په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

برووسکەیەکی بە پەلە لە رۆحییانەتی ئەنفالەکانەوە!!!

ستار محەمەد قادر

                 

 بۆ هەموو گەلی کورد ، بۆ ئەو رۆشنبیرو رێکخراوانەی وا داوا یان لە بەرنامەیاندایە سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان لە شوێنی سەر قاڵ بوون بە پرۆژەو وەبەرهێنانی نەوت و درووستکردنی گوندی سوێدیی و ئەڵەمانی و ئەو ئاپارتمانانەی کە بۆ خەڵکی رەش و رووت و بەش مەینەتی کوردستان لە سەراب دەچن، بە ئێمەوە سەر قاڵیان بکەن، تکایە چیدیکە سەری خۆتان بە ئێمەوە مەێشێنن و دڵی کەس و کارمان رامەچڵەکێنن!!

 

چونکە ئەگەر رۆحی ئێمە کەمێک ئەرزشی لە لای گەلی کوردو سەرکردایەتییەکەی هەبووایە، هەرگیز وا بە سانایی بە بێ هیچ بەرانبەرێک ئێراقی بوونیی خۆیانیان نە دەسەلماند، ئەمڕۆ ئێمە بە هۆی هەڵەی کووشندەی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانەوە، بووینە بە قووربانی دەستی جەللادە ون بووەکان!

 

بۆیە ئەگەر زۆر مکوڕیش بن لە سەر گەڕاندنەوەمان، ئەوا دڵنیا بن تەنها هێسک و پرووسکی ئێمە دەگەڕێننەوە، نەک رۆحییانەتمان! چونکە ئێمە تازە نیشتەجێی بیابان بووینەو وا بۆ بیست ساڵ دەڕوات "لم" زیاترو زیاتر دەمانشارێتەوە!

 

 ئێمە ناتوانین دەسبەرداریی ئەو ساتانە ببین کە جەللادەکانمان بێ بەزەییانە لە شوێن خزمەتکردن، خانە خوێکانمان لە جێی میوانداریی بە وەحشیترین شێوە گوللە بارانمانیان دەکرد، ئێمە ناتوانین بێینەوە کوردستان و بە چاوی خۆمان ئەو بێ دەنگییەی ئێوە لە ئاست 182000 مرۆڤ هەزم بکەین، ئێمە ناتوانین یادەوەریی ئێراقێک کە ئێمەی بە نامۆ دەزانیی لە یادیی خۆمانی بەرینەوە، ناتوانین تراژیدیای ریفراندۆم لە سەر ئەو شارەی کە ئێمە بۆی بووین بە قووربانیی قبووڵ بکەین، لێمان گەڕێن ئێراقی نوێ موبارەکی ئێوە بێ و گۆڕی بە کۆمەڵیش لە بیابانێکی تینوودا با بۆ ئێمەی بێ کەس، بێ دەرەتان بێت!

 

تکایە ئێمە لە بیر بکەن، چونکە ئەوە ئەو پەڕی شەرمەزارییە ئەگەر لەم ساتە وەختەدا هێسک و پرووسکی ئێمەی قووربانییانی ئەنفال بە کەرکوکدا بگەڕێننەوەو لە دووای پێنج ساڵ لە رووخاندنی رژێم هێشتا چارەنووسی ئەو شارەی کە ئێمە لە سەری لە خاچ دراین، ساخ نەکرابێتەوە!

 

تکایە گەر دەتانەوێت ئاسوودە بین، لە بیرمان بکەن، بە ناوو بە ئامار، تازە هیچ سوودێک لە ئێمە نابینن، جگە لە سەر ئێشە، دووایی پەشیوان دەبنەوە، مەگەر جارێکی کە وەکو شانۆگەریی شۆڕشی مردووەکان ئەنفالمان بکەنەوە، چونکە تازە جەستەی ئێمە ئاوێتەو بووە بە خۆراکی لمی بیابان، رۆحیشمان لە بەرزایی ئاسمانەوە وا بۆ بیست ساڵ دەڕوات هەموو شەوانێک لە بەرزایی ئاسمانەوە لە گەڵ جریوەی هەسارەکاندا ئێشک بۆ مارشی ئەی رەقیبەکەی دڵداری شاعیر دەگرێت!!

 

ئێمە بۆیە ناگەڕێینەوە، چونکە جییاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان ئێمەو ئێوەدا نابینین، کاتێک بمان گەڕێننەوە کە لەو خەونە دوورو درێژەی کە ساڵانێکە وەنەوزی بۆ دەدەن فراژوو بووبن!

 

نەکەن لەم ساتە وەختەدا کە ئێوە لە ئێمە بێ دەنگ و بێ جووڵە ترن، دەست بۆ برینەکانمان بەرن و بیانکوولێننەوە، ئێوە لە ئێمە بێ خەم تر پێتان لە بەر هەتاو راکێشاوە و لە تواناتاندا نییە بە تەنگی چارەنووسیی خۆتانەوە بچن، ئێمە بەم شێوەیە ئاسوودەین، گووزارشت لە قووربانیی نەتەوەیەکی بێ وڵات، شووناس دەکەین، نەکەن بیر لە هێنانەوەمان بکەن، چونکە لە رۆحی ئێمەدا شتێک نییە ناوی ئێراق بێت، دووایی ئەو ئێراقەی وا بە ئاواتەوەن لە سەر دەستی ئێوە ئاوەدان بکرێتەوە، دەبین بە هۆکاریی کاڵ بوونەوەی!

 

ئێوە جارێ بیر لە خۆتان بکەنەوە، ئەگەر ئەنفالی ئێمە رەنگی رەش بووبێت، وریابن ئێوە ئەنفالی سپی نەکرێن؟!

 

لە کۆتاییدا تاکە داواکارییمان ئەوەیە سڵاوی بێ پایانمان بگەیەنن بە ماددەی 58 و دڵ و قوودسەکەی کوردستان!!

 

بیابان 

 

27/6/2008

star_qadr@yahoo.com