په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٣\٢٠١٣

بیری چەپ و دۆزی سەربەخۆیی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان.


د. کامەران ئەمین ئاو‌ە


''کورد بە ھەمو ھێزی خۆی ئەچریکێنێ ئەڵێ کوردستان ماڵی خۆمە، بە کەسی نادەم؛ و ولاتی خۆم بۆکەس بەجێ ناھێڵم، لە کوردستان بووم لە کوردستان ژیاوم و ئەژیم، ئەبی ھەر لە کوردستان و لە ڕێگای کوردستان‌دا بمرم''. گۆڤاری نیشتمان ژمارەی یەک، پوش ‌پەری ١٣٢٢[١]

ھاتنی بیری چەپ بۆ ئیران لە سەدەی ١٩ی زایینی و بە تایبەتیی ڕوودانی شۆڕشی ئۆکتۆبر لە ساڵی ١٩١٧ لە ڕوسیەدا ھاوکات بوو لەگەڵ گەشەسەندنی بیری ئازادیخوازیی و دادپەروەریی سوسیالیستیی و سەرھەڵدانی ڕێکخراوەی چەپ و تێروانینێکی‌دیکە بۆ چارەسەرکردنی زوڵم و زۆری چێنایەتیی، ودەست ھێنانی سەربەخۆیی‌و وەدەرنانی ئەمپیریالیسمی ئینگلیس لە ئێران. ئەم ڕەوتە ‌کاریگەریی لە سەر کوردیش ھەبوو. لە کاتی دەستەڵاتداریی ڕزاشا‌دا کورد قەلاچوو کرا، "سەرکوتکردنی شۆڕشی سەردار ڕەشید سەرۆکی کەڵھۆرەکان لە ساڵی ١٩٢٣ و شۆڕشی جەعفەر سولتان سەرۆکی عەشیرەتەکانی ھەورامان، کوشتنی سمایل ئاغای سمکۆ لە ١٨ی ژوئیەی ١٩٣٠، سەرکوت و دوورخستنەوەی جەلالیی‌یەکان بۆ ئیسفەھان و قەزوین لە ساڵی ١٩٣٦ و کوژرانی پتر لە سەتا ٤٠ی ئەوان لە کاتی ناردنیان بۆ ئەو دوو شارە، تیرباران و کوشتاری پتر لە ١٠ ھەزار کورد بە دەستوری ژنراڵ ئەحمەدیی و لە بەندیخانە خستنی زۆرتر لە ٤ ھەزار کوردی ڕۆژھەڵات لە دەیەی ١٩٣٠ بە ھۆی ڕاپەڕین دژی حکومەتی پاشایەتیی ڕزاشا بەشێک لە سیاسەتەکانی حکومەتی تاران بۆ سەرکوت و ئاسیمیلاسیۆنی کوردی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو"[٢].[لەوەدەچێ] "لە شەڕی یەکەمی جیھانی‌دا کە ھەریمی موکریان و بە تایبەتیی شاری سابڵاخ ببووە گۆڕەپانی شەڕی نێوان دەوڵەتەکانی ڕوسیە و عوسمانی [...] ژمارە کوردێکی سابڵاخی لە ژێر کارتێکردنی ئەفسەرەکانی ڕوسی لایەنگری حیزبی سوسیال دێموکراتی ڕوسیە، خویان بە بلشویک زانیوە و لە شار و گوندەکاندا بۆ ئامانجی خۆیان ھەڵسوراون". سەرۆکی ئەم کەسانە "حەمە ھەتیو" لەگەڵ ھاورێیانیی لە شەڕێکی قورس و نابەرامبەر لەگەڵ چەکدارەکانی حکومەتی ئێراندا کوژرا[٣].


بە پێی بیرەوەریی‌یەکانی تێکۆشەری کورد "ئەحمەد تەقی" کە پێوەندیی‌یەکی زۆر نزیکی لەگەڵ سمایل ئاغای سمکۆ و شێخ مەحموود ھەبوو، سمایل ئاغا بە پێی داوای خالد بەگ جبرنلی بۆ پیوەندیی‌گرتن لەگەڵ ڕوسەکان ئەحمەد تقی بە نوێنەرایەتی خۆی بۆ کۆنسولخانەی ڕوسیە[سۆڤییەت] لە ورمێ دەنێرێ تا داوا لە دەوڵەتی سۆڤییەتیی بۆ پشتیوانیی لە کوردەکانی تورکییە، ئێران و ئێراق بکا، بەڵام بۆ ئەو پێشنیارە وەڵامێکی ئەرێیی وەرناگرێ.[٤] لە کتێبی "بزوتنەوەی میللی کورد" - کریس کوچرا ''ش‌دا ئاماژە بە ھەوڵی سمایل ئاغای سمکۆ بۆ پێوەندیی‌گرتن لەگەڵ یەکێتیی سۆڤییەتیی کراوە:" بە پێی دەنگوباسان، سمکۆ لە کاتێکی زۆر ناڵەباردا کە سۆڤێیەتیی و ئێران پێمان‌نامەی دۆستیی‌یان بەستبوو و یەکێتیی سۆڤییەتیی چیدی درێژەی بە یارمەتی"حکومەتی شۆڕشگێری گیلان (١٩٢٠-١٩٢١) نەدەدا، ھەوڵی‌دا تا سەرنجی سۆڤییەتی‌یەکان بۆ دانی یارمەتیی و ئاوڕدانەوە لە کورد ڕاکێشێ، سمکۆ، لە ساڵی ١٩٢٢ بەۆ ئەو مەبەستە نوێنەرێکی بۆ باکۆ نارد، بەڵام "ڕووخانی " کۆماری سۆڤییەتیی ئێران"[مەبەست حکومەتی گیلانە] وەکو ڕاگەیاندنی کۆتایی‌ھێنان بە کاری سمکۆ پێناسەدەکرێ. لەوەبەدوا شای دادێی ئێران تەواوی ‌ھێزی خۆی تەرخانی ئەرکێک کرد کە وەئەستۆی گرتبوو: راکێشانی خێڵەکان بۆ ژێر حوکمی دەوڵەتی ناوەندیی، چەککردن و تێکشکاندنی ھێزی سەرۆکە سونەتیی‌یەکانیان."[٥] بە وتەیەکی دیکە چڕکردنی دەسەڵات لە ناوەند، واتەناوەندکۆیی [تمرکز] ئێران. "لە ڕاستیی‌دا "ناوەندکۆیی‌یەک کە پێک‌ھات بریتیی بوو لە تاڵانکردنی سامناکی وەرزێران و عەشیرەتەکان، سەرکوتی خوێناویی ئەوان، دەوڵەمەند‌بوونی "فەرماندەرانی سپا" وەکو"ئاقا خان" ناسراوە بە قەساب و "جان محەمەد خان" جەڵادی خێڵەکانی تورکەمن و ھتد[...][٦] [ھەروەھا ژنرال ئەحمەدیی بکوژی کورد]. ناوەندکۆیی‌یەک کە بەشێوەیەکی دڕندانە و زۆر ناحەز لە ڵایەن ڕزاشا و قەزاقەکانی بەکار گیرا و لە ڕێگای بە کارھێنانی شێوە ڕزیوکانی فیوداڵیی( خەڵەتاندنی عەشیرەتەکان و قورئان مۆرکردن و ئەمان‌دان و پاشان کوشتاری بە کۆمەلی ئەوان و تاڵان‌کردنی ماڵی وەرزێران و ڕەشماڵێ خێڵەکان و شێوە نزمەکانی دیکە) بەرێوە چوو.[٧] لەم ڕەوتەدا ئینگلیس بۆ کۆتایی ھێنان بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ژێر ڕێبەرایەتیی سمایل ئاغای سمکۆ و پشتیوانی و بە ھێزکردنی ڕزا خان نەخشێکی سەرەکیی دەگێڕێ، بە وتەی ئێحسان تەبەریی "ڕۆڵی ئینگلیس بۆ بە ھێزکردنی ڕزاخان و چڕکردنی دەسەڵاتی ڕزاخان لە ناوەند و دژی سمایل ئاغای سمکۆ و شێخ خەزعەل دوو سەرۆک عەشیرەتی بەھێز بوو کە مەترسیی‌یەکی جیددی بۆ ڕزاخان بوون. بۆ لەناوبردنی ھەر دووکیان دەست‌تێ‌وەردان و یارمەتیی کاڕگێرانی ئینگلیس کاری ڕزاخانی زۆر ئاسان کرد".[٨] "ڕزاخانی سەردار سپە و پاشان ڕزاشا تا سەرەتای ساڵەکانی ٣٠ سەرقاڵی سەرکوتی عەشیرەتەکانی عەرەب، کورد، لۆر و مەمەسنی و بەختیاریی و بەلوچ و ھتد [...] بوو و لە ڕاستیدا ھەر لە سەرەتا ھەتا کۆتایی پاشایی‌یەتی خەریکی سەرکوتی بزوتنەوەی خەڵک ( ڕاپەرینەکان، مان‌گرتن و خۆپێشاندان و خۆڕاگریی تاکەکەسی) بوو و لەم ڕەوتەدا لەبەکار ھێنانی ھیچ چەشنە توندوتیژیی‌یەک کۆتایی نەکرد.[٩]


ڕەنگدانەوەی شۆڕشی ئوکتۆبر و ھیوای کورد بۆ ڕزگاریی و سەربەخۆیی بە تایبەتیی پاش خەرمانانی ١٣٢٠ی ھەتاویی لە نێو ڕووناکبیرانی ئەو کاتە یەک لەوان پێشەوا قازی محەمەد دەبیندرێ. زیندوویاد عەلی گەڵاوێژ لە بابەتێکدا بەم چەشنە باسی دوو کۆبوونەوەی مێژوویی لە ٨ی بەفرانباری ١٣٢٠ و ١٠ی خەزەڵوەری ١٣٢١ لە بینای ناسراوە بە 'دادگای قازی' و کاریگەریی‌سۆڤییەتی لە سەر بزوتنەوەی کورد دەکا:" لەم کۆبوونەوانەدا کە نوێنەرانی تەواوی چین و توێژەکانی کوردستان و یەک لەوان نوێنەرانی عەشیرەتەکان بەشداریان کردبوو، پرسی ژیانی سیاسیی کوردستان لەسەر بنەمایەکی تازە شی کرایەوە. لە کۆبوونەوەی یەکەم‌دا ھەروەھا قازی محەمەد لە وتارەکەی خۆی‌دا ئاماژەی کرد 'بە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی مەزنی ئوکتۆبر لە ڕوسیە و دامەزرانی ئەوەڵین دەوڵەتی سوسیالیستیی، خەباتی گەلی کوردیش لە بنەرەتەوە گۆڕدراو نوری شۆڕشی ئۆکتۆبر ئاسمانی کوردستانیشی ڕووناک کردەوە. ئیستێعمار[داگیرکەر] ھەوڵێکی زۆری داوە تا گەلی ئێمە لەم ڕووناکایی‌یە دوور کاتەوە، بەڵام توانایی وەدی‌ھێنانی ئەم ئامانجەی نەبووە'. لە کۆبوونەوەی دووھەمدا بریارێک بە رای‌گشتیی پەسەندکرا کە لە ڕاستیی‌دا بوو بە ڕێ‌پیشاندەری ژیانی سیاسیی کوردستانی ئەو سەردەمە، ھەروەھا بەرنامەی کاری ھێزە پێشکەوتخواز و نیشتمان‌پەرەوەرەکانی گەلی کورد. لەم بریارنامەیەدا دەکوترێ:


١. گەلی کورد بە تێکەرایی یەکێتیی سۆڤییەتیی بە پشتیوانی خۆی دەزانێ و بۆ یاریدەدان و ھاوکاریی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤییەتیی لە شەڕی دژی فاشیستی ئاڵمان ئامادەی ھەر چەشنە خەبات و فیداکاریی‌یە.
٢. تەواوی عەشیرەتەکان لەم کاتەوە ناکۆکیی خۆیان وەلادەنێن و لەھەر ئاکارێک کە ببێتە ھۆی دووبەرەکیی خۆدەپارێزن.
٣. تەواوی بەشدارانی ئەم کۆبوونەوەیە قین‌و بێزاریی خۆیان دژی سەربزێویی و ڕێگریی و تاڵانکەریی ڕادەگەیەنن.
٤. ھیچ کام لە بەشدارانی ئەم کۆبووونەوەیە نابێ بە جیا یان بێ‌ڕاوێژکردن، پێوەندیی لەگەڵ دەوڵەتی تاران بگرن."[١٠]


ئەم کاریگەریی‌یە ھەروەھا لە نووسراوەی ڕوناکبیرانی کۆمەڵە وەکو م. فەرووخ و بیژەن[مامۆستا زەبیحی] و ھتد [...] لە بابەتگەلێک وەکو "پەلامارەکەی ئەوسالی ئەلەمان لە رووسیا"، "انقلابی گەورەی اوکتوبر لە ٣ ژمارەدا و ئیمە و مەردم" لە نیشتمان بڵاوکەرەوەی بیری کۆمەڵەی ژ. ک دەبیندرێ. تەنانەت لە ژێر وێنەیەکی لەنین کە لە ژمارەی ٦ی نیشتمان بڵاوبۆتەوە ئەم شێعرە نووسراوە:


"باقیە ناووت ئەتو، گەرچی دەمیکە مردووی نا، لەنین! ماوی ھەتا روژی قیامەت زیندووی"[١١]


لە کتێبی "دیاردەی کۆمەلەی ژ. ک بو لاوەکانی کورد - ١٣٢٢" لە بەشێک لە نامیلکەی "دیاری مەلا محمدی کویی بو ھەلساندنی آغاوات و سەردار عەشیرەتەکانی کورد لە خەوی نەفامی" لە ھۆنراوەکانی بیژن[ مامۆستا زەبیحی] کەڵک وەرگیراوە:


"سەیاحەت کەن بچن بو سووەتەستان بزانن چون بە خێرائی ھەلستان
لە قەومی روس چە ڤلمیکی ئەکرد(چار) ھەموی ژەھری ئەخوارد ملت بە ناچار
لە پر (لەنین) ھەلستا وەک دلیران بناغەی ڤلمی چاری کرد ویران
بنای‌نا دەولەتیکی سوسیالیست لەناوی برد بە جاریک ایمپریالیست،
لەناو کومەل بە زوری دەرکرا (خان) بە تیلا (بەگ) خرایە بەندو زیندان
بە مەحچی ھەل‌کرانی بەیرەقی سوور لەناو خەلکا نەما فیتنەو شەرو شوور
ئەلەرزیت کاکی(آغا) وەک بنی آو کە آلای سوور و آلی دیتە بەر چاو
تەماشا کەن لە مەیدانی ھەراوشەر چلون سەربازی سوور، آزاو دلاوەر
شەوو روژ بی ووچان واتی ئەکوشن لە جەبھەی شەر ئەلەی شەربەت ئەنوشن
بە فەرمانی ستالین: پیاوی شەرکەر ئەدەن بەربا ھەمو نەیروی ھیتلەر""[١٢]


"ئەم ڕەوتە ھەروەھا لە بابەتەکانی "کوردستان" بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئەو سەردەمە پاش پێکھاتنی کۆماری کوردستان بەردەوام مایەوە. شێعرەکانی ھەژار، ھێمن و ووردی و نووسراوە سیاسیی و مێژوویی‌یەکان و ھتد [...] پڕن لە ھیوا بە یەکێتی سۆڤییەتی، ستالین و سپای سوور بۆ ڕزگاریی گەلی کورد. بۆ وێنە ھەژار لە ڕۆژی ھەلکردنی ئالای کوردستان لە بۆکان لە بەشێک لەو شیعرەی کە دێخوێنێتەوە دەڵێ:


"ریی نەجاتمانە پەنا بو اتحادی شورەوی سورمە بو چاوی ایمە خاکوخولی مەسکەوی
ربی(ایستالین) بژی بولاگری مڤلومان تا زەمانە خول دەداو روزدە بەخشی پورتەوی"[١٣]


مامۆستا ھێمن - یش لە شێعری "آوونگی سوور" کە بە بۆنەی ڕۆینی لەشکری سوور لە " مجلس شعرای" تەورێز خوێندیەوە. دەڵێ:


" ئەی لەشکری سوور ئەی اوردووی ڤفەر ایستا کە دەروی لیرە دەچیە دەر
خودات دەگەل بی و ئەوەی بزانە جێی تو ھەمیشە دلی کوردانە
ئەی ئەو فریشتە کوردت کرد آزاد لە ژیر پەنجەی دیوی استبداد"[١٤]

تا ئەو کاتە ئەگەر ڕوناکبیری کورد ڕێبازی چەپیشی ھەڵبژاردبێ یان پشتیوانیی لە حکومەتی سۆڤێیەتیی کردبێ لە ڕاستیی‌دا بەو ھیوایە بووە تا لە ژێر چەتری کمۆنیسم و پشتیوانیی یەکێتیی سۆڤییەتی بە ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان بگات.


لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش کەسایەتیی و ڕێکخراوە سەربەخۆیی‌خوازەکانی کورد بۆ ڕاکێشانی سەرنج و یاریدەی یەکێتی سۆڤییەتی کە بەڵێنی پشتیوانی لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازنەی نەتەوە چەوساوەکانی جێھانی دابوو کەوتبوونەگەڕ و پێوەندیی‌یان لەگەڵ نوێنەرانی ئەم وڵاتە گرتبو. بۆ وێنە "لە ساڵی ١٩٢٢ زایینی"کومیتەی سەربەخۆیی کوردستان (ئەرزروم)" بریاری دا بە یارمەتیی و لە ژێر سەرپەرشتیی سیاسیی ڕوسیەی سۆڤییەتی بە ماڤی خۆی بگات. سەرھەنگ خالد بەگ جبرنلی سەرۆکی ئەم کومیتەیە لە سەرەتای دەستپێکی کۆنفرانسی لۆزاندا لە نامەیەکدا بۆ نوێنەری حکومەتی سۆڤییەتیی نووسێ " [...] دڵساردە لە یاریدەی ڕاستگۆیانەی ئینگلیس بۆ دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆیە. ھەروھا بە تەمای وەدی‌ھێنانی ئەو ئامانجە چاوەروانی پشتیوانیی ڕوسیەی سۆڤییەتیی‌یە بۆ دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆ لە ژێر سەرپەرشتیی ڕوسەکاندا.[١٥] کریس کوچراش لە کتێبەکەیدا بەم چەشنە باسی ڕۆڵی سۆڤییەتیی‌کان لە شۆڕشی شێخ سەعید دەکا: "بەڵام بەپێی وتەی ئینگلیسیی‌یەکان خالد بەگ جبرنلی پێوندیی لەگەڵ کۆنسولی ڕوس لە ورمێ گرت. بەڵام - وڵامی کۆنسولی ڕوس نا بوو [...] ئەم وتەیە ڕاست یان ناراست تەنیا نیشاندەری ئەو ڕاستیی‌یەیە: شۆڕشی شێخ سەعید لەو پەرەی سەرنج‌نەدانی ھێزەکانی ڕۆژئاوا پەرەی گرت و لەئاکامدا تێک‌شکا، ئەویش لە حاڵێکدا کە یەکێتیی سۆڤییەتیی بە چەشنێکی فرەڕەسمی لە زمانی: [ڕۆژنامەی] ئیزوئستیا"وە ئەوی وەکو شۆڕشیک لە لایەن ھێزەکانی فیوداڵ و دژە شۆڕشی کورد کە بوونەتە ئەمرازی دەستی ئینگلیس پێناسە کرد. [١٦] لە باشوری کوردستانیش "شێخ مەحموود" مەلیکی کوردستان لە ڕێکەوتی ٢٠ ژانویەی ١٩٢٣ ز. لە نامەیەکدا کە بۆ کۆنسولی سۆڤییەتیی لە تەورێز بۆ وەدەست ھێنانی پشتیوانیی حکومەتی سۆڤییەتیی نارد، ئاماژە بەوە دەکا کە " کاتێک تەواوی جیھان لە ساڵی ١٩١٧دا دەنگی ڕاستەقینەی ئازادیی و ڕزگاریی نەتەوەی ئێوەی لە چەنگی چەوسێنەر و جەنایەتکاری بەنیوبانگ بیست، تەوای نەتەوە و گەڵانی چەوساوەی گۆی زەوی پێشوازیی‌یەکی گەرمیان لێ‌کرد و بە ھیوای وەدی ھێنانی ویست و ئاواتەکانی خۆیان و بە ھیوای گەورەیی و پشتیوانیی نەتەوەی ڕوس شۆڕشیان کرد [...]. تەواوی خەلکی باشوری کوردستان مەیلێکی زۆریان بۆ دۆستایەتیی لەگەڵ دەوڵەتی شکۆداری سۆڤییەتیی ھەیە و ئامادەی ھەرچەشنە فیداکاریی بۆ ئەم دۆستیین و حازر بە پشتیوانیی ماددی و مەعنەویی لەوانن. ھاوکاتیش بە ڕەسمیی ناسینی ماڤی یاسایی خۆمان وەک شەرتی ئەم دۆستایەتیی‌یە پێش‌دەکێشین"[١٧]. ئەم داواکاریی بێ وڵام مایەوە. سەرنج ڕاکێش ئەوەیە کە یەکێتیی سۆڤییەتیی کاتی سەرھەڵدانی شۆڕشی ئارارات [ساڵەکانی ١٩٢٧-١٩٣١] بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ بە ڕێبەریی کومیتەی نیزامیی - سیاسیی "خۆیبون" نەتەنیا پشتیوانیی لەم بزوتنەوەیە نەکرد بەلکوو ھێزی سەرسنووری سۆڤییەتیی لە ڕەوتی سەرکوتکردنی ئەم بزوتنەوەیە ناڕاستەوخۆ یارمەتیی تورکەکانی‌دا.[١٨]" "ئەو کاتەی کە چەک و پێداویستیی کوردەکان لە لایەن کورد و ئەرمەنیی‌یەکانەوە تەیار دەکرا، ھێزکانی تورک لە لایەن سۆڤییەتەوە یاریدە دەدران، کە بەڵێنی بەستنی سنوری چۆمی ئەرەس و ئیزنی کەڵک‌وەرگرتن لە ھێڵی ئاسنی سۆڤییەتیان پێ‌درابوو.[١٩] بە پێی وتەی کاربەدەستانی تورکییە لە ڕەوتی سەرکوتکردنی کوردەکاندا ١٥٥٠ کورد کوژران و لە ناوچەی ئەرجیس ٢٠٠ گوند بە ئاور کێشرا و لە ناوچەی پاتنوس تەنانەت گوندێک بەجێ نەما و ھەموویان لەبێن برد".[٢٠] لە سەرەتای دەیەی ١٩٤٠دا لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانش کۆمەڵەی ژ. ک ھەوڵی خۆی‌دا بەڵکوو بۆ چارەسەریی مەسەڵەی کورد ڕای و پشتیوانیی یەکێتیی سۆڤییەتیی بۆ دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆ بەرەو خۆی ڕاکێشێ بەڵام یەکێتیی سۆڤییەتیی بە پێی ئەم بیرۆکەیە کە سەربەرخۆیی کوردستان لە ژێر سەری ئەمپیریالیسمی ئینگلیس‌دایە و کۆمەڵەی ژ. ک نوێنەری دەربەگەکانی کوردستان و سەر بە ئینگلیسە، لە ھاوکاری یان پشتیوانی لەم ھێزە خۆی پاراست و تەواوی فاکت و بەڵگەکان دێسەلمێنێن کەیەکێتیی سۆڤیەتیی نەتەنیا پشتیوانی لەکۆمەڵەی ژ. ک نەکرد بەلکو "بەرپرسانی سۆوڤییەتیی لە ‌ئێران، کوردەکانیان لە ئەندام بوونی کۆمەڵەی ژ. ک دەپرینگاندەوە، تێدەکۆشان چاڵاکیی ئەم ڕێکخراوەیە بەرتەسک کەنەوە[٢١] ھەروەھا لە یادداشتەکانی ھاشمۆڤ سەرکونسولی یەکێتیی سۆڤییەتیی لەورمێ لەیەکی ژانویەی ١٩٤٥ سەبارەت بەنەبوونی پێوەندیی دەگەڵ کۆمەڵەی ژ. ک ھاتووە: "من بە ‌چاوی خۆم ھەستم کردوەبەبوونی پارتی (ژ.ک) و زۆربەی خەڵک پارتی (ژ.ک) بە(کۆمەڵە) ناودەبەن. زۆربەی کوردەکان و پیاوە ‌بەناوبانگەکانیان ڵایەنگریی سۆڤیەت دەکەن و بەھیوان لەخەباتیاندا بۆ سەربەخۆیی لەسۆڤیەت یارمەتی وەربگرن. کومیتەی کوردی (ژ.ک) خەلک دڵنیا دەکات کە ‌لەئیش و کارەکانی خۆیدا پێوەندی دەکات لەگەڵ یەکێەتی سۆڤیەت. بەڵام لەنیوان ئێمەو (ژ.ک) دا ھیچ پەیوەندیی‌یەک نی‌یە[٢٢]" مۆلۆتۆڤ وەزیری کار و باری دەرەوەی وڵاتی سۆڤییەتیی لەگەرماوگەرمی شەری دووھەمی جیھانیدا ڕق‌و بێزاریی خۆی و دەوڵەتەکەی لە کورد دەردەبڕی و"رێبەرایەتیی بزووتنەوەی کوردی بەدەرەبەگ" ناو دەبا [٢٣]. یەکێتیی سۆڤییەتیی پاش دامەزرانی کۆماری کورستان کە ھاوکات بوو لەگەڵ پێکھاتنی حکومەتی ئازەربایجان سەرەرای پشتیوانیی‌یەکی قورس و قایم لە حکومەتی پێشەوەری نیسبەت بە کوردستان بە پارێزەوە دەجوڵایەوە و بە شێوەی ڕەسمی قەت پشتیوانیی‌لێ‌نەکرد، لە باشترین حاڵەتدا وەکو بەشێکی ئازەربایجان سێری دەکرد و "لە بارودۆخی شەڕی سارد و لاسەنگیی و لاوازیی ھێزیان لە بەرامبەر ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بیانووی نەبوونی چەکی ئەتۆمیی لە ژێر گوشاری ئەمریکا و ئینگلیس پاشەکشەی لە ئێران کرد و کوردستان و ئازەربایجانی لەبەرامبەری سپای ئێران بە تەنیا ھێشتەوە. ڕێبەرانی سۆڤییەتی لە کۆبوونەوەی ڕاوێژکاریی مسکۆ لە دسامبری ١٩٤٥ دا لە لێکدانەوەی کێشەی ئیران خۆیان پاراست و ڕایانگەیاند کە ڕووداوەکانی ئێران لە پەنای سنوورەکانی یەکێتیی سۆڤییەتیی مەسەڵەیەکی داخڵیی ئێرانە و بەم پێ‌یە دەوڵەتی سۆڤییەتیی دەخالەتێک لەم مەسەڵەیە ناکا". [٢٤] " لە ڕاستیی‌دا "مسکۆ پاڵپشتگەیەکی جێ‌متمانە نەبوو. ھۆی ئەو کارە بەر لەھەر شتێک ئەو داخوازانەی ئیمپراتوریی ستالین بوو کە لە ڕۆژئاوای ئاسیا بە پێچەوانەی ئەو سیاسەتەی کە لە ڕۆژھەڵات و ناوەندی ئوروپای ھەیبوو، پشتیوانیی نیزامیی لەپشت نەبوو، ھەروەھا لە ڕوانگەی ماڤە سیاسیی و نێو نەتەوەیی‌یەکانەوە - لە یالتا و پۆتسدام (ماڤێک بۆ ئەوان) لە ڕۆژھەڵاتی نزیک وەبەر چاو نەگیرا.[٢٥] پاش ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتیی لە ساڵی ١٣٥٧ی ھەتاویی و سەرھەڵدانی بزوتنەوەی جەماوەریی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ھێرشی سپای ئیسلام بۆ کوردستان و ژنوسایدی میللەتی کورد، یەکێتیی سۆڤییەتیی بە ھۆی پیوەندیی دۆستانە لەگەڵ کۆماری دژی ئەمپیریالیسمی ئێران، سەرەرای داواکاریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و نامەکانی دوکتور قاسملو بۆ ڕیبەرانی حیزبی کمۆنیستی سۆڤییەتیی[٢٦] پشتیوانی لە بزوتنەوەی کورد نەکرد. بە باوەری خاتون "ژیگالینا" کوردناسی ڕوس: "ئاوڕنەدانەوەی یەکێتیی سۆڤییەتیی بۆ سەر ڕووداوەکانی کوردستان ڕێبەرانی بزوتنەوەی میللی دێموکراتیکی کوردی ناچار کرد تا گۆرانکاریی لە بنەما سەرەتایی‌یەکانی خەباتیان بکەن و لەم پێناوەدا دوکتور ع. قاسملو توانیی پێوەندیی لەگەڵ حیزبە سوسیال دێموکراتەکانی ئوروپا بگرێ کە لە چوارچێوەی بەرنامەی ماڤی مرۆڤ یارمەتیی ماددی و مەعنەویی‌یان بە کوردکانی ئێران دەکرد."[٢٧]


٢


سەبارەت بە بۆچوونی کمۆنیستەکانی ئێرانیش بۆ مەسەڵەی میللی پێش ڕووخانی ڕزاشا، دەتوانین ئاماژە بەم ڕاستیی‌یە بکەێن کە سەرەرای ئەوەی کە حیزبی کمۆنیستی ئێران ھەوڵین ھیز لە مێژووی ئێراندا وەک بڕوامەندی چارەسەریی مەسەڵەی نەتەوەیی لە چەشنی یەکێتیی ئازاد و دڵخوازانەی نەتەوەکانی ئێران تا ئاستی جیابوونەوە بوو، [٢٨] بەڵام ھاوکات سەربەخۆیی‌خوازیی کوردی بە فیت و سیاسەتی ئینگلیس لە قەڵەم دەدا. لە "بیانیەی فرقە کمونیست ایران - ١٣٠١" لە بەشی "مەسەڵەی میللیەت لە ئێران و خەبات بۆ کۆماری میللی" بەم چەشنە باسی مەسەڵەی کورد دەکرێ: " بەشێک لە کوردەکان لە خاکی ئێران و بەشێ‌تریان لە ولاتی تورکییەدا دەژین و دروشمی کۆکردنەوەی تەواوی بەشەکانی کوردستان و یەکگرتنی کوردان لە نێو دەوڵەتێکی یەک‌گرتووی کورد لە نێو کوردەکاندا بەنێو بانگ و سەرنج ڕاکێشە. ئەمپیریالیستەکانی ئینگلیس لەم مەسەڵەیە کەڵک‌وەردەگرن و ھاوکات بۆ ھەڵایساندنی ھەست و دەمارگرژیی نەتەوەیی لە نیو کوردان، خەباتی ئەوان دژی دەوڵەتی ئێران و تورکییە بە ھێز دەکەن. ئینگلیسیی‌یەکان دەیانەوەی دەوڵەتێکی کوردیی لە ژێر سەرپەرشتیی ئینگلیس پێک‌بێنن، ھەر کاتێک ئەم پیلانە ڕەنگی ڕاستیی بە خۆیەوە بگرێ ئەو کاتە پێگەی ئەمپیریالیستی ئینگلیس چ لە باری نیزامیی‌یەوە و چ لە باری سیاسیی و ئابوریی‌یەوە و بە تایبەتیی دەرکێشانی نەوتی ئێران قایم‌تر دەبێ. [٢٩] "ئاوتیس سولتانزادە" یەکێک لە ڕێبەرانی بە نێوبانگی حیزبی کمونیستی ئێران لە کتێبی "ئێرانی ئەورۆ" کە لە ٢١ ژوئیەی ١٩٢٢ لە مسکۆ بڵاوکرایەوە لە بەشی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیی‌یەکان ئەم بیرۆکەیە دیسان ئاوا دووپات دەکاتەوە:" جارێ چوار مانگ لە سەرکەوتکردنی شۆرشەکانی گیلان و خوراسان تێپەرنەببوو کە حکومەتی تاران سەرقاڵی ئەو مەسەڵەیە بوو کە چۆن کۆتایی بە شۆڕشی کوردەکان بە سەرۆکایەتیی سمکۆ بێنێ کە بە پشتیوانیی جیددی ئینگلیس داوای سەربەخۆیی کوردستانیان دەکرد. لە ژێرنووسی ھەر ئەو لاپەرەدا بۆ شیی کردنەوەی ئەم ڕستەیە ئاماژە دەکا: ئینگلیس دەیەوێ لە ژێر سەرپەرشتیی خۆی کوردستان سەربەخۆ بکات تا لە لایەک ئێران و تورکییە لاواز بکات و لە لایەکی دیکەوە پشت‌بەرەیەکی بەمتمانە بۆ قازانجی نەوتی نێوان‌دووچۆمان تەرخان بکات".[٣٠] لە تێزەکانی حەیدەر عەمۆغلی لە ڕێبەرانی بزوتنەوەی کمۆنیستیی ئێران کە سەبارەت بە بارودۆخی کۆمەڵایەتیی - سیاسیی - ئێران و تاکتیکی فرقەی کمۆنیستی عەدالەتی ئیران لە ژێر ئیمزای کومیتەی ناوەندی حیزبی کمونیستی ئێران (عەدالەت) لە ژانویە - مارس ١٩٢١ دا بڵاو بۆتەوە باسی مەسەڵەی نەتەوەیی ناکرێ. لە بەرنامەی بەلانیکەمی حیزب لە ئێران ( لقی ئێرانی کۆمینتێرن) بە قەلەمی حەیدەرخان لە بەندی ٤ی کارو باری سیاسی‌دا باسی "ڕاگەیاندنی کۆماری سەربەخۆی تودەیی وەک یەکەیەکی دابەش‌نەکراو"[٣١] کراوە. "ئەبوالقاسمی لاھووتی"یش شاعیری شۆرشگێر و کمۆنیستی ئێرانیی بە ڕەچەڵەک کورد لە وتارێک بە ناوی "کورد و کوردستان" کە لە ساڵی ١٩٢٣ لە گۆڤاری "ڕۆژھەڵاتی نوێ" لە مسکۆ بڵاوبۆتەوە و "ڵازایڤ" کوردناسی ڕوس وەکو یەکەمین لێکدانەوەکانی مەسەڵەی کورد لە ڕوانگەی مارکسیستیی‌یەوە لە قەڵەمی داوە، سەرەرای ئەوەی کە زانیاریی‌یەکی بەرچاو سەبارەت بە مێژووی کورد و کوردستان و بارودۆخی بزوتنەوەی کورد بە خوێنەر دەدا بەڵام ھاوکات بە ھۆی لێکدانەوەی مەسەڵەی کورد لە ڕوانگەی کمۆنیستێکی ئێرانی‌یەوە دەیەوەی بیسەڵمێنێ کە "ژیانی کوردەواریش بەڵگەی ڕوون و ئاشکرای ئێرانییتی کوردان" ە[٣٢] و" مێژوو و زمان و فەرھەنگی کورد و کوردستان بە فەرھەنگ و زمان و ئەدەبیاتی فارس گرێ دراوە"، ھەروەھا دەور دەگێرێ لە پێکھێنانی ئەم بیرۆکەیە کە"بیر و باوەڕی جوولانەوەی کوردایەتی و دامەزراندنی کۆمەڵ و ڕێکخراوەکانی کوردی لە لایەن ئینگلیزەوە درووست کراون و سەرانی کورد پیاوی ئینگلیزن و زوو بە زوو ھەڵوێستیان دەگۆڕن و ھەرجار بە ھان و فیتی لایەک دژی دەوڵەتانی نێوچەکە رادەپەڕن. ئەم بوچوونانەی لاھووتی کە لایەن کوردێکەوە نووسراون [...] بوونە مۆڕێک بۆ نێوچەوانی بزاڤی نەتەوەیی کوردەوە" کە وەک سەرچاوەیەکی متمانە پێکراو بوو بە بناخەی لێکدانەوەی مەسەڵەی کورد لە لایەن" ڕۆژھەڵاتناسانی یەکێتیی سۆڤێەت و پاشان لە ولاتانی‌تری بەرەی بە نێو سوسیالیستدا و بەرھەمی ھەموو فەریکە کۆمۆنیستێکی گەڵانی سەردەست و [...] "[٣٣]. پێوەنددانی بیری سەربەخۆیی کوردان بە بێگانە نە تەنیا لە بەڵگەکانی حیزبی کمۆنیستی ئێران بەلکوو لە نوووسراوەکانی دەوڵەتی سەرکوتکەری پەھلەوی و لێکدانەوەی کەسایەتیی‌یەکانی بە ناو ڕۆشنبیری ئەو کاتەی ئێرانش وەکو "ئەحمەد کەسرەویی" و "بەھار" بە جووانی دەبیندرێ. ھەمووی ئەوان بە ڕوانگەی جیاواز بە ھۆی پاراستنی چوارچێوەی تەواویەتیی ئەرزیی ئێران بەم خاڵە ھاوبەشە دەگەن کە بیری سەربەخۆیی‌خوازیی پیلانی بێگانەیە یان کوردەکان ئاژاوەچی و شەڕفرۆشن. دەڵێی ئەم مێژوویە ئەمڕۆ دیسان بە ھاوبەشیی بەشێک لە چەپە سەرتاسەریەکان، کۆماریخوازان و لایەنگرانی مەشروتە و حکومەتی پاشایەتیی و ھتد [...] لە بەرەیەکدا دووپات دەبێتەوە. کەسرەویی لە کتێبی مێژووی ١٨ ساڵەی ئازەربایجان بەم چەشنە باسی بزوتنەوەی سەربەخۆیی‌خوازیی کوردەکان دەکا: "کوردەکان ھەر کات دەرفەتێکیان بۆ ھەڵکەوتووە دەستیان بە نافەرمانی لەگەڵ دەوڵەت داوە. بڕای ئەو جەعفەر ئاغایە و محەمەد ئاغای باوکی لە کاتی خۆی زۆر جار نافەرمانی‌یان کردوە، بەڵام سمکۆ لەم زەمانەدا سەربەخۆیی بۆ کوردستان دەویست و لە ڕێگای ئەم ئاواتە دەستی بە خۆسازکردن کرد. یەکێک لەو تووی ئاژاوەگێریی و زیانکاریی‌یە کە ئوروپایی‌یەکان لە خۆڕھەڵات چاندیان، ئەوە ئاواتی سەربەخۆیی‌یە. کارگێرەکانی ئەوان چەندین ساڵە دەگەرێن و چوونە نێو کوردەکان، ئەرمەنیی‌یەکان و تورکەمەنەکان و ئاسۆریی‌یەکان و بەختیاریی‌یەکان و ھتد [...] و ئەم توویەیان لە دڵی ئەواندا چاندوە.[٣٤] ھەروەھا "مەلیک‌الشعورای بەھار' سیاسەتڤان و شاعیری بە نێوبانگی ئێرانیی، دۆستی زۆر نزیکی حەیدەرخان کە کاتی حکومەتی ڕزاشا چەند ساڵیش لە بەندیخانە بووە و تا ڕادەیەک سیمپاتیی بە یەکێتیی سۆڤییەتیی بوو لە کتێبی" کورتە باسی مێژووی حیزب سیاسیی‌یەکانی ئێران - لەناوچوونی قاجار" گرتنی قەڵای چھریق پەناگای سمایل ئاغای کورد ناسراوە بە " سیمتقو" بە پیلانی سەرتیپ ئەمان‌اللا میرزای جەھانبانی بە یەکێک لە گرینگترین کارەکانی دەوڵەتی ڕزاشا لە قەڵەم دەدا و "شێخ عوبەیدیللا"، "حەمزە ئاغای مەنگوڕ و سەرۆکی ناوداری کورد "سمایل ئاغای سمکۆ" بە "ئەشرار" [ئاژاوەچی، شەرفڕۆش] نێو دەبا کە لە سەردەمی کەواناراوە[عھد عتیق] کاریان ڕاپەڕین دژی دەوڵەتی ئێران بووە.[٣٥]


٣


پاش ڕووخانی دەوڵەتی ڕزاشا، حیزبی تودەی ئێران وەکو جێگرەوەی حیزبی کمونیستی ئیران لە ١٠ی ڕەزبەری١٣٢٠ دامەزرا. لە بەرنامەکانی حیزبی تودەی ئێران لە ٢ کۆنگرەی یەک [١٠ گەڵاوێژی ١٣٢٣] و بە تایبەتیی کۆنگرەی ٢ دا کە دوو سال دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و حکومەتی میللی ئازەربایجان لە ٥ی بانەمەڕی ١٣٢٧ پێک‌ھات لە بەندی ١٠ی بەشی خەباتی سیاسیی‌دا تەنیا باسی" ئازادی کامیل بۆ کەمایەتیی‌یەکان لە کاروباری فەرھەنگیی و ئایینیی خۆیان"[٣٦] دەکرێ و باسێک سەبارەت بە مەسەڵەی نەتەوەیی و ماڤی چارەنووسی لەنینیی لە گۆڕێ‌دا نی‌یە، ھەروەھا لە پلینۆمەکانی ١ ھەتا ٦ی حیزبی تودەی ئێران لە کۆی سەنەد و بەڵگەکانی حیزبی تودەی ئێران کە لە ساڵی ١٣٦٠ دا بڵاو بۆتەوە نیشانەیەک سەبارەت بە مەسەڵەی میللی لە ئیران وەبەرچاو ناکەوێ، بەڵام لە بەرنامەی حیزبی تودەی ئێران پاش پلنۆمی ٧ و کۆنفرانسی یەکگرتن لەگەڵ فرقەی دێموکراتی ئازەربایجان لە ھاوینی ١٣٣٩ ھەتاویی لە بەشی "بریارنامەی پلینۆمی ٧ (گەورە) کۆمیتە ناوەندی حیزبی تودەی ئێران سەبارەت بە مەسەڵەی یەکگرتویی ڕێبەریی و سازمانیی حیزبی چینی کریکار لە ئێران" لە بەندی ٤دا ئاماژە بە "بایخ و حەساسیەتی مەسەڵەی میللی لە ئێران" دەکا و بە چەشنێکی ڕەسمی لە بەرنامەی خۆی، لە بەشی مەسەڵەی میللیدا باسی 'ماڤی کامیلی چارەنووسی گەلەکانی دانیشتووی ئێران دەکا. [٣٧] لە درێژایی تەواوی ئەو ساڵانە کە بەسەر ھەوەڵین بەیانییەی فرقەی کمۆنیستیی ئێران تێپەر بووە سەرەرای ئەوەی کە زۆربەی ڕێکخراوەکانی چەپی ئێرانیی لە پرۆگرامی خۆیاندا باسی یەکێتی دڵخوازانەی نەتەوەکانی ئێران و جاروبار ماڤی جیابوونەوە دەکەن بە ھۆی بڕوامەندییان بە تەواویی ئەرزیی، یەکێتیی چینی کریکار و دامەزراندنی سوسیالیسم لە ئێراندا ئەم مەسەڵەیە تەنیا لە سەر لاپەرەی پڕۆگرامەکەیان‌دا ماوەتەوەو کێشەی میللی‌یان وەکو پاشکۆی کێشەی چینایەتیی پێناسە کردوە ‌و سەرەرای ئەوەی کە "خەبات بۆ یەکگرتنەوەی وڵاتە دابڕاوەکانی میللی"[٣٨] وەکو چەشنێک لە خەباتی دژی ستەمی میللی پێناسە دەکەن، کاتێک ئەمە مەسەڵەیە بە ئێران دەگات، بەپێی ئەم وتەیەی لەنین کە" بەرژەوەندیی سوسیالیسم سەرتر لە بەرژەوەندیی و قازانجی میللەتەکان بۆ چارەنووسی خۆیانە"[٣٩] لە ڕەوانگەی حیزبێکی سەرتاسەریی چەپەوە، خوازیاری چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی لە چوارچێوەی ولاتێک، یانی لە چوارچێوەی تەمامیەتیی ئەرزیی ئێرانن. تەنانەت کاتی ھەڵسەنگاندنی بزوتنەوەی سەربەخۆیی‌خوازانە کوردیش نیشانەی ناسیۆنالیست و وەدواکەتوو‌ی لێدەدەن. بۆ وێنە دوکتور گەڵاوێژ یەکێک لە کادرە کوردەکانی حیزبی تودەی ئێران و فرقەی دێموکراتی ئازەربایجان بەم چەشنە باسی کۆمەڵەی ژ. ک دەکا: ئەم حیزبە لە ژێر دروشمی دژی ‌فاشیستیی، دژی فیوداڵیی و خەباتی دژی کۆنەپەرەستیی لە ماوەیەکی کورت نفووز و وەج و ڕێزێکی بێ وێنەی لە نێو خەڵکی نیشتمان پەروەر و پێشکەوتوخواز و شۆرشگێری کوردستان وەدەست ھێنا[٤٠]" [بەڵام] "دروشمی سەرەکیی کۆمەڵە وەکوو "کوردستانی گەورە" ھۆی دوورکردنەوەی خەباتی گەلی کورد لە ڕاستیی‌یەکان، بەھێزکردنی دوژمن و لاوازکردنی گەلی کورد بوو.[٤١] دوکتور قاسملوش کە نزیک بە سی ساڵ ئەندامی حیزبی توودەی ئێران بوو تەنانەت کاتێک لەم حیزبە جیادەبێتەوە و ڕۆڵێکی سەرەکیی لە بووژاندنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەگێرێ بە بیری چەپێکی ئێرانی‌یەوە مەسەڵەی سەربەخۆیی کۆمەڵەی ژ. ک لێکدەداوەتەوە و لە "چڵ ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی"دا، کۆمەڵەی ژ. ک بە ڕێکخراوێکی ناسیونالیستیی و داخراو ناو دەبا کە بۆ "کوردایەتی رووت" ھەوڵی دەدا و نەیتوانی "خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران لەگەڵ جووڵانەوەی ھەمووی ئێران" لێک‌گرێ بدات.[٤٢] لە لایەکی دیکەوە دوکتور قاسملو وەک دوکترینی خودموختاریی سەرەتا لە کۆنفرانسی سێھەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پاشان کۆنگرەکانی حیزب و بە تایبەتیی لە بابەتێک بە ناوی "باسیک لە سەر دروشمی بنەرەتیی حیزب لە ساڵی ١٣٦٤دا بە پێی نەبوونی بارودۆخ و ھەڵومەرجی پێویست بۆ پێشکێشانی دروشمی سەربەخۆیی یان فیدرالیسم، "دیموکراسیی بۆ ئێران و خودموختاریی بۆ کوردستان" وەک دروستترین دروشم لە قەڵەم دەدا، لە باشترین شێوەدا تیئوریزەی دەکات و ئەم دروشمە وەک بەرھەمی "لێکۆڵینەوەیەکی دوور و درێژ" ناودەبا. دوکتور قاسملو سەبارەت بە ھێنانی دیموکراسیی بۆ ئێران پێش خودموختاریی بۆ کوردستان دەڵێ" [...] دێمۆکراسیمان لە پێشەوە داناوە ھۆی ئەوەیە کە ھەم پێوەندی بە ئێرانەوە ھەیە کە گشتی‌ترە، بەرینترە لە کوردستان و ھەم ھاتوینە سەر ئەم بڕوایە کە بێ دێمۆکراسیی ڕاستەقینە، تەنانەت ئەگەر ئێمە خودموختاریشمان دەست کەوێ، ئەو خۆدموختارییە زامنێکی دیکەی نیە [...]. ئێمە بەش بە حاڵی خۆمان موخالیفی ھەموو شێوە دیکتاتۆرییەکین کەوابوو بۆ ئێمە دێمۆکراسی وەک حیزبێکی دێموکرات ھەدەفە. حیزبێکی دێموکراتین بۆ ئازادی یان بۆ ئازادی ھەموو گەڵانی ئێران تێ‌دەکۆشین". دوکتور قاسملو لەو بەشەدا کە باسی چەشنەکانی جێبەجێ کردنی ماڤی چارەنووس دەکا، سەبارەت بە خودموختاریی کە شکڵی ھەڵبژاردەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بۆ چارەسەرکردنی ماڤی کورد لەو سەردەمەیە، ئاوا دەبێژێ: " شکڵی سێھەم؛ دیاریی کردنی چارەنوووس بە شیوەی خودمختارییە. خودموختاری وەختێک دێتە گۆڕێ کە بە گشتی ئەو گەلە نەیھەوێ جودا بێتەوە، یانی واز لە سەربەخۆیی بێنێ. نەشیھەوێ یان بارودۆخی وڵات بۆ فیدراڵی لەبار نەبێ. [٤٣]" بە واتەیەکی دیکە کوردی ڕۆژھەڵات خۆی لە ھەر ئێرانیی‌یەک بە ئێرانیی‌تر دەزانێ و نایھەوەی لە ئێران جیا بێتەوە.

٤


بە پێی تەواوی ئەو فاکت و بەڵگانەی کە لەبەر دەست دان بزوتنەوەکانی کورد لە چواربەشی خۆی تا سەرەتای دەیەی ١٩٤٠ی زایینی و بە تایبەتیی تا کاتی ڕووخاندنی کۆماری کوردستان لە لایەن دەوڵەتی پاشایەتیی‌یەوە، بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخواز بوو و کورد بە ھەر باوەر و ئایین یان شوێنگەی چیینایەتیی‌یەوە بۆ سەربەخۆیی کوردستان تێکۆشاوە. پێکھاتنی کۆمەڵەی ژ. ک و درێژەی چاڵاکیی ئەو ڕێکخراوەیە ‌لە ژێر عینوانی تازەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو سەردەمە و دامەزراندنی دەوڵەتی جمھوریی کوردستان سەرلوتکەی ئەم بزوتنەوەیە بووە و بۆ ھەوەلین کەڕەت لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ڕێبەریی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد کەوتۆتە دەست ڕوناکبیری ئەو کاتەو حیزبی شیاوی خۆی بۆ خوڵقاوە. لە نوسخەی یادداشتێکی خانم ئەن لەمبتۆن [Ann Lambton] کە لە لایەن باڵوێزخانەی ئینگلیسەوە بۆ کوردستان ناردرابوو، سەبارەت بە بارودۆخی ئەو کات و ھەستی خەلکی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ئاوا دەنوسێ:" ناوچە رووسیەکان لە دەرەوەی تەورێزەوە تا میاندواو و مەھاباد، بە شار و گوندەوە پڕ بوون لە چەکداری تەیاری کورد. من ھیچ جەندەرمە یان پۆلیسی ئێرانم چاو پێنەکەوت. لەگەڵ ژمارەیەک لە کوردی ناوچە قسەم کرد، ھەموویان لە ناخی دڵەوە لە سەربەخۆیی کوردستان دەدوان. یەکیان بازرگانێک بوو لە میاندواوو کە ئەستەم دەبیندرا سوودێکی ڕاستەوخۆی لە کوردستانێکی سەربەخۆدا وەچنگ بکەوێ[بەڵام] دەیگوت کوردستانی سەربەخۆ، ھەرچەندە ھەژاریش بێت و قوربانی لە پێناودا درابێت، دیسان لە بارودۆخی ئێستا ھەر باشتر دەبێت. [...] لە مەھاباد قازی محەمەد کە کوردێکی خەڵکی ناوچەکە و برای نوێنەری مەڵبەندەکەیە[لە مەجلیسی شۆرای ئێران] وادیارە سەرۆکی خاوەن دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە بێت. من وا ھەستم کرد کە لە نزیکەوە پێوەندی لەگەڵ رووسەکان ھەبێت و ھەرچییەکی لەدەست بێت، بۆ بنەبڕکردنی نفووزی کاربەدەستەکانی ئێرانی درێغی ناکات [...] رۆژنامەیەکی کوردی [مەبەست دەبێ نیشتمان بێ] کە دەگوتری بە نھێنی بڵاودەبێتەوە، قازی محەمەد لە چاپی دەدا و بەشداری تێدا ھەیە. رۆژنامە کە بە گوێرەی قسەی ئەو، پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان دەکات و لەوە دەچێ وتاری لە سەر کۆمۆنیزمیشی تێدا بنوسرێ.[٤٤] لە ڕاپۆرتی سێر ر. بوللارد(باڵوێزی بریتانیا لە ئێران) لە ژێر عینوانی'لە تارانەوە بۆ وەزارەتی دەرەوە، ٢٩ی سیپتامبری ١٩٤٤ سەبارەت بە کوردستان ئاوا نووسراوە: "ئێمە، نیشانەمان لە لایەن 'ئەتاشەی چاپەمەنی' باڵوێزخانەی ئەعلا حەزرەت[شای بریتانیا]وە بە دەستەوەیە، کە کوردی ناوچەی رووس لە ئێران، بە ئاشکرا چەکیان ھەڵگرتووە و لە سەربەخۆیی دەدوێن.[...] سەبارەت بە مەھابادیش ڕاستە و وا دیارە'قازی محەمەد'، مەرکەزی بزوتنەوەی سەربەخۆیی بێت لە کوردستان".[٤٥]


پاش ڕووخاندنی دەوڵەتی کوردستان و زاڵبوونی بیروباوەڕ‌ی چەپی سەرتاسەریی بەسەر بزوتنەوەی کورد و توانەوەی کوردی کمۆنیست لە حیزبە سەرتاسەریی‌یەکاندا بەشێکی بەرچاو لە ڕوناکبیرانی کورد سەرەرای بیر و ھەستی بەھێزی کوردانە تەواوی ھێز و وزەو گیانی خۆیان تەرخانی ئەم بیرۆکەیەکرد کە پرسی نەتەوەیی و مافی چارەنووسی کورد بە تەواویی تەنیا لە کاتی دامەزرانی سوسیالیسم لەو وڵاتانە مسۆگەڕ دەکرێ کە کوردستانیان دابەش کردوە و لە ڕاستیی‌دا ئەم ڕوانگەیە بو بە ھۆی لادانی بزوتنەوەی کوردی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەو ڕێبازەی کە کۆمەڵەی ژ. ک لە ھەوەڵین ژمارەی نیشتمان لە پوشپەری ١٣٢٢ دا وەک "ئامانجی ایمە" بەم چەشنە ئاماژەی پێ کردبوو: "کومەلەی ژ. ک [...]. بە ھەمو ھیزوتوانای خوی تی‌ئەکوشیت تا زنجیر و کەلەمەی دیلی و ژیردەستی لە ئەستوی نەتەوەی کورد دامالی و لەم کوردستانە لەت و کوتەی ایستا کوردستانیکی گەورەو ریک و پیک بینیتە بەرھەم کە ھەمو کوردیک بە سەربەستی تیابژیت." چاڵاکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێکھاتنی کۆماری کوردستان دەوامی ئەم ڕێبازە بوو. ھەر وەکوو پێشەوا قازی محەمەد لە "نگقی" خۆی کە لە ژمارەی ١٠، ڕێکەوتی١٥ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ وژمارەی اا لە ١٧ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ لە "کوردستان" وەکوو بلاوکەرەوەی بیری ئەم حیزبە لە ژێر سەردێری "جیژنی سەربەخۆیی و استقلالی کوردستان" بڵاوبۆتەوە وێرای ئاماژە کردن بە مێژووی کوردستان و کۆبوونەوەی کوردان لە ژێر "عنوانی حزب دێموکراتی کوردستان" باسی وەدەستھێنانی "استقلال و آزادی کورد" بە ھۆی پێکھاتنی کۆماری کوردستان دەکا. بەلام پاش ڕووخانی کۆمار و لە سێدارەدانی قازی و بەشێک لە ڕێبەرانی ئەم بزوتنەوەیە پەیتا پەیتا دروشمی سەرەکیی بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە ژێر کاریگەریی بیری چەپی سەرتاسەریی و حیزبی تودەی ئێران لە چوارچێوەی "دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاریی بۆ کوردستان " قەتیس دەمێنێتەوە.

٥


پاش شۆڕشی ساڵی ٥٧ی ھەتاویی لە ئێران و ڕاگەیاندنی ڕەسمیی بوونێتی سازمانێکی تازەی کوردستانیی وەکو کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە گۆڕەپانی خەباتی ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا کە بەشێکی بەرچاو لە ڕوناکبیر و کەسایەتیی‌کورد لە ڕیزیدا دەستیان بە کار و تێکۆشانێکی سیاسی کرد، بە ھۆی نەبوونی کۆنسێپتێکی نەتەوەیی و گرێ‌دانی بەرژەوەندیی کورد لەگەڵ خەباتی چینایەتی لە کوردستان و ئێراندا گۆڕانکاریی‌یەک لە ڕەوتی بزوتنەوەی کورد پێک نەھات و دروشمی خودموختاریی ھەر وەکوو دروشمی سەرەکیی کورد مایەوە. "کۆمەڵە" خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان وەکو 'بزوتنەوەی مقاومەتی کورد' کە بەشێک لە خەباتی شۆڕشگێرانە - دێموکراتیکی ئێران و سەنگەری سەقامگرتووی دیفاع لە دیموکراسی لە ئێرانە، پێناسە دەکا. "کۆمەڵە" سەرەرای دەربڕینی باوەری خۆی بە 'ماڤی چارەنووس تا ئاستی جیابوونەوە'، خودموختاریی بە ویستی تایبەتمەندی گەلی کورد بۆ چارەسەرکردنی مەسەڵەی میللی لە قەڵەم‌دا، و وەکو بەشێک لە "پرولیتاریای ئاگای ئێران" ھاوکات خۆی بە 'نوێنەر و بەرەنگاری قازانجی کرێکاران و زەحمتکێشانی کوردستان' پێناسە کرد، بەم باوەڕە بوو کە لە نێو بزوتنەوەی میللی - دێموکراتیکی ئەو کاتی کوردستان، خەباتی چینایەتی لە نێوان بۆرژوازیی و پرۆلیتاریا لە جەریانە و پەرەی گرتووە،"[٤٦] ھەر بەم پێ‌یە، کۆمەڵە لە بریارنامەیەک کە لە جەنگەی شەری کۆمەڵە و دێموکرات وەک سازمانی کوردستانیی حیزبی کمۆنیستی ئێران بڵاوی کردوە، لە حیزبی دێموکرات وەک "حیزبێکی بورژوازیی لە بزوتنەوەی میللی کوردستان"[٤٧] ناو دەبا. کۆمەڵە سەرەرای ئەوەی کە زۆرینەی کادر و ئەندامەکانی کورد بوون‌و گۆڕەپانی خەباتیی ئەم ڕێکخراوەیە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو، بەڵام بە پێی ئیدیۆلۆژیی و بیرو ھزری سیاسیی‌یەوە حیزبێکی تەواو چەپی ئێرانی بوو کە لە کاتی دامەزرانیی‌یەوە بۆ پێکھێنانی "حیزبی چینی کرێکاری ئێران"[٤٨] و "خەبات لە پێناوی شۆڕشی دێموکراتیی بە ڕێبەریی چینی کرێکار و دامەزراندنی کۆمەڵێکی سوسیالیستیی"[٤٩] تێکۆشاو چارەسەریی ماڤی نەتەوایەتیی گەلی کوردیی لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاریی لە ئێران گڕێ‌دا. لەم پێناوەدا کۆمەڵە بە ڕوونی لە وتارێکدا ئاماژەی کرد:" [...] ئێمە بۆ گەلی کورد تەوزیح دەدەین کە لە ئێرانێکدا کە ھی کرێکاران و زەحمەتکێشانی سەرانسەری وڵات بێ، مافی نەتەوایەتیی ئەو بە باشترین شێوە بەدی دێ. ئێمە بە زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێن کە ئازادیی ڕاستەقینەی ئەوان و رزگارییان لە نەبوونیی و چەوسانەوە و زوڵم و زۆر، بەھاوپەیوەندیی لەگەڵ چینی کرێکاری ئێران تەمین دەبێ". [٥٠] بەم چەشنە، حیزبی دێموکرات، کۆمەڵە و ھێزەکانی چەپی سەرتاسەریی بە تایبەتیی حیزبی تودەی ئێران و سازمانی فیداییانی ئەکسەرییەت [زۆرینە] لە ڕاستیی‌دا لە سەقامگرتنی ئەم دروشمە لە "ڕەوانی کۆمەڵگادا" دەوری سەرەکیێ‌یان گێرا و خودموختاریی وەک باشترین ڕێگای چارەسەریی کێشەی کورد ڕەخنەی کردە ناو مێشکی رووناکبیری کورد. ئێستاش دوای ئەم ھەموو ئەزموونە و تێپەرینی نزیک بە ٧ دەیە لە کاتی پێکھاتنی کۆمەڵەی ژ. ک، حیزبەکانی دێموکرات و بەشە لەیەکدابڕاوەکانی کۆمەڵە کە بەشێکیشی تەنانەت لە بیری چەپیش زۆر دوور کەوتۆەتەوە و بە خەیاڵی دێموکڕاتیزە بوونی دەوڵەتی ئێرانە، بە شوێن تراویلکەی چارەسەریی پرسی کورد لە چوارچێوەی ئێران‌دا کەوتوون. ئەوە لە حاڵێکدایە کە نزیک بە ٧٠ ساڵ خەبات لەم پێناوەدا ھیچ دەستکەوتێکی ئەرێیی نەبووە و تەنانەت سەڕەرای ئەو ھەموو خوێنەێ کە لە پێناوی خودموختاریی ڕژاوە، خودگەردانیی‌یەکی فەرھەنگیی‌شیان پێ وەرنەگیراوە، ئەم ڕێبازە بۆتە کۆسپێک لە ڕەوتی وشیاریی و کیانی نەتەوەیی کورد کە لە پێناویدا شۆڕشی گەورەی کورد بە رێبەرایەتی شێخ عەوبەیدیلڵا نەھری و شۆڕشی سەربەخۆیی سمکۆی بۆ بەرپا کراوە و ئەزموونی ھەمیشە درەوشاوەی وەک دامەزراندنی دەوڵەتی جمھوریی کوردستانی لێکەوتووتەوە.


٦


بێ گومان لە نێو ھەر کۆمەڵگایەکدا بە پێی بوونی چین و توێژی جوراوجور، حیزب و ڕێکخراوەی ڕەنگاوڕەنگ بە بیر و کرداری جیاوازەوە درووست دەبێ. لێرەدا بە پێی ھەڵومەرج و بارودۆخی مێژوویی کوردستان کە لە نێوان چوار دەوڵەتدا دابەش‌کراوە، ئەم پرسیارە دێتە پێش کە ئەرکی سەرەکیی حیزبێکی کوردیی بە ھەر بیر و باوەرێکەوە چی‌یە و کام ڕێباز کورد بە کیان و سەروەریی خۆی نزیک دەکاتەوە. بڵێی ئەرک و پڕۆگرامی حیزبێکی کوردیی یەک لەوان چەپ لە وڵاتێکی داگیرکراو و کوڵۆنی‌کراودا ھاوئاھەنگیی لەگەڵ حیزبێکی سەرتاسەریی یان حێزبێک بێ کە نەتەوەکەی کێشەی میللی نی‌یە و بە دەوڵەت و کیانی خۆێ گەیشتووە؟ بڵێی بە لەبەر چاوگرتنی بیر و باوەڕی ھێزە سەرکیی‌یەکانی ئێرانیی سەبارەت بە کێشەی نەتەوەیی بە گشتیی و کێشەی کورد بە تایبەتیی کە تەنانەت ماڤی کورد لە چوارچێوەی تەسکی خودموختاریش بە ڕەوا نابینن و لەھەر حاڵەتێکدا مۆڕی جیایی‌خوازیی لە نێوچاوانی ھەڕ کوردێک دەدەن، بە شوێن چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا تەنێا بە ھرزدانی ھێز و توانایی کورد و بە فیرۆدانی کات و دەرفەتەکانی مێژوویی نەبێ؟ ئایا بە لەبەر چاوگرتنی ئەم ڕاستیی‌یە کە کورد وەکو نەتەوەیەک، واتە بە تەواوی چین و توێژەکانیی‌یەوە دەچەوسێتەوە و پێویستە شێوەی خەباتیی لە پێناوی یەکگرتنەوەی ولاتە دابەشکراوەکانی کوردستان بێ، بلێی تەنانەت ئەگەر لە کۆمەڵگایەکی فیدرالێشدا بە ئازادی بگات، کێشەی نەتەوەیی ئەو چارەسەر بکرێ؟ بڵێی نەتەوەێک کە بە کۆمەڵ لە تەواوی بوارەکانی ژیانیی‌دا لە ژێر زوڵم‌وزۆری نەتەوایەتیی‌و ڕەگەزپەرەستیی سەقامگرتوو دایە، بە گەێشتن بە ماڤی شارومەندنی لە ئێراندا لەم کێشە مێژوویی‌یە ڕزگار بێت؟ ئایا لە کوردستاندا ئەرکی سەرەکیی حیزبەکان دەبێ تەنیا لەچوارچێوەی بەرگریی لە ماڤی چین و توێژەکان و گەێشتن بە ماڤێ مرۆڤ قەتیس بمێنێتەوە؟


کاتێک وڵامی ئەم پڕسیارانە نەرینیی بێ، پێویستە تێکۆشەری کورد لە ھەنگاوی ھەوڵدا ھەوڵی ڕزگاربوونی خۆی لەم بارودۆخە بدات و بۆ گەیشتن بە ماڤی ڕەوای خۆی تێبکۆشێ و ڕووی سەرەکی بزوتنەوەی کورد بەرەو ڕەوتی مێژوویی خۆی بگەرێنەتەوە و لەوە زۆرتر نبێتە پاشکۆی بیری ئێرانچیەتیی بە چەپ و ڕاستیی‌یەوە؟


کاتێک ئەم ڕاستیی‌یە کە مەسەڵەی کوردستان وەکو وڵاتێکی داگیرکراو نە لەبوون لە چوارچێوەی ئەم وڵاتانە، بەلکوو بە پێچەوانە بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد چارە دەکرێ ببێتە ناوەرۆکی فیکریی ئەم چەشنە حیزبانە، ئەو کات خەبات لە پێناوی سەربەخۆیی و پێکھێنانی دەوڵەت و کیانی نەتەوەیی دەبێتە ستراتێژیی سەرەکیی ئەوان و لە پێناوی ئەم ئامانجەدا تاکتیکەکانی کاتیی بە پێی باڕودۆخ و پارەسەنگیی ھێزەکان، ئاستی ئاگایی نەتەوەیی، ڕێکخستن و کۆکردنەوەی کۆمەڵی خەڵک لە دەوری ئەو دروشمانەی کە بزوتنەوی ڕزگاریخوازی کورد لە پێناوی گەیشتن بە ئاواتی مێژوویی‌یان نزیک دەکاتەوە، تەنزیم دەکرێ و ستراتێژیی کورد فیدای تاکتیکی کاتیی ناکرێ. بەم پێ‌یە پێویستە ھێزێ چەپیش نە تەنیا بۆ وەدیھێنانی حەقی زەحمەتکێشی چەوساوەی کورد تێبکۆشێ، بەلکوو ئەم ڕاستیی‌یەش لەبەر چاو بگڕێ کە زەحمەتکێشی کورد و تەواوی چین و توێژەکانی ئەم کۆمەڵگایە مەسەڵەیەکی زۆر گرینگی دیکەیان بە ناوی "مەسەڵەی نەتەوەیی"ھەیە و بێ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، مەسەلەی چینایەتیی‌یان چارەسەر ناکڕی و پێویستە کورد ئەو‌ەڵ ماڵی و کیانی خۆی دروست بکا تا بتوانێ لە کوردستانێکی سەربەخۆدا بۆ پێکھێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد، دێموکرات و نزامێکی دادپەروەر خەبات بکا. ئەوەبەو مانایەیە کە بوار و سروشتی خەباتی سەرەکیی بزوتنەوەی کورد لە قۆناخی ھەوەڵدا ڕزگاریخوازانەیە، پێویستە لە بەرەیەکدا تەواوی چین و توێژی کورد بە ھەر بیر و باوەرێکەوە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان تێبکۆشن.

کۆتایی
"کوردمو داوای حقوقی پایەماڵی خۆم دەکەم
ماڵی خۆمە مڵکی کورد، داوای ماڵی خۆم دەکەم
گەرچی لای آغا خەیاڵی خاوە فیکری میللیەت
من لەلام باشە ھەتا ماوم خەیاڵی خۆم دەکەم
من لەدەس بێگانە قەگ ناکەم شکایەت ئەی رەفیق
گەر شکایەت کەم لە چەنگی مام و خاڵی خۆم دەکەم"
"ھێمن" خەزەلوەری ١٣٢٢[٥١]

ھیگل ]فیلسۆڤی ئەلمانیی[ دەڵێ: 'تا ئێستا ھیچ کەس، ھیج کات شتێک لە مێژوو فێر نەبووە'. ئەمە ڕاستە، بەڵام ئەوە لەم ڕاستیی‌یە کەم ناکاتەوە کە مێژوو مرۆڤ فێری چەند وانەیەکی بە کەڵک و ژیرانە دەکات و پێویستە ئینسان لە مێژوو دەرس وەرگرێ، ئەنجامە بە کەڵکەکانی دەرکێشی و بەڵانی‌کەم ھەڵەی پێشینیان دووپات نەکاتەوە. لێرەدا خەتاکار دەرسەکانی مێژوو نی‌یە، بەلکوو نەبوونی بڕشت و لێھاتوویی بۆ فێربوونی ئەم دەرسانەیە."[٥٢] تەواوی ڕووداوە دڵتەزێکانی دوو سەدەی ڕابردوو نیشانی‌داوە کە نەبوونی دەوڵەتی یەکگرتووی کورد و کوڵۆنی‌بوونی کوردستان ھۆی سەرەکیی تەواوی ئەم بەسەرھاتە تاڵانەی نەتەوەیەکی ٤٠ میلیۆنیی‌یە کە لە سەدەی ٢١یشدا لە ماڤە ڕەواکانی خۆی بێ بەش کراوە و ئەم نوقسانە گەورەترین کۆسپی سەر ڕێگای گەشەسەندنی کورد لە تەواوی بوارەکانی ژیانی ئەمڕۆیی‌دایە. کۆرد بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی مێژینەی خۆی تەنیا و تەنیا ڕێگایەکی لە پێشە، ئەویش خەبات بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و کیان و سەروەریی خۆیەتی. میللەتی کورد بێ سەربەخۆیی، ھیچ کاتێک بە ھێمنی و ئاواتەکانی خۆی ناگات و ڕۆلەی کورد وەک دیل و ژیردەستی نەتەوەی زاڵ دەمێنێتەوە. ڕووداوەکانی چەند دەیەی ڕابردوو نیشانی‌داوە کە تەواوی گۆرانکاریی‌یەکانی جیھانیی و ناوچە ھەڵ‌و مەرج ودەرفەتی پێویستی بۆ گەیشتن بەم ماڤەی پێکھێناوە و کورد تەنیا لە ڕێگای یەکێتی و خەباتی ژیرانە چ لە ئاستی کوردستان و ناوچەی ڕۆژھەڵاتی نیوەراست و چ لە ئاستی جیھانیی‌دا دەتوانێ بەم ئاواتە پیرۆزە یانی "سەربەخۆیی کوردستان" بگات.
____________________________________
سەرچاوکان:


[١] کوردستان ماڵی کوردە، ع. ساسان[وەھاب بلووریان]، نیشتمان، ژمارەی -١، لاپەرەی ٢٣ساڵی یەکەم، پوش‌پەری ١٣٢٢، ئامادەکردنی عەلی کەریمی، بنکەی ژین سلێمانی ٢٠٠٨
[٢] تاریخ کردستان، مولفان لازایف، محوی و دیگران. وضعیت کوردستان ایران در سالھای دھە ١٩٣٠ میلادی. ص ١٩٥ تا ١٩٧ ترجمە منصور صدقی و کامران امین آوە، چاپ اول ٢٠٠٧ ، آلمان
[٣] ئاڵەکۆک، بەسەرھاتەکانی سیاسی ژیانم، لاپەرەی ١٤، غەنی بلوریان، ستھۆکھۆڵم ١٩٧٧
[٤] مبارزە خلق کرد علیە استعمار انگلیس در خاطرات " احمد تقی" یا صعفەای از انقلاب شیخ محمود حفیدزادە برزنجی(ملک نەمر-جاوید) و اسماعیل آقا سمکو و جنبش "روان‌دوز" و ارتباط آن با کشورھا، ص . ٦٢ ، تھیە و تنظیم: جلال تقی، ترجمە احمد محمدی، سنندج ١٣٧٩[ ئەحمەد تقی یەکێک لە کوردە تێکۆشەرەکانی پاش شەڕی یەکەمی جیھانیی بوو کە بە پێی پێوەندیی‌یەکی زۆر نزیکی لەگەڵ شێخ مەحمودی نەمر و سمایل ئاغا سمکۆ بە باشی ئاگاداری ڕووداوەکانی ئەو کاتە بووە. ئەحمد تقی بە ویستی مامۆستا ڕفیق حلمی بەگ بیرەوەریی‌یەکانی خۆی لە دوو بەرگ نووسیوە کە تەنیا بەرگێکی چاپ و بلاو بۆتەوە. ئەحمەد تقی لە ١٣.١.١٩٦٠ کۆچی دوایی کرد.]
[٥] جنبش ملی کرد، کریس کوچرا، ترجمە ابراھیم یونسی، ص. ٦٨ چاپ دوم ١٣٧٧ موسسە انتشارات نگاە، تھران
[٦] جامعە ایران در دوران رصا شاە، جھان بینی‌ھا و جنبش‌ھای اجتماعی در ایران(کتاب دوم - جزء دوم) احسان طبری ص. ٤٥-٤٤
http://www.adabestanekave.com/book/jameh-iran-dar-doran-rezashah.pdf

[٧] سەرچاوەی سەرێ، لاپەرەی ٥١
[٨] سەرچاوەی سەرێ، لاپەرەی ٣٨
[٩] سەرچاوەی سەرێ، لاپەرەی ٥١
[١٠] یادی از جنبش بھمن " نظری بە پیدایش جنبش دمکراتیک در کردستان ایران" علی گلاویژ. نشریە دنیا، دی‌ماە ١٣٥٦، شمارە ١٠، سال چھارم،

دورە سوم ،  http://bokan.de/laperekan/farsi/syaset/nusrawekan.pdf
[١١] ژمارەی ٦ی نیشتمان، ڕەشەمەی ١٣٢٢ ، نیشتمان، بلاوکەرەوەی بیری کۆمەڵەی ژ. ک، ئامادەکردنی عەلی کەریمی، بنکەی ژین سلێمانی ٢٠٠٨
[١٢] دیاردەی کومەلەی ژ. ک بو لاوەکانی کورد، ١٣٢٢-١٩٤٣ لاپەرەکانی ١٤ و ١٥، پاشکۆی نیشتمان، بلاوکەرەوەی بیری کۆمەڵەی ژ. ک لاپەرەی ٢٠٩ و ٢١٠، ئامادەکردنی عەلی کەریمی، بنکەی ژین سلێمانی ٢٠٠٨
[١٣] روژنامەی کوردستان، ژمارە -١، لاپەرەی ٢، پێنج شەممو ٢٠-١٠-١٣٢٤
[١٤] رۆژنامەی کوردستان، ژمارەی ٤٤، دووشەممو ١٦ بانەمەر ١٣٢٥ لاپەرەی ١
[١٥] تاریخ کردستان، مولفان لازایف، محوی و دیگران ص. ١٨١-١٨٢، ترجمە منصور صدقی و کامران امین آوە، چاپ اول ٢٠٠٧ ، آلمان
[١٦] جنبش ملی کرد، کریس کوچرا، ترجمە ابراھیم یونسی، ص. ١٠٤ چاپ دوم ١٣٧٧ موسسە انتشارات نگاە، تھران
[١٧] سەرچاوەی سەرێ لاپەرەی ١٨٦
[١٨] اتحاد جماھیر شوروی سوسیالیستی و کوردستان(سالھای ١٩٤٥-١٩١٧)، پروفسور لازاریف. مترجم کامران امین آوە
http://www.akhbar-rooz.com/article.jsp?essayId=44834

[١٩] تاریخ معاصر کرد، دیوید مک داول، ترجمە ابراھیم یونسی، چاپ اول ١٣٨٠، ص. ٣٥٦-٣٥٥
[٢٠] تاریخ کردستان، مولفان: لازاریف، محوی، حسرتیان، ژیگالینا. واسیلیەواـ مترجمان: منصور صدقی، کامران امین آوە، ص ١٩٩-١٩٧انتشارات فروغ،
آلمان، چاپ اول فروردین ١٣٨٦
[٢١] سەرچاوکەی سەرێ ص ٢٢٥
[٢٢] ڕووداوەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە چەند بەڵگەنامەیەکی شورەویدا(١٩٤٥ ـ ١٩٤٧)، ڵاپەرەی ١٤، د. ئەفراسیاو ھەورامی

 http://www.pertwk.com/ktebxane/node/1162
[٢٣] تاریخ کردستان، مولفان: لازاریف، محوی، حسرتیان، ژیگالینا. واسیلیەواـ مترجمان: منصور صدقی، کامران امین آوە، ص ٢٢٧، انتشارات فروغ، آلمان، چاپ اول فروردین ١٣٨٦
[٢٤] سەرچاوەی سەرێ لاپەرەی ٢٢٧- ٢٢٨
[٢٥] اتحاد جماھیر شوروی سوسیالیستی و کوردستان(سالھای ١٩٤٥-١٩١٧)، پروفسور لازاریف. مترجم کامران امین آوە
http://www.akhbar-rooz.com/article.jsp?essayId=44834

[٢٦] ئەنترناسیۆنالی سۆسیالیستی و کێشەی کورد و چەند بەڵگەنامە لە ئارشیڤەکانی سۆڤیەت(٢)، ف. یورتایف (وەرگێرانی: دوکتۆر ئەفراسیاو ھەورامی - موسکۆ) گۆڤاری ھاوار، بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتیی، ساڵی چوارەم - ژمارە ١٦، خاکەلێوەی ٢٠٠٤ لاپەرەکانی ٣٣-٣٩
[٢٧] کوردستان معاXr، بخش چھارم: وضعیت کوردستان ایران در حکومت اسلامی، ژیگالینا، ص ٦٣ ترجمە کامران امین آوە، چاپ اول ١٩٩٩
http://bokan.de/laperekan/nuseran/Kamran/kurdestan.pdf

[٢٨] حیزبی کمۆنیستی ئێران لە کۆنگرەی یەکی خۆی لە ١ی گەلاوێژی ١٢٩٩(٢٣ ژوئنی ١٩٢٠) لە بەندەر ئەنزەلی باسی" ماڤی خودموختاریی تەواوی نەتەوەکان لە چوارچێوەی یەکێتی ئێران" دەکا. بڕوانە حزب کمونیست ایران/ شوروی/ گیلان، پروفسور سپھر ذبیح. http://xalvat.org/Nashr-eDigaran/551-600/557
.Sepehr.pdf بەڵام لە کۆنگرەی ٢ لە کۆتایی ساڵی ١٩٢٧دا بەم چەشنە ئاماژە بە مەسەلەی میللی لە ئیران دەکا:" ئێران ولاتێکی فرەنەتەویی‌یە و پێویستە زەحمەتکێشانی ئەم مەملەکەتە سەرنجێکی تایبەتیی بەم مەسەلەیە بدەن.... حیزب لایەنگڕی ئازادی کەمایەتیی‌یەکانی میللی تا ئاستیی جیابوونەوەیە. صفحاتی چند از جنبش کارگری و کمونیستی ایران در دوران اول سلطنت رضا شاە( ١٩٢٢-١٩٣٣) اردشیر آوانسیان، سال ١٣٥٨، لاپەرەی ٣٩
http://iran-archive.com/sites/default/files/sanad/hezbe_toode-avanesian_kargari.pdf

[٢٩] بیانیە فرقە کمونیست ایران (١٣٠١) ص ٦٩-٦٦

http://iran-archive.com/sites/default/files/sanad/gunagun-ketab-2%20sanad_fergheye_komonist.pdf
[٣٠] ایران معاصر، آ. سلطانزدە، مسکو ١٩٢٢، ص ٩٧
http://www.iran-archive.com/sites/default/files/sanad/gunagun-ketab-soltanzadeh.pdf

[٣١] حیدرخان عمواوغلی، اسماعیل رائێن، چاپ سوم ٢٥٣٥ ص: ٣٧١-٣٨٦
[٣٢] کورد و کوردستان، لاھووتی، وەرگێرانی لە ڕووسییەوە دوکتور جەبار قادر: ١٩٩٨، سەرچاوە:لاھووتی کرماشانی شاعیری شۆرشگێری کورد، پاشکۆی

دووھەم. لاپەرەی ١٩٧ / نووسینی ئەنوەر سوڵتانی - سڵێمانی، بنکەی ژین ٢٠٠٦
[٣٣] پێشەکی دوکتور جەبار قادر بۆ کورد و کوردستان - لاھووتی، سەرچاوەی سەرێ لاپەرەکانی ١٩٣-١٩٢
[٣٤] تاریخ ھیجدە سالە آذربایجان، بازماندە تاریخ مشروطە ایران، بخش چھارم ص ٨٣٠چاپ دھم ١٣٧١، انتشارات امیر کبیر.
[٣٥] تاریخ مختصر احزاب سیاسی ایران - انقراض قاجار، بەرگی یەکەم، ملک الشعرای بھار، ص ٢٦٥-٢٦٦ انتشارات امیر کبیر، تھران ١٣٥٧
[٣٦] اسناد و دیدگاەھا، حزب تودە ایران از آغاز پیدایی تا انقلاب بھمن ١٣٥٧ ، چاپ اول ١٣٦٠. ص: ٦٦ و ١٤٣
[٣٧] سەرچاوەی سەرەوە لاپەرەی ٤٠٣ و ٤١٩
[٣٨] کۆی نووسراەکانی لەنین، بەرگی ٢٣، لاپەرەی ١٩٨، وەرگیراو لە " در بارە ملت و مسلە ملی، احسان طبری، مردم، ارگام مرکزی حزب تودە ایران، دورە

ھفتم، سال اول، شمارە ٥٣، پنجشنبە ٢٥ مرداد ماە ١٣٥٨
[٣٩] سەرچاوەی سەرێ
[٤٠] یک نقطە تحول بزرگ در تاریخ خلق کرد، ع. گلاویژ، دنیا شمارە ٩ - آذرماە ١٣٥٤
[٤١] یادی از جنبش دوم بھمن “ نظری بە پیدایش جنبش دموکراتیک در کردستان ایران” ع. گلاویژ، نشریە سیاسی تئوریک "دنیا"، دی ماە ١٣٥٦،

شمارە ١٠ ، سال چھارم دورە سوم http://bokan.de/laperekan/farsi/syaset/nusrawekan.pdf  ھەروەھا بروانە بابەتێکی رزا شەلتوکی

لە: نشریە سیاسی تئوریک "دنیا"، دی ماە ١٣٥٨، شمارە ٦. باز نشر:
http://www.rahetudeh.com/rahetude/2011/04sep/3/shaltuki30html

[٤٢] کورتە مێژووی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، چڵ ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی د. عبدالرحمن قاسملو، لاپەرەی ١٥-١٦ http://www.kurdistanukurd.org/ku/kteb/korta%20mejuyi%20hizb.pdf

[٤٣] تاڤگەی ھەقیقەت ١، کۆکردنەوەی کاوە بەھرامی، باسێک لە سەر دروشمی بنەرەتیی حیزب،١٣٦٤، لاپەرەکانی ٢٨٧-٢٨٥
http://www.peshmergekan.eu/kteb/kawe/tavgeyheqiqet%20bargy_01pdf

[٤٤]
Fo371/401173/13978  نوسخەی یادداشتێکی خانم ئەن.ک. س. لەمبتۆن. ئاتاشە(راسپێراوی) چاپەمەنی باڵوێزخانەی بریتانیا لە تاران ١٣ی

سیپتەمبەری ١٩٤٤، پێوەندیی کورد لەگەڵ رووس. سەرچاوە: ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیادا(وەرگێراوی کوردی ١٣٠

بەڵگەنامە) لاپەرەی ٦٧، ئەنوەر سوڵتانی بنکەی ژین ٢٠٠٥
[٤٥] سەرچاوەی سەرێ، لاپەرەی ٧١
[٤٦] پیشرو، ارگان تئوریک سیاسی، قطعنامەھای مصوب کنفرانس اخیر کۆمەلە، جنبش مقاومت خلق کرد و مسلە ملی در کردستان ێ. ٧ و ٨. شمارە ٢

(ضمیمە ٢) ١٤ مھر ٦٠
[٤٧] اطلاعیە پایانی سومین پلنوم کمیتە مرکزی کومەلە، قطعنامە نشست وسیع کمیتە مرکزی کومەلە در بارە جنگ جاری میان حزب دمکرات و کومەلە، ص. ٥،

تیر ماە ١٣٦٤

 http://iran-archive.com/sites/default/files/sanad/komala_sanade_sevomin_pelenom.pdf
[٤٨] بررسی انتقادی تجربە حزب کمونیست ایران، گۆڤاری " افق سوسیالیسم" شمارە ٤.[ وەگیراو لە لە کتێبی چەپ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، کۆمەڵی و دۆزی

ناسیونالی کورد، نووسینی ئەیوب ئەیوب‌زادە، بەرگی یەکەم ٢٠٠٢، لاپەرەی ٢٩].
[٤٩] پێشرەوی ژمارە ٢ ئورگانی تیئوریک - سیاسیی کۆمەڵە،، ١٣٦٠ی ھەتاویی، وتاری لە کۆنگرەی یەکەمەوە بۆ کونگرەی دووھەم، [ وەگیراو لە لە کتێبی

چەپ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، کۆمەڵی و دۆزی ناسیونالی کورد، نووسینی ئەیوب ئەیوب‌زادە، بەرگی یەکەم ٢٠٠٢، لاپەرەی ٢٩-٣٠].
[٥٠] پاشکۆی پێشرەوی کوردی، ژمارە ٢، ٥ی خەرمانانی ١٣٦٠، وتاری کۆمەڵە و مەسەلەی نەتەواویەتی لە کوردستان، [ وەگیراو لە لە کتێبی چەپ لە

ڕۆژھەڵاتی کوردستان، کۆمەڵی و دۆزی ناسیونالی کورد، نووسینی ئەیوب ئەیوب‌زادە، بەرگی یەکەم ٢٠٠٢، لاپەرەی ٣٠٠].
[٥١] بەشێک لە شیعری "کوردمو ... "،م. ش. ھێمن، نیشتمان، بلاوکەرەوەی بیری کۆمەڵەی ژ. ک ژمارەی ٢،لاپەرەی ١٩، ساڵی یەکەم، خەزەل‌وەری ١٣٢٢،

ئامادەکردنی عەلی کەریمی، بنکەی ژین سلێمانی ٢٠٠٨.
[٥٢] تاریخ کردستان، مولفان لازایف، محوی و دیگران. نتیجەگیریی ێ ٣٠٨ ترجمە منصور صدقی و کامران امین آوە، چاپ اول ٢٠٠٧ ، آلمان.

 

کامەران ئەمین ئاوە                           

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک