په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٢\٢٠١٢

بیرەوەرییەکانی مستەر ھمفێر.
- جاسوسی بەریتانی لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا -


وەرگێڕانی لە فارسییەوە: تاھیر ساڵح شەریف

- بەشی پێنجه‌م -

 

 

لە گەرماوگەرمی ئەم ڕۆژانەدا بوو کە نامەیەکم لە لەندەنەوە پێگەیشت و داوایان لێکردبووم کە بەزوویی سەفەر بکەم بۆ شارە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلا، ئەو شوێنانەی کە قیبلەی ئاوات و ھیوای شیعەکان و ناوەندی زانستی ئاینی و ڕوحانییەکانە . لەسەرەتادا بە پێویستی دەزانم کە ئاماژەیەکی ھەرچەندە کورتیش بێت بە پێشینەی ئەم دوو شارە پیرۆزە بکەم.

گرنگی شاری نەجەف خۆی لە ناشتن و بەژێرخاککردنی ئیمامی عەلی، واتە چوارەمین خەلیفەی موسڵمانەکاندا دەبینێتەوە و لە پاش مردنی ئیمامی عەلییەوە، ئەو شارە بە بەردەوامی بەرەو ئاوادانبوونەوە و فراوانبوونەوە دەڕوات . نەجەف لە کاتی کوشتنی ئیمامی عەلیدا، سەرزەوییەک بوو کە دەکەوتە ٦ کیلۆمەتری شاری کوفەی ناوەندی خەلافەتەوە و دەتوانیت ماوەی نێوان کوفەو نەجەف بە یەک کاتژمێر ببڕیت . دوای کوشتنی ئیمامی عەلی، دوو کوڕەکەی ئەو (حەسەن و حسەین)، تەرمەکەیان بە نھێنی ھێنایە ئەم شوێنەی کە ئێستا ناوی لێنراوە نەجەف و بەشەو کردیان بەژێرخاکەوە . ئێستا نەجەف یەکێکە لە شارە گەورەکانی وڵاتی ڕافیدەین و لە شاری کوفەیش گەورەترو ئاوادانترە . حەوزەی زانستی شیعە لە شاری نەجەفدایە . بازاڕەکان، قوتابخانەکان و خانووەکانی ساڵ بە ساڵ زیاد دەکەن . زانایانی ئەم شارە لەلایەن خەڵکەوە ڕێزێکی زۆریان لێدەگیرێت . خەلیفەی عوسمانییەکان کە لە ئەستەنبوڵدا نیشتەجێن، لەبەر ئەم ھۆیانەی لای خوارەوە ھەمیشە بەھوشیاریەوە مامەڵەیان لەگەڵ شیعەکاندا دەکرد:

١. پاشای ئێران پەیڕەوی لەمەزھەبی شیعە دەکات و ڕێزلێنانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیش لە زانایانی ئاینی نەجەف، دەبێتە ھۆی بەھێزبوونی پەیوەندی دۆستانەی ئێران و تورکیا و ئەمەیش لە دوائەنجامدا ڕێگا لە ھەڵگیرساندنی ئاگری شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەگرێت.
٢. عەشایرێکی زۆر لە دەوروبەری نەجەفدا دەژین، کە ھەموویان چەکدارن و لە پەیڕەوانی تووندڕەوی زاناو مەرجەعەکانی شیعەن . سەرەڕای ئەوە کە ئەوان مەشقی سەربازییان نییە و خەریکی کاروبارو ژیانی خێڵەکییانەی خۆیانن، بەڵام قەبوڵی سوکایەتیکردن بە زاناو مەرجەعەکانیشیان ناکەن و ئەگەر لە کاتێکدا سوکایەتی بە زاناکانیان بکرێت، ئەوا ھەموویان لەدژی عوسمانییە سونی مەزھەبەکان یەکدەگرن و یاخی دەبن . لەبەرئەوە، ئەوە کارێکی ئاقڵانە نابێت کە خەلافەتی ئەستەنبوڵ خۆیان بخەنە ناو مەترسییەکی ئەوھاوەو سوکایەتی بە زانا ئاینییەکانی شیعەو مەرجەعەکانیان بکەن .
٣. زانایانی شیعە، لە جیھانی تەشەیعدا مەرجەعییەتی تەواوەتیان ھەیە . لەوڵاتانی ھیند، ئەفریقاو شوێنەکانیتردا، شیعەکان بوونیان ھەیە و ئەگەر لەلایەن عوسماتییەکانەوە بچووکترین سوکایەتیان پێبکرێت، جیھانی شیعە، تووشی بارگرژی و پشێوی دەبێت و ئەمەش لەقازانجی حکومەتی تورکیادا نابێت .

کەربەلا دووھەمین شاری پیرۆزی شیعەکانە . ئەم شارەیش پاش لە کوشتنی حسەینی کوڕ عەلی ئەبو تاڵیب و فاتمەی زەھرا ڕووی لە ئاوادانیکردووە . خەڵکی عێراق داوا لە حسەین دەکەن کە بۆ وەرگرتنی کاری خەلافەتی موسڵمانان لە حیجازەوە سەفەر بۆ کوفە بکات، بەڵام ھەرکە حسەین وخێزانەکەی دەگەنە کەربەلا، خەڵکی عێراق ڕای خۆیان دەگۆڕن و پشتی تێدەکەن و بە فەرمانی یەزد، خۆیان بۆ شەڕ ئامادە دەکەن .

یەزیدی کوڕی معاوییە خەلیفەی ئەمەوی بوو کە لە شامدا حوکمی دەکرد . سوپاکەی ئەمەوی شەڕیان لەگەڵ حسەین و بنەماڵەکەیدا کرد و سەرئەنجام ھەموویان کوشتن . ئەم ناجوامێرییەی خەڵکی عێراق و ئەم دڵڕەقییەی سوپاکەی یەزید، پەڵەیەکی ڕەشە بە تەختی تەوێڵی مێژووی ئیسلامەوە . لەو مێژووە بە دواوە، شیعەکانی جیھان کەربەلایان کردە ناوەندی زیارەتکردن، عیبادەت و شوێنی پەیوەندی خۆیان بە ڕۆحانییەکانیانەوە و لەھەموو لایەکەوە سەردانی دەکەن . کەربەلا ھەندێک جار ئەوەندە قەرەباڵغ دەبێت کە ھەرگیز لە مەسیحییەتدا قەرەباڵغییەکی لەو جۆرە نەبووە . لە شاری کەربەلادا زانایان و مەرجەعەکانی شیعە سەرقاڵی تەرویجکردنی بنەماکانی ئاینی ئیسلامن . قوتابخانەکان پڕن لە قوتابییە دینییەکان ولە ڕاستیدا نەجەف و کەربەلا تەواوکەری یەکترین . دیجلە و فورات، کە دوو ڕووباری گەورەی عێراقن و لەشاخاکانی تورکیاوە سەرچاوە دەگرن، خاکی عێراق بۆ کشتوکاڵ ئامادە دەکەن و خەڵکەکەیشی لەخۆشگوزەرانی بەھرەمەندن .

لەکاتی گەڕانەوەم بۆ لەندەندا، پێشنیاری ئەوەم بۆ وەزارەتی مستعمرات کرد کە ڕێڕەوی دیجلەو فورات بگۆڕێت بۆ ئەوەی کە حکومەتی عێراق ڕام و دەستەمۆ بکات و بەم ھۆیەشەوە خەڵکی عێراق ناچار بکرێن کە تەسلیم بە نەخشە ئیستعمارییەکانی ئینگلیز ببن.

لە جلوبەرگی بازرگانێکی دەشتەکیدا ڕۆیشتم بۆ نەجەف . چەند زانایەکی ئاینی ئەم شارەشم ناسی و دەستمکرد بە مامەڵە لەگەڵیاندا . لە کۆبوونەوە و وانەو باسەکانیاندا ئامادە دەبووم . کەش و ھەوای زاڵ بەسەرکۆبوونەوەکانیاندا بەقوڵی سەرنجیانڕاکێشام . لەوەش گرنگتر، لەزۆربەی حەوزەکاندا، دڵپاکی و ویژدان حوکمی دەکرد . چەند زانایەکی شیعەی زۆر داوێن پاک و کۆنسێرڤێتیڤم دۆزییەوە، بەڵام بەداخەوە گیانی نوێگەرایی و گونجانیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمدا تێدا بەدی نەدەکراو گۆڕانکارییەکانی جیھان ھیچ گۆڕانکارییەکی لە فکریاندا بەدینەھێنابوو .

١. زاناو مەرجەعەکانی نەجەف بە تووندی نەیار و دژ بە دەسەڵاتی عوسمانییەکان بوون، ئەویش نەک لەبەر ئەوەی کە ئەوان شیعە بوون و عوسمانیەکانیش سونی، بەڵکو لەبەرئەوەی کە دەسەڵاتی عوسمانییەکان دەسەڵاتێکی چەوسێنەرانە بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کەچی ئەوان ھزرو ئامانجێکیان بۆ ڕزگاربوون لە دیلی نەبوو .
٢. زانای ئاینی شیعەکان، زۆربەی کاتەکانی خۆیان تەرخان دەکرد بۆ وانە و باسی زانستە ئاینییەکان، بەڵام ھەروەک قەشەکانی سەدەکانی ناوەڕاست حەزیان لە زانستە نوێیەکان نەبوو . ئەگەرشتێکیشیان بزانیبایە زۆر کەم بوو، کەئەوەیش سوودێکی پێنەدەگەیاندن .
٣. زانا ئیسلامیییە شیعەکان کەمترین زانیاریان لە بارەی ڕەوتە سیاسییەکانی جیھانەوە نەبوو، ھەروەھا لەوبڕوایەشدا بوون کە پێکەوە گرێدانی فکر لەگەڵ مەسەلە سیاسییەکاندا، شتێکی بێئەنجامە .

لەدڵی خۆمدا بەخۆمم دەگوت :" ئەمانە لە چ ڕۆژ ڕەشییەکدا دەژین ! دنیا لەخەوھەستاوە، کەچی ئەمانە لە خەوی قورسی خۆیاندان و ھێشتاخەبەریان نەبووەتەوە .. با لافاوێک بێت و لە خەوی قورسیان ڕایانپەڕێنێت ". گفتوگۆم لەگەڵ ھەندێک لە زانا شیعەکاندا کرد لەبارەی پێویستی ھاتنە کایەوەی جوڵانەوەیەکی دژی خەلافەتی عوسمانی، بەڵام ئەوان ھیچ جۆرەئامادەییەکیان لە خۆپیشاننەدا و گوێی خۆیان لە قسەو پێشنیارەکان کەڕدەکرد . تەنانەت ھەندێکیان گاڵتەیشیان پێدەکردم و بەو شێوەیە تەعبیریان لە قسەکانم دەکرد کە من دەمەوێت بارودۆخی جیھانی بگۆڕم و نەزمی دنیا تێکبدەم . زانای ئاینی شیعەکان، وەک شتێکی حەتمی و لە چارەنووس نووسراو دەیانڕوانییە خەلافەت و بڕوایان وابوو کە نابێت ھیچ ھەنگاوێک دژبە ئال عوسمان ھەڵبھێنرێتەوە، مەگەر پاش دووبارە دەرکەوتنەوە و گەڕانەوەی مەھدی، کە بە بڕوای شیعەکان دوازدەھەمین ئیمامە و لە ساڵی ٢٠٠ دا بە منداڵی ونبووە و ھەتا ئێستایش ھەر لەژیاندایە، لە ئاخرەزەماندا دەردەکەوێتەوە و دنیای پڕ لە گەندەڵی و چەوسانەوە لە ناو دەبات و عەدالەت و دادخوازی دەگێڕێتەوە بۆ دنیا .

سەرم لەوە سوڕما بوو کە گروپێک لە زانایان و ھەڵبژێردراوانی ئیسلام چاویان بڕی بووە خەون و خەیاڵێکی بێھودەی لەوجۆرە . ھەروەک ئەوەی کە بەشێک لە مەسیحییەکان بڕوایان وایە کە بۆ چەسپاندن و جێگیرکردنی عەدالەت لە دنیادا، دووبارە مەسیح دەگەڕێتەوە . بە یەکێک لە زانائاینییەکانی شیعەم گوت :" ئایا بڕوات بەوە نییە کە دەبێت ھەر ئێستا لەدژی ناعەدالەتی خەبات بکەیت و عەدالەت لەجیھاندا دامەزرێنیت، ھەروەک ئەوەی کە پێغەمبەر خەباتی لەدژی چەوسێنەران کرد ؟ " . لەوەڵامدا وتی :" خوا پێغەمبەری نارد بوو بۆ ئەو کارەو لەو ڕووەوە توانایی لەخۆی ڕادەبینییەوە " . پێم گوت :" باشە ئەی لەقورئاندا نەھاتووە کە بە شمشێر لەدژ چەوسێنەران ڕاپەڕن و خەڵکیان لەدژ ھانبدەن ؟ " ؟سەرئەنجام لەوەڵامدا پێی وتم :" تۆ پیاوێکیت کە پیشەکەت بازرگانییە و چوونە سەر ئەو باسانەیش پێویستیان بە زانینی زانستێکە کە تێگەیشتنی تۆ لە ئاستیاندا نییە ".

با بگەڕێمەوە بۆ نەجەف و لەبارەی مەزارگەکەی ئیمامی عەلییەوە قسەبکەم . مەزارەکەی گۆڕێکی گەورەیەو بە ھەموو جۆرە نەخش و نیگارێکی جوان ڕازێنراوەتەوە . تەلارەکانی ئارامگەکەیش ڕازاونەتەوە و گومەزیەکی گەورەی لە زێڕی پوخت، لەگەڵ دوومنارەی بەرزی ئاڵتونی تێدا دروستکراوە . شیعەکان ھەموو ڕۆژێک دەستە دەستە دەچن بۆ زیارەتکردنی و نوێژی بە کۆمەڵی تێدا دەکەن . بەوپەڕی تامەزرۆیی و بەشێوەیکی دڵخوازانە کێلی پیرۆزی گۆڕەکەی ماچ دەکەن و لەبەردەم دەرگاکانی حەوشەکەیدا خۆیان دەدەن بە زەویدا و بەڕێزەوە بەردەمی دەرگاکانی ماچ دەکەن . پاشان سڵاو بۆ ئیمام دەنێرن و داوای ئیزنی چوونە ژوورەوەی لێدەکەن و مەزارگەکەی ماچ دەکەن . لە دەوروبەری مەرقەددا سەکۆیەکی گەورە ھەیە کە بە بەرد دروستکراوە و شوێنی زانا ئاینییەکان و زیارتکەرە مەشھەدییە عەلەوییەکانە .

لەشاری کەربەلایشدا، دوو مەزارگەی بە ناوبانگ ھەیە کە ھەردووکیان، بەکەمێک جیاوازییەوە، بەشێوەی مەزارگەکەی ئیمامی عەلی دروستکراون . یەکەمیان مەرقەدی ئیمامی حسەینە و دووەمیشیان مەرقەدی حەزرەتی عەباسی برایەتی، کە ھەردووکیان لە کەربەلادا شەھیدکران . زیارەتکەرانی کەربەلایش، ھەروەک زیارەتکەرانی نەجەف، ڕۆژانە لەوێدا کۆدەبنەوە و و زیارەتی دەکەن . دیمەنی شاری کەربەلا جوانترێکە لە دیمەنی شاری نەجەف .دەوروبەرەکەی بە باخ و باخات و درەختی خورما تەنراوە و چەند ڕوبارێکیش بە ناویاند تێدەپەڕێت .

کەلاوەکانی ئەم شارەو خرابوونی بارودۆخەکەی، ھۆیەک بوون بۆ ئەوەی کە چاوی ھیوای تێببڕین . دیمەنی بارودۆخی گشتی و ژیانی خراپ و نەخوازراوی خەڵکەکەی ، پیشاندەری ئەوەبوون کە دەسەڵاتدارانی عوسمانی چ تاوانێکیان لەبەرامبەر خەڵکی ئەم شارەدا کردووە . دەسەڵاتدارانی عوسمانی خەڵکانێکی چاوقایم و نەزان بوون کە ھەرچییەکیان بویستبایە، بەبێ سڵەمینەوە ئەنجامیاندەدا، ھەروەک ئەوە کە خەڵکی عێراق کۆیلەی ئەوان بێت . کۆمەڵگای عێراق، بەشێوەیەکی گشتی زۆر لە حکومەت ناڕازی بوون و ھەروەک ئاماژەیشم پێدا، شیعە مەزھەبەکان، لەگەڵ ئەوەدا کە دەیانبینی ئازادی و عەدالەتیان لە دەست دەرچووە، بەڵام شانیان خستبووەژێر باری چەوسانەوەو ستەمی دەسەڵاتداراتی عوسمانییەوە و لەو ڕووەوە ھیچ کاردانەوەیەکیان لەخۆیان پیشاننەدەدا . سونییەکانیش لە دەسەڵاتی والییەکانی تورک بەسەر ھەموو کاروباری وڵاتەکەیاندا زۆر بەتووندی بێزارو ناڕازی بوون . بەتایبەتی کە سونییەکان خوێنی عروبە لە ڕەگەکانی خوێنیاندا ھاتوچۆی دەکرد و ژمارەیەکیش لەسەیدەکانیشیان، کە لە بنەماڵەی پێغەمبەربوون، خۆیان لە والییەکانی عوسمانییەکان بە شایستە و شیاوتر دەزانی بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت لە وڵاتەکەیاندا .

شارەکانی عێراق بە تەواوی بوو بوونە کەلاوە و خەڵکەکەیشی لە پیسی و خاک و خۆڵدا نوقم بووبوون . لەڕێگاو بانەکانی سەرانسەری وڵاتدا ئاسایش نەبوو، چەند دەستەوتاقمێکی چەتەو ڕێگریش لە بۆسەدا بوون بۆ کاروانەکان کە ئەگەر سوارە چەکدارەکانی دەوڵەتیان لەگەڵدا نەبوونایە، پەلاماریان دەدان وتاڵانیاندەکردن . کاروانە گەورەکان تەنھا کاتێک دەیانتوانی بەرەو مەنزڵگە بکەونە ڕێ کە کەسانی چەکداری حکومەت پشتیوانیان لێیکردنایە .

لەلایەکی تریشەوە، شەڕو تێکھەڵچوونی ھەمیشەیی لە نێوان خێڵەکانی ئەو ناوچەیەدا لە ئارادابوو . ڕۆژ نەبوو کە چەکدارەکانی سەربەخێڵێک دەست نەکەن بە تاڵان و بڕۆی ماڵ وموڵکی خێڵیکیتر و چەند کەسی تیا نەکوژرێت . نەزانی و دواکەوتوویی بەشێوەیەکی ترسناک باڵی کێشابوو بەسەرتاسەری عێراقدا و ئەم ڕەوشە تراژیدیایەی عێراق، سەردەم و ڕۆژگاری دەسەڵاتی کڵیسای سەدەکانی ناوەڕاستی بەسەرشارەکاندنی ئەوروپادا بەبیری مرۆڤ دەھێنایەوە . جگە لە توێژی زانایانی ئاینی و ژمارەیەکی کەمیش لە قوتابییە ئاینییەکان، کە لە نەجەف و کەربەلادا دەژیان، یان کەسانێکیتر کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیوەستبوون بە زانا ئاینییەکانەوە، لە ھەر ھەزار کەسدا، یەک کەس نەدەبینرا کەخوێندەواری ھەبێت و تەقریبەت ھەموو خەڵکەکەی نەخوێندەوار بوون . ئابووری دواکەوتوو، ھۆی سەرەکی نەخۆشی، ھەژاری، نەخوێندەواری و ھەموو کوێرەوەری و ڕۆژ ڕەشییەکانی خەڵکە ژیان مام ناوەنجیەکەی بوو . شیرازەی کاروبارەکان تێکچوبوو، پاشاگەردانی و بێسەرەوبەرەیی ھەموو شوێنێکی عێراقی گرتبووەوە . خەڵک و حکومەت گومانیان بەرانبەر بەیەکتری ھەبوو . لەو ڕووەوە ھیچ جۆرە ھاوکاری و لەیەکتر تێگەیشتنێک لە نێوانیاندا نەبوو . زانا دینییەکان ھێندە خەریکی کێشە خوداییەکان بوون، ژیانی ئەم دنیایەیان لەبیرچوو بووەوە .

بیابانەکان زیاتر وشکبوون و بەکەڵکی کشتوکاڵ نەدەھاتن . ھەردوو ڕوباری دیجلەو فورات، بە بێ ئەوەی کەڵکیان لێوەربگیرێت، ھەروەک میوانێک بە ناوەڕاستی زەوییە تینوەکاندا بەخێرایی گوزەریان دەکرد و دەڕژانە دەریاکانەوە . ئەم بارە شێواو و گەندەڵبووە، نەیدەتوانی درێژە بکێشێت و بە دڵنیاییەوە گۆڕانکاری بەدواوە بوو .

بەکورتی، بۆماوەی چوار مانگ لە نەجەف وکەربەلادا مامەوە . ئەوکاتەی لەنەجەف بووم، تووشی نەخۆشییەکی قورس بووم و ھیوایەکم بە چاکبوونەوەم نەمابوو . نەخۆشییەکەم سێ ھەفتەی خایاند . بەناچاری سەردانی پزیشکێکی شارەکەم کرد. دکتۆرەکە چەند دەرمانێکی پێدام کەپاش لە بەکارھێنانیان، وردە وردە چاکبوومەوە . ئەو ساڵە ھاوینێکی زۆر گەم بوو، گەرما ھەموو شوێنێکی گرتبووە . لەکاتی نەخۆشییەکەمدا لە ژێرزەمینێکی تا ڕادەیەک فێنکدا دەژیام . پارەیەکی کەمم دەدا بە خاوەن ماڵەکەم و ئەویش لەبەرانبەردا خواردن و دەرمانی بۆ ئامادە دەکردم . خاوەن ماڵەکەم بڕوای وابوو کە خزمەتکردنی زیارەتکەرانی ئیمامی عەلی، ئەبێتە ھۆی نزیک بوونەوە لە خوا . لەڕۆژەکانی سەرەتای نەخۆشییەکەمدا، ئاوی مریشکم دەخوارد، بەڵام پاشان دکتۆرەکەم ڕێگای پێدام کە گۆشتەکەی و برنجیش بخۆم.

پاش ئەوەی کە کەمێک چاکبوومەوە، چووم بۆ بەغداد . لە بەغداد ڕاپۆرتێکی دوورو درێژم. لەبارەی ئەو ڕووداوانەی کە لە شارەکانی کەربەلا، نەجەف، حلە و بەغداد دا دیبوونم، بۆ وەزارەتی مستعمرات ئامادەکردو ڕاپۆرتەکیش نزیکەی سەد لاپەڕەیەک دەبوو . نامەیەکیشم لەگەڵدا تەسلیم بە نوێنەری وەزارەتی مستعمراتکرد تا بینێرێت بۆ لەندەن . لە بەغداد چاوەڕێی فەرمانی نوێێ وەزارەتم دەکرد کە ئایا لەوەزیاتر لەعێراقدا بمێنمەوە ، یان بگەڕێمەوە بۆلەندەن .

حەزدەکەم ئەوەیش بڵێم کەزۆر تامەزرۆی گەڕانەوە بووم بۆ لەندەن، چونکە سەفەرەکەم زۆر دوورو درێژ بوو، ئارەزوی دیداری شارو وڵات وخێزانەکەمم دەکرد . بەتایبەتی تامەزرۆی بینینی ڕاسپۆتینی کوڕم بوو، کە ماوەیەکی کەم بە دوای سەفەرەکەمدا بۆعێراق، ھاتبووە دنیاوە و دیداری ئەویش ئارام و ئۆقرەی لەبەر ھەڵگرتبووم . لەو نامەیەدا داوام لە وەزارەت کردبوو کە لانی کەم بۆ ماوەیەکی کورت ڕێگام بدات تا بگەڕێمەوە بۆ لەندەن و لە پاش پێشکەشکردنی ڕاستەوخۆی ڕاپۆرتەکەم، بۆ ماوەیەکی کورت ئیسراحەت بکەم و ماندوویەتیم دەربکەم، چونکە سەفەرەکەی عێراقم سێ ساڵ درێژەی کێشا بوو . نوێنەرەکەی وەزارەتی مستعمرات لە بەغدادا پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە چیتر سەردانی نەکەم، چونکە دەبووە ھۆی ئەوە کە خەڵکی گومانم لەسەر دروست بکەن . بۆ ئەوەی گومانم لەسەر دروست نەبێت، ناچار بووم کە ژوورێک لە ئوتێلێکی نزیکی دیجلەدا بەکرێ بگرم . نوێنەرەکەی وەزارەتی مستعمرات پێی وتم کە ھەرکاتێک وەڵامێکم لە لەندەنەوە پێگەیشتەوە، ئاگادارت دەکەمەوە .

لەڕۆژەکانی نیشتەجێبوونم لە بەغداد، جیاوازییەکی گەورەم لە نێوان بارودۆخی گشتی بەغداد و ( قسگنگنیە )ی پایتەختی عوسمانیدا دەبینیەوە . بارودۆخەکەی بەغداد ئەوەی پیشاندەدا کە عوسمانییەکان بەھۆی دوژمنی و بەدگومانیانەوە بەرانبەر بە عەرەبەکان، تاچ ڕادەیەک دەستیان لە پیسکردن و وێرانکرنی شارەکانی عێراق نەپارستبوو.

چەند مانگێک دوای ئەوەی کە لە بەسرەوە چووم بۆ نەجەف و کەربەلا، زۆر خەمی شێخ محەمەد عه‌بدولوه‌هابم بوو . زۆر دڵنیا نەبووم لە خۆڕاگری و مانەوەی ئەو لەسەرئەو ڕێگایەی کە بۆم دیاریکرد بوو، چونکە کەسێکی مەزاجی بوو . جگە لەوەش، ئەو زۆر بەزوویی تووڕە دەبوو . بەھۆی ئەوەوە کە تایبەتمەندی کەسایەتی ئەوم دەزانی، ترسی ئەوەم لێی ھەبوو ئەوەی تا ئێستا لەگەڵیدا کردوومە، یەکسان بکاتەوە بەسفر و ئەو ئاوات و ئارەزوانەی کە لەمێشکیدا دروستمکردبوو، بەربای بدات .

ئەو کاتەی کە لە بەسرە بووم، ڕۆژێکیان محەمەد پێی لەسەر ئەوە داگرت کە سەفەرێکی تورکیا بکات و زانیاری لە بارەی ئەستەمبوڵەوە بەدەست بھێنێت، بەڵام من بەتەواوی پەشیمانمکردەوە لە سەفەرەکەیی و پێم گوت دەترسم کە تۆ لە تورکیا چەند قسەیەک بکەیت و قسەکانیشت ببێتە ھۆی تەکفیر و ئیلحاد بوونت و سەرئەنجامیش لەسەر ئەوە خوێنت دەکەنە کاسەوە . ڕاستییەکەی مەبەستم ئەوە بوو کە نەمدەویست دیدارو گفتوگۆ بکات لەگەڵ ھەندێک لە زانایانی ئاینی ئەھلی سوننەدا، چونکە لەوانە بوو کە ئەوان بە لۆژیکی بەھێزی خۆیان، دووبارە محەمەد بگێڕینەوە بۆسەر مەزھەبی سوننەگەری و بەم ھۆیەشەوە ھەموو نەخشەکانی منیش ببێتە بڵقی سەر ئاو .

کاتێک کە بینم شێخ ھەر سوورە لەسەر دەرچوونی لەبەسرە، ھانمدا بۆ ئەوەی کە سەفەرێکی ئێران بکات و بچێت شارەکانی شیرازو ئەسفھان ببینێت . پێویستە ئەوەیش بڵێم کە خەڵکی ئەو دوو شارە شیعەن و ئەوەم بە دوور دەزانی کە بیروڕاکانیان کاریگەرییەکی نێگەتیڤانە لەسەر ئەقڵی شێخ دابنێن و لەو ڕووەیشەوە ترسێکم لێی نەبوو، چونکە شێخم بە باشی دەناسی .

لەکاتی خوا حافیزیدا لێم پرسی :" ئایا تۆ بڕوات بە خدعە ھەیە " . لەوەڵامدا وتی : " بەڵێ .. چونکە یەکێک لە یارانی پێغەمبەر ـ مقداد ـ کە باو ک و دایکی لە شەڕی کافرەکانی قورەیشددا کوژرا بوو، لەترسی گیانی، خۆی وەکو کافر پیشاندابوو، پێغەمبەریش ئاماژەی بەم ڕێڕەوەی مقداد کردووە ". منیش پێم گوت کە " ئەم بڕیارەش لەسەر تۆ واجبە کە لە ئێراندا خدعە لەبیر نەکەیت و دەبێت خۆت وەک شیعەیەکی تەواو پیشان بدەیت، تا بەھۆی ئەم خدعەیەتەوە نەتوانن ھێرش بکەنە سەرت و گفتوگۆیش لەگەڵ زانا ئاینیە شیعەکاندا بکە و ھەوڵیشبدە کە لە خوێندنەوەی داب و نەریتی ئێرانییەکاندا سەرکەوتن بەدەست بھێنیت، چونکە ئەنجامدانی کارێکی لەوجۆرە، لەداھاتوودا بەرھەم وسوودی بۆت دەبێت و لە ئامانجەکانت نزیکترت دەکاتەوە ".

پاش لەو گفتوگۆییە، بڕێک پارەم وەکو زەکات پێدا . زەکات جۆرێکە لە باجی ئیسلامی لەو کەسانەی دەستێنن کە لەڕووی مالییەوە توانایان ھەیە و ئەم زەکاتەیش بۆ ئەو کاروبارانە خەرج دەکرێت کە لە بەرژەوەندی گشتیدایە .

شێخ پێویستی بە ئەسپێک ھەبوو، منیش ئەسپەکەم بۆ کڕی و ھاوسارەکەیم دایە دەستی و لێی جودابوومەوە . لەوکاتەوە ھەتا ئەمڕۆکە، ھیچ خەبەرێکم لە شێخ نییە و نازانم کە چی لێبەسەر ھاتووە . نیگەرانی من لەو ڕووەوەیە کە ئەو کاتەی بەسرەی بەجێھێشت، ژوانێکمان دیاریکرد و بڕیامان وابوو کە لە سەروەختی دیاریکراودا ھەردووکمان بگەڕێینەوە بۆ بەسرە و ئەگەر یەکێکیشمان دواکەوت، ئەوا نامەیەک لەباری حاڵی تایبەتی خۆیەوە بۆ ئەویترمان بنووسێت و بیداتە دەست (عه‌بدولڕه‌زا)ی دارتاش، تا لەمڕێگایەوە ھۆیەکانی نەھاتنەوەی بۆ بەسرە بزانرێت، بەڵام تا ھەنوکە ھیچ ھەواڵکی شێخ محەمەدم پێنەگەیشتووە . 

___________________________________________________________

- به‌شی چواره‌م: www.emrro.com/bireweriyekanimisterh4.htm

- به‌شی سێیه‌م: www.emrro.com/bireweriyekanimisterh3.htm

- به‌شی دووه‌م: www.emrro.com/bireweriyekanimisterh2.htm

- به‌شی یه‌که‌م: www.emrro.com/bireweriyekanimisterh1.htm

- پێشه‌کیی وه‌رگێڕی کوردی: www.emrro.com/bireweriyekanimisterh.htm

 

 

که‌نه‌دا - تۆرینتۆ

kurdstanpost.new@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک