١٧\٣\٢٠١٠
برایەتی و
ئۆپۆزیتسیونەکەی گۆڕان و پێشمەرگەکەی بەختیار عەلی.

سەلام عەبدوڵا
رۆژنامەی لا ریپۆلیک
و راگەیاندنی گۆڕان.
لە سەردانەکەی نەعوم چۆمسکی بۆ مەکسیک، دەڵێ: ئەوانەی ریکلام دەکەن، بە
تەواوەتی بۆیکۆتی رۆژنامەی لا ریپۆلیک دەکەن و هەرکەسێ پەڕەی رۆژنامەکە
هەڵبداتەوە، هیچ ریکلامێک نابینێ. ئەمە پەیوەندی بە جیهانی
بازرگانییەوە هەیە کە نایەوێ لەم رۆژنامەیە ریکلام بکات، بەڵام سەرەڕای
ئەوەش دەردەچێت و گەشەدەکات.... ئەم دووهەم
گەورەترین رۆژنامەیە، رۆژنامەیەکی زۆر سەرکەوتووە). هەروا چەندین
رۆژنامەو گۆڤارو سایت هەیە، بۆ نموونە وەک(یونگە ڤێڵت)ی ئەڵمانی ریکلام
بۆ کۆمپانیا زلهێزەکان ناکەن.
ئەو بۆچوونە، راگەیاندنەکەی(گۆڕان)ی بەبیرخستمەوە: بەراست و چەپ ریکلام
بۆ کەرتە تایبەتەکان دەکەن وەک(چای ئەحمەد، پرۆژەکانی بیناسازییەکان و
سوپەرمارکێتەکانی گەلەری راند و دیلان ستی و بەرهەمە ئەلکترۆنییەکانی
توشیباو هیتاشی و ئاسیاسیل). ئاسان نییە بۆ راگەیاندنی حزبی یان
بزووتنەوەیەکی"عەدالەتخواز"، خۆی بکات بە بوقی کەرتە تایبەتەکان کە
پارەی ریکلامەکانیان بەشێوەیەکی سیحراوی لە گیرفانی زۆربەی کڕیارە
هەژارەکان دەردەکەن!
براییمان برایی، کیسەکەمان جیایی؟!
حاجی(هەڵسوڕاوی گۆڕان لە بەریتانیا) لە15/3لە بەرنامەی کەناڵی(کەی ئین
ئین)لەبارەی دوو زلحزبەکەوە، وتی(ئیمە دەمانەوێ ببین بە برا، نەک تەنها
لە بەغدا بەڵکو لە زاخۆ و هەولیرو...). بەم بۆچوونە دوا گومانی لەسەر
خیتابی دووڕووی گۆڕان کە لە پەیامەکەی نەوشیروان موستەفا دەرکەوت و
وتی(ئیمە خۆمان بە شەریکی سیاسیان دەزانین، ئێمە شەریکی چارەنوسین..)و
بۆچوونی ئەم دوو بەڕێزە تەنانەت مانای(براییمان برای، کیسەمان جیایی)ش
نییەو هەموو لافدانەکانیان ئاشکرادەکات: ناسیاوێکم بەسەرسوڕمانەوە
وتی(ئەی کەواتە چی و چۆن دەیگۆڕن؟!)
ئۆپۆزیتسیون!
گەرچی ئۆپۆزیتسیون فرەرەنگە و ئاراستەی چەپ و راست و میانڕەوی هەیە وەک
کۆنزەرفاتیڤ، دیموکرات، لیبراڵ، سۆسیالدیموکرات، سەزەکان، کۆمونیست،
ئەنارشیست، مەزهەبی هەیە، بەڵام جەماعەتی"گۆڕان" ئەو زاراوەیە گشتگیر
دەکەن و وای پیشاندەدەن کە خۆیان دەسپێکی لایەنی ئۆپۆزیتسیونن و پێشتر
بوونی نەبووە، بەڵام راستییەکان لە شوێنێکی ترەو زۆر دەمێکە
ئۆپۆزیتسیون وەک دیاردە لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێم رەنگی جۆربەجۆری خۆی
پیشانداوەو ئەمەش چەند نموونەیەکیانە: ئەنسار ئەلئەسلام، پارتی
چارەسەری دیموکراتی کوردستان، مەلا کرێکار، جەماعەتی ئەرشەد زێباری،
بەرەی تورکومانی، کۆمونیزمی کرێکاری، کۆمونیزمی کرێکاری حکمەتیست،
پارتی چەپی کوردستان، جەماعەتی نەقشبەندی، حزبی بەعس و چەندین حزب و
گروپ و کۆمەڵەی تر هەیە. ئەو کاتە ئەم لایەنانە رۆڵی ئۆپۆزیتسیونیان
هەبوو، هێشتا سەرانی گۆڕان لەناو حزبە دەسەڵاتدارەکان خاوەن فەرمان
بوون. ئێستا ئەم برادەرانە لە مامیان زوێر بوون و لەوانەیە درەنگ بێ یا
زوو، زۆربەی"هەوادارەکانیان"بەدەستبەتاڵی بۆ ناو ماڵە گەورەکەی مامیان،
دەگەڕێنەوە!
گێلە پیاوە.
لەپشت ناو و ئیمیلێکی نهێنی و ژمارەیەکی نەناسراوەوە رێ بەخۆی دەدا
هەموو جۆرە سووکایەتی و جمێن بە خەڵک بداو لەبەر کورتی ئەقڵی و نەخۆشی
شیزۆفرینا، دەڵێ: من سوکایەتیم نەکردووە.
هەموو کەسێک دەتوانێ ئیمیل و ناوی ساختە بۆ خۆی درووست بکات. ئەمە هیچ
ئازاییەتی و شارەزایەتییەکی تایبەتی ناوێت و تەنها کەسانی دەروون ناپاک
و ترسنۆک بەم کارە هەڵدەستن.
"فەیلەسوفی"گردەکە و پێشمەرگە.
گەرچی بەختیار عەلی خۆی بە سیاسەتمەدار نازانێ، بەڵام لە
وتاری(پێشمەرگە) مەعریفەت و تێگەیشتنی نوێی هێناوەتە دنیای سیاسەت لە
کوردستان. بۆ نموونە دەنووسێ: (دیموکراسییەت لە جەوهەردا یەک خەتی
سووری هەیە کە ئیرادەی ئازادی مرۆڤەکانە).
ئەم بۆچوونە نیشانەی زۆری تەپۆز و ژەنگی فکرێکی زۆر کولە، چونکە ئیرادە
زاراوەیەکی موجەرەد نییەو مرۆڤەکان کە خۆیان لە چوارچێوەی رێکخراو و
سەندیکاو گروپ و کۆمەڵەکان رێکخستووەو فکرو بیروبۆچوونی فرە جیاوازیان
هەیە و لەسەر هەموو ئاستەکاندا ململانیی لەگەل یەکتر دەکەن، بۆیە
ئیرادە جیاوازو ناکۆکیان هەیەو هەر لایەنێک بە شێوەیەک لە شێوەکان لە
ئازادی ئەوی تر کەم دەکاتەوە تا پێشێلکردن و گەیشتن بە رادەی
لەناوبردنی فیزیکیش. من نازانم دیموکراسی چەندە بەهای دانابوو بۆ
ئازادی مرۆڤە کوردستانییەکان لە بڕیاڕە چارەنووسازەکانی پەیماننامە
جیهانییەکان یان فرۆشیاری چەکی کیمیاوی بە رژێمی بەعس یان دیپۆرتکردنی
زۆرەملێی پەنابەرە کوردستانییەکان لە بەریتانیا، دەنیمارک و وەڵاتانی
تر، یان ئەو هێرشە وەحشیانە کە لەم ماوەیە دژ بە کارمەندان و
میوانەکانی کەناڵی رۆژتیڤی لە بەلژیکا روویدا؟!
ئەو پێناسە و راڤەکردنە کە بەختیار عەلی بۆ پێشمەرگەی کردووە،
گاڵتەجاڕییەکی بێوێنەیە.
هەروا دەنووسێ(گرنگی وشەکە لەوەدایە کە ئاماژە بۆ شتێک دەکات کە سیستێم
رەتدەکاتەوە نەوەک سیستێم دەپارێزێت.)
هەموو پێشمەرگە، پارتیزان، فیدایی و گرلیوزەکانی ئەمریکای لاتین دژ بە
سیستێمێکی دیاریکراو جەنگاون و ئومێدەواربوون پاشان سیستێمێکی تر
دابمەزرێنن و بەرگری لێ بکەن(فەلەستین، نیکاراگوا، ئۆرگوای، پۆلیڤیا،
ئیرلەند، سپانیا، ئیتالیا....هتد!
بەختیار پێیوایە(دەبێت وەک ناوێک کە ئاماژە بۆ دەرەوەی سیستێم، بۆ
بەرگری دەکات، بمێنێتەوە)...یان جەنابی رەخنە لە پێشمەرگەی دێرین دەگرێ:
(کارەساتەکە ئەو ساتە دەستی پێکرد کە ژمارەیەک لە پێشمەرگە زاراوەی
پێشمەرگە دێرینیان قبووڵ کرد).
واتە پێشمەرگە دەبێ لەساتی روخاندنی سیستێمێک، ئیدی راوەستێت، چونکە
قۆناغی بەرگری نەما، بەڵام لە راستیدا بەختیار رەخنە لە هەوڵی
پیرۆزکردنی پێشمەرگە دەگرێ، کەچی بەخۆی پیرۆزییەکی تایبەت تری پێدەدا(....بەکارهێنانی
هەڵەی ناوی پێشمەرگە، بێماناکردنی ئەو هێزە ئەفسانەیی و سیحرە
گەورەیەیە کە لە وشەکەدا هەیە...)
ئەوەی باشە، بەختیار بە خۆڕایی بۆ گاڵتەجاڕییەکی نوێ بانگمان دەکات و
پێیوایە ئەوەی نازناوی پێشمەرگەی هەڵگرتووە، نابێت بەشداری بکات لە
کاروباری حکومەت، ئیدارەت و ژیانی رۆژانەی هەر وەڵاتێک لە وەڵاتانی
دنیا. هەروا گەرچی پێشمەرگە، پارتیزان و جەنگاوەرەکان لە هەموو دنیا
بەو پەڕی شانازییەوە رێکخراوی تایبەتی خۆیان دادەمەزرێنن، کەچی تەنیا
بەختیار بەشێوەیەکی"ئەفسوناوی" ئازادی خۆی بەکاردەهێنێت و ئازادی
پێشمەرگە بۆ دامەزراندنی دەزگا یان رێکخراوی(پێشمەرگە
دێرینەکان)پێشێلدەکات و ئیرادەکەی دژ بە ئیرادەی پێشمەرگەی ئاخڕ شەڕو
نەگبەت بەکاردهێنێت!
یارییەکەی بەختیار بەنەزانییەکی تایبەت تەواودەبێت و دەنووسێ(لە
کوردستاندا شتێک نییە ناوی پێشمەرگەی کۆن و نوێ بێت، یەکجۆر پێشمەرگە
هەیە کە پێشمەرگەکانی پێش راپەڕینن، بە مەرجێک لەداوی راپەڕین
نەچوبێتنە شەڕی ناوخۆوە، تەقەیان لە خۆپیشاندانەکان نەکردبێت. دڵسۆزی
ئەو جەوهەرە گەورەو راستەقینەیە پێشمەرگەبووبن.)
"زۆر جوانە"، بەڵام وابزانم هیچ کاتێک پێشمەرگە کە ئەمیش زاراوەیەکی
موجەرەد نییەو لەپاڵ ئەرگی بەرگری دژ بە داگیرکەران، ئەرکی حزبی و
عەشایەری و نەتەوەیی و چینایەتی بە درووست یان نادرووست لە ریزی ئم حزب
یان ئەو حزب ئەنجامداوە، بۆ نموونە پێشمەرگەکانی شێخ مەحمود بەرگرییەکی
مەزن دژ بە حکومەتی دیموکراتی بەریتانیای داگیرکەر ئەنجامداوەو بەخۆیشم
لەم خاڵە شانازییان پێ دەکەم، بەڵام هەر خودی ئەو پێشمەرگانە زەوی
جووتیارەکانی قەرەداخ ودەیان ئاواییان داگیرکرد. لەبیرمان نەچێت
پێشمەرگەی چەندین لایەن لە چەندین بۆنە و جێگاو کات و بەهۆی زۆر
جیاوازەوە، بەشداریان کردووە لە جەنگ دژ بە پێشمەرگەی لایەنێکی تر،
واتە مرۆڤێکە خاوەن هەڵویستی سیاسی و حزبی جیاوازو بەگوێرەی هەر قۆناغ
و تێگەیشتنی سیاسی، لایەنی درەوشاوەی هەیەو لایەنی سەلبی هەیەو
بیروبۆچوون فرەلایەن هەڵدەگرێ و بەڕاستی نە پیرۆزەو نە ئەفسانە.
پێدەچێت هۆی سەرەکی گاڵتەجاڕی"پێشمەرگە"ی بیرمەندی گەورەی گۆڕان
دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بابەتەکەی بە"پشتیوانی خوا" پاش خواردنی کفتە
بە برنجی مەحمود، نووسیووەو لەم کاتە برادەرێک بە ئاسیاسێل پەیوەندی
پێکردوەو بەگیانی برایانەو وەک شەریکی سیاسی لە دیلان سیتی، چای
ئەحمەدی خواردووەتەوە!
07701929872
dwaroj@yahoo.de
|