٢٨\١٢\٢٠١٩
بڕیاردانی مافی
چارەنووس و سەربەخۆیی کوردستان.

جەلال دەباغ
بڕیاردانی مافی
چارەنووس و سەربەخۆیی کوردستان بە رێگەی جیابوونەوە و دامەزراندنی
دەوڵەت بیرێکی دێرینە و کەی دەبێ بە راستییەکی هەستپێکراو؟
با نەکەوینە درێژەی باسی مێژویی و چونێتی دروستبوون و پەرە سەندنی ئەو
بیرۆکەیەی سەرەوە تا گەیشتنی بە ئەمڕۆ.
با بەشەکانیدیکەی کوردستان لێگەڕێین با گەڵانی کوردستان لەو بەشانە
خۆیان شێوازی هەڵسوڕان و ریبازی خۆیان بڕیار بدەن و دەستنەخرێتە
کاروباریانەوەو رۆڵی هەر بەشێک بۆ بەشەکانیتر بریتیبێت لە دووخاڵ:
یەکەم: یارمەتی و پشتیوانیی خەباتیان بە هەر شێوازێکی گونجاو.
دووەم: هاوکاری و پشتگیرییان لە تێکۆشانی رزگاریخوازی و هەموو
چالاکییەکی تیکۆشەرانەیاندا.
لە باشووری کوردستانیش کە گەل و هێزو حیزب و بزوتنەوەکانی ئەم بەشە
خاوەن بڕیارن و بەشەکانی دیکەی کوردسانیش بەهەموو شێوازێکی گونجاو
یارمەتیدەروهاوکاریانبن.
ئینجا ئەگەر بە وردی رووداوو بارودۆخی عێڕاق و باشوری کوردستان
بخوێنینەوەوسەرنجی هەڵسوڕان و چالاکییەکانی هەندێ لایەنی دەرەوەو ناوخۆ
بدەین دەگەینە چەند خاڵێکی گرنگ:
- باری سیاسی و ئابوری وکۆمەڵایەتیی و بارودۆخی دیکەی عێڕاق زۆر ئاڵۆزو
شڵەژاوەو ڕاپەڕینی ئاشتیخوازانەی گەڵ بەردەوامەو لەشێوازی خۆپیشاندانی
سەرانسەریی بەغداو گەلێک شارو شارۆچکەی عێڕاق درێژەیان هەیەو،
لەسەرەتاوە هەندێ داخوازیی جەماوەریی ڕەوای سیاسی و ئابوری بۆ باشکردنی
باری بژیوی ئەو خەڵکەو کەمکردنەوەی بێکاری و رێگرتن لە گەندەڵی و دزی
و، دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆو پەیمانگەکان و، هەندێ داوای چاکخوازیی
گەیشتە ئاستی داوای روخاندنی حکومەت و، رێژیمەکەو دامەزراندنی رێژیمێکی
نوێ لەسەربنەمای ئازادی و دیموکراسی و مافی رۆڵەکانی گەل لە ژیانێکی
باش و هێنانەدیی ئاستێک لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. بەڵام حکومەت و
دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی هەر لەسەرەتاوە خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانەی
کۆمەڵانی جەماوەریان دایە بەر شەپۆلیکوشتار بەگازیفرمێسکڕێژو تەقەی
چەکی جۆربەجۆرو لێدان و شاڵاوی گرتن و ئازاردان. ئەم تاوانە گەورەیەش
زۆرتر جەماوەری ڕاپەڕیوی توڕەو بێزارترکردو وێڕای بریندارکردن و کوشتنی
هەزاران هاونیشتیمانی،خۆپیشاندانەکان درێژەیان هەیە.
- دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیم ومیلیشیای چەکداری دەوڵەتانی هەرێمەکە
لەناو عێڕاقدا لەکاردان دژی خۆپیشاندانەکانی گەلی ڕاپەڕیوی عێڕاق.
- من پێموانییە هیچ کام لەم حکومەتانەی عێراق بەشێوەیەکی دادپەروەرانە
کێشەکانی نەوت و بوجەو پارێزگای کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی
کوردستان کە ناویان ناوون ناوچە "کێشەلەسەرەکان!" چارەسەر بکەن و،
پێموانییە نە ئێستاو نە لە ئایندەدا دەستورو قانونەکانیتر پەیڕەوبکەن.
- زۆر ناوەندی هێز لە ناو ڕێژیم و دەرەوەی ڕێژیم، لەناو عێڕاق و
دەرەوەی عێڕاق بەتایبەتی نەیاران و دوژمنانی گەلی کوردستان ومەسەلە
ڕەوایەکەی هەوڵدەدەن ڕاپەڕینەکەی گەل بە رێبازێکی چەوتدا بەرن و لەباری
بەرن، بەرەو ئەو رەوتەی کە گوایە مەسەلەکە لە کەم وکوڕی دەستوردایەو
دەبێت دەستکاری بکرێت و سەرلەنوێ واژۆبکرێتەوە..!تا خۆپیشاندەران
سەرقاڵی کاروباری واژۆکردنەوەی دەستور بکەن بەرەو کەمکردنەوەی
دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی دەستکەوتەکانی..!
- جا ئەگەر دەسەڵاتێک ودامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی دەست لە هاونیشتیمانی
و هاونەتەوەو هاو ئاین و هاوتایەفەی خۆیان نەپارێزن و بەهەزارانیان لێ
شەهیدو بریندار بکەن، ئەی چۆن چاویان بەرایی دێت سەرکەوتنەکانیگەلی
کوردستان ببینن و ئەگەر هەلیان بۆ هەڵکەوێت بە چ شێوازێک لە گەلی
کوردستان دەسرەوێنن، بە مەبەستی سەرکوتکردنی و زەوتکردنی هەموو
سامانەکانی ژێرخاک و سەرخاکەکەی؟
لە ڕاستیدا نابێ ئێمە ئەزموونگەرو"تەجریبی" بین و کونجی چاوەڕوانی
بگرین تا بزانین چیمان لێدەکەن.؟
ئەزموون و تاقیکردنەوەی رابوردومان زۆرن ودەبێ دەرس و پەندو ئەزمون و
تاقیکردنەوەی نوێمان لە ڕووداوەکانی مێژومان وەرگرتبێت.
- ئاڵۆزییەکانی باری هەرێمەکەو وڵاتانی دەرەوەش کەمنین. ئەوەتا ڕێژیمی
تورکیا لە سایەی چاوپۆشیی ساسژکاریی ئەمریکادا پەلاماری سەربازیی
دەستدرێژکارانەی بردۆتەسەر خۆرئاڤای کوردستان و زۆرتر باری سوریای
شڵەژاندووەو، لەسەر زاری سەرۆکەکەی هەڕەشەی پەلاماردانی سەربازیی عێڕاق
دەکات وبە باشترین چارەسەری بارودۆخی عێڕاقی دەزانیت ومەبەستی
داگیرکردنی پارێزگای موسڵ و کەرکوکی ئاشکرا کردووە کە بیانخاتە سەر
تورکیا.
لە بارودۆخێکی ئاواداناکرێ چاوەڕوانی رووداوەکانبین و خوێندنەوەمان بۆ
ئێستاو ئایندەی ڕووداوەکان نەبێت.
- دەبێت لەسەر رۆشنایی دەرس و پەندوتاقیکردنەوەکان هەموو خۆ تەیارو
ئامادەکردنێک ئەنجامبدرێت، لە ناوەوەو دەەوەی کوردستان بۆ راگەیاندنی
بڕیاردانی مافی چارەنووس، بە جیابوونەوەو دامەزراندنی دەوڵەتی
سەربەخۆوە.
لەکاتی دیاریکراودا،ئەمەش بە چڕکردنەوەو پەیڕەوکردنی ئەم خاڵانەی
خوارەوە:
- حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێم وپەڕلەمانی کوردستان
هەمویان دوای گفتوگۆو دیالۆگی چڕبگەنە یەک هەڵوێست وهاوبڕیاربن.
- ئەو هەنگاوانە تەواوبکرێن کە پێویستن بۆیەکگرتنی هێزەکانی پێشمەرگەو
ریکخستن و بەهێزکردنیان وئامادەباشییان بۆ بەرگریکردنی هەر پەلامارو
دەستدرێژییەکی سەربازی بۆ سەر باشووری کوردستان و خواستی ڕەوای
گەلەکەمان.
- رێکخستنەوەو ئامادەکردنی هەموو ڕاگەیاندنەکان و گشت کەناڵەکانێان کە
هەموو پێکەوە بە رەوتێکی هاوبەشدا ئامادەی کاربن بەرەو سەرکەوتنی
ئامانجە پیرۆزەکەی کوردستان.
- هەموو حیزبەکان وهێزو بزوتنەوەو رێکخراوەو سەندیکاکانی هەرێمی
کوردستان لەسەر ئاستی باڵا کۆبنەوەو پێکەوە چی پێویستە ئەنجامی بدەن
ولەو کارە سەرەکییەدا بە گفتوگۆو دیالۆگ بگەنەیەک و هاوڕاو هاوبیرو
هاوکاربن لەو بوارەداو بەهاوبەشی تەواویی، سەرۆکایەتی جەماوەری
کوردستان بکەن، بەیەکگرتن لەگەڵ سەرۆکایەتی و حکومەت و پەرلەمانی
کوردستان.
- لەبواری نێودەوڵەتیدا پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی هەرێم پەرەیان
پێبدرێ و لەگەڵ ئەولایەنە نێودەوڵەتیانەدا کە چاوەڕوانی هەڵوێستی
ئەرێنییان لێدەکرێت، بەنهێنی و بە ئاشکرا ئەو بابەتەیان لەگەڵ باسبکرێت
و داوایان لێبکرێت کە لەکاتی خۆیدا بەفەرمی دانبەبوونی چاەنووسی
کوردستاندا بنرێت.
- هەر لە ئێستاوە وەک مافێکی دەستوریی هەموو هاوڵاتیەک، بیروڕای ئازاد
لەبارەی پشتگیریی مافی چارەنووسی گەلەکەمانەوە، ىەشێوازی جۆربەجۆر
پیشانبدرێت، بەتایبەتی لەلایەن لوبیی کوردستانییەوە لە وڵاتان کاری بۆ
بکرێت.
- لە کاتێکدا ئەو مافە ڕەوایەی چارەنووسی گەلەکەمان، پاش تەواوکردنی
هەموو کاروبارە پێویستییەکانی، ڕابگەیەندرێت ئەوجا زۆرلە دەوڵەتان
وحکومەتەکانیان بڕیاری مافی چارەنووسی گەلەکەمان بە فەرمی دەناسن.
سەرکەوتن بۆ ئامانجی ڕەوای گەلەکەمان!
ماڵپهڕی جهلال دهباغ
|