٢٤\١٢\٢٠١٠
بڕیارەکەی دادگای
کەتنی هەولێر بڕیارێکی سیاسی و دژی ئازادییه و دەبێ هەڵوەشێتەوە!

موحسین کەریم
بەپێی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی "روداونێت"دا بڵاوکراوەتەوە، رۆژی
١٩/١٢/٢٠١٠ دادگای کەتنی هەولێر بەپێى مادەى(403) لەیاساى سزادانى
عێراقى فەرهاد پیرباڵ-نوسەرو مامۆستای زانکۆ- ی بەشەش مانگ زیندانی و
بەپێى ماددەى (9)ى یاسای رۆژنامەگەریی پەرلەمانی کوردستانیش،
گۆڤارى(وێران)-کە فەرهاد پیرباڵ سەرنوسەریەتی و بابەتەکەی تێدا
بڵاوبۆتەوە- بە 5 ملیۆن دینار سزادراوە.
بێگومان ئەو بابەتەی فەرهاد پیرباڵ و گۆڤارەکەی لەسەر سزادراوە، نوسینی
نوسەرێکی تونسیە کە٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر و لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی
خەلافەتی ئیسلامی عەباسیەکاندا نوسیویەتی و بەپێی روونکردنەوەی فەرهاد
پیرباڵ تا ئێستاش لە ٧٠ وڵاتدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. بەڵام ئێستاو لە
کوردستانی بەناو ئازاد و دیموکراتدا لەلایەن دادگای کەتنی هەولێرەوە
بەبیانوی تێکدانی ئادابی گشتیەوە، سزای ئەوکەس و دەزگایە دەدەن کە
بڵاویکردۆتەوە!
کەس گومانی لەوە نیە کە ئیسلامی سیاسی بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدایە
دەرفەتێک بدۆزیتەوە بۆ زاڵکردنی ئەجندای سیاسی و فەرهەنگ و ئەفکار و
سونەتی کۆنەپەرستانە و دژی ئینسانی خۆی بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا.
کاڵایەکی هەرزانیش کەلەم نێوەدا بەدەستیەوە دەگرێ پارێزگاریکردنە
لە"ئادابی گشتی و ئیسلامی کۆمەڵگا". بەڵام لەمبارەوە حیزبە دەسەلاتدار
و ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردایەتیش لەگەڵیاندا تەبان و وەکو "پەیمانێکی
پیرۆز"مامەڵەی دەکەن بۆ پێشگرتن بەهەرجۆرە کرانەوە بەرەوپێشچونێکی
کۆمەڵگا بە ئاقاری بەرینبونەوەی ئازادیەکان و رێگاگرتن لەگەشەو هەڵدانی
بیروبۆچونی رادیکال و یەکسانیخوازی و بەهێزبونی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و
کرێکاری لە کوردستان.
فەرهاد پیرباڵ ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمەڵ و یەکگرتوی ئیسلامی و
مەلابەشیر لەپشتی ئەم دادگاییکردن و سزادانەیەوە وەستاون! ئەو کەسەشی
داواکەی لەسەر فەرهاد پیرباڵ تۆمارکردوە داواکاری گشتیە! لای کەسیش
شاراوە نیە کە سیستەمی دادوەری لەکوردستان سەربەخۆو بێلایەن نیە. لە
سلێمانی سەر بەیەکێتی و لە هەولێرو بادینان سەر بەپارتیە! داواکاری
گشتی هەولێریش سەر بەپارتی و راستەوخۆ لەلایەن پارتیەوە دانراوە! مەلا
بەشیری سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف لە پەرلەمانی کوردستان ئەندام پەرلەمانی
پارتیە نەک کادری یەکگرتوو کۆمەڵ! بۆیە هیچ گومانێک لەوەدا نامێنێتەوە
کە لەم روداوەدا پارتی و ئیسلامی سیاسی لەپاڵ یەکدا دژی ئازادیەکانی
خەڵک وەستاونەتەوە!
مەلا بەشیری ئەندام پەرلەمانی پارتی، خاوەنی فتوای تیرۆری کۆمۆنیستەکان
و هەڵسوراوانی ژنانە کە لەساڵی ١٩٩٨داو لە تەلەفزیۆنی یەکگرتوەوە
بڵاوکرایەوە و دوای چەند رۆژێکی کەمیش تیرۆریستانی ئیسلامی فتواکەیان
جێبەجێکرد! ئەگەر ئەوکات پارتی خۆی نەکردە خاوەنی مەلا بەشیر تا
تاوانەکە لەپێی ئیسلامیەکان بنوسرێ، بەڵام ئێستا مەلا بەشیر ئەندام
پەرلەمانی پارتیە! ئەمجارە پارتی لەرێگای داواکاری گشتی و مەلا بەشیری
تیرۆریستەوە لەگەڵ یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامیدا لەژێرناوی بەرگری لە
ئادابی گشتیو بەها ئیسلامیەکاندا کەیسی فەرهاد پیرباڵ دەکاتە ئەڵقەیەک
لەزنجیرەی هەوڵەکانی بۆ داسەپاندنی سەرکوتی ئازادی سیاسی و ئازادیی
بیرکردنەوەو نوسین و رادەربڕین! ئەم زوڵمەی لە فەرهاد پیرباڵ دەکرێ
ئەڵقەیەکی ئەو زنجیرەیەیە کە بەتیرۆری سەردەشت عوسمان و تاوانبارکردنی
بە تیرۆرریست دەستی پێکرد و بە ناوزەدکردنی نارەزایەتیەکانی خەڵک لەدژی
تیرۆرەکە بە ئاژاوەگێڕی و خراپ بەکارهێنانی ئازادی ئەڵقەیە دوەمی
دەستپکردو دواتریش بە سەپاندنی سزای قورسی دارایی بەسەر ئەو
بڵاوکراوانەی کە رەخنەیان لەپارتی گرتبوو لەو مەسەلەیەدا هەنگاوەکانی
دواتری درێژەپێداو تازەترین ئەڵقەشی پەسەندکردنی یاسای قەدەغەکردنی
خۆپیشاندان و کۆبونەوە گشتیەکان بوو لەلایەن پەرلەمان و سەرۆکی
هەرێمەوە!
بەمجۆرە بڕیاری دادگای کەتنی هەولێر شتێک نیە جگە لە ئەڵقەیەکی دیکە
لەهەوڵەکانی بۆرژوا-ناسیۆنالیستی کورد بەگشتی و پارتی بەپلەی سەرەکی بۆ
داسەپاندنی ئیمپراتۆریەتی ترس و تۆقاندن و تاساندنی هەموو دەنگێک کە
تۆنەکەی لەگەڵ ئەواندا جیاوازبێت! هەروەکو ئەوەش دەسەلمێنێ کە
بۆرژوا-ناسیۆنالیستی کورد بەسەرکردایەتی پارتی بۆ داسەپاندنی سەرکوتی
سیاسی و زەوتکردنی ئازادی و کۆتایی هێنان بە فەزای ئازادی سیاسی لە
کوردستان، دەست بۆ هەموو شێوازو وەسیلەیەک دەبەن. ئیسلامیەکانیش لەم
نێوەدا، وەکو پیشەی هەمیشەییان، لەبەرامبەر ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی
و مۆدێرنیزمی کۆمەڵگادا هاوکاری خۆبەخشی دەسەڵات دەبن بۆ داسەپاندنی
کۆنەپەرستی سیاسی! زەرەرمەندی یەکەمیش لەکوژانەوەی هەر تروسکاییەکی
ئازادی لەکوردستان کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و کۆمۆنیستەکان و
ئازادیخوازان دەبن.
فەرهاد پیرباڵ ئەگەرچی سەرنوسەری گۆڤارێکە کە لەلایەن "دەزگای ئاراس"ی
سەر بەپارتیەوە دەردەکرێ، بەڵام لەم نەخشەیەی پارتیدا رۆڵی قوربانیەک
دەبینێ بۆ بەئاکام گەیشتنی سیاسەتێک کە بۆپارتی بایەخەکەی گەورەترە!
بەڵام پارێزگاری لە مافی فەرهاد پیرباڵ بۆ تەعبیر لەخۆی و لەئازادیی
نوسین کاری هەموو ئێمە کرێکاران و ئازادیخوازان و کۆمۆنستەکانی
کوردستانە. بڕیارەکەی دادگای کەتنی هەولێر بڕیارێکی سیاسی کۆنەپەرستانە
و دژی ئازادیە، شایستەی سەرکۆنەو ریسواکردنەو دەبێ هەڵوەشێتەوە!
ماڵپهڕی
موحسین
کهریم
|