١٤\٣\٢٠١٣
برینی جەستەی ئێمە
گوڵاڵە سوورەکانی بەهاری راپەڕین بوو!

سەرکەش
پێشکەش بە لە خۆ بردوویی
هەموو ئەو گیانبازانەی لە بەهاری راپەڕینی ١٩٩١ گیانیان لەدەستدا!
ئێمە بەهاری ڕاپەڕین و ئێمە ڕقی پڕ لەقین و یاخی بوونی گوند شارەکان
بووین، ئێمە بە دار و بەرد بە بە دەستی قڵێشاو بە ژن و منداڵەوە
هێرشمان کردە سەر سوپای دەبابە و مۆڵگەی جاشەکانی، گولە سینگی ئێمەی
دەسمی، خوێنی سووری کوڵاو لە برینی ئێمە فیچقەی دەکرد، هێرشی فڕۆکە و
تۆپە دوورهاوێژەکان ئاگردانی ئێمەی بە سووتماک دەکرد.
ئێمە یاخی بوون بووین، ڕاپەڕین بووین، سەرهەڵدان بووین، لە ڕووی ستەم،
لە ڕووی ئەنفال، لە ڕووی بەعس، کاتێ ئێوە و کوڕە نازدارەکانتان کە
ئێستا لێمان بوون بە سەرکردە و میری میران، هێشتا، لە پرخەی حەوت خەوی
شیریندا بوون لەو دیوی سنوورە دەستکردەکان، لە پەناگەی ئاوارەییدا!
ئێستا ئێمە لە گۆڕی وون و لە توێی ڕۆژنامە و بیرەوەیەکان و لە تاراوگەی
نامۆ! ئێوەش لە بەهەشتی ڕاستەقینەی دەسەڵات و لە شاری خەونەکان لەگەڵ
کۆنە جاش و ئەنفالچی و ماستاوساردکەرەوەکانی سەردەمی بەعس بادەی
بەختەوەری بە گیانی سەرکەوتن هەڵدەدن!
ئوپسالای سوید
١١ئازاری پڕ لە برین و کول و کوڤان
ماڵپهڕی کهریم سهرکهش
|