په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

بزاڤی رۆژنامەوانی کوردی لە ئیتالیا: ئەزموونی گۆڤاری هەتاو.

 

 
د. جاسم نۆفیق خۆشناو

 


بزاڤی رۆژنامەوانی یان چاپەمەنی کوردی لە ئیتالیا، راستەوخۆ، بەستراوەتەوە بە بوونی کوردستانیان لەم وولاتە. بە پێی ئەو زانیارانەی لەبەر دەستی ئێمەدایە لە سەرەتای سالانی حەفتای سەدەی رابردووو، بە واتایەکیتر لە دوای بەیانی ئازاری 1970، دەستەیەک خۆێندکار، کە زۆربەیان لە باشوری کوردستان، روویان لە ئیتالیا کرد، زۆربەیان هونەرمەندی تەشکیلی بوون، ئێستاش هەندێکیان لە ئیتالیا دەژین. کەچی دوای هەلگیرسانی شەری عێراق ـ ئێران (1980 ـ 1988) کۆچی کورد بۆ هەندەران لە هەموو پارچەکانی کوردستان رووی لە زیادی کرد، بە تایبەتی نزیکەی 300 خوێندکاری کورد، بە مەبەستی خۆ دەربازکردن لە ئاگری ئەم شەڕە، هاتنە ئیتالیا. لەبەر ئەوەی ئەو کات لە ئیتالیا مافی پەناهەندەیی نەبوو لە سەرەتا هەموویان دەستیان بە خوێندنی زانکۆ کرد. گەیشتنی ئەم گروپە گەنج و خوێنگەرم و پڕ لە هەستی نیشتمانی وەرچەرخانێکی گەورەیە لە مێژووی بوونی کوردستانیان لە ئیتالیا.


بە پێی زانیاری ئێمە تا داگیرکردنی کوێت لە لایەن رژێمی سەدام حوسێن (2/8/1990) تەنها یەک کتێبی سادە، لە سالی 1976، لەسەر کورد و کوردستان بە زمانی ئیتالی چاپکرابوو. واتە خەباتی کولتوری و هەولدان بۆ ناساندنی دۆزی کورد بە رای گشتی ئیتالی کارێکی یەکجار سەخت بوو، دەگەل ئەوەشدا کوردەکانی ئیتالیا، بۆ ناساندنی دۆزی گەلەکەیان، هێزو توانای خۆیان خستەگەر، ئەمەش لە رێگای بلاوکردنەوەی بەیاننامە، دۆسیە، بلاوکراوەو دۆکومێنتی جۆربەجۆر. لە دوای داگیرکردنی کوێت تاکو ئێستا زیاد لە 20 کتێب بە زمانی ئیتالی لەسەر مەسەلەی کوردستان چاپکراون، زۆربەیان لە لایەن ئەو کوردانە نووسراون کە لە ئیتالیا ژیاون.


تا ئیستا ژمارەی کوردستانیان لە ئیتالیا، کە دانیشتوانی خۆی لە 60 ملیۆن کەس دەدا، لە پێنج هەزار تێپەڕ ناکات، پەرتەوازەو کەم ئۆرگانیزەن، چەترێک نیە هەموویان لە بنی کۆببنەوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی، لە رابردوو و لە ئێستا، بزاڤی چاپەمەنی، بە تایبەتی رۆژنامەوانی، وەکو پێویست رۆلی خۆی نەبینیووە.


لەم لێکۆلینەوەیە ناکرێت باسی هەموو ئەو نووسراوە (کاغەزی) کوردی و ئیتالیانە بکەین کە لەم 30 ـ 40 سالانە بلاوکراونەتەوە. پێش ئەوەی بێینە ناو باسەکەمان بە پێویستی دەزانم ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کە لە سالانی 1981 ـ 1983 گۆڤاری "دووڕیانی شۆڕشگێری؛ کە زمان حالی "یەکێتی لاوانی شۆڕشگێری کوردستان؛ بوو سێ ژمارەی (32 ل) لێ دەرچوو. یەکێتی لاوانی شۆرشگیری کوردستان لە هاوینی 1981 لە ئیتالیا دامەزار، پەیرەو پرۆگرامێکی ئایدیۆلۆژی مارکسی هەبوو، گۆڤارەکەش بە زمانی کوردی بوو. بە پێی زانیاری ئێمە ئەوە یەکەم گۆڤاری کوردی بووە لە ئیتالیا، بە زمانی کوردی، دەرچووبێت. رێکخراو و گۆڤارەکە کە خاوەنی ئەم باسە، بە شێوەیەکی چالاک و سەرەکی تیا بەشداری کرد، لە سەرەتای 1984 هەلوەشایەوەو کاروچالاکیەکانی راگرت.


بە باشمان زانی تەنها باسی گۆڤاری "هەتاو؛ بکەین لەبەر چەند هۆیەک: لە سالی 1990 رێخراوێکی نا حیزبی بە ناوی "کۆمونیتای کورد لە ئیتالیا Comunitá Kurda in Italia – CKI؛ پێک هات تا هەموو کوردستانیان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە، لەسەرەتاوە سەرکەوتنێکی باشی بەدەست هێنا، یەکەم گۆڤاری کوردیە بە زمانی ئیتالی دەربچێت، بابەتەکان، تا رادەیەکی باش بە پێزو سەرنج راکێش بوون، لە رووی تەکنیک دیزاین گۆڤارێکی سەرکەوتوو بوو.


هەتاو، هەرچەندە بە ناو، هی کۆمونیتای کوردی ئیتالی بوو بەلام بە هەوڵ و خۆماندووکردنی کاک شۆرش عەزیز سورمێ دەردەچوو. هەرچەندە بە رەسمی لە ماوەی سالانی 1993 ـ 1998 کاک شۆرش سەرۆکی کۆمونیتا بوو بەلام دوا ژمارەی هەتاو لە 1994 دەرچوو. بە هیوای ئەوەین برادەرانی ئەو کاتەی کۆمونیتاو و خودی کاک شۆرش باسی راوەستان و خۆکێشانەوەیان بکەن.


لێرەدا هەولدەدەین بە کورتی باسی ناوەرۆک و بابەتەکان و ئەو کەموکورتیانەی، بە رای ئێمە لەم 3 ژمارەیەی هەتاو دەکەنە بەرچاو، بخەینە بەردەم خوێنەران بەو هیوایەی ببێتە سەرچاوەو ماتریالی بە سوود بۆ هەرکەسێک، لە ئایندە، بیەوێت توێژینەوەیەکی مێژوویی یان ئەکادیمی لەسەر بزاڤی چاپەمەنی کوردی لە هەندەران بنووسێتەوە.
 

 


گۆڤاری هەتاو
گۆڤارێکی کولتوری کوردیە، لە لایەن کۆمونیتای کورد دەدەکرێ.


Hetaw (il Sole)
Rivista Culturale kurda della Comunitá kurda in Italia.

 


ئەم گۆڤارە 3 ژمارەی بە زمانی ئیتالی، بە قەبارە 21 x 30 سم، لێ دەرچووە، هەر ژمارەیەکیش، بە بەرگەوە، لە 28 ـ 32 ل پێک هاتووە.
 


ژمارە سفر (0)ی تەموزی 1990 .


1) لە لاپەرەی یەک سەروتار بە ناوی "رۆژنامەگەری و خەباتی رزگاریخوازی کورد؛ بلاوکراوەتەوە، هەرچەندە ناوی کەسی لەسەر نیە بەلام بە پێی زانینی ئێمە لە لایەن کاک شۆرش سورمێ نووسراوە، هەر لەم لاپەرەیە ئاماژە بە فەهرەستی بابەتەکان کراوە.

2) لە ل 2 تا 7 وتارێکی بەندە (جاسم تۆفیق) نووسراوە، ئەم ووتارە بە کورتی باسی مێژوو و بەسەرهاتی گەلی کورد، لە دێرزەمانەوە تا سالانی هەشتا، دەکات. وتارەکە لە نامیلکەیەک وەرگیراوە کە لە سالی 1989ز لە شاری پیزە ـ ئیتالیا بلاوکراوەتەوە . کەچی لە هەتاو نووسراوە لە ئامادەکردنی a cura di جاسم تۆفیق. ئاشکرایە جیاوازی لە نێوان نووسەر (دانەر) و نووسەر (ئامادەکار) هەیە و کاک شۆرشیش ئەمە دەزانێ، جگە لەمەش نە نووسراوە کە ئەم وتارە لە فلان نامیلکە یان سەرچاوە وەرگیراوە.

3) لە ل 8 وتارێکی پرۆفیسۆر کەمال مەزهەر "رۆلی گەلی کورد لە مێژووی شارستانیدا Il ruolo del popolo kurdo nella storia della civiltŕ بلاوکراوەتەوە کە باسی رەچەلەکی میدیەکان دەکات بەلام سەرچاوەکەی لێی وەرگیراوە دەستنیشان نەکراوەو بابەتەکەش زۆر سادە دێتە بەرچاوە.

4) لە ل 9 ـ 11ووتارەکی فواد حەمە خورشید، بە ناوی "زمانی کوردی؛، بلاوکراوەتەوە. ئەم ووتارە کاتی خۆی، 1986ز، لە لایەن کاک شۆرش سورمێ، بە نامیلکەیەک، کراوەتە ئیتالی و بەم کارەش خزمەتێکی زمانی کوردی کردووە، کەچی لەم ووتارە 3 لاپەرەییە نە دەستنیشانی سەرچاوە کوردیەکە کراوەو نە هی ئیتالیەکە . هەروەها ئەم وتارە هەموو دەقە ئەسلیەکەی نەگرتۆتە خۆی، لە لایەکیتریش لە کۆتای وتارەکە 18 پەراوێز (ژێدەر) نووسراوەنەوە بە بێ ئەوەی لە ناو تێکستە ئیتالیەکە ئاماژەیان بۆ کرابێت. تێکستەکەی هەتاو، بە پێی هەلسەنگاندنی ئێمە، یەک لەسەر سێی تێکستە ئەسلیەکەیە. خوێنەر لە برین و دەستکاری ئاگادار نەکراوەتەوە و تەنانەت ئەگەر خوێنەر زۆر بە دیقەت نەیخوێنێتەوە نازانێ "کێ؛ نووسیوویەتی.
هەلبەتە دانانی ژێدەرەکان لە شوێنی ئەسلی خۆیان ئەمانەتێکی گەورەو مێژووییە، دەستکاری کردنیان ناوەرۆکی بابەتە دەگۆرێت و سەنگی زانستی و ئەکادیمی لە دەست دەدات.


5) لە ل 12 وتارەک بەناوی (هۆنراوەی کوردی) لە لایەن لۆرێنزۆ گوێلە Lorenzo Guella نووسراوە، هەموو لاپەرەکەی بە خۆ گرتووە. دیارە کەسێکی پسپۆر و خامە رەنگین نووسیوویەتی کە تیایا باسی ئەدەبیات، بە فۆلکلۆر و نووسین و چۆنیەتی درووستبوونی، دەکات. پاشان دێتە سەر ئەدەبیاتی کوردی لە سەدەکانی 15 ـ 18 زا، تا دەگانە سەدەی 19 و لە دایکبوونی شیعری نەتەوەیی و نیشتمانی. نووسەر دەلێ سەرەرای ئەوەی کورد دەولەت و وولات و زمان (زمانی رەسمی و یەکگرتووی) نیە بەلام لە رێگەی شیعرەوە توانیوویەتی ناسنامەی خۆی بپارێزێت و گەشە پێ بدات .... تا دەگاتە ئەو شوێنەی بلێ ئەمرۆ باشترین چەکی بەرگری کورد شیعرە. ووتارەکە بە شێوەی پەخشان نووسراوە و هیوای ئەوە دەخوازێت کە خوێنەری بە ئاگای ئیتالی، لە رێگەی ئەو شیعرانەی لەم ژمارەیە بلاوکراونەوە، بتوانێ لە دەرد و ئازارو خواستەکانی گەلی کورد، بگات.

6) لە ل 13 تا 17 چەند شیعر و حیکایەتی کوردی کراونە ئیتالی و نووسراوە لە "ئامادەکردنی شۆرش عەزیز سورمێ؛، شیعرەکان بریتین لە هی ئەحمەدی خانی، حاجی قادری کۆیی، قانیع، گۆران، هەژار موکریانی، هێمن، عەبدولا پەشێو، شێرکۆ بێکەس، جگەر خوێن، لەتیف هەلمەت، نەژاد عەزیز سورمێ. تەنها ئەوەی دواوە نەبێت، کە برای کاک شۆرشە، ئەوانیتر هەموویان پێشتر بە زمانی ئیتالی بلاوکرابوونەوە کەچی کاک شۆرش ئاماژەی بە سەرچاوە ئیتالیەکان نەداوە، تەنانەت لە سالی 1987 شێرکۆ بێکەس، لەسەر داوەتی رەسمی ئیدارەی شاری فلۆرانس ـ تۆسکانا، هاتە ئتیالیا و لەم بۆنەیە کۆمەلە شیعرێکی کرایە ئیتالی و لە کتێبیکی 100 ل بلاەکرایەوەو بەندەش بەشداری لە وەرگێرانی چەند شیعرێک کرد .
هەمان شت دەربارەی دوو حیکایەتی فۆلکلۆری بە ناوی (بەسەر هاتی دارتاش "وەستا نەجار بنووە بێ خەم و خەیار خودا یەکە و دەرگای هەزار؛) و (هاورێیەتی)، نووسراوە لە ئامادەکردنی شۆرش عەزیز سورمێ کەچی ئەمانە لە سالی 1981، بە یارمەتی و هاوکاری هەندێ لە جالیەی کوردی، کراوەنە ئیتالی و لە گۆڤاری "ئەیۆ Ajio؛ی سەردینی بلاوکراونەتەوە.

7) لە ل 18 ـ 20 وتارەکی مەکسیم رۆدیسۆن بلاوکراوەتەوە کە بریتیە لەو پێشەکیەی بۆ کتێبی Joycc Blau، Memoire du Kurdistan، Ed. Findatly، 1984 نووسیووە. ئەم ووتارەش باسی دەولەمەندی زمان و ئەدەبیاتی کوردی دەکات، هەر لەگەل ئەم وتارە تابلۆیەکی هونەرمەند عەتا قەزاز بلاوکراوەتەوە.

8) لە ل 21 ـ 22 وتارەکی خانم میرێللا گەللێتی Mirella Galletti بە ناوی کورد و ماس میدیا بلاوکراوەتەوە، گەللێتی لە سەرەتای سالانی حەفتا خەریکی لێکۆلینەوەو نووسینە لەسەر کێشەی کوردستان و سەدان وتار و چەند کتێبێکی بلاوکردۆتەوە، بە یەکێک لە کوردناسە هەرە شارەزاکانی ئەوروپا دادەنرێت.

9) لە ل 23 وتارێک لە لایەن بەرزان محەمەد، کورتە مێژوویەکی مۆسیقای کوردی، بلاوکراوەتەوە، لێرەش نووسراوە لە "ئامادەکردنی؛، وا دیارە ئەم وتارە لە ئەسلدا بە زمانێکیتر (فەرەنس ؟) نووسراوەو کاک بارزانیش کردوویەتی ئیتالی یان بە دەستکاری بە ناوی خۆی بلاویکردۆتەوە. کاک بەرزان خۆی مۆسیقا ژەنێکی لێهاتووەو ماوەی دە سال لە ئیتالیا ژیاوەو پاشان روویکردە سویسرا و فەرەنسا.

10) لە ل 24 باسی بەستنی ئەو کۆنگرە جیهانیە کراوە کە لە 22 ـ23/3/1990 لە شاری فلۆرانسی ئیتالیا لە لایەن جالیەی کوردی ئامادەکرابوو.

11) لە ل 25 لە لایەک دەقی بەیاننامەی کۆتایی کۆنفرانسی پاریس لەسەر "کوردەکان: مافی مرۆڤـ و ناسنامەی کولتوری؛ کە لە رۆژانی 14 ـ 15 ئۆکتۆبەری 1989 بەسترابوو، لە لایەکیترش ئەو نامەیەی زانای بەناوبانگی روسی، ئەندرێی ساخارۆف Andrei Sakharov، بۆ کۆنفرانسی پاریسی رەوانە کردبوو، بلاوکراونەتەوە.

12) لە ل 26 نامەی سێناتۆر ئیدوارد کەنەدی Edward Kennedy بۆ کۆنفرانسی پاریسی 1989 بلاوکراوەتەوە. هەر لەم لاپەرەیە ناوی سەرنووسەر (رەوەز یان رێواس کەلالی؟ Rewas Gallali) و دەستەی نووسەران، کە هەموویان ئیتالین و ئەوکات و ئێستاشی لەگەلدا بێت جالیەی کوردی نایان ناسێت، بلاوکراوەتەوە.

13) لە ل 27 وتارەک لە لایەن د. ئازاد شێخانی، لەژێر ناوی "شوێنەوارناسی: کۆنە قەلا؛ بلاوکراوەتەوە کە باسی قەلای کەرکوک دەکات. د. ئازاد شێخانی لە ئیتالیا دکتۆرای لە بواری تەلارسازی بەدەست هێناوەو ئێستاش لە زانکۆی سلێمانی مامۆستایە.

ژمارە (1)ی مایسی 1992
ئەم ژمارەیە 32 لاپەرەیە.


له‌سەر بەرگی پێشەوە نووسراوە "گۆڤارێکی کولتوری کوردیە؛ و لە دادگای شاری ترێڤیزۆ Treviso، بە بریاری 874ی 22/4/1992 مۆلەتی پێدراوە، نرخی 5000 پێنج هەزار لیرەی ئیتالیە. ئەم رستەیە "گۆڤارێکی کولتوری کوردیە؛ بووە هۆی دەربرینی نارەزایی برادەرانی ناو کۆمونیتای کورد و رەخنەیان لە کاک شۆرش گرت بۆ نەتنووسیووە (گۆڤارێکی کولتوری کوردیە لە لایەن کۆمونیتای کورد دەردەکرێ). کاک شۆرش سورمێ پێش چاپکردنی ئەو ژمارەو ژمارەکانیتر هەرگیز بابەت و ووتارەکانی پیشانی کۆمیتەی کۆمونیتا نەداوە، بەندە لە کاتی ژمارە 1 و 2 ئەندامی کۆمیتەی کۆمونیتا بوو و داواشی کردبوو بابەتەکان پێش لە چاپدانیان بخرێنە بەردەم ئەندامانی کۆمیتە بەلام کاک شۆرش، هەرجارەی بە بیانوویەک، راسپاردەکەی پشتگوێ دەخست.


بابەتەکانی ئەم ژمارەیە:


1) لە ل 1 ووتارێک بەناونیشانی "گوناهبارن ئەوانەی خەبات بۆ ئاشتی دەکەن؛، بەناوی کۆمونیتای کورد نووسراوە کەچی ئەم کورتە ووتارە تەنها لە لایەن شۆرش، بە بێ ئاگاداری کۆمونیتای کورد، نووسراوە.

2) لە ل 3 ـ 5 ووتارێکی د. کەمال میراودەلی، بەناوی "ئێمەی کورد مێژوویەکی زیندووین؛، بلاوکراوەتەوە، لێرەش نووسراوە لە (ئامەدەمکردنی a cura di د. کەمال میراودەلی). ئەم ووتارە گوایە لە زمانێکیتر، لە لایەن خانم رۆسێللە کوپێللینی Rossella Cupellini، کراوەتە ئیتالی بەلام نەنووسراوە لە کام زمان و سەرچاوە. لە راستیدا ئەم ووتارە لە لایەن د. میراودەلی لەم کۆنگرە جیهانیەی کە لەسەرەوە باسمان کرد، لە شاری فلۆرانسای ئیتالیا بەسترا، بە زمانی ئینگلیزی خوێندرایەوە، پاشان لە گۆڤاری (مافی گەلان i diritti dei popoli) بلاوکراوەتەوە . هەردوو ووتار، لە ناوەرۆک، وەکو یەکە، تەنها هەندێ پاش و پێشکردنیان پێوە دیارە، نازانین د. کەمال دوو شێوەی جیای نووسیووە، یەک بۆ "کۆنگرە؛ و یەکیش بۆ "هەتاو؛ یان کاک شۆرش ئەمەشی دەستکاری کردووە.

3) لە ل 6 ـ 9 ووتارەکی د. فواد حوسێن، بە ناوی "دۆزی کورد و چەمکی مافی چارەی خۆنووسین؛، لێرەش نووسراوە (لە ئامادەکردنی a cura di فواد حوسێن) کەچی کاک شۆرش یەکسەر دوای ووتارەکەی د. فواد ووتارێکی یەک لاپەرەیی و سادەیی نووسیووە (لە نووسینی شۆرش سورمێ di Shorsh Surme). کاک شۆرش ئاماژەی بە سەرچاوەی ئەم ووتارە نەکردووە کەچی وەکو ئاشکرایە ئەم ووتارە بریتیە لە لێکۆلینەوەیەکی کاک فواد حوسێن کە لە سالی 1985 لە هۆلەندا پێشکەشی زانکۆ کراوەو بە زمانی ئینگلیزیش چاپکراوە، لە هاوینی 1988 لە میانەی چەند چالاکیەک دەربارەی دۆزی کورد لە شاری فلۆرانس نامیلکەکە کرایە ئیتالی . هەلبەتە نەدەکرا نامیلکەیەکی 62 ل هەمووی لە گۆڤارێکی 32 ل بلاوبکرێتەوە، لێرەش نە نووسراوە ئاخۆ ئەوە بەشی یەکەمە و لە ژمارەکانی داهاتوو بەشەکانیتریش بلاودەکرێنەوە. ووتارەکەی "هەتاو؛ لە ل 37 ـ 46 نامیلکە ئیتالیەکەی تیایە، پەراوێزەکان، نە لە تێکستەکە و نە لە کۆتایی، ئاماژەیان بۆ نەکراوە، لە چەند شوێن دەستکاری بابەتەکە کراوەو چەند پەرەگرافێکیش رەشکراوەنەتەوە.

4) لە ل 10، وەکو ئاماژەی بۆ کرا، ووتارێکی کاک شۆرش سورمێ بە ناوی "کوردەکان: دەردەسەریەکی بێ کۆتایی؛ بلاوکراوەتەوە.

5) لە ل 11 ـ 12 کاک نازم عوسمان رەشید، ئەندامی کۆمونیتای کورد، دوای 12 سال گەراوەتەوە کوردستان و باسی سەردان و هەست و نەستی خۆی دەگێرێتەوە. هەر لەم سەردانە کاک نازم، وەکو نوێنەری کۆمونیتای کورد، رێکەوتنێکی دەگەل "کۆمەلەی ئاوەدانکردنەوەو گەشە پێکردنی کوردستان؛ مۆرکردووە بۆ دروستکردنی 6 قوتابخانەی سەرەتایی و پرۆژەکەش لە ل 12 بلاوکراوەتەوە. لە سەرەتای ووتارەکە ئاماژە بەوە کراوە کە لە ژمارەکانی داهاتوو هەر جارەی گەواهینامەی یەکێک لە کوردەکانی ئیتالیا بلاودەکرێتەوە کە سەردانی کوردستان دەکەن کەچی وەکو دەبینین ئەمە یەکەم و دواجار بوو ووتاری لەم بابەتە بلاوبکریتەوە.

6) لە ل 13 ووتارێکی خانم لاورا شرادەر Laura Schrader، نووسەر و رۆژنامەنووسی ئیتالی کە لە سەرەتای سالانی حەفتاکانی سەدەی رابردو خۆی بە دۆزی کورد خەریک دەکات و تا ئێستاش چەند کتێبێکی لەم بارەیەوە بە چاپ گەیاندووە، بلاوکراوەتەوە. شرادەر لە کۆتای سالی 1991 و سەرەتای 1992 سەردانێکی کوردستانی عێراقی کرد، لەسەر ئەم گەشتە چەند ووتار و رێپۆرتاژێکی لەسەر لاپەرەی رۆژنامەکانی ئیتالیا، بە تایبەتی رۆژنامەی "مەنیفێستۆ Manifesto؛ و لە کۆتایش کتێبێکی لەسەر ئەم گەشتە بلاوکردەوە.
لەم ووتارە باسی ئەو کوشتارو وێرانکاریە دەکات کە رژێمی بەعس لە کوردستان ئەنجامی داون. لە کۆتایی ووتارەکە نووسراوە (بەشی یەکەم) بەلام لە ژمارەکانی ئایندە هیچ بەشیتر بلاونەکراوەتەوە.

7) لە ل 14 ـ 15 ووتارەک، لە لایەن جان ئەنتۆنیۆ دانیێلێ Gian Antonio Daniele، ئەندامی رێکخراوی International Physicians for the Prevention of Nuclear War – IPPNW، بە ناونیشانی "گەلی کورد دووجار بۆتە قوربانی شەری کەنداو؛ بلاوکراوەتەوە. لێرەش نووسراوە (لە ئامادەکردنی)، دوو لەسەر سێی ووتارەکە باسی جەنگی رزگاری کوێت و زیانە ماددی و مرۆییەکان دەکات. پاشان دێتە سەر باسی راپەرین و کۆرەو، کە بە رای ئەو بە فیتی رۆژئاوا بووە، رەخنە لە ئۆپێراسیۆنی Provide Comfort دەگرێ و دەلێ هەرچەندە حکومەتی بەغدا نارەزایی دەرنەبریووە بەلام بەزاندنی سەروەری و یەکپارچەیی عێراقە. کوردەکان، وەکو فەلەستینیەکان، قوربانی ململانێی سیاسەتی نێودەولەتین و پێویستە چارەسەرێکی بە ئاشتیانەیان بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوەش لە رێگەی کۆنگرەیەکی نێودەولەتی و لە ژێر چاوەدێری UN.

8) لە ل 16 خانم لویزێللە تراینی Luisella Traini، بە یەکێ لە هاوکارانی هەتاو ناوی هاتووە، دیمانەیەکی لەگەل خانم جۆیس لوسو Joyce Lussu کردووە. خانم لوسو، نووسەر و شاعیر و پارتیزانی بەناوبانگی ئیتالی سەردەمی رژێمی فاشیستی مۆسۆلینی، سۆز و خۆشەویستیەکی زۆری بۆ گەلی کورد هەبووە، لە سەرەتای شۆرشی ئەیلولی سەردانی کوردستانی کردووەو چاوی بە تالەبانی و بارزانی کەوتووەو لە دیمانەکەش باسیان دەکات، لە دوای گەرانەوەی بۆ ئیتالیا چەندەها ووتاری لەسەر دۆزی کورد بلاوکردەوە و کۆمەلە شیعرێکیش کردە ئیتالی، لە سالی 1999زا کۆچی دوایی کرد.

9) لە ل 17 ـ 18 هێرمش رەشۆ Hermesh Resho ووتارەکی لەسەر رۆلی جەلادەت بەدرخان سەبارەت بە نووسین و بەرەوپێشڤەچوونی زمانی کوردی، بەتایبەتی لە بەکارهێنانی ئەلف و بێی لاتینی، نووسیووە. دیسان نووسراوە لە (ئامادەکردنی) بەلام ئاماژە بەوە کراوە کە لە "گۆڤاری ئەکادیمیای کورد لە بەرلین ـ 1990؛ وەرگیراوەو کراوەتە ئیتالی.

10) لە ل 19 ـ 22 تەرخان کراوە بۆ شیعر و چیرۆکی کورد، لە ئامادەکردنی شۆرش سورمێ، لە ل 19 یەکو پارچە هۆنراوەی (جاسمی جەلیلی، جگەرخوێن،) و دوو دانەی گۆران لە وەرگێرانی خانم جۆیس لوسو ـ بلاوکراونەتەوە.
لە ل 20 ـ 21 شیعری هەژار موکریانی، عەبدوللا پەشێو، شێرکۆ بێکەس، لەتیف هەلمەت، مەولود حەسەن و نەژاد سورمێ بلاوکراوەنەتەوە. تەنها دوو دانەکەی دوایی نەبێت ئەوانیتر لە ناوەراستی سالانی هەشتاکان، لێرەو لەوێ، کرابوونە ئیتالی و لە زۆر بۆنە و چالاکیە کوردستانیەکان خوێندرابوونەوەو چاپکرابوون.

11) لە ل 22 هۆنراوەیەکی ناسک و پر لە سۆز، لە لایەن خانم (مەرییە لودۆڤیکا لێنسی Maria Ludovica Lenzi)، بۆ منالانی کورد، نووسراوە.

12) لە ل 23 ـ 26 ووتارەک لەسەر "مۆسیقای کوردی؛ بلاوکراوەتەوە و نووسراوە لە (ئامادەکردنی بارزان موحەمەد)، کەچی لە کۆتایی، وەکو پەراوێز، ئاماژە بەوە کراوە کە لە سەرچاوەیەکی فەرەنسی وەرگیراوە . کۆمەلە زانیاریەکی بەسوودی تیایە لەسەر لاوک، حەیران و مەقامات، بە تایبەتی دەربارەی مۆسیقای ئایینی. کاک بارزان، لەم ژمارەیە، بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی هەتاو لە قەلەمدراوە.
13) ل 27 ـ 28 بە کورتی باسی ژیان و کارە هونەریەکانی دوو هونەرمەندی کورد کراون کە لە ئیتالیا دەژین، کاک عەتا قەزاز و کاک فواد عەلی.

14) لە ل 29 کاک کامەران مەجید (کامەران ڤانی)، ئەندازیاری میعماری لە ئیتالیا، بلاوکراوەتەوە کە تیایا باسی هەلوێستی روناکبیرانی ئەو وولاتانە دەکات کە کوردستانیان بەسەر دابەشکراوە. گلەییان لێدەکات بۆ بێدەنگیان بەرامبەر بە کوشتاری کورد، دەلێ ژمارەی ئەو رۆشنبیرانە زۆر کەمە کە هاوکاری خۆیان دەربریووە، لێرەش نموونەی بەرێز د. پێشکچی و زانای بەناوبانگی روسی، ساخارۆف، دەهێنێتەوە. پاشان کورتە ووتارێکی بەرێز هادی علێوی، روناکبیری عەرەبی عێراقی، دەهێنێتەوە کە بۆ هەلەبجەی شەهیدی نووسیووە، لە کاتی خۆی لە رۆژنامەی "السفیر؛ی لوبنانی بلاوکراوەتەوە.

15) لە ل 30 چاوپێکەوتنێک دەگەل پرۆفیسۆر دۆمێنیکۆ کەنچانی Prof. Domenco Canciani کراوە، ئەوکات لە زانکۆی شاری پادۆڤای Padova ی ئیتالیا لە بەشی رامیاری سیاسی و مافی مرۆڤـ وانەی دەگوتەوە. دیمانەکە تەرخانکراوە بۆ ناساندنی "رێکخراوی بۆ مافەکانی گەلی کورد Associazione per i diriti del popolo kurdo؛ کە پرۆفیسۆر کەنچیانی سەرۆکایەتی دەکرد. ناوی ئەو کەسە نەنووسراوە دیمانەکەی سازکردووەو بەلام ئاشکرایە کاک شۆرش خۆی ئەنجامی داوە.
لە راستیدا ئەم رێکخراوە، بە بێ ئەوەی لە هەست و سۆز و هاوکاری بەشداربوەکانی کەمبکرێتەوە، هەر بەناو هەبوو. بەندە 3 سال (1992 ـ 1995) لە زانکۆی پادۆڤا خەریکی خوێندنی دکتۆرا، لە "دامودەزگا و تەکنیکەکانی داکۆکی مافی مرۆڤـ؛، بوو و بەشداری دەیان چالاکی لەسەر دۆزی کورد کرد کەچی بۆ "دەرمانیش؛ چالاکیەکی ئەم رێکخراوەی نەدی و نەبیست و، کاک شۆرش و پرۆفیسۆر کەنچیانیش لەم شارە دەژیان و بەندەش پەیوەندی و ناسینی باشی لەگەل هەردوو بەرێز هەبوو.

16) لە ل 31یش نامەیەک بە عەرەبی لە کوردستان هاتبوو و کراوەتە ئیتالی و بلاوکراوەتەوە، نامەکە باسی خوێندکارێکی (هەژار موستەفا) هونەرە جوانەکانی سلێمانی دەکات کە دایک و باوک و کەسوکاری ئەنفالکراوە، پاشان لە لایەن رژێمی بەعس گیراوەو تاکو ئێستا بێ سەروشوێنە.

ژمارە 2 ی حوزەیران ـ دیسەمبەری 1993
ئەم ژمارەیە 32 ل .


لەسەر بەرگی پێشەوە نووسراوە "هەتاو گۆڤارێکی کولتوری کوردیە؛ و لە دادگای شاری ترێفیزۆ Treviso، بە بریاری 874ی 22/4/1992 مۆلەتی پێدراوە، نرخی 6000 لیرەی ئیتالیە. لەم ژمارەیە بە کوردی (پیتی لاتینی و عەرەبی) نووسراوە "هەتاو گۆڤارێکی کەلتووری گشتییە تایبەت بە کەلتوری کوردی بە زمانی ئیتالی دەردەچێ؛، سەرنووسەر شۆرش عەزیز سورمێ. بەرگەکەی بە تابلۆیەکی رەنگینی هونەرمەند، سمکۆ تۆفیق، رازاوەتەوە.


ناوەرۆکی بابەتەکان:


1) لە ل 2 سەروتار ـ لە لایەن کاک شۆرش ـ نووسراوە، باسی دروستکردنی پەرلەمان و پێکهینانی حکومەتی کوردستان و ئەو گیروگرفتانەی کەوتونەتە بەر رێگای کارکردنیان دەکات. پاشان رەخنەی تووند ئاراستەی میدیاکانی رۆژئاوا، بەتایبەتی هی ئیتالیا، دەکات کە باسی ئەو واقیعە نوێیەی کوردستان ناکەن.
هەر لەم ل نووسراوە "هەتاو گۆڤارێکی کولتوری کوردیە و لە لایەن کۆمونیتای کورد دەردەکرێ؛.
سەرنووسەر: شۆرش عەزیز سورمێ
خاوەن ئیمتیاز: ماریۆ ئەنتۆن ئۆرێفیچێ Mario Anton Orefice
دەستەی نووسەران و هاوکاران: کامەران مەجید، Maria Ludovica Lenzi، Lorenzo Guella، Claudia Nardo، Luisella Traini، Rossella Capellini، Cigolato Margherita، Joyce Lussu
ئەگەر "هەتاو؛ هی کۆمونیتای کوردە بۆ دەبێ خاوەن ئیمتیاز کەسێکی ئیتالی بێت؟ لەگەل رێز و حورمەت بۆ هاوکارانی هەتاو ئەمانە هەموویان تەنها لای کاک شۆرش ناسرابوون و جالیەی کورد ئەوساو ئێستاش نایناسێت و بە میزاجی خۆی ناوەکانی دادەنا، بە دلنیایشەوە بەبێ هاوکاری ئەو بەرێزانە زۆر ستەم بوو کاک شۆرش ئەم گۆڤارە بەرێوە ببات. بەرای ئێمەش ئەوە بۆ خۆی کەموکورتی و خالی لاوازی کۆمومیتا و گۆڤارەکە بوون.

2) لە ل 3 ـ 4 ووتارەک (لە ئامادەکردنی هەتاو بەلام هی کاک شۆرشە) بە بۆنەی یادی 14 سالەی کۆچی دوایی مەلا مستەفا بلاوکراوەتەوە، دوو وێنەی بارزانی، یەک بە جلی کوردی و یەکیش بە چاکەت و پانتۆر و کەرەڤات.
لە راستیدا لە 14 تا 17 ی ئەیلەلی 1993 لە کوردستان، لە هاوینە هەواری سەلاحەدین کۆنگۆەیەکی گەورە بۆ یادی 90 سالەی لە دایکبوونی بارزانی بەسترا کە تیایا دەیان سیاسەتوان، مێژوونووس، روناکبیر و هاورێیانی بارزانی تیایا بەشداریان کرد. وا دیارە کاک شۆرش کاتی ئەم کۆنگرەیە لە کوردستان بووەو سەردانی سەلاحەدینیشی کردووە.
لە هەمان ل 4 بە چەند دێرو وێنەیەک ئاماژە بە شەهیدکردنی موسا عەنتەر، بە دەستی پیا کوژەکانی دەولەتی تورک، کراوە.

3) لە ل 5، دیسان کاک شۆرش ووتارەکی بە ناوی "لە خوێنی کورد دیموکراسی لە دایک دەبێ؛ نووسیووە، ناوەرۆکەکەی بریتیە لە پیشاندانی دەنگدانەکەی 19/5/1992 و دروستکردن و پێکهینانی پەرلەمان و حکومەتی کوردستانە کە لە ل 2 ئاماژەی بۆ کراوە، واتە بابەتەکە، تا رادەیەک، دووبارە کردنەوەیە.

4) لە ل 6، دیسان کاک شۆرش چاوپێکەوتنێکی کورتی دەگەل بەرێز مەسعود بارزانی کردوەو بە "سەرۆکی بەرەی گوردستان؛ی لە قەلەمداوە.

5) لە ل 7 ـ 8 ووتارەک بە ناوی "کردەی ئەنفال؛ بلاوکراوەتەوە، ئاماژە بەو کراوە کە لە "کوردستانی نوێ؛ وەرگیراوە بەلام نە ژمارە، نە رۆژەکە و نە نووسەری ووتارەکە دیاری کراوە. دوای سۆراخکردن بۆمان دەرکەوت ئەم ووتارە هی نووسەر و روناکبیری عێراقی "کنعان مکیە؛یە، لە کوردستانی نوێ، چاپی ئینگلیزی بلاوکراوەتەوە. ووتارەکە دەستکاری کراوەو زۆر شێوێندراوە و بە هیچ شێوەیەک لەگەل سەرچاوە ئەسلیەکە یەکتر ناگرنەوە .

6) لە ل 9 ـ 10 ووتارەکی جەمشید حەیدەری، بە ناوی "کوردەکانی سۆڤیەتی پێشوو؛ بلاوکراوەتەوە، لە کۆتایی ووتارەکە نووسراوە بەشی یەکەم، ئاماژە بەوە نەکراوە ئاخۆ لە چ زمان و سەرچاوەیەک وەرگیراوەو کراوەتە ئیتالی. بە پێی زانینی بەندە ئەم ووتارەی د. جەمشید حەیدەری، بە ناوی "پێرۆسترۆیکا و باری ژیانی کوردەکانی سۆڤیەت و داواکاریەکانیان؛، لە گۆڤاری "بەربانگ؛ (ستۆکهۆلم، ژ. 61، ل 45 ـ 46) بلاوکراوەتەوە. لێرەش دەستکاری هەندێ پەرەگراف کراوەو پاش و پێش کراون.

7) لە ل 11 ووتارەک، بە ناوی "گەلێکی دەرەجە دوو؛، لە نووسینی پرۆفیسۆر سەبینۆ ئاکوەڤیڤە Sabino Acquaviva، مامۆستای کۆمەلناسی لە زانکۆی پادۆڤا ـ ئیتالیا، بلاوکراوەتەوە. رەخنەی تووند لە رای گشتی و حکومەتانی ئەوروپی دەگرێت بۆ ئەو بێدەنگیەی بەرامبەر بە کوشتاری کورد، لە هەموو پارچەکانی کوردستان، دەیگرنەبەر. ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین پرۆفیسۆر ئاکوەڤیڤە ناوە ناوە لە رۆژنامە یان لە کۆر و دیمانە تەلەفیزیۆنیەکان بەرگری لە داوا رەواکانی گەلی کوردستان کردووە.

8) لە ل 12 ووتارەک، بە ناوی "رۆلی ئافرەتی کورد؛، لە نووسینی لاورا شرادەر، بلاوکراوەتەوە کە لە ژمارەی 1 ووتارێکیتری نووسیبوو، سۆزو هاوکاری خۆی بۆ گەلی کورد، بە تایبەتی بۆ ژنان، دەردەبرێ.

9) لە ل 13 ـ 19 باسێک (لە ئامەدەکردنی کامەران مەجید) لەسەر سینەمای ئیلماز گونەی بلاوکراوەتەوە، زۆربەی زۆری ووتارەکە، دەقاو دەق، لە کتێبێکی ئیتالی وەرگیراوەو ئاماژەشی بۆ کراوە. باسەکە بریتیە لە کۆمەلە وێنەیەکی هەمەجۆری گونەی، دیمانەیەکی درێژ و لیستی ئەو فیلمانەی ئیلماز گونەی بەشداری تیا کردووە یان خۆی دەریهێناون.

10) لە ل 20 ـ 21 هۆنراوەو چیرۆکی کوردی، لە ئامادەکردنی شۆرش سورمێ. هۆنراوەکان بریتین لە هی پیرەمێرد، جگەرخوین و گۆران، لەگەل دوو کورتە چیرۆکی فۆلکلۆری.

11) لە ل 22 ـ 23 باسێک، بە ناوی "بەراوردێک لە نێوان زمانی سۆمەریەکان و زمانی کوردی"، لە نووسنی کاک نەژاد عەزیز سورمێ، نووسەر و شوێنەوارناس. دیارە بابەتەکە لە کوردی کراوەتە ئیتالی بەلام ئاماژەی بۆ نەکراوە.

12) لە ل 23 ـ 25 ووتارێکی بەندە بە ناوی "با کەلەپوری کوردی لە فەوتان رزگار بکەین؛ بلاوکراوەتەوە . لەم بابەتە هەولدراوە، لە رێگەی مێتۆدێکی زانستی و لە روانگەی یاسا و پەیمانە نێودەولەتیەکان، باسی رەفتارو کردەوەی دەولەتانی داگیرکەری کوردستان بکرێت کە چۆن خەریکن مێژوو و کەلەپوری کوردی بفەوتێنن و بسرنەوە یانیش بەهی خۆیان (تورک، فارس و عەرەب) لە قەلەم بدەن. ئەمەش نەک پێچەوانە و دژ بە یاسایە بەلکو تاوانیشە بەرامبەر یاسای نێودەولەتی، دامەزراوە نێودەولەتیەکان و گۆمەلگای نێودەولەتی بەرپرسیارێتی سیاسی، یاسایی و ئەخلاقیان لە ئەستۆیە تا داکۆکی لە کەلەپوری کوردی بکەن.
زۆر بە داخەوە کاک شۆرش، بە ئارەزوی خۆی، دەستکاری بابەتەکەی کردووە. هەندێ پەرەگرافی قووتداوە، هەموو ژێدەرەکانی لەناو تێکستەکە رەشکردۆتەوە و پاشان لە کۆتایی کردوونی بە "بیبلیۆگرافیا؟؛. بەندە بابەتەکەی بە فلۆپی دیسک و بە نووسینی کاغەز دایە دەست کاک شۆرش و شەوێکیش میوانی بووم و باسی ئەوەمان کرد چۆن گەشە بە گۆڤارو کۆمونیتای کورد بدەین.

13) لە ل 26 ـ 28 باسێک، بە ناوی "ناوچە لادێیەکانی کوردستانی عێراق؛، لە لایەن د. ئازاد شێخانی نووسراوە، بلاوکراوەتەوە، باسی چۆنیەتی گەشەکردنی دیمۆگرافی ناوچە کوردنشینەکان (لە شار و لادێ) دەکات.

14) لە ل 29، بە کورتی، باسی ژیانی دوو هونەرمەندی تەشکیلی، سمکۆ تۆفیق و رەزا تۆپال (کوردستانی باکور)، کراوە.

15) لە ل 30 ـ 31 بەرگی هەندێ لەو کتێب و بلاوکراوە ئیتالیانەی تایبەتن بە دۆزی کورد بلاوکراونەتەوە. لە هەمان لاپەرە، بەکورتی، نووسراوە کە لە ژمارەی ئایندە دۆسییەیەک لەسەر تیرۆرکردنی د. قاسملو (13/7/1989 ڤیەننا) و د. شەرەفکەندی (12/9/1992 بەرلین) بلاودەکەینەوە.

بە ئاگاداری ئێمە تەنها ئەو 3 ژمارەیە بە زمانی ئیتالی دەرچوون، مەسروف و خەرجی ئەم ژمارانەش لە خەزینەی کۆمونیتای کورد دەرهێندراون، تیراژەکانیش، بە قسەی کاک شۆرش بۆ هەر ژمارەیەک دوو هەزار (2000 دانە)بووە.

لە هەر سێ ژمارەی گۆڤاری هەتاو ئەدرێسەکەی هی ئەدرێسی کۆمونیتای کورد بوو، واتە ئەدرێسی هەتاو کۆمونیتای کورد یەک بوو.

لە کۆتایی پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، بە پێی زانیاری ئێمە، کاک شۆرش سورمێ وەک هەولێکی تاکە کەسی، وەکو خۆی نووسیوویەتی، هەستاوە ژمارەیەکی بە کوردی دەرکردووە. لەم ژمارەیە نووسراوە "پاشکۆی هەتاو، ژمارە سفر (0)ی سالی 1999؛، وەکو ئیالیەکە نووسراوە "گۆڤارێکی تایبەتە بە کەلتوری کوردی بە زمانی ئیتالی دەردەچێ؛، سەرنووسەر شۆرش عەزیز سورمێ، ناونیشانەکەش هی کاک شۆرش خۆیەتی، ئاماژە بە دەستەی نووسەران و هاوکاران نەکراوە.


لە ئاهەنگی نەورۆز لە شاری بۆلۆنیای ئیتالی، لە 10/4/1999 کاک شۆرش، نزیکەی، 10 دانەی لەم پاشکۆیەی هەتاو لەگەل خۆی هێنا بوو و منیش دانەیەکم وەرگرت و پێنج هەزار لیرەی ئیتالیم، لە بریتی، دانا.


لە ل 1 "چەند ووشەیەکی پێویست، بە قەلەمی سەرنووسەر؛ شۆرش باسی چەند مەسەلەیەکی لێکترازا دەکات کە دوورە لە مێتۆدی زانستی و ئەکادیمی. گۆڤارەکە بە هی خۆی دادەنێت و باسی ئەوەش ناکات بۆ چاپی ئیتالیەکە راوەستاو ئاخۆ ئەم چاپە کوردیە بۆ کوردستانیانی ئیتالیایە یان بۆ هەموو ئەوروپایە و، گەلێک بابەت و پرسیاری تریش.


کاک شۆرش سورمێ لە سالی 1999 سایت ـ مالپەرێکی بە ناوی (مالپەری هەتاوی کوردستان یان پەنۆراما کوردۆ www.hetawikurdistan.it- www.panoramakurdo.it) کردۆتەوە، سەرەرای کەموکورتیەکان، بە رای ئێمە باشترین سایتی کوردستانیە لە ئیتالیا کە بە زمانی کوردی و ئیتالی ووتارو هەوال بلاودەکاتەوە.


هەولمانداوە بە ویژدان و ئەمانەتەوە بابەت و رووداوەکان بنووسینەوە، ئەگەر شتێمان لەبیر کردبێت یان مافی تەواوی خۆمان نەدابتێ ئەوە بە ئەنقەست نیە، بە هیوای ئەوەین کەسانی تر کارەکە تەواو بکەن و بە دلێکی فراوانیش کەموکورتیەکان راستکەنەوەو باسەکە دەولەمەندتر بکەن.
 

_________________________________________


1. ئەم بابەتە لە هاوینی 2002 نووسراوە، لە دووای کەوتنی رژێمی سەدام حوسێن لە دیسەمبەری 2003 گەرامەوە کوردستان و چەند دانەیەم (بە کاغەز و دیسک) بردەوە، بواری ئەوەم بۆ نەرەخسا بلاوی بکەوەمە یان لە کۆرێک باسەکە پێشکەش بکەم، ئەوەبوو زوو گەرامەوە ئیتالیا.
لە سەرەتای 2008 لە لایەن بەرێزان مامۆستا جەمال خەزنەدار و کاک خالید شەیدای دۆستی دێرینم داوام لێکرا بابەتێک دەربارەی بزاڤی رۆژنامەوانەی کوردی لە ئیتالیا ئامادەبکەم و بچمە ئەلمانیا و لە کۆرەکی جەماوەری پێشکەشی بکەم. لە وەلام، دوای سوپاس و بەرز نرخاندنی ئەم دەستپێشخەریە، خۆشحالی خۆم دەربڕی ووتم "لە راستی بابەتێکی لەم شێوەیەم نووسیووە و ئامادەیە بۆ چاپ و بلاوکردنەوە؛. بابەتەکەم رەوانە کرد و دەبوایە رۆژی 26/4/2008 لە شاری "هانۆڤەر؛ی ئەلمانی، لە کۆرێک بە بۆنەی سالرۆژی رۆژنامەگەری کوردی، بەشداری بکەم، ئەوەبوو لەبەر چەند ئیلتیزاماتێکی خێزانی نەمتوانی ئامادەی کۆڕەکە ببم ، باسەکە لەلایەن هاورێ و دۆستی خۆشەویستم کاک خالید شەیدا خوێنرایەوە.


2. کوردەکان: گەلێک بە دوای هاوکاریدا دەگەرێت، پیزە، 1989، ترێڤیزو 1991,
Jasim Tawfik، I Kurdi: un popolo in cerca di solidarietŕ، Pisa، 1989، Treviso، 1991.
 

3.Fuad Hama Khorshid، La lingua kurda e la distribuzione geografica dei suoi dialetti، trad Shorsh A. Surme، 1986، Italia، pp. 52.
فواد حەمە خورشید، زمانی کوردی و دابەشبوونی جوگرافی دیالێکتەکانی. کاک شۆرش لە وەرگێرانەکەی خۆشی (1986) باسی سەرچاوە ئەسلیەکەی، کوردی یان عەرەبی، نەکردووەو ئاماژەشی بە دەزگا و شوێنی بلاوکردنوەکەشی نەداوە.

4.شێرکۆ بێکەس: هاواری ئازادی، شیعری بەرگری کوردی a liberta، poesia della resistenza kurda
، KSSE، Citta di Torino، Assessorato allo Sport، Turismo Tmpo Libero، Torino 1988.


5. دەقی ووتار و راگەیاندنەکانی کۆنگرەکە بە زمانی ئیتالی لە سالی 1991 بلاوکراوەنەتەوە لە:
I Diritti dei Popoli، mensile della Lega Italiana per i Diritti e la liberazione dei Popoli، anno v، n. 9 J 12، sett – dic 1990.


6. Dr. Fuad Mohammad Hussein، the Legal Concepě of Self Determination and The Kurdish Question، Amsterdam، january 1985.
چاپە ئیتالیەکە: Il concetto legale dell`autodeterminazione e la questione kurda، لە ئابی 1988، لە شاری فلۆرانس، لە چاپخانەی Litografia del Cdl. T. Borgo dei Greci، 3، Firenze چاپکراوە، ناوی ئەو لایەن و دەزگا حکومیانەی یارمەتی لە چاپدانیان داوە بلاوکراوەتەوە.

7.نووسراوە ئەم ووتارە لە لە لایەن موحەمەد موهلی (وادیارە موحەمەد موکرییە ـ جاسم) لە ئینسیکلۆپێدیای ئایینەکان، بە زمانی فەرەنسی، بە ناوونیشانی "موسیقای پیرۆزی کوردەکان (ئەهلی حەق)ی ئیران؛ بلاوکراوەتەوە و کراوەتە ئیتالی. Mohammad Muhli، la musique sacree des Kurdes "Fideles de verita".


8. کوردستانی نوێ نووسراوە "رۆژنامەی یەکێتی نیشتمانی؛، ئەگەر لە ناوەوەی کوردستان شتێکی وا بنووسرێت ئاساییە و خەلکی دەزانی"یەکێتی نیشتمانی؛ کێیە؟بەلام لە ئەوروپا، بە تایبەت لە ئیتالیا کە جالیەی کوردی کەمە خوێنەری ئیتالی لێی تێ ناگلت، بۆیە دەبوایە بنووسرێت ی .ن .ک .


9. کنعان مکیە، ئەنفال، کوردستانی نوێ، چاپی ئینگلیزی، ژمارە 2 ـ 4 ی تەموزی 1992، هەولێر.

10. لە هەمان کات بە زمانی کوردی لە گۆڤاری "خەرمانە؛، ستۆکهۆلم، ژمارە 9 ـ 10، لل 23 ـ 37 بلاوکرایەوە.