په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١١\٢٠١٠

بوارێک بۆ یادەوەرییەکى ( بوارى مام ساڵح ).


هیوا رەش    


ئێستاش وەکو جاران تۆ لە چاوى مندا کیژۆڵە چاوگەشەقسەخۆش و ئێسک سووکەکەى جارانیت ، ئەو کاتانەى باوکت (( مام ساڵح )) و براکانت ، کاکە (( دلێر و هونەر )) ،هەموو شتێکیان توڕ دابوو ، تۆزى ژێر پێیە شەقار شەقارەکانى جوتیارێکیان لە تاجى سەرى سەدام حوسێن لا پیرۆزتر بوو ، تۆ و دایکت و چنور و بەهار بۆ خۆ دزینەوە لە زیتەى چاوى بەعسییە مرۆکوژەکان سێبەرى دایکتان کردبووە ساباتى ژیان ، لە بیرتە ! منى (( کاکە هیوا )) ى تۆى ئەو سەردەمە ، بڕیارم دا پیاسەیەکى مناڵانەى لێبووردووانە بە تۆ بکەم ؟ خۆ تۆ هیچت لە سیاسەت نەئەزانى ! ئایدیۆلۆژیا مێشکە سپى و بێگەردەکەتى جەنجاڵ نەکردبوو، هێشتا مناڵ بووى ، نەتئەزانى پێشمەرگە چییە ؟ ! بەڵام بە سۆنگەى باوکت و براکانتەوە پێشمەرگەت خۆش ئەویست ، لە ماناى شیوعییەت نەئەگەییشتى کەچى دڵە بچکۆلانەکەت ئاوێتەى ببوو ، بیرتە ؟ ئەى کچە بچکۆلانەکەى ساڵى 1989 ؟ لە شوقەکەى نزیک مزگەوتى سپى کەخۆت و دایە فاتمت و خوشکەکانت بە بێ باوک و برا پەناتان وەبەر ماڵى دایکى شەهیدان ( جەمیل و ئازاد و نەوزاد و سالار ) هێنابوو ، لە شوقەیەکى بچووکدا لەگەڵ دایە کافیە و کچەکانى ( شەرمین و تارا و ئارا ) ژیانتان ئەگوزەراند ؟ ئەو دەمەى هەموو سیخوڕەکانى بەعسیى نێو لایەنە کوردییەکانیش تەنها شیوعییەکانیان کردبووە ئامانج و لە هەڕاجخانەى خۆفرۆشیدا ئەیان کردنە دەس و دیارى بۆ سەر مێزى جەللادەکان ، ئەو دەمەى سەدامییەکان و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانیان هەموو هەست و نەستى بکوژیى خۆیان خستبووە کار و شیوعى و ماڵە شیوعى و مناڵە شیوعى و پێشمەرگەى شیوعى و ڕێکخستنى شیوعى و دۆست و هەوادارانى شیوعییان خستبووە نێو قەڕەوڵى خوێنڕێژى خۆیانەوە !


بوار گیان : کیژۆڵە بچکۆلانەکەى دوێنێ و مرۆڤە پڕ لە هەست و سۆزەکەى ئەمڕۆ ، ئێستا کە ناو و ئیمزات لە کەمپینى دژ بە گەندە پیاوەکانى سەدام و تاوانباراندا ئەبینم زۆر خۆشحاڵم ، هەر ئەو خۆشحاڵییەش یادەوەرییەکى خۆشى هێنایەوە یادم :


پاییزە درەنگێکى ساردى بەرەو زستانى ساڵى 1989 بوو ، زۆریان ووت و زۆریان تکا کرد ، هیوا توخوا بوار لەگەڵ خۆتدا مەبە ، تۆ مل لە چەقۆ ئەسویت بارخە بوار بە خۆتەوە تووش مەکە ، من هەر سوور بووم ئەبێت لەگەڵ خۆمدا بتبەم وقەمسەڵەیەکت بە دیارى بۆ بکڕم ، دەستى تۆم گرت و هەموویانمان بە دڵەکوتەوە جێهێشت و بە پلیکانەکاندا بەرەو خوار شۆڕ بووینەوە ، بەدەم قسە و یەکتر دواندنى مناڵانەوە پەڕینەوە ئەوبەر شەقامەکەوە ، بیرتە ؟ تۆ قسەى خۆشت بۆ ئەکردم و منیش بە زمانى سادەیى مناڵانەت ئەمدواندى ، بێئاگایانە ملى ڕێمان نابووە بەر بەرەو بازاڕ ، بەڵام لە ناکاوێکدا ( مفرزە مشترکە ) ى بەعسییەکان لەسەر چوار ڕێیانەکەى عەنکاوە شیرازەى پیاسەکەیان لێ تێکداین ، هەنگاوەکانمان خاو بووەوە و گفتوگۆکەمانیش پچڕپچڕ بوو ، بە پەلەپڕوزێ دەستى تۆم بەردا و لە باتى بۆ کەلەکەمى درێژ بکەم و دەمانچە ڕابکێشم ، بردم بۆ گیرفانى چاکەتەکەم وپاکەتەکەم دەرهێنا و هەر زوو جگەرەیەکم نا بە لێومەوە ، لەو ئان و ساتەدا بوو گەییشتینە ناو مەفرەزەکە ، خۆمان تێک نەدا و من سڵاوم لێیان کرد و ڕووى دەمم لە یەکێکیان کرد وپێم ووت : زەحمەت نەبێت ، ئاگرت پێیە ؟ ئەویش دەستى خستە گیرفانیەوە و لەگەڵ داگیرساندنى چەرخەکەیدا وتى : فەرموو مامۆستا ، بەدەم سوپاسەوە جێیانمان هێشت و نزیکەى 50 مەترێک لێیان دوور کەوتینەوە ! بوار گیان بیرتە تۆ بوارت نەدام و یەکسەر باڵانگژم بوویتەوە و شانت پێم شۆڕ کردەوە و چرپاندت بە گوێمداو ووتت : کاکە کاکە ، ئەگەر سەدام بزانێت ئەو جاشانە جگەرە بۆ پێشمەرگە دائەگیرسێنن هەر ئەیانکوژێ ! منیش هیچم بۆ نەووترا و بە زەردەخەنەیەکى ترس داگرتووەوە بە ووشەى (( عەیار )) وەڵامتم دایەوە .


خۆشحاڵم بە ناو و ئیمزاکانت ، چونکە هەوێنی هەستە ناسکەکانى ئەو سەردەمەتى پێوە دیارە ، بۆیە وا ئێستا نەفرەت لەو بەعسییانە ئەکەیت کە نەیانهێشت مناڵیت بە نازى باوکت و خۆشەویستى براکانت بەسەر ببەیت و لە جیاتى بوکەشووشە خەونە ڕەنگاڵەییەکانى مناڵیت هەر گرتن و تۆقاندن و ڕاوەدوونان و خۆشاردنەوە بوو . لە هەمان کاتیشدا حەپەساوم نازانم سەرکردایەتى سیاسى کورد ، بە تایبەتى فیرعەونەکانى پارتى و یەکێتى بۆچى و لەبەر چى لە ئاست ئەو تاوانبارە خۆفرۆش و ئەنفالچییانە ملپان و موو نەرمن و لە پێناوى ئەو بکوژانەدا یاسایان کردۆتە قەیتانى پێڵاوەکانیان ؟ ! ئەگەر وا نیە ، ئەى ئەوە نیە لە تۆڵەى ئەوەى ڕادەستى دادگایەکى ڕەوایان بکەن تا بە سزاى تاوانەکانیان بگەن ، داڵدەیان ئەدەن و دیوەخانانەیان بۆ ئەبڕنەوە و پۆستى لە جاران دەسڕۆییوتر و خەرجى زیاتریان لە ئۆغردا دائەنێن ، بوار گیان خوا بکات جارێکى تر ناچار نەبینەوە لە ترسى نێوچەوانى خوێناوى و زیتەى ئاگراوى چاوى پیاوکوژانى دوێنێ دووبارە کوشتن و تۆقاندن و گرتن و ڕاوەدوونان بە باڵاماندا نەبڕدرێتەوە .


ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش