په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٢\٢٠١٢

په‌رتووک:

بیرەوەرییەکانی مستەر ھمفێر.
- جاسوسی بەریتانی لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا -


وەرگێڕانی لە فارسییەوە: تاھیر ساڵح شەریف

- بەشی یەکەم -
 

لە مێژبوو کە دەوڵەتی بەریتانیای گەورە، بیری لە کێشەی ھێشتنەوەی مستعمرەکانی و دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتی گەورەی خۆی دەکردەوە . ئێستا ئەم ئیمپراتۆریەتە ئەوەندە فراوانبووەتەوە کە دەتوانرێت دیمەنی خۆرھەڵاتن و خۆر ئاوابوون لە دەریاکانیدا ببینرێت . جگە لەوانەش، دورگەی به‌ریتانیا، بە بەراوردکردن لەگەڵ زۆرترین مستعمرەکانیدا، وەک وڵاتی ھیند، چین، وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وشوێنەکانیتر، زۆر بچووکتر خۆی دەنوێنێت و دێتە بەرچاوان . لەلایەکی تریشەوە، سیاسەت و کردەوەکانی ئیستعماری ئینگلیز لە ھەموو ئەو شوێنەنادا چوونیەک و یەکسان نییە . لەھەندێک وڵاتدا، بەڕووکەش وای نیشاندەدات کە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی وڵات لەدەست خەڵکەکەیدایە، بەڵام سیاسەتی ئەکتیڤی کۆڵۆنیالی تیایاندا بەڕِێوەدەچێت و ھێندەی نەماوە کە بەتەواوی سەربەخۆیی ڕووکەشی ئەو وڵاتانەیش لەنێوببرێت و لە ھەموو ڕوویەکەوە بکرێنە پاشکۆی بەریتانیا . لەبەر ئەوە، پێویستە لەسەرمان کە دووبارە بیر لە شێوەو چۆنیەتی ئیدارەکردنی مستعمرەکانی خۆمانبکەینەوە، بەتایبەتی سەرنج بدەینە سەر دوو خاڵی گرنگ :

١- گرتنەبەری چەند ڕێگاو شوێنێک بە مەبەستی بەھێزکردن و پتەوکردنی ھەموو دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیمپراتۆری ئینگلیز بەسەر ئەو ناوچانەی کە لە ئێستادا بەتەواوی مستعمرەی ئەم دەوڵەتەن .
٢- داڕشتن و ڕێکخستنی چەند پرۆژەیەک بۆ بەدەستھێنان و دەستگرتن بەسەر ئەو سەرزەویانەدا کە ھێشتا نەکەوتونەتە داوی ئیستعمارەوە .

وەزارەتی مستعمراتی ئینگلیز بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانەی کە ئاماژەیان پێکرا، ھەست بەو پێداویستییە دەکات کە بۆ ھەریەکێک لەو ناوچانە، بە مستعمرەو نیمچە مستعمرەوە، چەند دەستەیەک بە مەبەستی جاسوسیکردن و بەدەستھێنانی زانیارییەکان ڕەوانە بکات . خۆشبەختانە، منیش کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونمەوە لە وەزارەتی مستعمراتدا ئەرکەکانی خۆمم بە باشی ئەنجامدابوو، بە تایبەتی لە بواری ئەنجامدانی ئەرکی ڕاگەیشتنم بە کاروبارەکانی " کۆمپانیای ھیندی شەرقی "، کە لە ڕووکەشدا مەسەلەیەکی بازرگانی و لە ناوەرۆکیشدا ئەرکی جاسوسیکردنی لەئەستۆدا بوو، بەمەبەستی ناسین و زانینی ڕێگا جۆراوجۆرەکانی نفوزو کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی وڵاتی ھیند و داگیرکردنی شبھە قاڕە دروست بوو بوو، بەھۆی دڵسۆزیمەوە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی سەرشانمدا، جێگاو شوێنێکی باشم لە وەزارەتی مستعمراتدا پێبڕابوو .

دەوڵەتی ئینگلیز لەو سەردەمەدا خەمی ھیندستانی نەبوو، چونکە ململانێی نەتەوەیی و ڕەگەزی، ناکۆکی ئاینی و کڵتوری مەودای بەدانیشتووانی شبھە قاڕە نەدەدا تا لەدژی دەسەڵات و نفوزی ئینگلیز یاخی ببن . بارودۆخەکە لەوڵاتی چینیشدا ھەر بەوجۆرە بوو . لەلایەن پەیڕوانی بوداو کۆنفۆسیۆشەوە، کە ئاینی مردووەکان بوو، ھیچ ھەڕەشەیەک لە ئینگلیز نەدەکراو چاوەڕێنەدەکرا بەو ھەموو ناکۆکییە قوڵەوە کە لە نێوان خەڵکی ھیند و چیندا ھەبوو، بتوانن بیر لە سەربەخۆیی و ئازادی خۆیان بکەنەوە، چونکە ئەو شتەی کە لەو دوو شوێنەدا لە گۆڕێدا نەبوو، بیرکردنەوە لە ژیان و ئازادی بوو . بێخەمبوونی دەوڵەتی به‌ریتانیا لە ئاسایش و ئارامی زاڵ بەسەر ئەم دوو سەرزمینە پانوپۆڕە دا، ھۆیەک نەبوو بۆ ئەوەی کە بەھیچ شێوەیەک سەرنج نەدرێتە سەر ئاڵوگۆڕەکانی ئایندەی ئەم ناوچەیە. لەبەرئەوە، وا پێویستی دەکرد کە بیر لە چەند خۆ ئامادەکارییەک بکرێتەوە بۆ بەرگرتن بە ھەرجۆرە گۆڕانکارییەکی ئایندە کە لە ڕێڕەوی ھوشیاربوونەوەی ئەم نەتەوانەدا ڕوویدەدا .. ئەو ئامادەکارییانەیش بریتی بوون لە داڕشتن و جێبەجێکردنی پرۆژەو نەخشە درێژماوەکانی وەک پەرەدان و سەرتاسەریکردنەوەی ناکۆکی و نەزانی ، ھەژاری و نەخۆشی لەو وڵاتانەدا . بۆ داسەپاندنی ئەو بەڵاو بەدبەختیانە بەسەر خەڵکی ئەم ناوچانەدا، ئێمە ئەم پەندە کۆنەی بوداییەمانکردە بنەمای کارکردنی خۆمان کە دەڵێت: "واز لە نەخۆشەکە بھێنە و تاقەت و حەوسەڵەی خۆت لەدەستمەدە، سەرئەنجام ناچار دەبێت کە بەھەموو تاڵییەکییەوە حەز لە دەرمانەکە بکات".

سەرەڕای ئەوە کە لەگەڵ نەخۆشێکیتر، واتە لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانیدا، چەندین ڕێکەوتننامەمان بە قازانجی خۆمان ئیمزاکردبوو، بەڵام پێشبینی پسپۆڕانی وەزارەتی مستعمرات ئەوە بوو کە بەگشتی ئەم ئیمپراتۆریەتە بۆماوەی کەمتر لەسەدەیەک ھەرەس دەھێنێت . ھەروەھا لەگەڵ دەوڵەتی ئێًرانیشدا چەند ڕێکەوتننامەیەکی نھێنیمان ئیمزاکردبوو . کارمەندان و جاسوسەکانی ئێمە لە وڵاتانی ژێردەستەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و ھەروەھا لە ئێرانیشدا خەریکی ئەنجامدانی کارو چالاکییەکانی خۆیان بوون و لە ڕێگای بەدیھێنانی ئامانجەکانی دەوڵەتی ئینگلیزدا چەند سەرکەوتنێکیان بەدەستھێنابوو . پەرەسەندنی گەندەڵی ئیداری و بەرتیلخواردن و خۆشگوزەرانی پاشاکان، تا ڕادەیەک بناغەکانی ئەم حکومەتانەیان لەق و لەرزۆک کردبوو، بەڵام لەبەر ئەو ھۆیانەی کە لە خوارەوەتر ئاماژەیان پێدەکەم، زۆر دڵنیا نەبووین لە لاوازکردنی ھەردوو حکومەتی ئێران و عوسمانی . گرنگترین ھۆیەکانیش بریتی بوون لە:

١ ـ نفوزی مەعنەوی ئیسلام لە ناو خەڵکی ئەم ناوچانەدا، کە لە ھێز و سەقامگیرییەکی تەواو بەھرەمەند بوو. دەتوانم بڵێم کە کەسێکی موسڵمانی ئاسایی، لە ڕووی بنەمای بیروباوەڕییەوە لەگەڵ قەشەیەکی مەسیحیدا ململانێی دەکرد . ئەوان بەھیچ شێوەیەک دەستیان لە بیروڕای خۆیان ھەڵنەدەگرت . لە ناو موسڵمانەکاندا، پەیڕوانی مەزھەبی شیعە، کە زۆربەیان لە وڵاتی ئێراندا نیشتەجێن، لە ڕووی عەقیدە و ئیمانەوە، بەبڕواترو ترسناکترلە مەزھەبەکانیتری ئیسلامن .

شیعەکان بەگشتی مەسیحییەکان بە کافرو گڵاو دەزانن . لەڕوانگەی شیعەوە کەسێکی مەسیحی پاشەڕۆیەکی بۆگەنە کە ھەر موسڵمانێک دەبێت لە سەر ڕێی خۆی لای ببات و پاکی بکاتەوە. جارێکیان لە موسڵمانێکی شیعەم پرسی : " بۆچی بە چاوی سوک و ناپاکییەوە دەڕوانیتە مەسیحیەت، لە حاڵێکدا کە مەسیحییەکانیش بڕوایان بە خوا، بە پێغەمبەری خوا و بەدواڕۆژ ھەیە ؟ " . وەڵامی دامەوە :" محەمەد پێغەمبەرێکی داناو زانا بوو کە بەم لێکچوواندنانە دەیویست تەنگ بە کافرەکان ھەڵبچنێت و ناچاریان بکات تا ئاینی ئیسلام قەبوڵ بکەن و ڕوولە خودا بکەن . لە بواری سیاسەتیشدا ھەرکاتێک کە دەوڵەتەکان ھەست بە مەترسی کەسێک یاخود گروپێک بکەن، لەگەڵیاندا تووند و تیژ دەبن و لەم ڕێگایەوە تەریکیان دەخەنەوە، تا سەرئەنجام ناچاریان دەکەن کە واز لە نەیارییان بھێنن و سەریان پێدانەوێنن . مەبەست لە گڵاوبوونی مەسیحییەکانیش ناپاکی مەعنەوی ئەوان نییە، بەڵکو زەردەشتییەکانیش، کە بەڕەگەز ئێرانین، بەپێی ھەمان لۆژیکی ئیسلام گڵاون " .

دووبارە پێم گوتەوە: " زۆرباشە! بەڵام خۆ مەسیحییەکانیش بڕوایان بە خوا و پێغەمبەرو دواڕۆژیش ھەیە ؟ ". وەڵامی دامەوە : " لەبەر دوو ھۆ ئەوان بە کافر دەزانین : یەکەم ، لەبەرئەوەی کە ئەوان پێغەمبەری ئیسلام ، واتە حەزرەتی محەمەدیان قەبوڵ نییە و ئەوان بە محەمەد دەڵێن کەسێکی درۆزنە . ئێمەیش لەوەڵامدا پێیان دەڵێین کە ئێوە ناپاک و پیسن و ئەم قسانەی کە بەوانی دەڵێین بنەمایەکی ئاقڵانی ھەیە : ( ئەوەی کە ئازارت دەدا ، ئازاری بدەرەوە ! ) . دووەم، لەبەرئەوەی کە مەسیحییەکان تۆمەت دەدەنە پاڵ پێغەمبەرانی نێردراوی خودا، کە ئەمیش گوناھێکی گەورەیەو سوکایەتیکردنە بە پێغەمبەران .. بۆنموونە، دەڵێن کە عیسا بەوھۆیەوە کەوتە بەر لەعنەتی خودا و لە خاچ درا، چونکە شەرابی خواردبووەوە " .

سەرم لەم قسەیەی دوایی سوڕما و پێم گوت :" مەسیحییەکان ھەرگیز وا ناڵێن ". ئینجا ئەویش پێی وتم : " تۆ ئاگات لێی نییە، ئەم تۆمەتانەیان لە کتێبی موقدەسدا ھەڵبەستووە " . ئەو ھیچیتری نەگوت و منیش دڵنیا بووم کە ھەندێک لە موسڵمانانی شیعە، درۆ بەدەم محەمەدی پێغەمبەری ئیسلامیشەوە دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا مەبەستم نەبوو کە زیاتر درێژە بە گفتوگۆکەمان بدەم، دەترسام دەنگۆ (دیعایە)یەک لە بارەی ناسنامەی ڕاستەقینەمەوە بکەوێتە سەرزاران و ناسنامەکەم ئاشکرا ببێت، چونکە بەتەواوی خۆمم خستبووە بەرگی کەسێکی موسڵمانەوە و خۆم لە سەرئێشەیەکی لەوجۆرە دووردەخستەوە کە بێم بەرگری لە مەسیحیەت بکەم .

٢ ـ ئاینی ئیسلام، بەپێی پێشینە مێژووییەکانی، ئاینی ژیان، دەسەڵات و ئازادییە و پەیڕەوانی ئاینی ئیسلام ھەروا بە ئاسانی مل بە دیلی و کۆیلەیەتی خۆیان نادەن. لەخۆبایی بوون و خۆبەزلزانی ڕابردوو، بەجۆرێک زاڵە بەسەر ئەقڵ و بوونیاندا کە تەنانەت لەم سەردەمی لاوازی و داچوونەشیاندا دەستبەرداری نابن . ئێمە ناتوانین بچینە سەر ڕاڤەکردنی مێژووی لەخۆبایی بوون و خۆبەزلزانانەی ئیسلام و موسڵمانان و لە بارەی ئەوەوە ھوشیاریان بکەینەوە کە سەرکەوتن، مەزنی، شکۆداری و شانازییەکانی ڕابردوو، لە ھەلومەرج و پێداویستییەکانی ڕۆژگار و سەردەمی خۆیانەوە دەرکەوتبوون و ئەمڕۆکەیش بارودۆخێکی نوێ جێگای ئەوانەی گرتۆتەوەو گەڕانەوەیش بۆ ڕۆژگارە بەسەرچووەکان، ڕێگای ژیانی نوێی ئەمڕۆنییە .

٣ ـ ئێمە لە ھوشیاری، دووربینی و جموجوڵەکانی ھەردوو حکومەتی ئێران و عوسمانی دەترساین، کە لەوانەبوو لە ھەر ساتەوەختێکدا بە نەخشە ئیستعمارییەکانی ئێمە بزانن و ھەموو نەخشەکانمان بکەنە بڵقی سەرئاو .ھەروەک لەپێشەوەیش ئاماژەی پێکرا، لەئەنجامدا ئەو دوو حکومەتە لاواز بوون و تەنھا لە ناوەندەکانی فەرمانڕەوایەتیاندا نەبێت دەسەڵاتێکی بەھێز و پتەویان نەبوو. بەھەرحاڵ، ھێشتا ئەوەش بۆخۆی ھۆیەکی نیگەرانی و دڵنیا نەبوونی ئێمە بوو لە سەرکەوتنی ئایندەمان .

٤ ـ زاناکانی ئیسلامیش ھۆیەکی تری نیگەرانییەکانی ئێمە بوون.. موفتییەکانی الازھر و مەرجەعەکانی شیعە لە عێراق و ئێراندا، ھەریەکەیان بۆخۆی وەک کۆسپ و ڕێگرەکانی بەردەم نەخشە ئیستعمارییەکانمان دەردەکەوتنەوە.. پێویستە ئەوەش بڵێم کە زانا ئیسلامییەکان کەمترین زانیاریان لە بارەی شارستانییەت، زانستی نوێ و بارودۆخی ئەمڕۆوە نەبوو، تەنھا شتێک کە سەرنجیان دەدایە و بەلایەنەوە گرنگ بوو، بریتی بوو لە خۆ ئامادەکردن بۆ بەھەشت، ئەوبەھەشتەی کە قورئان بەڵێنی پێدابوون. ئەوان ھێندە دەمارگیربوون کە یەک زەڕەیش ئامادە نەبوون پاشەکشە لە شتەکانی خۆیان بکەن . کۆمەڵانی خەڵک، پاشاکان و فەرمانڕەواکان، تێکڕا وەک مشک کە چۆن لە پشیلە دەترسێت، ئەوانیش ئەوا لە زانا ئاینییەکانی خۆیان دەترسان .سوننە مەزھەبەکان ئەوەندەی شیعە مەزھەبەکان لە زاناکانی خۆیان نەدەترسان . دەبینین کەھەمیشە لە ناوچەکانی فەرمانڕەوایەتی عوسمانییدا، لە نێوان سوڵتان و شێخەکانی ئیسلامدا پەیوەندییەکی پتەو ھەبووە و تا ڕادەیەک نفوزی مەعنەوی زاناکان پاڵیدەدا بە پاڵ دەسەڵاتی فەرمانڕەواکانەوە، بەڵام لە وڵاتی شیعەنشیندا، خەڵکی زیاتر پابەند بوون بە زانا ئاینییەکانیانەوە . پابەند بوونی شیعەکان بە زانا ئاینیەکانیانەوە، پابەندبوونێکی بەھێز و پتەو بوو، بەڵام ئەوان بایەخێکی ئەوتۆیان بە فەرمانڕەواکانیان نەدەدا . ئەم جیاوازییە لە نێوان ڕوانگەی شیعەو سونەدا بەرامبەر بە ڕێزدانیان بۆ زاناکان وپاشاکانیان لە ھیچ کاتێکدا لە دڵەڕاوێک و نیگەرانییەکانی وەزارەتی مستعمرات و دەستەی فەرمانڕەوایەتی ئینگلیزی کەمنەدەکردەوە .

بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ ئەوکێشە دژوارو ئاڵۆزانەی کە لەم وڵاتانەدا لەگەڵیاندا بەرەوڕوو بووبووینەوە، چەندین جار لەنێوان خۆماندا دەستمان بە گفتوگۆو قسەوباسکرد، بەڵام ھەرجارە تا ڕادەیەک کەش وھەوای بەدگومانی زاڵ دەبوو بەسەر گفتوگۆکانماندا و دەکەوتینە کۆڵانە داخراوەکەوە . ڕاپۆرتەکان و نامەی بەکرێگیراوە سیاسییەکانیشمان، ھەروەک ئەنجامی گفتوگۆکانمان ھێندە دڵخۆشکەرە نەبوون، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا، خۆمان نائومێد و ھیوابڕاو نەدەکرد، چونکە سەبرێکی باشمان ھەبوو بۆ بە دوادا چوونی نەخشەو پلانەکانمان .

لەیادمە کە جارێکیان وەزیری مستعمرات کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ یەکێک لە بەناوبانگترین قەشەکانی لەندەن و ژمارەیەک لە پسپۆڕانی ئاینیدا، کە بەگشتی ژمارەیان بیست کەسێک دەبوو، سازکرد و کۆبوونەوەکەیش سێ کاتژمێری خایاند، بەڵام ھیچ جۆرە ئەنجامێکی لێبەدەست نەھات . قەشەکە بە ئامادەبووانی گوت : " لە جێی خۆتاندا مەجوڵێن و سەبرو حەوسەڵەی خۆتان لەدەست مەدەن، مەسیحیەت پاش لە سێ سەد ساڵ ئازار و دەربەدەری و پاش لە شەھیدکردنی عیسا و پەیڕوانی ئەو، توانیویەتی کە جیھانیگیر ببێتەوە . ئەوەندە بۆ ئێمە بەسە کە لە داھاتوودا عیسا چاوی لێمان بێت تا پاش لە سێ سەد ساڵیتر کافرەکان تێکبشکێنین . کەوایە پێویستە لەسەرمان خۆمان بەو ھۆکارانەی کە بۆ زاڵبوون، سەرکەوتن و لە ئەنجامیشدا بۆ بڵاوکردنەوە( تبشیر )ی مەسیحییەت لە ناوەندەکانی موسڵماناندا پێویستن، بەتەواوی چەکدار بکەین . پاش چەندین سەدە، لەوانەیە بەم ئەنجامە بگەین کە چ کێشەیەکی تێدایە ئەگەر باوکان تۆیەکە بچێنن و منداڵەکانیشان بەرھەمەکەی بچننەوە ".

جارێکیتر لە وەزارەتی مستعمراتدا کۆنفڕانسێک بۆ نوێنەرانی پایەبەرزی فەڕەنساو ڕوسیا بەسترا . ئەندامانی کۆنفڕانسەکە بریتی بوون لە لیژنە سیاسییەکان، پیاوانی ئاینی و کەسایەتییە ناسراوەکانیتر . لەبەرئەوەی کە پەیوەندییەکی نزیکم لەگەڵ شەخسی وەزیردا ھەبوو، منیشیان بۆکۆنفڕاسەکە بانگھێشت کرد . بابەتی باس و لێکۆڵینەوەی کۆنفڕانسەکە بریتی بوو لە چۆنیەتی داگیرکردنی وڵاتانی ئیسلامی و ئەو کۆسپ و تەگەرانەی کە دەھاتنە سەر ڕێگای ئەم ئامانجە .

بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە لەڕێگاکانی تێکشکاندنی ھێزەکانی موسڵمانان و چۆنیەتی پێکھێنان و دروستکردنی دووبەرەکی و ئاژاوەی نێوان موسڵمانەکانیان کۆڵیەوە . گفتوگۆ لەسەر لەرزۆککردنی پایەکانی بیروباوەڕی موسڵمانان کرا . ھەندێک لەبەشداربووانی کۆنفڕانسەکە لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە دەتوانرێت موسڵمانانی جیھانیش بەرەو ڕێگای ڕاست ھیدایەت بکرێن، ھەربەوشێوەیەی کە ئیسپانیا پاش لەچەند سەدەیەک گەڕایەوە بۆ باوەشی مەسیحییەت . بۆچی ئەوە ھەر موسڵمانە دڕندەکان نەبوون کە ئیسپانیاشیان داگیرکرد؟ . زۆر لە ئەنجامی کۆنفڕانسەکە گەشبین نەبووم . ئەوەی کە لەو کۆنفڕانسەدا ڕوویدا، لە کتێبی " بەرەو مەلەکوتی مەسیحیەت "دا باسمکردووە .

بێگومان ئەو درەختەی کە ڕەگوڕیشەی بە ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوادا بڵاوکردووەتەوە، ناتوانرێت بەئاسانی لەڕەگ وڕیشەوە ببڕدرێتەوە . لەھەمانکاتیشدا، بەھەر نرخێک بووە دەبێت تەحەمولی ئەو دژواریانە بکەین کە لەسەر ڕێگاماندا بوون، چونکە ئاینی مەسیحیەت لە کاتێکدا سەرکەوتوو دەبێت کە لە سەرتاسەری دنیادا بڵاوبێتەوە . عیسا بەشێوەیەکی گشتی مژدەی بەجیھانی بوونێکی لەوجۆرەی بە پەیڕوانی خۆیداوە .سەرکەوتنی محەمەد سەرچاوەی لە ھەلومەرجی سەردەمەکەی خۆیەوە گرتبوو . ھەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتەکانی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا، ئێران و ڕۆم، لە ماوەیەکی کورتدا بووە ھۆی سەرکەوتنی محەمەدو موسڵمانەکان و ئەو ئیمپراتۆریەتە گەورانەیان تێکشکاند . ھەلومەرجی مێژوویی ئێستا ڕێک بە پێچەوانەی ھەلومەرجی سەرھەڵدانی ئیسلامەوەیە . وڵاتە ئیسلامییەکان بەخێرایی بەرەو ھەڵوەشانەوە دەڕۆن . بەپێچەوانەیشەوە، وڵاتانی مەسیحیش بەرەو پێشکەوتن و گەشەکردن دەڕۆن .کاتی ئەوە ھاتووە کە مەسیحییەکان تۆڵەی خۆیان لە موسڵمانان بکەنەوە و ئەوەی کە لە دەستیانداوە، سەرلەنوێ بەدەستی بھێننەوە . ئەمەکە بەھێزترین دەوڵەتی مەسیحی سەردەم لەمەیدانی جیھانیدا خۆی لە بەریتانیای گەورەدا دەنوێنێتەوە، لەو ڕووەیشەوە پێویستە ڕابەریکردنی خەبات دژ بە وڵاتانی ئیسلامی لە ئەستۆی خۆی بگرێت.
___________________________________________________________

- پێشه‌کیی وه‌رگێڕی کوردی: http://www.emrro.com/bireweriyekanimisterh.htm

 

 

که‌نه‌دا - تۆرینتۆ

kurdstanpost.new@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک