١٩\٤\٢٠١٣
بیرەوەرییەک و
چەند دێڕیک لەیادی ٢٤ ساڵەی کارەساتی ''ئەنفال''دا!

سیروان کاوسی
''ئەنفال'' وشەیەکی عەرەبییە و نێوی سورەتی
''٨''ی قورئانە.
ئەنفال مانای دەستکەوت و تاڵانوبڕۆی جەنگە و، ئایەتەکە لەدوای
سەرکەوتنی لەشکری ''موسڵمانان'' بەسەر ''کافران'' دا لەئەنجامی جەنگی
''بەدر'' وە ھاتووە.
لەرژێمی بەعسی عەرەبی رەگەزپەرست وداگیرکەریشدا، ''ئەنفال'' نێوی
زنجیرەھێرشێکی بەربڵاوی سەربازیی بوو بۆسەر کوردستان بەمەبەستی قڕکردنی
یەکجارەکیی نەتەوەی کورد.
''ئەنفالی یەک'' نیوەشەوی ٣٠/٩/١٩٨٣ بەڕێوەچوو، بەھۆیەوە ٨٠٠٠ ھۆزی
بارزانی شوێنبزرکران. زنجیرەی ئەنفال ١٤/٤/١٩٨٨تاکو ٢٦/١٠/١٩٨٨ درێژەی
کێشا. لەئەنجامی ھێرشی دڕندانەی سوپای داگیرکەری عێراقدا دانیشتوانی
ھەزاران گوندی کوردستان کۆکرانەوە، ماڵوسامانیان بەتالان برا، ١٨٢٠٠٠ژنومنداڵوپیرولاوی
کورد لەنێو لم و زیخەڵانەکانی عێراقدا زیندەبەچاڵکران، سەدانھەزاری
دیکەش لەقەسابخانەی ''نۆگرەسەلمان'' و زیندانەکانی دیکەی عێراق، خرانە
ژێر شکەنجە و سووکایەتی و دەستدرێژی و، رۆژی سەمونێک و ئاوی پیس
دەرخواردیان دەدرا بۆ ئەوەی زۆر نەژین و شاھیدی مەرگی یەکتری بن.
ھەزاران منداڵ و بەساڵاچووی نێو بەندیخانەکان لەماوەیەکی کەمدا مردن و،
جەستەی بێگیانیان دەبووە خۆراکی سەگگەلی ناوچەکان کە بۆ خواردنی گۆشتی
لاشەی کوردان لەدەوروبەری زیندانەکان کۆببوونەوە.
زانیاریی تەواو لەبارەی کۆمەڵکوژیی ''ئەنفال'' وە لەپاش راپەڕینی
شکۆداری بەھاری ١٩٩١ کەوتنەدەستی کورد کە قەوارەکەی چوارملیۆن پەڕە،
بەکێشی ١٤ھەزار کیلۆ بەڵگەنامەبوون و، لەنێو ئەرشیوی داودەزگەکانی
سیخوڕی و چەوسێنەری بەعس وەکو ''ئەمن'' و ''ئیستخبارات'' و، بنکەکانی
فەرماندەیەتیی سوپای عێراق لە کوردستان و عێراق کەوتنە دەستی کوردەوە.
نێزیکی دەتەن لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەستیبەسەرداگیرا،
پارتی دێمۆکراتی کوردستانیش توانی دەستبگرێت بەسەر چوارتەن بەڵگەنامەدا.
لەمانگی گوڵانی ساڵی ١٩٩٢، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆرێکی ئەو
بەڵگەنامانەی دا بە رێکخراوەی Middle East Watch ''میدڵ ئیست واچ''.
ئەم نێوەندە گوتوبێژی لەگەڵ ٢٥٠ کورددا ئەنجامدا کە لەکاتی
کۆمەڵکوژییەکاندا توانیبوویان خۆیان رزگار بکەن. زانیاریی ئەم کەسانە
لەگەڵ بەڵگەنامەکان لەپەرتۆکێکی ٢٧٠ لەلایەن نێوەندی ''میدڵ ئیست واچ''
وە بەزمانی ئینگلیزی چاپ و بڵاوکرایەوە. ناوەندەکە لەئەنجامی
لێکۆڵینەوەیدا ئاوا باسی پاکتاوکردنی رەگەزیی کورد دەکات: ''پرۆسەی
ئەنفال ھیچ جیاوازییەکی لەگەلکوژیی جوولەکەکان بەدەستی نازییەکانەوە
نییە!''.
بەسەرھاتی ئەنفالکراوان، ھەزاران چیرۆکی دڵتەزێنی شاراوەی لەگەڵە کە
لەژێر لموزیخەڵانەکانی کاکیبەکاکیی وڵاتی عەرەبدا گۆڕکراون. گێڕانەوەی
بیرەوەریی ئەو تاکوتورا کەسانەی لەپرۆسەی ئەنفالی بەدناو رزگاریان بوو،
چیرۆکی خۆیان و کۆیلەتی گەلەکەیان لەکۆتاییەکانی سەدەی بیستەم بۆ جیھان
ئاشکراکرد.
لێرەدا سەرنجتان بۆ خوێندنەوەی چەند لاپەڕەیەک لەکتێبی ''میدڵ ئیست واچ''
لەبیرەوەریی یەکێک لە ئەنفالکراوەکان بەناوی محەممەد رادەکێشم کە دوای
کیمیابارانی ھەڵەبجە لەئێرانەوە گەڕاوەتەوە بۆ باشوور و ھەروەک
سەدانکەسی دیکە، دوای گەڕانەوەی گیراوە و لەلایەن ھێزەکانی رژێمەوە
بەرەو چارەنووسی نادیار نێردراوە!
- ''لەداڵانەکە دانیشتبووم، بیرم لەچارەنووسی نادیاری خۆم و بێدەسەڵاتی
و بەشمەینەتیی گشت زیندانییەکان دەکردەوە. لەپشتمەوە ترپەی پێیەک
رایچڵەکاندم... کەلامکردەوە، پیاوێکی چاوشینی ریشسپی باڵابەرز لێم
نێزیکبووەوە، پاش سڵاوکردن و ھەواڵپرسینم، لەتەنیشتمەوە لەسەر زەوییە
رووت و رەقوتەقەکە دانیشت.
گوتی: ناوم عەونییە، خەڵکی گەرمیانم!
- سەرچاوم ھاتی خاڵۆ عەونی.
باوکەکەم بیستم خەڵکی ھەڵەبجەی!
- بەڵێ وایە مامە عەونی.
بۆچی ھێناویانی بۆ ئێرە؟!
- گوتم: پاش کیمیابارانکردنەکە، نەمانتوانی لەئۆردووگاکانی ئێران
ھەڵبکەین، لەبەر ئەوە بەچاکمانزانی بگەڕێینەوە بۆ کوردستان.
کوڕەکەم، خۆزیا بەخۆزیای خوا منیش بەماڵومندالەوە لەسەر خاکی خۆمان
بەبۆمبای کیمیایی بکوژرایەتم!
- وامەڵێ خاڵۆ عەونی گیان، ئەوەی لەئێمەروویدا یا خوا نەلەئێوە و،
نەلەھیچ مرۆڤێکی سەر ئەم زەوییەش روونەدات! ئەی ئێوەیان بۆھێناوە بۆ
ئێرە؟
- مامە عەونی ھەناسەیەکی قووڵی ھەڵکێشا و گوتی: داخم گرانە رۆڵە....
کوڕەکانم ھەر پێنجیان ژنیان ھێنابوو. کچەکانم ھەردووکیان شوویان کردبوو.
بەگشتیان خاوەنی ٤٣ منداڵ بوون. لەپڕ رۆژێک جەیش و جاش بەسەرکردەیەتیی
''عەمید بارق'' لەگوندەکەمان نیزیکبوونەوە، دەستیانکرد بە تەقە و،
تۆپبارانکردنی گوندەکە و دەوروبەری. گشتمان شپرزەبووین. کوڕەکانم
وکچەکانم لەگەڵ منداڵەکانیان ھەموویان روویانکردە شیوەکەی بەردەم
ئاوایی کە بۆ رۆژی تەقوتۆق و تەنگانە لەوێدا پەناگەیەکمان تێدا
دروستکردبوو.
تەقە کەمکەم زیادیکرد تاکو ھەموویان بەرەو حەشارگەکە رۆیشتن، بەڵام من
و ''سەلما'' ی ژنم، وتمان پیربووین و کەس کاری بەسەرمانەوە نییە، بۆیە
لەنێو ماڵەکەدا ماینەوە. بینیم کایەنی ماڵەکەما دەسووتێ، منیش بۆ رۆژی
رەش ھەندێک پارەم لەوێدا شاردبووەوە، خێرا رامکرد تا دەریکەم. لەژێر
بنمیچی کایەنەکەدا منداڵێکی تەمەن چوارساڵم بینی بەسڵەمینەوە لەنێو
چڕەدووکەڵدا بوو، بەکوڵ دەگریا و ھەنسکی دەدا، ئاگرەکەش خەریکبوو لێی
نێزیکدەبووەوە. ئیتر لەسۆزی گریانی ئەو منداڵە پووڵەکەم لەبیرچوویەوە،
بەھەڵمەت باوەشم پێداکرد و لەئامێزم گرت و، ھێنامەدەرەوە. لەم کاتەدا
سەیری شیوەکەم کرد، دیم جەیش و جاشەکان پەناگەکەیان دایە بەردەسڕێژی
گوللە و چەکی ''ئارپی جی''. ئەوجا بنزین و نەوتیان پێدارژاندن و
ئاگریان بەردایە جەستەی ھەموویان. ئالەو کاتەدا، مەرگ و سووتانی
ھەموویانم بەچاوی خۆم بینی. لەپڕ چەند سەرباز و جاشێک دەوریانگرتم و،
بەچمکی فەقێیانەکەم راکێشیان کردم بۆ نێزیک ئۆتۆمۆبیلێکی ''ئیڤا''،
سەرمبەرزکردەوە بینیم ژنەپیرەکەی خۆشمی تێدایە. چەند ویستیان مندالەکەم
لێبستێنن، بەڵام من نەمدانێ و ھەڵمدایە نێو ئیڤاکەوە. سەلمای خێزانیشم
خێرا گرتییە ئامێز و منیشیان سەرخست. لەنێو ئیڤاکەدا رایانگرتین،
ئاگریان لە تەواوی ماڵانی گوند بەردا. پاشان لەگەڵ چەند پیروپەککەوتەی
دیکەی ئاواییەکەمان بردمانیان بۆ سەربازگەی چەمچەماڵ.
رۆژی دوایی بردمانیان بۆ ''تۆپزاوا'' ی کورکووک. لەوێش سێ رۆژ ماینەوە.
لەم ماوەیەدا کەمێک ھاتینە سەرخۆمان. ئەوساتە زانیم مناڵەکە کوڕەزامە
و، منداڵی کوڕی سێیەممە. ئیتر بۆنی ھەموویانم نا بە بەم منداڵەوە. گوتم:
''سوپاس بۆ خوا یەکێکیانم بۆ دەرچووە، ئەم لەشەبچکۆلانەیە کەمێک
سوکنایی دڵم دەداتەوە!''.
خواردنمان سەمونی رەق بوو. دەبوایە تەڕم بکردایە بۆ ئەوەی بخووسێت و
مندالەکە بتوانێت بیخوات. خۆمان دڵمان گیرابوو، نەماندەتوانی ھیچ بخۆین.
دوای سێ رۆژەکە، بردمانیان بۆ ''سەماوە'' و، ھەر ئەو رۆژە ھاوردمانیان
بۆ ئەم زیندانە لەم بیابانە!
لێرە ئیتر من بووم بەدایکوباوک بۆ مندالەکە. رۆژی تەنیا یەک سەموونمان
ھەبوو بۆ خواردن. کە مندالەکە برسی دەبوو، ناچارپەنام دەبردە بەر
ئاودەسەکە و، لەوێ دەگەڕام، بوایە یەک – دوو سەمونی کۆن وتەڕ و کەڕاویم
دەدۆزییەوە، ئەوجا بەچەقۆیەک دامدەتاشی تاکو پیسی و کەڕووەکەم
لێدەکردەوە، بەئاو کەمێک تەڕمدەکرد و دەمکرد بەخواردنی ژەمێکی مندالەکە.
ھێشتا بەم ژیانە رازیبووم، چۆنکە ئەم مندالەم لەگەڵدا بوو، وامدەزانی
ھەموو کوڕەزا و کچەزاکانم لەگەڵدان.
رۆژێک گەرما زۆری بۆ ھێناین. مندالەکەم بردە بەردەم تانکیی ئاوی
حەوشەکەوە بۆ ئەوەی دەستێکی تەڕ بەدەموچاویدا بێنم. کاتێکمزانی ''ملازم
حەجاج'' لەژوورەکەیەوە کە بەسەر ھۆڵەکانی زینداندا دەیڕوانی،
تەماشایکردین، نەڕەی لێھەڵسا، ترس شڵەژاندمی و رامکردە دواوە و خۆم
تێکەڵی زیندانییەکانی دیکە کرد، بەلام فریای مندالەکە نەکەوتم و
جێمھێشت. مندالەکە بەنەڕەی حەجاج و ھەڵاتنی من زیاتر ترسا و
بەچواردەوری خۆیدا دەیڕوانی و دەقیژاند. ملازم حەجاج ھات و رووبەڕووی
منداڵەکە وەستا. مندالەکە بەدەم گریانەوە لێیدەڕوانی. حەجاج ھاواریکرد:
''ئەمە منداڵی کێیە!؟ ئەمە سەگی کێیە؟''.
منیش پێم لەجەرگی خۆم نا، چوومە پێشێ و گوتم: گەورەم منداڵی منە. گوتی:
بۆچی بێدەنگ نابێت؟ بۆ ناترسێت من دەبینێت!؟ منیش وەرامیمدایەوە:
قوربان مندالە لەھیچ تێناگات! لەم کاتەدا حەجاج کێبلەکەی دەستی
بەرزکردەوە و، زۆر بێبەزەییانە و بەدەم جنێودانەوە کێشای بەپشتی ئەو
بەستەزمانەدا و تەختی زەوی کرد. بەوەشەوە نەوەستا بەھەموو ھێزییەوە
بەپۆستاڵەکەی ھەڵیدا بەدەمی منداڵەکە و، دەمی چەقاندە نێو
قوڕەچڵکاوەکەی بەر تەنەکەی ئاوەکەوە...
خاڵۆ عەونی بۆ چەن ساتێک بێدەنگبوو، ئەوجا دای لەپرمەی گریان،
لەکاتێکدا فرمێسک بەچاوەکانیدا دەھاتنەخوار گوتی: مەرگی ئەم ... مەرگی
ئەم مندالەشم بەچاوی خۆم بینی...!
منیش ھەردوو دەستم لەئەژنۆم گیرکرد، سەرمنا بە ئەژنۆکانمەوە... بۆ
کڵۆلی و داماویی خاڵۆعەونی و خۆم و کەسوکارو شارەکەم گریام...''.
خوشکوبرای ئازیزی کوردم، ھەرلە شۆرشەکەی شێخ عوبەیدۆڵڵا شەمزینیی
لەساڵی ١٨٨٧کە بەقۆناخی نوێێ شۆرشی رزگاریخوازیی گەلەکەمان دەژمێردرێت،
نەتەوەی کورد، نەک جارێک، بەڵکو لەشۆرشی شێخ سەعیدی پیران،
ھەڵوەشاندنەوەی کۆماری کوردستانی سۆر لەلایەن ستالین دیکتاتۆری سۆڤێتی
رووخاو و، راگوێزانی سەدانھەزار کورد بۆ ناوچەدوورەکانی رووسیا،
شۆرشەکەی ئێحساننووری پاشا، شۆرشی دێرسیم، کۆماری مەھاباد،
بێسەروشوێنکردن و، دەرکردنی ھەزاران کوردی فەیلی لەبەغدا و خانەقین،
ھەروەھا دوای ھەرەسھێنانی شۆرشی ئەیلوول، حەوت جاری دیکە جێنۆساید و
کۆچوڕەوی بەسەردا سەپێندراوە، ، سەرباری ئەمانەش خاکی کوردستان بەعەرەب
و ترک و فارسکراوە، سامانی سەرزەوی و کانزا و بەروبووی بەتاڵان براوە
و، نیشتمانەکەی کراوەتە جبەخانە و ھەماری چەکوچۆڵی کۆمەڵکوژ و پێگە و
لەشگرگە و زیندان و، تۆڕی سیخوڕی و، سەدانھەزار سەرباز و بەکرێگیراویان
بەسەرتاسەری کوردستاندا بڵاوکردووەتەوە. بەڵام پاش تێپەڕبوونی ئەم
مێژووە پڕکارەسات و خوێناوییە، ھێشتا ئاسۆی رزگاری وسەربەخۆییمان لێڵ و
تاریکە.
دەیان نەتەوەی بندەست - یەکەمینیان نەتەوەی جوو گەلکوژی و نەھامەتییەک
بەسەریانھات، کردە ھەوێنی یەکگرتن و راکێشانی پشتیوانی نێونەتەوەیی
بەئامانجی گەیشتن بەئازادی و سەربەخۆیی، بەڵام ئێمەی کورد،
کۆمەڵکوژییەکانی رابردوومان نەک ھەر لەبیرچووەتەوە، بەڵکو لەسەرەتای
ھەزارەی سێیەمی زاین و، دوای رووخانی رژێمی ئەنفالچی عێراق و پاش
بێدەرەتانبوونی رژێمی داگیرکەری تورک لەبەرامبەر شۆرشی بورکانئاسای
باکووری کوردستان و، پاش گوشاری بەربڵاوی نێونەتەوەیی بۆ سەر ئێران،
سەرۆکی حیزبەکانمان جەخت لەسەر پارێزگاریکردنی جوگرافیای سیاسی ولاتانی
داگیرکەر دەکەنەوە، رژێمی رووخاویان بۆ بنیاددەنێنەوە، درۆشمی
ناسیاسیانە و نازانستانە و نانەتەوەییانەی وەک ''برایەتی'' و ''پێکەوەژیانی
ھاوبەش'' و ''دێمۆکراتیزەکردنی رژێمی تورک'' و ''گەڕانەوە بۆ پەیامەکەی
ئایەتۆڵڵا خومەینی'' و ''فیدراڵی'' و ''خودگەردانی'' و ''فیدراسیۆنی
گەلانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست'' و،... ھتد بەگوێی نەتەوەی کوردی
سەرلێشێوێندراو و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و نەیارانی کورددا دەدەن.
داسەپاندنی ویست و ئامانجی سەرۆکایەتیی حیزبەکان بەسەر نەتەوەی کورددا،
تاکو ئەمڕۆ یاریکردن و بێڕێزیکردن بووە لەگەڵ ویست و داخوازیی لەمێژینە
و چارەنووسی نەتەوەی چارەرەشی کورد.
سەرۆکایەتیی کورد چۆن دەتوانێت قەرەبووی ھەلەکانی رابردووی کاتەوە!؟
لەپێوەندیی لەگەڵ بریندار و کەسوکاری ئەنفالکراوەکاندا، چاککردنی
لایەنی دەروونی کەسوکاری ئەنفالکراوان، باشکردنی باری ژیان و
گوزەرانیان، دادگەییکردنی تەواوی سەرۆکجاش و ئەو بەکرێگیراوە کوردانەی
بەشداریی ئەنفالکردنی نەتەوەکەیان کردووە، ئەوجا دەستنیشانکردنی
کۆمیتەیەکی کارا لەلایەن حکوومەت و پەرلەمانەوە بەناوی کۆمیتەی
بەجێنۆسایدناساندنی ئەنفال لەئاستی نێونەتەوەیی، سازکردنی لۆبی و،
راکێشانی پشتیوانیی نێونەتەوەیی بۆ ئەم مەبەستە بەئامانجی پرۆژەی
دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لەریزی ئەو ئەرکە گرنگ و مێژوویی و
نەتەوەییانەیە کە کاربەدەستانی ھەرێم دەبوو وەک خاڵی بنگەھینی بەرنامەی
سیاسی حکوومەتەکەیان دەستنیشانیکەن. ئێستاش دێرنەبووە ئەگەر بەھزر و
باوەڕی نەتەوەییەوە لە دەساڵ تاقیکردنەوەی شکستخواردووی پێکەوەژیان
لەعێراقی تازە ئەزموونیان وەرگرتبێت، ئەوا لەباتی سەرقاڵکردنی بێسەمەری
خۆیان و نەتەوەکەیان بە جێبەجێکردنی یاسا و مادەی ١٤٠ و... ھتد، پلان
داڕێژن بۆ گێڕانەوەی خێرای ناوچەدابڕێندراوەکان و خۆشکردنی زەوینەی
رفراندۆمێک بەچاودێریی کۆمەلەی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی دنیای
ئازاد، بۆ ئەوەی نەتەوەی کورد بتوانێ لەئازادیدا دەنگ بۆ ئازادی و
دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی خۆیبدات. بەکورتی، رزگاربوونی کورد
لەبندەستی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، تاکە رێگەچارەی
نەتەوەیی و مرۆڤی و ژیرانەیە کە نەتەوەی کورد و نیشتمانەکەی لەھەڕەشە و
پاکتاوکردنی رەگەزیی لەلایەن داگیرکەرانی خوێنڕێژ و فێڵزان و
پیلانگێڕییەوە دەپارێزێت!
ھەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ئەنفال و ھەموو شەھیدان
لەسەرتاسەری کوردستان!
ھەرشەکاوەبێت ئاڵای بەرز و پیرۆزی رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان!
ماڵپهڕی سیروان کاوسی
|