٢٢\٢\٢٠١٢
بیرەوەرییەکانی مستەر ھمفێر.
- جاسوسی بەریتانی لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا -

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: تاھیر ساڵح شەریف
-
بەشی شهشهم -
پاش ماوەیەک لە چاوەڕوانیکردن، سەرئەنجام
فەرمانە پێویستەکانی وەزارەتی مستعمرات گەیشتنە بەغداد. دەوڵەتی
بەریتانیا داوای لێکردبووم کە بەپەلە بگەڕێمەوە بۆ لەندەن. بە ناچاری
گەڕامەوە بۆ لەندەن. ھەر کە گەیشتمە لەندەن، لەگەڵ جێگری وەزیر و
ئەندامانی پایەبەرزی وەزارەتی مستعمراتدا لیژنەیەکمان پێکھێنا. لە
کۆبوونەوەی لیژنەکەدا، ڕاپۆرتی مەئموریەتەکەم، کارەکان و
لێکۆڵینەوەکانم خستەبەردەمی لێپرسراوانی لەندەن و ئەوانم لە بارودۆخی
میزۆپۆتامیا ئاگادارکردەوە.
خودی مەئموریەتەکەم و ئەو زانیاریانەی کە لەبارەی عێراقەوە خستبوومە
بەردەستیان، ھەموویانی خۆشحاڵکرد. پێشتریش لەعێراقەوە چەند ڕاپۆرتێکم
ناردبوو، کە لەو ڕاپۆرتانەشم ڕازی بوون . سهفیەش ڕاپۆرتی خۆی ناردبوو،
کە لێکچوونێکی تەواوی لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی مندا ھەبوو . تێگەیشتم کە لە
کاتی سەفەرەکەمدا، وەزارەت چەند فەرمانبەرێکی خۆی بەنھێنی ناردبوو بۆ
چاوەدێریکردنم و ئەوانیش لە ڕاپۆرتەکانیاندا خۆشحاڵی خۆیان لە سلوک و
کارەکانم دەربڕیبوو، ھەروەھا ڕاستی ئەو بابەتانەی کە بۆ لەندەنم
ناردبوون، ھەموویان سەلماند بوو . بەگشتی جێگاو شوێنێکی زۆر باشم لە
مەئموریەتەکەی دووەممدا بەدەستھێنابوو، ھەرلەبەرئەو ھۆیەش بوو کە جێگری
وەزیر ژوانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ وەزیری مستعمراتدا بۆ وەرگرتبووم و
بەھۆی ئەوەوە چووم بۆ دیداری وەزیر . ھەرکە جەنابی وەزیر چاوی پێم کەوت،
وەک گوڵ گەشایەوە و پاش لە چۆنی و چاکی و ئەحواڵپرسی، ئینجا دەستیدرێژ
کرد و بەگەرمی تەوقەی لەگەڵدا کردم. ئەم چاوپێکەوتنەیان جیاوازیەکی بە
ئاشکرای ھەبوو لەگەڵ چاوپێکەوتنە کورت و ساردو سڕەکانی پێشووتردا .
بە تایبەتی جەنابی وەزیر، لە لێھاتووییم کە توانیبووم کاریگەری لەسەر
محەمەد عهبدولوههاب دابنێم، زۆرخۆشحاڵ بوو . لەیادم ماوە کە پێی گوتم
:" تەئسیردانانت لەسەر محەمەد عەبدالوھاب، بۆخۆی گەورەترین ئامانجی
وەزارەتی مستعمرات بووە " . جەنابی وەزیر جەختێکی زۆری لەسەر ئەوە
دەکرد کە باسی ئەو ڕێکەوتنەی بۆ بکەم کە لەگەڵ محەمەد عبدالوەھابدا کرد
بووم لەسەر ئەو ئەرکانەی کە لە داھاتوودا دەبێت بۆ ئێمە ئەنجامیان بدات،
ھەروەھا لەقسەکانیدا چەندین جار ددانی بەوەدا دەنا کە ھەموو ئەو
زەحمەتانەی بۆ بەریتانیای گەورەم کێشاوە، تەنھا لەناسین و کاریگەری
دانانم لەسەر محەمەد عبدالوەھابدا خۆیان بەرجەستە دەکەنەوە . دیسان
گەیشتن بەم ئەنجامەش، بەھای ئەوەی ھەیە کە یەکسان بکرێت بە ھەموو ھەوڵ
و کۆششەکان . وەزیری مستعمرات دەرکی بەوە کرد بوو کە من لە خەمی
ئاگادار نەبوونی چەند مانگەی چارەنووسی محەمەد عهبدولوههابم، بە
ئارامییەکەوە پێی گوتم :" ئاگاداربە! ئەوەی کە تاکو ئێستا لەگەڵ شێخدا
ئەنجامتداوە، لە دەستی نەدەیت، مەئمورەکانمان لە ئەسفەھاندا بەردەوام
پەیوەندی پێوە دەکەن و ئەو ڕاپۆرتانەی دەینێرن باس لەوەدەکەن کە شێخ
محەمەد لەو ڕێگایەی کە تا ئێستا بڕیویەتی بەرەو دواوە نەگەڕاوەتەوە .
منیش لەدڵی خۆمدا لەخۆمم دەپرسی :" باشە چۆن شێخ بەو ھەموو لەخۆبایی
بوون و غرورەوە کە ھەیەتی، ڕێگای بەوەداوە کە سیخوڕەکانی ئینگلیز
بەکاروباری ئەو بزانن؟ " لەوە دەترسام کە ئەگەر ئەوپرسیارە ئاڕاستەی
وەزیر بکەم ، ڕەنگە پێی ناخۆش بێت. ماوەیەکی زۆر پاش لەوە کە دووبارە
شێخم بینییەوە، ڕووداوەکەی بۆ گێڕامەوە و ووتی لە ئەسفەھاندا بووە بە
ناسراوی پیاوێک کە ناوی عبدالکریم بووە و پیاوەکەش وەک برای من خۆی
پێناساندووە و لەم ڕێگایەوە متمانەو بڕوای شێخی بەرەو خۆی ڕاکێشاوە و
توانیویەتی لە نھێنییەکانی تێبگات . پاش ماوەیەک، ێەفیەش چووە بۆ
ئەسفەھان و شێخ بۆ ماوەی دوومانگیتر سیغەی کرد بووەوە . سهفیە و شێخ
پێکەوە سەفەریان بۆ شیراز نەکردبوو. عهبدولکهریم لەگەڵ شێخدا
ڕۆیشتبوو بۆ شیراز . لە شیرازیش، عهبدولکهریم ژنێک لە شێخ سیغە دەکات
کە زۆر لە سەفیە شۆخ و شەنگتر و سێکسیتر بووە. ئەو ژنە گەنجەیش ناوی "
ئاسیە " بووە و لەیەکێک لەخێزانە جولەکەکانی نیشتەجێی ئەسفەھان بووە .
پێویستە ئەوەش بڵێم کە عهبدولکهریم ناوی خوازراوی یەکێک لە
مەسیحییەکانی جلفای سەر بە پارێزگای ئەسفەھانە کە چەند ساڵێک
بەکرێگیراوی وەزارەتی مستعمراتی بهریتانیا بووە لە ئێراندا . ئەویش
ھەروەک " ئاسیە " ، لە شاری شیرازدا خەریکی جاسوسیکردن بوو بۆ دەوڵەتی
ئینگلیز.
بەکورتی بڵێم، لە ئەنجامی ھەوڵ و کۆششی شەو و ڕۆژمانەوە، توانیمان کە
بە چوار کەسی، واتە سهفیە، ئاسیە، عهبدولکهریم و نووسەری ئەم
یاداشتانە، شێخ محەمەد عهبدولوەھاب بەپێی خواست و مەیلی وەزارەتی
مستعمراتی بهریتانیای گەورە پەروەردە بکەین و بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی
داھاتووش ئامادەی بکەین. ئەم خاڵەش بەبیر بھێنمەوە کە لەڕۆژی
چاوپێکەوتنەکەم لەگەڵ وەزیردا، جگە لەوەزیر و جێگرەکەی، دووکەسی پایە
بەرزیتری وەزارەتم بینی کە پێشتر نەمدەناسین و ئەوانیش بەشدارییان
لەکۆبوونەوەکەماندا کرد. وەزیر لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ڕووی تێکردم و
وتی :" ئێستا تۆ شایانی وەرگرتنی بەرزترین نیشانەی وەزارەتی مستعمراتی
بەریتانیایت، نیشانەیەک کە دەوڵەت وەک ڕەمزی سەرفرازی دەیدات بە جاسوسە
پلە یەکەمەکانی خۆی". لەکاتی خوداحافیزیدا بە زمانێکی پەیگیرانە وتی :"
فەرمانمداوە بە جێگرەکەم تاکو لە ھەندێک مەسەلەی نھێنی دەوڵەت ئاگادارت
بکاتەوە. تێگەیشتن لەو مەسەلانە دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ ئەوەی کە
باشتر بتوانیت مەئموریەتەکانت ئەنجام بدەیت .".
خۆشحاڵبوونەکەی وەزیر لە مەئموریەتەکەم، بووە ھۆی ئەوەکە ئیجازەیەکی دە
ڕۆژیم بداتێ و ئەو ھەلەم بۆ بڕەخسێنێت کە ھاوسەرەکەم و منداڵەکەم
ببینم. مناڵەکەم تەمەنی سێ ساڵ بوو، شێوەی زۆر لەخۆم دەچوو، ھەندێک
وشەی خۆش فێر بوو بوو، ھەروەھا پێیشی گرتبوو، کاتێک کە بەو شێوەیە
بینیم، بە ڕاستی ھەستم دەکرد کە پارچەیەک لە دڵ و گیانم بەسەر زەویدا
ھەنگاو دەنێت. بە داخەوە کە چرکەساتەکانی خۆشی ژیان، زۆر بەخێرایی و
بەپەلە تێدەپەڕێت. ئەو خۆشحاڵی و شادییەی کە لەو چەند ڕۆژەدا لەگەڵ
ھاوسەر و منداڵەکەمدا بەسەرمبرد، بە ھیچ زمانێک بۆم پێناسە ناکرێت.
ھەندێک جار ئەوەندە خۆشحاڵ دەبووم کە خەریک بوو باڵ بگرم. ئەو دە ڕۆژەی
کە لە لەندەن و لە ناو خێزانەکەمدا بەسەرمبرد، خۆشترین ڕۆژەکانی ژیانم
بوو. پوورێکی پیرم ھەبوو کە لە مناڵیمەوە منی لە باوەشی سۆز و
میھرەبانی خۆی گرتبوو. لە ماوەی ئەو دە ڕۆژەدا توانیم کە بۆ دوایین جار
چاوم پێی بکەوێتەوە. لەم دیدارەی ئەویش زۆر خۆشحاڵ بووم. کاتێک کە پاش
لە دە ڕۆژ پشوو، سێیەمین سەفەری خۆمم دەستپێکردەوە، زۆر بە داخەوە کە
ھەواڵی مردنی ئەوم پێگەیشت.
دە ڕۆژ ئیجازەکەم بە خێراییەکی تیشک ئاسا تێپەڕیکرد، ھەروهک بڵێیت کە
ئەو دە ڕۆژە یەک کاتژمێر زیاتر نەبووە. ئەمە ڕاستییەکی زۆر تاڵە کە
ڕۆژە خۆشەکانی ژیان بە خێراییەکی ھەرچی زیاترەوە تێدەپەڕن و
ساتەوەختەکانی ڕۆژ ڕەشی و نەگبەتیش، ھەرچەندە کە کورتیش بن، بەڵام وەک
درێژایی ماوەی ساڵەکان لێتدەگوزەرێن. لە ڕۆژە خۆشەکانی لەندەندا، بیرم
لەو ڕۆژانە دەکردەوە کە لە نەجەفدا نەخۆش کەوتبووم و ھەر چرکە ساتێکیم
بە ساڵێک لێدەڕۆیشت. ھەرگیز ناتوانم کە ئەو ڕۆژە ناخۆشانە لە بیرخۆم
ببەمەوە. بیرەوەرییە خۆش و شیرنەکان بە کەمی لە یادی مرۆڤدا دەمێننەوە،
بەڵام بیرەوەرییە تاڵ و تفتەکان بۆ ھەرگیز لەبیر ناچنەوە .
پاش تەواو بوونی ماوەی ئیجازە دەڕۆژییەکەم، ناچار بووم کە بچمەوە بۆ
وەزارەت تا بزانم مەئموریەتی داھاتووم چییە . کاتێک کە چاوم بە جێگری
وەزیر کەوت، وەک ھەمیشە دەم بە پێکەنین و ڕووی خۆش بوو . بەگەرمی
تەوقەی لەگەڵدا کردم و بەزمانێکی ھاوڕێیانە پێی گوتم :" خودی وەزیر
فەرمانی بە من داوە کە لە دوو نھێنی زۆر گرنگ ئاگادارت بکەمەوە کە
کۆمیسیۆنی تایبەت بە کارو باری مستعمرات بۆچونی خۆیی لە بارەیانەوە
دەربڕیووە . ئاگادار بوونت لەو نھێنیانە، زۆر بەکەڵک و کاریگەرن بۆ
مەئموریەتەکانی داھاتووت . ئەوەش بزانە کە تەنھا ژمارەیەکی کەم لە
ئەندامانی وەزارەتی مستعمرات ئاگاداری ئەم دوو نھێنییەن " . پاشان
دەستی گرتم و بردمی بۆ یەکێک لە ژوورەکانی وەزارەت . چەند کەسێک لە
ژورەکەدا بەدەوری مێزێکدا دانیشتبوون . ھێندە لەبینینی ئەو کەسانە سەرم
سوڕما کە خەریک بوو ھاوار بکەم، چونکە ئەو ١٠ کەسەی کە بەشدار بوون لە
کۆبوونەوەکەدا، بریتی بوون لە:
١ ـ شەبیھەکەی ئیمپراتۆری عوسمانی، کە بەزمانی تورکی و ئینگلیزی قسەی
دەکرد .
٢ ـ شەبیھەکەی شێخ ئهلئیسلامی قوستەنتینیە .
٣ ـ شەبیھەکەی شای ئێران .
٤ ـ شەبیھەکەی زانایەکی ئاینی شیعەی ئێرانی .
٥ ـ شەبیھەکەی مەرجەعی تەقلیدی شیعەکانی نەجەف .
ئەم سێ کەسەی دوایی بە زمانی فارسی، عەرەبی و ئینگلیزی قسەیان دەکرد .
لە تەنیشتی ھەریەکێک لەو کەسانەوە یاریدەدەرێکیش دانیشتبوو کە
قسەکانیانی دەنووسیەوە و بۆ ئامادەبووانی کۆبوونەوەکەیان تەرجمە دەکرد
. دیار بوو کە ھەریەکێک لە یاریدەرەکانیان بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ ئەو
پێنج کەسەدا پەیوەندی نزیکیان ھەبووە و ئەوانیشیان لە ڕاپۆرت و
زانیارییە بە دەستھاتووەکانی سیخوڕەکانی ئینگلیز، لەبارەی ھەر پێنج
لێپرسراوە ڕاستەقینەکەی نیشتەجێ لە (ئەستەنبوڵ ، تاران و نەجەف)دا
ئاگادار کردووەتەوە، چونکە کەسە شەبیھەکان بە تەواوی ئەرکەکان و جێگاو
شوێنی خۆیانیان دەزانی و دەیانزانی کە چی بڵێن و چی بکەن . جێگری وەزیر
دەستی بە قسەکردەوە و وتی : " ئەم پێنج بەڕێزە چوونەتە چوارچێوە و
قاڵبی کەسایتییە ڕاستەقینەکانەوە تا بزانرێت کە لێپرسراوانی ناوبراو
چۆن بیر دەکەنەوە و بیروڕایان سەبارەت بە دوا ڕۆژ چییە و چۆنە ؟ ئێمە
ھەریەکێکیانمان لە بارەی ئەو زانیارییانەی کە لە شارەکانی ئەستەنبوڵ،
تاران و نەجەفەوە پێدەگات، ئاگادرکردۆەتەوە . ئێستا ئەوان ھەست بەمە
دەکەن کە ھەربەڕاستی پێنج لێپرسراوی ڕاستەقینەو سەرەکین و بە کەڵک
وەرگرتن لەو زانیاریانەی ھەیانە، وەڵامی پرسیارەکانمان دەدەنەوە . ئێمە
بەو ئەنجامە گەیشتووین کە بیرو ڕا و ئەنجامگیرییەکانیان لەبارەی ئەو
کێشە و وەڵامانەی دەیدەنەوە بەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەیان دەکرێت، لە
٧٠% لەگەڵ ڕاستیدا دێنەوە، واتە لە٧٠% لەگەڵ ئەو بیروڕایانەی کە
لەمێشکی کەسایەتییە ڕاستەقینەکاندایە، ھاوسەنگ و یەکسانن " . جێگری
وەزیر لە درێژەی قسەکانیدا ڕووی کردە من و گوتی : " ئەگەر حەز بکەیت،
ئەوا دەتوانیت دەست بە تاقیکردنەوەکانی خۆت بکەیت لەسەریان. بۆنموونە،
دەتوانیت پرسیارگەلێک ئاڕاستەی مەرجەعی تەقلیدی شیعەکانی نەجەف بکەیت "
. وتم : " زۆرباشە ". دەستمکرد بە پرسیارکردن لە شەبیھەکەی مەرجەعی
تەقلیدی شیعە . یەکەمین بابەتێک کە لەبارەیەوە پرسیارم لێکرد، ئەمە بوو
: " ئایا ڕێگا دەدەیت کە پەیڕەوانی ئێوە، واتە پەیڕەوانی مەزھەبی شیعە،
دەست بە نایاری و یاخی بوون بکەن لە دژی حکومەتی سونییە دەمارگیرەکانی
عوسمانی و جەنگ لەدژی حکومەتی عوسمانییەکان ڕابگەیەنن ؟ ". شەبیھەکەی
مەرجەعی شیعە، پاش کەمێک بیرکردنەوە، ئینجا وتی : " من ڕێگای جەنگیان
پێنادەم، چونکە ئەوان موسڵمانی سوننە مەزھەبن و بەپێی ئایەتی قورئانی
پیرۆزیش (ھەموو موسڵمانەکان برای یەکترین). تەنھا لە کاتێکدا ڕێگا بە
جەنگ دەدرێت کە عوسمانییەکان خەڵکی بچەوسێننەوە، لەم حاڵەتەدا لە
دەروازەی ئەمر بە چاکەو نەھی لەخراپە، دەتوانێرێت خەبات لە دژی
کردەوەکانی حکومەت بکرێت و ئەمەش تا ئەو کاتەی کە ستەم و چەوسانەوەکە
بنەبڕدەکرێت و چەوسێنەران ناچاردەکرێن کە واز لە کردەوەی
چەوسێنەرانەیان بھێنن". منیش گوتم: " گەورەم ! ئەی بیروڕای تۆ لەبارەی
یەھودی و مەسیحییەکانەوە چییە ؟ ئایا ھەر بەڕاستی ئەوان گڵاو و ناپاکن
؟ ". لەوەڵامدا گوتی :" بەڵێ ! .. بەدڵنیاییەوە ئەم دوو گروپە گڵاون و
خۆ دوورخستنەوە و خۆ پاراستنی موسڵمانان لێیان واجبە ". لێم پرسی : "
بۆچی ؟ " . وەڵامی دامەوە :" ئەم مەسەلەیە لەڕووی مەبدەئیەوە وەک یەک
مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، چونکە ئەوانیش ئێمە بە کافر دەزانن و
پێغەمبەری ئیسلام بەدرۆ دەخەنەوە. لەبەرئەوە، ئێمەش وەک بەرامبەرەکەمان
مامەڵە دەکەین ". پاشان لێم پرسی : " سەرەڕای ئەوە کە پێغەمبەر
ئامۆژگاری کردووین پاک و خاوێن بین و پاک و خاوێنی بە نیشانەی
ئیمانداری زانیوە، ئەی بۆچی لە مەزارگەکەی ئیمامی عەلیدا ئەو ھەموو
خەوش و خەشەڵە بەسەریەکدا کەڵەکە بووە ؟ بۆچی بازاڕو کۆڵانەکان ئەوەندە
پیس و پۆخڵن ؟ بەھۆی نەبوونی ئاودەست (توالیت)ەوە، تەنانەت دەبینم کە
قوتابییەکانی قوتابخانە ئاینییەکان ناچارن لە گۆڕەپانی قوتابخانەکەدا
میز بکەن! " . شەبیھەکەی مەرجەع وەڵامی دایەوە :" بێگومان ئیسلام پاک و
خاوێنی بە بەشێک لە ئیمانداری زانیووە، بەڵام چی لە کەمی ئاو و
لامبالاتی کاربەدەستانی حکومەتی عوسمانی بکرێت بەرانبەربە پاک وخاوێنی
ولات، کە بوونەتە ھۆی دروستبوونی ئەم بارودۆخە.".
خاڵی سەرنج ڕاکێش لەم حیوارانەدا ئەمە بوو کە وەڵامەکانی شەبیھەکەی
مەرجەعی تەقلیدی شیعە، بەبێ کەم و زیاد و ڕێک وەک وەکو وەڵام و
دەربڕینەکانی مەرجەعی ڕاستەقینەی نەجەف وابوو . تەنھا ئەم ڕستەیە نەبێت
:" گوێ نەدانی حکومەتی عوسمانی بە پاک و خاوێنی وڵات "، کە شەبیھەکەی
مەرجەعی شیعەی نەجەف لە خۆییەوە ئەوەی بۆی زیاد کردبوو، چونکە ئەو
دێڕەم لەزمانی زانایانی ئاینی نەجەفەوە نەبیستبوو . بەھەرحاڵ، زۆر سەرم
لەم ھاوئاھەنگی و لێکچوونانە سوڕما بوو، چونکە وەڵامەکان ڕێک وەکو ئەو
وەڵام و بابەتانە بوون کە مەرجەعی ڕاستەقینە بەزمانی فارسی دەریبڕی
بوون و مەرجەعی شیعە تەقلیدکارەکەش بە زمانی فارسی گفتوگۆی لەسەر
دەکردن. پاش ئەو گفتوگۆیە، جێگرەکەی وەزیر پێی گوتم : " ئەگەر حەز
بکەیت، ئەوا دەتوانیت پرسیار لە چوار کەسەکەیتریش بکەیت. ئەوانیش
ھەروەک کەسایەتییە ڕاستەقینەکان وەڵامت دەدەنەوە". پێم گوت کە من
چۆنییەتی بیرکردنەوە و تەعبیرەکانی شێخ ئهلئیسلامی ئەستەنبوڵ (شێخ
ئەحمەد ئەفەندی) دەزانم و ڕستەکانیم بە تەواوی لە یاد ماوە، ڕێگا بدەن
تا پرسیارەکانم لە شەبیھەکەی شێخ ئەحمەدیش بکەم. ئینجا پرسیارم لێکرد :
" ئەفەندی ! ئایا ملکەچکردن بۆ خەلیفەی عوسمانی واجبە؟ " . بەدیلەکەی
شێخ وەڵامی دامەوە و وتی : " بەڵێ کوڕم! ھەر وەک ملکەچکردن بۆ خوا و
پێغەمبەر " . منیش وتم: " بە چ دەلیلێک ؟ " شەبیھەکەی وەڵامی دامەوە و
وتی:" ئەی ئەم ئایەتە پیرۆزەت نەبیستووە کە دەڵێت : ملکەچی خوا و
پێغەمبەر و وەلی ئەمرەکانیان بن (اطعوا اللە و اطعوا الرسول و اولی
الامر منکم) منیش لێم پرسی کە: " ئەگەر ھەرخەلیفەیەک وەلی ئەمرە، ئەی
کەواتە خوایش فەرمان بە ئێمە دەدات کە پەیڕەوی لە یەزدیش بکەین، چونکە
ئەویش خەلیفە بوو، کەچی لە ھەمانکاتیشدا ڕێگایدا بە لەشکرەکەی تا شاری
مەدینە وێران بکەن و ئامۆزازاکەی پێغەمبەر (حسەین )یش بکوژێت. چۆن خوا
فەرمان بە ئێمە ئەدات کە پەیڕەوی لە خالیدی کوڕی وەلیدێک بکەین کە
مەیخۆر بووە؟". بەدیلەکەی شێخ ئەحمەد وەڵام دەداتەوە:" کوڕی خۆم! لەلای
خوا یەزید یەکێک بوو لە ئەمیرالاموئمنین، بەڵام لە کوشتنی حسەیندا
کەوتە ھەڵەوە و پاشانیش تۆبەی کرد، فەرمانی فەرھود و کوشت و کوشتاری
بەکۆمەڵی خەڵکی مەدینەیش بەھۆی گەندەڵی، سەرپێچی و سەربزێوی
خەڵکەکەیەوە بوو لە فەرمانەکانی خەلیفەی موسڵمانان و لەو ڕووەوە،
یەزیدیش بێتاوان بووە. ئەوەش ڕاستە کە وەلید شەرابی دەخواردەوە، بەڵام
شەرابەکەی لەگەڵ ئاودا تێکەڵاو دەکرد و ئەمەیش دەبووە ھۆی ئەوە کە مەست
نەبێت. ئەم شێوەیە لە شەراب خواردنەوە لە ئاینی ئیسلامدا حەرام نییە (شەراب
خواردنەوە لە ئاینی ئیسلامدا بە تەواوی حەرامە و ھیچ مەرجێکیش بۆ حەڵاڵ
بوونی دانەنراوە - وەرگێڕی فارسی.).
ئەو کاتەی کە لە ئەستەنبوڵ بووم، لەبارەی حەرامکردنی شەرابەوە چەند
پرسیارێکم لە شێخ ئەحمەدکردبوو، وەڵامەکەی ئەو کەمێک جیاوازی ھەبوو
لەگەڵ وەڵامی شەبیھەکەی لەندەنیدا . پاش لەبەراوردکردنی قسەکانی
لێپرسراوانی ڕاستەقینەو شەبیھەکانیان، بە کەڵک وەرگرتنم لەو بابەتانەی
کەلێپرسراوانی ڕاستەقینە دەریانبڕیبوو، پێشتریش لە زمانی خەڵکی ئەو
وڵاتانەوە بیستبووم، بە جێگری وەزیری مستعمراتم گوت :" دروستکردنی ئەم
شەبیھانە چ سوودێکیان بۆ ئێمە ھەیە ؟ ". وەڵامی دامەوە : " ئێمە
لەمڕێگایەوە دەتوانین بیروڕاو مەیلەکانی پاشاکان، زانایانی ئاینی و گشت
موسڵمانان، بە شیعەو سونەوە، بزانین و ئەو ژمارەو ئەنجامانەی کە لەم
گفتوگۆیانەوە بەدەستیان دەھێنین، لە یەکلایکردنەوەی مەسەلە سیاسیی و
ئاینییەکانی ناوچەکەدا بەکاریان ببەین . بۆ نموونە، ئەگەر ھەست بکەین
کە فڵانە زانای ئیسلامی، یان فڵانە پاشا لە سنورەکانی ڕۆژھەلاتی
ناوچەکەدا دوژمنایەتیمان دەکات، ئەوا بەخێرایی لە ھەموو لایەکەوە
ھێزەکانی خۆمان بۆ پوچەڵکردنەوەی ھەنگاوەکانی ئەو ئاڕاستە دەکەین،
بەڵام ئەگەر بەڕاستی بزانین کە دوژمنەکەمان لەکوێدا خەریکی چالاکین ،
ئەوا ناچار دەبین کە ھەموو ھێزەکانی خۆمان بە سەرتاسەری ناوچەکەدابڵاو
بکەینەوە، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە، لەڕێگای نمایشکردنی ئەم
شانۆگەریانەوە دەتوانین ئەنجامگیرییەکانی کەسێکی موسڵمان لەبارەی سونەت
ئەحکامەکانی ئیسلامەوە بزانین و بەم ھۆیەشەوە بیروباوەڕی لەق بکەین و
گومان لە زەین و مێشکیدا دروست بکەین و کۆمەڵێک باس و بابەتی ئەبستراک
و ڵۆجیکی ئامادە بکەین تا بیروڕاکانی ڕەتبکەینەوە . ئەم ھەنگاوانە،
لەدروستکردنی ناکۆکی و دووبەرەکی موسڵمانەکاندا کاریگەریەکی بەرچاویان
دەبێت و بیروباوەڕی موسڵمانەکان لەرزۆک دەکات " . جێگری وەزیر پاش
لەتەواوکردنی قسەکانی، پەرتوکێکی قەبارە گەورەی پێدام تاکو بیخوێنمەوە،
پەرتوکەکە ھەزار لاپەڕە بوو . لە پەرتوکەکەدا، ژمارە و ئەنجامی
بەراوردکارییەکان و ئەو ئەنجامانەی کە لە گفتوگۆو مناقەشاتی کەسایەتییە
ئەسڵیەکان لەگەڵ شەبیھەکانیاندا بەدەستھاتبوون، چاپکرابوون . دەبووایە
کە من ئاگاداری پرۆژەکان و سەرەداوی بابەت و مەسەلە سەربازی، مالی،
کڵتوری و ئاینییەکاننی دەوڵەتی بهریتانیا بم لە وڵاتانی ئیسلامیدا، کە
لەسەر بنەمای ئەنجامگیرییە بەدەستھاتووەکانەوە داڕێژرابوون. بەھەرحاڵ .
کتێبەکەم بردەوە بۆ ماڵەوە و لە ماوەی سێ ھەفتەدا، لەسەرەتاوە
تاکۆتاییەکەی بەووردی خوێندەمەوە .پاش ئەو ماوەیەی کە بۆم دیاریکرابوو،
کتێبەکەم گێڕایەوە بۆ وەزارەتی مستعمرات . بەڕاستی لە نووسینی ووردی
کتێبەکە، ڕاستی و دروستی ھەڵسەنگاندنەکان، ئەوباس و ئەو ئەنجامگیریانەی
کە لەبارەی بیروباوەڕ و بۆچوونەکانی پیاوانی زانست و کەسایەتییە
ئاینییەکانی ئیسلامەوە کرابوون تووشی شۆک بووم . لە ٧٠%یان ڕاست بوون و
لە ٣٠% یشیان جیاواز بوون . پاش خوێندنەوەی کتێبەکە، لەوە دڵنیابووم کە
حکومەتی وڵاتەکەی من، واتە بەریتانیای گەورە، لە کارەکانیدا سەرکەوتن
بەدەست دەھێنێت و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بەپێی پێشیینییەکانی ھەمان
پەرتووک، بۆماوەی کەمتر لە سەدەیەک ھەرەس دەھێنێت.
لە دیدارەکەم لەگەڵ جێگری وەزیردا، لەوە تێگەیشتم کە ئەم بەدیل
دروستکردنانەی وەزارەتی مستعمرات بۆ ھەموو وڵاتانیتری جیھان کاریان
لەسەرکراوە و بەپێی ژمارەو بەڵگە پێویستەکانیش، بەرنامەڕێژیی بۆ بە
مستعمەرەکردنیان کراوە.
لەجێگری وەزیرم پرسی :" باشە بەم ھەموو دیقەتەوە چۆن ئەم کەسایەتییە
تەزویرانەتان بۆ پەیدا کرا؟" . وەڵامی دامەوە :" ئەم کەسانە خەڵکی
وڵاتانی جێگە مەبەستن و جاسوسەکانمان پاش لە توێژینەوە و
ھەڵسەنگاندنیان بۆ ئەم کارە ھەڵیانبژاردوون و پێشنیاریان بۆ لەندەن
کردووە تا ئەم کەسایەتیانەیان لێدروست بکەن. ئێمەیش پاش لە ھەڵسەنگاندن
و بەراوردکردنی دووبارەیان لەسەر بناغەی بەڵگەو زانیارییە
پێویستەکانەوە، دەربارەی بیروڕاکانی کەسایەتییە ڕاستەقینەکان، ڕازی
بووین لەسەر ھەڵبژاردنیان بۆ بینینی ھەمان ڕۆڵ. ئەم ئەکتەرانە کە ڕۆڵی
ئەوکەسایەتیانە دەبینن، پێشتر بەپێی بەرنامەیەکی دیاریکراو
پەیوەندییانکردووە بەو کەسایەتییانەوە کە ئێستا ھەمان ڕۆڵی ئەوان
دەبینین. ئەوە شتێکی ئاشکراو ئاساییە کە ئەگەر تۆ لەگەڵ کەسێکدا بژیت،
شارەزای ھەڵسوکەوت و ڕەفتاری دەبیت و کەم تا زۆر دەتوانیت ڕۆڵی ئەو
ببینیت.".
دیسان جێگری وەزیر لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەمە یەکەمین نھێنی بوو
کە بە فەرمانی وەزیر بۆم ئاشکراکردیت و ھەمان ئەو مەبەستانە لە کتێبی
یەکەمدا باسیانکراوە، بەڵام نھێنی دووەمت پاش لە مانگێکیتر پێدەڵێم،
ئەویش بەو مەرجەی کە بەرگی دووەمی ئەم کتێبەت تەواوکردبێت .".
کتێبی دووەمیشم لێوەرگرت و دەستم بەخوێندنەوەی کرد .ئەم کتێبە
تەواوکەری یەکمیان بوو. چەند بابەت و زانیارییەکی نوێی لەمەڕ بارودۆخی
ئیسلامی، خاڵە بەھێزو لاوازەکانیان، وەک بیروباوەڕو تێڕوانینی موسڵمانی
شیعە و سونە بۆ کێشە جۆراوجۆرکانی ژیان، ھۆی دواکەوتوویی وڵاتانی
ئیسلامی و تاد... لەخۆ گرتبوو، کە تیایدا ھەموو ئەو بابەتانە بە
دوورودرێژیی و بە شێوەیەکی وورد و زانستیانە خرابوونە ژێر لێکۆڵینە و
ڕوونکردنەوەوە. لە بەرگی دووەمدا، خاڵە بەھێز و لاوازەکانی موسڵمانەکان
دیاریکرا بوون، ھەروەھا ئەو ڕێگایانەی کە دەبێت بگیرێنە بەر بۆ خاڵە
لاوازەکانیان و چۆنیەتی لە نێوبردنی خاڵە بەھێزەکانیان ڕوونکرابوونەوە.
بەپێی خاڵبەندییەکانی کتێبەکە، خاڵە لاوازەکانی موسڵمانان بەو شێوەیەی
لای خوارەوە دیاریکرابوون:
١. ئهلف : ناکۆکی نێوان شیعە و سونی. ب - ناکۆکی نێوان خەڵک و دەسەڵات.
ج - ناکۆکی نێوان ھەردوو حکومەتی ئێران و عوسمانی. د - ناکۆییە
ھەنوکەییەکانی نێوان خێڵەکان. ھا - بە ھەڵە لەیەکتر گەیشتنی نێوان زانا
ئاینییەکان و کارمەندانی حکومەت .
٢. دواکەوتوویی و نەخوێندەواری گشتی لە ھەموو ولاتانی ئیسلامیدا.
٣. دەمارگیری و بەستەڵەکی فکری، ئاگادارنەبوون لە بارودۆخی سەردەم،
حەزنەکردن لە کارو چالاکییەکانی بەرھەمھێنانی کۆمەڵایەتی.
٤. بڕوا نەبوون بەژیانی ماددی، زیادەڕەویکردن لە پەرستن و عیبادەتدا و
ھیوا بوون بە دواڕۆژی بەھەشت، کە ئەمەش بۆخۆی لەھەوڵ و تێکۆشانی بۆ
ژیانێکی باشتر لەم جیھانەدا کەمدەکردەوە .
٥. ئەو ئیستبداد و ستەمەی کە حکومەتە دیکتاتۆرییەکان بەرانبەر بە خەڵکی
ئەنجامی دەدەن .
٦. نەبوونی ئاسایش و نەبوونی ڕێگاکانی ھاتوچۆکردن و پەیوەندییەکان .
٧. نەبوونی تەندروستی گشتی و دەرمان، تەنانەت بۆ چارەسەرکردنی
نەخۆشییەکانی وەک تاعون و کۆلێرا کە ھەموو ساڵێک کۆمەڵێک خەڵک دەکوژێت.
٨. وێران بوون و بە کەلاوەکردنی شارەکان، نەبوونی سیستەمی ئاوەدێری و
دواکەوتوویی کشتوکاڵی .
٩. بێ سەرەو بەرەیی لە ناو فەرمانگە دەوڵەتییەکاندا و نەبوونی یاساو
بڕیارەکان . سەرەڕای ڕێزێک کەخەڵک لە قورئان و ئەحکام و شەرعی دەگرێت،
بەڵام بەکردەوە جێبەجێکردنی دەستورەکانی شەرع وازیان لێھێنراوە و زۆر
بەکەمی پەیڕەوییان لێدەکرێت.
١٠. ئابوری نەخۆش و دواکەوتوو، ھەژاری گشتی و بێکاری لەسەرانسەری
ناوچەکەدا .
١١. نەبوونی سوپایەکی ڕێخراو پیشەیی، کەمبوونی چەک و پێداویستییە
دیفاعییەکان و لەکارکەوتنی ئەو چەکانەی کە ھەنووکە لە دەستیاندایە .
١٢. سوکایەتیکردن بەژنان و پێشێلکردنی مافەکانیان .
١٣. پیسبوونی شارەکان و لادێکان کەڵەکەبوونی زبڵ و خەوش وخاڵ لە
ناوەندەکانی ئاڵوێر و مەخزەنی کاڵاکان و تاد... .
کتێبەکە پاش لە خاڵبەندیکردن و دەستنیشانکردنی خاڵە لاوازەکانی
موسڵمانان، ئاماژەیش بەو ڕاستییە دەکات کە ئاین و شەریعەتی ئیسلام
بچووکترین گونجان و تەبایی لەگەڵ ئەو کەموکوڕیانەدا نییە، بەڵام
پێویستە کەموسڵمانەکان لە حاڵەتی نەزانی و ئاگادار نەبوون لە
ڕاستییەکانی ئیسلامدا بھێڵرێنەوە و ڕێگا نەدرێت کە پەی بە ڕاستییەکانی
دینەکەی خۆیان ببەن. ئینجا کتێبەکە ئاماژە بۆ ئەو فەرمان و حوکمانە
دەکات کە ڕوونکەرەوەی بنەماو پرەنسیپەکانی ئاینی ئیسلامن :
١. ئامۆژگاری لەبارەی ھاوپشتی و برایەتی نێوان موسڵمانەکان و جەختکردن
لەسەر خۆ دورخستنەوەیان لە ناکۆکی و دووبەرەکی (اعتصمو بحبل اللە جمیعا).
٢. ئامۆژگاریکردن لە بارەی پەروەردەو فێرکردنەوە (طلب العلم فریضةعلی
کل مسلم و مسلمە ـ حدیث).
٣. ئامۆژگاریکردن لە بارەی کار و داھێنانەوە (فسیروا فی الارض ـ قورئان).
٤. ئامۆژگاریکردن لەبارەی باشترکردنی ژیانی ماددییەوە (ربنا ا تنا فی
الدنیا حسنە).
٥. ئامۆژگاریکردن لە بارەی بیروڕا گۆڕینەوە و ڕایگیری لە بارەی
کێشەکانی ژیانەوە (وامرھم شوری بینھم).
٦. ئامۆژگاریکردن لە بارەی دورستکردنی جادەکانەوە (فامشوا فی مناکبھا).
٧. ئامۆژگاریکردن لە بارەی تەندروستی و دەرمانەوە، بە پێی حەدیسی
پێغەمبەر : زانستەکان چوار جۆرن : ١- فقە بۆ ئاگادار و پاراستنی ئاین .
٢ - پزیشکی بۆ سەلامەتی لەش و تەندروستی . ٣ - نحو بۆ پاراستنی زمان .
٤ - نجوم بۆ ناسین و زانینی کات . (انما العلوم اربعە، علم الفقە لحفظ
الادیان، علم الطب لحفظ الابدان، علم النحو لحفظ السان و العلم النجوم
لحفظ الزمان- حدیث).
٨. . ئامۆژگاری لەبارەی ئاوەدانی و گەشە پێدانەوە . (- وخلق لکم ما فی
الارض جمیعا).
٩. ئامۆژگاریکردن لەبارەی ڕێکخستنی کارو بارەکانەوە (- ونظم امرکم -
قورئان) .
١٠. ئامۆژگاریکردن لە بارەی ئابورییەکی بەھێزەوە (- من لامعاش لە،
لامعادل لە - حدیث).
١١. ئامۆژگاریکردن لەبارەی دامەزراندنی سوپاوە بە کەڵک وەرگرتن لە
پێشکەوتووترین چەک و ئامڕەزەکان (واعد ولھم ما استظعتم من قوە - حدیث).
١٢. ئامۆژگاریکردن لەبارەی ڕێزگرتن و پاراستنی مافەکانی ژنان (ولھن مثل
الی علیھن بالمعروف - قورئان).
١٣. ئامۆژگاریکردن لە بارەی پاک و خاوێنییەوە (النظافە من الامان -
حدیث).
پاش باسکردنی ئەو لایەنە پۆزەتیڤانەی ئیسلام، کتێبەکە لە بەشێکی
دیکەیدا دەچێتە سەر ڕوونکردنەوە خاڵە بەھێزەکانی ئیسلام و ھۆیەکانی
پێشکەوتنی موسڵمانەکان و دواتریش چۆنیەتی ھەڵوەشانەوە و لە ناوبردنی
دیاریدە پێشکەوتوو و گەشەکردووەکانی موسڵمانان دەکاتە ھێڵە گشتییەکانی
ھەنگاوەکانی وەزارەتی مستعمرات . لە کتێبەکەدا ھاتووە کە :
١. پابەند نەبوون بە دەمارگیری نەتەوەیی و ڕەگەزی، زمان و کڵتوری
نەتەوەیی و پێشینەی مێژووییەوە .
٢. حەرامکردنی سووخۆری (الربویه: usury)، ئیحتکارکردن، مەی خواردنەوە،
خواردنی گۆشتی بەراز و یا... .
٣. خۆشەویستی و پابەند بوونی زۆر بە زانایانی ئاینیەوە لە سەر بنەمای
ئاین و بیروباوەڕوە .
٤. ڕێز گرتنی گشتی موسڵمانەکان لە خەلیفەی ئێستاکەو باوەڕبوونیان بەوە
کە ئەو جێگر و وەلی ئەمری پێغەمبەرە و لەم ڕوەیشەوە ملکەچکردن بۆ
فەرمانەکانی، ھەروەک ملکەچکردن بۆ فەرمانەکانی خودا و پێغەمبەر .
٥. واجب بوونی جیھاد لە دژی بێباوەڕەکان .
٦. بڕوا بوونی شیعە مەزھەبەکان بەوەی کەخەڵکی ناموسڵمان (بە دیندار و
بێدینەوە) ناپاکن .
٧. بڕوا بوون بەوە کە ئاین ئیسلام لەسەرو ھەموو ئاینەکانیترەوەیە .
٨. ڕێگانەدانی شیعەکان بە دروستکردنی پەرستگاکانی یەھودی و مەسیحییەکان
.
٩. پێویستبوونی کردنەدەرەوەی یەھودی و مەسیحییەکان لە سەر خاکی دورگەی
عەرەبیدا (بە باوەڕی زۆرینەی موسڵمانەکان).
١٠. بەکردارکردنی ئەنجامدانی فەرزکردنی نوێژ، ڕۆژو، حەج ، بە تامزرۆیی
و حەزی زۆرەوە .
١١. بڕوای شیعەکان بە دانی خمسە (خمس :جۆرێکە لە زەکات کە دەبێت بدرێت
بە ئەھلی بەیت - وەرگێڕی کوردی) و دابەشکردنەوەی بەسەر موسڵمانەکاندا
لەلایەن زانا ئاینییەکانەوە .
١٢. پابەند بوون بە بیروباوەڕی ئیسلام، لەڕووی ئیمان و دڵسۆزییەوە .
١٣. بڕوا بوون بە پەروەردەو فێرکردنی تەقلیدی منداڵان و لاوەکان،
بەمەبەستی پتەوکردنی بناغەکانی خێزان و پێویستی بەردەوامبوونی
پەیوەندییەکانی نێوان باوکان لەگەڵ منداڵاکانیاندا .
١٤. جەختکردن لەسەر پێویستی حیجابی ژنان، کە ھۆیەکە بۆ بەرگرتن بە
فەساد و پەیوەندییە سێکسییە نامهشروعەکان .
١٥. لەڕۆژێکدا چەندجار نوێژکردنی بە کۆمەڵ و کۆبونەوەی خەڵکی ھەرگەڕکێک
لە مزگەوتەکاندا .
١٦. ڕێزدانان بۆ گۆڕەکان و مەزارگەکانی پێغەمبەر، ئەھلی بەیت، زانایان
و کەسانی ئاشتیخواز،ھەروەھا دروستکردنی ئەو گۆڕانە لە ناوەندەکانی
کۆبوونەوە و شوێنە بەرچاوەکاندا .
١٧. ڕێزگرتن لە سەیدەکان :" کوڕ و نەوەکانی پێغەمبەر "، بەیاد
ھێنانەوەی ناوی پێغەمبەر، بەجۆرێک کە ئەو لە تێڕوانینی موسڵمانەکانەوە
ھەمیشە زیندووە و شایانی درود و ئافەرین لێکردنە .
١٨. بەرپاکردنی مەراسیمی ماتەمینی حسین لەلایەن شیعەکانەوە و
کۆبوونەوەی گەورەی ئەوان بەم بۆنەیەوە لە مانگەکانی موحڕەم و سەفەردا و
خوتبەدان و لێدوانە سیستماتیکەکان کە کاریگەر بەرچاویان لەسەر
بەھێزکردنی باوەڕی موسڵمانەکان ھەیە و ئەوان ناچار دەکەن بە چاکەکاری .
١٩. پێویستی پەیڕەویکردن لە دروشمی " ئەمر بە چاکە و نەھی لە خراپە "،
وەک یەکێک لە پرەنسیپە گرنگەکانی ئیسلام .
٢٠. بەتام وچێژ نیشاندانی شوکردن و ژنھێنان و ئامۆژگاریکردن بۆ
زیادکردنی منداڵ وچەند ژنە .
٢١. ڕێزگرتن لەو کەسانەی کە ھیدایەت و ڕێنمایی بێباوەڕان دەکەن،
بەڕادەیەک کە ئەگەر ھەرکەسێک کافرێک بکاتە موسڵمان ، ئەوا لە ھەموو
سەروەت و سامانی دنیا بۆی باشترو بەسوودترە .
٢٢. گرنگی پەیڕوکردنی سونەتی باشە " ھەرکەسێک کە پەیڕەوی لە سونەتێکی
باشە بکات، ئەوا دوو پاداش وەردەگرێتەوە ، پاداشێکی سونەتە باشەکە و
پاداشێکی کارکردنی بە ھەمان سونەتی باشە " .
٢٣. ڕێزدانانی زۆر بۆ قورئان و حەدیس و پێویستی پەیڕەویکردن و
بەکاربردنیان، کە ببێتە ھۆی بەدەستھێنانی بەھەشت .
پاش لە باسکردنی لایەنە بەھێزەکانی ئیسلام، لە بەشەکانی دواتری
کتێبەکەدا، چۆنیەتی ڕێگا عەمەلییەکانی پەرەدان بە خاڵە لاوازەکان و
تێکشکاندنی لایەنە بەھێزەکانی ئاینی ئیسلام، بەبەڵگە و ئەزمونی
بەھێزەوە خراونەتە ڕوو . ئینجا کتێبەکە ئەو ھەنگاوانەی کە دەکرێت بۆ
پەرەپێدانی خاڵە لاوازەکان پێویستە ھەڵبھێنرێنەوە، بەشێوەی فھرەستێک
ئاڕاستە دەکات :
١. پەرەدان بە ناکۆکی ئاینی لە ڕێگای دروستکردنی ھەستی بەدگومانی لە
نێوان موسڵمانە شیعەو سونەکاندا . بۆ گەیشتن بەو ئامانجەیش، پێویستە
چەند بابەتێکی سوکایەتی ئامێز لەلایەن ھەردووگروپەکەوە دژ بەیەکتری
بنووسرێت . لەجێبەجێکردنی ئەم ئەجەندای ناکۆکی و دووبەرەکایەتی
نانەوەیەدا، نابێت لە سەرفکردنی پارەیەکی زۆر خۆ بپارێزرێت .
٢. ھێشتنەوەی موسڵمانان لە نەزانی و نەخوێندەواریدا، ھەوڵدان بۆ
ڕێگاگرتن لە دامەزراندن و کردنەوەی ھەموو ناوەندەکانی پەروەردەو
فێرکردن، دروستکردنی کۆسپ و تەگەرە لە سەر ڕێگای چاپ و بڵاوکردنەوەی
کتێبە ئاینییەکان و لە کاتی پێویستیشدا سوتاندنی کتێبخانە گشتییەکان و
ترساندنی خەڵک تا منداڵەکانیان نەنێرنە قوتابخانە ئاینییەکان، ئەمەش
لەڕێگای تۆمەت خستنە پاڵ مەرجەع و زانا گەورەکانیان .
٣. پڕوپاگەندە بۆ تەمەڵی و بەرگرتن بە تێکۆشان و چالاکی کۆمەڵایەتی ،
ئەویش لە ڕێگای پێناسە کردنی دنیای پاش لە مردن و بەرجەستەکردنەوەی
دیمەنی جوان و جۆراوجۆری بەھەشت لەبەر چاوی خەڵکدا . لە ئەنجامیشدا
دڵیان ساردبکەینەوە و وایان لێبکەین کە تاقەتی ھەوڵدانیان بۆ ژیان
نەبێت و لە چاوەڕوانی مەلەکوت و بەھەشتی دواڕۆژدا بمێننەوە .
٤. پەرەدانی ھەمەلایەنە بە خانەقای دەروێشەکان، ئەویش لە ڕێگای چاپکردن
و بڵاوکردنەوەی ئەو کتێب و نامیلکانەی کە خەڵکی عەوام لە شتە
دنیاییەکان دووردەخەنەوە و خەڵکی تووشی گۆشەگیری دەکەن، وەک
زیندووکردنەوەی زانسەکانی غەزالی، مپنوی مولوی و کتێبەکانی (محی الدین
العربی).
٥. سەلماندنی ڕەوایی دەسەڵاتی شاکان و دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆر و ملھوڕ،
لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی حەدیسەکانی وەک :" سوڵتان سێبەری خوایە لە
سەرزەویدا - السلطانن ظل اللە فی الارض "، یان بڵاوکردنەوەی ئەو
دەنگۆیە کە ئەبوبەکر، عوسمان، عومەر، عەلی، بنی ئومەیە و بنی عباس،
ھەموویان بە پشتبەستن بەتووند و تیژی و بەزۆری شمشێر، دەسەڵاتیان
بەدەستەوە گرتووە و بەکورتییەکەی شمشێر حوکمی کردووە بەسەر
دەسەڵاتیاندا ، یان نیشاندانی کۆبوونەوەکانی سەقیفە وەک شانۆگەرییەک کە
سەرەداوەکەی بەدەستی عومەرەوە بووە و لەم ڕووەیشەوە، ئاشکراکردن و
خستنە ڕووی چەند بەڵگەیەکی وەک سوتاندنی خانوەکانی لایەنگرانی عەلی و
لەوانەیش خانوەکەی فاتمەی ھاوسەری لە لایەن عومەری کوڕی خەتابەوە .
پیشاندانی ئەوە کەخەلافەتی عومەر لەڕووکەشدا بە پێێ وەسیەتی ئەبووبەکر
بووە، بەڵام لە ناوەرۆکدا بەھۆی ھەڕشەکردن و تۆقاندنی نەیارەکانییەوە
بووە . ھەڵبژاردنی شورای درۆینە بەمەبەستی ھەڵبژاردنی عوسمان بۆ
دژایەتیکردنی عەلی، کە سەرئەنجام بووە ھۆی ئاژاوە و کوشتنی عوسمان و
گەیشتنی عەلی بە خەلافەت . خەلافەتی معاویە لەڕێگای فێڵ و تەڵەکە و
بەزۆری شمشێر بووە، جێگاگرتنەوەی جێنشینەکەشی بەھەمان شێوەی خۆی بوو تا
کاتی دەستپێکردنی یاخیبوونە چەکدارییەکەی سفاح بەڕایەرایەتی ابومسلم و
دامەزراندنی خەلافەتی بنی عباس . خەلیفەکانی ئیسلام، لە سەردەمی
ئەبوبەکرەوە تا ئەمڕۆ کە سەردەمی فەرمانڕەوایەتی عوسمانییەکانە،
ھەموویان ملھوڕ و دیکتاتۆر بوون : لە سیستەمی ئیسلامیدا، ھەمیشە
حکومەتی دیکتاتۆرەکان سەقامگیر بووە .
٦. فەراھەمکردنی پێداویستییەکانی تێکدانی باری ئاسایشی ڕێگاوبانەکان،
ئاژاوە نانەوە و دروستکردنی پشێوی لە شارو لادێکاندا، ئەوەش لەڕێگای
پشتیوانیکردن لە ئاژاوەگێڕەکان و ڕێگانەدان بە سزادانی چەتەو
ئاژاوەگێڕەکان و ھاندانیان بۆ چەتەیی و فەرھودکردن، بۆ ھەمان مەبەستیش
پێویستە کە پارەو چەکیان بەسەردا دابەشبکرێت.
٧. بەرگرتن بە ھەمەکیبوونەوە و گەشەکردنی تەندروستی، تەرویجکردنی بیرو
باوەڕە جەبری و قەدەرییەکان وەک ئەمە کە ھەموو شتێک لە دەستی خودا دایە
و دەرمان بۆ نەخۆشییەکان ئەنجامێکی نابێت . بۆ چارەسەرکردنی
نەخۆشییەکان، دەبێت پشت بەم ئایەتە ببەسترێت :" ئەوەی کە خواردن و ئاوم
ئەداتێ و ئەگەر نەخۆشیش کەوتم، ئەوە ھەر ئەوە کە چارەسەرم دەداتێ و
چاکم دەکاتەوە ـ الذی ھو یطعمنی و لیسقیتی و اذا مرض فھو یشفینی " ،
یان "ئەوە کە دەمرێنێت و ھەرئەویشە کە زیندووم دەکاتەوە - الذی یمتنی
ثم یحیتی " . ژیان و مردن لە دەستی خودایە . بەبێ تواناو ئیرادەی ئەو،
شیفای نەخۆش و ڕزگاربوونی لە مەرگ مەحاڵە . ئەم ڕووداوانە قەدەری
خوایین .
٨. ھێشتنەوەی وڵاتانی ئیسلامی لە ھەژاری، نەداری و وێرانیدا و ڕێگاگرتن
لە ھەرجۆرە چاکسازی (ڕیفۆرم) و گۆڕانکارییەک.
٩. پەرەدان بە فیتنەیی، ئاژاوە و پاشاگەردانی و پڕوپاگەندەکردن بۆ ئەم
بیروبۆچوونە کە ئیسلام ئاینی پەرستن و خۆپارێزییە و ھەقی بەسەر
کاروباری دنیاییەوە نییە . محەمەد و جێنشینەکانی ھیچ ھەنگاوێکیان
ھەڵنەھێناوەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە دنیاییەکان و ڕێکخستنی
پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان . ئاکامەکانی جێیەجێکردنی ئەو خاڵانەی
سەرەوە، دواکەوتوویی ئابوری و زیادکردنی بێکاری و ھەژاری گشتییە .
لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا، بۆ داسەپاندنی دواکەوتوویی ھەرچی زیاتر بەسەر
وڵاتانی ئیسلامیدا ، پێویستە کە دانەوێڵەو خەلەوخەرمانی جوتیاران
بسوتێنرێت، کەشتییە بازرگانییەکان لەدەریاکاندا نوقم بکرێن، ناوەندە
بازرگانی و پیشەسازییەکان بسوتێنرێن، بەنداو (سد)ەکان بڕوخێنرێن و
ئاوادانییەکان وێران بکرێن، سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەی خەڵک ژەھراوی
بکرێن . پێویستە کەلە ڕێگای گرنگیدان بەوانەوە، بەتەواوی
پێداویستییەکانی دواکەوتوویی و ھەژاری خەڵک فەراھەم بکرێت .
١٠. گەندەڵکردنی دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواکانی وڵاتانی ئیسلامی،
ئەمەیش لەڕێگای پەرەدان بە مەشروب خواردنەوە، قومار و شێوەکانیتری
فەسادەوە، بەھەدەردانی ئەو سەروەت و موڵکی گشتیەی کە لەدەستیاندا
کۆبووەتەوە تا ئەو ڕادەیەی کە پارەیەکیان بۆ خەرجییە دیفاعییەکان و
خەرجی ئاوەدانی و گەشەی ئابووری لەدەستدا نەمێنێتەوە.
١١. بڵاوکردنەوەی دەنگۆی دیلی و کۆیلەیەتی ژنان و سوکایەتی پێکردنیان،
ئەمەیش بە پشت بەستن بە ئایەتی " پیاوان بەسەر ژناندا زاڵن - الرجال
قوامون علی نساء"، یان حەدیسی " ژن سەرتاپا خراپەیە - المرئە شر کلھا
.".
١٢. بێگومان لەزۆربەی ناوچەکاندا، فاکتەری گشتی پیسبوونی ژینگەی شارو
لادێ موسڵماننشینەکان، کەمبوونی ئاوە، دەبێت بەھەر نرخێک بووە فێڵک
بکرێت تاکو بەر بەزیادبوونی ئاو بگیرێت و بەم ھۆیەشەوە ڕێژەی پیس و
پۆخڵی شارو لادێکان زیاد بکرێت .
بەندێکی تری کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ ئامۆژگاریکردنی شێوەی لەناوبردنی
فاکتەرە بەھێزەکان و تواناییەکانی موسڵمانان و چۆنییەتی لاوازکردنیان،
کە ئەم بەشەش بۆخۆی جێگای سەرنجە:
١. بەھێزکردنی ئەو ئایدیایانەی کە دەبنە ھۆی زیندوکردنەوەی دەمارگیریی
خێڵەکی، ڕەگەزی و نەتەوەییانە، وابەستەکردنی بەھێزیان بە کەڵچەر، زمان
وڕابردووی خۆیانەوە، بەڕادەیەک کە ڕێزێکی زۆر لەکەسایەتییە مێژووییە
قارەمانەکانی خۆیان، کە بەر لە ھاتنی ئیسلام دەرکەوتوون، بگرن. وەک
زیندووکردنەوەی فیرعەونییەت لە میسردا، ئاینی زەردەشتی لە ئێراندا و
بتبەرستیش لە وڵاتی میزۆپۆتامیادا. لەم بەشەی کتێبەکەدا، نەخشەیەکی
گەورە ھاتووە کە ناوەندی چالاکییەکان لەو سەرزەمینانەی کە ئاماژەیان
بۆکرا، دیاریدەکات .
٢. پەرەدان بە مەی خواردنەوە، قومار، فەساد، سێکس و ھاندانی خەڵک بۆ
خواردنی گۆشتی بەراز : لەمجۆرە چالاکییانەدا دەبێت کەمایەتییە
ئاینییەکانیتری وەک جولەکە، زەردەشتی و مەسیحیەکانیش ھاوکاری یەکتری
بکەن و لەھەوڵی پەرەپێدانی ئەو شێوە فەسادانەدا بن. لە ھەقی ئەوەشدا،
وەزاراتی مستعمرات پاداشت و خەڵاتیان بۆ لەبەرچاودەگرێت. دەبێت کەسانی
کارامە و لێھاتوو بۆ ھەمان مەبەست ئامادە بکرێن و نابێت لەم ڕێگایەدا
ھیچ ھەلێک لەدەستبدەن و چوار جۆرەکەی فەساد، واتە قومار، مەشروب، سێکس
و خواردنی گۆشتی بەراز، ھەرچی زیاتر پەرەپێبدەن. ئەو کارمەندانەی
ئینگلیز کە لەوڵاتانی ئیسلامیدان، فەرزە لەسەریان بە ھەر شێوەیەک کە
بەگونجاوی بزانن، لە ڕێگای خەڵاتکردن، پارە و شتەکانیترەوە، بە شێوەی
ئاشکرا و نھێنێ، پشتیوانی لەم جۆرە فەسادانە بکەن و نەیەڵن زیان بگات
بەو کەسانەی کە ھەڵدەستن بە ئەنجامدانی ئەو کارانە. ئەوە لە لایەک و لە
لایەکی تریشەوە، دەبێت موسڵمانەکان ھانبدەن بۆ خستنە ژێرپێی
فەرمانەکانی ئیسلام و سەرپێچیکردن و نەفرەت لێکردنیان، چونکە بڕوا
نەبوون بە حوکمەکانی شەرع، دەبێتە ھۆی پشێویی و پچڕانی شیرازەی کۆمەڵگە
ئیسلامییەکان، بۆ نموونە: لە قورئاندا سووخواردن مەحکومکراوە و بە
یەکێک لە گوناھە گەورەکان ناو براوە. کەواتە لە ھەموو حاڵەتێکدا
پێویستە پەرەبدرێت بە سوو و سەلەمخۆری و مامەڵەی حەرام و لەم ڕێگایەوە
ئابووری لەبەریەک ھەڵبوەشێنرێتەوە. پێویستە کە تەفسیری ناڕاست بۆ ئەو
ئایەتە بکرێت کە سووخۆریی حەرامکردووە. پێویستە ئەم ڕاستییە
لەبەرچاوبگرین کە سەرپێچیکردن لە دەستوورێکی قورئان، زەمینەی
سەرپێچیکردن لە گشت حوکمەکانی ئیسلام فەراھەم دەکات. دەبێت ئەوە بە
موسڵمانەکان بگوترێت ئەوەی کە لە قورئاندا حەرامکراوە، قازانجی
بەدەستھێنراوە، نەک سووی ئەو پارەیەی کە بە سوودراوە: " سوو مەخۆن
لەبەر ئەوەی کە پارەکەتان زیاد بکەن - لا تاکلو الربا اضعفا مضاعفە".
لەبەرئەوە وەرگرتنی سووی سادە حەرام نییە .
٣. تێکدانی پەیوەندیی دۆستانەی تێکەڵکراو لەگەڵ ڕێزدا، لە نێوان
زانایان و ئاینی خەڵکدا، ئەرکێکە کە ھیچ فەرمانبەرێکی ئینگلیز نابێت
فەرامۆشی بکات. لەم ڕێگایەدا، دەبێت لە سەرەتادا دوو کاری سەرەکی
بکرێت: ئهلف - تۆمەت ھەڵبەستن بۆ زانایان ئاین و مەرجەعە ئاینییەکان.
بە گەڕخستنی ھەندێک لە ڕۆشنبیرەکانی سەر بە وەزارەتی مستعمرات لە کار و
پیشەی زانا ئاینییەکاندا: بە تایبەتی دەبێت ئەم ڕۆشنبیرە بەکرێگیراوانە
بسەپێنین بەسەر زانکۆی ئەلئەزھر، ناوەندە زانستی و ئاینییەکانی
ئەستەنبوڵ و حەوزەکانی نەجەف و کەربەلادا. یەکێک لە ھۆیەکانی پچڕاندنی
پەیوەندی نێوان خەڵک و زانا ئاینییەکان، دروستکردنی قوتابخانە نوێیەکان
و پەروەردەکردنی منداڵانە لەچوارچێوەی پرۆگرامەکانی وەزارەتی
مستعمراتدا. لەم قوتابخانانەدا دەبێت پشت بەو مامۆستایانە ببەسرێت کە
ئێمە مووچەیان دەدەینێ تا لەڕێگای وتنەوەی وانە زانستییەکانی
سەردەمەوە، پێداویستییەکانی ڕق و بێزاری لاوان دژ بە خەلیفەی عوسمانی و
ئاینی ئیسلام فەراھەم بکرێت. دەبێت بەدڕەوشتی، ستەمگەری و فەسادە
ئەخلاقییەکانی خەلیفەکان بە ڕوونی بۆ قوتابیەکان باسبکرێن کە چۆن و بە
چ شێوەیەک سامان و سەروەتی گشتییان بۆ خۆشگوزەرانی و ئارەزووە
تایبەتییەکانی خۆیان بەکار دەھێنن و ئەم ڕەفتار و کردەوانەشیان، لە ھیچ
ڕووەیەکەوە بچووکترین لێکچوونیان لەگەڵ کردەوەو ڕەفتارەکانی پێغەمبەردا
نییە.
٤. لەرزۆککردنی بیروباوەڕی پێویستی جیھادکردن و جەنگ لەگەڵ کافرەکاندا.
دەبێت جەخت لەسەر بەیانکردنی ئەم خاڵە بکرێت و پێ لەسەرئەوە دابگیرێت
کە فەرمانی جیھاد، تایبەت بووە بە سەردەمی دەرکەوتنی ئیسلام و بە
مەبەستی سەرکوتکردنی نەیارانی ئەم ئاینە بووە و ئێستا ئیتر جیھاد
پێویستی خۆیی لەدەستداوە.
٥. مەسەلەی پیسی و گڵاوی کافرەکات کە تایبەتە بە بیروڕای تەشیعەوە،
یەکێکە لەو کێشانەی کە دەبێت لە مێشکی موسڵماناندا بسڕێتەوە و
بەھێنانەوەی ئایەت و حەدیسەکان، پاکبوونی بێباوەڕانیان بۆ بسەلمێنرێت.
لەو ڕووە پێویستە پشت بەم ئایەتە ببەسترێت : " ئەو شتەی کە ئەھلی کتێب
خواردیان، بۆ ئێوەیش حەڵاڵە و ئەوەی کە ئێوەیش دەیخۆن بۆ ئەوانیش
حەڵاڵە (طعام الذین اوتوا الکتاب حل لکم و طعامکم حل لھم والمحسنات من
المومنات و المحصنات الذین اوتوا الکتاب من قبلکم) ژنە داوێن پاکەکانی
ئەھلی کتێب (جولەکە و کریستییەن)یش حەڵاڵن. ئەی ئەوە نەبوو کە پێغەمبەر
ھاوسەرێکی جولەکە (سهفیە) و ھاوسەرێکی مەسیحی ( ماریە )ی بۆخۆی
ھەڵبژارد بوو : ئایا دەتوانرێت بگوترێت کە ھاوسەرەکانی پێغەمبەریش گڵاو
بوون؟
٦. ئەبێت ئەوە بۆ موسڵمانەکان بسەلمێنرێت کە مەبەستی محەمەد لە ئاین
تەنھا تایبەت بە ئیسلام نییە، ھەروەکو لە قورئانیشدا باسکراوە، بەڵکو
ئاین ئەوانەش دەگرێتەوە کە لە لایەن خواوە کتێبیان دراوەتێ (جولەکە و
مەسیحییەکان) و پەیڕەوانی ئاینەکانی تریش موسڵمانن. لە قورئاندا ھاتووە
کە حەزرەتی یوسف داوای لە خودا کردووە کە بە موسڵمانی بمرێت ـ توفنی
مسلما"ـ . پێغەمبەرەکانی وەک ئیبراھیم و ئیسماعیلیش لە خوا پاڕاونەتەوە
کە : (خوایە ئێمەیش بخەرە ڕیزی موسڵمانەکانەوە و خێزانەکانیشمان بخەرە
ڕیزی ئۆمەتی ئیسلامەوە ـ ربنا اجعلنا مسلمین لک ذریتنا امە المسلمە
لک". یهعقوب پێغەمبەریش، لە بەرانبەر منداڵەکانیدا دەڵێت : " بەر
لەوەی کە بمرن موسڵمان ببن ـ فلا تموتن الا و انتم مسلمون .".
٧. بابەتێکی گرنگتر، فەراھەمکردنی پێداویستییەکانی دروستکردنی کڵیساکان
و کەنسیەکانە: دەبێت لە قورئان، حەدیس و مێژووی ئیسلامەوە بەڵگە
بھێنرێتەوە تا موسڵمانان قەناعەت پێبکرێن کە پەرستگاکانی ئەھلی کتێب
ڕێزیان لێگیراوە. لە قورئاندا ھاتووە : " ئەگەر خوا ڕێگای لە لە خەڵک
نەگرتبایە، کڵیساکانی مەسیحییەکان، کەنیسەکانی جولەکەکان، کورەکانی
ئاگری زەردەشتییەکانیان وێران دەکرد ـ ولو لا دفع اللە الناس بعضھم
بعض، لھدمت جوامع و بیع صلوات " . دەکرێت کە لەو ئایەتە کەڵک وەربگیرێت
بۆ سەلماندنی ئەوە کە ئیسلام ڕێز لە پەرەستگاکان دەگرێت و موسڵمانەکان
ناتوانن و نابێت کە ئەو پەرەستگایانە لە ناو ببەن .
٨. چەند حەدیسێک لە زمانی پێغەمبەرەوە دەھێننەوە کە نکوڵی لە ئاینی
جولەکە دەکات، وەک :" جولەکەکان لە دورگەی عەرەبدا دەربکەن"، یان
ئەمهی کە: " دوو ئاینی جیاواز ناتوانن لە دورگەی عەرەبدا پێکەوە
بگونجێن". بە ھەرحاڵ، دەبێت لە بارەی ڕاستی و دروستی ئەم حەدیسانەوە
گومان لە لای موسڵمانەکان دروست بکەین. بۆ نموونە، دەبێت بگوترێت: "
ئەگەر ئەم جۆرە حەدیسانە ڕاست بوونایە، ئەوا محەمەد ھەرگیز ھاوسەری
جولەکەی بۆ خۆی ھەڵنەدەبژارد و ھەندێکیش لە ئەسحابەکان (وەک تهلحە)
ژنی جولەکەیان نەدەبوو، یاخود لەگەڵ مەسیحییەکانی نەجراندا ڕێککەوتنی
ئاشتییان ئیمزا نەدەکرد.
٩. پێویستە کە موسڵمانان لە عیبادەکردن دوور بخرێنەوە و لە بەرانبەر
واجبەکانی پەرستندا گومانیان لەلا دروست بکرێت. بەتایبەتی دەبێت لەسەر
ئەم خاڵە جەخت بکرێت کە خوا پێویستی بە ئیتاعەتکردنی بەندەکانی خۆی
نییە . حەج بە شتێکی پووچ لە قەڵەم بدرێت و بەتوندیی موسڵمانەکان لە
سەفەرکردن بۆ مەککە و کۆبوونەوەیان لەوێدا، ئاگادار بکرێنەوە، ھەروەھا
کۆبوونەوە لە مەراسیمی ماتەمینی و لەخۆدان و تاد... بۆ ئامانجەکانمان
مەترسیان ھەیە و دەبێت بە تووندی بەریان پێبگیرێت. دەبێت بە ھەر
شێوەیەک بووە ڕێگا نەدرێت کە کۆبوونەوە لە ناو مزگەوتەکان، لە سەرگڵکۆ
و مەزارگەی کەسانی گەورەی ئاینی و لە ناوقوتابخانەکاندا بکرێت.
١٠. چەند کارێکیتر کە بوونەتە ھۆی بەھێزکردنی نفوزی ئیسلام لە
ناوچەکەدا، بابەتی خەمسەو دابەشکردنی دەسکەوتە جەنگییەکانە . ئەوەش
ھۆکارێکە بۆ نفوزی زانا ئاینییەکان لە ناوخەڵکدا. (خمسە) ھیچ
پەیوەندییەکی نییە بەو داھاتانەوە کە لە بازرگانی وئاڵووێرەوە بە دەست
دەھێنرێت. پێویستە موسڵمانان لەوە ئاگادار بکەینەوە کە زەکات لە
سەردەمی پێغەمبەر و ئیمامەکاندا واجب بووە و ئەمڕۆ ئیتر زانایانی ئاینی
مافی ئەوەیان نییە کە زەکات بکەنە واجبێک لەسەر خەڵک. بە تایبەتی کە
زانا ئاینیەکان داھاتی (خمسە) بۆ خۆشگوزەرانی خۆیان خەرج دەکەن و خانو،
کۆشک، باخ، ئەسپ و مەڕ و ماڵاتی پێدەکڕن. لەبەر ئەوە (خمسە)
پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە.
١١. دەبێت ھەوڵبدەین کە ئاینی ئیسلام وەک ئاینی ناکۆکی و ئاژاوەگێڕی
بناسێنین و عەشق و ئیمانی موسڵمانان بەرانبەر بەم ئاینە کەم بکەینەوە.
بەڵگەیش بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە، ھەبوونی ناکۆکییە ھەنوکەییەکانی نێوان
ولاتە ئیسلامییەکان و تێکچوونی ھەرچی زیاتری باری ئاسایشی ئەو
وڵاتانەیە .
١٢. پێویستە نفوزبکرێتە ناو خێزانەکان و پەیوەندییەکانی نێوان باوکان و
منداڵاکانیان تا ئەو ڕادەیە تێکبدەین کە چیتر نەچنە ژێرباری ئامۆژگاری
و پەروەردەی گەورەترەکانیان و بیانخەینە ژێر کاریگەری کڵتوری
ئیستعمارییەوە. لەم حاڵەتەدا، ئێمە دەتوانین لاوەکان لەژێر کاریگەری و
دەسەڵاتی بیروباوەڕی ئاینییدا دەربھێنیین و پەیوەندییان بە زانا
ئاینییەکانە بپچڕێنین.
١٣. لەبارەی مەسەلەی بێ سەرپۆش (حیجاب)ی ژنانیشەوە، دەبێت ھەوڵێکی زۆر
بدەین ژنانی موسڵمانەکان وا لێبکەین کە تامەزرۆی بێ حیجاب و ڕزگاربوون
لە سەرپۆش پۆشین بن. بۆ گەیشتن بەو مەبەستەیش، دەبێت بە پشت بەستن بە
بەڵگەنامە مێژووییەکان ئەوە بسەلمێنیین کە داپۆشراوی ژنان لە سەردەمی
بنی عەباسدا کراوەتە عادەت و بە ھیچ شێوەیەک یەکێک لە سونەتەکانی
ئیسلام نییە. خەڵکی ھاوسەرەکانی پێغەمبەریان بەبێ حیجاب دەبینی، لە
سەردەمی سەرھەڵدان و دەرکەوتنی ئیسلامدا، ژنانیش شانبەشانی پیاوان لە
ھەموو کاروبارەکانی ژیاندا بەشدار بوون و چالاکیان لەخۆ دەنواند. پاش
ئەوەی کە لە ڕێگای پڕوپاگەندەیەکی فراوانەوە توانیمان حیجابی ژنان
کۆتایی پێبھێنین، ئینجا ئەرکی کارمەندەکانمان ئەوەیە کە کوڕە گەنجەکان
ھانبدەن بۆ دڵداری و پەیوەندی سێکسی نا مهشروع لەگەڵ ژناندا و لەم
ڕێگایەشەوە فەسادی ئەخلاقی لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا پەرە پێبدەن.
پێویستە کە ژنانی ناموسڵمانان بە بێ سەرپۆش دەربکەون و ببینرێن بۆ
ئەوەی کە ژنانی موسڵمانیش لاساییان بکەنەوە .
١٤. دەبێت لە ڕێگای تۆمەت خستنە پاڵ خەتیب و مەلاکانەوە، ھەر جۆرە
نوێژێکی بەکۆمەڵ (جەماعهت) تێکبدرێن و کارێک بکرێت کە مەیلی
پێشوازیکردنی خەڵک بۆ نوێژی جەماعەت کەمبکرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەیش،
پێویستە کە چەند بەڵگەیک لە بارەی داوێنپیسی خەتیب و مەلاکانەوە بخرێتە
ڕوو تا ھەر جۆرە پەیوەندییەکی نێوان ئەوان و خەڵک بە تەواوی تێک بچێت .
١٥. یەکێک لە گیروگرفتەکانیتر، سەردانی موسڵمانەکانە لە مەزارگە و
شوێنە پیرۆزەکان . پێویستە لە ڕێگای چەند بەڵگەیەکەوە ئەوە بسەلمێنین
کە بایەخ پێدانی گۆڕەکان و ڕازاندنەوەیان بیدعەیە و بە پێچەوانەی
شەرعەوەیە و لەسەردەمی پێغەمبەردا، ئەمجۆرە نەریت و ڕێزلێنانە نەبووە و
عیبادەتکرنی مردووەکان باوی نەبووە. دەبێت پلە بە پلە و لەڕێگای
رووخاندنی بینا و سومبڵەکانی ئەم گۆڕانەوە، خەڵک لە سەردانی ئەو
شوێنانە دوور بخەینەوە. یەکێک لە پرۆژە بەکەڵکەکان بۆ بەدیھێنانی ئەم
ئامانجە، چۆنییەتی گومان دروستکردنە لەسەر ڕەسەنایەت (ئهسالهت)ی ئەم
مەزارگایانە. بۆ نموونە، دەبێت ئەوە بە خەڵک بگوترێت کە پێغەمبەر لە
مزگەوتی نەبی (مسجد النبی) دا نەخراوەتە ژێر خاکەوە، بەڵکو خراوەتە ناو
گۆڕەکەی دایکییەوە. لەبەرئەوە، ھەموو ئەولیاو کەسە گەورەکانی ئیسلام
لەو شوێنانەی کە بە گڵکۆ و مەزرگای ئەوان ناسراوە، بەخاک نەسپێردراون.
ئەبوبەکر و عومەر لە بقیعدا دفن کراون و کەس نازانێت کە گۆڕەکەی
عوسمانیش لە کوێییە. مەزاری ئیمامی عەلی لە بەسرەیە و ئەو گۆڕەی کە
لەنەجەفدا کراوەتە شوێنی زیارەتکردنی موسڵمانەکان، گۆڕی مغیرەی کوڕی
شوعەیبە. سەری حسەین لە مزگەوتی (حنانە)دا دفن کراوە و کەسیش نازانێت
کە لاشەکەی لەکوێدا دفنکراوە. لە کازمین دوو خەلیفەی عەباسی دفن کراون،
نەک حەزرەتی موسا کازم و جهواد ئهلئهئمه. مەزارگەی مەشھەد، گۆڕی
ھارونە ڕەشیدە نەک مەزارگەی حەزرەتی ڕەزا. لە سامەڕایشدا خەلیفەکانی
کوڕی عەباس نێژراوە، نەک ئیمامی ھادی و ئیمامی عەسکەری. دەبێت
ھەوڵبدەین کە گۆڕستانی بقیع تەخت و تاراج بکەین و ھەموو شوێنە
پیرۆزەکانی دیکە لە وڵاتانی ئیسلامیدا بکەینە کەلاوە .
١٦. دەبێت ھەوڵبدرێت سۆز و ڕێزێک کە شیعەکان بۆ بنەماڵەی پێغەمبەر
ھەیانە لە ناوببرێت. دەبێت گومان لەسەر ھەڵبژاردنی محەمەد بۆ پێغەمبەری
دروست بکەین و ئەو سۆزو ڕێزەی شیعەکان بۆ پێغەمبەر لە ناوبچێت . بۆ
گەیشتن بەو ئامانجە، دەبێت چەند کەسێک بەکرێ بگرین کە بە مێزەری سەوز
یان ڕەشەوە خۆیان دەربخەن و بە درۆ خۆیان بکەنە وەچە و نەوەکانی
پێغەمبەر. بەم شێوەیە، ئەو خەڵکانەی کە ئەوان دەناسن، ووردە ووردە
دەکەونە گومانەوە لە سەیدە ڕاستییەکان و لە نەوەکانی پێغەمبەریش.
مەسەلەیەکیتر ئەوەیەکە ھەوڵبدرێت مێزەر و عەمامە لەسەری زانا ئاینی و
سەیدە ڕاستییەکان لاببرێت تاکو لەم ڕێگایەوە ھەم پابەند بوون بە
پێغەمبەر لە ناو ببرێت و ھەم ڕێزی زانا ئاینییەکانیش لە ناو خەڵکدا
نەمێنێت .
١٧. شوێنەکانی ماتەمگێڕانی حسەین، یان حسەینییە، ئەبێت نابووت بکرێن و
بکرێنە کەلاوە. ھۆی ئەم کارەیش، دەبێت بە خەبات لە دژی گومڕاییەکانی
موسڵمانان و ئەو بەدبەختیانەی کە لە ئاینەوە سەرچاوە دەگرن، لەقەڵەم
بدرێت. دەبێت بە ھەموو توانایەکمانەوە ھەوڵبدەین کە خەڵک نەچنە
حوسەینیە و خۆیان لابدەن لە ماتەمگێڕان بۆ حوسەین و ووردە ووردە وایان
لێیکرێت کە واز لەو جۆرە کارانە بھێنن. بۆ گەیشتن بەو ئامانجەیش، دەبێت
لەڕێگای کۆمەڵێک مەرج و دیسپڵینی توند و قورسەوە، دروستکردنی
حوسەینییەکان دژوار بکرێنەوە .
١٨. دەبێت ئازادی بیروڕا و پرسیارکردن بخرێتە مێشکی موسڵمانانەوە.
ھەموو کەسێک دەتوانێت بە ئازادی بیربکاتەوە و حەزی لە ھەرشتێک بوو
بیکات. ئەمر بە چاکەو نەھی لە خراپە واجب نییە. تەرویجکردنی حوکمەکانی
شەریعەتی ئیسلام پێویست نییە و دەبێت وازیان لێبھێنرێت. پەندێکی ئێرانی
ھەیە کە دەڵێت " عیسا بەدینی خۆیی و موسا بە دینی خۆی". پاش لە مردن،
ھیچ کەسێک ناچێتە گۆڕی کەسێکی دیکەوە. ئەگەر ئەمر بە چاکە و نەھی لە
خراپە واجب بێت، ئەوا دەبێت پاشاکان لە پێش ھەر کەسێکی دیکەوە ئەم
فەرمانە بەجێ بھێنن و خەڵکە ئاساییەکە ھەقیان بەسەر ئەوەوە نییە .
١٩. دەبێت نەوە دروستکردن کۆنترۆڵ بکرێت و نەیەڵن کە پیاوەکان لە یەک
ژن زیاتریان ھەبێت. دەبێت کاری ژنھێنان و شووکردن لە ڕێگای چەند
بڕیارێکەوە ئاڵۆز و دژوار بکرێتەوە.. بۆ نموونە، نابێت کە ھیچ پیاوێکی
عەرەب ژنێکی ئێرانی بکاتە ھاوسەری ژیانی، یان بە پێچەوانەکەشیەوە نابێت
ھیچ پیاوێکی ئێرانی ژنێکی عەرەب بکاتە ھاوسەری خۆی و بەم شێوەیە پیاوە
تورکەکانیش نەتوانن کە ژنێکی عەرەب، یان فارس بکەنە ھاوسەری خۆیان.
٢٠. دەبێت مەسەلەی بەجیھانیکردنی ڕێنمایی و ئامۆژگارییەکانی ئیسلام بە
تەواوی ڕەتبکرێتەوە و ئەو دەنگۆیە لە ناو کۆمەڵگەدا بڵاو بکرێتەوە کە
ئاینی ئیسلام، ئاینی کۆمەککردن و ھیدایهتکردن نییە و تەنھا ئاینی
خێلێکه، ھەر بەو جۆرەشی کە قورئان بڕیاری لەسەر داوە :" ئەم ئاینە بۆ
یادەوەری خۆت و خێڵەکەتەـ انە لذکر لک و لقومک.".
٢١. سونەتە باشەکانی ئیسلام، وەک دروستکردنی بینای مزگەوتەکان،
قوتابخانەکان و ناوەندە فێرکاریەکانی، دامەزراوە و ئۆرگانە
خێرخوازییەکان، دەبێت ھەموویان لە ناوببرێن، یان لانی کەم سنووردار و
کەمبکرێنەوە. دروستکردنی ئەوانە و بەڕێوەبردنیان ئەرکی دەوڵەتەکانە،
نەک زانایانی ئاینی. ھەر کاتێک کە دەوڵەتەکان دەستببەن بۆ دروستکردن و
بەڕێوەبردنی ئەوانە، ئیتر بەھای ئاینیان نامێنێت و لە ناو دەچێت.
٢٢. پێویستە کە لە ڕاستی و ڕەسەنایەتی ئەو قورئانە کەم بکەینەوە کە
ئێستا لەبەردەستی موسڵمانەکاندایە، ئەویش لەڕێگای چاپ و بڵاوکردنەوەی
ئەو قورئانانەوە کە شتێکی کەمتر یاخود زیاتریان لەم قورئانەی ئێستا
تێدایە و ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوە کە گومانی خەڵک لەسەر ئەساڵەتی ئەودا
زیاد بکەین . لەم رووەوە، بەتایبەتی دەبێت سەرنج بدەینە سەر ئەوە کە
ئایەتە سوکایەتی ئامێزەکانی سەبارەت بە مەسیحییەت و یەھودی و
بێباوەڕەکانەوە بسڕینەوە. چەند نوسخەیەک لەم قوئانانە بگۆڕینە سەر
زمانی تورکی، فارسی و ھیندی و چاپیان بکەین و بڵاویان بکەینەوە. دەبێت
حکومەتە موسڵمانە نا عەرەبییەکان ھانبدەین کە لە ناوچەکانی بندەستیاندا
ڕێگا لە قورئانخوێندن، بانگ و نوێژ بە زمانی عەرەبی بگرن. شتێکتر کە
پێویستە سەرنجی بدەینێ، دروستکردنی گومانە لەسەر حەدیس و ڕیوایەتەکانی
ئاینی ئیسلام. لە لایەکی دیکەیشەوه دەبێت ھەر بەو جۆرەی کە لە
تەرجەمەکردنی قورئاندا تەحریف دەکەین، تەحریف لە حەدیسەکانیشدا بکرێت .
بە کورتییەکەی، ئەوەی کە لە کتێبی دووەمیاندا بینیم و لێی تێگەیشتم،
زۆر چاک و بەسوود دەھاتنە پێش چاوم. ئەم ناونیشانەیان لە سەر کتێبەکە
دانا بوو : " چۆن ئیسلام لە ناو ببەین ؟ "، کە لە ڕاستیدا ئەم کتێبە
باشترین و و زانستیترین ئەو پرۆژانە بوو کە من و ھاوکارەکانم ئەرکمان
بوو لە وڵاتانی ئیسلامیدا جێبەجێییان بکەین. پاش لە خوێندنەوەی
کتێبەکە، کە بە توندیی کاریگەری لەسەرم دانابوو، چووم بۆ وەزارەتی
مستعمرات تا کتتێبەکەیان تەسلیم بکەمەوە. لە چاوپێکەوتنێکیتردا کە
دووبارە لەگەڵ جێگری وەزیردا بووم، ڕووی تێکردم پێی گوتم: " تۆ بەتەنیا
نیت لە ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە دەبێت بکرێن، بەڵکو گرووپێکی گەورەیش
لە ھاوکارانی دڵسۆز و ڕاستگۆ، کە ژمارەیان لە سەرتاسەری وڵاتانی
ئیسلامیدا (٥٠) ھەزار کەسە ھاوکاری و کۆمەکت پێدەکەن. وەزارەتی
مستعمرات لە بیری ئەوەدایە کە ھەنگاو بەھەنگاو و لەگەڵ چوونە پێشەوەی
کارەکانیدا، ئەم ژمارەیە بگەیەنێتە سەد ھەزار کەس. ھەرکاتێک کە گروپێکی
گەورەی وامان بۆ دروست بکرێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەڵێم زاڵ دەبین
بەسەر وڵاتانی ئیسلامیداو دەست دەکەین بە سڕینەوەی یەکجاری
شوێنەوارەکانی ئیسلام .".
پاشان جێگری وەزیر، بەمجۆرە درێژەی بەقسەکانیدا و وتی : " مزگێنیت
دەدەمێ کە لە ماوەی سەدەیەکدا بە ئامانج و ئارەزووەکانی خۆمان دەگەین .
ئەگەر نەوەکانی ئەمڕۆی ئینگلیز سەرکەوتنەکانی ئایندەمان نەبینن، ئەوا
نەوەکانی داھاتوومان ڕۆژە خۆشەکانی ئایندە بە چاوی خۆیان دەبینن . ئەم
پەندە ئێرانییە چەند جوان و باشە کە دەڵێت:
(پێشینان چاندیان و ئێمەیش خواردمان)، ئێمەیش دەیچێنین تاکو ئەوانیتر
بیخۆن. ھەرکاتێک کە بەریتانیای گەورە، یان (پاشای دەریاکان)، لە
تێکشکاندنی ئیسلامدا سەرکەوتو بێرت و بەسەر ناوچەکەدا فەرمانڕەوایی
بکات، ئەوا جیھانی مەسیحییەت لە ھەموو ئەو ئازارو ژانانەی کە لە دوازدە
سەدەدا چەشتوویەتی، بە تەواوی ڕزگاری دەبێت. لە دوازدە سەدەی
ڕابردوودا، موسڵمانەکان چەندین ھێرشیان کردووەتە سەرمان و چەندین
جەنگیان بەسەردا سەپاندووین : بۆنموونە، جەنگە سهلیبییەکان کە ھیچ
قازانجێکی بۆ مەسیحییەت نەبووە، ھەر بەو شێوەیەی کە ھێرشی مەغۆل
لەسەرەتای خۆیەوە بە مەبەستی تاڵانکردن و وێرانکردنی وڵاتانی ئیسلامی
دەستیپێکرد، بەڵام چونکە بەبێ لێکۆڵینەوە، توێژینەوە و بەبێ ئامانج
دەستیپێکردبوو، نەیتوانی ئیسلام لە نێو ببات. پەلامار و ھێرشی ئێمە بۆ
سەر وڵاتانی ئیسلامی، وەک ھێرش و پەلاماری مەغۆلەکان نییە کە تەنھا لە
چوارچێوەی کردەوە سەربازییەکان و کوشت و کوشتار و تاڵانکردندا خۆی
قەتیس بکات، بەڵکو ئێمە ھیچ پەلەیەکمان لەم کارەدا نییە و زۆر بەشێنەیی
ئەم کارە ئەنجام دەدەین. حکومەتی بەریتانیای گەورە، لەگەڵ توێژینەوە و
خوێندنەوەیەکی ھەمەلایەنەی ڕێگای تێکشکاندنی ئیسلامدا ھەنگاو دەنێت و
بە سەبر و حەوسەڵەوە بەدوای بەرنامە سیستەماتیک و ووردەکانی خۆیدا
دەچێت و سەرئەنجامیش بە دوا ئامانجی خۆی دەگات. بێگومان بۆ بەدیھێنانی
ئەو ئامانجە، پەنا دەبەینە بەر ھێزی سەربازی، بەڵام کردەی ھەنگاوی
سەربازی و جەنگی، دوایین ڕێگاچارە دەبێت و ئەو کاتەی کە بەتەواوەتی
دەسەڵاتی خۆمان بەسەر وڵاتە ئیسلامییەکاندا سەپاند، بۆ سەقامگیرکردن و
پاراستنی ئەو دەسەڵاتە و لەدژی ئەو گروپ و لایەنانەی کە دژی دەسەڵاتی
ئێمە بن، پەنا دەبەینە بەرچەک. ئەوەیش گومانی تێدانییە کە
دەسەڵاتدارانی ئەستەنبوڵ (عوسمانییەکان)، زۆر ھوشیارن و ناھێڵن کە
پرۆژەکانمان لە وڵاتانی ئیسلامیدا بەخێرایی پراکتیزە بکەین، بەڵام
دەبێت ھەرلە ئێستاوە منداڵانی چینە ناوەنجییەکان (middle
class)، لەو قوتابخانانەی کە بۆمان ئامادەکردوون، پەروەردە
بکەین. چەندین کڵیسا لەو ناوچانەدا دروست بکەین، دەبێت ئەوەندە
پەرەبدەین بە مهشروب، قومار و سێکس تا بتوانین بە تەواوی نەوەی نوێی
ئیسلام لە ئاین دوور بخەینەوە. دەبێت لە نێوان دەسەڵاتداران و
فەرمانڕەوایانی ئیسلامیدا ناکۆکی و ململانێ جۆراوجۆرەکان پەرە پێبدەین
و ئاگری فیتنەیی و دووبەرەکی خۆش بکەین. ئەشرافەکان و پیاوانی دەوڵەت و
ئەو کەسانەی کە دەسەڵاتدارن، بیانخەینە داوی ژنانی جوان و مەکربازی
مەسیحییەوە و مەحافلەکانی ئەم ژنە ئەگریجە لولانە پەرە پێبدەین و
بیانڕازێنینەوە تا ووردە ووردە لەڕێگای ئەمانەوە ئەشرافەکان و پیاوانی
دەوڵەت توانایی دینی خۆیان لە دەست بدەن و خەڵکیش گومانی خراپیان لەسەر
دروست بکات و بڕوایان بە ئیسلام کەمبکرێتەوە و لە دوا ئەنجامیشدا
یەکێتی و یەکبوونی سێ لایەنەی زاناکان، حکومەت و خەڵک لە ناوببرێت. لە
ڕەوشێکی لەو جۆرەدایە کە بە پەرپاکردنی جەنگە ماڵوێرانکەرەکان،
بنەماکانی ئیسلام لە رەگ و ڕیشەوە ھەڵدەتەکێنین.".
___________________________________________________________
- بهشی
پێنجهم:
www.emrro.com/bireweriyekanimisterh5.htm
- بهشی
چوارهم:
www.emrro.com/bireweriyekanimisterh4.htm
- بهشی
سێیهم:
www.emrro.com/bireweriyekanimisterh3.htm
- بهشی
دووهم:
www.emrro.com/bireweriyekanimisterh2.htm
-
بهشی یهکهم:
www.emrro.com/bireweriyekanimisterh1.htm
-
پێشهکیی وهرگێڕی کوردی:
www.emrro.com/bireweriyekanimisterh.htm
کهنهدا
- تۆرینتۆ
kurdstanpost.new@gmail.com
|