٣١\١\٢٠١٢
پهرتووک:
بیرەوەرییەکانی مستەر ھمفێر.
- جاسوسی بەریتانی لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا -

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: تاھیر ساڵح شەریف
پێشەکیی وەرگێڕی کوردی.
ئەم وەرگێڕانە چیرۆکی سیخوڕێکی بهریتانیای گەورەمان بۆ دەگێڕێتەوە .
نووسەری کتێبەکە ناوی " ھمفێر "ە، کە خۆی ئەرکی جاسوسیکردنی بۆ
وەزارەتی مستعمراتی بهریتانیای سەدەی ھەژدەھەم لە ئەستۆ گرتووە و
ناوەندی چالاکی جاسوسیانەکەی " ھمفێر "، وڵاتانی تورکیا، میسر، ئێران ،
عێراق و سعودیەیە .
ھمفێری جاسوس، چەند کێشەو بابەتێکی تایبەتیمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە
ڕەنگە زۆربەمان تا کاتی خوێندنەوەی کتێبەکەی ئەو، زانیارییەکی ئەوتۆمان
لە بارەیانەوە نەبووبێت : پرۆژەو ئامانجە نامرۆییەکانی ئیستعماری
ئینگلیز بۆ بە مستعمرەکردنی وڵاتانی دواکەوتووی ئیسلامی ونائیسلامی،
پەیوەندی ئاینی مەسیح و ئیستعماری ئینگلیز، چۆنیەتی دۆزینەوە و
پەروەردەکردنی فکری ، سیاسی و ئەخلاقی محەمەد عبدالوەھابی ڕابەرو
دامەزرێنەی ڕەوتی " ئیسلامی وەھابی " لەڕێگای نووسەری کتێبەکەوە و
پەیوەندی ئەو ڕەوتە ئیسلامییە بە دەوڵەتی ئیستعماری بهریتانیاوە ،
پلانەکانی ئیستعماری ئینگلیز بۆ ڕوخاندنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، نەخشە
ئیستعمارییەکانی ئینگلیز بۆ دانانی چەند بنەماڵە و خێڵێکی دیکتاتۆر و
ئیستبدادی لە سەرکورسی حکومەت و دەسەڵات لە وڵاتانی دواکەوتووی
ئیسلامیدا، بەکارھێنانی ئاینی ئیسلام بۆ دژایەتیکردن و لێدانی خودی
ئاینەکە، ئاشکراکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئایەتەکانی قورئان، حەدیسەکان
و گوتارو کردارەکانی پێغەمبەر وخەلیفەکان لەگەڵ واقعی سەردەمی محەمەد و
سەردەمەکەی ھمفێردا، لەوانەیش گرنگتر، خوێندنەوە و توێژینەوەی
ھەمەلایەنە و ووردی ھەموو دیاریدە و پەیوەندییە ئابووری، کۆمەڵایەتی و
کڵتورییەکانی وڵاتانی دواکەوتووی بە مستعمرەکراوی ئەو ڕۆژگارە لەلایەن
دەسەڵاتداران و حکومەتی ئینگلیزەوە و دیاریکردنی خاڵە بەھێزو
لاوازەکانیان لە بەر ڕووناکی خوێندنەوە و توێژینەوە دیاریکراوەکانیاندا
... ئەوانەو زۆر کێشەیتریش لەم پەرتوکەدا تیشکیان خراوەتە سەر و
ڕوونکراونەتەوە ..کە بەڕاستی بەخوێندنەوەیان سەرسام دەبین .
منیش وەک وەرگێڕی کتێبەکە، لەم پێشەکییە کەڵک وەردەگرم و دەمەوێت وەک
پێویست و تا ئەو جێگایەی کە چوارچێوەی دیاریکراوی ئەو ڕێگام پێبدات،
چەندڕاستییەک لە بارەی ئیستعماری کۆن و نوێوە بخەمە بەردیدەی خوێنەر و
لە کۆتاییشدا ھەوڵدەدەم کە لە سەر خودی کتێبەکە و چۆنییەتی وەرگێڕانەکە
چەند خاڵێک ڕوون بکەمەوە .
لە سەرەتادا جەختکردن لەسەر ئەم خاڵە بە گرنگ دەزانم کە ئەوە بەبیر
بھێنمەوە : ئیستعمار دیاریدەیەکی مێژووییە و لەگەڵ دابەشبوونی کۆمەڵگە
بەسەرچیینە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا سەری ھەڵداوە . داگیر کردنی
سەرزەوییەکانی نەتەوە لاوازترەکان لەلایەن بەھێزترەکانەوە، کە وەک
دیاریدەیەکی وێرانکەر لە بەرەبەیانی کۆمەڵگەی کۆیلەدارییەوە
دەستیپێکردووە ، بۆخۆی جۆرێکە لە ئیستعمار . ئەگەر ووشەی " ئیستعمار "
بە ھەمان مانای ووشەی " ئاوەدانکردنەوە " ، یاخود " بنیاتنانەوە "
ھاتبێتە ناو فەرھەنگە سیاسییەکانەوە، ئەوا خودی مانای ڕاستەقینەی ووشەی
" ئیستعمار"یش لەلایەن زمانناسەکانی وڵاتە ئیستعمارییەکانەوە ئاوەژۆ
کراوەتەوە، چونکە لە ڕاستییدا و لە ڕووی مانای ماددی و بابەتی ووشەکەوە،
ھێزە ئیستعمارییەکان، واتای ھێزە تاڵانکەر، داگیرکەر و وێرانکەرەکانی
گەیاندووە و دەگەیەنێت، نەک ھێزە بنیاتنەر و ئاوەدانکەرەوەکان . لێرەدا
نامەوێت بچمە سەرباسی پەیوەندی نێوان ئیستعمار و شێوەکانی بەرھەمھێنانی
پێش لە سەرمایەداری، چونکە ئەوە باسێکی مێژووییەو لە ئامانجە
سەرەکییەکانی ئەم باسەی ئێستا دوورمان دەخاتەوە ... بەھەرحاڵ، لە
ڕوانگەی مێژووییەوە، سەرمایەداری لە سەرەتای سەرھەڵدانی خۆیدا، واتە لە
کاتێکدا کە پرۆسەی کەڵەکەی سەرەتایی سەرمایە لە سەدەی شانزەھەمدا دەست
پێدەکات، ئیستعمارو سیاسەتی ئیستعماری سەرمایەداریش وەک مەیلێکی
ئابووری جیانەکراوە و پێویست لەگەڵ ھەمان پرۆسەدا دێتەکایەوە . لە
سەدەی شانزدەھەمەوە، واتە سەدەی سەرھەڵدانی شێوەی بەرھەمھێنانی
سەرمایەداری، ئیستعماری سەرمایەداری بە چەند قۆناغێکی گرنگدا تێپەڕ
دەبێت:
قۆناغی یەکەم: قۆناغێکە کە ھاوکات لەگەڵ پرۆسەی کەڵەکەی سەرەتایی
سەرمایە، گەشەکردنی بازرگانی جیھانی و شۆڕشی پیشەسازیدا دەستپێدەکات و
لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەھەمدا ئیتر ئەم قۆناغە لە ژیانی ئیستعمار
کۆتایی پێدێت، ئیستعماری نوێ جێگای شێوەی ئیستعماری تەقلیدی دەگرێتەوە
. لە قۆناغی یەکەمدا، واتە لە قۆناغی سەرھەڵدان و گەشەکردنی شێوەی
بەرھەمھێنانی سەرمایەداریدا، ئیستعمار وەک سیستەم و مەیلێکی داگیرکەر،
تاڵانکەر، وێرانکەر و چەوسێنەری گەلانی لاواز ودواکەوتوو خۆی
دەردەخاتەوە، کە ئەمەش لە دوالێکدانەوەدا دەبێتە ھۆی گەشەکردنی ھەرچی
زیاتری خودی شێوەی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا .
مارکس لەو بارەیەوە دەڵێت :{سیستەمی مستعمرات بووە ھۆی گەورەترین
پێشکەوتنەکان لە بواری بازرگانی و کەشتیڕانی و دەریاگەڕیدا . بەتەعبیری
لوپر، " کۆمپانیا ئیحتکارییەکان " بوونەتە سەرەنوێڵە بەھێزەکانی کەڵەکە
کردنی سەرمایە . ئەو مانیفاکتۆرانەی کە بەخێرایی سەریان لەزەویدا
دەردەھێنا و گەورە دەبوون، چەند بازاڕێکی دابینکراویان لە مستعمرەکاندا
بۆ دەدۆزرایەوە و ئیحتکارکردنی بازاڕ ھۆکارێکی کەڵەکەکردنی خێرای
سەرمایە بوو . ئەو سەروەت و سامانانەی کە لە دەرەوەی ئەوروپاوە
ڕاستەوخۆ و بەھۆی تاڵانکردن، دیلکردن و مرۆڤکوشتنی سەرزەوییە
داگیرکراوەکانەوە بەدەستھێنرا بوون، لەوێدا دەگۆڕان بۆ سەرمایە ....
لەگەڵ گەشەکردنی سەرمایەداری قۆناغی مانیفاکتۆرەدا، بیروڕای گشتی
ئەوروپا، دوایین شوێنەواری شەرم و حەیاو ویژدانی خۆیی لە دەستدا .
نەتەوەکان ( مەبەستی مارکس لە نەتەوەکانی ئەوروپایە ) دەستیاندەبرد بۆ
ھەموو کارێکی نەنگین و بێشەرمانە کە ببووایەتە ھۆی کەڵەکە کردنی
سەرمایە ....١}.لە ھەمان پرۆسەدایە کە ئیسپانیا، پرتوگال ، ھۆڵەندە ،
فەڕەنسا و بهریتانیا دەستدەکەن بە داگیرکردنی سەرزەوییەکانی ووڵاتە
دواکەوتووەکانی جیھان و لەنێوخۆیاندا دابەشیاندەکەن، یان وەک مارکس
دەڵێت : {قۆناغە جیاوازەکانی کەڵەکەی سەرەتایی سەرمایە، کە لەڕووی
زەمەنییەوە کەم تا زۆر جیاوازبووە، لە نێوان ئیسپانیا ، پرتوگاڵ ،
ھۆڵەند ، فەڕەنسا و بهریتانیادا دابەشدەکرێن . ئەو قۆناغانەی کە
ئاماژەیان پێکرا ، لە ئینگڵتەرەی کۆتایی سەدەی ھەڤدەھەمدا، وەک سیستمی
ئیستعمار ، سیستەمی قەرزدانی دەوڵەتی ، سیستەمی باجدانی نوێ و سیستەمی
پشتیوانی گومرکی ( نڤام التعرفە الجمرکییە )، وەک شێوازی ئۆرگانیکی و
پێکەوە گرێدراو دەرکەوتەوە . بەشێک لەو شێوازانە لەسەر بنەمای
توندوتیژترین کردەوەی بەربەریانەی وەک سیستەمی ئیستعماری وەستا بوون ،
بەڵام ھەموو ئەوانە لەلایەن ھێزی دەوڵەتەوە ، واتە توندو تیژی
سیستماتیک و ڕێکخراوی کۆمەڵگەوە بەکار دەھێنران تا پرۆسەی گۆڕینی شێوەی
بەرھەمھێنانی دەرەبەگایەتی بۆ شێوەی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری خێراتر
بکات و ڕێگاکانی جێ گۆڕێکێ کردنی ئەم دوو شێوە بەرھەمھێنانە کورتر
بکاتەوە ٢}. بەڵام پرۆسەی گۆڕینی شێوەی بەرھەمھێنانی دەرەبەگایەتی بۆ
شێوەی بەرھەمھێنای سەرمایەداری ئیستعماری ، پرۆسەیەکی ئابوری ، یان
سیاسی ڕووت و پەتی نەبووە ، بەڵکو پرۆسەیەکی فکریش بووە . لە سەرەتای
سەرھەڵدان و لەدایک بوونی سەرمایەداریدا ، سەرمایەدارەکانی ئەوروپا و
ڕۆشنبیران و بیریارانی لایەنگری ئەم چینە ، خەباتێکی فکری درێژماوەو
ھەمەلایەنەیان لەدژی ئاینی مەسیحیەت کرد و سەرئەنجامی ئەم خەباتەشیان
بەوە گەیشت تا ئاین مەسیح لە دەسەڵاتی سیاسی جیا بکەنەوە ، بەڵام پاش
جێگیر بوونی یەکجاری شێوەی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری ، ئیتر چینی
بۆرژوازی دەسەڵاتداری ئەوروپا گەیشتە ئەو بڕوایە کە ئاینی مەسیح ،
یەکێکە لەو ئامڕزا فکرییانەی کە دەتوانێت بۆ مانەوەی ڕژێمەکەی کەڵکی
لێوەربگرێت . لەبەرئەوە ، بۆرژواکانی ئەوروپا و دەوڵەتەکانیان پەنایان
بردەوە بەر ئاینی مەسیح ، تا لەڕێگای بەکاربردنی ئەوەوە بتوانن
شەرعییەت بە ھەر کردەوەیەکی نامرۆییانەی خۆیان بدەن ، کە لە پێناوی
قازانجپەرەستی خۆیاندا دژ بە گەلانی دواکەوتووی دنیا ئەنجامیان دەدا .
قەشەکان کرانەوە بە ڕاوێژکاری دەسەڵاتە سیاسییەکانی ئەوروپا ( ھەروەک
ھمفێری نووسەری ئەم کتێبەیش ئاماژەی بۆ کردووە ) ، کڵیساکانیش کرانەوە
ناوەندی چەواشەکاری و گێژ کردنی خەڵک و کڵیسا و ئیستعمار بوونە دوو
دیوی یەک دراو . مارکس ئاماژەیەکی باش بەم پەیوەندییەی نێوان ئیستعمارو
ئاینی مەسیح و کڵیسا دەکات و پاش بەبەڵگە کردنی قسەکانی ولیام ھێویت
دەڵێت : {پیاوێک کە پسپۆڕە لە بواری مەسیحییەتدا ، لە بارەی سیستەمی
ئیستعماری مەسیحییەت و ھێویتەوە ئەوھا دەڵێت : " دڕندەیی و
کارەساتگەلێکی بێشەرمانە کە ڕەگەزە بە ناومەسیحییەکان لە ھەرشوێنێکی
دنیادا و دژ بە ھەر ووڵاتێکی داگیرکراوئەنجامیدەدەن ، لە ھیچ یەکێک لە
سەردەمە مێژووییەکانی جیھاندا و لە ناو ھیچ ڕەگەزێکدا ، تەنانەت ئەگەر
دواکەوتووترین و دڕندەترین ڕەگەزیشبن و بەھەر ڕادەیەک کە بێبەزەیی و
بێشەرمیشبن ، وێنەی نییە **". ... لەو مستعمرە کشتوکاڵیانەی کە
خەڵکەکەی تەنھا خەریکی بازرگانی ناردنە دەرەوە ( التێدیر ) بوون ، وەک
ھیندی ڕۆژئاوا و سەرزەوییە قەرەباڵغەکانی مەکسیک و ھیندی ڕۆژ ھەڵات ،
کە دەستیانکردبوو بە کوشت و کوشتار و تاڵانکردنیان ، شێوەی مامەڵەکردن
لەگەڵ خەڵکی ئەو شوێنانە زۆر ترسناکتر بوو . سەرەڕای ئەوەش ، کەچی
تەنانەت ناوەرۆکی مەسیحییەتی کەڵەکەی سەرەتایی سەرمایە لە مستعمراتدا ،
بەمانای تایبەتی ووشەکە ڕەتتنەکرایەوە . ئەم پسپۆڕە بێشەرم و تووند
ڕەوانەی پرۆتستانیزم ، ئەم تاوانکارانەی ئینگڵتەرەی مۆدێرن ، لە ساڵی
١٧٠٣ دا ، بە پێی بڕیارێکی ئەنجومەنی یاسادانانەکەیان (جمعیتھم
التشریعیە assembly )بۆ دیلکردنی ھەر ھیندییەکی سوور پێست، پاداشتێکی
بە بڕی ٤٠ لیرەی ئوستەرلینی تەرخانکردووە و لە ساڵی ١٧٢٠یشدا بۆ کوشتنی
ھەر سوور پێستێک ١٠٠ لیرەی ئوستەرلینی تەرخانکردووە ٣}.
قۆناغی دووەم: قۆناغێکە کە سەرمایەداری
ئیستعماری گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەردا ھاتووە ، بەڵام لەم پرۆسەی
گۆڕانکارییەدا ، ئەوەی کە نەگۆڕاوە سیاسەتی داگیرکارانەو تاڵانکەرانەی
سەرمایەداری ڕۆژئاوا یە بەرانبەر ووڵاتانی کۆڵۆنیالی ونیمچە کۆڵۆنیالی
. سەرمایەداری ڕۆژئاوا کە بە دوای شۆڕشی پیشەسازییدا پێینایە قۆناغێکی
بەرزترەوە ، واتە ئەو قۆناغەی کە ھەندێک بیریاری سەرەتای سەدەی بیستەم
بە قۆناغی ئیمپریالیزم ناوزەدیان کرد، بەکەڵک وەرگرتن لە پیشەسازی
مۆدێرنی ئەو ڕۆژگارە ، پەلاماری وڵاتانی دواکەوتووی جیھانیاندایەوە و
پرۆسەیەکی نوێ لە بە مستعمرەکردن دەستیپێکردەوە . ئامانج لە بە
مستعمرەکردنەکانی وڵاتانی دواکەوتوو ، دەستگرتنیان بوو بەسەر بازاڕ ،
ھێزی کار و سەرچاوە سروشتییەکاندا . لەم قۆناغەدا ، نەخشە
سەرەتاییەکانی سەرمایەداری ئیستعماری ڕۆژ ئاوا ـ بە تایبەتی ئیستعماری
ئینگلیز ـ بە ھەندێک ئاڵوگۆڕەوە لە وڵاتانی مستعمرەو نیمچە مستعمرەدا
پراکتیزە کران . لەناوبردنی پلەبەپلەی شیوەکانی بەرھەمھێنانی پێش لە
سەرمایەداری ، گەشەدان بەسەرمایەی بازرگانی و سوخۆری وابەستە بە
مۆنۆپۆڵەکان و سەرمایەی مالی ڕۆژئاوا ، کە زیاتر لە شێوەی سەرمایەی
بازرگانی ، سوخۆر و بۆرژوازی کۆمبراتۆردا خۆیان دەنواندەوە ،
دروستکردنی چەند حکومەتێکی ئیستبدادی بنەماڵەیی و خێڵەکی لە ووڵاتانی
دواکەوتوو ـ بەتایبەتی لە وڵاتانی ئیسلامی ـ دا ، وەک پارێزەری
بەرژەوەندییە ئابورییەکانیان ، پشتیوانی دارایی و سەربازی ڕاستەوخۆ لە
حکومەتە پاشایەتیی و دیکتاتۆرەکان و ھەوڵدان بۆ سەرکوتی ئەو جوڵانەوە
دینی و شێوە دینیانەی کە ڕووبەڕووی سیاسەت ئیستعمارییەکان وەستابوونەوە
، کە لەڕاستیشدا ئەوانە بەرگرییان لە شێوەی بەرھەمھێنانی دەرەبەگاییەتی
، ئابوری کاڵایی ، دەسەڵات و کڵتوری فیوداڵی دەکرد ، ڕوخاندنی
ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ، وەک سمبوڵی ئیسلامی ئەنتی ئیستعماری ڕۆژ ئاواو
تاد...ھەموویان ئەو نەخشە ئیستعماریانە بوون کە لەکۆتاییەکانی سەدەی
نۆزدەھەمەوە تا ساڵانی کۆتایی جەنگی جیھانی دووەم لەدژی وڵاتانی
دواکەوتووی جیھان بەڕێوە براون .
لێرەدا پێویستە ئاماژەیەکی کورتیش بەوە بکەم کە گەیشتنی سەرمایەداری بە
قۆناغی ئیمپریالیزم ، واتە قۆناغی باڵادەستی سەرمایەی مالی و
مۆنۆپۆڵەکان ، سەرمایەداری جیھانی دابەشکرد بە سەر چەند وڵاتێکی
گەورەھێزی ئیستعماریدا و لە ھەمان پرۆسەدا چەندگەورەھێزێکی جیھانی نوێ
سەریان ھەڵدا ، کە ڕۆڵی تاک لایەنەی ئیستعماری بهریتانیای گەورەیان لە
دیاریکردنی سیاسەتی جیھانیداسڕیوە. سەرھەڵدانی فەڕەنسا ، ئەڵمانیا ،
یەکێتی سۆڤیەت ، ئەمریکا ، ژاپۆن وتاد... لە کۆتایی سەدەی نۆزدەم و تا
کۆتایی جەنگی دووەمی جیھانی ، ئەو بارودۆخە جیھانییە کۆنەی گۆڕی کە بهریتانیا
تێیدا باڵا دەست بوو . بەریتانیای سومبڵی ئیستعماری سەرمایەداری ،
تەقریبەن بووە ھێزێک لە پەراوێزی سیاسەتی جیھانی ئەو سەردەمەدا و ڕۆڵی
سەرکردایەتی کردنی جیھانی لێوەرگیرایەوە . ئەو گۆڕانکارییە لە
پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ، ڕاستەوخۆ کاردانەوەی لەسەر وڵاتانی
دواکەوتووی جیھانیش ھەبوو . ھەندێک لەوڵاتانی ناوبراو ، لەسەر
دابەشکردن و بە مستعمرەکردنی وڵاتانی خاوەن نەوت ، بازاڕ و
سەرچاوەسروشتییە بەپیتەکانی وڵاتانی دواکەوتووی جیھان بەشەڕ ھاتن ،
دووجەنگی جیھانی ماڵوێرانکەریان بەرپا کرد و لە ھەمانکاتیشدا زۆرێک
لەوڵاتانی دواکەوتووی ئاسیا ، ئەفریقا ، ئەمریکای لاتین و ئەورپای
ڕۆژھەڵاتیان داگیرکرد . ھەرلەو پرۆسەی کۆڵۆنیالیزکردن و جەنگدا ، خەڵکی
وڵاتانی کۆڵۆنیالی و نیمچە کۆڵۆنیالی چەندین ڕاپەڕین و شۆڕشیان دژ بە
ئیستعماری ئیمپریالیستی بەرپاکرد . بە دوای کۆتایی جەنگی جیھانی
دووەمدا ، ھێزە ئیستعمارییەکان دەستیان بە پاشەکشە کرد و پرۆسەی بە
مستعمرەکردنی ڕاستەوخۆ و داگیرکردنی سەربازییانەی وڵاتانی دواکەوتوو
کۆتایی ھات . قۆناغێکی نوێ لە ژیانی ئیمپریالیزمدا ھاتەکایەوە و
وڵاتانی مستعمرەی پێشتر چوونە قۆناغێکی نوێوە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا
ئیمپریالیزم بەجۆرێکیتر سیاسەت و نەخشە ئیستعمارییەکانی خۆی دژ
بەوڵاتانی دواکەوتووی ناسراو بەوڵاتانی جیھانی سێیەم درێژەپێدا.
قۆناغی سێیەم: لە ڕووی ناوەرۆکی ئابوریی و
سیاسییەوە، درێژکراوەی ھەمان قۆناغی دووەمە، واتە ئەو قۆناغەیە کە
سەرمایەی مالی و مۆنۆپۆڵە کان تیاییدا باڵادەستن ، بەڵام ھاوکێشە
ئابوری ، سیاسی و ئایدۆڵۆجییە جیھانییەکان گۆڕانیان بەسەردا ھاتووە ..
جەنگی جیھانی دووەم کۆتایی پێھاتووە، بە سەرکردایەتی سۆڤیەت و ئەمریکا
، جیھان دابەش دەبێت بەسەر دوو کەمپی ڕۆژھەڵات و ڕۆژ ئاوادا. لەم
قۆناغەدا، زۆربەی ھەرزۆری وڵاتانی مستعمرە کراو لە ڕووکەشدا
سەربەخۆییان بەدەستھێناوە ، یان پرۆسەی سەربەخۆییان بەرەو خاڵی و
کۆتایی دەچێت . ئەم قۆناغە کە پاش لە جەنگی دووەمی جیھانییەوە
دەستپێدەکات ، قۆناغێکە کە وڵاتانی بەمستعمرەکراوی پێشتر ، تیایدا
دەکەونە داوی وابەستەیی ئابوری ، سیاسی و دیپڵۆماسیی ئیمپریالیزمی ڕۆژ
ھەڵات و ڕۆژئاواوە . سۆڤیەتی سەرکردەی کەمپی بە ناو سۆشیالیستی ، چەند
حیزب و کەسایەتییەکی دیکتاتۆر و عەسکەری لەو وڵاتانەدا لەسەر کورسی
دەسەڵات دادەنێت کە وابەستە دەبن بەخۆیەوە و بە ھەموو شێوەیەک
یارمەتییاندەدات . ئەمریکایش، کە سەرکردایەتی کەمپی ڕۆژئاوادەکات، بە
ھەمان شێوەی سۆڤیەت، کۆمەڵێک بنەماڵە و جەنراڵی سەربازی لە وڵاتانی
وابەستە بەخۆیدا ، وەک سەرۆک و پاشاکان بەدەسەڵات دەگەیەنێت و لەڕووی
ئابوری ، سیاسی ، سەربازی و دیپلۆماسییەوە پشتیوانی تەواوەتییان
لێدەکات . ھەر لە ئەمریکای لاتینەوە تا دەگاتە ئەوروپای ڕۆژھەڵات ، ھەر
لە ڕۆژھەڵاتی ئاسیاو ئاسیای ناوەندییەوە بگرە تا دەگاتە خۆرھەڵاتی
ناوەڕاست ، سەرتاسەر بە حکومەتە دیکتاتۆرو تۆتیالیتارییەکان تەنرا بوو،
کە تا ئەمڕۆیش زۆربەی ئەو حکومەتانە لەسەر کار ماونەتەوە . ئەم حکومەتە
دیکتاتۆر و سەربازیانە لە وڵاتانی ئیسلامی و نائیسلامی جیھانی سێیەمدا،
ھیچ شتێک نەبوون ، جگە لە داردەستەکانی دەستی ئیمپریالیزم و احتکاراتی
ئیمپریالیستی بۆ دابینکردن و پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوری و
سیاسییەکانیان لە وڵاتانی ناوبراودا .ئەو حکومەتانە بە پێی نەخشەیەکی
ئیمپریالیستی پێش و پاش جەنگی دووەمی جیھانی ھاتبوونە سەرکار، کە
ئامانجە کۆنە ئیستعمارییەکانیان لە ھەلومەرجێکی تازەتردا و
بەشێوەیەکیتر بەڕێوە دەبرد، بەڵام لە گەڵ کۆتاییھاتنی جەنگی سارد و
ھەرەسھێنانی کەمپی سۆڤیەتدا، ھەموو ھاوکێشە ئابوری ، سیاسیی ، سەربازی
، دیپڵۆماسیی و تەنانەت جوگرافییەکانی جیھانی سەردەمی جەنگی ساردیش
ئاڵوگۆڕیانکرد .بەوھۆیەشەوە سەردەم و قۆناغێکی نوێتر لە پەیوەندییە
نێودەوڵەتییەکاندا ھاتە کایەوە . ئەم قۆناغە ، قۆناغێکە کە ئیمپریالیزم
لەڕووی چلۆنایەتییەوە ، لە ڕووی پەیوەندییە ناوخۆییەکانییەوە و لەڕووی
نەخشە ئیستعمارییەکانییەوە بۆ وڵاتانی دواکەوتووی ناسراو بە وڵاتانی
جیھانی سێیەم، دووچاری گۆڕانکاری بووە، گۆڕانکارییەک کە ئاکام وبەرھەمی
شۆڕشی تەکنەلۆجیای زانیاری و بە دیجتاڵیزەکردنی پرۆسەی بەرھەمھێنانی
کۆمەڵایەتییە لە پێشکەوتووترین وڵاتانی سەرمایەداریدا.
قۆناغی چوارەم: قۆناغێکە کە ئێستا تیایدا
دەژین . ئەم قۆناغە ، ئەگەرچی بە قۆناغی گڵۆباڵیزەیشن ( بەجیھانیکردن )
، یان پۆست مۆدێرنیزم ناودەبرێت ، بەڵام لە واقعدا قۆناغی پشێوی و
بێسەرەو بەرییە لە پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکاندا و لەڕووی کارکردو
میکانیزمە ئابورییەکانیشیەوە درێژەکراوەی ھەمان قۆناغی یەکەم و دووەمە،
کە لەپێشەوە ئاماژەم پێکرد . دەوڵەتانی ئیمپریالیستی نوێ، بە ئابوری و
تەکنەلۆجیای پێشکەوتوویانەوە، لەسەر دابەشکردنەوەی بازاڕو ئابوری
جیھانی کەوتوونەتە ململانێ لەگەڵ ئەمریکای پۆلیسی جیھانیدا ٤. ئەمریکا
گەڕاوەتەوە بۆ سیاسەتە ئیستعمارییەکانی بهریتانیای سەدەی نۆزدەھەم و
سەرەتاکانی سەدەی بیستەم . ئەمریکا بەشێوەیەکی سەربازیانە وبە
ڕاستەوخۆیی ( بە ھاوکاری بهریتانیای پیرە ئیستعمار ) لە ژێرناوی جەنگی
دژی تیرۆر و سەقامگیرکردنی دیموکراتیدا، ئەو وڵاتانە داگیردەکات کە
دەکەونە ناوچە ستراتیژییەکانی جیھانەوە . وڵاتانی ئاسیایی ناوەڕاست و
خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ٥، کە دوو ناوچەی ئیسلامینشینن ، کەوتوونەتە
بەرھێرشی ئیستعماریانەی ئەمریکاوە . تیۆرییەکەی ھانتنیگتۆن ( پێکدادانی
شارستانییەکان٦)، تیرێکی گڕدار بوو کەسەرانی کۆشکی سپی ئاڕاستەی
فەندەمینتاڵیزمی ئیسلامی و ناوجەرگی وڵاتانی ئیسلامی خاوەن نەوتیانکرد
. گروپە ئیسلامییە تووندڕەوەکان سەریان بەرزکردووەتەوە و ڕووبەڕووی
ئەمریکا و مەسیحیەتی ئەمریکا و ڕۆژئاوا وەستانەوەتەوە . ئاگری جەنگی
ژێر خۆڵەمیێشی کۆن، بە تیۆری و تێزی سیاسیی تازەوە ھەڵگیرسایەوە .
ئاینی مەسیح لە پرۆسەی نوێی بەمستعمرەکردنی وڵاتانی ئیسلامیدا بێلایەن
نییە . ئیسلامی سەلەفی و بونیادگەرایش، وەک پارێزەری بەرژەوەندی حکومەت
و دەوڵەتە ئیسلامییە تەقلیدییەکانی ناوچەکە ، ھەروەک ئیسلامی سەلەفی
سەدەی نۆزدەھەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، خوازیاری مانەوەی بارودۆخی
پێشترەو قەبوڵی ھیچ گۆڕانکارییەکی ئابوری ، سیاسی و کڵتوری ناکات کە
ئیمپریالیزمی ئەمریکا دەیەوێت لە وڵاتانی ئیسلامیدا، لەڕێگای
میلیتاریزم و بەمستعمرەکردنەوە بەدی بھێنێت . ئەوەی کە لەم پرۆسە
جیھانییەدا ئەگەری ڕوودانی ھەیە، ئەوەیە کە سەرئەنجام ئیسلام بە ھەموو
باڵەسیاسییەکانییەوە ، وەک ھەموو قۆناغەکانی ڕووبەڕوو بوونەوەی لەگەڵ
ئیمپریالیزمی ئیستعماری و مەسیحییەتدا شکست دەخوات و توانای خۆڕاگری
نییە لەبەردەم ھێرش و نەخشەو پلانەکانی ئەودا ، بەڵام بەو حاڵەشەوە
ھێشتا ئیمپریالیزمی ئیستعماری ئەمریکاو ئینگلیس نایانەوێت و ناتوانن کە
ئاین و کڵتوری ئیسلام بسڕنەوە و بۆ ھەمیشە لە ناوی بەرن (ھەروەک ئەوەی
کە لە سەدە ڕابردووەکاندا بهریتانیای بابی ئیستعمار نەیتوانی ئەوکارە
بکات)، چونکە لەلایەک ئیسلام ڕەگوڕیشەیەکی مێژوویی و مەعنەویی قوڵی لە
ناوکۆمەڵگە ئیسلامی و بە ئیسلامیکراوەکاندا ھەیە و لەلایەکی تریشەوە
ھەموو دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکان (لە قۆناغی ئێستادا ئەمریکا
و بهریتانیا) پێویستیان بە ڕەقیبێکی ئایدۆڵۆژی ھەیە تا لەڕێگای
ئەوەوە بتوانن ئامانجە ئیستعمارییەکانیان بەدی بھێنن و بۆ درێژماوە
وڵاتانی خاوەن سەروەت و دەوڵەمەندی ئیسلامی لە ژێر چنگیاندا بھێڵنەوە .
نەخشەکانی ئیمپریالیستەکان وورد و زیرەکانەیە و ڕووبەڕوو بوونەوەکانی
دەوڵەتەکان و جوڵانەوە ئیسلامییەکانیش لەگەڵیاندا نەزانانە ، کوێرانە ،
ناھوشیارانەیەو ئەمەیش فاکتەری ھەموو شکستەکان و دواکەوتووییەکانی
وڵاتانی ئیسلامی وجوڵانەوە ئیسلامییەکان بووە بە درێژایی تەمەنی بە
مستعمرەکردنی وڵاتەکانیان و وابەستەبوونیان ، یاخود ڕووبە ڕوو
بوونەوەکانیان لەگەڵ زلھێزەکانی ڕۆژئاوادا ، ھەروەک ھمفێری نووسەری ئەم
کتێبەیش گۆشەیەکمان لەو ڕاستییە لە قۆناغێکی دیاریکراوی ململانێی
ئیسلام و ئیستعماردا بۆ ڕووندەکاتەوە.
پاش ئەو سەرنج و تێبێنیانەی سەرەوە لەسەر ئیستعماری ڕۆژئاوا ، دەمەوێت
چەند خاڵێکیش لە پەیوەند بەوەرگێڕانەکەدا ڕوون بکەمەوە:
١ـ ئەم کتێبە لەلایەن دکتۆر محسن مویدییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی
فارسی و لەساڵی ١٩٨٣ دا چاپکراوە. لە ساڵی ١٩٨٤ دا بۆ جاری دووەم
چاپکراوەتەوە و ١٦٠٠٠دانەی لەلایەن چاپخانەی سپھرەوە ( کە یەکێکە لە
چاپخانەکانی تاران ) لێچاپ و بڵاوکراوەتەوە.
٢ـ من لە ڕێگای ئینترنێتەوە ھەمان کتێبەم بەدەستھێناوە، کە ھیچ
پێشەکییەکی وەرگێڕی فارسی لەسەر نییە و تەنھا چەند پەراوێزێکی وەرگێڕی
لەسەرە.
٣ـ ھەوڵێکی زۆرمدا تا دەقی تەرجمەی عەرەبی (ئەگەر وەرگێڕدرابێتە سەر
زمانی عەرەبی)، یان دەقە ئینگلیزییەکەی بە دەست بھێنم و زانیارییەک
لەسەر نووسەرەکەی و بەرھەمەکانیتری کۆبکەمەوە و لەگەڵ دەقی ئەو
دووزمانەیتردا بەراوردی بکەم، بەڵام ھەوڵەکەم ئەنجامێکی نەبوو. لە
بەرئەوە ، من تەنھا لێپرسراوم بەرانبەر بە دەقی وەرگێڕانە کوردییەکەی،
نەک بەرانبەر بە دەقە فارسییەکەی . ھەرھەڵەیەک لە وەرگێڕانە
کوردییەکەیدا ھەبێت ، ئەوا من بەرسیارم لەو ھەڵەیە وھیواداریشم ھەرکەس
کە سەرنج وتێبینییەکی لەسەر وەرگێڕانەکە ھەبوو ئاگادارم بکاتەوە تا بۆ
چاپکردنەوەی دووبارەی کەڵکی لێوەربگرم.
٤ـ لە وەرگێڕانەکەدا ھەوڵمداوە کە زۆر ووشەی کوردی پەتی، یان ھەندێک
زاراوەی نوێی کوردی بەکار نەھێنم، چونکە بڕوام وایە کە وازیکردن بەو
ووشەو زاراوانە و بەکاربردنیان لە وەرگێڕانی بابەتێکی ئەوا بەنرخدا،
ھەم لە زەوقی خوێنەرەکەی دەداو ھەم لە بەھای بابەت و وەرگێڕانەکەیش
کەمدەکاتەوە. لەبەر ئەوە، لەو شوێنانەدا کە بە پێویستمزانی بێت ووشە
عەرەبییەکانم بە کاربردووە، چونکە زیاتر ووشە عەرەبییەکان لە ناو گشت
خەڵکدا بەکار دەبرێن و تێگەیشتن لێیان پێویستی بە بەدواداگەڕانیاندا
نییە لە ناو فەرھەنگە زمانەوانییەکاندا.
٥ـ لەبەر ئەوەی کە ھیچ پێشەکییەک بۆ وەرگێڕانی فارسییەکەی نەنووسراوە و
وەرگێڕەکەی ھیچ ڕوونکردنەوەیەکی لە بارەی نەقڵکردنی سورەت
وئایەتەکانەوە نەداوە کە: ئایا ھمفێرئاماژەی بە ئایەت و سورەتەکان
کردووە، یان وەرگێڕە فارسەکە ئاماژەی پێداون و ھێناونیەتەوە ؟ بەڕاستی
وەڵامی ئەو پرسیارەش بۆخۆم زۆر ڕوون نییە و منیش وەک ھەرخوێنەرێکی ئەم
کتێبە، بەگومانەوە لەسەر ئەوکێشەیە لە نێوان نووسەر و وەرگێڕە
فارسییەکەیدا ئەم سەرو ئەوسەر دەکەم. لەبەر ئەوە، من وەک خۆیان
دەیانووسمەوە و بەرپرس نیم لە بەھەڵە ھێنانەوەی ئایەتەکان و سورەتەکان
. ئەوە دەکەوێتە ئەستۆی وەرگێڕە فارسییەکەی. گومانیشم لەوەدا نییە کە
لە چەند شوێنێکدا، لەئاماژەدان بە ئایەت و سورەتەکاندا ھەڵەکراوە، یان
ناوی سورەتەکە نەھێنراوە و یان ئایەتێکی جیاواز لەو سورەتە ھێنراوەتە
کە ئاماژەی پێدراوە، بۆ نموونە : لە گفتوگۆیەکی نێوان محهمهد عهبدولوههابی
دامەزرێنەری وەھابیەت و ھمفێردا، کەلەبارەی حەرام بوون و حەرام نەبوونی
شەراب خواردنەوەیە لەئیسلامدا ، ئاماژە بەم قسەیە( وھل انتم منتھون )
کراوە ، کە بەڕاستی من نەمزانی ئەمە قسەی محەمەدی پێغەمبەرە، یان یان
ئایەتێکە ؟ کەچی لە پەراوێزەکەیدا نووسراوە (سورەی الاعراف ، ئایەتی
٩١)، بەڵام لەدەقی ئەو قورئاندا، کە ئێستا لەبەردەستی مندایە و چاپی (مجمع
الملک فھد لطباعه والمصحف
الشریف )ە، ئەو ئایەتەی تێدانییە و ئەم ئایەتە لەشوێنی ئاماژە پێکراودا
ھاتووە : (كَذَّبُواْ
شُعَيْبًا كَأَن لَّمْ يَغْنَوْاْ فِيهَا الَّذِينَ كَذَّبُواْ
شُعَيْبًا كَانُواْ هُمُ الْخَاسِرِينََ)
. ئەوە ھەڵەیەکی زەقە لە نەقڵکردنی ئایەت و سورەتەکان و دەستنیشانکردنی
ژمارەکەیاندا . بەھەرحاڵ، ھەروەک لەپێشەوەیش وتم، ھەم من لەو ھەڵانە
بەرپرس نیم و ھەم کاتی ئەوەیشم لەبەردەمدا نییە کە بچمەوە سەر
بەراوردکردنی یەک بەیەکی ئەو ئایەت و سورەتانەی کە لەم کتێبەدا
ئاماژەیان بۆ کراوە لەگەڵ دەقی قورئاندا، ئەمە سەرەڕای ئەوە کە ئەرکی
من نییە و خوێنەرانی ڕەخنەگری ھمفێر وکتێبەکە، دەتوانن ئەو
بەراوردکارییانە بکەن . ھەر لەپەیوەند بە ئایەتەکانیشدا، بەپێویستی
دەزانم ئەوەیش بەبیری خوێنەر بھێنمەوە کە : وەرگێڕی فارسی ھەندێک ھەڵەی
کردووە لە وەرگێڕانی ئایەتەکاندا لە عەرەبییەوە بۆ فارسی، بەڵام من ئەو
ھەقەم بە خۆم نەداوە کە بۆی ڕاست بکەمەوە، چونکە من تەنھا ئەرکی
وەرگێڕانم لەسەرە نەک ڕاستکردنەوەی ھەڵەکانی وەرگێڕی فارسی . دوایین
خاڵ کە بەبێویستی دەزانم ئاماژەی پێ بکەم ، ئەوەیەکە ئەم کتێبە (ھەرچەند
مێژووی نووسینەکەی پێوە نییە ) بەڵام پێدەچێت نزیک بە ٣٠٠ ساڵ
بەرلەئێستا نووسرا بێت (ئەمەیش بەو دەلیلەی کە نووسەری کتێبەکە دەڵێت :
" لەساڵی ١٧١٠وەزارەتی مستعمرات بە ئەرکێکی جاسوسی ناردمیان بۆ وڵاتانی
ئیسلامی"...) یان ھەر بەڕاستیش چیرۆکێک بێت، بەڵام کاتێک کە بە ووردی
سەرنج دەدەیتە سەر بابەتەکانی، ئەو ھەستەت لەلا دروست دەکات کە لە دە
تا دوازدە ساڵی ڕابردوودا نووسرا بێت، چونکە ئەمرۆ ئەمریکا و بهریتانیا
نەخشەکانی بهریتانیای ٣٠٠ ساڵ لەوەپێش بەرانبەر بە وڵاتانی ئیسلامی
دووبارە دەکەنەوە، کە دووبارەبوونەوەی ئەو نەخشانە لایەنە نێگەتیڤەکانی
زۆر زیاترن لە لایەنە پۆزەتیڤەکانی. لەکۆتاییدا ھیوادارم کە بەم
وەرگێڕانە بتوانم بۆشاییەک لە کتێبخانەی کوردییدا پڕبکەمەوە.
_________________________________
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
١- کارل مارکس : کاپیتاڵ ، بەرگی یەکەم ، فەسڵی
بیست و چوارەم ، لاپەڕەکانی ٨٥٥ و٨٦١ ، بەزمانی فارسی ، وەرگێڕانی ایرج
اسکندری . انتشارات فردوس – تھران . بە کەڵک وەرگرتن لە وەرگێڕانە
عەرەبییەکەی فالح عبدالجبار. بڕوانه:
http://www.marxists.org/arabic/marx/works/1867-c1/ch07.htm
٢ـ کارل مارکس :ھەمان سەرچاوە ، ل٨٥٢.
* ولیام ھێویت ( ١٧٩١
ـ ١٨٧٩ ) نووسەرێکی ئینگلیزییە کە توێژینەوەیەکی گرنگی لە بارەی
دانیشتوانی ئەسڵی ئوسترالیاوە کردووە .
** w. Hewitt: colonization and
Christianity. A' popular History of the Treatment of the Natives by
the Europeans in all their colonies "London. 1838، p. 9
٣ـ کارل مارکس: ھەمان سەرچاوە. ل ٨٥٤ و ٨٥٥.
٤-بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە جێگاو ڕێگای ئەمریکا لە سیستەم و بارودۆخی
جیھانی نوێدا ، بڕوانە نووسراوەی: جەنگی ستراتیژی و شکشتی ستراتیژی
جەنگی ئەمریکا. بە پێنووسی وەرگێڕی کوردی ئەم پەرتووکە ، بڵاوکراوە لە
ماڵپەڕی کوردستانپۆستدا ، بڕوانە :
http://www.kurdistanpost.se/nuseran/t/tahir_salih/040427_1.pdf
٥- بۆتێگەیشتنی زیاتر لە گرنگی جێگاوشوێنی
ستراتیژی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لەڕوانگەی نووسەری ئەم پێشەکییەوە
بڕوانە: ئامانجەکان و ئەنجامەکانی کێشەی ئەمریکا ـ عێراق : تاھیر ساڵح
شەریف - کەیھان عەزیز، بڵاوکراوە لە سایتی
کوردستانپۆستدا.
ا
http://www.kurdistanpost.se/nuseran/t/tahir_salih/021227.pd
٦ـ بۆ تێگەیشتن لە تیۆری پێکدادانی
شارستانییەتەکان ، بڕوانە " پێکدادانی شارستانیەتەکان " ، نووسینی
سامیۆڵ ھانتینگتۆن ، کە لەلایەن نووسەری ئەم پێشەکییەوە کراوە بەکوردی
و پێشەکییەکی چڕوپڕم بۆ نووسیووەولە گۆڤاری ئاران ، ژمارە ٤ و ٥ ساڵی
١٩٩٧ ـ ١٩٩٨ دا بڵاوکراتەوە.
٢٠\١\٢٠٠٥
کهنهدا
- تۆرینتۆ
kurdstanpost.new@gmail.com
تێبینیی: له
داهاتوودا بهشهکانی پهرتووکهکه بڵاودهکهینهوه. (ئهمڕۆ).
|