١٣\١٠\٢٠١٧
براوە و سوودمەندی
سەرەکیی لە پرۆسەی گشتپرسییدا.

زاھیر باھیر
قسەی من لەسەر ئەوە نییە کە ئایا مەسعود بارزانی خۆی گەمژە بوو، خەڵەتا
یا خەڵەتێنرا، ئەوە باس و خواسێکی دیکەیە.
بە ڕای من ئەوەی کە قازانجی تەواوی کردو براوە بووە ئەردۆگان و ئاکەپە
و میتی تورکیی بوون، ھەر وەکو ھەمیشە لەم سیاسەتەشیاندا زۆر سەرکەوتوو
بوون. دوور نییە کە ئەوان لە پشتی بارزانییەوە نەبووبن و ھانیان نەدابێ
تاکو ئەوەی کە ئەوان ویستیان و دەیانەوێ سەر بگرێ. ئەردۆگان و میتی
تورکی زیرەکترین کەس و دەزگەی سیخوڕیین کە توانیویانە و دەتوانن چەندە
سیناریۆ دروستبکەن لە پێناوی بەرژەوەندیی خۆیان و مانەوەیاندا.
مێژوی نزیکی ئەوان ئەمەی سەلماندووە ھەر لە دروستکردن و یارمەتی دانی
داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە و فشارھێنان بۆ ئەوروپا بە
کردنەوەی دەرگای پەنابەر بەڕویانا و زیرەکانە یاریکردن لە نێوانی
ئەمەریکا و ڕوسیا و ئیسرائێل و وڵاتانی کەنداو و عێراق و ئێران و ھەتا
سوریاش. تەڵەدانان بۆ پەکەکە و ئاڵاندنیان لە شەڕەوە تاکو توانا و
وزەیان کەم کەنەوە و شارەکانی کوردستان خاپوور بکەن و جەماوەرێتی
پەکەکەش لە تورکیا و ئەوروپا کەمبکەنەوە و لە لیستی ڕەشی تیرۆریزمەکان،
نەسڕرێتەوە و قۆستنەوەی کودەتاکەی فەتحوڵا گوڵەن بە قازانی خۆیان و
کڵاونانە بان سەری داعش و زۆری تر.
ئێستاش بە تیری گشتپرسیی چەندەھا نیشانێان شکان : بارزانییان پێ سووک و
سەلێم کرد، قەوارەی ھەرێم بچوکتر دەکرێتەوە ، ڕق و کینەی نێوانی کورد و
عەرەبیان زیاتر کرد. لەگەڵ ئێران وعێراق-دا بەرەیەکی نوێیان دروستکرد
بۆ بەگژاچونی کورد، لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا پەیوەندییەکەی بە
ھێزتر دەبێ، لەگەڵ (جامیعەی ئەزھەر)دا ڕێکتر دەبێ، توورکمانەکانی
کەرکوکی باشتر کردە خۆی، پێگەی خۆی لای ڕوسیا باشتر بەھێز دەکا سەبارەت
بە ھەناردەکردنی نەوت و سوککردنی گەمارۆی ئابوریی لەسەر کوردستان وەکو
مەرجێک لەسەر ڕوسیا، ھەروەھا لای ئەو کۆمپانیا بێگانانەی کە لە
کوردستانا ھەن ھەمان شتە.
لەگەڵ ھەموو ئەوانەشی کە وتم ، ھێشتا بارزانی چەند کارتێکی بەدەستەوەیە
گەر بیەوێ ژیرانە بەکاریانبھێنێ، واتە وەکو خەنجەرەکەی کابرا ھەر
ھەڵیکێشێ بەڵام نەیوەشێنێ، لەوانە:
ھەڕەشەی راشکاوانە بە دەرکردنی سەرجەمی کۆمپانیا تورکییەکان لە
کوردستاندا، یاساخکردنی گەشت بۆ تورکیا، قەدەخەکردنی ھەموو زنجیرە
دراما و سینەماییەکانی تورکیا، نەرمکردنی پێیەک بۆ سەردانی قیبلەی
کوردان، قەندیل، لە لایەن کوڕەوە یا زاواوە، ھەڕەشکردن لە تورکیا کە
بنکە سەربازییەکانیان، دەبێت لەوێ ھەڵگیرێن و بکشێنەوە بۆ تورکیا،
چاودێریکردنی سیخوڕەکانی میت و ھەراسانکردنیان و تەسککردنەوەی بواری
چالاکییان، سازشکردنی تەواو لەگەڵ یەکێتی و ئیسلامی و " گۆڕان" و
ئامادەبوون بە ھەموو مەرجێکیان جگە لە وازھێنان لە سەرۆکایەتی ھەرێم،
ھەڕەشەی داخستی زانکۆ و پەیمانگە تورکییەکان و ناردنەوەی مامۆستاکانی.
بۆ ئەوەشی ئەمانە بکرێ پێویستی بە ١٠ ملیار دۆلارە بۆ ماوەی ٦ مانگ
تاکو بژێوی خەڵکی لە کوردستاندا باشبکا و خەڵکی خۆ لەبەر کاردانەوەی
تورکیا رابگرن. ١٠ ملیار دۆلاریش بۆ خێزانی بارزانی و تاڵەبانی وەکو ١٠
دینارە بۆ ھەر یەکێک لە ئێمە.
ئەمانە ھەندێک کارتن کە لە دەست بارزانیدایە گەر بتوانێ ژیرانە
بەکاریانبھێنێ، ئەو کاتە ئەردۆگان و تورکیا ھیچ چارێکیان بۆ نامێنێتەوە
جگە لە سازشکردن نەبێ.
٩\١٠\٢٠١٧
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|