١٦\١٢\٢٠١٠
بروسکە
ئیبراهیم:
دەوڵەتی کوردی خەون نییە، من ئەوە بە خەون دەزانم کە دەوڵەتێکی
دیموکراتی لە ئێراقدا دروست بێ.
سازدانی دیمانه: بەهمەن عومەر - هەولێر
بههمهن عومهر: ئێوە لەسە ئاستی
نێودەوڵەتی چالاکیتان هەیە لە بواری نەتەوەیی کورد دا لەو رووەوە کێشەی
کورد تا چەندە چۆتە پێشەوە؟
بروسکە
ئیبراهیم: لە راستیدا جیاوازی هەیە لە نێوان پارچەکانی
کوردستاندا بۆ نموونە پێش ئەوەی لە باکووری کوردستان پێش ئەوەی PKK
دروست ببێ کەس کەم باسی کوردی دەکرا، لەو پارچەیەدا لە باشووری
کوردستان ئەو ناوەی نەبوو، ئێستاش ئەو ناوەیی نییە، بۆ نموونە تا
ئێستاش کە نوێنەری حکومەتی هەرێم دێتە ئەوروپا بەناوی حیزبەکانییانەوە
قسەدەکەن بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە قسە ناکەن، لەبەر ئەوە زۆر
کەس باسی حکومەتی کوردستانی باشوور ناکات، ئەگەر لێیان بپرسیت دەڵێن
ئەوانە هەریەکەو لە شوێنێکی بچوک حکومەتێکی بۆ خۆی دروست کردوە، بەڵام
ئێستا ماوەیەکە دەبینی کۆمەڵێکی زۆر کونسوڵخانەی وڵاتانی ئەوروپایی لە
کوردستان کراوەتەوە ئەوە کاریگەری باشی دەبێ، بەگشتی باشووری کوردستان
لە دوای رووخانی حکومەتی ئێراقەوە هەندێک پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە،
بەڵام هێشتا بەوشێوەیەش نییە، بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا تا
ئێستا شوێنێک نییە کە ناوی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ لە
زۆربەی وڵاتانی دیکەش هەر بەهەمان شێوەیە.
بههمهن عومهر: تا چەندە سیاسییەکانی
کورد باوەڕیان بەوە هەیە کە دەوڵەتی کوردی دروست بکەن؟
بروسکە ئیبراهیم: ئێمە کاتی خۆی دەمان
گوت کوردستان دابەش کراوە بەزۆر لکێندراوە بە وڵاتانی دیکەوە، بە
ئارەزووی خۆمان نەبووە، بەڵام لە ماوەی رابردودا دوو جار باشووری
کوردستان، هەلی باشی بۆ هاتووەتە پێشەوە کە دەیتوانی حکومەتی سەربەخۆی
کوردستان رابگەیەنێت بەڵام نەیکرد، یەکەم جار لە ساڵی 1991 کە
راپەڕینەکەی گەلی کوردستان روویدا، جاری دووەم لە پاش روخانی حکومەتی
ئێراق لە ساڵی 2003، لەو دوو هەلە دا جارێکی دیکە کورد خۆی بە ئێراقەوە
لکاندەوە، لە کاتێکدا ئێراق نەمابوو، زەمینەیەکی لەبار بۆ راگەیاندنی
سەربەخۆیی لە ئارادا بوو، لەو رۆژەدا ئەگەر کورد داوای سەربەخۆیی
بکردایە هەموو ئەوروپا یارمەتی دەدا، ئەوان ئێستا دەڵێن ئێوە خۆتان
دەوڵەتی کوردیتان ناوێ، خۆتان هەلناقۆزنەوە.
بههمهن عومهر: بەڵام سیاسییە کوردەکان
دەڵین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زەمینەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی لە
ئارادا نەبوو، بۆیە داوای دەوڵەتی کوردییان نەدەکرد، تۆش دەڵێی زەمینە
هەبووە، کەواتە پێتوایە سەرکردەکانی کوردستان توانا خوێندنەوەی واقیعی
سیاسی نێودەوڵەتیان نەبووە؟
بروسکە ئیبراهیم: بە بڕوای من چەند خاڵێک
هەیە کە زۆر گرنگە ئاماژەی پێ بکەین یەکەم ئەوەیە کە لە مێژوودا وابووە
کورد باوەڕی بەخۆی نەبووە و نییە، خۆی بەرانبەر بە گەلانی دیکە بەکەم
زانییوە، خاڵێکی دیکەش ئەوەیە کە ئەو حیزبانە شتەکەیان هاتووەتە بەردەم
خۆیان هیچیان نەکردوە، بۆ نموونە لەساڵی 1991 خەڵکی باشووری کوردستان
راپەڕی خۆ ئەوان نەیان کرد؟ بەڵکو گەل بوو راپەڕی، ئەوانە کەسیان لە
کوردستاندا نەبوو کە هاتنەوە بەڕاستی تێکیاندا. خۆتان ئاگاتان لێیە
خەڵک چووە کەرکوک، کەرکوک رزگار کرا، ئەگەر حیزبەکان نەبووایە باشتر
دەبوو، چونکە کە هاتنەوە دیسان دەستیان کرد بە ململانێ بۆ راکێشانی
پۆست و پلە و پایە دیسانەوە چونەوە بەغدا بۆ گفتوگۆ لە گەڵ بەغدا ئەوەش
هەلەکەی لەدەست کورددا بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی، ئێستاش هەروایە
زۆربەیان لە سیاسەتی دونیا ناگەن وادەزانن دونیا هەر ئەم هەرێمە
بچوکەیە وادەزانن کە پاشە ڕۆژی کوردستان تەنیا بە ئەم وڵاتانەی دەورو
بەرەوە بەستراوە لە کاتێکدا وانییە، سەبارەت بە 2003 کە هەلێکی دیکەبوو
لە دەستدرا ئەو کاتە ئەمریکا بەهۆی ئەوەی تورکیا رێگای بە هاتنە
ناوەوەی سوپاکەی نەدابوو کە لە خاکەکەیەوە بێتە ئێراق نێوانیان تەواو
نەبوو، هەروەها ئێران و سوریاش دەترسان ئەمریکا لێیان بدات، ئەوانیش
نەیان دەوێرا قسە بکەن، هەوەها ئێراقیش رووخابوو کەواتە هیچ کەس نەبوو
دژایەکی کوردستان بکات ئەمریکاش تەنیا یەک دۆستی هەبوو لە ناوچەکەدا کە
کورد بوو، بۆیە بێگومان لەو کاتەدا ئەو تەنیا دۆستەی خۆیی لە
دەستنادات، بۆیە ئەگەر کورد ئەوکاتە داوای دەوڵەتی سەربەخۆیی بکردایە
باشترین کات بوو، من نموونەیەک باس دەکەم لەو کاتانەدا کە بڕیار بوو
بدرێت لە ئێراق رادیۆیەکی ئەمریکی هەبوو کە بە عەرەبی پەخش دەکرا،
بەناوی (ئێراق حوڕ) من بەردەوام گوێم لێ دەگرت، رۆژنەبوو باسی دەوڵەتی
کوردی نەکرێ، رۆژانە دیمانە لەگەڵ خەڵکی جیاواز باس باسی ئەوە بوو کە
لێدانی ئێراق گەورەترین هەل بۆ کورد دروست دەکات بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی
خۆیان، بەڵام دواتر کورد نەیتوانی ئەو هەلە بقۆزێتەوە.
بههمهن عومهر: بەڵام سیاسییە کوردەکان
باس لەوە دەکەن کە ئەگەر ئێمە دەوڵەتی کوردی رابگەیەنین ئەوکات وڵاتانی
دراوسێ دەروازەکانیانمان لێ دادەخەن و ئێمەش لەو چوارچێوەیەدا ناتوانین
خۆمان رابگرین؟
بروسکە ئیبراهیم: هەموو شتێک کاتی خۆی
هەیە، بۆیە من باسی ئەو هەلانەم کرد، چونکە لەو کاتانەدا شتەکە بەدەستی
ئەمریکا بوو، ئەویش پێویستی بە ئێمەبوو نە تورکیا، نێوانی لەگەڵ
ئەمریکادا هەبوو نە ئێران و سوریاش نەیان وێرا قسە بکەن، چونکە خۆیان
دەترسان ئێران هێرش بکاتە سەریان، بۆیە رەنگە لە ئێستادا زەحمەتتر بێ،
چونکە ئێستا حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان هاتوون هەرچی بەرژەوەندی
ئەوانی دیکە هەیە دەیپارێزن، بەڵام بەرژەوەندی ناوخۆیی ناپارێزن، ئێمە
ئێستا هەموو شتێکمان لە دەرەوە بۆ دێت کشتوکاڵمان پەکی کەوتووە، داهاتی
ناو خۆیمان نییە، بۆیە ئەڵێن ئەگەر سنوورەکانمان لێ دابخرێ لە برسا
دەمرین، بەڵام شتێکی دیکە هاتووەتە پێشەوە، ئەویش کێشەی ناوخۆی
عەرەبەکانە، ئەوەتا هەشت مانگە هەڵبژاردن کراوە، بەڵام تا ئێستا حکومەت
دروست نەبووە، چونکە نە سوننە و نە شیعە یەک نیین کورد ئێستا دەیتوانی
لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دونیادا قسە بکەن، بڵێت ئێراق ناتوانێت
بەوشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێ، بۆیە من دەمەوێ جودا ببمەوە، سەرۆکەکانی
کورد کە دەچن بۆلای سەرۆکی ئەمریکا باسی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی ناکەن
باسی یەکێتی خاکی ئێراق دەکەن، ئەوان دەتوانن لە کۆبوونەوە دوو
قۆڵیەکاندا باسی دەوڵەتی کوردی بکەن باس لەوە بکەن کە ئێراق بەم
شێوەیەی ئێستا تاهەتایە بەردەوام لە کێشەدا دەبێ، بۆیە پێویستە بکرێ بە
چەند بەشێکەوە بۆ ئەوەی هەر کەسەو بۆخۆی بژی بەڵام ئەوان بەردەوام لە
راگەیاندنەکاندا باس لە یەکێتی خاکی ئێراقدەکەن و دەڵێن ئێمە گرنتی
مانەوەی یەکپارچەیی خاکی ئێراقین.
بههمهن عومهر: بەڵام ئەو سەرکردانەمان بەردەوام باس لەوە
دەکەن کە بەدرێژایی تەمەنیان خەباتیان بۆ سەربەخۆی کوردستان مافی چارەی
خۆنوسین کردوە؟
بروسکە ئیبراهیم:
من باوەڕ بەو قسانە ناکەم پێم وانییە ئەوان
خەباتیان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان کردبێ، بۆ نموونە قسەکانی مام
جەلال کە لەم رۆژانەدا کردنی دیارە کە دەڵێت دەوڵەتی کوردیی خەونە، مام
جەلال دروست کردنی دەوڵەتێکی دیموکراتی پێشکەوتوو کە سەرجەم مافەکانی
مرۆڤ فەراهەم بکات لە ناو وڵاتێکی وەک ئێراقدا بەخەون نازانێت، بەڵام
دروست کردنی دەوڵەتی کوردی بە خەون دەزانێت! لە راستیدا من ئەوە بەخەون
دەزانم کە دەوڵەتێکی دیموکراتی لە ئێراق دروست ببێ، چونکە ئەو عەرەبانە
سوونی بێ یان شیعە ناتوانن و ئامادەیی ئەوەیان تێدا نییە کە دەوڵەتێکی
دیموکراتی دروست بکەن ئەو هێزانەی تا ئێستا نوێنەرایەتی سوننەو شیعەی
ئێراق دەکەن هیچیان ئەو هێزانەنین بتوانیت دڵیان پێ خۆش بکەیت کە
ئایندەی ئێراق بەرەوە دیموکراتی دەبەن.
بههمهن عومهر: یەکێک لەو هێزانەی کە لەم هەڵبژاردنەدا زۆر
گەشەی کرد بەعس بوو کە خۆی لە چوارچێوەی لیستی ئێراقییەدا بینیەوە،
ئەوە تاچەندە ئومێدی دەستکەوتی نەتەوەی بۆ کورد لە ئێراقدا کەمتر
دەکاتەوە؟
بروسکە ئیبراهیم:
ئەگەر تەماشا بکەین ئەوەی کوردی ئەنفال کرد
کێ بوو جینۆسایدی بەرانبەر بەکورد ئەنجامدا بێگومان بەعسییەکان بوون،
هەروەها کەسێکی وەک عەللاوی کەسێکی کۆنە بەعسی یە کە لە سەدام جیا
بووەتەوە لەسەر ئەوە نەبوو کە عەللاوی داوای دیموکراتی کردبێ بۆ ئێراق
و سەدام دژی دیوکراتی بێ یان لەسەر ئەوە نەبووە کە عەللاوی دژی ئەو
هەموو تاوانە بووبێ کە سەدام دەیکردو لەو رووەوە کێشەی لەگەڵ سەدامدا
هەبووبێ، بەڵکو کێشەیان لەسەر پلەو یایە بوو لەگەڵ سەدام، بۆیە ئەمانە
بە هیچ جۆرێک نابێ باوەڕیان پێ بکرێ بەڵام بەداخەوە کورد زۆر خۆش
باوەڕە، عەرەبەکان دێنە هەولێر و دوو بڕیاردەدەن و دوای دەڵێن تەواو
ئیتر بریاری ئەوە دراوە، زۆرم بەلامەوە سەیرە کە کورد بۆخۆی حکومەتێک
لە بەغدا دروست دەکات و دوایی دەچێت داوای مافی خۆیی لێ دەکات! ئێستا
حکومەتی بەغدا نەماوەو لەناو چووە دەبێ ئێمە هەرگیز کار بۆ ئەوە نەکەین
کە ئەوان رێکبخەینەوە ئەوە ئیشی ئێمە نییە، بەڵام بەداخەوە سیاسییەکانی
ئێمە لەبەر بەرژەوەندی خۆیان لەبەر بەدەست هێنانی پۆست لە بەغدا
ئەوەیان لەبیر کردوە کە دەبێ کاری ئەوان هەوڵدان بێ بۆ دروستکردنی
دەوڵەتی کوردی نەک بەهێزکردنی حکومەتی ئێراقی.
بههمهن عومهر: بەڵام ئایە ئەگەر بزانن دەتوانن حکومەتی
سەربەخۆی کوردی دروست بکەن نەیان دەکرد؟ ئەگەر وەک بەرژەوەندی کەسیش
سەیری بکەین ئایا کەسێک سەرۆکی وڵاتێکی سەربەخۆ بێ باشە یان سەرۆکی
هەرێمێکی فیدراڵ؟
بروسکە ئیبراهیم:
بە بڕوای من دوو خاڵی گرنگ لێرەدا هەیە،
یەکەم ئەوەی کە وەک لە سەرەتاوە گوتم باوەڕیان بەخۆیان نییە، خاڵی
دیکەش ئەوەیە کە هێزەکانی کوردستان یەکگرتوو نین، بۆ نموونە ئەگەر
سەرکردەیەک لێرە بڵێت من سەربەخۆیی کوردستانم دەوێ، لەوانەیە یەکێکی
دیکە لەوملا بڵێت من سەربەخۆیم ناوێ، بۆیە ئەوە بە لایەک ناکرێ ئەگەر
حیزب و رێکخراوە کوردییەکان یەکبوونایە ئەوە ئاسانتر دەبووە، بۆیە ئێمە
وەک کۆنگرەی نیشتمانی کوردستان دەڵێین وەرن با ئێمە هەموومان دانیشین
لەسەر مێزێک تا باسی سەربەخۆیی کوردستان بکەین، ئێمە هەموومان دەزانین
رێگاکە زەحمەتە، بەڵام کە زەحمەتە بە کەسێک و چەند کەسێک ناکرێ، کەواتە
بە هەموومان دەکرێ پێکەوە هێزی هەموو زیاتر دەبێ لە هێزی تاکە لایەنێک،
ئەوە 20 ساڵە هەرێمی کوردستان هەیەو لە 2003 بەتەواوی سەربەخۆیە، بەڵام
ئایا تا ئێستا هێزەکانی سلێمانی و هەولێر یەکن بێگومان نەخێر، ئەگەر
ئێمە نەتوانین دوو شار یەکبخەین ئەی چۆن باسی سەربەخۆیی کوردستان بکەین
بۆیە کەس باوەڕمان پێ ناکات، بۆیە ئەگەر هێزێکی کوردی بە تەنیا بڵێت من
حکومەتی کوردیم دەوێ دەڵێن ئەوە رای هەموو کورد نییە، بەڵام کە هەموو
پێکەوە بوون ئەوکات هێزێکی گەورەی دەبێ.
بههمهن عومهر: بەڵام رایەک لە باشووری
کوردستان هەیە دەڵێت ئێمە ئێستا باس لە دەوڵەتی کوردی بکەین ئەوەش کە
هەمانە لە دەستی دەدەین؟
بروسکە ئیبراهیم: جا چیمان هەیە لە
کیسمان بچێت؟ ئەو هەرێمەی کە هەمانە کێ دەڵێت بەوەی کە لە چوارچێوەی
ئێراقدا بمێنینەوە مسۆگەر دەبێ؟ کێ گەرەنتی ئەوە دەکات کە ئەگەر ئێراق
بەهێزبوو جارێکی دیکە وەک زەمانی سەدام هێرش ناکاتەوە سەرمان؟ بۆیە
ئەگەر رۆژێک بێ حکومەتی ئێراق بەهێز بێ و بەسەر گرفتەکانی ناوخۆیدا
زاڵبێ و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانی بەهێز بکات و چەکی و تفاقی باشی
هەبێ من لەو باوەڕەدام هەرێمی کورستان نامێنێتەوە ئەم هەرێمی
کوردستانەی کە ئێستا ماوە لە کزی بەغدایە ماوە لەبەر ئەوەی کە جارێی
ئەوێ هیچ نییە باحکومەتێکی بەهێز لە بەغدا دروست ببێ، ئەوە ئەمەشمان لە
کیس دەچێت، بەڵام ئەگەر ئێمە دەوڵەتێکی کوردیمان هەبێ پەیوەندیمان
بەوەوە نابێ کە بەغدا بەهێزە یان بێ هێزە.
بههمهن عومهر: ئەو شانازییەی کە ئێستا
کورد دەیکات بەوەی کە بووە بەهۆی رێکخستنی هەموو لایەنە ئێراقییەکان
چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
بروسکە ئیبراهیم: من ئەوە بە هەڵە دەزانم
ئیشی ئێمە ئەوەیە کە رێکخراو حیزبە کوردییەکان یەک خەین، نەک حیزبە
ئێراقییەکان یەک بخەین، ئێمە دەبێ کار بۆ ئەوە نەکەین کە ئەوان
بەهێزبێ. بۆیە هەڵەیە کە کورد شانازی بە یەکخستنی ئێراقییەکانەوە بکات.
بههمهن عومهر: چەند جارێکە باس لەوە
دەکرێ کە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردی دەبەستێریت و دواتر دوای دوادەخرێت
ئەوە بەکوێ گەیشت سوودی ئەو کۆنگرەیە لە چی دایە؟
بروسکە ئیبراهیم: ئەوەی کە ئێمە باسی
دەکەین بەناوی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و ئەوەی حیزبەکان باسی دەکەن
شتێکی دیکەیە، ئێستا کۆنگرەیەک هەیە بەناوی KNKئەوە سەر بەPKK یە
لەوکاتەدا شتەکە دەبێتە حیزبی، ئێمە داوادەکەین کۆنگرە سەر بەخۆبێ بە
هیچ لایەنێکەوە نەبەسترابێ، ئێستاش بیستومە هەوڵ هەیە کرنگرەیەک لە
هەولێر بکرێ، بەڵام PKK تێدا نەبێ، چونکە تورکیا عاجز ئەبێ، دەی کەواتە
تۆ هەر لە سەرەتاوە نەتویست لایەک بەشدارێت ئەوە نابێ بە کۆنگرەی هەموو
کورد، پاشان ئەگەر کۆنگرەیەک لە هەولێر بێ دەبێ ئەو کۆنگرەیە سەر
بەدەسەڵات بێ ئەگەر نا قبوڵی ناکات، بەڵام ئەو کۆنگرەیەی کە ئێمە باسی
دەکەین، دەبێ لە سەروەی هەموو حیزبەکانەوە بێ و هەموو حیزبەکانیشی
تێدابێ ئەوکاتە دەبێ بە کۆنگرەی هەموو کورد، ئێمە لە ساڵی 1985 ەوە
دەمانەوێ ئەو کۆنگرەیە ببەستێریت کە بتوانێت ستراتیژیەتی نەتەوەیی
دابڕێێت و هەموو لایەک پابەندبن پێیەوە بەڵام تا ئێستا نەکراوە. هەر
بۆیە پێم وایە ئەم حیزبانە بە جدی نایانەوێ سەربەخۆیی کوردستان بەدی
بێ، راستە چەند ساڵە خەبات دەکەین، بەڵام ئەجێندای کاری ئەوان
سەربەخۆیی نەبووە.
بههمهن عومهر: ماوەی ساڵێکە بزوتنەوەی
گۆڕان دروست بووە وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن لە رووی نەتەوەییەوە ئاراستەی
ئەو بزوتنەوەیە چۆن دەبینی؟
بروسکە ئیبراهیم: لە هەر سیستەمێکی
دیموکراسیدا دەبێ ئۆپۆزسیۆن هەبێ، بۆیە بۆ خۆی هاتنە ئاراوەی ئۆپۆزسیۆن
کارێکی ئیجابیە سەبارەت بە گۆڕانیش خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە ئەو شتانەی
تا ئێستا باسیان دەکەن داواکارییەکانی خەڵکە، بەڵام لە پرسە
نەتەوەییەکاندا، ئەوان وەک ئاگادارم دەڵێن ئێمە واز لە کەرکوک ناهێنین
و لە پرسەکانی دیکەشدا رایان باشە، بەڵام تا ئێستا ئەوان باسی دەوڵەتی
کوری ناکەن، بۆیە بەلای منەوە یەکێک نەتەوەییە کە باس لە دەوڵەتی کوردی
بکات، قەزیەی نەتەوەیی بەڵام منەوە تەنیا ئەوەیە کە دەوڵەتی کوردیت
هەبێ، تا ئێستاش نەمبیستووە گۆڕان باسی ئەوەی کردبێ.
بههمهن عومهر: لە درێژی ئەم
دیمانەیەدا هەموو قسەکانت دەهێنیتەوە بۆ دەوڵەتی کوردی، بەڵام لە
ئێستادا رایەک هەیە کە دەڵێت سەردەمی دەوڵەتی نەتەوە بەسەر چووە؟
بروسکە ئیبراهیم: ئەو پرسیارەم پێ خۆشە،
چونکە ئەو پرسە لە کوردستان زۆرجار دەوروژێندرێت، من دەڵێم ئەوە هەرگیز
راست نییە، بۆ نموونە ئێستا لە ئەوروپا لە 27 وڵات پێکهاتووە هەر لەو
ماوەیە کورتەدا چەندید حکومەتی تازە دروستکراوە ئەوەتا چیک و سلۆفاکیا
ئێستا بوون بە دوو دەوڵەت هەروەها یوغسلافیا عەرەبیەکەی و کروات و
بۆسنە و ئەلبان و ئەو هەموو وڵاتە دروست بووە دوای روخانی یەکێتی
سۆڤیەتی جاران چەندین وڵات دروست بووە، عەرەب 22 دەوڵەتی هەیە فارس و
تورک دەوڵەتیان هەیە ئایا هیچ کام لەوانە ئامادەن بڵێن دەوڵەتمان ناوێ؟
بێگومان نەخێر، ئەوە تەنیا کوردە ئەو قسەیە دەکات ئەو قسەیە زۆر درۆیە
بەهیچ شێوەیەک وانییە هەمو دونیا پارێزگاری لە نەتەوەی خۆیی دەکات،
چونکە ئەگەر گەل دەوڵەتی نەبوو هیچ قیمەتی نابێ.
بەکورتی من چارەسەری کێشەی کورد لە دەوڵەتی کوردیدا دەبینم، هەڵوێستی
نەتەوەی هەرلایەنێکی دەبەستمەوە بە رادەی کارکردنی بۆ دروستکردنی
دەوڵەتی کوردیەوە.
|