١٤\١١\٢٠١٩
بزاڤی لۆلییە.

عەلی مەحمود محەمەد
لۆلا ٥٨٠ رۆژ لە کونجی زیندان مایەوە, زیندانیانکرد بۆ ئەوەی مافی
کاندید بونەکەی لێ بسێننەوە, کودەتای پێش گەیشتن بە کورسی بوو,ئەو
قوربانی جەماوەریی بونەکەی بوو,لێ چرکەساتێکیش تەنیا نەبوو, ھەر لە
رۆژی ٧ی نیسانس ٢٠١٨ ەوە , رۆژانە ھاوڕێیانی کە لە بەردەم زیندانەکەی
کۆببونەوە, بەیانیان ھاواریان دەکرد لۆلا بەیانیت باش, شەوانە لۆلا
شەوت باش, بەرازیلیەکان لۆلایان لە زیندان بە تەنیا جێ نەھێشت, ھەمیشە
دەنگیان لە گوێی دەزرینگایەوە, زیندانییەکی بەختەوەر بوو, زیندان ببوە
پیرۆزگای ھەژارانی وڵاتەکەی.
ئەوان ویستیان بە زیندانیکردنی لۆلا چەپی بەرازیلی و ئەمەریکای لاتین
بکوژن, چۆن بە کوشتنی گیڤارا چەپ گەورەترەوە بوو لەو کیشوەرە,
زیندنیکردنی لۆلاش قۆناعێکی دیکە ھێنایە پێشەوە, ئامانجەکانی لۆلا
کیشوەری بوو, وەک لە یەکەم لێدوانیدا ھاوسۆزی خۆی بۆ ھاوئامانجەکانی لە
ئەمەریکای لاتین دەربڕی, لۆلا ئامادە نەبوو زیندان بەجێ بھێلێێت, ئەو
ویستی لە گەڵ خۆیدا عەدالەتی زیندانیکراو ئازاد بکات, ئەو وەک چۆمسکی
وتی ناڕەواترین زیندانی سیاسی بوو لە جیھاندا, ئەو دەستگیر کرا بۆ
ئەوەی سەرکەوتنی جارێکی دیکەی لێ زەوت بکەن, ئەوەی کرا کودەتا بوو, لە
پۆششی بەناو دادپەروەریدا, لە راستیدا کودەتایەک بوو دادپەروەری تیایدا
ئەتک کرا.
دەرکەوت سیرجیۆ مۆرۆی دادوەر راستگۆ نەبووە, لە پاداشتی زیندانیکردنی
لۆلا کرایە وەزیری داد لە حکومەتی جایۆ بۆلسانرۆی فاشیست, کە راکابەری
لۆلا بوو, دواتر نامەکانی تەلەگرامی مۆرۆو داواکارییە گشتییەکان لە
نێوان ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ بۆ یۆلی ٢٠١٧ کە پێگەی ئەنتەرسبت بڵاوی کردەوە ,
دەریخست ئامانجیان ئەوە بووە لۆلا لە کاندید بوون بۆ پۆستی سەرۆک
کۆماری دور بخەنەوە, تەنانەت بە بەرنامە لێدوانی رۆژنامەگەریشیان لە
کاتی ھەڵبژاردنەکان لێ قەدەغە کرد, ئەوەش گەورەترین سکانداڵی گەندەڵی
سیاسی بوو لە مێژووی کۆماری بەرازیلدا, ھەروەھا ھەمان ئەو نامانە
دەریانخست بەڵگەیان لەبەردەست نەبووە بۆ تێوە گلانی لۆلا ,
تۆمەتەکانیان بنچینەی نەبووە.
مۆرۆ دادوەری ئەوساو وەزیری دادی ئێستا, دەڵێت قەناعەتمان وایە
شوقەیەکی ٣ ژوری وەرگرتووە, وەلێ بەڵگەمان نییە, دوای ھەڵبژاردن بەشی
خۆی لە کودەتاکە دورییەوە, پۆستی وەزارەتی دادی لەو کابینەیە وەرگرت کە
بە دور خستنەوەی لۆلا بەدەستیان ھێنا.
میشیل تامیر جێگیری دیلما رۆسیف و سەرۆکی دواتری بەرازیل دانی نا بەوەی
کودەتای سیاسییان کردووە , بۆ ئەوەی رێگری لە گەڕانەوەی لۆلا بکەن.
لۆلا جێگای مەترسی بوو بۆ نیولیبراڵ و نەتەوەییە فاشیستەکانی ئەمەریکای
لاتین و ئەمەریکا.
لۆلا کێیە؟
لویس ئیناشیۆ لۆلا دا سێلڤا ناسراو بە لۆلا, لە ٢٧ی ئۆکتۆبەری ١٩٤٥ لە
گوندی فارجیم کۆمبریدای شاری سیتیس لە ھەرێمی برنامبۆکۆ لە رۆژھەڵاتی
بەرازیل لە دایک بووە, ئاواتی دانیشتووانی گوندەکەیان ئەوە بووە لە
ھەژاری رزگاریان بێت و بۆ شار کۆچ بکەن, باوکی ئەمیش رێگایە دەگرێتە
بەر, بە دوایدا پاش چەند مانگێک دایک و ٧ منداڵەکەی ھەمان رێگا دەگرنە
بەر , لۆلا تەمەنی ٧ ساڵان دەبێت, رێگا دورو درێژەکە شار بە پێ دەبڕێت,
بۆ یەکەمجار لە شار سواری ئۆتۆمۆبێل دەبێت, لۆلا پانتۆڵەکەی بە پەت
دەبەستا پشدێنی لە پشت نەبوو تا عەیامێکی زۆر, ئەوباوکەی وا دەزانرا
چووە کار بدۆزێتەوە لە شار, باوەژنێک بۆ لۆلا دێنێت و لە گەڵ
ئامۆزایەکی خۆی زەماوەند دەکات, بۆیە بەناچاری لە ژورێکی کولانەیی پشت
یانەیەکەوە ھەر ھەشتیان تیایدا نیشتەجێ دەبن, لە باوک بێ ئومێد دەبن,
لەناو رشانەوەی سەرخۆشەکان و ھات و ھاواریان, شەڕو گوڵمەزیان ژیان
بەسەر دەبەن, لە بۆیە کردنی پێڵاوەوە بۆ پاقلە فرۆشی وسەوزە فرۆشی و بۆ
فیتەری تا کرێکاری کانەکان بۆ دەیان جۆری دیکەی کارکردن لە منداڵی و
ھەرزەیی نسیبی لۆلا دەبێت لە بری خوێندن و یاریکردن, تا ئامۆژگاریەکەی
دایکی بەرێتە سەر سەربەرزانە ژیان بکات, بۆیە لۆلا ھەرگیز دایکی و
ھەژاری لەیاد نەکرد.
لە ١٢ ساڵی واز لە قوتابخانە دەھێنێت, لە شەقامەکانی ساوپاوڵۆی پڕ لە
تاوان بە پێڵاو بۆیە کردن و فرۆشتنی لەیمون و کارکردن لە بەنزینخانەکان
و ...... خەریکی بەخێو کردنی خێزانەکەی دەبێت, دوای پەنجە بڕینەکەی لە
میانی کاردا لە ساڵی ١٩٦٨ تێکەڵاو بە سیاسەت دەبێت دژ بە سستەمی
سەرمایەداری و ئەمپریالیزم, دەچێتە ریزی ساندیکای کرێکارانی کانەکانەوە,
بڕانی پەنجە توتەی چەپی, ھاوکار بوو بچێتە ریزی چەپی سیاسییەوە, بیر
لەوە بکاتەوە, بۆچی بەشی جەستەی کرێکاران لە دەست بچێ و قەرەبو
نەکرێنەوە, بۆچی منداڵان بە نەخوێندەواری ژیان بەرنە سەر؟؟, بۆچی
منداڵانی ھەژار کورتە باڵان بە زۆری و تەمەنیان کورتترەو لە خۆشی یاری
و وانەی قوتابخانە بێبەرین ؟؟, زۆر پرسیاری دیکە, ئەوەندە زۆربوون
وەڵامەکانیش کەم بوون, بۆیە گەڕان بەدوای وەڵامی ناھەماتییەکانی ژیاندا
لۆلای پەلکێشی خەباتی چیناەتی کرد, پێی وابوو وەڵامی ھەموو ئەو
پرسیارانە لای چەپی سیاسەتە, لای بنەبڕکردنی جیاوازی چینایەتی و
یەکسانی ئابوورییە, کە تەنھا بیری چەپ دەتوانێت بۆ کۆمەڵگای بھێنێت.
لە ساڵی ١٩٧٣ دەبێتە سەرۆکی ساندیکای کانەکانی بەرازیل,ل ە ١٠ی شوباتی
١٩٨٠ لەگەڵ ھاوڕێکانی پارتی کرێکارانی دامەزراند, ئیتر قۆناغێکی دیکە
لە خەباتی لۆلا بۆ خەونە مێژووییەکەی دەستی پێکرد.
چەندین جار بەھۆی چالاکی سیاسییەوە لە سەردەمی حکومەتی دکتاتۆری
زیندانی دەکرێت, لە ساڵی ١٩٨٠ بۆ ٨٣ لە زیندان دەمێنێتەوە, دوای
دەرچوونی سەرەتا بۆ ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی ساوپاولۆ خۆی کاندید دەکات و
دەرناچێت, وەلێ کۆڵ نادات, بە پشو درێژی کرێکاریانە بەردەوام دەبێت,
دواجار لە پەرلەمانی ھەرێمەکە کورسیەک مسۆگەردەکات, بە دوایدا ٣ جار
خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری پاڵاوت و ھەموو جارەکان دۆڕا" ١٥ی ئۆکتۆبەری
١٩٨٩ توانی ١٧,٢% , ٣ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٤ توانبی ١٧,١١% و لە ٤ی ئۆکتۆبەری
١٩٩٨ توانی ٢١,٤%ی دەنگەکن بەدەست بھێنێت ", لە کۆتادا بۆ چوارەم جار
سەرکەوت " ٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٢ لە خولی یەکەم ٣٩,٤% و خولی دووەم ٢٧ی
ئۆکتۆبەر توانی ٦١,٢٧%ی دەنگەکان و لە ١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٦ بۆ دووەم جار
ھەڵبژێردرایەوە لە خولی یەکەم ٤٦,٦% و لە خولی دووەم ٢٩ی ئۆکتۆبەر
٦٠,٨٣%ی دەنگەکانی ھێنایەوە" , کە سەرکەوت وتی" ئیرادە بەسەر ترسدا
سەرکەوت.
ھەرچی پارتی کرێکارانی بەرازیلییە, لە ساڵی ١٩٨٢ تەنھا ٣,٢%ی دەنگەکانی
ھێنایەوە, ھەڵبژاردن لە دوای ھەڵبژاردن کێرڤی رو لە بان بوو, لە ساڵی
رێژەی دەنگەکانی ١٩٨٦ بووە ٦,٩% و لە ساڵی ١٩٩٠ گەیشتە ١٠,٢% و لە ساڵی
٢٠١٠ کە لۆلا دەسەڵاتی بەجێھێشت گەیشتە ١٦,٩%, لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨
کە مەترسی زۆر بوو لۆلا بیباتەوە , پارتەکەی تەنھا ١٠,٠٣%ی دەنگەکانی
ھێنایەوە, ئەمەش بە مانای ئەوەیە جەماوەری لۆلا زۆر زیاتر بوو لە
جەماوەری پارتەکەی.
لۆلا خەباتی کرد بۆ بنیادنانی سستەمی سەرۆکایەتی لە وڵات, گۆڕینی
سستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی, نەک پەرلەمان سەرۆک دیاری بکات, پاش
بردنەوەی بووە یەکەم سەرۆک کۆماری چەپگەرای وڵات و یەکەم سەرۆک کۆماری
کە لە چینی کرێکارەوە ھاتبێت لە بەرازیل, لە دوای دامەزراندنی کۆمارەوە
لە ساڵی دا١٨٨٩ .
لۆلاو ئابووری بەرازیل
لۆلا دەرچووی زانکۆکانی سۆربۆن و ھارڤارد نەبوو, ئابووری لە ژێردەست
وەرگرانی نۆبڵ تەواو نەکردبوو, تەنھا زانکۆی ژیانی ھەژاری تەواو کردبوو,
وەلێ توانی لەماوەی حوکمڕانیدا ئابووری وڵاتەکەی بەرەو پێش ببات ببێتە
جێی ئیرەیی سیاسەتمەدارانی دی, ئەوانەی گەورەترین شھادەو باشترین
زانکۆکانی جیھانیان تەواو کردبوو, ئەو لە زانکۆی دایکی و پێڵاو
فرۆشییەوە ھاتبوو, بە خزمەتی ئەوان باشترین ئابووری زانی ژیانی لێ
دەرچوو.
لۆلا لە ساڵی ٢٠٠٢ کە گەیشتە دەسەڵات, لە سییەکانەوە بەرازیل قەرزار
بوو, لەو ساڵەدا بەرازیل ٢٦٠ ملیار دۆلار قەرزار بوو, لێ ئەو کاتەی
کورسی دەسەڵاتی جێھێشت بووە خاوەند ٣٧٥ ملیار دۆلاری یەدەک.
لە ساڵی ١٩٩٩ بەرازیل ٣٠ میار دۆلاری قەرز کرد لە بانکی دراوی
نێودەوڵەتی, پێش وادەی دیاریکراو بە ٢ ساڵ لۆلا قەرزەکانی ھەموو دایەوە
, تەنانەت لە ساڵی ٢٠٠٩ بڕی ١٠ ملیار دۆلاری قەرزی دا بە سندوقی دراوی
جیھانی.
کە گەیشت بە دەسەڵات, ئابووری بەرازیل لە ریزی یانزەھەمینی ئابووری
جیھانی بوو, داھاتی نەتەوەیی وڵات ٥٥٢,٢٨٨ ملیارد دۆلار بوو, کە کورسی
سەرۆکایەتی جێھێشت, بەرازیل ببوە ٧ەمین ئابووری جیھان و داھاتی
نەتەوەیی وڵات ٤٠٠% زیادی کردبوو, گەیشتبووە ٢,٠٨٧,٨٨٩ ترلیۆن دۆلار.
پێش لۆلا داھاتی نەتەوەیی وڵات ساڵانە بەڕێژەی ١,٧% گەشەیکردبوو, وەلێ
لە ماوەی حوکمڕانی ئەودا بەڕێژەی ٤,٨% گەشەی کرد.
ھەرچی داھاتی تاکە لە ساڵێکدا لە ماوەی حوکمڕانی ئەودا, لە ٣٦٩٦
دۆلارەوە بەرز بوەوە بۆ ٨٣٩٥ دۆلار.
لە سێ ساڵی یەکەمی سەردەمی حوکمڕانی لۆلا ٢٠٠ ملیار دۆلار
سەرمایەگوزاری بێگانە کرا لە بەرازیل, ١,٥ ملیۆن بێگانە لە وڵات
نیشتەجێ بوون,٢ ملیۆن بەرازیلیش گەڕانەوە وڵات, ھەمووی بەھۆی ئەو گەشەو
سەقامگیرییەی وڵات لە روی سیاسی , ئابووری, ئاسایشەوە بەخۆوەی بینیبوو.
لۆلاو ھەژاری
لە ژیانیاندا ھەژاران و رەشپێستەکان و دورەگەکانی بەرازیل وەک سەردەمی
لۆلا ژیانیان باش نەبوووەو کەرامەتیان نەپارێزراوە, لەو وڵاتەی جیاوازی
داھات لە ترۆپکی جیھاندا بووە, لۆلا خزمەتی پڕ بەھای کرد بە ھەژارانی
وڵاتەکەی لە بواری پرۆژەی کۆمەڵایەتی, ھاوکاری دارایی و کرێی باشتر و
پێشکەوتنی کەرتی پەروەردە کرد,٤٤ ملیۆن ھاووڵاتی لە ھەژاری و
نەخوێندەواری رزگارکرد, کۆی گشتی ٣٣%ی ھاووڵاتیانی بەرازیلی کەڵکیان لە
بەرنامەی کۆمەڵایەتی لۆلا وەرگرت.
٢ ملیۆن خانوی بۆیان دروستکرد,بە پڕۆژەی بە سفر کردنی ھەژاری, ھەژارانی
بەرازیلی رزگارکرد لەو دەردەی لەوەتەی بەرازیلی نوێ ھەیە ھاووڵاتیان
بەدەستیەوە دەتلانەوە.
بۆلسا فاملی ناوی پڕۆژەکەی لۆلا بوو بۆ بنەبڕکردنی ھەژاری, ١١ ملیۆن
خێزان کەڵکی لێوەرگرت, تاکە مەرج ناردنی منداڵکانیان بوو بۆ خوێندن, بە
پێی پڕۆژەکە مانگانە ٨٧ دۆلار کۆمەکی ھەژاران دەکرا, نەخت کۆمەکەکە
مانگانە دەچوە سەر ژمارەی ئەو بانکەی بۆیان کرابوەوە, کە دەیکردە ٤٠%ی
لانی کەمی کرێ, ھاوکات لانی کەمی کرێ بە سستەم چووە سەر بە تایبەت
موچەی کرێکارانی بەرگ شین, سەرەتا لانی کەمی کرێی دانا بە ١٦٠ دۆلار لە
مانگێک, لە شوباتی ٢٠٠٩ لانی کەمی کرێ گەیشتە ٢٣٠ دۆلار لە مانگێکدا.
داھاتی خێزانەکان لە ساڵی ١٩٩٦ەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٢ نەگۆڕابوو, وەلێ لە
ساڵی ٢٠٠٣ ەوە زیادی کرد, ئاستی نا یەکسانی بە پێی پێوەری جینی بۆ
نایەکسانی لە ٠,٦٤ ەوە دابەزی بۆ ٠,٥٥, کە ئەم ژمارەیەش ھێشتا زۆر زۆر
بوو " پێوەری جینی کە دەبێتە سفر یانی کۆمەڵگا تەواو یەکسانە, ئەوەی
پێی دەوترێت کۆمەڵگای کۆمۆنیستی, کە دەکاتە ١ یانی تەواوی سەروەت و
سامان لە دەستی یەک کەسدا کۆبۆتەوە" .
تا ئەوکاتەی لۆلا دەسەڵاتی جێھێشت,١٠%ی ھەژارترینی وڵات داھاتی بەرێژەی
٩% چووە سەر, بەڵام ١٠%ی ھەرە دەوڵەمەندەکان داھاتیان ٢-٤ % زیادی کرد,
بەمەش لاسەنگی لە قازانجی ھەژاران پێک ھات.
٥٠%ی ھاووڵاتیانی بەرازیلی لە ھەژاران لە سەردەمی حوکمڕانی لۆلا
داھاتیان بەرێژەی ٦٨% چووە سەر,ھاوکات ٢٣ ملیۆن کەس داھاتیان لە ٤٥٧
دۆلار مانگانەوە بۆ ٧٥٣ دۆلار بەرز بوەوە, بودجەی کەرتی پەروەردە لە
رێژەی ٢,٧% ی بودجەی وڵاتەوە بەرز کرایەوە بۆ ٤,٥%.
لە نا یەکسانی داھاتدا بەرازیل ئێستا لە ریزبەندی ٧٠ ەمین وڵاتی جیھانە,
لە کۆی ١٣٩ وڵات کە ئامار کراوە,بە پێی راپۆرتی ٢٠١٨ی تاقیگای
نایەکسانی, ١٠%ی ھەرە دەوڵەمەندەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ٦١%ی داھاتی
نەتەوەیی بۆ ئەوانە, دوای ئەوان بەرازیل دێت ٥٥%, چین ٤١% و ئەوروپا
٣٧% و ئەمەریکاو کەنەدا ٤٤%ە.
لە سەردەمی لۆلا ھەژاری بنەبڕ نەکرا وەلێ کەمکرایەوە, بەڵام بەرازیل بە
یەکێک لە وڵاتە ھەرە نا یەکاسانەکانی جیھان مایەوە, بۆیە ئەو نازناوەی
بۆی بڕایەوە سەرۆکی ھەژاران شایانی لۆلا بوو.
ئەمانەش وایکرد لای گەلی بەرازیلی خۆشەویست بێت, بووە جەماوەریترین
سەرۆکی بەرازیل بو لە مێژوودا, ئۆباما سەرۆکی پێشووی وڵاتە
یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وتی"لۆلا بەناوبانگترین و پڕ جەماوەرترین
سەرۆکە لە جیھاندا".ھەرچی رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسییە لە ساڵی ٢٠٠٩ وەک
کەسایەتی ساڵ و گۆڤاری تایمزی ئەمەریکیش وەک کاریگەرترین سەرۆکی جیھانی
دیارییانکرد.
ھەرچی ئێستایە دوای کودەتای راستڕەوەکان,داھاتی ١%ی ھەرە دەوڵەمەندەکان
بە رێژەی ٨,٤% زیادی کرد لە ساڵی ٢٠١٨, کەچی ٥٠%ی ھەرە ھەژارەکان
داھاتیان ٣,٢% دابەزی, داھاتی مانگانەی ١%ی ھەرە دەوڵەمەندەکان ٣٣,٨
جار زیاترە لە داھاتی ٥٠%ی ھەرە ھەژارەکانی وڵات.
رێژەی ھەژاری تەنھا لە نێوان ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٧ لە ٨,٣% ەوە بەرز بوەوە بۆ
١١,١% , ٢٣,٣ ملیۆن ھەژار بە کەمتر لە ٥٠ دۆلار لە مانگێک دەژێن.
لە یۆنی ٢٠١٩ دا پێوەری جینی بەرازیل بۆ نایەکسانی گەیشتە ٠,٦٢٩, زیاتر
لە ساڵی ٢٠١٢ کە لۆلا تیایدا گەیشتە دەسەڵات.
ھەژاران لە ٢٠١٤ ەوە , ١٧,١% داھاتیان لە دەستداوە, چینی ناوەند ٤,٢%,
وەلێ ھەرە دەوڵەمەندەکان داھاتیان ١٠,١% زیادی کردووە.
کەواتە کودەتای سەرمایەداران لە رێگای ناسیۆنال فاشیستەکانەوە,
ئامانجەکانی خۆی پێکاوە, نیولیبراڵیزم لە ژێر دروشمی یەکەم بەرازیل
بەرنامەکانی خۆی باشتر جێبەجێ دەکات, کە لە راستیدا نەک یەکەم بۆ
بەرازیلە بەڵکە یەکەم بۆ سەرمایەدارانی بەرازیلە.
لۆلا تەنھا ٠,٥% بەرھەمی نەتەوەیی بۆ بنەبڕ کردنی ھەژاری تەرخانکردبوو,
ھاوکاری ٦٤ ملیۆن ھەژاری دەدا, ئەی ئەگەر زیاتری تەرخان بکردبایە چی
دەبوو, کەواتا پارە لای دەسەڵاتداران ھەموو کات ھەیە, بە زۆر نەبێت
دەریناخەن.
شایی راستگەراکان
لۆلا بە تاوانی گەندەڵی وەرگرتنی شوقەیەک بەھاکەی ٥٩٠ ھەزار دۆلارە
دەستگیرکرا, لە گەڵ ٧٨ سیاسی دیکەی بەرازیل تۆمەتبارن بە دۆسیەیەکی
گەندەڵی بەناوی شوشتنەوەی ئۆتۆمۆبیل,بە پێی دۆسیەکە بێت لۆلا خاوەند
١٩٠ ھەزار دۆلار و دوو ژمارەی بانکی و دوو خانوو و پارچەیەک
زەوییە,سەرەتا بە ١٢ ساڵ و مانگێک سزا درا دواتر کەمکرایەوە بۆ ھەشت
ساڵ , لە کاتێکدا ئەویان دەستگیرکرد, کەچی ٧٨ کەسی دیکە گلاونەتە
دۆسیەکەوە ھەموو ئازادن و ئەویش پلەو پۆستی لە سەروی ھەمووانەوە بووە,
بۆیە چەپەکانی بەرازیل پێیان وابوو ئەمە چەوساندنەوەی سیاسییەو درێژەی
کودەتاکەیە بەسەر سەرۆک دیلما رۆسیف کرا لە ١٤ی ئازاری ساڵی ٢٠١٦,
ھاوکات پێیان وابوو تاوانی تیرۆرکردنی ماریلا فرانکۆ ئەندامی پارتی
ئازادی و سۆسیالیزم کە لە ١٤ی ئازار لە شاری ریۆ دی جانیرۆو تەقە کردن
لە کاروانی لۆلا لە شاری بارنا ھەموو دەچنە چوارچێوەی یەک سیناریۆوە دژ
بە چەپەکانی بەرزیل رێکخراوە.
سوپا پێش بڕیاری دادگا پشتیوانی لە بڕیاری دەستگیر کردنەکەی لۆلا کرد,
جەنەراڵ ئیدواردۆ فیلاس ٣ رۆژ پێش بڕیاری دادگا وتبوی : سوپاو
ھاووڵاتیانی شەرافەتمەند ئیدانەی رزگار بوونی تۆمەتباران لە سزا دەکەن,
رێزی دەستور و ئاشتەوایی و دیموکراسیەت دەگرن,ھەرچی ژەنەراڵ لویس
شرۆیدەرە لەمە زیاتر رۆیی و رایگەیاند " ئەگەر لۆلا لە ھەڵبژاردنەکان
بردیەوە , ئەرکی ھێزە چەکدارەکانە سستەم بگەڕێنێتەوە,ھەردوو ژەنەراڵەکە
رایان گەیاند بەشداری لۆلا لە ھەڵبژاردنەکان مەترسییە بۆ سەر ئەو
جەنگەی بەرازیل دژ بە گەندەڵی ئەنجامی دەدا, لە راستیدا لۆلا مەترسی
بوو بۆ سەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە, ھەمان سیناریۆ سوپاو پۆلیس ئێستا لە
پۆلیڤیا بەڕێوەی دەبەن دژ بە سەرۆک مۆرالیس.
پارتی سۆسیال دیموکراتی راستگەراش رایگەیاند سزا نەدانی لۆلا
گەڕانەوەیە بۆ دواوە, وەلێ چەپەکان پێیان وابوو یاسا بۆ ئامانجی سیاسی
بەکار ھاتووە,ئەوان پێیان وایە ئەمە کودەتای راستگەراکانە, ٧٨ بەرپرس و
پەرلەمانتاری دیکە لە لیستەکەدان, تەنھا لۆلا دەستگیر کرا, بە خێرایی
دۆسیەی لۆلا چووە پێش لە کاتێک زۆر سیاسی راستەوخۆ گلابونە گەندەڵییەوە
و تا ئێستاکەش دوای ٥٨٠ رۆژ زیندانی لۆلا دۆسیەکانیان بە داخراوەیی
ماوەتەوە.
ئەفسەری خانەنشین جائیر بۆلسۆنارۆ,ناسیۆنالستی راستگەرا قازانجکەری
یەکەم بوو لە دور خستنەوەی لۆلا لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار,
چونکە لە ریزبەندی دووەمی راپرسییەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی دا
بوو بە جیاوازییەکی زۆرەوە لە دوای لۆلاوە بوو, بە دەستگیر کردنی لۆلا
دەرگای کۆشکی کۆماری بۆ کرایە سەر پشت, ھەموو چینە چەوسێنەرەکان, لە
سوپاوە بۆ پارتە رەنگاو رەنگەکانی بۆرژوازی گلانە کودەتاکەوە تا دەگاتە
سستەمی دادوەری, کودەتایەکی سەربازی بە تامی یاسا, لۆلا سەربکەوتایە,
مەترسی ھەبوو وەک ئێستای مۆرالیس کودەتای بەسەردا بکرابایا, لە سایەی
بوونی سوپاو دەزگای ئاسیشی بەھێزی کۆنترۆڵکراو لە لایەن بۆرژوازییەوە
محاڵە بتوانرێت بە گەمەی دیموکراسی دەسەڵات بگرێترێتە دەست, پێشتریش لە
ھندۆراس و پاراگوای ھەمان سیناریۆ دوبارە کرایەوە, ئەگەر نەگەڕێینەوە
بۆ شیلی.
لۆلاو ھەڵبژاردنەکانی بەرازیل
ئامانج لە دەستگیر کردنی لۆلا, رێگە گرتنی بوو لە گەڕانەوە بۆ دەسەڵات,
لە رێگای ھەڵبژاردنی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ ەوە, ئەگەر بوار بە لۆلا
بدرابایا بۆ بەشداریکردن, ئەوا ھەڵبژاردنەکە دەبووە راپرسی لەسەر
زیندانی کردنەکەی, ئەویش لە کۆتادا دادگای ھەڵبژاردن بڕیاری یەکلا
کەرەوەی لەسەر دەدات.
پێش دەستگیر کردنەکەی لۆلا وتی" دەستگیر کردنی باشترین کاندیدی
ھەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەر, داڕوخانی نەرێتی دیموکراسییە لە
بەرازیل".
راپرسیەکان دوای دەستگیر کردنەکەی کە لە ١١ و ١٥ ی ئەپرێل ئەنجام دراوە
دەریدەخەن , پشتیوانیەکەی لۆلا بۆ ٤٧% بەرز بۆتەوە, بەمەش جیاوازی لە
گەڵ دووەم کاندیدی ھەڵبژاردنەکان بۆ زیاتر لە ٣٠ خاڵ چۆتە سەر.
ھاوکات ٤١%ی ھاووڵاتیان پێیان وابوو لۆلا بێ بەڵگە سزا درا , ٤٤% ی
ھاووڵاتیانیش پێیان وبوو زیندانیکردنی غەدرە لێی کراوە, ٥٨%یش پێیان
وابوو مافی خۆیەتی بەشداری ھەڵبژاردن بکات, لێ کودەتاچیەکان
ھاوپەیمانیەتی چینی دەسەڵاتداری کۆن و سوپاس و دادوەری ئەو مافەیان لێ
سەندەوە.
رێگا نەدان بە لۆلا لە بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکان کۆتایی کایەی
سیاسی بەناو دیموکراسیی بوو لە بەرازیل و دواتر ئەمەریکای لاتینیش.
لۆلاو چەپ
لۆلا سەرکردەیەکی قاڵبوی ناو جەرگەی خەباتە, بۆیە بە تۆمەتەکان ورەی
نەروخاو لە بانگەشە نەکەوت, داوای کرد دەمەوێت سەیری ناو چاوی ئەوانە
بکەم تۆمەتم بۆ ھەڵە بەستن, وتی : ئەمە کۆتاییم نییە, من بوومە بە
بیرێکی سیاسی .
لۆلا لە ساڵی ١٩٩٠ دوای روخانی بەرلین ,کۆڕبەندی ساوپاولۆی دامەزراند,
بۆ کۆکردنەوەی پارت و ھێزە چەپەکانی ئەمەریکای لاتین, کە دواتر لە ١٥
وڵات گەیشتن بە دەسەڵات, بۆیە ئەو شۆرشگێڕی پاش قەیرانەکانە, رەشەبا
ھەڵی ناتەکێنێت, لۆلا ئەوکاتی لە دەسەڵات بوو نوێنەرایەتی چەپی
میانەڕەوی ریفۆرمیستی بەرازیلی دەکرد نەک چەپی شۆڕشگێڕ, لێ لە چەپی
رادیکاڵەوە ھاتبوو,لۆلا نەک تەنھا کاریگەری لەسەر چەپی بەرازیل ھەیە,
بەڵکە کاریگەری لەسەر چەپی تەواوی ئەمەریکای لاتینیش داناوە بە زۆرینەی
بۆچونەکانەوە, ریفۆرمیستییەکەی وای لێنەکرد لە رادیکاڵەکانیش دابڕێت,
ئەو لە ژیانەوە رادیکاڵە, لێ لە ئەزموونی حوکمڕانی یەکەم وڵاتی
ئەمەریکای لاتینەوە پراگماتیکە.
دەستگیر کردنی قەیران بوو بۆچەپەکانی بەرازیل, بەھۆی نەبوونی
کارێزمایەکی بەھێزی چەپ وەک لۆلا کە ھەمووی کۆبکاتەوە لە ژێر باڵی خۆی,
لە کاتێکدا راستەکان بەھۆی پشتیوانی دکتاتۆرەکانی پێشوی وڵاتانی
ئەمەریکای لاتینەوە بەھێزتر بوونە, وەلێ چەپی ئەمەریکای لاتین پارتە
شیوعیە مۆزەکانی ئەوروپای رۆژھەڵات نین, بەڵکە چەپێکن لە ھەناوی
کۆمەڵگاوە ھاتوونەو پاش شکستەکان ھەمیشە بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات
ھەڵساونەتەوە, ئەوان چەپی نان و کارو ئازادین.
ئازادکردنی لۆلا ھاوکات بوو لە گەڵ دوو روداو, سەرکەوتنی چەپ لە مەکسیک
و کودەتای سەربازی لە پۆلیڤیا, بە ئازادبوونی ئەو چەپەکان بە
قەڵایەکەوە بەرەو روی عەقیدەی مۆنرۆ بۆ داگیرکردنی ئەمەریکای لاتین بە
توانایەکی زیاترەوە بەرەو روی دەبنەوە, لۆلالەژێر باڵی خۆی
کۆیاندەکاتەوە, چەپ لە ئەمەریکای لاتین لە بزاڤێکی سیاسی دەرچووە بوە
بە بەشێک لە کلتورو بیری گشتیوبۆیە لە ریشە دەرھێنانی ئەستەمە.
ماڵپهڕی عهلی مهحمود محهمهد
|
       |