٢\١١\٢٠١٤
''بیرەوەرییەکانی
سەر بەرد''
لە فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی نمایشکرا.
مەنسوور جیھانی
فیلمی
سینەمایی کوردی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی سینەماکاری
کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی ھەشتەمین خولی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی نمایشکرا.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی
کوردستان و بە ئامادەبوونی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"،
بەرھەمھێنەر و سیناریۆنووسی کورد "مەمەد ئەکتاش" و "ئەیووب ڕەمەزان"
بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ھونەری پارێزگای دھۆک، لە دوو سانسی
جیاوازدا سەرەتا کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٢٥ی تەشرینی یەکەمی ٢٠١٤
لە ھۆڵی ژمارە ٥ی ڤۆکسی ناوەندی سینەمایی "مارینا ماڵ" لە شاری
ئەبووزەبی و پاشان لە کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٢٧ی تەشرینی یەکەمی
٢٠١٤ لە ھۆڵی ژمارە ٢ی ڤۆکسی ناوەندی سینەمایی "مارینا ماڵ" لە بەشی
پێشبڕکێی سەرەکی ھەشتەمین خولی ھەشتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی
ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕات نمایشکرا.
دوای نمایشی ئەم فیلمە کوردییە کۆڕی ڕەخنە و ھەڵسەنگاند بە ئامادەبوونی
"شەوکەت ئەمین کورکی" و "مەمەد ئەکتاش" بەڕێوەچوو و ئەم دوو سینەماکارە
کوردە بە وردی وڵامی پرسیاریی بینەران و ڕەخنەگرانی سینەماییان دایەوە.
لە سەرەتای ئەم کۆڕەدا "ئینتشال ئەلتەمیمی" بەڕێوەبەری ھونەری و
بەرنامەداڕێژی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی باسی مێژووی
سینەمایی "شەوکەت ئەمین کورکی" کرد و ئەو پرسیارەی ئاراستە کرد کە بۆچی
چیرۆکی فیلمەکانی باسی ڕابردووی کوردەکان دەکات و ئەم سینەماکارە
کوردەش لە وڵامدا گوتی: فیلمی سینەمایی یەکەمم بە ناوی "پەڕینەوە لە
غوبار" باسی ڕابردوو دەکات بەڵام چیرۆکەکەی لە ئێستادا تێدەپەڕێت، ئەو
فیلمە نوێیەشم واتە فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بە جۆرێک
دەتوانم بڵێیم نیشاندانی دروستبوونی ئەو دوو فیلمە پێشووەم واتە
"پەڕینەوە لە غوبار" و "شوێنێک بۆ یاریی"یە.
ئەلتەمیمی کارناسی سینەمای وڵاتانی عەڕەبی لە فیستیڤاڵە جیھانییەکاندا
پرسیارێکی ئاراستەی "مەمەد ئەکتاش" کرد کە لە سازکردنی فیلمی سینەمایی
"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" ڕووبەڕووی چ گرفتێک بوونەتەوە و ئایا ئەو
گرفتانەی کە لە فیلمەکەدا ھەیە ڕووبەڕووی ئێوەش بۆتەوە؟ کە ئەم
سینەماکارە کوردە لە وڵامدا گوتی: پێش ئەوەی کە بەرھەمھێنانی ئەم فیلمە
بگرمە ئەستۆ لە وڵاتی ئەڵمانیا زۆر فیلمم بەرھەمھێناوە، پاش ڕووخانی
ڕژێمی سەدام، سەردانی کوردستانم کرد و ئەو کاتە کوردەکان بیریان لە
سەربەخۆیی دەکردەوە و ئێمەش ھەوڵماندەدا کە فیلمی کوردی بەرھەمبێنین.
گوێبیستی زۆر چیرۆک لە سینەماکارانی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و
ھەرێمی کوردستان لە پشت سەحنەی فیلمە کوردییەکان دەبووم.
گوتیشی: چیرۆکی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بە جۆرێک
کۆکراوەی بیرەوەرییەکانی سینەماکارانی کوردە کە لە ھەموو پارچەکانی
کوردستان و ھەروەھا لە سینەماکارانی کوردی دەرەوەی وڵاتیش کۆکراوەتەوە.
یەکێک لە بینەرانی ئەم فیلمە کوردییە دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە ستافی
فیلمەکە کرد و گوتی: ئەوە یەکەم فیلمە کە سەبارەت بە ژینۆسایدی
کوردەکانی عێراق بینیومە ئایا ئێوە فیلمێکی سینەمایی کە سازدەکەن تووشی
ئەو گرفتانەی فیلمەکە دەبنەوە بۆ پەیداکردنی ئەکتەر و کەرەستەکانی فیلم
کە لەم فیلمەدا بینیمان؟ کە "مەمەد ئەکتاش" لە وڵامدا گوتی: زۆر سوپاسی
پشتگیری و پشتیوانی ھەرێمی کوردستان، وڵاتی ئەلمانیا و ئەنستیتۆی
سینەمای دۆحەی قەتەر دەکەم، ھەر چەندە بۆ سازکردنی فیلم لە ھەرێمی
کوردستان پەیداکردنی پارە و یارمەتیی دارایی زەحمەتە بەڵام فیلمی
"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" باسی سەختی و گرفتی سینەماکارانی کوردە کە
چەندە بە زەحمەت فیلمێک بەرھەندێنن.
"شەوکەت ئەمین" لە درێژەدا گوتی: چیرۆکی ئەم فیلمە لە پشت کامێڕای
فیلمەکانی خۆم و ھاوڕێی دەرھێنەرەکانم وەرگیراوە و ھەوڵمانداوە کە
شەفاف و ڕاستەقینە فیلمێک لەبارەی سینەمای کوردییەوە سازبکەین.
بینەرێکی دیکە سەبارەت بە پیشەگەڕبوونی ئەکتەرەکانی فیلمی سینەمایی
"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" پرسیاریی کرد کە دەرھێنەری ئەم فیلمە
کوردییە لە وڵامدا گوتی: زۆربەی ئەکتەرەکانی ئەم فیلمە پیشەگەڕن و لە
ھونەرمەندانی ھەر چوار پارچەی کوردستان پێکھاتوون و بۆ ڕۆڵە کورتەکان و
کۆمبارسیش لە ئەکتەرە ئاماتۆڕ و خەڵکی ئاسایی کەڵکمان وەرگرتووە.
بینەرێکی دیکە سەبارەت بە باروودۆخی ھونەر لە ھەرێمی کوردستان دوای
ھێرش کردنی داعێش پرسیاریی کرد کە "مەمەد ئەکتاش" لە وڵامدا گوتی:
وەکوو فیلمسازێک ناتوانین سەبارەت بەم باروودۆخە غافڵبین و ئێمەیش
ھەوڵدەدەین کە بە فیلم و سینەما باسی ئەو کارەساتە بکەین و ھەڵوێستی
خۆمان ھەبێت.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی ھەشتەمین خولی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی، کە بریتین لە: ئەکتەری ناوداری
ھیندستانی "عیرفان خان" ـ سەرۆکی لێێژنەی دادوەران، "وکینی لریدج" ـ
نووسەر لە ئەلجەزایر، "ئێستیون شاینبێرگ" ـ بەرھەمھێنەر و دەرھێنەر لە
بەریتانیا، "کیت شۆرتلەند" ـ نووسەر و دەرھێنەر لە ئوستوڕاڵیا و "عەلی
سولەیمان" ـ ئەکتەر لە فەلەستین، ١٨ فیلمی سینەمایی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ
لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان ھەڵدەسەنگێنن و خەڵاتی گەورە
و تەندیشی مرواری ڕەش بە براوەکانی بەشە جۆراوجۆرەکان پێشکەش دەکەن.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی ئەم
بەشەی فیستیڤاڵ لەگەڵ ١٧ فیلم لە وڵاتانی فەڕەنسا، ئیتاڵیا، بەریتانیا،
ئێران، چین، مۆڕاکۆ، ڕووسیا، کۆریای باشوور، دانیماڕک، ھۆنگ کۆنگ،
قەتەر، ئیماڕات، مۆریتانی، لوبنان و ئەڵمانیا ڕکابەری دەکات.
ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی بە نمایشی کۆمەڵێک
فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی
و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی سەرەکیی"، بەشی پێشبڕکێی
"ئاسۆی نوێی"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە بڵیندە دیکۆمێنتارییەکان"، بەشی
"نمایشی سینەمای جیھان"، بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلمە چیرۆکی و
دیکۆمێنتارییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە ئیماڕاتییەکان"، بەشی "نمایشی
تایبەتی کۆمەڵە فیلمەکانی سینەماکاری ناوداری سینەمای جیھان فڕانسوا
ترۆفۆ"، بەشی "نماشی فیلمە کلاسیکییەکان"، "چەندین کۆبوونەوەی پسپۆڕانە
سەبارەت بە ھونەری سینەما" و ھەروەھا "کۆڕی ڕەخنە و ھەڵسەنگاندیی
فیلمەکان" لە ڕۆژانی ٢٣ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەر تا ١ی نۆڤەمبەری
٢٠١٤ لە ھۆڵی گەورەی کۆشکی ئیمارات و ھەروەھا ناوەندی سینەمایی "مارینا
ماڵ" لە شاری ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیمارات یەکگرتووی عەڕەبی
بەڕێوەدەچێت.
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی فیلمی
سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد".
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|