە دوکتۆر ئەحمەد ئەلەستی
لە درێژەی ئەم رێوڕەسمەدا، رێزگرتنی دوکتۆر "ئەحمەد ئەلەستی" بە ئامادەبوونی "محەمەد مێھدی حەیدەریان" سەرۆکی رێکخراوی سینەمایی ئێران، "سەید سادق مووسەوی" بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران و "ئەمیرشەھاب رەزەویان" سینەماکاری ئێرانی بەڕێوەچوو.

رێزگرتن لە ئەشکان ئەشکانی
لە بەشێکی دیکەی ئەم داڕێژەیەدا، لە "ئەشکان ئەشکانی" وێنەگری سینەمای ئێران رێز گیرا.
ئەشکانی گوتی: پێم وابوو کاتێک بەشی پێداچوونەوە بۆ کەسێک دادەنێن کار تەواو و دەبێ ھێدی ھێدی لەم بوارە خوداحافیزی بکەم، بەڵام من کارم تەواو نیە و بەردەوام ئەم رێگایە درێژە پێدەدەم و بە ھێز و تواناوە ئەم کارە ئەنجام دەدەم، لەبەر ئەوەی کە ئەویندارانە کورتە فیلمم خۆش دەوێت و ھیوا دەخوازم باشترین رووداوەکان بۆ ئێوە ھۆگران بەم بوارە بێتە ئاراوە.

ئەم فیلمھەڵگرەی سینەمای ئێران رایگەیاند: سینەماکارێکی کۆن کە ھەردەم لەگەڵ ئەو کارم کرد و دۆستمانە و ھەموو تەمەن و ئەو ساڵانەی کە دەیتوانی بە فیلم چێکردن تێپەڕێنێت، بۆ یارمەتیدانی سینەماکاران تەرخانی کرد. دەمەوێت بڵێم "ئار‌ش رەسافی" خۆشەویست سوپاس بۆ ئەوەی کە لەم ساڵانەدا فیلمت دروست نەکرد و ئاگاداری سینەماکاران و کورتە فیلم بووی.

بەشی باشترین کتێب:
لە درێژەی رێوڕەسمەکەدا، خەڵاتی یەکەمی بەشی باشترین کتێب و سینەما بە "شەپۆلی کورت" لە دەرھێنانی "محەمەد ئیسماعیلی" بەپێی پلانێک لە "غوڵامحوسێن ساعیدی" پێشکەش کرا.

بەشی ھونەر و ئەزموون:
لە بەشی "ھونەر و ئەزموون"دا ھەروەھا، "سامان سالوور" و "ھووشەنگ گوڵمەکانی" تەندیسی ئەم بەشەیان بە فیلمی "رێوی" لە دەرھێنانی "سادق جەوادی" پێشکەش کرد.

خەڵاتی ئیسفا:
لە درێژەدا، نۆبەی بەشی پێشکەش کردنی باشترین فیلم لە روانگەی ئەنجومەنی کورتە فیلم (ئیسفا) ھات. لەم بەشەدا فیلمی "شیکاری" لە دەرھێنانی "سیاوەش شەھابی" ھەڵبژێردرا و رێزی لێگیرا.

دەستەی داوەران لە دوو فیلمی "دیدەبان" و "بانوو" لەبەر پاراستنی بایخەکانی نەتەوەیی و ئاڕمانەکانی بەرەڤانی پیرۆز رێزی گرت و لە درێژەدا "عەلی ئەکبەر مەسکووچی" گیانبازی جەنگی داسەپاوی عێراق بۆ سەر ئێران بە ھاوڕێیەتی بنەماڵەکەی ھاتە سەر شانۆ و لە لایەن "سادق مووسەوی" رێزیان لێ نرا.

پێشکەش کردنی مۆسیقا لە لایەن ئۆرکێستڕای سەمفۆنیکی مەجلیسیی ئێران
پاشان، گروپی ئۆرکێستڕای سەمفۆنیکی مەجلیسیی ئێران بە رێبەرایەتی پرۆفیسۆر "مەنووچێھر سەھبایی" چەندین پارچە مۆسیقای لە بەرھەمەکانی ھونەرمەندی ناوداری رووسی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

خەڵاتەکانی کێبڕکێی نێونەتەوەیی:
لەم بەشەدا، خەڵاتی باشترین فیلمی بەڵگەیی، بە فیلمی "وا ھاوین چی دەڵێت؟" لە وڵاتی ھیندوستان پێشکەش کرا.
لە بەشی ئەنیمەیشێن تەندیسی فێستیڤاڵ بە فیلمی "ئاگۆرو" لە وڵاتانی پورتۆگاڵ و فەرەنسا بەخشرا.
لەوحەی رێزلێنانی ئەم بەشەش بە فیلمی "کۆتایی حەوتە" لە وڵاتی ئەمەریکا پێشکەش کرا.
لە بەشی ئەزموونیدا "ئەوپەڕی کیمیا" لە وڵاتی ئەمەریکا براوەی خەڵات و لەوحەی رێزلێنان بوو.
"وەحشی" لە وڵاتی کەنەدا خەڵاتی باشترین فیلمی چیرۆکی بەشی نێونەتەوەیی بۆ خۆی مسۆگەر کرد و ھەروەھا لەوحەی رێزلێنانی باشترین فیلمی چیرۆکی بە "قالۆنچە لە کۆتایی شەقام" لە وڵاتی ئیسپانیا پێشکەش کرا.

بەشی پەیچینگ:
لە درێژەی رێوڕەسمەکدا، "محەمەد فەھیمی" سەبارەت بە بەشی پەیچینگ شیکردنەوەیدا و گوتی: بە پاڵپشتیی ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران و فێستیڤاڵی سی و پێنجەم و یارمەتیی دۆستانی وەکوو "مەجید بەرزگەر"، "مەسعوود ئەمینی"، "ئارش رەسافی" خولێکی پەیچینگ بەڕێوەچوو کە ٣٧ پلان بۆ داوەران ناردرا کە لەم نێوەندەدا ١٠ پلان ھەڵبژێردران و ھیوا دەخوازین کە لە ساڵەکانی داھاتوودا زیاتر بن.

ھەروەھا لەم بەشەدا سینەمای لاوانی ئێران بە ١٠ پلانی ھەڵبژاردە و لەم نێوەندەدا ٤ پلان خرایە بەر سەرنجدان.
لەم بەشەدا خەڵاتی یەکەم بە بایخی ١٣٠٠ دۆلار بە پلانی "خەونی زەردی خاڵدار" بەرھەمی "باران سەرمەد" پێشکەش کرا.
ھەروەھا خەڵاتی دووھەم بە بایخی ١٢٠٠ دۆلار بە پلانی "جێنا کات" بەرھەمی "عەتا موجابی" پێشکەش کرا.
ھەروەھا خەڵاتی سێھەم بە بایخی ١١٠٠ دۆلار بە پلانی "پلیکانەکان" بەرھەمی "موحسین باقری دەستجێردی" پێشکەش کرا.
لە درێژەی داڕێژەکەدا لە لایەن تەلەڤیزیۆنی فینلاند پڕۆژەی "ئەو کوڕەی کە ون بوو" بەرھەمی "ئایدا عەلی مەدەدی" و "دەستە دارینەکان" بەرھەمی "مریەم محەمەدی" و "غەزالە گرێک بەراقی" پێش کریار بوو.
ھەروەھا خەڵاتی گەورەی ئەم بەشە بە "شیکاری" بەرھەمی "سیاوەش شەھابی" لە ئێران پێشکەش کرا.

خەڵاتی یوونیسێف:
لە درێژەی ئەم رێوڕەسمەدا، دەستەی داوەرانی "یوونیسێف" ھاتە سەر شانۆ و گوتی: لە دوای دووبارە ‌بینینەوەی کورتە فیلمەکانی ئێرانی بە بابەتی منداڵان، خەڵاتەکانی خۆی پێشکەش کرد. لەم بەشەدا لەوحەی تایبەتی ئەم بەشە بە بەڵگە فیلمی "ھاوشاریی جەنگ" پێشکەش کرا. ھەروەھا خەڵاتی یوونیسێف، لەوحەی رێزلێنان و خەڵاتی کامێرایەکی Canon ٥D بە فیلمی "بووکەڵە" پێشکەش کرا.

خەڵاتەکانی بەشی کێبڕکێی سینەمای ئێران:
لە درێژەی ئەم رێوڕەسمەدا، نۆبەی خەڵاتەکانی بەشی کێبڕکێی سینەمای ئێران گەیشت کە بە ئامادەبوونی دەستەی ناوبژیوانانی ئەم بەشە بەڕێوەچوو.
باشترین دەنگدانان:
تەندیسی فێستیڤاڵ و بڕی ٦٠ میلیۆن ریاڵ وەکوو خەڵاتی باشترین دەنگدانان بە "حوسێن
قوورچیان" بۆ ئەنیمەشێنی "گورگم و رانەمەڕ دەبەم" پێشکەش کرا.
باشترین مۆنتاژ:
تەندیسی فێستیڤاڵ و بڕی ٦٠ میلیۆن ریاڵ وەکوو خەڵاتی باشترین مۆنتاژ بە "کەتایوون پورمەر" و "محەمەد رووحبەخش" بۆ فیلمی "تۆ ھێشتا لێرەی" پێشکەش کرا.
باشترین وێنەگرتنی فیلم:
تەندیسی فێستیڤاڵ و بڕی ٧٠ میلیۆن ریاڵ وەکوو خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی فیلم بە "سینا کرمانی زادە" بۆ فیلمی "رورانس" پێشکەش کرا.
باشترین سیناریۆ:
تەندیسی فێستیڤاڵ و بڕی ٧٠ میلیۆن ریاڵ وەکوو خەڵاتی باشترین سیناریۆ، بۆ ئاراستەکردنی مینیماڵیستی، قووڵ و کاریگەری دانەری بابەتێکی ھەستیار و ھەروەھا روانینێکی نوێ بە ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی ژن و پیاو لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ باوەڕە باوەکان بە "ئومێد شەمس" بۆ سیناریۆی "وادە" پێشکەش کرا. دیپلۆمای شانازیی ئەم بەشە بە فیلمی ئەنیمەیشێنی "روانگەی بەتاڵ" بەرھەمی "عەلی زارع قەنات" پێشکەش کرا.

باشترین دەرھێنانی فیلمی ئەنیمەیشێن:
لەوحەی رێزلێنان و بڕی ٣٠ میلیۆن ریاڵی ئەم بەشە لە فێستیڤاڵ بە "مەحبووبە کەلابی" بۆ فیلمی "سینک" پێشکەش کرا. ھەروەھا تەندیسی فێستیڤاڵ و بڕی ٨٠ میلیۆن ریاڵ وەکوو باشترین دەرھێنانی ئەنیمەیشێن بە "سادق جەوادی"بۆ فیلمی "رێوی" پێشکەش کرا.
دیپلۆمای شانازیی بە فیلمی بەڵگەیی "خەڵکی ئاو" لە دەرھێنانی "ئازادە بیزار گیتی" وەکوو باشترین فیلم بە بابەتی فەرھەنگی خۆماڵی پێشکەش کرا.
وێڕای رێزلێنان لە فیلمی "ریزی سڵاو" بەرھەمی "ھادی ئافەریدە" دیپلۆمای شانازی بە "تاوەری رادکان" بەرھەمی "حوجەت حەیدەری" و "ئیحسان مەلازادە" بە بابەتی شوناسی نەتەوەیی پێشکەش کرا.

باشترین دەرھێنانی بەڵگە فیلم:
تەندیسی فێستیڤاڵ و بڕی ٨٠ میلیۆن ریاڵ وەکوو خەڵاتی باشترین دەرھێنانی بەڵگە فیلم بە شێوەی ھاوبەش بە "سەجاد ئیمانی" بۆ فیلمی "جۆکێر" و "سەید موستەفا فەخاری نەیری" بۆ فیلمی "چیرۆکی بووکەڵەکان" پێشکەش کرا.

باشترین دەرھێنانی فیلمی ئەزموونی:
تەندیسی فێستیڤاڵ و بڕی ١٠٠ میلیۆن ریاڵ وەکوو خەڵاتی باشترین دەرھێنان لە بەشی فیلمی ئەزموونی بە "پوویا رەزی" بۆ فیلمی "نەبوون" پێشکەش کرا.

باشترین ئەکتەری:
دیپلۆمای شانازی باشترین ئەکتەری پیاو و بڕی ٣٠ میلیۆن ریاڵیش بە "سوھەیل قەنادان" بۆ دەورگێڕان لە فیلمی "رادەر" پێشکەش کرا. لە درێژەدا، دیپلۆمای شانازی باشترین ئەکتەری پیاو و بڕی ٣٠ میلیۆن ریاڵ بە "عەلیڕەزا سانی فەر" بۆ دەورگێڕان لە فیلمی "شیکاری" پێشکەش کرا.

لە بەشی باشترین ئەکتەری ژن، دیپلۆمای شانازی و بڕی ٣٠ میلیۆن ریاڵ بە "نەدا جوبڕەئیلی" بۆ دەورگێڕان لە فیلمی "لە بەین" پێشکەش کرا.

باشترین دەرھێنانی فیلمی چیرۆکی:
لەوحەی رێزلێنان و بڕی ٣٠ میلیۆن ریاڵ بۆ باشترین دەرھێنانی فیلمی چیرۆکی بە "محەمەد کارت" بۆ فیلمی "منداڵ خۆر" پێشکەش کرا.

ھەروەھا تەندیسی فێستیڤاڵ و بڕی ١٠٠ میلیۆن ریاڵ وەکوو خەڵاتی باشترین دەرھێنان لە بەشی فیلمی چیرۆکی، بۆ زاڵبوون بەسەر دەربڕینی سینەمایی، دیزاینی میزانسێن و خولقاندنی کەشوھەوای شاعیرانە بە "سوگوڵ ریزوانی" بۆ دەرھێنانی فیلمی "رورانس" پێشکەش کرا.

تەندیسی فێستیڤاڵ و بڕی ١٢٠ میلیۆن ریاڵ وەکوو خەڵاتی تایبەتی دەستەی داوەران لە بەشی فیلمە چیرۆکییەکان بۆ ئاراستەکردنی لێھاتووانە و رەخنەگرانەی بابەتێکی گرینگ و ھەروەھا روانینێکی تایبەت بە پەیوەندییەکانی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگایەکی چکۆلە و جێگای پەرەپێدان، ھاوڕێ لەگەڵ دەورگێڕانی کاریگەری دانەر و باوەڕمەندی ئەکتەرەکان بە "سیاوەش شەھابی" بۆ فیلمی "شیکاری" پێشکەش کرا.

باشترین فیلم لە روانگەی بینەران:
تەندیسی باشترین فیلم لە روانگەی بینەران، بە کورتە فیلمی "منداڵ خۆر" لە دەرھێنانی "محەمەد کارت" پێشکەش کرا.

خەڵاتی گەورەی باشترین فیلم:
تەندیسی فێستیڤاڵ و بڕی ٢٠٠ میلیۆن ریاڵ بۆ باشترین فیلمی بەشی کێبڕکێی سینەمای ئێران بە "عەلی یار راستی" بۆ فیلمی چیرۆکی "لە بەین" پێشکەش کرا.
 

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک