٢٧\٥\٢٠١٤
بیرەوەریی
گەریلایەکی پەکەکە.. ناچاربووم کە بینێژم.

موراد تورک |
وەرگێڕانی: رێبوار
|
کە
گەیشتمە سەر گردەکە ، ئەوەی گوێم لێ بوو دەنگی گریانی باران نەبوو
تێگەیشتم کە دەنگی قەڵەباڵغییەکە ، ئەو رووبارۆکەی لە ( هەراریش ) وە
بەرەو ( سپیڤیان ) درێژ دەبۆوە بەسەر بەرزایی رووبارۆکەوە گوندەکانی
چیای ( گابار ) هەبوو ، بەسەرمانەوە فڕۆکە دەسورایەوە ، بەردەوام کە
دەچوینە گوندی ( حاجی عەلی ) لە ناوچەی زڤینگە بەردەوام ئەختیارێکی ڕیش
و سمێڵ ماش و برنجی بە دەم شیعر خوێندنەوە دەهات بە دەممانەوە بەڵام
ئێستا لە جیاتی ئەو پرچ خەنەییەکی چاو سەوزی گەنج بەدەممانەوە هات و کە
گوێم لە ناوی کوردستان بوو هەیەجان دایگرتمەوە ، بەبێ ئەوەی گوێ بە
داروبەرد و دڕ و خاکوخۆڵ بدات بە پێی پەتی گۆرانی دەووت و ژنانی تر بە
بەرگی ڕەنگاوڕەنگەوە لەگەڵی دەیانووتەوە ، بەرەو سەروو هەڵدەگژاین ،
نیسانی ساڵی ١٩٩٤ بوو ، سەوزایی تازە .. تازە دەگەشایەوە ، هەور هەر بۆ
عینادی بارانی دەباران ، ئێمە لە ژێر بۆردومانێکی زۆر دابوین ، تۆپیان
دەنا بە چیا و گردەکانەوە و دەنگێکی زۆری دروست دەکرد ، لەگەڵ دەنگی
هەر تۆپێکدا بە چۆکدا دەهاتین ، گوند نشینەکان تەماشای من و شیلانیان
دەکرد ، بە خەندەیەکەوە پێیانم دەووت برووسکەیە ، هەڵدەسان و بە
ئیسراحەتێکەوە ڕێیان دەکرد ، دوایش هەورە بروسکەیەک دەکەوتە زەوی ،
ئەمجارەیان پێیانم دەووت ئەمە هەڤاڵ برووسکە.
کات ١٩ ی مانگێکی ساڵی ١٩٢٥ و ١٩ ی مانگێکی ساڵی ١٩٣٨ کارەساتەکان
ڕویاندابوو ئێستاش ئێمە لە ١٩ ی مانگێکی ساڵی ١٩٩٤ دا بوین ، لە چیای
گابار بوین ، ئەم دیمەنە لە دیمەنی بردنی گوندنشینەکانی گوندی (
هالڤۆری ) دەچوو لە دێرسیم بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژیان بکەن ، بەڵام ژمارەیان
زۆر زیاد بوو ، لەناویاندا کەسێکی باڵابەرز و پۆشاکی گەریلای لەبەر
کردبێت نەمدی و تەنانەت تێکۆشەرێکی گوندیش لەگەڵیاندا نەبوو ، ئەوان
ببوون بە ئەفسانە ، ئەو ڕاستییەی لەناو ئەو ئەفسانەیەدا وجودی هەبوو
ئێمە بوین ، ئێمە چەند تێکۆشەرێک بوین کە ئەوانمان دەپاراست ، من و
شیلان ، لە خواروی گردی ( بازی ) دەچووین بۆ ( سپیڤیان ).
لەبەردەم ئەشکەوتەکاندا ڕێمان دەکرد ، ئەشکەوتەکان بێدەنگ بوون ، ناو
ئەشکەوتەکان وەک بۆنی کوشتاڕیکی پێش وەخت بۆنیان لێدەکات ، ئەم
ئەشکەوتانە پڕ بوو لە سیمای مرۆڤی شەتەک و تاریک و بێهودە ، ئەوانەی
دانیشتوی کەمپی مەخمورن ئەمە باش دەزانن ، ئەم دیمەنانە ئەو
دیمەنانەبوون کە لە ئەشکەوتەکانی کوردستان دووبارە دەبوونەوە ، ئەم
جارەیان جیاوازییەک هەبوو ، لەناو تاریکی ئەشکەوتەکەدا چرامان
داگیرساند بوو ، هەتا چاومان بەو گڕی چرایە بکەوتایە هەستی دیلانی
شۆڕشگێڕیمان لەلا دروست دەبوو.
بەتەواوەتی ٩ ڕۆژ برسی ماینەوە ، برسی بونمان لەبیر خۆماندا بردەوە و
لەبەر دەم دەمی ئەشکەوتەکە چاوەڕوانیمان دەکرد ، لەهەر ئەشکەوتێکدا ١٠
یان ١٥ خێزانێکی تێدا بوو ، هەر خیزانێکیشیان خاوەن ئەندامێکی ژمارە
زۆر بوون ،من و هەڤاڵ شیلان لەلای گوند نشینەکانی گوندی ( گۆهینا و
زڤنگا شکاکا ) بووین ، لە سپیڤیان لەو ئەشکەوتە گەورانە بووین کە وەک
مزگەوت بەکاریان دەهێنا ، ئێمە تەنها پاراستنی گوند نشینەکانمان لە
ئەستۆ نەگرتبوو بەڵام خواردن و نان و ئاو و دەرمانیشیانمان دابیندەکرد
، چونە دەرەوەیان لە ئەشکەوتەکان قەدەغە بوو ، سترانی ئازادی و
تێکۆشانمان بۆ دەووتن ، تا ڕۆژگار درێژ ببوایەتەوە بیزار تر دەبوون ،
گروپێکمان پیکهێنا تاکو خۆمان بکەین بە لێبوک و بیاندەین بە پێکەنین و
شانۆیان بۆبکەین ، فیودالیزم لێرەدا نەمابوو ، ژنان بوون بە منداڵ و
پیاوە پیرەکانیش بوون بە ژن و ئێمەش خۆمان کرد بە شێت.
من نازانم تەسادوف بوو یان نا تا شەڕ چڕ ببوایەتەوە بارانیش چڕ تر
دەبوو ، کاتێک شەو دادەهات قەد پاڵی چیای گابار ، لە فندک و چیای
بیزانا و ماڤا و قەرەداغ لەوەدەچوو کە مانگ بتەقێتەوە ، دەنگی تۆپ و
پرشکی تەڵقەتەنورەکان کە چەند خولەکێک بە ئاسمانەوە دەمایەوە و دیمەنی
گڕی تەقینەوەی تۆپەکان ئەو ناوەیان دەکرد بە چراخان ، هەندێکجاریش شەو
وەک خۆر گیران تاریک دادەهات ، چیاکانی چراڤ و هەرەکۆل و جودی و گابار
و رەنگی شینی خۆیان لەدەست دابوو لە ناخی ئەستێرە تێکەوتویەکی ئۆقیانوس
دەچوون ، هێسترەکان کە تەقەمەنیان لێ بارکرابوو بەرەو مەیدانی شەڕەکان
بەڕێدەکران ، لەولاشەوە هێسترەکان هەڤاڵە بریندارەکانیان و
شەهیدەکانمانیان لەگەڵ خۆیاندا دەهێنایەوە ، ئەم هێسترانە ئارەقیان
دادابوو خوێناوی بوون بەڵام ئەم هێسترانە فیداکارن.
شەوێکیان هەواڵی مردنێکمان پێگەیشت ، کاتژمیر ٢ ی شەو بوو ، شیلان لە
ئەشکەوتەکەدا مایەوە ، منیش قازمە و خاکەنازەکەم هەڵگرتوو لە
ئەشکەوتەکە دەرچووم ، باران لە دەموچاومی دەدا ، ئەو چیایانەی کە لە
روحماندا جێمان کردبونەوە ئەو سوێنانەشمان لێ دەزانی کە مردۆکانمانی لێ
بشارینەوە ، لە سپیڤیان هاتینە خوارەوە ، قەدپاڵەکان قوروچڵپاو بوو ،
هەر دوو هەنگاوێک دەکەوتم ، بە درێژایی زستان لەو شوێنەی کە گروپەکەمان
لێی مابونەوە چوومە ئەو تەختاییەی کە کەوتبووە سەروی ئەشکەوتەکەوە ،
ئەم شوینە نزیکەی چل یان پەنجا دارێکی لێبوو ئێمە ناومان نابوو (
دارەکانی زیارەت ) ، لێرەدا ڕاوەستاین ، لەسەروی ئەو شوێنەی لێی
راوەستام ژنێک چاوەڕێی دەکرد ، سەرپۆشێکی سپی لەسەردا بوو ، بەچۆکدا
هاتبوو ، شتێکی سپی گرتبوو بە باوەشێوەی ، لەناکاو بەهۆی بروسکەیەکەوە
توانیم دەموچاوی ببینم ، لە نێوان دارەکاندا تەختاییکم دۆزییەوە ، گەڵا
ووشکەکانم بە پێ کۆکردەوە ، بە قازمە کەوتمە کۆڵین ، لەوەدەچوو کە لە
مێژەوە ئامادەبێت بۆ گرتنە باوەشی ئەم تەرمە هەربۆیە دڵی خۆی بە خێرایی
کردەوە ، هەڵکۆڵینی ئەم گۆڕە بچوکە نیو کاتژمێریشی نەخایاند ،
خاکەنازەکەم داناو ووتم ( تەواو بوو ) ، ژنەکە هەڵسایە پێ ، ئەوەی لە
باوەشی گرتبوو بۆمی درێژ کرد ، ژنە پیرەکانیش دوعایان دەخوێند ، چەند
ژنێکیان بەبێ دەنگانە دەگریان ، بارانیش دەباری ، لاوانەوەیەک دەبیسترا
کە هیچ کەسێک مەحاڵ بوو لێی حاڵی ببێت ناسۆر و جەرگ بڕ بوو.
یەکێکیان لایتێکی داگیرساند ، یەکێکی تریشیان پەڕۆکەی سەر دەموچاوی
کۆرپەکەی لاداو ماچی کرد ، بەدەم لاوانەوە و دوعا خوێندنەوە لایتەکەیان
لە دەموچاوی کۆرپەکە ئەدا ، دایکی بۆدواجار تەماشایەکی کۆرپەکەی کرد ،
ژنەکە بەبێ دەنگی دەگریا ، باران و تارمایی شەو هەموو شتیکی داپۆشی بوو
، شەو سترانێکی زۆر غەمگین و تاریک بوو.
کۆرپەکەم هەڵگرتوو چوومە نێوان دارەکانەوە ، زۆر سووک بوو ،
سەرپۆشەکەیان وەک لە مردویەک ئالاندبێت وابوو ، بۆیەکەمجار بوو کە لە
یەکچوونی نێوان خام و قەنداغ ببینم ، کۆرپەکەم لەناو ئەو چاڵە درێژ کرد
کە هەڵم کۆڵابوو ، پشتم ڕاست کردەوە ، ماوەیەک چاوەڕێم کرد کە بەڵکو
گوێم لە دەنگی گریانی بێت ، تەماشایم کردوو کەوتمە چاوەڕوانییەوە ، خۆم
پێنەگیرا ، پشتوێنەکەم کە بۆپاراستن لە سەرما بە پشتمەوە گرێمدا بوو لە
خۆمم کردەوە و بەهێواشی کۆرپەکەم پێداپۆشی ، نازانم ئەمە ئەوی دەپاراست
لەسەرما یان نا ؟ ، بەبێ ئەوەی ئازاری بدەم هێواش .. هێواش خۆڵم
بەسەردا کرد ، دوایش ژنەکان هاتنوو چواردەورمیان گرت و کەوتنە دوعا
کردن و دەگریان ، دەمەو بەیانی گەڕاینەوە ئەشکەوتەکە.
ساڵانێکی دورودرێژە خەیاڵێکی چڕوپڕ کە زۆر لە زهنییەتم دەکات ، ئەویش
نە شۆڕش و نە ئازادی و نە توتڕکیشە کە زۆرحەزم لێیە ... ئەوکاتە ...
تەنهاو تەنها ئەو کاتە ... لە چیای گابار نەختێک لە خواروی ئەو شوێنەی
کە هەڤاڵ عەگید لێی شەهید بوو ، لە دارستانێکی بچوکدا کاتێک کۆرپەیەکم
ناشت بەڵی ئەوکاتە و ئەو کۆرپەیەم لەیاد ناچێت.
ئەم کۆرپەیە کێ بوو ؟ بۆچی مرد ؟ ، ئایا کوڕ بوو یان کچ ؟ ، تەمەنی
چەند ڕۆژ بوو ؟ ، منی خستبووە ناو دەریای خەیاڵەوە.
بەخۆمم دەووت ئەگەر ڕۆژێک خەڵک لە کەمپی مەخمور بگەڕیتەوە لەم بارەیەوە
پرسیاریان لێدەکەم ، بە درێژایی ساڵ پرسیارم لە ئەندێشە و ناخمدا زیادی
دەکرد و زیادی دەکرد.
ئەم ئەندێشەیەم بەردەوام بوو تاکو ١ مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٣ لە ڕۆژنامەی
( ئۆزگورگوندەم ) و ( ئازادییە وەڵات ) ئەم بیرەوەرییەم کە بڵاوبۆوە
هەواڵم پێگەیشت کە.
________________________________
تێبینیی:
(دوای بڵاوبونەوەی ئەم بیرەوەرییەی موراد تورک لە ئوزگور گوندەم و
ئازادییە وەڵات ژنێک لە کەمپی مەخمورەوە نامەیەک بۆ موراد دەنوسێت کە
ناوی عایشە ئێکسیک بووە لە نامەکە دەڵێت ( کۆرپەکەم لە سەرما و لە
برساندا مرد ، تەمەنیشی هەر ٤٠ ڕۆژێک بوو ، کچ بوو ناویشی سۆزدار بوو)
وەرگێڕ.
ماڵپهڕی رێبوار
|