په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٢\٢٠١٢

بیرەوەرییەکانی مستەر ھمفێر.
- جاسوسی بەریتانی لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا -


وەرگێڕانی لە فارسییەوە: تاھیر ساڵح شەریف

- بەشی هه‌فته‌م (کۆتایی) -

 

سەرئەنجام، جێگری وەزیری وەزارەتی مستعمرات پەردەی لەسەر دووھەمین نھێنییەک، کە پێشتر بەڵێنی پێدا بووم پێم بڵێت و منیش چاوەڕوانی بیستنیم دەکرد، ھەڵدایەوە : نھێنی دووەم بریتی بوو لەو ڕێککەوتنامەیەی کە لێپرسراوانی پایەبەرزی دەوڵەتی ئینگلیز، کە ھەموویان ئەندامی وەزارەتی دەرەوە بوون، پەسەندیانکردبوو. ئەم ڕێکەوتننامە پەنجا لاپەڕەییە، نەھجی وەزارەتی مستعمراتی بۆ شکستپێھێنان و لە ناوبردنی ئیسلام و موسڵمانانی لەماوەی سەدەیەکدا دیاریدەکرد . بەپێی پێشبینییەکانی ئەم نامیلکەیە، پاش لەو ماوەیەی کە دیاریکرابوو، ناوی ئیسلام لە سەر ئاستی جیھانیدا دەسڕایەوە و شوێنەوارێکی نەدەما . لە ھەمان نامیلکەدا تەئکیدێکی زۆریش لەسەر ئەوە کرابوو کە بەندەکانی ئەم ڕێکەوتننامە ١٤ مادەییە، نھێنییە و نابێت بەھیچ شێوەیەک بابەتەکان و ناوەرۆکەکەی ئاشکرا بکرێت، چونکە ترسی ئەوە ھەبوو ئەگەر موسڵمانەکان پێی بزانن، ئەوا ئەوانیش بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێن. کورتەیەکی ڕێکەوتنامەکە، بەم شێوەیەی لای خوارەوە بوو:

١. ھاوکارییەکی فراوان و کاریگەر لەگەڵ ڕوسیادا بەمەبەستی دەستگرتن و زاڵبوون بەسەر ناوچە موسڵمان نشینەکانی باشوری ئەو وڵاتە (بوخارا، تاجیکستان، ئەرمەنستان، باکوری خۆرسان و پشتی ڕووبار ـ "ماوراء النھر")دا . ھەروەھا ھاوکاریکردن لەگەڵ ڕوسەکاندا ئامانجێکی تریشی ھەبوو، ئەویش دەستگرتن بەسەر خاکی تورکمەنستان و ئازەربایجاندا، کە ئەو دوو وڵاتەش وابەستە بوون بە ئێرانەوە و ھاوسنووریشی بوون.


٢. ھاوکاریکردن لەگەڵ پاشاکان و ئیمپراتۆرەکانی فەڕەنساو ڕوسیای قەیسەر بۆ دانانی پرۆژەیەکی ھاوبەش و ھەمەلایەنە بۆ تێکشکان و ڕوخاندنی حکومەتە ئیسلامییەکانی ناوەوە و دەرەوەی ناوچەکە.


٣. پەرەدان بە بە ناکۆکی و کێشە لەمێژینەکانی نێوان ھەردوو دەوڵەتی ئێرانی و عوسمانی و خۆشکردنی ئاگری ناکۆکی و دوژمنایەتی نەتەوەیی و ڕەگەزییەکانی نێوان تورکەکان و فارسەکان، بەرپاکردنی ڕاپەڕینە ناوخۆییەکان و جەنگە خێڵەکییەکان لە نێوان ھۆز و خێڵە موسڵمانەکانی دەوروبەری شارە گەورەکانی عێراق و ئێران . بڵاوکردنەوە و زیندووکردنەوەی سەرلەنوێی ئاینەکانی پێش لە ئیسلام، تەنانەت ئاینە وازلێھێنراو و لەیادچووەکانی میزۆپۆتامیا، ئێران و میسر و ھەڵگیرساندنی ئاگری شەڕ لەنێوان ئیسلام و ئاینە ناوبراوەکاندا.


٤. دانی بەشێک لەزەوی شارەکان و لادێکانی وڵاتانی ئیسلامی، وەک (اقطاع) بە نەتەوە نا موسڵمانەکان . بۆنموونە، سپاردنی مەدینە بە جولەکەکان، بەندەری ئەسکەندەرییە بە مەسیحییەکان و شاری یەزدی ئێرانیش بە زەردەشتییە پارسییەکان، عەمارەی عێراقیش بە ێائبینەکان، کرماشانیش بە علی اللھیان، موسڵیش بەیەزیدییەکان، دەوروبەری کەنداوی فارسیش، بوشھر... بە ھیندییەکان، لەم ناوچەی دواییەیان دەبێت لەپێشدا ھیندییەکان جێگیر بکەین . گرابلسی لوبنان بە خێڵەکانی دروز و گارچیش بەشیعە عەلەوییەکان و مەسقەتی عومانیش بە خوارجەکان. پاش سپاردنی ئەم شوێنانە بەو گروپە ئاینی و کۆمەڵایەتیانەی کە ئاماژەیان پێکرا، پێویستە ھەوڵبدەین کە بناغەی دارایی و سەربازییانەی ئەم کەمایەتییانە، لەڕێگای کۆمەکە لۆجستییەکان، کەلوپەلی جەنگی و ناردنی پسپۆڕانی سیاسیی و جەنگییەوە بەھێز بکەین بۆ ئەوەی کە پاش لە ماوەیەکی کەم، ئەم کەمایەتییە ئاینییانە ببن بە دڕکی چاوی موسڵمانان و ئازاری گیانیان بدەن . فراوان بوونەوەی پلەبەپلەی نفوز و دەسەڵاتی ئەوان لە ناوچەکەدا، دەبێتە ھۆی لە ناوچوونی حکومەتەکانی موسڵمانان و نفوزی ئیسلامیش لە ناوچەکەدا بەرەو لاوازی و داڕزین دەبات.


٥. داڕشتنی نەخشەیەکی وورد و عەمەلی بەمەبەستی دابەشکردنی حکومەتە بەھێزەکانی ئێران و عوسمانی بەسەر چەند فەرمانڕەوایەکی بچووک و خۆجێ (محەلی)یدا و دروستکردنی کێشەو ناکۆکی لە نێوانیاندا، لەلایەکەوەو لە لایەکی تریشەوە بەشەڕدانیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا، وەک ئەو پرۆژەیەی کەئێستا لە لە ھیندستاندا پیادە دەکرێت، یان بەکەڵک وەرگرتن لە دەستور : دووبەرەکی بنێرەوە و حکومەت لەدەستبگرە، یان بە دەربڕینێکی ڕاشکاوانەتر و باشتر : دووبەرەکی بنێرەوە و لە ناویان ببە!


٦. لە ناوچە ئیسلامییەکاندا، بە بەرنامەڕێژی ھوشیارانە وسیستماتیکەوە پڕوپاگەندە بۆ بیروباوەڕ و ئاینە ساختە و دروستکراوەکان بکرێت، بەجۆرێک کە ئەو کارە دەبێت پاش لە ھەڵسەنگاندنی زەمینە فکرییەکانی توێژە جیاوازەکانی خەڵک ئەنجام بدرێت. بۆ نموونە: شیعەکان ئیمامەکانی خۆیان زۆر خۆش دەوێت، بۆ مەزھەبی حسین اللھی، پەرەستنی حەزرەتی ێادق، زیادەڕەویکردن لە بارەی حەزرەتی مەھدی ونبووەوە، زیادەڕەوی لەبارەی کەسایەتی عەلی کوڕی موسا ڕەزاوە ـ گروپی ھەشت ئیمامی ـ تەرویج بکرێت . گونجاوترین شوێنەکان بۆ بڵابوونەوەی ھەریەکێک لەم مەزھەبانە، بەم شێوەیەیە : حسێن ئیلاهی لە (کەربەلا)، مەھدی ونبوو لە (سامەڕا)، حەزرەتی ێادق لە (ئەسفەھان)، ھەشت ئیمامەکەیش لە (مەشھەد). بێگومان بڵاوکردنەوە و تەبلیغ کردنی ھەریەکێک لەم مەزھەبە ساختانە نابێت تەنھا سنوردار بکرێنەوە بە ناوچە شیعەنشینەکانەوە، بەڵکو دەبێت کە لە ناو گروپی چواری ئەھلی سونیشدا، چەند مەزھەبێکی لەوجۆرەی کەباسکران، بڵاوبکرێتەوە و ناکۆکی و دووبەرەکیەکی بەھێزیش لە نێوانیاندا دروست بکەین، بەجۆرێک کە ھەر یەکەیان خۆی بە موسڵمانی ڕاستەقینە لەوی دیکەیان بزانێت و ئەوانی دیکە بەکافرو ھەڵگەڕاوە لە دین بزانێت و کوشتنیان بکاتە واجب.


٧. بڵاوکردنوەی لەشفرۆشی و نێربازی (لواط)، مەیخواردنەوە و قوماربازی ، لەو بەرنامانەیە کە دەبێت لە ناو موسڵماناندا ڕەواجیان پێبدرێت . لە پەرەدان و تەرویجکردنی ئەمجۆرە فاسادانەدا ، دەبێت لە ئاینەکانی پێش لە ھاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە، کە خۆش بەختانە ژمارەیان کەم نییە، زۆرترین کەڵک وەربگرین .
٨. ھەوڵدان بۆ ھەڵبژاردنی فەرمانڕەوایانی گەندەڵ و ناپاک تا ھەستیارترین کارو بارەکانی ئەم وڵاتانە لەدەستبگرن. پەیڕەویکردن لەم بنەمایە کە فەرمانڕەوایانی ویلایەتەکان دەبێت بەکرێگیراوانی وابەستەبن بە وەزارەتی مستعمراتی ئینگلیزەوە، بەکورتییەکەی کار بۆ دەوڵەتی ئینگلیز بکەن و فەرمان لەوەوە وەربگرن . پێویستە کە ئامانجەکانی ئێمە لە وڵاتانی ئیسلامیدا، لە ڕێگای ئەو فەرمانڕەوا بەکرێگیراوانەوە بەنھێنیانە عەمەلی بکرێنەوە . بێگومان دەبێت لە ڕووکەشدا وا بنوێنێت کە ئەم فەرمانڕەواو فەرمانبەرانە لە لایەن پاشاکانی ئیسلامەوە دیاری دەکرێن، بەڵام لە ژێرەوە فەرمانبەری دەوڵەتی به‌ریتانیای گەورەو وەزارەتی مستعمراتن.


٩. بەرگرتن بە کڵتورو زمانی عەرەبی لە وڵاتانی موسڵماننشینی نا عەرەبیدا و لەبەرانبەریشدا تەبلیغ و بڵاوکردنەوەی زمان و کڵتوری نەتەوەیی خۆیان، وەک زمانی سانکریت، زمانە ئێرانییەکان، زمانی کوردی، زمانی پەشتو و ئۆردو . دەبێت بایەخ بەوە بدرێت کە لەھجە محەلییە باوەکانی ناو خێڵە عەرەبەکان پەرەی پێدرێت و جێگای زمانی عەرەبی پەتی (فصیح) بگرێتەوە تا لەم ڕێگایەوە بتوانرێت پەیوەندی عەرەبەکان لەگەڵ زمان و کڵتوری قورئان و سونەتدا بپچڕێنرێت.

 
١٠. ھەوڵدان بۆ زیادکردنی ژمارەی بەکرێگیراوان و سیخوڕەکانی ئینگلیز لە ئۆرگانە دەوڵەتییەکاندا وەک ڕاوێژکارانی دەسەڵاتداران، پسپۆڕان و... لە ئەنجامدا کاریگەری دانانیان لەسەر بڕیارەکانی ئەمیرەکانی و وەزیران وڵاتانی ئیسلامی . باشترین ڕێگای گەیشتن بەو ئامانجانەش، لە پێشدا پەروەردەکردن و ڕاھێنانی کۆیلەکان و کەنیزە ھوشیارو لێھاتووەکانە و لە قۆناغی دواتریشدا فرۆشتنەوەیانە بە فەرمانڕەواکان، مناڵەکانی لێپرسروانی دەربار، شازادەکان، ھاوسەرەکانیان و کەسانی بەنفوزتر . ئەم کۆیلە و کەنیزانە، بەھۆی لێھاتووییەکەوە کە ھەیانە، ووردە ووردە جێگای خۆیان دەکەنەوە و تا ئاستی ڕاوێژکارانی دەسەڵاتداران و ڕێپیشاندەرانی وەزیر و ئەمیرەکانی وڵاتانی ئیسلامی دەچنە سەرەوە . پەیوەندی لە پساننەھاتوو و کاریگەری ئەوانە لە سەر پیاوانی موسڵمان زۆر بەھێز دەبێت.


١١. پەرەدان بە ئاینی مەسیحیەت لە ناو چەند توێژێکی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا، بە تایبەتی تەکنۆکراتەکان (کارمەندانی مالیەی دەوڵەت، پزیشکەکان و ئەندازیاران) و کەسانێکیتر کە وابەستەن بەمانەوە. زیادکردنی ژمارەی کڵیساکان، قوتابخانەکان و دەرمانخانەکانی سەربە کڵیسا، بڵاوکردنەوەی کتێب و نامیلکە تەبشیریەکان و دابەشکردنیان بە خۆڕایی لە ناوچینە ناوەنجییەکانی خەڵکدا، بایەخدان بەمێژووی مەسیحیەت و بەرجەستەکردنەوەی ئەو مێژووە لە بەرانبەر مێژووی ئیسلامدا . بە مەبەستی فەراھەمکردنی ئیمکاناتی زیاتر بۆ تەبلیغ کردنی ئاینی مەسیح و بەدەستھێنانی زانیاری پێویست لەبارەی بارودۆخ و گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی ناوکۆمەڵگە ئیسلامییەکانەوە، دەبێت بەکرێگیراوەکان و جاسوسەکانی به‌ریتانیا لەبەرگی خوشکانی دنیا تەرککردوو، ڕاھیب و قەشەکاندا بنێردرێن بۆ ناوکڵیساکانی وڵاتانی ئیسلامی . ھەندێک لەم ڕۆحانییە بە شێوە مەسیحیانە، دەبێت لە بەرگی ئیسلامناس، ڕۆژھەڵاتناس و تاد... لە ھەوڵی ئاوەژۆکردنەوەی ڕاستییە مێژووییەکاندا بن و پاش لە فەراھەمکردنی بەڵگە و زانیارییە پێویستەکان لە مەڕ بارودۆخی وڵاتانی ئیسلامی، ئینجا دەبێت ھیمەت بکەن بۆ نووسینی چەند وتارو بابەتێک بەزیانی ئیسلام و بە قازانجی مەسیحییەت.


١٢. بلاوکردنەوەی ئاتەیزم (الحاد) لە ناوکچان و کوڕانی موسڵماندا و دروستکردنی گومان لە مێشکیاندا بەرانبەر بە بنەماکانی ئیسلام، ئەویش لەڕێگای تەبلیغکردنەوە لە قوتابخانەکانی سەر بەکڵیسا، بڵاوکردنەوەی کتێبە دژی ئەخلافی و دژی ئیسلامییەکان، دروستکردنی یانەکانی ڕابواردن و دیسکۆکان، فەراھەمکردنی پێداویستییەکانی دروستکردنی پەیوەندی دڵداری لەگەڵ دۆستا ناموسڵمانەکانیان و ئامادەکردنیان بە مەبەستی بەدڕەوشتی و بێدینی. دروستکردنی ئەنجومەنە نھێنییەکان بە بەشداری لاوە جولەکە و مەسیحییەکان و... بە مەبەستی خستنەداوی لاوانی موسڵمان، بەھەر ھۆیەک کە میسەر ببێت.


١٣. ھەڵگیرساندنی ئاگری ناکۆکی و پشێووییەکان لە نێوان موسڵمانان و ئاینەکانی دیکەدا، لە ناوەو دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتانی ئیسلامیدا، یاخود لە نێوان خودی گروپە جیاوازەکانی موسڵمانەکانیشدا، ئەویش بە مەبەستی لاوازکردنی ھێزی ئیسلام و دورخستنەوەی پەیڕوانی ئەم ئاینە لە ھاوڕایی و لەیەکجۆر بیرکردنەوە لە بارەی کێشەکانی ژیانەوە و پابەستکردنیان لە ھەنگاونان بەرەو گەشەکردن و پێشکەوتنیان. لە ناوبردنی ھێزە فکری، دارایی و نەتەوەییەکانیان، مراندنی گیانی چالاکی و تێکۆشانی لاوەکانیان و پەرەدان بە بێ سەرەو بەرەیی و پاشاگەردانی.


١٤. تێکشکاندنی ئابوری نەتەوەیی وڵاتانی ئیسلامی، بە کشتوکاڵ و سەرچاوەکانیتری بەرھەمھێنانی کۆمەڵایەتی و ژیانەوە . بۆ گەیشتن بەم ئامانجەیش دەبێت بەنداوەکان تێکبدەین و ھەوڵبدەین کە گیانی تەمەڵی و بێزار بوون لە ناو یەک بەیەکی ئەندامانی کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا بەرانبەر بە کارو بەرھەمھێنانی کۆمەڵایەتی بەھێز بکەین. ھەوڵبدەین کە لەڕێگای کردنەوەی شوێنە تەرفیھییەکان و چایخانەکانەوە، ڕێژەی بەکارھێنانی تریاک و کەرەستە سڕکەرەکانیتر ببەینە سەرەوە.

پێویستە ئەوەیش بڵێم کە ئەو ١٤ بەندەی سەرەوە، ھەموویان لەگەڵ نەخشە، وێنە و نموونەدا لە نامیلکەکەدا نووسرابوونەوە، بەڵام من لێرەدا چەند ئاماژەیەکی کورتم بە ھەر یەکێک لەو بەندانە کردووە .

بەکورتیەکەی، پاش ئەوەی کە سوپاسی جێگری وەزیری وەزارەتی مستعمراتم کرد بۆ ئەو متمانەیەی کە پێی بەخشی بووم، نامیلەکە نھێنییەکەم لەلای خۆم ھێشتەوە . مانگێک لە لەندەن مامەوە تا ئەو کاتەی کە لە لایەن وەزیرەوە فەرمانی درێژەدان بە مەئمورییەتەکەم لەعێراقدا دەرچوو . دوایین مەئمورییەتەکەم تایبەت بوو بە ئامادەکردنی محەمەد عبدالوەھاب تا ئاینە نوێیەکەی ڕابگەیەنێت . جێگری وەزیر لەوە ئاگاداری کردمەوە کە زۆر بە شێنەیی و ھوشیارییەوە لەگەڵیدا بەرەو ڕوو ببمەوە و بەھیچ شێوەیەک پێویست ناکات کە لەسەرەتاوە زیادەڕۆی لەگەڵدا بکەم، چونکە تێگەیشتنەکەی جێگری وەزیر لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە بیناکرابوو کە جاسوسەکانی به‌ریتانیا لە عێراق و ئێرانەوە ناردبوویان بۆ وەزارەتی مستعمرات. محەمەد عبدالوەھاب گونجاوترین و شایستەترین کەس بوو کە دەکرا دەوڵەتی بەریتانیا بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی وەزارەتی مستعمرات حیسابی لەسەر بکات. پاشان جێگری وەزیر لە درێژەی قسەکانیدا وتی: " دەبێت بەڕاشکاوانە قسە لەگەڵ محەمەددا بکەیت، چونکە جاسوسەکانمان پێشتر لە ئەسفەھاندا گفتوگۆیان لەگەڵدا کردووە و و شێخ پێشنیارەکانمانی قەبوڵ کردووە، ھەڵبەتە بەو مەرجەی کە لە ئەگەری ئەو مەترسی و ھەڕەشانە بپارێزرێت کە لەلایەن زاناکان، یان لەلایەن دەمارگیر و بەکرێگیراوەکانی دەسەڵاتدرانی ناوخۆییەوە، کە کار بۆ دەوڵەتی عوسمانی دەکەن، ڕووبەڕووی دەبنەوە، چونکە لەگەڵ ئاشکرابوونی بانگی نوێ ئەودا، لە ھەموو لایەکەوە پلان و ھێرشی ترسناک بۆ لە ناوبردنی شێخ دەست پێدەکات .".

ھەروەھا دەوڵەتی ئینگلیز ڕازی بوو بوو بەوە کە لە کاتی پێویستدا پارەو چەک بۆ شێخ محەمەد بنێردرێت و بەپێی مەیل و ئارەزووی شێخ، ناوەندی فەرمانڕەوایەتییە سەرەتاییەکەیان لە ناوچەیەکی بچووکدا دیاریکردبوو لە نزیکی " نجد "ەوە، کە دەکەوێتە جەزیرەی عەربییە.

بەڵێ ! زۆر خۆشحاڵ یووم بەبیستنی ڕازی بوونەکەی شێخ، بەڵام تەنھا پرسیارێک کە لە جێگری وەزیرم کرد، ئەمەبوو کە : ڕۆڵ و ئەرکی داھاتووی من چییە ؟ لەمەودوا چی بکەم ؟ چ کارێکیتر بخەمە سەرشانی شێخ ؟ لە کوێوە دەست بەمەئموریەتەکەم بکەم؟ جێگری وەزیر وەڵامی دامەوە کە: " پێشتر وەزارەتی مستعمرات سنووری ئەرکەکانی تۆی بەڕوونی دیاریکردووە و ئەویش ئەو ئەرکانەیە کە دەبێت شێخ پلە بەپلە ئەنجامیان بدات . ئەرکەکانیش بریتین لە :

١. بەکافر ناوزەد کردنی ھەموو ئەو موسڵمانانەی کە بە مەزھەبەکەی شێخەوە پەیوەست نەبن و بە ڕەوا زانینی کوشتن، تاڵانکردن و دەستدرێژیکردنە سەر ناموسیان، ڕێگادان بە فرۆشتنی ئەوانەی کە بەدیل دەگیرێن لەبازاڕەکانی کڕین و فرۆشتنی کۆیلەکاندا، وەکو کۆیلە و کەنیزەک .
٢. ئەگەر بکرێت، ئەوا بینای کەعبە وێران بکرێت، ئەویش بە بیانوی نەھێشتن وسڕینەوەی پاشماوەکانی بت پەرستی، ڕێگاگرتن لە موسڵمانان بۆ ئەنجامدانی فەرزی حەج و بزواندن و ھاندانی خێڵە عەرەبەکان بۆ تاڵانکردنی حاجییەکان .
٣. ھاندانی خێڵە عەرەبەکان بۆ یاخیبوون و سەرپێچیکردن لە فەرمانەکانی خەلیفە (ئیمپراتۆری عوسمانی)، بزواندن و ھاندانی خێڵ و کەسە ناڕازییەکان بۆ ھەڵگیرسانی ئاگری جەنگ دژ بە حکومەتی عوسمانی، دروستکردن و ئامادەکردنی سوپایەکی چەکدار بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە و شەڕو تێکھەڵچوون لەگەڵ ئەرستۆکراتەکانی حیجازدا بەھەرھۆکارێک کە لە توانادا بێت، ئەویش بە مەبەستی کەمکردنەوە لە نفوز و ڕێزیان لە حیجازدا .
٤. وێرانکردنی گۆڕەکان و مەزارگەکانی موسڵمانان کە لە مەککە مەدینەو شارەکانی تردا ھەن، ئەوەش بە بیانوی خەبات لەدژی نەریت و ڕەوشتی بتپەرەستی و شەریک دروستکردن بۆ خودا و بەرگرتن بە سوکایەتیکردن بە کەسایەتی محەمەد و بەشێوەیەکی گشتیش بە ھەڵبژێردراوان و زانایانی ئیسلامیی تا ئەو جێگایەی کە ئیمکانی ھەبێت.
٥. تا ئەو جێگایەی کە مەیسەر بێت، پەرە بە نائارامی، فیتنە و دووبەرەکی و ئاژاوە نانەوە بدرێت لە وڵاتانی ئیسلامیدا.
٦. چاپکردن و بڵاوکردنەوەی قورئانێکی نوێ کە ئایەت و سورەتەکانی کەم و زیاد کرابێت، ئەویش لە سەر بنەمای حەدیس و ئەو ھەواڵانەی کە دەبنە بەڵگەی کەم بوونەوە، یان زیادبوونی ئەو قورئانەی کە ھەنوکە لەبەر دەستدایە .

پاش ئەوەی کە جێگری وەزیر ئەو بەرنامە شەش بڕگەییەی ڕوونکردەوە، کەدەبوو شێخ محه‌مه‌د عبدالوەھاب جێبەجێکردنی تەواوەتیان لە ئەستۆ بگرێت، لە درێژەی قسەکانیدا ووتی :" نابێت قورسی و چڕو پڕی ئەم بەرنامەیە بترسێنێت! ئەرکی ھەموومانە کە تۆوی لەناوبردنی ئاینی ئیسلام لە وڵاتانی ئیسلامیدا بچێنین تاکو نەوەکانی ئایندەمان بتوانن کاروانەکەی ئێمە لەم ڕێگایەوە بگەیەننە دوا مەنزڵگەی خۆی . دەوڵەتی بەریتانیای گەورە سەبرو حەوسەڵەی ھەیە و نەفەسی درێژە لە تێکۆشانی درێژخایەنی خۆیدا. ئێمە ئەم ڕێگا دوورو درێژە بە ھەنگاوی حساب بۆکراو و دڵنیابووەنەوە تەی دەکەین . باشە ئەی محەمەدی پێغەمبەر خۆی پیاوێکی تەنھا نەبوو کە توانی شۆڕشێکی ئەوھا ماڵوێرانکەر بەرپا بکات؟ محەمەد عه‌بدولوەھابیش، ھەروەک پێغەمبەر، دەتوانێت ئاگری ئەو شۆڕشە بڵێسەدار بکات کە ئامانجی ئێمەیە لەداھاتوودا " .

چەند ڕۆژێک دوای دیدارەکەم لەگەڵ جێگری وەزیردا، ئیزنی سەفەرەکەم وەرگرت و پاشانیش ماڵئاواییم لە خێزانەکەم و برادەرەکانم کرد . لەکاتی ھاتنە دەرەوەم لەماڵەوەدا، کوڕەکەم بە ئاوازێکی داواکارییانەوە وتی : " بابە! زوو بگەڕێرەوە " . بە قسەکانی ئەو، چاوەکانم پڕ لە فرمێسک بوون و چیتر نەمتوانی گریانەکەم لە ھاوسەرەکەم بشارمەوە، یەکترمان ماچکرد، ماچەکانمان، ماچی گەرم و ئاگراوی بوون . دوای ئەوە، ئینجا بەمەبەستی سەفەرکردن بۆ بەسرە، بەرەو لای کەشتییەکە ڕۆیشتم . پاش سەفەرێکی سەخت و دژوار، سەرئەنجام لە شەودا گەیشتمە بەسرە و بە پەلە خۆمکرد بە ماڵی عەبدولڕەزای دارتاشدا . کە چوومە ماڵیان، عه‌بدوڵڕه‌زا خەوتبوو، ھەرکە خەبەری بووە و چاوی بەمن کەوت، زۆر بەگەرمی پێشوازی و بەخێرھاتنی لێکردم . ئەو شەوە لە ماڵی ئەوان مامەوە، بەیانی زوو کە لە خەو ھەستاین، عبدالڕەزا پێی وتم کە ماوەیەک لەوەپێش شێخ محەمەد عبدالوەھاب گەڕاوەتەوە بۆ بەسرە، بەڵام چەند ڕۆژێک دوای ئەوە، خواحافیزی لێکردووە و سەفەری بۆ شوێنێکی نادیار کردووە . عبدالڕەزا پێی وتم کە شێخ نامەیەکی بۆ من نووسیووە و لەلای ئەو بەجێیھێشتووە . شێخ لە نامەکەیدا ئادرەسی شوێنی نیشتەجێبوونەکەی خۆیی لە نەجدا بۆ نووسی بووم .

ڕۆژی دوایی بە تەنیا بەرەو نەجد کەوتمەڕێ و پاش لە ماندووبوون و فەلاکەتێکی زۆر، گەیشتمە نەجد و سەرئەنجام شێخم لە ھەمان ماڵدا دۆزییەوە کە لە نامەکەیدا بۆی دەستنیشان کرد بووم . ماندوویەتی لە ڕوخساریدا دەبینرا . بە باشم نەزانی کە لەوبارەیەوە قسەی لەگەڵدا بکەم، خێرا تێگەیشتم کە لە کاری سێکسیدا زیادەڕەوی کردووە و وزەی لەبەر بڕاوە، بەڵام ھەر ناچاربووم کە ئامۆژگاری بکەم تا لەکاری سێکسیدا زیادەڕەوی نەکات، چونکە دەبووایە کە پێکەوە چەند پرۆژەیەکیتر ئەنجام بدەین . شێخ ئامۆژگارییەکەمی قەبوڵ کرد و پاشان بڕیارماندا کە من خۆم بکەمە کۆیلەی ئەو و بە ناوی "عەبدوڵا "وەخۆم بناسێنم و واپیشان بدەین کە شێخ منی کۆیلەی لە کۆیلەفرۆشەکان کڕیووەتەوە و ئێسایش بوومەتە موڵکی ئەو، ھەروەھا شێخیش واباسیکردبوو کە منی لە شاری بەسرە کڕیوە و بۆئەنجامدانی کارەکانی ماوەیەک لەبەسرەدا ماوەتەوە و و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ نەجد.

خەڵکی نەجد منیان بە کۆیلەی شێخ محەمەد عبدالوەھاب دەزانی . پێویستە ئەوەیش بڵێم کە ئێمە بۆ ماوەی دووساڵ لەنەجد خەریکی فەراھەمکردنی سەرەتاکانی دەرچوونی شێخ و ڕاگەیاندنی بانگی نوێی ئەو بووین . لە ناوەڕاستی ساڵی ١١٤٣ ی کۆچیدا، محەمەد عه‌بدولوه‌هاب بڕیاری یەکجاری خۆییدا بۆ ڕاگەیاندن و ئاشکراکردنی ئاینە نوێیەکەی لە جه‌زیرەی عەرەبدا و ھاوکاتیش بانگەوازی ئەو برادەرانەی خۆییکرد کە ھاوبیری بوون و بەڵێنی ھاوکاریکردنیان پێدابوو. لەسەرەتادا، بانگەوازەکەی بە ووشە و دەربڕینی کورت و ناڕۆشن، کە ڕووی لە ھاوەڵ و مریدەکانی بوو دەستپێکرد، بەڵام پاشماوەیەک چەندین دەعوەتننامەی بۆ چینە جیاوازەکانی نەجد نارد و سەرئەنجام توانیمان ھەنگاو بەھەنگاو، لەڕێگای پارەدانەوە، ژمارەیەکی زۆر لە دەوری بەری شێخ و بۆ پشتیوانی لە بیرو باوەڕەکانی کۆبکەینەوە و بەھۆی پڕوپاگەندەی ئەم کەسانەی دەوری شێخەوە، بڕیارەکەی خۆمان لەبارەی ئەوەوە دا کە خەباتکردن لەدژی دوژمنان و نەیارانی شێخ تووندوتیژتر بکەینەوە . پێویستە ئاماژیش بەوە بکەم کە ھەرچی بانگەوازەکەی شێخ لەدورگەی عەرەبدا ئاشکراتر دەبوو، ھەربەو ڕادەیەیش ژمارەی دوژمنان و نەیارەکانی ئەویش زیادیان دەکرد.

زۆر بەخێرایی دوژمنکاری و دژایەتیکردنەکانی شێخ گەیشتنە ئاستێک کە خەریک بوو بڕیارەکەی شێخ لەق بکات و پاشەکشەی پێبکات، ئەمە بەتایبەتی لەوکاتەدا بوو کە لە نەجدا دەنگۆ ترسناکەکان لەدژی ئەو بڵاوبوونەوە . من زۆر بە لێبڕاوییەوە ھانی شێخم ئەدا تا خۆی ڕابگرێت و نەمدەھێشت کە ئیرادە و ڕۆڵی ئەو بەرەو لاوازی بڕوات . ھەردەم پێم دەگوت : " محەمەدی پێغەمبەری خودایش لە یەکەمین رۆژەکانی (بعثت) دا، کۆمەڵێک دوژمنی ھەبوو کە زۆر لە دوژمنەکانی تۆ بەھێزتر بوون، زیاتریش لەتۆ تەحمولی بەڵاوکوێرەوەرییەکانی دەکرد، بڕینی ڕێگایەکی گەورو شکۆدار، بەبێ تەحەمولکردنی ئەزیەت و ئازار مەیسەر نابێت و ھەر ڕابەرو پێشەوایەکی خێرخوایش لەگەڵ ئەم دژوارییانەدا بەرەو ڕوو دەبێتەوە ".

سەرئەنجام، شێخ محەمەد عبدالوەھاب لەوە دڵنیایکردم کە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە تێدەکۆشێت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە ٦ بڕگەییەکەی وەزارەتی مستعمرات، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا، ھێشتا شێخ لە دوو ڕووەوە بەڵێنی گونجاوی نەدەدا : یەکەمیان لەکاتی گرتنی کەعبەدا، کەعبە بڕوخێنێت، چونکە شێخ ئەوەی بەکارێکی ترسناک و مەحاڵ دەزانی و پێی وابوو کە موسڵمانەکان بەو زووییە قسەکانی ئەو لە بارەی بتپەرەستییەوە قەبوڵ ناکەن . دووەمیان ئەوە بوو کە ئەو توانایەی لەخۆی ڕانەدەبینی قورئانە نوێیەکە بنووسێتەوە و و ئامادە نەبوو کە ھیچ شتێک لەبەرانبەر قورئاندا بکات . ھەروەھا ، شێخ زۆر لەدەسەڵاتدارانی مەکە و ئەستەنبوڵی ناوەندی خەلافەتی عوسمانی دەترسا و لەو بارەیەوە دەیگوت : " ئەگەر کەعبە بڕوخێنم و قورئانێکی نوێ بھێنمە کایەوە، ئەوا مەترسی ئەوە ھەیە کە عوسمانییەکان ھێزێکی زیاتر بۆ سەرکوتکردن و لەناوبردنم ڕەوانەی عەرەبستان بکەن . لەوحاڵەتەدا، ئێمەیش توانای مقاوەمەتکردنمان نابێت لەبەرانبەریاندا " . منیش لە عوزرەکەی تێگەیشتم و زانیم کە کەش و ھەوای سیاسی - ئاینی ئەمڕۆ لەبارنییە بۆ ئەوەی کە خەڵک قورئانی نوێ قەبوڵ بکەن و کەعبەیش بڕوخێنن .

پاش چەندین ساڵ کە بانگەوازەکەی محه‌مه‌د عبدالوەھاب و بڵاوبوونەوەی ئاینەکەی بەپێی بەرنامەیەکی شەش بڕگەیی، لە سەرکەوتن نزیک دەبووەوە، ئینجا وەزارەتی مستعمرات بڕیاریدا کە لەباری سیاسیشەوە لە جەزیرەی عەرەبیدا دەستبەکارببێت . ئەوەبوو کە یەکێک لە بەکرێگیراوەکانی خۆی (کە ناوی محەمەد بن سعودی*) بوو، ئەرکی ھاوکاریکردنی محەمەد عه‌بدولوەھابی گرتە ئەستۆی خۆیی و بۆ ئەم مەبەستەش نوێنەرێکی خۆی ناردە لای محەمەد عەبدالوەھاب تا ئامانجەکانی بەریتانیای گەورەی بۆ ڕوونبکاتەوە و تەئکید لەسەر ھاوکاری و تێکۆشانی ھاوبەشی ھەردوو محەمەد (محەمەد عه‌بدولوه‌هاب و محەمەد بن سعود) بکات . بڕیاری ھاوکاری کردنەکەیان بەم شێوەیە بوو کە یەکلاییکردنەوەی کێشە ئاینییەکان بسپێردرێت بـە محەمەد عه‌بدولوه‌هاب و مەسئولیەتە سیاسییەکەیش بکەوێتە ئەستۆی محەمەد بن سعود. لەو سەردەمەدا ئامانجی وەزارەتی مستعمرات ئەوە بوو کە ھەیمەنەکردنی دوو لایەنە بەسەر دڵ و جەستەی موسڵمانەکاندا، بە تێگەیشتن لەمە و بە شایەتی مێژوو، حکومەتە دینییەکان تەمەنیان درێژتر و بەھێزتر بوون لە حکومەتە سیاسییەکان.

بەمجۆرە، ھەر ڕۆژێک کە دەگوزەرا، بەرھەمی یەکێتی و یەکبوونەکەی ئەم دوو کەسایەتییە ئاینی و سیاسییە بە قازانجی دەوڵەتی ئینگلیز زیادی دەکرد . ھەردوو ڕابەرەکە توانیان کە شاری " درعیە "ی نەجد بکەنە پایتەختی دەسەڵاتی خۆیان . وەزارەتی مستعمرات بە نھێنیانە کۆمەکی مالی زۆری بەم حکومەتە نوێیە دەکرد، بەتایبەتی ئیمکاناتێکی مالی ئەوتۆی بۆ حکومەتی نەجد فەراھەمکردبوو کە بتوانێت چەندکەسێکی بەڕووکەش کۆیلەی بۆ بکڕێت . لەڕاستییدا ئەوانە کۆیلە نەبوون، بەڵکو کارمەندە مەشق پێکراوەکانی وەزارەتی مستعمراتی ئینگلیز بوون، بەتەواوی شارەزای زمانی عەرەبی بوون، ھونەری جەنگی بیابانیشیان دەزانی . بە ھاوکاری و ئازایەتی ئەو دەستەیە، کە ژمارەیان ١١ کەس بوو، توانیمان نەخشەی مه‌نهه‌جی ئاینی ـ سیاسیی حکومەت دابڕێژین . ھەردوو محەمەدەکەش پابەندبوون بە بەجێھێنانی ئەرکەکانیانەوە و ھەنگاویان لەڕێڕەوی ئەوبەرنامەیەی کەبۆیان دانرابوو، بەرەو پێشەوە دەنا. پێویستە ئەوەیش بڵێم کە جاروبارەیش لە نێوانیاندا کێشەو دەمەقاڵێی لاوەکیانە دروست دەبوو، بەڵام ھێندە توند وتیژ نەبوون تا وەزارەتی مستعمرات تەدەخولیان تێدا بکات.

ئێمەیش ھەموومان زەواجمان لەگەڵ کچانی دەوروبەری نەجدا کرد. پێویستە ددان بەوڕاستییەشدا بنێم کە دڵسۆزی و خۆشەویستی ژنانی موسڵمان بەرانبەرانبەر بە پیاوەکانیان، بەڕاستی سەرسوڕ ھێنەرە . ئێمە توانیمان کە لە ڕێگای پەیوەندی پتەوی ژن و مێردایەتییەوە، زنجیرە پەیوەندییەکی برایانە و دۆستانەی بەھێز و پتەولەگەڵ خێڵەکانی نەجددا دابمەزرێنین.

ئێستا پەیوەندی نێوانمان زیاترلە ھەر کاتێکی دیکە بەھێزترو باشترە . حکومەتی ناوەندی توانی کە دەسەڵات و نفوزی خۆی لەسەرتاسەری دورگەی عەرەبدا بەھێز بکات. ئەگەر ڕووداوێکی نەخوازراو و کارەساتێکی دڵتەزێن ڕوو نەدات، بەزوویی بەرھەم و میوەی ئەو نەمامە تازەپێگەیشتووە دەچنیینەوە کە تۆوەکەیمان بەسەرتاسەری وڵاتە ئیسلامییەکاندا چاندووە.
____________________________________
* باپیرەی بنەماڵەکەی پاشای سعودییەیە کە لە ساڵی ١١٤٧ ی کۆچیدا مەزھەبی وەھابی قەبوڵکرد و لەنەجددا بە ھاوکاریی ئینگلیز حکومەتی بەدەستەوەگرت و لەساڵی ١١٧٩ کۆچیدا مرد. - وەرگێڕی فارسی.

___________________________________________________________

- به‌شی شه‌شه‌م: www.emrro.com/bireweriyekanimisterh6.htm

- به‌شی پێنجه‌م: www.emrro.com/bireweriyekanimisterh5.htm

- به‌شی چواره‌م: www.emrro.com/bireweriyekanimisterh4.htm

- به‌شی سێیه‌م: www.emrro.com/bireweriyekanimisterh3.htm

- به‌شی دووه‌م: www.emrro.com/bireweriyekanimisterh2.htm

- به‌شی یه‌که‌م: www.emrro.com/bireweriyekanimisterh1.htm

- پێشه‌کیی وه‌رگێڕی کوردی: www.emrro.com/bireweriyekanimisterh.htm

 

 

که‌نه‌دا - تۆرینتۆ

kurdstanpost.new@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک