په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٢\٢٠١٢

بیرەوەرییەکانی مستەر ھمفێر.
- جاسوسی بەریتانی لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا -


وەرگێڕانی لە فارسییەوە: تاھیر ساڵح شەریف

- بەشی چواره‌م -

 

 

پاش ئەوەی گەیشتمە بەسرە، ڕۆیشتم بۆ مزگەوتێکی ئەو شارە . ئیمامی مزگەوتەکە یەکێک بوو لە زانا ناسراوەکانی سونی مەزھەب و ناوی شێخ ( عومەر طایی ) بوو . خۆمم پێناساند، بەڵام شێخ ھەر لەگەڵ یەکەمین چرکە ساتی یەکتر بینینمانەوە، بە چاوی گومانەوە سەیری کردم و دەستیکرد بە پرسیارکردن لەبارەی ناسنامە، ئەسل و فەسڵم، خێزان و پێشینەمەوە . وابزانم لە ڕەنگی ڕوخسار و لەھجەکەم کەوتە گومانەوە . لەوەڵامی پرسیارەکانی شێخدا وتم کە : خەڵکی تورکیا نیم و لە قوستەنتینیە ( ئەستەنبوڵی کۆن ـ وەرگێڕی کوردی ) قوتابی شێخ ئەحمەد بووم و لەلای خالیدی دارتاشیش شاگردبووم " . بەکورتی، ئەوەی کە لە تورکیا فێری بوو بووم، سەرلەنوێ بۆم گێڕایەوە . ھەستمکرد کە شێخ بە چاو پرسیار لە یەکێک لە ئامادەبووان دەکات، وەک دیاربوو دەیویست بزانێت کە بەتورکیەکی تەواو قسەدەکەم یان نا؟. ھەمان کەسیش بە چاو وەڵامێکی پۆزەتیڤی دایەوە . لەم ڕووەوە خۆشحاڵ بووم ، چونکە توانیبووم کە تا ڕادەیەک دڵی شێخ لە خۆم ڕازی بکەم، بەڵام خۆشحاڵییەکەم شەتاو (سراب) ێکی ھەڵخەڵتێنەر بوو، چونکە پاش ماوەیەک تێگەیشتم کە شێخ ھێشتا بەچاوێکی خراپەوە سەیرم دەکات و من بە جاسوسی عوسمانییەکان دەزانێت و دەنگۆ (دیعایە)ی ئەوەش ھەبوو کە شێخ زۆر بە تووندی لەگەڵ والی بەسرەدا، کە لەلایەن عوسمانییەکانەوە دیاریکرابوو، کەوتبووە نەیاری و ناکۆکییەوە و ھەرکەیان ئەویتری تاوانباردەکرد.

بەھەرحاڵ، چارەیەکم نەبوو. دەبووایە لەمزگەوتەکەی شێخ عومەرەوە بگوازمەوە بۆ کاروانسەرایەک کە شوێنی موسافیران و غەریبەکان بوو . ژورێکم لە ھەمان کاروانسەرادا بەکرێگرت . خاوەنی کاروانسەراکە، کە پیاوێکی دەبەنگ بوو، ھەموو بەیانیانێک زوو نەفەرەکانی ئیزعاج دەکرد . پاش بانگی بەیانی، کە ھێشتا دنیا تاریک بوو، بە تووندی لە دەرگاکەی دەدام و بەئاگای دەکردمەوە بۆ نوێژی بەیانی. ئەوجا ئیتر مەجبور بووم کە تا ڕۆژھەڵدەھات خەریکی خوێندنەوەی قورئان بم. کاتێک کە پێم دەگوت خۆ خوێندنەوەی قورئان یەکێک نییە لە فەرزەکان و فەرز نەکراوە، ئیتر تۆ بۆچی ئەوەندەی لەسەر دەڕۆیت، لەوەڵامدا دەیگوت کە خەوی بەیانیان ھەژاری و نەگبەتی بەدواوەیە و ھەموو دانیشتوانی کاروانسەراکە نەگبەتی دەیانگرێت. لەبەرئەوە، چارەیەکم نەبوو، جگە لەوەی ملکەچی قسەکانی ببم، چونکە ئەگەر سەرپێچیم بکردایە، ئەوا ھەڕەشەی دەرکردنی لێدەکردم. ھەموو ڕۆژیێک کە گوێم لە بانگی بەیانی دەبوو، ھەڵدەستام بۆ نوێژ و دواتریش زیاتر لە کاتژمێرک قورئانم دەخوێند. گیروگرفتەکەم لێرەیشدا کۆتایی پێنەھات. ڕۆژێکیان خاوەنی کاروانسەراکە، کە ناوی مورشیدەفەنی بوو، ھاتەلام و پێی گوتم " لەو ڕۆژەوە تۆ ھاتوویتە کاروانسەراکەم، کێشە بەدوای کێشەدا ڕووم تێدەکات و ھۆی ئەمەش ھیچ شتێک نییە جگە لە شومی و نەگبەتی تۆ! چونکە تۆ ھاوسەرت نییە و زگورتیت. یان ئەوەیەکە بە خێرایی ژن بھێنی، یان دەبێت ژوورەکەم تەسلیم بکەیتەوە". منیش پێم گوت " ئاخر ئەفەندی بە چ پارەوپوڵێک ژن بھێنم؟ " ئەمجارەیان نەموێرا کە بێتوانایی سێکسی بکەمە بیانویەک بۆ زەواج نەکردنەکەم، چونکە ئاشکرابوو مورشیدەفەنی لەو جۆرە کەسانە بوو کە بەدوای تاقیکردنەوەدا دەچێت ".

مورشیدەفەنی لەوەڵامدا پێی وتم: " ھەی ناموسڵمانی بڕوا لاواز ! بۆچی مەگەر لە قورئاندا نەتخوێندووەتەوە کە خوای گەورە فەرمووییەتی (ئەوانەی کە ھەژارن، خوا بە گەورەیی خۆی پەکیان ناخات) . بە کورتی، سەرم لێشێواو واقم وڕمابوو کە لەگەڵ ئەم ناحاڵییەدا چی بکەم، بەڵام سەرئەنجام گوتم: زۆرچاکە ، باشە، ئەدی چۆن دەکرێت بێ پارە ژن بھێنیت ؟ ئایا تۆ بڕێک پارەم بە قەرز دەدەیتێ بۆ خەرجی سەرەتایی زەواج کردنەکەم ؟ ئەفەندی ڕۆچوو بوو بە ناو خەیاڵدا و لەبری ئەوەی باسی قەرزولحسەنە (قرض الحسنە) بکات، لە ناکاودا سەری ھەڵبڕی و ھاواریکرد: " من نازانم چی دەڵێیت! یان ئەوەتا دەبێت زەواج بکەیت، یاخود ئەوەتا دەبێت تا یەکەمی مانگی ڕەجەب ئەم ژوورەم بۆ چۆڵ بکەیت ".


ئەو ڕۆژەش پێنجەمی (جمادی الثانی) بوو، کە تەنھا ٢٥ ڕۆژ کاتم لەبەردەمدا بوو. سەرئەنجام، لە ژێر گوشارەکانی مورشیدە فەنی خاوەن میوانخانەکەدا، ناچار بووم کە ئەوێ بەجێبھێڵم و ببمە شاگردی دوکانێکی دارتاش، بەڵام بەو مەرجەی کە شوێنی خەو و خواردنم بۆ دابین بکات و لەبەرانبەریشدا کرێیەکی کەمتر وەربگرم. بەرلەوەی مانگی ڕەجەب تەواو ببێت، گواستمەوە بۆ شوێنە تازەکەم و چوومە دوکانی دارتاشەکەوە. وەستاکەم ناوی عه‌بدولڕه‌زا بوو. پیاوێکی شەریف و بەڕێز بوو، وەک کوڕی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەکردم .

عەبدولڕەزا بەڕەگەز ئێرانی و شیعە مەزھەب بوو، خەڵکی خۆراسان بوو. یەکسەر ھەلەکەم قۆستەوە و دەستم بە فێربوونی زمانی فارسی کرد .ھەموو پاش نیوەڕوانێکیش، گروپک لە ئێرانییەکانی دانیشتووی بەسرە، لە دوکانەکەیدا کۆ دەبوونەوە و لەبارەی ھەموو شتێکەوە، لە سیاسەتەوە بگرە ھەتا دەگاتە ئابووری و ھەندێک جاریش دژبە حکومەتی ئیسلامی قسەوباسیان دەکرد، بەتایبەتیش لە دژی ئیمپراتۆر و خەلیفەکانی موسڵمانان کە لە ئەستەنبوڵ دانیشتبوون قسەیان دەکرد، بەڵام ھەرکە مشتەرییەکی نەناسراو خۆی بکردایە بە دوکانەکەدا، خێرا قسەکانیان دەبڕی و دەچوونە سەر باسی کێشە شەخسی و بێبایەخەکان.

لەوە تێنەگەیشتم کە چۆن متمانەیان پێکردم. ھەموو شتێکیان لەلای من باسدەکرد. دواتر تێگەیشتم کە وایانزانیبوو من خەڵکی ئازەربیجانم، چونکە بە تورکی قسەم دەکرد و ڕەنگی ڕوخسار و دەموچاویشم ئەو گومانەی لای ئەوان بەھێزتر دەکرد، چونکە وەک زۆربەی خەڵکی ئازەربیجان، ڕەنگی ڕوخسارم سوور و سپیە.

لەو ڕۆژانەی کە لەلای دارتاشەکە کارم دەکرد، لەگەڵ لاوێکدا ئاشنا بووم کە ئەویش سەردانی دوکانەکەی دەکرد و ھەر سێ زمانی تورکی، عەرەبی و فارسی دەزانی. ئەو جلوبەرگی قوتابیە دینیەکانی لەبەردەکرد و ناوی محەمەدی کوڕی عبدالوەھاب بوو. لاوێکی چاوچنۆک، خۆبەزلزان و زۆر توڕە بوو. زۆر لە حکومەتی عوسمانی بێزار بوو، بەڵام ھەقی بەسەر حکومەتی ئێرانەوە نەبوو. برادەرایەتی و مامەڵەکردنی لەگەڵ وەستاکەی مندا، ئەوەبوو کە ھەردووکیان خەلیفەکانی عوسمانیان بە دوژمنی پلەیەکی خۆیان دەزانی. من لەوە تێنەگەیشتم کە ئەم لاوە سونییە چۆن لەگەڵ عەبدولڕەزای شیعەدا بوو بوو بە برادەر و چۆن و لەکوێ فێری زمانی فارسی بوو بوو ؟ ھەرچەندە کە ئەمجۆرە شتانەش لە بەسرەدا ڕوودەدات و شیعە و سونیەکان، کە دانیشتووانی بەسرە پێکدەھێنن، برادەرایەتی و ھاوڕێیەتیان ھەیە و زۆرێکیش لە خەڵکی بەسرە ھەردوو زمانی عەرەبی و فارسی پێکەوە دەزانن و ھەندێکیشیان تورکییان دەزانی .

محەمەد عەبدلوەھاب، ھیچ جۆرە دەمارگیرییەکی سونی گەرییانە و شیعەگەرییانەی نەبوو. لە حاڵێکدا کە زۆربەی سونییەکان، ھەندێک لە موفتییە سونییەکان، شیعەکانیان بە کافر دەزانی. شێخ محەمەد ھێندە پابەندی چوار مەزھەبەکە (شافعی، حەنەفی، حەمبەلی و مالکی - وەرگێڕی فارسی) نەبوو . لەو بارەیەوە دەیگوت : ئەوەی کە خوا لە قورئاندا فەرموویەتی بەسە بۆ ئێمە .

کورتە چیرۆکی چوار مەزھەبەکە بەمجۆرەیە: سەدەیەک پاش لە مەرگی پێغەمبەر، چەند زانایەکی ئیسلامی لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا پەیدابوون، کە چوار کەسیان بوونە پێشڕەوانی ئەھلی سونە. ئەو چوارکەسەیش بریتی بوون لە (ابو حنیفە)، (احمد حنبل )، (مالک) و (محمد ابن ادریس شافعی). خەلیفە عەباسییەکان، موسڵمانانیان ناچار دەکرد کە پەیڕەوی لە یەکێک لەو چوار کەسە بکەن و ڕێگایان نەئەدا کە زانایەکیتر، ھەرچەندە کە زۆریش خوێندنەوە و تێگەیشتنی لە بارەی قورئان و سوننەتەکانی پێغەمبەرەوە ھەبوو بێت، بچێتە پلەوپایەی ئیجتھادەوە. عەباسیەکان ڕێگر بوون لەبەردەمی گەشەکردنی زانستە ئاینییەکاندا. ئەمەش ببووە ھۆی بەستەڵەک (جمود)ی فکری لە نێوان موسڵمانانی سوننەمەزھەبدا. بەپێچەوانەشەوە، موسڵمانانی شیعە مەزھەب کەڵکیان لەو ڕێگایانە وەردەگرت کە سونییەکانن خستبوویانە سەر ڕێگای گەشەکردنی خۆیان. لەم لایەنەوە، شیعەکان دەستیانکرد بە بڵاوکردنەوەی بیروڕاکانی خۆیان لە پانتاییەکی فراواندا . سەرەڕای ئەوە کە لە سەدەی دووەمی ھیجریدا ژمارەی شیعەکان یەک لەسەر سەدی سونییەکانی پێکدەھێنا، بەڵام بەردەوام ژمارەیان زیادی دەکرد و لەگەڵ پەیڕەوانی سونی مەزھەبدا بەرەو ھاوسەنگی دەڕۆیشتن . ئەمە شتێکی ئاسایی بوو، چونکە ئەو ئیجتھادەی کە شیعەکان بڕوایان پێی بوو، بەبەردوامی دەبووە ھۆی نوێبوونەوەی زانستی موسڵمانەکان، نوێبوونەوەی فقەی ئیسلامی و نوێبوونەوەی تێگەیشتنی قورئان و سونەت و بەوھۆیەشەوە ئاینی ئیسلامیان لەگەڵ ھەلومەرجی سەردەمدا دەگونجاند . ئیجتھاد چەکێک بوو کە دژی دۆگماتیزم بەکار دەھێنراو دەبووە ھۆی گۆڕانکاری و پێشکەوتنی ئایدیاکانی ئیسلام . سنوردارکردنەوەی ئیسلام لە چوار مەزھەبەکەدا و داخستنی دەرگاکانی گەڕان و داواکاری موسڵمانەکان، گوێی خۆ کەڕکردنیان لە قسە تازەکان، گوێنەدان بە پێداویستییەکانی سەردەم، چەکێکی ڕزیوو بوو کە قەناعەتی بە موسڵمانەکانیتر نەدەکرد. ئاشکرایە کە لە کاتێکدا دوژمن چەکی نوێی لەدەستدا بێت و تۆیش بە چەکی کۆن و ژەنگاوییەوە بچیتە مەیدانی شەڕەکەوە لەگەڵیدا، بە دڵنیاییەوە درەنگ یان زوو تێکدەشکێیت و دەیدۆڕێنی . بەپێی پێشبینی من، سونیە ئاقڵەکان، دەرگای ئیجتھاد بەڕووی موسڵماناندا دەکەنەوە و مژدەی ئەوەش دەدەم کەئەم کارە تا سەدەی داھاتوو ئەنجام دەدرێت وپاش لە سەدەیەک، زۆرینەی موسڵمانەکان لە شیعەکانی لایەنگری ئیجتھاد پێکدێن و سونییەکانیش دەبنە کەمایەتی .


بێمەوە سەر باسی لاوە خۆبەزلزان و بەرزەفڕەکە. مەبەستم لە شێخ محەمەد عه‌بدولوه‌هابە: محەمەد توێژینەو و خوێندنەوەی تایبەتی خۆیی لەسەر قورئان و حەدیس ھەبوو. بۆ سەلماندنی ڕاستی بۆچونەکانی خۆی، پشتی بە وتەکان و بۆچونەکانی شێخەکان و زاناکانی ئیسلام دەبەست و بەڵگەی دەھێنایەوە. ئەو نەک تەنھا باسی لە باوەڕەکانی پاش ئەھلی سونە دەکرد، بەڵکو بیروڕاکانی ئەبوبەکر و عومەریشی دەکردە بەڵگەی قسەکانی و شارەزایی خۆیشی لە بواری فقەی ئیسلامیدا نیشاندەدا. ھەندێک جاریش ئەنجامگیرییەکانی بە پێچەوانەی بیروڕای زاناکانی ئیسلامەوە بوو. شێخ ھەمیشە دەیگوت: " پێغەمبەری خودا تەنھا کتێب و سونەتی، وەک بنەما نەگۆڕەکان بۆ بەجێھێشتووین، بەڵام ھەرگیز نەیوتووە کە ئەسحابەکان و زانا ئاینییەکان ھەرچییەکان وت، ئیتر ئەوانە وەحی دابەزێنراوە و شایستەی گۆڕان نییە. کەواتە پێویستە لەسەرمان کە پەیڕەوی لە کتێب و سونەت بکەین، ھەرچەندەیش کە زانایان و پێشەوای مەزھەبەکان و تەنانەت ئەسحابەکانیش یەک بۆچوونیان ھەبووبێت .

ڕۆژێکیان لە نێوان ئەو و زانایەکی شیعەدا کە لە ئێرانەوە ھاتبوو، ڕەزای دارتاشیش میوانداری کردبوو، لەکاتی نانخواردندا مشتومڕێک لە نێوانیاندا ڕوویدا. ئەوکەسە ناوی شێخ جەوادی قومی بوو، ناکۆکییەکی بنچینەییان لەگەڵ محەمەددا ھەبوو، کە سەرئەنجام مشتومڕەکەیان بەخێرایی گۆڕا بۆ تووندوتیژی و بووە ھۆی دڵئێشانیان لە یەکتری. من ھەموو قسەو باسەکەیانم لە بیر نەماوە و تەنھا ئەو بەشانەی کە لە یادم ماون، لێرەدا یاداشتایان دەکەم و دەیان نووسمەوە :

شێخی قومی بەم ڕستانە باسەکەی خۆیی دەستپێکرد و بە محەمەد عه‌بدولوه‌هابی گوت: " ئەگەر تۆ ئازادانە بیر دەکەیتەوە و بەو شێوەیەیت کە باس لە خۆت دەکەیت، گوایە توێژینەوە و خوێندنەوەی پێویستت لەسەر ئیسلام ھەیە، ئەی ئەوە چۆنە کە ئێوە وەک کەسێکی شیعە ڕێز لە (عەلی) ناگرن ؟" .


محەمەد وەڵامیدایەوە: " لەبەر ئەوەی کە عەلیش ھەروەک عومەر و ئەوانیتر قسەکانی بۆ من نەگۆڕ نییە و من تەنھا کتێب و سونەتم قەبوڵە.".


ـ شێخی قومی: " ئەی پێغەمبەر نەیگوتووە کە : من شاری زانستم و عەلیش دەرگاکەمە ( انا مدینە العلم و علی بابھا) لێرەوەیە کە جیاوازییەکی لە نێوان عەلی و ئەسحابەکانیتردا کردووە.".


ـ محەمەد عه‌بدولوه‌هاب: " ئەگەر وایە، کەواتە پێغەمبەر دەبووایە بیگوتایە: کتێب و عەلی کوڕی ئەبوتالیبم بۆ بەجێھێشتوون.".


ـ شێخی قومی: " بەڵێ ڕاستە کە وای وتووە. لەو شوێنەدا کە دەڵێت: کتێب و بنەماڵەکەم بۆ ئێوە بەجێھێشتووە (انی تارک فیکم الثقلین ، کتاب اللە و عترتی) . ئاشکرایە کە عەلی گەورەی بنەماڵەکەی پێغەمبەرە.".

محەمەد عه‌بدولوه‌هاب نکوڵی لەم حەدیسە کرد، بەڵام شێخی قومی بە بەڵگەی تەواوەوە سەلماندی کە عەلی جێگری پێغەمبەرە. محەمەد عه‌بدولوه‌هاب کە لەو بارەیەوە بێدەنگ بوو، وەک دیار بوو وەڵامێکی بەرانبەر بە شێخی قومی پێنەبوو، بەڵام لە پڕێکدا بە ناڕەزایەتییەوە بە شێخی گوت: (پێغەمبەر تەنھا قورئان و بنەماڵەکەی بۆ ئێمە بەجێھێشتووە، کەواتە چارە چییە؟). شێخی قومی وەڵامی دایەوە :" سونەت ڕوونکردنەوە و ڕاڤەکردنی کتێبەکەی خودایە، شتێکی لەمە زیاتر نییە. پێغەمبەری خوا فەرموویەتی کتێبەکەی خوا و بنەماڵەکەم، واتە کتێبکەی خوا لەگەڵ شەرح و تەفسیری ئەودایە کە ناونراوە سونەت، لایەنێکیتر بۆ دووبارەکردنەوەی سونەت نەماوەتەوە.".
محەمەد عه‌بدولوه‌هاب وتی: " بە پێی قسەکاتی تۆ بێت (عترت) ، یان ئەھلی بەیتیش تەفسیر و قسەی خودایە، ئەی بۆچی ئەمە بۆ دەقی حەدیس زیادکراوە.".

شیخی قومی وەڵامی دایەوە: " پاش لە مردنی پێغەمبەری خوا، ئومەت پێویستی بە شەرح و تەفسیر قورئان ھەبووە، چونکە ئەحکامەکانی پێیویستیان بە گونجاندن ھەبوو لەگەڵ ھەلومەرجی ژیاندا. لەم ڕووەوە بوو کە پێغەمبەر لەگەڵ زانینی پێشتریدا، کتێبەکەی خوای بە بنەمایەکی نەگۆڕ زانیووە، ئەھلی بەیتیش وەک موفەسیرکەران و ڕونکەرەوەکانی ئەو کتێبە، سپاردوویەتی بە پێداویستییەکانی سەردەم .".

چێژێکی زۆرم لەم گفتوگۆیانە وەردەگرت و سەرم لێیان سوڕ دەما. بینیم کە محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب لە بەرانبەر شێخ جەوادی قومیدا، کە پیاوێکی بە تەمەن بوو، وەکو ئەو باڵندەیە لێھاتبوو کە دەبێت بە داوی ڕاوچییەکەوە و ئیتر توانای فڕینی نامێنێ، تەنھا ئەوە نەبێت کە لە شوێنی خۆیدا باڵەتەپە دەکات .

پاشماوەیەک لە ئاشنا بوون و مامەڵەکردنم لەگەڵ محەمەد عه‌بدولوه‌هابدا، بەو ئەنجامە گەیشتم کە کەسێکی شیاوە بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی بەریتانیا لە ناوچەکەدا و تواناییەکی باشی ھەیە بۆ ھەمان مەبەست. گیانی خۆ بەزلزانی، لەخۆباییبوونەکەی، پلەو پایەخوازیەکەیی و دوژمنایەتییەکەی لەگەڵ زانایانی ئاینی و مەرجەعەکانی ئیسلامدا، ملھوڕییەکەی بە ئاستێک گەیشتبوو کە خەلیفەکانی ڕاشیدینیشی دەخستە ژێر ڕەخنەوە. ئەنجامگیرییەکانی ئەو لەسەر قورئان و حەدیسەکان، کە جیاوازییەکی ئاشکرای لەگەڵ واقعدا ھەبوو، گەورەترین خاڵی لاوازی ئەو بوو کە دەکرا کەڵکیان لێوەربگیرێت و بقۆزرێنەوه‌.

ئەم لاوە مەغرورە لە کوێ و ئەو زانا پیرەمێردەی تورکی دانیشتووی ئەستەنبوڵ لە کوێ، کە ھەرگیز گۆڕانکاریەک لە بیروڕا و ڕەفتاریدا بەرانبەر بە ھەزار ساڵ لەوەپێش ڕووی نەدابوو. پیرەمێردی حەنەفی مەزھەبی ئەستەنبوڵی، کاتێک کە دەیویست ناوی ئەبوحەنیفە بھێنێت، ھەڵدەستا و دەستنوێژی دەگرت. یان بۆ نموونە لە کاتی خوێندنەوەی کتێبەکەی (صحیح بخاری)دا، کە یەکێکە لەسەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی سونیەکان، زۆر ڕێزی لێدەگرت و ئەوەی کردبووە فەرز کە دەبووایە پێش لەوەی دەست ببات بۆ ئەو کتێبە دەستنوێژی بگرێت و پاشان دەیخوێندەوە . شێخ محەمەد عه‌بدولوه‌هاب ڕێک بە پێچەوانەی شێخ ئەحمەد ئەستەنبوڵییەوە بوو. محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب سوکایەتی بە ئەبوحەنیفە دەکرد و ھیچ ڕێزێکی بۆ دانە دەنا. ئەو دەیگوت: " من زیاتر لە ئەبوحەنیفە دەزانم " و پێیشی وابوو کە نیوەی کتێبی (صحیح البخاری ) شتی بێ مانا و قسەی پووچە.

بە ھەرحاڵ، پەیوەندی خۆمم لەگەڵ محەمەدا پتەو کرد و ووردە ووردە برادەرایەتییەکی بەھێز لە نێوانمادا دروست بوو. من بە بەردەوامی ئەوەم بە گوێی محەمەددا دەدا کە خوا بەھرەیەکی گەورەو بلیمەتانەی پێ بەخشیویت، کە لە عەلی و عومەریش گەورەتر و بە تواناتریت. پێم دەگوت کە: " ئەگەر تۆ لەسەردەمی پێغەمبەردا بژیبایتایە، بە دڵنیاییەوە دەکرایت بە جێنشینی ئەو". ھەمیشە بە شێوەیەکی دڵخوازانە و ئارەزومەندانە قسەم لەگەڵدا دەکرد و پێم دەگوت: " ھیوادارم ئەو ئاڵوگۆڕەی کە دەبێت بەمزووانە لە ئاینی ئیسلامدا ڕوو بدات، لەسەردەستی تۆدا بێت، چونکە تەنھا تۆ دەتوانیت ئیسلام ڕزگار بکەیت لەم داڕمانەی کە ئێستا ڕووبەڕووی بووەتەوە. ھەمووان چاوی ھیوا و ئومێدیان بڕیوە تە تۆ تا ئاینی ئیسلام لە ھەرەس و داڕمان ڕزگار بکەیت .".

لەگەڵ محەمەددا ژوانێکمان دیاریکرد، بەو مەبەستەی کە لەسەر تەفسیری قورئان لەسەر بنەمای ھزرە نوێیەکان، نەک لەسەر بنەمای بیرو باوەڕی ئەسحابە و پێشەوایانی ئاینی ئیسلام، زانا و موفسیرەکان قسەو باس و گفتوگۆیەک بکەین. پێکەوە قورئانمان دەخوێندەوە و قسەو باسمان لەسەر دەکرد. نەخشەکەی من ئەوە بوو کە بە ھەر شێوەیەک بووە محەمەد بخەمە داوی وەزارەتی مستعمراتی ئینگلیزەوە .

محەمەد کە کەسێکی بەرزەفڕ و خۆپەرست بوو، توانیم پلەبەپلە بیخەمە ژێر کاریگەری قسەکانمەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە بە خەیاڵی خۆی و بۆ سەرنجڕاکێشانی من، خۆی لەوە بەکەمتر بە من دەناساند کە لە ڕاستیدا لە خۆیی ڕادەبینی .

جارێکیان پێم گوت: " ئایا جیھاد واجبە؟". وەڵامی دایەوە: " ئەی چۆن واجب نییە . ئەی خودا نافەرموێت : لە لەگەڵ کافرەکاندا بجەنگن". منیش وتم: " خودا دەفەرموێت لەگەڵ کافرکان و منافقەکاندا، واتە لەگەڵ ھەردووکیاندا شەڕ بکەن. ئەگەر جیھاد لە دژی کافرەکان واجبە، ئەی بۆچی پێغەمبەر خۆی شەڕی لەگەڵ مونافیقەکاندا نەکرد؟". محەمەد وتی: " ئاخر خۆ جیھاد ھەر لە مەیدانی جەنگدا نییە. پێغەمبەر بە کردار و بە ڕەفتار جەنگی لەگەڵ منافقەکاندا دەکرد". منیش گوتم : " کەواتە لەم حاڵەتەدا، جییھاد لەگەڵ کافرەکان و منافقاندا بەکردار و بە ڕەفتار واجبە". محەمەد وەڵامی دامەوە و وتی: " نەخێر ! چونکە پێغەمبەر لە مەیدانی جەنگدا دژ بەکافرەکان جیھادی کردووە". منیش وتم :" جەنگی پێغەمبەر لەگەڵ کافرەکەندا بە مەبەستی بەرگریکردن بووە لە خۆی، چونکە کافرەکان دەیانویست بیکوژن". محەمەد وەک نیشانەی ھاوڕابوونی خۆی لەگەڵمدا، سەری بۆ قسەکانم لەقاند و ئینجا من ھەستمکرد کە لە کارەکەمدا سەرکەوتنم بەدەستێناوە.

ڕۆژێکیتر پێم گوت: " ئایا ڕێگا بە سیغەکردنی ژنان دراوە؟". محەمەد لە وەڵامدا وتی: "ھەرگیز". . منیش وتم: " ئەی بۆچی قورئان ڕێگای بەوە داوە کە چێژ لە ژنان وەربگیرێت و لە بەرانبەریشدا کرێ و ھەقی خۆیان بدرێتێ؟. فما استمتعتم بە منھن فاتوھن اجروھن ـ ئایەتی ٢٤ لە سورەتی النساء). محەمەد لە وەڵامدا وتی:


"بەڵێ! بەڵام عومەر متعەی حەرام کردووە (موتعە کە لە سەردەمی پێغەمبەردا حەڵاڵ بوو، من حەرامی دەکەم و ھەرکەسێکیش ئەم کارە بکات سزای دەدەم ـ متعتان کنتا علی عھد الرسول اللە وانا احرمھا و اعاقب علیھما).". پێم وت: "سەیرە! ئەی تۆ چۆن خۆت لە عومەر بە زیرەکتر دەزانیت ؟ ئەمە لە حاڵێکدایە کە خۆت پەیڕەوی لە قسەکانی دەکەیت. ئاخر عومەر بە چ ھەقێک دەڵێت کە: پێغمبەر حەڵاڵی کردووە و منیش حەرامی دەکەم. ئەی تۆ بۆچی حوکمەکانی قورئانت لە بیری خۆت بردووەتەوە و تەسلیمی بیروڕاکانی عومەر بوویت؟". محەمەد لە بەرانبەر ئەم قسانەمدا بێدەنگ بوو. ئەو بێدەنگییەشی نیشانەی ڕازی بوون و ھاوڕابوونی بوو لەگەڵ قسەو پرسارەکانمدا. پاش ئەوەی کە لە سەر مەسەلەی سیغەکردن قەتاعەتم پێکرد، ئینجا دەستمکرد بە بزواندنی غەریزە سێکسیەکانی. لەبەرئەوە کە لاوێکی زگورتی و بێ ھاوسەر بوو، ئەوجا سەری قسەم لە بارەی سیغەکردنەوە بۆ کردەوە و لێم پرسی: " ئایا حەزت لە سیغەکردن ھەیە و تام و چێژی لێوەردەگریت؟". بینیم کە وەک نیشانەی ڕازیبوون و ھاوڕابوونی لەسەر سیغەکردن، سەری داخست و لەو بارەیەوە ھیچی نەگوت.

من بە باشترین ھەلەکانی مەئموریەتەکەم گەیشتبووم. بەڵێنم دایە کە ژنێکی بۆ سیغە بکەم. تەنھا نیگەرانی من لەو ڕووەوە ئەوە بوو کە محەمەد لە سونییەکانی بەسرە بوو، سونییەکانیش دژی سیغەکردن بوون، خەمی ئەوەم ھەبوو کە ترسێک بکەوێتە دڵی محەمەدەوە و لە سیغەکردنەکە پەشیمان ببێتەوە، بەڵام دڵنیایشم کرد کە ئەم شتە بە نھێنی دەمێتێتەوە و تەنانەت ناوی ئەویش بە ژنەکە ناڵێم. پاش ئەو گفتگۆیەمان، من یەکسەر ڕۆیشتم بۆ ماڵی ژنە سۆزانییەکی مەسیحی، ئەو ژنە بە ئاگاداری وەزارەتی مستعمرات لە شاری بەسرەدا لەشفرۆشی دەکرد و لاوە موسڵمانەکانی تووشی فەساد دەکرد. مەسەلەکەم بۆ ئەو ژنە باسکرد و پاش ڕازی بوونی، ناوی (صفیه‌)م بۆ دۆزیەوە و بڕیار بوو کە لەگەڵ شێخدا پێکەوە بڕۆین بۆ ماڵیان. پاش لەڕازیبوونی شێخ، لە ڕۆژی دیاریکراودا بڕیارماندا بڕۆین بۆ ماڵی سه‌فیه‌. جگە لە خاوەن ماڵ، ھیچ کەسێکیتری لێنەبوو. پاش ئەوەی کە محەمەد کرێی سیغەکردنی ھەفتەیەکی دایە و مۆری سیغەکردنەکەیش سکەیەکی زێڕبوو، بۆ ماوەی یەک ھەفتە سه‌فیه‌ی کرد بە ژنی خۆی. بەکورتیەکەی، سه‌فیه‌ لە ناوە و منیش لە دەرەوە، دەست بەکار بووین بۆ ئامادەکردنی محەمەد عه‌بدولوه‌هاب بۆ کار و ئامانجەکانی داھاتوومان. سه‌فیه‌ تامی شیرینی خستنە ژێر پێی ئەحکامەکانی دین و سەربەستی فکری و ئازادی بە محەمەد چەشتبوو .

ڕۆژی سێیەمی پاش زەواجە سیغەکە، محەمەدم بینییەوە و دووبارە قسەو باسەکانمان دەستپێکردەوە. ئەمجارەیان گفتگۆکەمان لەسەر حەرامکردنی شەراب بوو لە ئیسلامدا. بڕیارمدا ئەو ئایەت و حەدیسانە ڕەتبکەمەوە کە ئەو لەسەر حەرامکردنی شەراب بڕوای پێیان ھەبو. پێم گوت: " ئەگەر شەراب خواردنەوەی معاویە، یەزد و خەلیفەکانیتری بنی ئومەییە و بنی عەباسیش بە ڕاست بزانین، ئەی چۆن دەبێت ڕەوابێت کە ئەم پێشەوایانەی دین، ھەموویان فێڵباز بن و تەنھا تۆ بە ڕێگای ڕاستدا بڕۆیت؟ بێگومان ئەوان لەمن و تۆ باشتر لە کتێبی ئاسمانی و سونەتەکانی پێغەمبەر تێگەیشتوون و زانیویانە. بەم پێیەش دەکرێت بڵێین کە تێگەیشتنی ئەوان لە حوکمەکانی خوا و سونەت، حەرامکردنی شەراب نەبووە، بەڵکو حەزلێنەکردن و بێزاری ئەوان بووە لە شەراب خواردنەوە. جگە لەوەش، لە کتێبە پیرۆزەکانی یەھود و مەسیحدا، کێشەی شەراب خواردنەوە ڕوونکراوەتەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەم ئاینانەیش، ئاینی خودایی بوون و پێغەمبەرەکانیشیان لەلایەن ئیسلامەوە تەیدکراون. ئەی ئەوە چۆنە کە تەنھا لە ئاینێکی خوداییدا شەراب حەلاڵە و لە ئاینێکیتریدا شەراب حەرامکراوە؟ ئایا ئەم ئاینانە ھەموویان ئاینی ھەق نین و لە لایەن خودای تاک و تەنھاوە نەنێردراون؟ ئێمە ڕیوایەتێکمان لەبەردەستدایە دەیسەلمێنێ کە عومەریش شەرابی خواردووەتەوە ھەتا ئەو کاتەی کە ئایەتێک لەو بارەیەوە دابەزیووە (ئایا تۆ دەست لە شەراب خواردنەوەو قومار ھەڵدەگریت ـ وھل انتم منتھون ـ سورەی الاعراف ئایەتی ٩١ ـ وەرگێڕی فارسی) ئەگەر شەراب خواردنەوە حەرام بوو، ئەی بۆچی پێغەمبەر گوناھی شەراب خواردنەوەی داوەتە پاڵ عومەر، ئەمە لە کاتێکدایە کە عومەر لەسەر ئەو گوناھەی سزا نەدراوە و ئەمەیش بەڵگەیە بۆ حەڵاڵ بوونی شەراب .".

محەمەد عبدالوەھاب بەوردی گوێی بۆ قسەکانم ڕاگرتبوو. پاشان دەمی کردەوە و وتی: " لە خەبەرکانی ئەو ڕۆژگارەدا ھاتووە کە عومەر شەرابی لەگەڵ ئاودا تێکەڵ کردووە تا تایبەتمەندی مەستکردنی لێدەربچێت و پاش ئەوەی کە ئەلکھوڵەکەی کەمکردووەتەوە، ئینجا خواردوویەتییەوە. لەو ڕووەیشەوە بوو کە دەیگوت شەراب حەرامە، نەک خودی شەرابی حەرامکردبێت. شەرابێک کە سەرخۆشت نەکات، ئەوا ئەو شەرابە حەرام نییە". شێخ لە ئاڕاستەکردنی بیروبۆچوونەکانی خۆیدا لەمەڕ شەراب خواردنەوە، ئەنجامگیرییەکەی عومەری دەکردە مەدلولی ڕاست و دروستی ئایەتەکە، چونکە خوا دەفەرموێت: " شەیتان دەیەوێت لە ڕێگای شەراب و قومارەوە دوژمنایەتی و کینە لە نێوانتاندا دروست بکات و خوا و نوێژتان لەبیر بباتەوە ـ (انما یرید الشیطان ان یوقع بینکم العداوە والبغضاء فی الخمر والعسیر و المیسر ویصدکم عن ذکر اللە وعن الصلوە) . ئەگەر شەرابێک سەرخۆشت نەکات و ئەو ئەنجامە خراپانەی لێنەکەوێتەوە، ئەو شەرابە حەرام نییە.".

ئەو قسەو باسانەی کە لەبارەی شەراب خواردنەوە لەگەڵ محەمەددا کردبووم، ھەموویم بۆ سه‌فیە گێڕایەوە و جەختم لەسەر ئەوەکرد ھەلەکەم قۆستووەتەوە و تا دەتوانیت شەرابی بدەرێ و شێخ سەرخۆش بکە. ڕۆژی دواتر سه‌فیە پێی وتم کە پێکەوە شەرابێکی زۆریان خواردووەتەوە و شێخ محەمەد وای لێھاتووە کە لەسەرپێ خۆی پێڕانەگیراوە و لە کۆتایی شەویشدا چەندین جار ھەوڵیداوە کە سێکسی لەگەڵدا بکات، بەڵام توانای نەبووە. بە کورتییەکەی، من و سه‌فییە توانیبوومان کە بە تەواوی شێخ کۆنترۆڵ بکەین. لەو کاتەدا بوو قسە زێڕینییەکانی وەزیری مستعمرات ھاتەوە یادم کە لەکاتی خوداحافیزیدا پێی گوت بووم: " ئێمە بە شەراب و سێکس توانیمان ئیسپانیا لە کافرەکان ـ مەبەستی لە موسڵمانەکان بوو ـ بستێنینەوە و دەبێت ھەموو وڵاتاکانیتریش بەم دوو فاکتەرە وەربگرینەوە ،".

لە درێژەی قسەو باسەکانماندا لە بارەی ئاینەوە، ڕۆژێکیان لەگەڵ شێخ محەمەددا باسی ڕۆژوگرتنم ھێنایە کایەوە و پێم گوت: " قورئان دەڵێت: ئەگەر ڕۆژو بگریت باشترە ـ ان تصموا خیرلکم ـ لەبەرئەوە، ڕۆژوگرتن لە ئیسلامدا دڵخوازانەیە نەک واجب". لەو کاتەدا شێخ بە شپرزەییەوە پێێ وتم: " تۆ دەتەوێت من لە دین ھەڵبگێڕیتەوە! ".

منیش پێم گوت: " محەمەد! ئاین ھیچ شتێک نییە جگە لە دڵخۆشکردن، سەلامەتی گیان و ھاوسەنگییەکی دەرونی. ئەم حاڵەتەیش مرۆڤ دوور دەخاتەوە لە دەستدرێژی و تەعداکردن بۆسەر کەسانیتر. باشە ئەی مەسیح نەیگوتووە کە: دین عەشقە و ئەمەش لە قورئاندا ھاتووە ـ پەروەردگارت بپەرستە تا دەستت دەگات بە یەقینـ واعبد ربک حتی یاتیک الیقین" ئێستا ئەگەر مرۆڤێک دەستی بە یەقین ڕاگەیشتبێت، بڕوای بە خودای دەسەڵاتدار ھەبێت، دڵی پڕ بووبێت لە بڕواو کردەوەی باش ئەنجام بدات، ئیتر چ پێویستییەکی بە ڕۆژوگرتن ھەیە؟ چونکە بە بەرزترین پلە و پایەی مرۆیی گەیشتووە.".


محەمەد عبدالوەھاب، ئەمجارەیان بە تووندی نکوڵی لە قسەکانم کرد و بە تووندی قسەکانمی ڕەتکردەوە و بێزاری خۆی لە قسەکانم دەربڕی. جارێکیتریشیان پێم گوت کە: " نوێژ واجب نییە"، لێی پرسیم " بۆچی واجب نییە؟". وتم: " خوا لە قورئاندا دەڵێت: نوێژ لە بەرئەوەیە کە ناوی منتان لەبیر نەچێتەوە و ناوی من فەرامۆش نەکەن ـ واقم الصلات لذکری ـ کەواتە مەبەست لە نوێژکردن لەبیرنەچوونەوەی ناوی خوایە و تۆ دەبێت لە باتی نوێژ کردن، ناوی خودات لەسەر زاربێت". محەمەد وتی: " بەڵێ گوێم لێبووە کە ھەندێک لە زانایانی ئاینی لە کاتەکانی نوێژدا تەنھا ناوی خودا دووبارە دەکەنەوە و ئیتر نوێژ ناکەن". زۆر خۆشحاڵ بووم بەم ددانپیانان (اعتراف)ەی محەمەد، بەڵام تا ماوەیەک خۆم لەوە لائەدا کە پێی بڵێم واز لە نوێژ بھێنە و نوێژمەکە. محەمەد بە دوای ئەوەدا، جار نە جارێ نوێژی دەکرد، بە تایبەتی نوێژی بەیانیانی نەدەکرد و شەوەکانیش ھەتا درەنگ نەدەخەوتین. ھەر لەبەرئەوەیش بوو کە بەیانیان توانی ھەستان لە خەو و دەستنوێژگرتنی نەبوو.

بە کورتییەکەی، توانیم کە وردە وردە بەرگی ئیمان لەبەری شێخدا دابکەنم. ھەموو ڕۆژێک درێژەمان بە قسەوباسە بە تام و بە چێژەکانمان دەدا. جارێکیان، سەرئەنجام باسەکەم ھێنایە سەر پێغەمبەر، بەڵام لە ناکاودا ڕوخساری گۆڕاو بێمەیلی خۆی لە چوونە سەر باسی پێغەمبەر دەربڕی و پێی وتم: " ئەگەر سوکایەتی بە پێغەمبەری خوا بکەیت، ئەوا پەیوەندییەکەمان تێکدەچێت و پەیوەندیمان نامێنێت". منیش لە ترسی ئەوەی کە ھەرچییەکم ڕستووە نەبێتەوە بە خوری، به‌ ناچاری بابەتەکەم گۆڕی و ھیچ قسەیەکم لە بارەی پێغەمبەرەوە نەکرد.

لەوە بەدوا ئامانجی من ئەوە بوو کە ھزری ڕابەری و پێشەوایەتی لە کەسایەتی محەمەد عه‌بدولوه‌هابدا دروست بکەم. ھاتمە سەر ئەو قەناعەتەی کە شۆرببمەوە بە ڕۆحیدا و ڕێگای سێیەم، واتە جگە لە مەزھەبی شیعە و سونی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری موسڵمانانی بۆ پێشنیار بکەم. بۆ گەیشتن بەو ئامانجەیش، دەبوایە کە مێشکی لە ھەموو ئەو ئەوشتانە پاک بکەمەوە کە پێی گۆشکراوە و تووشی دەمارگیری کوێرانەی کردووە و لە ئەنجامیشدا ھەستی بیر ئازادی تێدا بەھێز بکەم. سه‌فیەیش بۆ ئەم کارە گرەنگە ھاوکاری دەکردم، چونکە محەمەد شێت و شەیدای بووبوو. ھەموو ھەفتەیەکیش سیغەکەی نوێ دەکردەوە. بە کورتیەکەی، سه‌فیە سەبر و ئۆقرەی لە شێخ بڕی بوو .

لە دیدارێکماندا بە شێخ محەمەدم گوت: " ئایا ڕاستە کە پێغەمبەر لەگەڵ ھاوەڵەکانی خۆیدا ھاوڕێ بووە؟". لە وەڵامدا وتی: " بەڵێ ". دیسان لێمپرسی "ئایا حوکمەکانی ئیسلام ھەمیشەیین یان کاتین؟" لە وەڵامدا وتی: " بێگومان ھەمیشەیین، چونکە پێغەمبەر دەفەرموێت: حەڵال تا ڕۆژی قیامەت حەڵاڵە و حەرامیش تا ڕۆژی قیامەت حەرامە - حلال محمد حلال الی یوم القیامە و حرام محمد حرام الی یوم القیامە". بێ پەروا پێم وت: " دەبێت ئێمە پابەندی سونەتەکانی ئەو بین و لەگەڵ یەکتردا برادەر و ھاوڕێ بین ". ئەو پێشنیارەکەمی قەبوڵکرد و لەوە بەدواوە لەکاتی سەفەر و سەفەرنەکردندا پێکەوە دەبووین .

بەردەوام ھەوڵی ئەوم دەدا ئەو درەختی میوەیەی کە ناشتبووم و خۆشەویسترین ڕۆژەکانی تافی لاویم کردبووە قوربانی سەوز بوون و گەشەکردنی، ھەرچی زووتر بەرھەمەکەی بچنمەوە.

ھەروەکو ڕابردوو، ھەموو ماتگێک ڕاپۆرتی کارەکانی خۆم دەناردەوە بۆ وەزارەتی مستعمرات. ڕاپۆرتنووسین خوییەک بوو کە لە ھەمان سەرەتای دەستبەکاربوونمەوە لەگەڵیدا ڕاھاتبووم و لە ساتەوەختی دەرچوونمەمەوە تا گەڕامەوە بۆ لەندەن، لە ناردنی ڕاپۆرتەکاندا کورتم نەدەھێنا. ئەو وەڵامانەی کە لە لەندەنەوە پێمدەگەیشتن، ھەموویان ھاندەر و ھیوا بەخشبوون و سوورتریان دەکردم لەسەر ئەنجامدانی ئەو ئەرکەی کە پێم سپێردرا بوو. ئەو ڕێگایەی کە لەبەردەمی من و محەمەددا بوو، بە خێرایی دەمانبڕی. ھەرگیز وازم لە محەمەد نەدەھێنا و بە شوێن ئەوە بووم کە گیانی ئازادی و گومان لە بیروڕاکانیدا بەھێزتر بکەم. ھەمیشە ھیوا و ئومێدی ئەوەم پێدەبەخشی کە ئەو دواڕۆژێکی ڕووناک و پرشنگداری ھەیە و لە بارەی توانایی شکانی بەسەر مەسەلە ئاینییەکاندا، ھەمیشە بە شان و باڵیدا ھەڵمدەدا. جارێکیان بە درۆ پێم گوت: " ئەم شەو لە خەومدا پێغەمبەرم بینی لەگەڵ ژمارەیەک لەو خەتیبانەدا کە لە مینبەرەکانەوە وەسفی دەکەن، لەسەر کورسییەک دانیشتبوو، دەوروبەری پڕ بوو لە زانایان و پیاوە گەورەکان، بەڵام من ھیچیانم نەدەناسی. لە ناکاودا تۆیش ھاتیتە ژوورەوە و ناوچاوانت نوری لێدەباری. کاتێک کە گەیشتیتە لای پێغەمبە، ئەویش بەڕێزەوە ھەستا و ناوچاوانتی ماچکرد و پێی گوتیت: ئەی مەحەمەدی ھاو ناوی من !.. تۆ میراتگری زانست و جێنشینی منیت لە بەڕێوەبردنی کارو باری دین و دنیایی موسڵماندا". تۆیش گوتت: " ئەی ڕەسوڵی خودا، من لەوە دەترسم ئەو ھەموو زانست و زانیاریەی کە ھەمە بۆ خەڵکی ئاشکرا بکەم!" پێغەمبەر فەرمووی:" ئەی محەمەد! دوودڵ مەبە، چونکە تۆ لەوە بڵندتریت کە خۆت بیر لە تواناییەکەت دەکەیتەوە!".

کاتێک کە محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب ئەفسانەی خەوە درۆینەکەمی گوێ لێبوو، ھەر خەریک بوو لە خۆشییاندا باڵ بگرێت. لە بارەی خەوە درۆینەکەمەوە لێیدەپرسیم: " ئایا تۆ ڕاستگۆیت لە گێڕانەوەی خەوەکانتدا؟". ھەمیشە پێم دەگوت کە دڵنیابە لە ڕاستگۆییم. لە ھەمان چرکەساتی گێڕانەوەی خەوە درۆینەکەمدا، بە تەواوی ھەستم بەوەکرد کە محەمەد بڕیاری پەیگیرانەی خۆیداوە بۆ ڕاگەیاندنی مەزھەبە نوێیەکەی خۆی.

___________________________________________________________

- به‌شی سێیه‌م: www.emrro.com/bireweriyekanimisterh3.htm

- به‌شی دووه‌م: www.emrro.com/bireweriyekanimisterh2.htm

- به‌شی یه‌که‌م: www.emrro.com/bireweriyekanimisterh1.htm

- پێشه‌کیی وه‌رگێڕی کوردی: www.emrro.com/bireweriyekanimisterh.htm

 

 

که‌نه‌دا - تۆرینتۆ

kurdstanpost.new@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک