په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٥\٢٠١٢

بڕیارێکی رەشی دیکەی پەرلەمانی بەریتانی و

شکستێکی دیکە بۆ ھەموومان.


زاھیر باھیر      


وەکو لە نووسینەکانی پێشترما باسمکردوە باری ئابووری بریتانی زۆر خراپە، ئەم قەیرانە ئابوورییە تا نووسینی ئەم وتارەش لە قوڵبوونەوەدایە و ئابووریناسەکان و ئامارەکانیش ئاسۆیەکی ڕوون لە داھاتوویەکی نزیکدا نابینن. لەگەڵ ئەوەشدا ھەر خەڵکانی ھەژار و زەحمەتکێشی بریتانین بە ھەموو توێژاڵەکانییەوە باجەکەیان داوە و دەیدەن.

ئەم قەیرانە ئابوورییە دەستی دەسەڵات و بزنسمان و کۆمپانییە گەورەکان، کە لە پشت دەوڵەتەوەن و داڕێژەری سەرجەمی سیاسەتەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتن، لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا، ئاوەڵا کردووە تاکو لە ژێر ناوی کەمکردنەوەی عەجزی مالیی و ھێنانەخوارەوەی بڕی قەرزەکان، ئەوانیش و دەوڵەتیش نەک ھەر کەوتوونەتە ھێڕشی ئابوورییانە بۆ سەر خەڵکی، بەڵکو لە ھێڕشی سیاسیشدا بەردەوامن، بۆیە گەلێک لەو بڕیارانەی کە دەوڵەت داویەتی و دەیدات بڕیاری سیاسیانەیە و سەرتاپای داخوازییە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکیش بە سیاسی دەکرێن، ھەر لەبەرئەوە بڕیارەکانی دەوڵەت ‌ئامانجێکی سیاسییان لە پشتەوەیە، کە ئەویش بە تەنھا بۆ زیاتر بێھێزکردنی بزوتنەوەی کرێکارانە، بزوتنەوەی جەماوەرییە، بزوتنەوەی خەڵکییە و پاشەکشەپێکردنیانە.

ھێڕشی ئەم جارەی دەوڵەت و پەرلەمانەکەی بۆ سەر ( کۆمەکی یاسایی یا یارمەتی یاسایی ، ( Legal Aid )ە کە ماوەیەکی زۆرە دەیانەوێت ئەوەی کە پێی دەڵێن No win, No fee – (نەبردنەوە، خەرج نەدان) بیگۆڕن و دەستکاری بکەن بە بیانووی ئەوەی کە وەزارەتی داد بودجەکەی بە بڕی ٣٥٠ ملیۆن پاوەند کەم دەکرێتەوە، بۆیە ناچارن کە دەستکاری ئەم بڕگە یاساییەی کە لە ‌سەرەوە ناوم ‌ ھێنا بکەن، بە حسابی ئەوان لەم بار و دۆخەی ئێستادا پارەیەکی بێشومار بۆ ئەم مەبەستە دەڕوات.

“No win, No fee”، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٥. لەوکاتەوە لە ھەبوونی کێشەیەکی یاساییدا، ئیتر ھەر جۆرێکیان بووبێت وەکو مەسەلەی جیابوونەوەی ژن و مێرد، برینداربوونی کرێکارێک لە سەر کار و دەیەوێت قەرەبوو بکرێتەوە ( ساڵانە لە بریتانیادا ٢.٥ ملیۆن کرێکار لەسەر کار و بەھۆی کارەوە بریندار دەبن) ‌ یا دەرکردنی بە ھۆی چالاکییەکانییەوە،‌ بەھۆی جیاوازیی ڕەگەز و دین و بنەچە و کەمئەندامی و ڕەنگ و پێست و سەر بە سەندیکا بوونی و گروپی ڕادیکاڵەوە، یا کێشەیەک لەگەڵ پۆلیسدا، یا کەشفکردنی کارێکی ناڕێکی ئەندامێکی پەڕلەمان، کەسێکی بەناوبانگ، کۆمپانیایەک، یا ناردنەوەی پەنابەرێک کە داوای یاسایی لەسەر دەوڵەت تۆمار دەکات، بێتاوانێک کە لە بەندیخانەدایە و تاوانبار کراوە، گەلێکی تر لەم کێشانە.


تا دەستکاریکردنی ئەم یاسایە لە زۆربەی ئەم کێشانەدا گەر بھاتایە خاوەنکێشە بیدۆڕانایە ئەوە خەرجی دادگە و دادوەر و پارێزەر و یاساناس و ھەتا قەرەبووکردنەوەکەش دەوڵەت بۆی دەدا، چونکە کەسی دۆڕاو مافی داواکردنی کۆمەکی یاسایی لە دەوڵەت ھەبوو. بۆیە زۆربەی زۆری ئەو کەسانەی کە بێدەرامەت بوون یا دەرامەتێکی کەمیان ھەبوو مافی وەرگرتنی کۆمەکی یاساییان ھەبوو، گەر تەواوی یارمەتییەکەشیان دستگیر نەبووایە ئەوا مافی وەرگرتنی بڕێک لەو کۆمەکەیان ھەر ھەبوو، کە دەکەوتە سەر بڕی داھاتیان.

وەکو پێشتر وتم ئەم یاسایە،‌ “No win, No fee”، لە ساڵی ١٩٩٥ دا بە فەرمی لە بریتانیاندا ناسراو پەیڕەو کرا. ئەم یاسایە تەنانەت بەسەر ئەو کۆمپانیانەشدا دەچەسپا، کە کەیسێکیان دەدۆڕاند، لە کاتێکدا سەبارەت بە وێرانکردنی ژینگەی وڵاتێک ‌یان زەرەرمەندبوونی دانیشتوانەکانیان، داوای یاساییان لەسەر تۆماردەکرا.

لە ساڵی ٢٠٠٠دا بیانووی کەمبونەوەی بودجەی وەزارەتیان کرد بە ھۆیەک بۆ کردنی چەند گۆڕانکاریەک لە یاسای (legal Aid) و ئەو بڕگەیەی سەرەوەشی گرتەوە. ئەو گۆڕانەش ئەوە بوو کە ئیتر خەڵکی لەکاتی چونە لای یاساناسێک یا پارێزەرێک تاکو بیکات بە نوێنەری خۆیی و سەرپەرشتی کێشەکەی لە دادگەدا بۆ بکات، مافی ئەوەی نامێنێت کە بە ‌ئۆتۆماتیکی ئەو یارمەتییەی دەست بکەوێت. لەبەرئەمە ھاتن (Conditional Fee Agreement)، واتە ڕێکەوتنێکی مەرجدارانەیان، داسەپاند، مەرجەکەش ئەوە بوو کە پارێزەرەکە، یاساناسەکە،‌ پێش بردنی کەیسەکە بۆ دادگە تەماشای کەیسەکە بکات و بزانێت کە کەیسەکە قابیل بە بردنەوەیە یا نا، بۆ ئەمەش ڕێکەوتنێکی بە نووسین لەگەڵ کابرای خاوەنکێشەدا دەکرد و ھەردوو لا واژۆیان لەسەر دەکرد کە گەر نەبرێتەوە، ئەوا خاوەنکەیسی دۆڕاو قەرەبوو و خەرجی لاکەی تر بدات. دەبێت ئەوەش بڵێم کە زۆربەی کەیسەکان لەلایەن یاساناساکانەوە دەزانران کە چ کەیسێک دەتوانرێت ببرێتەوە، ھەر لەبەرئەوە زۆربەی کەیسەکانیان وەردەگرت.

بۆ ماوەیەکی زۆر لەلایەن شالیاری داد و شالیاری ناوخۆ و گەلێکی تریش لە ئەنجومەنی شالیاران ئەم مەسەلەیە لە تاووتوێدابوو بۆ ئەوەی کە بتوانن کەلێنی بڕینی ٣٥٠ ملیۆن پاوەندەکە پڕ بکەنەوە، لەبەرئەوە ویستیان گۆڕانکاری بنەڕەتی لەم یاسایەدا بکەن. گەرچی کەمپەینێکی گەورەو زۆر لەلایەن گەلێک خەڵکی ناسراوەوە لەگەڵ کۆمەڵەی مافی مرۆڤ و لایەنی تریشدا کرا، بۆ ئەوەی کە دەوڵەت و پەڕلەمان لە دەستکاری کردنی ئەم یاسایەدا بوەستێنن، بەڵام بێسوود بوو. ئەوە بوو پاش چەند جارێک دەستکاریکردنی و ھێنانوبردنی لە پەڕلەماندا بۆ ئاڵوگۆڕ کردنی چەند ڕێساو پەڕەگراف و بەندێکی ، توانرا لە ھەندێک بەندیدا وەکو خۆی بمێنێتەوە بەڵام لە زۆربەیاندا یا ئەو مافانەی خەڵکی نەما یا بە تەواوی کەمکرانەوە، ئیدی لەم مانگەدا، مانگی نیسان، بۆ دواجار برایە ‌ House of Lords ئەوانیش پرۆژەکەیان بەو دەستکاریکردنەوە، کە لە بەرژەوەندی دەوڵەت و کۆمپانییە گەورەکان و بزنسمانە گەورەکان، بوو، قبوڵ کردوو لەم شێوەیەی ئێستایدا کە ھەیە و بوو بە یاسا.

قبوڵکردنی ئەم یاسایە بەو گۆڕانکاری و دەستکاریکردنەوە، بە دەستکاریکردنی No win, No fee، لە ژێر ناوی ڕادیکاڵێتی و ڕیفۆرمکردنی " کۆمەکی یاسایی یا یارمەتی یاسایی" Legal Aid کارێکی نامرۆڤانە بوو، زەربەیەکی گەورە بوو، کە لە سەرجەمی خەڵکانی ھەژار و بێدەرامەتان و کەمدەرامەتان، درا، دەستکەوتێکی گەلێک گەورەی خەڵکی بەریتانی زەوت کرا، کە نەک تەنیا بەریتانیانییەکان چیتر ناتوانن ئەو مافە پێشینەیان بەکار بەرن، بەڵکو خەسارەیەکی گەورەش بوو بۆ دانیشتوانی ئەو وڵاتانەی کە لەسەر ڕێگەی پەرەسەندن و گەشەکردنی ئابووریدان، تەنانەت لەسەر خودی دەوڵەتەکانیشیان، کەوت.

بێگومان خەڵکانی ھوشیار بە یاسا و ڕێسای پەڕلەمان و چۆنیەتی کارکردنی و دەسەڵات و دەوڵەتی لیبراڵ، ئەم دەنگدانە بۆ دەستکاریکردنی ئەم یاسایە،‌ موچڕکیان پیا ناھێنێت، چونکە ئەوان پێشەکی ئەوە دەزانن، کە دەسەڵات بە ھەموو چەشنەکانییەوە و پەڕلەمان و ئەندامەکانی پەڕلەمان، شتێک نین بێجگە لە پۆلیس و پاسەوان و پارێزەری مانەوەی ھەموو جۆرەکانی موڵکیەتی تایبەتی و پەیوەندی بەرھەمھێنانی چینایەتی سەردەم نەبێت. کار و ئەرکی ئەوان تەنھا بۆ کۆنترۆڵکردنی خەڵکی و زەوتکردنی ئازادییەکانیانن، نوێنەرایەتی بزنسمانە گەورەکان و کۆمپانییە گەورەکان دەکەن، دەنگدەری یاسایەکن و پەیڕەویکەری یاسایەکن، کە بە سوود و قازانجی بەرەی دەوڵەمەندان و کۆمپانییە گەورەکان، بشکێتەوە. کۆمپانییەکان و بزنسمانە گەورەکان دەتوانن بە یاسایی یەخەیان پێبگرن بەکردنی لۆبی و بەرتیلدان پێیان، سیاسەتی خۆیان بە دەوڵەت پەیڕەو بکەن و ئەوەی دەیانەوێت بە یاسایی لە گەمەی پەڕلەماندا، بەدەستی بھێنن.

بۆ سەلماندنی قسەکەم دەتوانم دەیەھا نمونە بە دۆکۆمێنتەوە بھێنمەوە بەڵام لێرەدا تەنھا تازەترین نموونەیان دەھێنمەوە:
لە کۆتایی مانگی ئازاردا بوو، ڕۆژنامەوانێکی یەکێک لە ڕۆژنامەکانی ئێرە خۆی لە ئەمینی مالییەی پارتی تۆری بریتانی کە ناوی Peter Cruddas، [ ئەو پارتەی کە ‌لەگەڵ پارتی لیبراڵدا دەوڵەت بەڕێوەدەبەن] گۆڕی و بەناوی بزنسمانێکی گەورەوە، نوێنەری کۆمپانیایەکەوە، سەردانی ئەم کابرایەی کرد و داوای ھەندێک ڕێنمایی کرد، تاکو وەکو کۆمپانییایەک، چۆن کاریگەرییان لە سەر دەوڵەت و سیاسەتەکەی ھەبێت. ئەویش بەوپەڕی ڕاستی و ‌ ڕاشکاوییەوە پێیوت: دەتوانێت ٢٠٠ یا ٢٥٠ ھەزار پاوەند بدات بۆ خوانێک لەگەڵ سەرۆکشالیاران، دەیڤد کامیرۆن و شالیاری دارایی . ھەر لەسەر خوانەکە دەتوانیت کە ھەموو باس و خواسێکیان لەگەڵ بکات و ئەو کاتەش دەتوانرێت کە ڕێنماییەکانی ئەو و داخوازییەکانی بخرێتە لیستی بەرنامەمانەوە و لە ئایندەدا لە نەخشەی ئابووریماندا بکرێتە سیاسەتمان. ئەمە شیاوە و پێشتریش کراوە.

دوای تۆمارکردنی ھەموو قسەکان و تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی، کابرای ڕۆژنامەوان تەواوی دیمانەکەی دا بە میدیا، ئیتر لە تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامەکاندا ھەندێکجار لەژێر تایتڵی جیاجیای وەکو Cash for Access و Dinner for Donor،Cash for Cameron واتە پارەی نەخت بۆ ھەبوونی ئەکسێس، خوانی ئێوارە بۆ پیتاکی پارە، پارەی نەخت بۆ کامیرۆن، ‌ بڵاوکرایەوە. کابرای ئەمینی مالییەش، چاری نەما و پێش ئەوەی کامیرۆن دەری بکات، خۆی بەناچاری دەستی لە کار کێشایەوە. بە وتنی ئەم ڕاستیانە کێشەیەکی گەورەی بۆ سەرۆکشالیاران و پارتی تۆری دروست کرد، لەلایەن ئۆپوزسیۆنەوە فشار خرایە سەر سەرۆکشالیاران و پارتی تۆری کە دەبێت سەراپای ئەو خوانانەی کە ‌بۆ بزنسمانە گەورەکان و سەرەککۆمپانییەکان، ڕێکخراون، ھەموو بخرێنە ڕوو، ئەوانیش ھەندێکیان خستەڕوو، کە تەنھا لە نێوانی ٢٠١٠ وە تا ئەمساڵ، ٢٠١٢، کراون، کە لەم ماوەیەدا سەرەکشالیاران چەند میواندارییەکی گێڕاوە، کە بۆ ٦ سەرۆکی کۆمپانیای گەورە کە ھەندێکیان سەرۆکی سوپەرمارکێتە گەورەکان بوون، کە بە خۆیان و ژنەکانیانەوە لە میوانداریەکەدا بەشدار بوون و بەمەش ٢٣ ملیۆن پاوەندیان بۆ بودجەی پارتەکەیان، پەیداکردووە.

ئەمەی کە باسم کرد بێگومان تەنھا بەشێکی کەمی گەندەڵییەکانە و خاڵێک و نموونەیەکی زۆر بچووکیشە لە پشتیوانیکردنی بزنس و کۆمپانییە گەورەکان بۆ دەسەڵات کە ‌ خۆیان بەشێکی پەڕلەمانن، ھەروەھا دەسەڵاتیش بۆ ئەوان، ئەم نەرێتەش بەردەوامە و بە بەردەوامیش ڕوو دەدات.

دەستکاریکردنی ئەو بڕگە یاساییە و دەستبەسەراگرتنی ئەم مافە و ڕێگەگرتن لە خەڵکانی بێکار و کەمدەرامەت لە تەحەداکردنی پۆلیس و خەڵکانی دەستڕۆیشتوو و کۆمپانیای گەورە و میدیا و ھەتا دەوڵەتیش و بردنیان بۆ دادگەی بریتانی و دادگەی ئەوروپی، ھیچ دادوەرییەکی تێدا نییە، سەپاندنی ملکەچکردن و ڕازیبوونە بە ھەموو ئەو سوکایەتی و خراپییەی کە بەخەڵکی دەکرێ، ئاوەڵاکردنی زیاتری دەستی میدیایە بە تەشھیرکردن بە ھەرکەسێک کە دەیەوێت یا تۆمەتبارکردن و بەدناوکردنی ھەرکەسێک کە بیەوێت، یا ڕێگەدان بە پۆلیس کە بە ئارەزوی خۆیان چییان دەوێت بە خەڵکی بیکەن، لە گرتن و سوکایەتی پێکردنیان. شایانی باسە لێرەدا ئەوە بڵێم. کە لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ ساڵدا ١٧ کەس بە دەستی پۆلیس گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا کە تەواوی کۆمەکی یاسایی بۆ کەسانی نزیکی گیانلەدەستدراوان ھەبووە بۆ تۆمارکردنی داوای یاسایی لە سەر دەسگەی پۆلیس، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئەم ساتەوەختە ھیچ پۆلیسێک نەک ھەر سزا نەدراوە، بەڵکو تەنانەت کارەکەشی لەدەست نەچووە، ئەی کە کۆمەکی یاسایی نەمێنێت چۆن دەتوانرێت کەیسەکان بخرێتە دادگەوە؟ لە کاتێکدا زۆربەی زۆری کەیسەکان چەند ملیۆنێک پاوەن خەرجەکەیەتی. کێ ھەیە لە ناو خەڵکانی ھەژار و کرێکاراندا یا ھەتا چینی مامنەوەندیشدا بتوانێت ١٠٠ یا دوو سەد ھەزار پاوەند بدات لە کاتێکیشدا لای ڕوونە ئەوەی کە ئەم دەیباتە دادگە سامانەکەی لە بن نایەت و ئامادەیە باشترین یاساناس بگرێت بۆ بەرگری لە خۆی، ئیتر لەوەی گەڕێ، کە بتوانێت ملیۆنێک پاوەند بدات!!!

ئەمەی کە کرا خەڵاتێک بوو، بۆ کۆمپانییە گەورەکان، بانقەکان، سوپەرمارکێتەکان، چونکە لەمەولا بە دەگمەن ڕێکدەکەوێت کە کەسێک، لایەنێک، ھەتا وڵاتێکیش بتوانێت لەسەر وێرانکردن و تاڵانکردنی بەروبوومی سروشتی و نا شروشتی وڵاتەکەیان، بیاندات بە دادگە. ھەرکەس یا ھەر لایەک بییەوێت داوایان لەسەر تۆمار بکات، دەبێت پێشەکی چەند ملیۆنێک بخاتە لاوە تاکو ھەنگاوێکی سەرەتایی بۆ ئەو کارە بنێت، لە زۆر حاڵەتیشدا دەبێت دەستیشی لێ بشوات. ناچارم لێرەدا دوو نمونەی بچووک سەبارەت بە کۆمپانییەکان باس بکەم، تاکو خوێنەر مەبەستی وتارەکە و ڕاستییەکانی زیاتر بۆ ڕۆشن ببنەوە:

یەکەمیان: وڵاتی (Ivory Coast - ساحل العاج) کە یەکێکە لە وڵاتە ھەژارەکانی ئەفەریکا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٢ ملیۆنە، تێکڕای داھات و بڕی ساڵانەی مووچەی کەسێک ٧٣٠ پاوەندی بریتانییە و لە سەدا ٤٢.٧ ی دانیشتوانەکەی لە ھەژاریدا دەژین و تێکڕای درێژی ڕادەی تەمەن لەوێ تەنھا ٥٤ ساڵە.

ئەم وڵاتە بە پێی چەند ڕاپۆرتێکی چەند ساڵ لەمەوپێشی ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی، بووەتە جێگەی فڕێدانی پاشماوەی نیوکلێر پاوەری وڵاتانی ئەوروپی، کۆمپانیایەکیش بە ناوی Trafigura Company کە سەرمایەکەی ١٢١.٥ ملیارد پاوەندە و قازانجی تەنھا ساڵێکی ١.١١ ملیارد پاوەندە، کۆنتراکتی گواستنەوەی ئەم پاشەڕۆیانەی لە گواستنەوەی ئەم نەھامەتییە بۆ ئەو وڵاتەی کە لەسەرەوە ناوم ھێنا، بەست. ئەمەی کە ئەم کۆمپانییە کرد‌ی بوەە ھۆی تێکدانی ژینگە لە (ساحل العاج) و ناڵاندنی خەڵکێکی زۆر لەوێ کە بە دەست نەخۆشی شێرپەنجەوە دەناڵینێت، کە بە ھۆی زبڵ و پاشماوەی نیوکلێرەوە کە ھەمووی کەرەستەی کیمیاوی بووە و گوێزراوەتەوە بۆ ئەوێ.

سەرەئەنجام کۆمپانییەکە ڕۆژنامەی گاردیانی بردە دادگە، کە گوایە بە ھەڵبەستنی ناڕاستی تاوانباریکردووە، ئەمەش دەبێتە ھۆی زڕاندنی ناو و ناوبانگی. ڕۆژنامەی گاردیانیش لە سەردەمی ڕۆژانی دادگەدا و پێش ئەوەش توانی بە دۆکۆمێنت و بەڵگەی زانستی و پزیشکی کەیسەکەی بسەلمێنێت، کە چۆن ئەم کۆمپانییە کارەساتێکی گەورەی بۆ ژینگە و بەشێک لە دانیشتوانی ئەو وڵاتە خولقاندوە. سەرئەنجام کەیسەکەی بردەوە و لە ڕێگەی دادگەوە ١٠٠ ملیۆن پاوەندی بچڕی بۆ حکومەتی(ساحل العاج)، تاکو وڵاتەکەی لە پاککردنەوەی ئەو پاشەڕۆیانە و نەھێشتنی کاریگەرییاندا سەرفی بکات، لەھەمان کاتیشدا ٣٠ ملیۆنی تریش پاوەند لە کۆمپانیەکە سەندرا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خەڵکانەی کە بە ھۆی ئەم کۆمپانییەوە توشی جۆرەھا نەخۆشی بوون، تاکو چارەسەری خۆیانی پێبکەن.

حکومەتی (ساحل العاج) کە خۆی زۆر لەپێش گاردیانەوە ئەم ڕاستیانەی دەزانی، بەڵام ھیچ وەخت زات و زوقرەی ئەوەی نەکرد، کە کۆمپانیەکە بداتە دادگە، چونکە لە وڵاتێکی ئاوادا کە ئەوە دۆخ و باری ژیانی خەڵکەکەی بێت، وەکو لە سەرەوە باسم کرد، مەحاڵە بتوانرێت چەندەھا ملیۆن بۆ بردنە دادگەی کۆمپانیەکی وا زەبەلاح و پاوەرفول، تەرخان بکرێت، ئەمە جگە لەوەش، کە ئەگەرێکی زۆری دۆڕاندنیشی ھەبوو و ئەو کاتەش نەک ھەر دەبووایە کولفەی دادگەی بدایە، بەڵکو دەبوایە کولفەی تێچوی دادگەییکردنی کۆمپانیەکە و قەرەبووشی بدایە پێیان.

نمونەی دووھەم، وڵاتی نایجیریایە لە ناوچەی بۆدو، کە بەھۆی کۆمپانیای شێڵەوە ژینگەی ئەو ناوچەیە وێرانبووە و بووەتە ھۆی ئەوەی کە ٦٩ ھەزار کەس لەو ناوچەیەدا توشی جۆرەھا نەخۆشی قورس و پیس ببن، کە ھەند‌ێکیان بووبوونە شێرپەنجەی کوشندە. من لە وتارێکی ترمدا کە پێشتر بڵاومکردۆتەوە سەبارەت بە دەوری کۆمپانیا و سوپەرماکێتەکان، باسی ئەمانەم کردووە، بۆیە لێرەدا ھەر وەکو نمونەیەک پەنجەی بۆ ڕادەکێشم. ئەم کۆمپانیەش بەھۆی دانی کۆمەکی یاساییەوە توانرا ببرێتە دادگە و لەوێدا شێڵ دانی بە تاوانەکەیدا ناو ئامادەبوو قەرەبووی خەڵکی ناوچەکە بکات و ٨٠٠ ملیۆن پاوەندیش تەرخان بکرێت بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە ماک و کاریگەری ئەو کیمیاویەی کە ساڵانێکی دوورودرێژ بەھۆی دەرھێنانی نەوت و دزەی نەوت لە بۆرییەکانەوە بۆ سەر زەوی و کێڵگە و کانیاو و ڕوبارەکان، ڕویداوە و ئامێتەبوونی ئەو مادە کیمیاییانە لەگەڵ سەرچاوەکانی ژیانی خەڵکی ناوچەکە، بووەتە ھۆی سەرھەڵدانی نەخۆشییەکان.
 

٢٨\٤\٢٠١٢ - لەندەن

ماڵپهڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک