په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٢\٢٠١٢

په‌رتووک:

بیرەوەرییەکانی مستەر ھمفێر.
- جاسوسی بەریتانی لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا -


وەرگێڕانی لە فارسییەوە: تاھیر ساڵح شەریف

- بەشی سێیه‌م -

 

نۆ کەس لە ھاوکارەکانم بانگ کرابوونەوە بۆ لەندەن . ئەو بەدبەختانە تەنھا پێنج کەسیان گەڕابوونەوە. لە چوارکەسی دیکەیش، یەکێکیان بوو بووە موسڵمان و لە میسردا مابووەوە . وەزیری مستعمرات ھەواڵی ئەوەی پێڕاگەیاندبووم خۆشحاڵ بووە لەوە کە ئەو کەسە، سەرەڕای موسڵمانبوونی، بەڵام ھیچ نھێنییەکی دەربارەی جاسوسەکانیتر نەدرکاندووە . جاسوسێکیتر کە بە ڕەگەز ڕوسی بوو، گەڕابووەوە بۆ ڕوسیاو لەوێ نیششتە جێ بووبوو . جێگری وەزیر لەوڕووە بێتاقەت بوو، چونکە ترسی ئەوەی ھەبوو کە جاسوسە بە ڕەگەز ڕوسییەکە، ئێستا کە گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتی دایک ، شتێک لە بارەی نھێنییەکانی مستعمراتی ئینگلیزەوە ئاشکرا بکات . جێگری وەزیر بەم ئەنجامە گەیشت بوو کە ئەو جاسوسە ھەر لە سەرەتاوە لە وەزارەتی مستعمراتی ئینگلیزدا جاسوسی بۆ ڕوسەکان کردبێت و پاش لە تەواوبوونی مەئموریەتەکەی گەڕابێتەوە بۆ ڕوسیا . سێیەمین جاسوسیش بەھۆی تووشبوونی بە نەخۆشی کۆلێراوە، لە " عەمارە " ی نزیکی بەغداد مردبوو . زانیارییەکی ئەوتۆیش لە بارەی کەسی چوارەمەوە نەبوو . وەزارەتی مستعمرات تا " سەنعا "ی پایتەختی یەمەن ھەواڵی ئەویان ھەبووە . لە ساڵی دووەمدا، بەبەردەوام ڕاپۆرتەکانی ئەو لە سەنعاوە نێردرابوون، بەڵام پاش لەوە، ڕاپۆرتەکانی نەگەیشتبوونە دەستی وەزارەتی مستعمرات و پەیوەندی پچڕابوو لەگەڵ وەزارەتدا .ھەرچی دەوڵەت و وەزارەتی مستعمرات ھەوڵیاندا کەلەبارەی ژیانی ئەوەوە زانیاری بەدەست بھێنن، بەڵام ھەوڵەکانیان بێئەنجام بوو. وەزارەتی مستعمرات بەتەواوی ئەنجامە خراپ و نەخوازراوەکانی ونبوونی جاسوێکی شارەزای خۆی دەزانی چییە. بە پێوەرێکی ڕاست، بەھای مەئموریەتی ھەریەکێکیانی پێوابوو، ھەربەڕاستیش ونبوونی ھەریەکێک لەم جۆرە جاسوسانە بۆ دەوڵەتی ئینگلیز، کە لە ئاستانەی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی سەرکوتکردنی ئاژەوە و یاخبوون لە وڵاتانی ئیسلامیدا بوو، زۆر مەترسیدار بوو.

ئێمە نەتەوەیەکین کە ژمارەی دانیشتوانمان کەمە، بەڵام مەسئولیەتی گرنگمان لە ئەستۆدایە و کەمبوونەوەی مرۆڤە پسپۆڕەکان، بۆ ئیمە زۆر زیانبەخش دەبێت.

پاش ئەوەی کە جێگری وەزیر مستعمرات دوایین ڕاپۆرتی منی ھەڵسەنگاند، ڕێنمایی کردم بەشداری لە کۆنفڕانسێکدا بکەم کە لە لەندەندا گیرابوو تا گوێ لە ڕاپۆرتەکانی شەش جاسوسی بەشدار بووی کۆنفڕانسەکە بگرم. لە کۆنفڕانسەکەدا دەستەیەک لە پایەبەرزەکانی وەزارەتی مستعمرات بەسەرپەرشتی خودی وەزیر ئامادە بوون. ھەریەکە لە ھاوکارانم ڕاپۆرتەکانی خۆیی خوێندەوە و منیش بەشداریمکردوو ھێڵە گشتیەکانی ڕاپۆرتەکەی خۆمم لە بارەی تورکیاوە بە ئاگاداری ئامادەببوان گەیاند وەزیر، جێگرەکەیی و ھەندێک لە بەشداربووان دەستخۆشیان لێکردم بۆ ئەو چالاکییانەی کە لە تورکیادا ئەنجامم دابوون. لەگەڵ ئەوەشدا من لە پلەی سێێەمدا بووم و دوو جاسوسیتریان باشتتر لەمن چالاکییەکانیان ئەنجامدابوو. ئەو دوو کەسەیش بریتی بوون لە جی بیکڵۆد (G Becloud) و ھەنری فەنس (H.Fance)، کە پلەی یەکەم و دووەمیان بەدەستھێنا

پێویستە ئەوەش بڵێم کە من لە فێربوونی زمانی تورکی، عەرەبی، تەجویدی قورئان و داب و نەریتی ئیسلامدا سەرکەوتنێکی زۆرم بەدەستھێنابوو، بەڵام لە ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی ڕووندا دەربارەی خاڵە لاوازەکانی دەوڵەتی عوسمانی، زۆر سەرکەتوو نەبووم . پاش لە تەواوبوونی کۆنفڕانسەکە، کە شەش کاتژمێری خایەند، جێگری وەزیر خاڵەلاوازەکانمی بۆ دەستنیشان کردم . منیش پێم گوت کە : " بابەتی سەرەکی کارکردنی من لەو دوو ساڵەدا، فێربوونی دووزمانی جیاواز، ڕاڤەکردنی قورئان و ئاشنا بوون بووە بە داب و نەریتی ئیسلام و ھەلی پێویستم لەبەردەمدا نەبووە تا بیر لە ئەرکەکانیترم بکەمەوە . ئەگەر متمانەی خۆت بەمن لە دەستنەدەیت، ئەوا خوا یاربێت لە سەفەری داھاتوومدا قەرەبۆیان دەکەمەوە ". جێگری وەزیر پێی وتم :" بێگومان تۆ لەکارەکەتدا سەرکەوتوو بوویت، بەڵام چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیەکە لەم ڕێگایەدا لەکەسەکانیتر چالاکتر بیت " . ھەروەھا لەدرێژەی قسەکانیدا وتی:

بابەتی گرنگی کارکردنی مەئموریەتی تۆ لەئایندەدا دوو خاڵە:

١. دۆزینەوەی خاڵە لاوازەکانی موسڵمانەکان، کە سەرکەوتنی ئێمە بۆ نفوزکردنە ناویان و پێکھێنانی دووبەرکی و ناکۆکی لە نێوان گروپە جیاوازەکانی ئیسلامدا مسۆگەر دەکات، چونکە فاکتەری سەرکەوتنی ئێمە بەسەر دوژمندا زانین و ناسینی ئەم بابەت و کێشانەیە.
٢. پاش لە ناسینی خاڵە لاوازەکان ، ھەنگاونان بۆ پێکھێنانی دووبەرەکی ناکۆکی پێویستە . ھەرکاتێک لە بەجێھێنانی ئەم کارەدا توانایی پێویست لە خۆت پیشان بدەیت، ئەوا لەوە دڵنیابە کە لە ڕیزی پێشەوەی لێھاتووترین و باشترین جاسوسەکانی ئینگلیزدا دەبیت و دەبیتە ڕەمزی شانازی کردن.

شەش مانگ لە لەندەن مامەوە. لەو ماوەیەدا لەگەڵ کچەکەی پورمدا "ماری شۆی"، کە ساڵێک لە من گەورەتر بوو، زەواجمانکرد. لەوکاتەدا، تەمەنی من بیست دووساڵ بوو، ماریش تەمەنی بیست و سێ ساڵ بوو . ماری کچێک بوو کە ڕۆشنبیریەکی مام ناوەنجی ھەبوو، بەڵام زۆر شۆخ و شەنگ بوو. ڕەفتاری ھاوسەرەکەم ئاسایی و میانەڕەو بوو. خۆشترین ڕۆژەکانی ژیانم لەگەڵ ئەودا بەسەر برد. لە ھەمان سەرەتای دەستپێکردنی ژیانی ھاوسەریماندا ماری سک پڕ (حاملە) بوو. من بە سەبر و حەوسەڵەوە چاوەڕێی میوانی تازە بووم، بەڵام ھەر لەو کاتەدا، فەرمانێکی تازەم لە لە وەزارەتەوە پێگەیشت، کە بەپێی ئەو فەرمانە دەبووایە بەبێ لەدەستدانی کات و بەزوویی سەفەر بکەم بۆ وڵاتی عێراق.

خۆم و ھاوسەرەکەم، کە چاوەڕێی یەکەمین منداڵمان دەکرد، بەھۆی مەئموریەتێکی نوێ کە پێم سپێردرابوو، دووچاری خەفەتێکی زۆر بووین، بەڵام خۆشەویستی نیشتمان، پلەوپایەخوازی و مەیلی پێشبڕکێ لەگەڵ ھاوپیشەکانمدا، بوونە ھۆی ئەوە کە سۆزەکانی ژن و مێردایەتی و خۆشەویستی منداڵ، بکەونە ژێر تیشکی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانەوە . لەم ڕووەوە ھیچ گومانێکم بۆخۆم نەھێشتەوە لە قەبوڵکردنی بەجێھێنانی ئەرکەکانمدا. داوای ھاوسەرەکەم بۆ دواخستنی مەئموریەتەکەم تا منداڵەکەمان دێتە دنیاوە، بەجێگایەک نەگەیشت و بێھودە بوو. ئەو ڕۆژەی کە بەمەبەستی سەفەرکردن لە ھاوسەرەکەم جودا دەبوومەوە، ھەردووکمان زۆرگریاین . ئەو بەکوڵ دەگریاو دەیگوت: "نامەم بۆ بنووسەو پەیوەندی خۆتم لەگەڵدا مەپچڕێنە . منیش لە ھێلانەی ئاڵتونی منداڵەکەمانەوە نامەت بۆ دەنووسم". ئەم وشانە دڵمیان دەگوشی . گەیشتمە ئەو قەناعەتەی کە سەفەرەکم دوابخەم، بەڵام بەزوویی ھەست و سۆزەکانی خۆمم کۆنترۆڵ کرد . پاش لە خواحافیزی کردن لە ھاوسەرەکەم، ڕۆیشتم بۆ وەزارەت تا لەوێ فەرمانە تازەکان وەربگرم.

پاش شەش مانگ ڕۆیشتن بە دەریادا، سەرئەنجام گەیشتمە بەسرە . دانیشتوانی ئەم شارە زیاتر پێکھاتووە لە خێڵەکانی دەوروبەری. دوو باڵی سەرەکی شیعەو سونی ، ئێرانی و عەرەب لەم شارەدا پێکەوە دەژین .ژمارەیەکی کەمی مەسیحیش لەم شارەدا نیشتەجێ بوون. بۆیەکەمین جاربوو لە ژیانمدا کەلەگەڵ پەیڕەوانی شیعەو سونییدا ئاشناببم . جێگای خۆیەتی کە ئاماژەیەکی کورتیش بە بیروڕا تایبەتییەکانی سونی و شیعە بکەم . شیعەکان لایەنگری عەلی کوڕی ئەبوتالیبی زاوا و کوڕی مامی پێغەمبەرن و بەبۆچونی ئەوان ، محەمەد بەڕاشکاوانە عەلی بە جێگرەوەی خۆی ھەڵبژاردووە . عەلی و یازدە نەوەی کوڕی، ئیمام و جێگرەوەی بەھەقی پێغەمبەرن.

بە بڕوای من، شیعەکان لەبارەی خەلافەتی عەلی و دوو کوڕەکەی (حەسەن و حسین)ەوە، بەتەواوی لەسەر ھەقن، چونکە بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لەمبارەیەوە کردوومە، چەندین بەڵگە لەبەردەستدان کە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن. بێگومان عەلی کۆمەڵێک تایبەتمەندی چاکی ھەبووە کە دەیتوانی فەرماندەیی سەربازی و حکومەتی سیاسیی ئیسلام لەپاش مردنی محەمەدەوە لە ئەستۆی خۆی بگرێت.

کێشەی ئیمامێتی حەسەن و حسەینیش بەپێی ئەو حەدیسانەی کە لە پێغەمبەرەوە بەدەستی ئێمە گەیشتوون و سونی مەزھەبەکانیش نکوڵیان لێناکەن، لەلایەن ھەردوو باڵەکەی ئیسلام (سونی و شیعە)ەوە قەبوڵکراوە . گومانی من لەسەر جێگاگرتنەوەی نۆ کوڕەکەی حسەینی کوڕی عەلی یە، کە شیعەکان ئەوانیش بە ئیمام دەزانن . چۆن دەکرێت پێغەمبەر ئاگاداری ئیمامەتی کەسانێک بێت کە ھێشتا لە دایک نەبوون ؟ لە کاتێکدا ئەگەر محەمەد، پێغەمبەری بەرھەقی خوا بێت، دەتوانێت غەیبزان بێت و لەبارەی شتە غەیبیەکانەوە شت بڵێت، ھەر بەو جۆرەی کە حەزرەتی عیسا پێشبینی ڕووداوە نادیارەکانی داھاتووی دەکرد، بەڵام مەسیحییەکان لەو ڕووە گومانیان لە پێغەمبەر بوونی محەمەد ھەیە.

موسڵمانەکان دەڵێن کە قورئانی پیرۆز گەورەترین بەڵگەیە بۆ کۆتایی ھاتنی پێغەمبەرەکان (خاتم الانبیاء)، بەڵام من ھەرچەند قورئانم خوێندەوە، کەچی بەڵگەیەکم لەمبارەیەوە بەرچاونەکەوت . لەوڕووەوە کە قورئان کتێبێکی پایەبەرزە، ھیچ گومانێکم نییەو بڕوایشم وایە کە جێگاوشوێنی ئەو لە تەورات و ئینجیلیش بەرزترە . داستانە کۆنەکان، ئەحکام، داب ونەریت، وانەی ڕەوشت و بابەتەکانی دیکەی، ئەفزەڵیەت و متمانەیەکی تایبەتییان بەخشیووە بەم کتێبە، بەڵام ئایا ئەو تایبەتمەندییانە بەڵگەن بۆ ڕاستگۆیی محەمەد؟ من سەرم لەکارەکانی محەمەد سوڕماوە! چۆن پیاوێکی دەشتەکی، کە خوێندنەوە و نووسینی نەزانیوە، کتێبێکی ئەوا ئەوھا بەرز و بەنرخی پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە؟ تا ئێستا ھیچ کەسێک، بە ھوشیاری و توانایی تەواوەوە، نەیتوانیوە کتێبێکی ئەوھا بڵاوبکاتەوە. ئەی چۆن ئەم عەرەبە دەشتەکییە، کە نەخوێندەوار بووە توانیویەتی کتێبێکی ئەوھا بنوسێت ؟ کێشەیەکیتر کە ئاماژەم پێکرد، ھاتنە کایەی ئەم پرسیارەیە: ئایا ئەم کتێبە دەتوانێت بۆخۆی بەڵگەیەک بێت بۆ لە ناوچوونی محەمەد؟

لەو بارەیەوە زۆرم خوێندەوە تا وەڵامێک بۆ ئەم پرسیارە بدۆزمەوە و لەو ڕاستییە تێبگەم . کاتێک ئەم کێشەیەم لەگەڵ یەکێک لە قەشەکاندا باسکرد، بەڵام ئەویش نەیتوانی وەڵامێکی قەناعەتبەخشم بداتەوە . قەشەکە لەڕووی دەمارگیری و دوژمنایەتییەوە وەڵامە بێبەڵگەکانی دامەوە . کە لە تورکیایش بووم، چەندین جار لەو بارەیەوە لەگەڵ شێخ ئەحمەدیشدا گفتوگۆم کرد، بەڵام وەڵامێکی شیاو و قەناعەتبەخشم لەویش وەرنەگرتەوە . پێویستە ئەوەش بڵم کە ھێنانە گۆڕێی کێشەکە لەگەڵ شێخ ئەحمەددا بەو ڕاشکاوییە نەبوو کە لەگەڵ قەشەکەی لەندەندا ھێنابوومەگۆڕێ، چونکە لە ھێنانەکایەی کێشەکە لەگەڵ شێخ ئەحمەددا، لەوە دەترسام کە ئاشکراببم و دەستەکەم بکەوێتە ڕوو، یان لانی کەم شێخ ئەحمەد وا لێم تێبگات کە من گومانێکم لەبەرامبەر پێغەمبەردا ھەیە . بێگومان محەمەد لەڕیزی ئەو پیاوە گەورانەدایە کە ناتوانرێت نکوڵی لە تێکۆشانەکانیان بکرێت لە پێناوی ھێنانە سەر ڕێگای ڕاستی مرۆڤدا، مێژوویش ئەو ڕاستییە ڕووندەکاتەوە . لەگەڵ ھەموو ئەو ڕاستیانەشدا، بەڵام من لە پێغەمبەری محەمەد گومانم ھەیە و تەنانەت بە پێغەمبەریشی نازانم . گریمان کە ئەو پێغەمبەریش نییە، بەڵام محەمەد گەورەتر بووە لەھەموو ئەو بلیمەت (عبقری)انەی کەئێمە دەیانناسین. محەمەدلە ھوشیارترین بیریارەکانی مێژویش ھوشیارتره‌.

موسڵمانە سونییەکان دەڵێن: بەبۆچوونی موسڵمانەکان ئەبوبەکر، عوسمان و عومەر بۆ بەڕێوەبردنی کاری خەلافەت، لە عەلی شایستەتر و لێهاتووتر بوون . لەم ڕووەوە، لە ھەڵبژاردنەکەیاندا، فەرمانی پێغەمبەریان لە یاد کردووە و ڕاستەوخۆ دەستبەکاربوون . دەبێت ئەوە بزانرێت کە ئەمجۆرە ناکۆکیانە لە زۆربەی ئاینەکاندا ھەیە و بە تایبەتیش لە مەسیحییەتدا ئەم ناکۆکیانە دەبینرێت . خاڵێک کە ڕوون نییە، ھەمان ناکۆکی نێوان شیعەو سونییە، کە چەندین سەدەیە بە دوای مەرگی عەلی و عومەردا درێژەی ھەیە. بەڕاستی ئەگەر موسڵمانەکان ئاقڵانە بیریان بکردایەوە، دەبوایە لەبیری حاڵی ئەمڕۆیاندا بوونایە، نەک بیریان لە ڕابردوویەکی دوورو لە یادچووەوە بکردایەوە . جارێکیات ھەمان ناکۆکی نێوان شیعەو سونیم لەگەڵ ھەندێک لە لێپرسراوانی وەزارەتی مستعمراتدا باسکرد و پێم گوتن کە: "ئەگەر موسڵمانەکان لە مانای ژیان تێبگەیشتنایە، ئەم ناکۆکیانەیان دەخستە لاوە، یەکیان دەگرتەوە و قسەی خۆیان دەکردە یەک". لە ھەمان کۆبوونەوەدا، بەڕێوەبەی کۆبوونەوەکە قسەکانی پێ بڕیم و وتی: "تۆ دەبێت ئاگری ناکۆکی لە نێوان موسڵمانەکاندا خۆش بکەیت، نەک بێیت باسی یەکگرتن و خستنەلاوەی ناکۆکییەکانیان بکەیت!". پێش لەوەی کە سەفەر بکەم بۆ عێراق، جێگری وەزیری مستعمرات لە کۆبوونەوەیەکدا پێی وتم :" ھمفێر، تۆ دەزانیت کە جەنگ و تێک ھەڵچوونی نێوان مرۆڤەکان شتێکی ئاساییە . و لەوکاتەوە کە قابیل و ھابیل لە دایک بوون، ناکۆکیش دەستیپێکردووە و تا گەڕانەوەی مەسیحیش، ئەم جەنگ و مشتومڕە ھەروا درێژەی دەبێت. دەتوانین ناکۆکی نێوان مرۆڤەکانیش دابەشبکەین بە سەر پێنج چەمکدا:

١. ناکۆکی ڕەگەزیی (ناکۆکی نێوان ڕەش و سپی)یەکان.
٢. ناکۆکییە خێڵەکییەکان.
٣. ناکۆکی لە سەر زەویوزار.
٤. ناکۆکییە نەتەوەییەکان.
٥. ناکۆکییە ئاینییەکان.

ئەرکی تۆ لەم سەفەرەتدا، ناسینەوەی بوعدەکانی ئەم ناکۆکییانەی نێوان موسڵمانەکانە. دەبێت ڕێگاکان و ھۆکارەکانی دوو بەرەکی و ناکۆکیەکانیان تا ڕادەی تەقینەوەیان فێر ببیت و لێپرسراوانی لەندەن لە ڕەوتی ھەواڵ و ئەو زانیارییانەی کە لەم بوارانەدا بەدەستیان دەھێنیت، ئاگادار بکەیتەوە. ئەگەر بتوانیت کە لە چەند بەشێکی وڵاتانی ئیسلامیدا جەنگی نێوان شیعەو سوننە بەرپا بکەیت، ئەوا گەورەترین خزمەتت بە به‌ریتانیای گەورەکردووە!. ژیانێکی ئاسودەو بەختەوەر بۆ ئێمەی ئینگلیز فەراھەم ناکرێت، مەگەر ئەوە کە بتوانین لە مستعمرەکانی خۆماندا ئاگری ناکۆکی، دووبەرەکی و یاخیبوون خۆشبکەین . ھەروەھا ئێمە لەکاتێکدا دەتوانین ئیمپراتۆریەتی عوسمانی تێکبشکێنین کە لەشارەکان و وڵاتەکانی ژێر دەستی ئەودا، فتنەو ئاژاوە بنێینەوە . جگە لەم حاڵەتە، چۆن دەکرێت نەتەوەیەکی بچووکی وەک ئینگلیزەکان سەرزەوییەکی پان و پۆڕ بخەنە ژێردەستی خۆیانەوە . کەواتە جەنابی ھمفێر تۆ دەبێت بە ھەمو توانایەکتەوە ھەوڵبدەیت کەلەبەر و درزێک بدۆزیتەوە بۆ ئاژاوەنانەوە و دووبەرەکی و لەوێوە دەستپێبکەیت. دەبێت ئەوەیش بزانیت کە ئێستا دەسەڵاتی عوسمانییەکان و ئێرانییەکانیش بەسەر ناوچەکەدا لاواز و لەرزۆک بووە. ئەرکی تۆ ئەوەیە کە خەڵک لە دژی دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواکانیان ھانبدەیت و بیانجوڵێنیت بۆ یاخی بوون. بەڵگە مێژووییەکان ئەوە دەسەلمێنن کە ھەمیشە شۆڕشەکان لە ناڕەزایەتی و یاخیبوونەکانی خەڵکەوە سەرچاوەی گرتووە دژ بە فەرمانڕەواکانیان. ھەر کاتێک کە ئاژاوە و پشێوی لە نێوان خەڵکی ناوچەیەکدا دروست ببێت و دەست لە ھاوڕایی و یەکگرتن بەربدەن، بە ئاسانی زەمینەی داگیرکردنیان فەراھەم دەبێت.".

___________________________________________________________

- به‌شی دووه‌م: www.emrro.com/bireweriyekanimisterh2.htm

- به‌شی یه‌که‌م: www.emrro.com/bireweriyekanimisterh1.htm

- پێشه‌کیی وه‌رگێڕی کوردی: www.emrro.com/bireweriyekanimisterh.htm

 

 

که‌نه‌دا - تۆرینتۆ

kurdstanpost.new@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک