په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١\٢٠١٣

بتی تابووەکانی (نەریتئاین)تان دەشکێنین!

سەلام عەبدوڵا    


لە وڵاتەکەمان نەریتی کۆمەڵایەتی کۆنەپارێز و ئاین بەیەک تێکەڵبوون و کۆکتێلی سیستێمێکی مافیایی دڕندەیان بەرهەمهێناوە و دەبنە هۆی ئەوەی پیاوان هەموو رۆژێک تاوان ئەنجام بدەن و، تاوانبارەکانیشیان ژیانی ئاسایی خۆیان بەرێوە دەبەن.


کاتێ بەناوی نەریت و ئاینەوە پەیوەندی و دۆستایەتی لەنێوان کچ و کوڕ دەبێتە تابوو، ئەو کات دەرگای کار و کردەی مافیایی دەکرێتەوەو تەواوی کۆمەڵگە خۆی لەگەلیاندا دەگونجێنێت و وەهم رۆڵی سوڵتان دەبینێت، واتە (شەوە، دوعا، مێردەزمە، جنۆکە، مەراز، قاوەگرتن، کردنەوەی دەمی قورئان، دەستخوێندن) لە مێشک و پەیڤ و رەفتار جێگیردەبن و ژیان بەدەوریاندا دەسوڕێتەوە، دەستوقاچی مرۆڤیش بە زنجیری کوێلایەتی تونددەکرێت، هەر کەس و لایەنێک هەوڵبدات بەری پێبگرێت، ئەوا تۆمەتەکان ئامادەن وەک (کافر، شوعی، بێڕەوشت، رۆژئاوایی)!


بە هۆی باڵادەستی تێکەڵەی (نەریت و ئاین)ەوە، دەستدرێژی سێکسی لەناو خێزانەکان روودەدەن، بۆ نموونە لە خانەقین چوار حاڵەت روویداوە کە (سێ خاڵۆ و مامێک دەستدرێژیی سێکسییان کردووە یان لەگەلیان رێککەوتوون) و باس لە پەیوەندیی سێکسیی (خاڵ و برا و خۆشک و پور) دەکرێ‌ و فرێدانی کۆرپەیەکی تەمەن یەک رۆژ، هەروا لەم رۆژانە لە کەلار دەستدرێژی (باوک و برا)یەک لەسەر کچ و خوشکی خۆیان روویدا، بەڵام ئێمە پرسیار دەکەین:


- چەندە ژمارەی ئەو جۆرە رووداوانە کە تاونبارەکانیشیان ناسراو نین؟
- چەندە ژمارەی ئەو منداڵانە کە دەبن بە قوربانی تیرۆری سێکسیی پیاوان؟
- چەندە ژمارەی ئەو کچانە کە لە ماڵەوە بریندار دەکرێن و نە پۆلیس، نە ئاسایش و نە دادگاکان پێیان دەزانن؟


ژمارەی ئەو تاوانانە زۆر ترسناکن و خۆیان لە ژمارەی تیرۆری دەروونیی و فیزیکیی کچان و ژنان دەدەن، بەڵام هیچ دەزگا، بنکە و رێکخراوێک ناتوانێ وڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە:


رۆژانە کچان و ژنان و منداڵان رووبەڕووی سێکسکردن بە زۆرەملی، لێدان، جەمێن، هەڕەشە، ترساندن، ناوزڕاندن، پارە وەرگرتن، بڵاوکردنی ڤیدیۆ و وێنەی کچان بە رووتیی یان دەستکاریی وێنەکانیان بە فۆتۆشوپ و بڵاوکردنیان.

ئەو جۆرە تاوانانە دەبنە هۆی ئەوەی کچان و ژنان پەنا بۆ ترسناکترین شێوەی خۆکوشتن ببەن (خۆسوتاندن، خۆ خنکاندن بە پەت یان غاز) یان بە خواردنی بڕێکی زۆر لە حەپ، وایان لێ دەکەن خۆیان کۆتایی بە ژیانیان بهێنن و هەندێ‌ جاریش باوک، شوو و برا دەیانسوتێنن یان دەیانخنکێنن و ناوی لێدەنێن (قەزا و قەدەر) و پرسەشیان بۆ دەنێن.


کۆمەڵگەکەمان بە شێوەی کار و کرداری مافیایی بەرێوەدەچێ و بەم شێوەیە زیاتر لە هەر شوێنێکی ئەم سەرزەمینە تاوانی نامرۆییانە بەرهەمدەهێنێ. ئێمە دەڵێین بەسە و کاتی ئەوە هاتووە دەستپێشخەریی بکرێ بۆ سنووردانان بۆ ئەم دڕندایەتییە، بە واتایەکی تر دەبێ کار لەسەر شکاندنی تۆق و زنجیری یاسا و رێسای باوی پەیوەندیی نێوان کچان و کوڕان بکرێ: بتی (نەریتئاین) بشکێندرێ، ئێمە پێیان دەڵێین ئەوە بەری کارەکانتانە، تەنها رسوایی و سەرشۆڕیی و تاوانە!

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک