په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١٢\٢٠٢٤

بیـرۆکە لە چیڕۆکی منـداڵان.


رەزا سـاڵح       

 
بیـرۆکەی چیڕۆک، هـەنـدێک جـاریش پێی دەوترێت "تەوەر، بابەت" بە بڕبڕەپشت و بە دینەمۆی چیرۆک دادەنرێت. یەکێکە لە رەگەزە سەرەکییەکانی چیرۆک. بیرۆکە ئەو بنەمـایەیە کە هـونـەری چیڕۆکەکی لەسـەر بنیـات دەنـرێت. هـەڵـبژارن و دیـارکـردنی بیرۆکەی چیرۆک، بەبێ ئامانج و بەبێ مەبەستێکی دیارکراو نییە. بیـرۆکەی چیڕۆک بە تەواوی گـوزارشـت لـە بیـرۆکە یان لە را و بـۆچـوونی نـووسـەر دەکات. لەوانـەیە بیرۆکەی چیرۆک، تەنیا یەک بابەت بێت، یان بە دەوری چەند بابەتێکدا بسووڕێتەوە. کە چیڕۆکـنووسەکە دەیـەوێت، لە کارێکی هـونـەریی جـوان و بەچـێژ و بەپـێـزدا، لە چـوارچـێوەی چیڕۆکێکـدا بیانخـاتەڕوو. بیـرۆکەی سەرەکـیی چیڕۆک، ئـەو بیـرۆکە ناوەنـدییەیە یان ئـەو چەمکەیە، کە چیڕۆکـنووس دەیـەوێـت لـە رێـگەی گـێڕانەوە و کارەکـتەرەکان و کـات و شـوێنەکانەوە، وێـنای بکات. چیڕۆکـنووسی سەرکەوتـوو و داهـێنەر، دەزانێـت چـۆن بیـرۆکەی چیڕۆک هـەڵـدەبـژرێـت و چ پەیـام و ئامانجـێکی ئەرێـنی لە چیڕۆکەکەیـدا، بە منـداڵانی خوێنـەر دەگەیەنـێـت.

بیـرۆکەی چیڕۆکی منـداڵان، پێویـستە راسـتەوخـۆبێـت. بەڵام دەکـرێت بە شـێوەیەکی ناراستەوخـۆشبـێـت، لەسـەر زمـانی پاڵـەوان یان کارەکـتەریكەوە بخـرێـتـەڕوو. واتـا راستەوخۆ لە چیڕۆکەکەد نەخراوەتەڕوو. رەخەنەگـرانگران ناڕاستەوخۆیەکەیان پێ باشـترە. دۆزینەوە و هەڵهـێنجـانـدنی بیـرۆکەی چیڕۆک و ئەو و ئامانج و مەبەست،
یان ئـەو پەیـام و وانـە و پەنـدانـەی کە چیڕۆکەکان لەخـۆیـان گـرتـوون. بۆ هـەمـوو منـداڵـێک ئاسان نـین. بیـرکردنەوە و هـەوڵـدانی دەوێـت. بێگـومان شـێواز و ستایـلی هـەر چیڕۆکنووسێکـیش، لە هـەڵـبژاردنی بیـرۆکەی نووسین و داڕشتنی چیڕۆک بۆ منـداڵان، وەک یـەک نـین و جـیـاوازییـان هـەیە.

ناشـبێـت بنەمـا سەرەکـییەکانی تـری چیڕۆک، بکـرێـن بە قـوربـانی بیـرۆکە. دەبێـت گـونجـان و هـاوسەنگـیـیەک لە نێـوانیـانـدا هـەبـێـت.

هەندێک لە مەرجە پێویستییەکانی، بیـرۆکەی بابەتی چیرۆکی منداڵان:

١ـ پێویستە چیرۆکی منداڵان، راست و روون و لۆژیکی بێت. تا منداڵان لێی تێبگەن.
٢ـ پێویـستە بیـرۆکەی بابـەتی چیڕۆکی منـداڵان، بەنـرخ و بەسـوودبێـت و پەیامێکی پەروەردەیی لەخۆگرتـووبێـت. تا شایەنی ئەوە بێت کە پێـشکەش بە منـداڵان بکـرێت.
٣ـ نابێت بیرۆکەی چیڕۆکی منـداڵان، بە فۆرمێک بخریتەڕوو، کە منداڵان بێزار بکات. ناشبێت درێژدادڕی و زیادەڕۆیی تێدا بکرێت. بە کورتی و بە پوختی پێشکەش بکرێت.
٤ـ پێویستە بیرۆکەی بابەتی چیرۆکی منـداڵان، دووربێت لە: توندوتیژی، شەڕانگـێزی، لە ترس و تۆقـین، لە کوشتن، لە زەبر و ئەشکەنجەدان، لە مـووبەکردن، لە جـنیۆدان، لە لەخۆبایی، لە نێـرگزی، لە سووکایەتیکـردن، لە بێ هـیوای و رەشبینی. لە رووخان، لە دزی، لە درۆ، لە ناپـاکی، لە ئیرەیی،...هـتد. بەرانبەر بەم کار و رەفـتارە نەرێنییانە، پێـویـستە بیـرۆکەی جـوان و بەهـای بـەرز و رەفـتاری دروسـت و ئـەرێـنی لـە هـۆشی منـداڵانـدا بچـێـنن، وەک: خـۆشـەویــستی، ئاشـتی، هـاوڕێـتی، مـرۆڤـایـەتی، دڵـسـۆزی، مـیهـرەبـانی، نـیـشـتـمـان پـەروەری، هـاوکـاری، هـیـوداری، گـەشـبـیـنی، راسـتگـۆیـی، دادپەروەری، ژینگەپارێزی، یارمەتی، خـێرخوازی، لێـبووردن، کامەرانی، بەختەوەری، ئـازادی، ئازایەتی، بـڕوا و متـمانە بەخـۆبوون، بەزەیی بە ئاژەڵ، دادپەروەری،...هـتد.
٥ـ چیڕۆکنووسی چیرۆکی منـداڵان، ئەوە دەزانێـت کە بۆ منـداڵان دەنووسێـت نەک بۆ گـەورەساڵان. پـەیـام و ئامـانج و مەبـەستی چیڕۆکەکـانی ئـاراسـتەی منـداڵان دەکـات. پێـویستە لە خستنەڕووی بیرۆکەکانی چیرۆکەکانی، تایبەتمەندییەکانی جیهـانی منـداڵان لەبەرچاوبگرێت. رەچـاوی قـۆناغـە جیاوازەکانی گەشەکردنی منـداڵـی بکات، لە رووی هـۆش و هـزر و ئەندێشە و تێگەیـشتن و وەرگرتن و فەرهـەنگی وشەکانی زمـانیان و دەروونی و سـۆزداری و پـەروەردەیی و کۆمـەڵایـەتییەوە. مامـەڵە لەگـەڵ پـرسـەکانی جیهـانەکەیـانـدا بکات. بۆ نمـوونە: بیـرۆکەی بابەتەکانی ئەو چیڕۆکانەی بۆ منـداڵانی بـچـووک گـونجـاون، رەنـگە بـۆ منـداڵانی گـەورەتـر گـونجـاونـەبـن. نـابـێـت ئـەوەش لەیادبکەن، کە وێـژەی منداڵان ـ زیاتر لەوانی تر ـ بە ئامانج و مەبەستەوە بەستراوە.
٦ـ چیرۆکی باش، ئەو چیرۆکەیە، کە بیرۆکەی باشی هەبێـت. ئەم بیرۆکە باشەش، بە شـێوازێـکی ئاسان و بە زمـانـێکی شـیریـن بە منـداڵان بگەیـەنـرێـت. چونـکە لە کاتی خوێندنەوەیاندا یان گوێگرتندا، کاریگەری و کاردانەوەیان لەسەر ژیانی منداڵان دەبێت.
بیرۆکە بە تەنها لە چیرۆکـدا بەس نییە، بەو پێیەی دەبێت پرۆسەی داهـێنەرانە هەبن. کە منداڵان بگۆازنەوە بۆ کەشوهـەوایەکی چیرۆکەکە و ورووژانـدنیان. چیرۆکنووسی لـێهـاتـوو و داهـێـنەر، ئـەو نـووسەرەیە، کـە ئـەو بیـرۆکەیە دەخـاتەڕوو، کە لەگـەڵ منـداڵانـدا بگـونجـێـت. بۆیـان نامـۆ نەبێـت.
٧ـ پێویـستە هـاوسەنـگی و گـونجـان لە نێـوان بیـرۆکە و رەگـەزە بنەمـاییـەکای تری بنیاتنانی چیڕۆکی منـداڵان هـەبـێـت.
٨ـ ناونیشانی گونجـاوی چیڕۆک زۆر گـرنگە. رۆڵـێکی گرنـگی لە سەرنجـڕاکـێشانی خوێنەران هەیە. پێویستە ناونیشانی چیرۆک گوزارشت لە بیرۆکەی چیرۆکەکە بکات.
٩ـ کۆتـایی چیڕۆکی منـداڵان زۆر گـرنگە، کە بە خۆشی و سەرکەوتـن و گەشـبینی و گەیشت بە هـیوا و بە ئامـانج و بە گەیانـدنی پەیـامی چیڕۆکەکە کۆتـایی بـێـت. نابێـت بـە روخـان و بێ هـیوایی و بـە کارەساتی تـراژیـدی کـۆتـایی بێـت. کـە لـە ئەمـڕۆ لـە داهاتووشدا، کاردانەوە و رەنگدانەوەیەکی نەرێنیان، لەسەر دەروونی منـداڵان دەبێت.


٢٠٢٤ - دوبـەی

ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک