په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٢\٢٠١٢

په‌رتووک:

بیرەوەرییەکانی مستەر ھمفێر.
- جاسوسی بەریتانی لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا -


وەرگێڕانی لە فارسییەوە: تاھیر ساڵح شەریف

- بەشی دووه‌م -

 

 

 لە ساڵی ١٧١٠ی میلادیدا، وەزارەتی مستعمراتی بەریتانیا بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی جاسوسییانە ناردمیان بۆ وڵاتەکانی میسر، عێراق، ئێران، حیجاز و ئەستەنبوڵی ناوەندی خەلافەتی عوسمانی . ئەو ئەرکەی کە پێیان سپارد بووم بریتی بوو لە کۆکردنەوەی زانیاری پێویست بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگاکانی تێکشکاندنی موسڵمانان و نفوزکردنی ئیستعمارییانە لە وڵاتانی ئیسلامیدا . ھاوکات لەگەڵ مندا ٩ جاسوسیتریش لە باشترین و لێھاتووترین فەرمانبەرەکانی وەزارەتی مستعمرات، ئەنجامدانی ئەو جۆرە مەئمورییەتانەیان لە وڵاتانی ئیسلامیدا لە ئەستۆ گرتبوو. ئەوانیش بە مەبەستی فەراھەمکردنی پێداویستییەکانی دەسەڵاتی ئیستعماری ئینگلیز و بەھێزکردنی پێگەکانی دەوڵەتی ئینگلیز لە شوێنە مستعمرەکراوەکاندا دەستیان بە چالاکی کردبوو . پارە و پوڵی پێویست خرابووە خزمەتی ئەم تاقمە جاسوسییانەوەو بە نەخشەیەکی وورد و زانیارییە سەرەکییەکان بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانیان ئامادەکرابوون. پێرست ( فھرست )ێکی تەواویان لە ناوی وەزیرەکان، فەرمانڕەواکان، کاربەدەستە پایە بەرزەکان، زانا ئاینییەکان و سەرۆک خێڵەکانیان پێدابوون . لە کاتی خوداحافیزیدا جێگری وەزیری مستعمرات بە دێڕێک ئێمەی بەڕێکرد، کە ناکرێت ئەو دێڕە فەرامۆش بکەم . ئەو پێی وتین : " سەرکەوتنی ئێوە چارەنووسی ووڵاتەکەمان دیاریدەکات . کەواتە ھەرچییەک لە تواناتاندایە بیخەنەگەڕ بۆ ئەوەی لە ئەنجامدانی ئەرکەکانتاندا سەرکەوتووبن ".

لە کاتێکدا کە لە مەئموریەتەکەم خۆشحاڵ بووم، بە کەشتییەک بەرەو ئەستەنبوڵی ناوەندی خەلافەتی ئیسلامی کەوتمەڕێ. مەئموریەتەکەی من پێکھاتبوو لە دووبەش : یەکەم، فێربوونی زمانی تورکی، کە لەو سەردەمەدا زمانی ڕەسمی موسڵمانانی ئەو وڵاتە بوو . تەنھا چەند ووشەیەکی تورکی لە لەندەن فێر بووبووم . دووەم، پاش لە زمانی تورکی ، دەبووایە زمانی عەربی، قورئان، تەفسیر و تاْئویل و دواتریش دەبووایە زمانی فارسی فێر ببم . پێویستە ئەوەش بڵێم کە فێربوونی زمانێک، یان توانایی شکانی تەواوەتی بەسەر ڕێزمانی ئەدەبی و گفتوگۆی ڕاست و ڕەوانی ئەو زمانەدا جیاوازن لەیەکتری . ئەو مەئموریەتەی کە پێم سپێردرابوو، ئەوە بوو کە ئەوەندە شارەزای ئەو زمانانە ببم، تا بتوانم وەک خەڵکی ئەو شوێنانەی بۆی دەچووم، قسەیان پێبکەم . فێر بوونی زمانێک لە ماوەی دوو ساڵدا مومکینە ، بەڵام زاڵبوونی تەواوەتی بەسەریدا، چەندین ساڵ کات و دەرفەتی دەوێت . ناچار بووم کە بە جۆرێک فێری ئەم زمانە بیانیانە ببم کە ھیچ خاڵێکی ڕێزمان و ڕەمزەکانی ئەو بەسەرمدا گوزەرنەکات و ھیچ کەسێک نەتوانێت لە تورک بوون، یاخود لە لە ئێرانی و عەرەبوونم بکەوێتە گومانەوە .

لەگەڵ ھەموو ئەو دژواریانەیشدا، لە لەسەرکەوتنی مەئموریەتەکەم دوو دڵ و نیگەران نەبووم ، چونکە موسڵمانەکانم دەناسی و دەمزانی کە گیانی میوانداری، دەست و دڵ ئاوەڵایی و نییەت پاکییان، کە لە یادگارییەکانی قورئان و سونەتی پێغەمبەرەوە بۆ یان ماوەتەوە، ڕێگا نادات کەوەک مەسیحییەکان بەدگومان و ڕەشبین . لەلایەکی تریشەوە، حکومەتی عوسمانی ھێندە لاواز بوو بوو کە ڕێکخراوێکی ئەوتۆی نەبوو بۆ دۆزینەوەی تۆڕە جاسوسییەکانی بەریتانیا و چالاکی بەکرێگیراوانی بێگانە لە قەڵمڕەوی وڵاتانی ئیسلامیدا . بەگشتی ئیمپراتۆرو دەستوپێوەندەکانی بێتوانا و لەرزۆک بوو بوون . پاش چەند مانگ لە سەفەرێکی درێژخایەن و ماندووکەر، سەرئەنجام گەیشتمە دارالخلافەی عوسمانی . بەر لە پیادەبوونم لەکەشتییەکە، ناوی " محەمەد " م بۆ خۆم ھەڵبژارد . ھەرکە گەیشتمە ئەوێ، چوم بۆ مزگەوتی گەورەی شار . ھەر بەڕاستیش چێژم لە دیمەنی پاک و خاوێنی و نەزم و تەرتیبی و کۆبوونەوەی موسڵمانانی ئەو مزگەوتە وەرگرت . لە ناکاودا لەدڵی خۆمدا گوتم : " بۆچی دەبێت ئێمە خەڵکانێکی دڵپاکی ئەوھا ئازار بدەین ؟ بۆچی دەبێت بێپەروا لەھەوڵی زەوتکردن و تێکدانی ئاسایشی ژیانی ئەواندا بین ؟ ئایا مەسیح ڕێگای بەمجۆرە کارە دزێو و نا بەجێیانەداوە ؟"، بەڵام بەخێرایی خۆمم لەم دڵەڕاوکێ شەیتانی و پووچانە ڕزگارکرد و ئەوەم بەبیری خۆمم ھێنایەوەیە کە من فەرمانبەری وەزارەتی مستعمراتی بەریتانیای گەورەم و دەبێت ئەو ئەرکانەی کە پێم سپێردراوە بە ھەموو واتای خۆیان ئەنجامیانبدەم و پێکێک کە ناومە بەسەرمەوە دەبێت تادوایین دڵۆپی بینۆشم .

ھەر لەگەڵ یەکەمین ڕۆژی چوونە ناوەوەمدا بۆ شار، لەگەڵ شێخێکی پیرو بە ساڵە چووی سوننیدا ئاشنا بووم . شێخ ناوی ئەحمەدەفەندی بوو . زانایەکی بەبڕوا، چاک و بەڕێز بوو . لە ناوقەشەکانی خۆماندا ھەرگیز پیاوێکی وەک ئەوم بەو گەورەیی و ڕێزەوە نەبینبوو . شێخ ئەحمەد شەو و ڕۆژ خەریکی خوداپەرستی و عیبادەت بوو، لە گەورەیی و شکۆداری محەمەد سەرسام بوو بوو . شێخ، پێغەمبەری خوای بە سەرچاوەی ئینسانیەت دەزانی وسونەتی پێغەمبەری دەکردە پێوەری کردەوەکانی خۆی . ھەرکاتێک کە ناوی ( محەمەد ) بە زمانیدا بھاتبایە، دەستی بەگریان دەکرد و فرمێسک بە چاوەکانیدا دەھاتەخوارەوە . یەکێک لە بەختەکانی من لە بینینی شێخدا ئەوە بوو کە تەنانەت بۆ یەکجاریش لەبارەی ئەسڵ و فەسڵًی خێزانەکەمەوە پرسیاری لێنەکردم و ھەمیشە بە " محەمەدەفەندی " بانگی دەکردم . ھەر پرسیارێکیشم لێبکردایە، زۆر بەڕێزەوە وەڵامی ئەدامەوە، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە زانی من غەریبم و دەمەوێت خزمەتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بکەم ( ئەمە درۆیەکی گەورەبوو کە بەمەبەستی مانەوە و نیشتە جێبوونم لە ئەستەنبوڵدا بە شێخم گوت بوو )کە جێگرەوەی پێغەمبەرە . جگە لەوەش، بە شێخم گوتبوو کە من گەنجێکی بێ دایک وباوکم و دایک و باوکم مردوون، بەڵام دوای مردنیان سەروەتێکی تاڕادەیەک باشیان بۆ بەجێھێشتووم . ئەوەشم پێ وتبوو کە بڕیارمداوە بە مەبەستی فێربوونی زمانی تورکی و عەرەبی سەفەر بۆ ناوەندی دەسەڵاتی ئیسلام، واتە بۆ شاری ئەستنبوڵ بکەم و پاش لەکۆکردنەوەی سەرمایەیەکی دینی و مەعنەوی، ئینجا سەرمایە ماددییەکەشم بەگەڕبخەم و خەریکی کارو کاسبی خۆم بم . شێخ ئەحمەد پیرۆزبایی لێکردم و چەند شتێکی پێگوتم، کە ڕێک وەک خۆی یاداشتم کردوون و لێرەیشدا دەیانووسمەوە :

ڕێزگرتن و میوانداریکردن لە تۆ، لەبەر چەند ھۆیەک واجبە و ئەو ھۆیانەیش ئەمانەن :

١. تۆ موسڵمانیت و موسڵمانانیش برای یەکترین ( انھا الموءمن اخوە ).
٢. تۆ میوانی شارەکەمانیت و پێغەمبەر فەرمویەتی ( ڕێز لە میوان بگرن ـ اکرموا الضیف)
٣. تۆ قوتابی زانست و ئیسلامیت و پێغەمبەر ڕێزی لە قوتابیانی ئاینی گرتووە .
٤. تۆ دەتەوێت کار و کاسبیەکی حەڵاڵ بکەیت، بە پێی بەڵگەکانی حەدیسیش “کاسب خۆشەویستی خودایە ـ (الکاسب حبیب الله‌).

کەسایەتی شێخ، لە ھەمان ساتەوەختی یەکەمدا سەرنجی منی بەرەو خۆی ڕاکێشا . لە دڵی خۆمدا گوتم بریا مەسیحییەتیش بەم ڕاستیانەی بزانیبایە، بەڵام لەلایەکی تریشەوە ئەوەم دەبینی کە شەریعەتی ئیسلام، بە ھەموو پایەبڵندییەکی فیکرییەوە، خۆی لەبەردەمی ھەرەس و داڕماندا دەبینێتەوە و بەھۆی فەساد و لێنەھاتوویی دەسەڵاتدارە خۆبەزلزان و ستەمگەرەکانییەوە، بەھۆی دەمارگیر ( تعصب)ی زانا ئاینییەکانی و ئاگادار نەبوونیان لە بارودۆخی جیھانییەوە، دووچاری ئەم ڕۆژ ڕەشییە ھاتووە . بەشێخم گوت کە :" ئەگەر ڕێگا بدەیت، حەزدەکەم کە لە حزورتاندا فێری زمانی عەربی و قورئانی پیرۆز ببم " .

شێخ ھانیدام و پێشوازی لە پێشنیارەکەم کرد . لە یەکەم وانەدا سورەتی ئەلحەمدی پێ وتمەوە . بە دەربڕینێکی گەرموگوڕەوە دەستیکرد بە تەفسیر و تەئویل و ڕوونکردنەوەی واتای ئایەتەکان . پرۆناونسییەیشن ( تلفظ )ی زۆرێک لە ووشە عەرەبییەکان دژواربوون بۆم و ھەندێکجاریش ئەم دژوارییانە دەگەیشتنە ئەوپەڕی خۆیان . ئەو ھەمیشە پێی دەگوتم کە ڕاستەوخۆ وانەی قسەکردنی زمانی عەرەبیم پێناڵێتەوە و لەبەرئەوەش دەبێت لانی کەم ووشەکان دەجاران بڵێمەوە تا بەتەواوی لەبەریان بکەم و وەک کەسێکی عەرەب بیانڵێمەوە .

شێخ قواعیدی فێرکردم و لەلای ئەو توانیم کە لە ماوەی دوو ساڵدا فێری تەفسیرو تەجویدی قورئان ببم . شێوەی وانە وتنەوەکەی وا بوو کە بەر لە دەستپێکردنی وانەکە، دەستنوێژ( وچوء ) ی دەگرت و ڕووە و قیبلە دادەنیشت و ئینجا دەستی بە وانە وتنەوە دەکرد. پێویستە ئەوەش بڵێم کە دەستنوێژ لە ئیسلامدا بریتییە لە کۆمەڵێک شۆردنی جۆراوجۆر : شۆردنی دەموچاو، پاشان شۆردنی دەستی ڕاست لەسەری پەنجەکانەوە تا سەر ئانیشک، دەستی چەپ و پاکردنەوەی سەرو پشتی گوێیەکان و مل و شۆردن و قاچەکان٣ . لەکاتی دەستنوێژدا دەبێت کە ئاو لەدەمت ڕابدەیت و لوتت پاک بکەیتەوە . من زۆر ناڕەحەت دەبووم کە دەمم بەمسواک پاکدەکردەوە. ئەو مسواکانە دارێکی وشک بوو، ھەموو پیرو لاوەکان پێش لە دەستنوێژگرتن لە دەمیان ڕادەدا . من وام بیردەکردەوە کە ئەم دارە وشکە زیانی بۆ دەم و ددانەکان ھەیە . ھەندێک جار دەمبینی کە ئەو مسواکانە دەمی بریندار دەکرد و خوێنی لە کەپووەکانم دەھێنا ، بەڵام من ناچار بووم کە ئەم کارەش بکەم، چونکە مسواککردن بەر لەدەستنوێژگرتن سونەتێکی جەخت لە سەرکرابوو کە حەدیسەکانی پێغەمبەر پشتیوانی لە مسواککردنە دەکرد .

لەماوەی نیشتەجێ بوونم لە ئەسنتەنبوڵدا، شەوەکانم لە مزگەوتێکدا دەگوزەراند و لە بەرانبەر ئەوەشدا پارەیەکم دەدا بە مجەوری مزگەوتەکە کە ناوی مەروان ئەفەندی بوو .مەروان پیاوێکی توڕە و عەبوس بوو، ناوەکەی خۆی بە ھاوناوی یەکێک لە ھاوەڵەکانی پێغەمبەر دەزانی و شانازیی بەم ناوە پیرۆزەوە دەکرد. جارێکیان پێی وتم کە : " ئەگەر خودا منداڵێکی دایتێ ناوی بنێ مەروان، چونکە مەروان یەکێک بووە لە کەسایەتییە مجاھیدەکانی ئیسلام " .


شەوانە نانم لە ژووری مجەورەکەدە دەخوارد، ڕۆژانی ھەینیش، کە پشووی موسڵمانان بوو، لەگەڵ مجەوری مزگەوتەکەدا بەسەردەبرد . ڕۆژەکانیتری ھەفتە لە دوکانێکی دارتاشیدا شاگردیم دەکرد و لە بەرانبەریشدا کرێیەکی کەمم وەردەگرت . کارەکەم ( نیوە کات ( پارتایم ) بوو، چونکە دەبووایە کە پاش نیوەڕوان لەلای شێخ دەرس بخوێنم . کرێکەم بەقەدەر نیوەی کرێی کرێکارەکانیتر بوو. دارتاشەکە ناوی خالیدبوو. لەوکاتانەی کە بۆنانخواردنی نیوەڕوان دەستمان لە ئیش ھەڵدەگرت، چەند بابەتێکی لەبارەی " خالیدی کوڕی وەلید "ەوە باسدەکرد و بەیەکێک لە یارانی پێغەمبەری دەزانی کە نەیارانی ئیسلامی شکست پێھێناوە، ئەگەرچی لەگەڵ عومەری کوڕی خەتابدا نێوانیان خۆش نەبووە . دارتاشەکە وای بیر دەکردەوە کە ئەگەر عومەر ببووایە بە خەلیفە، کە ئەمەش ڕوویدا بوو، خالیدی دەخستە لاوە .

بەڵام خالیدی دارتاش پیاوێکی بێڕەوشت بوو . بەبێ ھۆ، لەناو ھەموو کرێکارەکاندا زیاتر بڕوا و متمانەی بەمن دەکردو منیش نەمدەزانی ھۆی ئەمە چییە . لەسەرەتادا وامدەزانی لەبەرئەوەیە کە ھەرچییەکی پێدەگوتم بێ چەندوچۆن ئەنجامم دەدا و نە لەسەر کێشە ئاینییەکان و نە لەسەر کارکردن ھیچ مشت و مڕێکم لەگەڵدا نەدەکرد . لەوکاتانەی کە دوکانەکە چۆڵ دەبوو، ھەستم دەکرد کە وەستا خالید نیازێکی خراپی پێم ھەیە . شێخ ئەحمەدیش چەندین جار پێی گوت بووم کە نێرباز ( لواگ ) ی لە ئیسلامدا یەکێکە لە گوناھە گەورەکان، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا خالید پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە سێکسم لەگەڵدا بکات .

خالید ھێدە پابەندی ئایین نەبوو . لە ڕاستیشدا لە ناخەوە بڕوای پێی نەبوو، بەڵام بەڕووکەش وای پیشاندەدا کە پابەندی ئایینە . ڕۆژانی ھەینی دەڕۆیشت بۆ مزگەوت، بەڵام لە ڕۆژەکانی تری ھەفتەدا ئێمە نەماندەبینی کە نوێژ بکات . بەھەر شێوەیەک بوو، پێشنیارە شەرمھێنەرەکەیم ڕەتکردەوە . پاش ماوەیەک دوای ئەوە کە داواکەییم ڕەتکردەوە، چاوی تەماحی خستبووە سەر یەکێکیتر لە کرێکارەکان کە لاوێکی جوانی خەڵکی ساڵونیک بوو، ئەویش خۆی بە یەکێک لە تواناییە نوێیەکانی ئیسلام دەزانی . خالید ئەو کارە قێزەونەی لەگەڵ ئەودا ئەنجامدا . کارەکەشی بەم شێوەیە ئەنجامدەدا کە لاوەکەی لەگەڵ خۆیدا دەبردە ئەمبار ( مخزن )ی پشتی دووکانەکەوە کە تەختەکانی تیا دەنرا بوو . ھەردووکیان وایان پیشاندەدا کە بەمەبەستی بژاردن و ڕێکخستنی تەختەکان دەچنە ئەمبارەکەوە، بەڵام تا ڕادەیک ئاشکرابوو کە بە چ مەبەستێک دەڕۆنە ئەوێ .

ھەموو رۆژێک لە دوکانی دارتاشییەکەدا نانی نیوەڕۆم دەخوارد، پاشان بۆ نوێژی نیوەڕۆ دەچوومە مزگەوت و ھەتا کاتی نوێژی عەسر لەمزگەوت دەمامەوە و دوای ئەوە کە نوێژی عەسرم دەکرد، دەڕۆیشتم بۆ ماڵی شێخ ئەحمەد و بۆ ماوەی دووکاتژمێرخەریکی خوێندن و فێر بوونی قورئان دەبووم . جگە لە قورئان، زمانی عەرەبی و تورکیش فێردەبووم . ھەموو ڕۆژانێکی ھەینی، وەکو زەکات بڕێکم لە کرێی ھەفتانەکەم دەدا بەشێخ ئەحمەد . لەڕاستیشدا نیشانەی پەیوەندی وئیرادەی من بوو بەشێخەوە و ئەم زەکاتەیش وەک ھەقی زەحمەتێک وابوو لەبەرانبەر ئەوەدا کە وانەی قورئانی پێدەگوتمەوە . ھەر بە ڕاستی بڵێم، شێخ باشترین ڕێڕەوی بۆ فێرکردنی قورئان ھەبوو . جگە لەوەش، بنەماکانی ئەحکامی ئیسلامی بە زمانی عەرەبی و تورکی فێردەکردم
.
کاتێک شێخ ئەحمەد زانی زگورتی ( ڕەبەن )م و ھێشتا ژنم نەھێناوە، پێشنیاری ئەوەیکرد کە ھاوسەرێک بۆخۆم ھەڵبژێرم و یەکێکە لە کچەکانی بکەمە ھاوسەری خۆم . لەبەرانبەر ئەو پێشنیارە ڕێزدارانە و بە ئەدەبانەیەی ئەودا، من عوزرم ھێنایەوە، عوزرەکەشم ئەوەبوو کە پێم گوت لە ڕووی سێکسییەوە بێتوانام و وامنیشاندا نەخۆشی سێکسیم ھەیە . ھیچ چارەیەکی ترم نەبوو جگە لەھێنانەوەی ئەو بەھانەیە، چونکە شێخ بە بەردەوامی پێی لەسەر پێشنیارەکەی دادەگرت و بەھۆی ئەوەشەوە خەریک بوو پەیوەندییەکەمان بپچڕێت. ئەو شوکردن و ژنھێنانی بە یەکێک لەسونەتەکانی پێغەمبەر دەزانی و لەوڕووەوە پشتی بەم گوتەیەی پێغەمبەر دەبەست کە دەڵێت : (ھەرکەسێک پشت لە سونەتەکانی من بکات، لە پەیڕەوانی من نییە ـ من رغب عن سنتی فلیس منی). لەبەر ئەوە، ھیچ چارەیەکم نەبوو جگە لەوەی کە بێتوانایی سێکسی بکەمە بەھانە بۆ ڕەتکردنەوەی پێشنیارەکەی شێخ . درۆ مەسڵحەت ئامێزەکەم قەناعەتی بەشێخ کرد، ئیتر لەوبارەیەوە ھیچ شتێکی دیکەی نەگوت و دۆستایەتی و برایەتیەکەیشمان گەڕایەوە دۆخی جارانی خۆی.

پاش لە دوو ساڵ نیشتەجێ بوون لە ئەستەنبوڵدا و چوونە پێشەوەم لە زمانی عەرەبیدا، ئیجازەم لەشێخ وەرگرت تا بگەڕێمەوە بۆ شارەکەی خۆم، بەڵام شێخ رێگای نەئەدام و دەیگوت بۆچی ئاوا زوو دەڕۆیتەوە ؟ خۆ ئێرە شارێکی گەورەیەو ئەوەی کە دەتەوێت لێرەش ھەیە و دەستت دەکەوێت . بە ئەمری خودا، ئەستەنبوڵ دین و دنیای تیا دەستدەکەوێت . شێخ لە درێژەی قسەکانیدا وتی :" ئێستا کە دایک و باوکت مردوون و خوشک و برایشت نییە، ئیتر ئەستەنبوڵ بۆ نیشتەجێبوونی ھەمیشەییت ھەڵبژێرە " . بەھەرحاڵ، شێخ پێی لەسەر مانەوەم لە ئەستەنبوڵدا دادەگرت . ئەویش زۆر ھۆگری من بوو، منیش بە ھەمان شێوە ھۆگری ئەو بووبووم، بەڵام ئەرکێک کە لەبەرامبەر نیشتمانەکەم ( بەریتانیا ) دا پێم سپێردرابوو، لە سەروی ھەموو شتێکیترەوە بوو، کە ئەوەش ناچاری کردم بگەڕێمەوە بۆ لەندەن . دەبووایە کە ڕاپۆرتی دوو ساڵەی مەئموریەتەکەم بدەم بە وەزارەتی مستعمرات و ڕێنمایی و فەرمانی نوێتریش وەربگرم.


بڕیار بوو لە ماوەی ئەو دووساڵەدا کە لە ئەستەنبوڵ بەسەرم برد، ھەموومانگێک ڕاپۆرتێک لە بارەی بارودۆخ و ئاڵوگۆڕەکانی پایتەختی عوسمانییەوە ڕەوانەی لەندەن بکەم . لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکانمدا، باسی داواو پێشنیارەکەی خالیدی نێربازی خاوەنکارەکەم کردبوو . لەوەڵامەکەی وەزارەتی مستعمراتدا فەرمان درابوو کە :" ئەگەر ئەزانی قبوڵکردنی داواو پێشنیارەکەی خاوەنکارەکەت، ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکەت ئاسانتر دەکات، ئەوا قەیناکە ھەمان کاری سێکسی لەگەڵدا بکە " . کاتێک ئەم وەڵامەم خوێندەوە، سەرم گێژی خوارد و تێگەیشتم کە چۆن سەرۆکەکانی ئێمە شەرم ناکەن و لەبەرخاتری بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی ئینگلیز من ھاندەدەن بۆ کارێکی قێزەونی سێکسی . بەھەرحاڵ، چارەیەکم نەبوو، دەبوایە ئەو پێکەی کە ناومە بەسەرمەوە تا دواین دڵۆپی بینۆشم . ناچار نەمھێنایە سەرخۆم و دەمی شکاتم لە نامیھرەبانی لێپرسروانی لەندەن نەکردووە . ئەو ڕۆژەی کە خوداحافیزم لە شێخ ئەحمەد کرد، چاوەکانی پڕبوون لە فرمسێک و بەم ڕستانە خوداحافیزی لێکردم :" خوات لەگەڵ بێت کوڕم ! لەیادم مەکە . انشااللە لە ڕۆژی مەحشەردا لەحزوری پێغەمبەردا چاومان بەیەکتری دەکەوێتەوە ". ھەر بە ڕاستی تا ماوەیەک، زۆر بێتافەتی شێخ ئەحمەد بووم و بێئەوەی خۆمم پێ کۆنترۆڵبکرێت بۆ شێخ دەگریام ، بەڵام چی دەکەیت ؟ بەجێگەیاندنی ئەرک لەسەرووی سۆزی شەخسییەوەیە.

___________________________________________________________

- به‌شی یه‌که‌م: http://www.emrro.com/bireweriyekanimisterh1.htm

- پێشه‌کیی وه‌رگێڕی کوردی: http://www.emrro.com/bireweriyekanimisterh.htm

 

 

که‌نه‌دا - تۆرینتۆ

kurdstanpost.new@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک