په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١\٢٠١١

     بیرم کردیت وەک هەمیشە.

باکۆ جه‌لال

ئەو ڕۆژانەم هاتەوە یاد
کە ماچم دەگرتە شوشەی شەرمت
تا بیشکێنم !..
تۆیش وەک کیژێکی زۆر عەیار
بەردت دەهاویشتە دەریای دڵم
هەر بۆ ئەوەی بیشڵقێنیت ، بیهەژێنیت
تا گوێ لە نەغمە و شەپۆلی ڕازەکانی دڵم بگریت
تا بزانیت، چۆن لە تەک هەستمدا بدوێیت
تا لات ڕونبێت، چەند شەیداتم .. چەن خۆشمەوێیت
تۆ لە یادتە ئەو ڕۆژانە
کە هەندێک چەوت دەخستە نێو لەپی دەستت
دەتدایە بەر تیشکی زێڕینی خۆرەتاو؟
پێت دەوتم لە پاکیدا ڕەنگە بین بە وەچەی ئاو..
پێت دەوتم گەر هەر وا یەکمان خۆشبوێت
پاش چەند ساڵێک.. ئەم چەوانە، لە بەرچاومان
دەبن بە وردە مرواری و بە زەنگیانە،
گەرچی لەمێژە جێمهێشتویت بەڵامگیانە
لە هەر جێیەک لە پانتایی ئەم جیهانە
کاتێک دەنکێک چەو دەبینم
لەبەرچاوم
دەمێک دەبێت بە مرواری و ساتێک دەبێت بە یاقوت و جارێک دەبێت بە زەنگیانە..!
بەو وتانەی جارانتبێت من ئێستاکە لە خۆم زیاتر خۆشمدەوێیت!!.
ئاخۆ ئێستایش بەرد دەگریتە دەریای دڵم گەر بمبینیت؟
یاخود ئێستا، لە خۆشەویستیم یەقینیت؟
تۆبڵێی ئێستایش بۆ ماچێک
لەشت ببێت بە ئارەقە و ڕوخخسارت سور سور هەڵگەڕێت؟
بەو هیوایەم کاسەی شەرمت وەلا نابێت
لە جاران زیاتر ئاشق بیت
تۆیش پڕبیت لە خۆشەویستیم .. وەک تەژیم لە خۆشەویستیت؟
لە بەرچاوت ئێستایش جوانبم .. وەک تۆ لەلای من هەر پەریت.

 

7\1\2011 - ئەمریکا
ماڵپه‌ڕی باکۆ جه‌لال