١١\١٢\٢٠١٤
"بیرەوەرییەکانی
سەر بەرد" لە خەڵاتی ئۆسکاری ئاسیا
لەگەڵ براوەکانی
چڵەبەڕووی زێڕینی کان رکابەریی دەکا.
مەنسوور جیهانی
فیلمی
سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرهێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی"
لە خەڵاتی ئۆسکاری ئاسیا لە بەشی باشترین فیلم، لەگەڵ براوەکانی
چڵەبەڕووی زێڕینی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان ڕکابەری دەکات.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرهێنانی سینەماکاری
کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" کە بەرهەمی ساڵی ٢٠١٤ی هەرێمی کوردستان و
ئەڵمانیایە، لە بەشەکانی باشترین فیلم و باشترین سیناریۆ لە نووسینی
هاوبەشی شەوکەت ئەمین کورکی و مەممەد ئەکتاش لە هەشتەمین خولی ڕێوڕەسمی
خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" بۆ
وەرگرتنی خەڵات کاندیدکراوە.
"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە بەشی باشترین فیلمی ئەم خەڵاتەدا، لەگەڵ
فیلمی سینەمایی "خەوی زستانیی" لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری تورک
"نووری بیلگە جەیلان" بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی تورکیا، فەڕەنسا و
ئەڵمانیا و هەڵگری خەڵاتی چڵەبەڕووی زێڕینی شەست و حەوتەمین خولی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان و هەروەها فیلمی سینەمایی "لۆیاتان"
واتە "نەهەنگ" لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری ڕووسی "ئاندری
ژۆیاگینتسێف" بەرهەمی وڵاتی ڕووسیا و هەڵگری خەڵاتی چڵەبەڕووی زێڕینی
باشترین سیناریۆ لە شەست و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی
کانی فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠١٤ ڕکابەری دەکات.
فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بە ئامادەبوونی شەوکەت ئەمین کورکی لە
ڕۆژانی ٧ و ١٢ی کانوونی یەکەم لە سینەمای "کۆشکی باڕاکس" لە میانەی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بریسبانی "ئاسیا پەسیفیک" دەچێتە سەر
پەردەی سینەماکان.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی ٨٠ فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆر لە
چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی بۆ ماوەی ١٦ ڕۆژ لە ڕۆژانی
٢٩ی تشرینی دووەم تا ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ لە شاری بریسبان لە
ویلایەتی کۆئینزلەند لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەڕێوەدەچێت.
ناوی کاندیداکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی هەشتەمین خولی ڕێوڕەسمی پێشکەش
کردنی خەڵاتی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک"، لەوانە: باشترین فیلم، باشترین
دەرهێنان، باشترین وێنەگرتن، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین فیلمی
دیکۆمێنتی، باشترین فیلمی ئەنیمەیشێن، باشترین سیناریۆ، باشترین
ئەکتەری پیاو و باشترین ئەکتەری ئافرەت راگەیاندراوە و لەم ناوەندەدا
ناوی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرهێنانی "شەوکەت
ئەمین کورکی" لە بەشی باشترین فیلمدا و هەروەها "مەممەد ئەکتاش" و
"شەوکەت ئەمین کورکی" بۆ نووسینی سیناریۆی ئەم فیلمە لە بەشی باشترین
سیناریۆدا بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی کوردستان لە نێوان کاندیداکاندا
بەرچاو دەکەوێت.
ڕێوڕەسمی کۆتایی و دەستنیشانکردنی سەرکەوتووانی بەشە جۆراوجۆرەکانی
هەشتەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ناسراو بە "ئۆسکاری
ئاسیا" ڕۆژی پێنجشەمە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ لە شاری بریسبان لە
ویلایەتی کۆئینزلەند لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەڕێوەدەچێت.
سیناریۆی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" کە لە لایەن "شەوکەت ئەمین" و
"مەممەد ئەکتاش" نووسراوە و پێش لە قۆناغی وێنەگرتن، خەڵاتی باشترین
سیناریۆی لە ئاکادیمیای خەڵاتی ئیسکرینی "ئاسیا پەسیفیک" لە ساڵی ٢٠١١
بەدەستهێنابوو.
"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە
نوێنەرایەتیی لە هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی "مەمەد ئەکتاش" ڕۆژی
٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤ لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی سێزدەیەمین خولی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سینەدایز" لە وڵاتی مەکەدوونیا نمایشکرا
و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین
دەرهێنان بە "شەوکەت ئەمین" دەرهێنەری ئەم فیلمە بەخشرا.
بۆ زانیاریی پتر:
http://www.asiapacificscreenacademy.com/wp/wp-content/uploads/2014/11/2014-APSA-Nominees.pdf
http://brisbaneasiapacificfilmfestival.com/film-archive/memories-on-stone
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی فیلمی
سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد".
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|