په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٢\٢٠١٢

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئیسلامییەکان و ئاییندەی کوردستان!

کازم قادر      


ئەم پرسیارە کە ئایە بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئیسلامییەکان،کوردستان بەرەو چ ئاییندەیێک دەبەن و ئەو کۆمەڵگەیە ڕووبەڕووی چ تاریکستانێک دەکەنەوە،پرسیارێکە پێویستە هەموو تاکێک لە خۆیی و ئەوانیتری بکات و هەوڵی جدیی بدات تا وەڵامی دەستکەوێت و تا وەڵامی دروست بداتەوە.چوونکە دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی کوردستان هێندە زەمینەی لەباری بۆ گەشەی فەرهەنگی دواکەوتوانەو کۆنەپەرستیی ڕەخساندووە بە تایبەت کۆنەپەرستیی دینیی،هێندە زەمینەی دەرکەوتن و گەشەکردنی بزووتنه‌وه‌ ڕادیکاڵ و سیکۆلارو لەوانەش بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستیی نەرەخساندووە.هەڵبەتە ئەو دیاردەی پاشەوپاش گەڕانەوەیە لە خۆوە نەهاتووەو ئێستاش لە سەر دەستی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئیسلامییەکان بێهۆ و لەخۆوە ئاراستە ناکرێت.بیست ساڵی ڕابردوو لەسەر دەستی پارتی و یەکێتیی،بیست ساڵی چاندنی گەرای بیری سیاسیی کۆنەپەرستانە،فەرهەنگی خێڵەکیی و دواکەوتوانەو بیست ساڵی گێژکردنی خەڵکی کوردستانە بە خورافەی دینیی و ڕزیوترین نەرێتەکان.پارتی و یەکێتیی وەک چۆن خەسڵەتێکی تەواو نەرێتیی و کۆنەپەرستانەیان هەیە،لە بەرامبەر گەشەی کۆنەپەرستیی دینیی_ئیسلامییەکاندا دەستیان بۆ هەمان چەک و هەمان گەمەی سیاسیی و فەرهەنگیی کۆنەپەرستانە دەبرد،لە بەرامبەر خێڵدا خۆیان خێڵەکییترو لە بەرامبەر ئایین،ئایینزاتر دەنواند.ئەم چەک و گەمە ناشیرینەی ئەو دوو هێزە،ئەگەرچی بۆ ماوەیەک و تاکو ئێستاش سودێکی بۆیان هەبوو و لە شەڕوکێشمەکێشکانی نێوانیاندا هاوسەنگیی هێزی دەپاراست، بەڵام لە دواجاردا هەم بە زیانی خۆیان و هەم بە زیان و تراژیدیاو مۆتەکەی سەر سنگی کۆمەڵگەی کوردستان کۆتایی هات.ئەوە کە ئیسلامییەکان دەیان هەزار_سەد هەزار_دەنگ دەهێنن گاڵتە نییە،ئەوە کە سەد هەزار مرۆڤی ئەو کۆمەڵگەیە دەنگ بەو باندانە دەدات کە تێزابیان بە ڕۆخساری جوان و خۆرئاسای ژناندا دەکرد،دەبێت هەمووان ڕاچەڵەکێنێت.پارتی و یەکێتیی لە بەرگرتن بە گەشەی ئیسلامیی فەشەلیان هێنا، هەر وەک چۆن دەبوا فەشەل بێنن.


بەڵام گەمەی پڕ مەترسییتر کە دەبێت هەموان لە ئاستیدا هاوار بکەن،وەرگرتنەوەی ئەو میراتەیە لە پارتی و یەکێتیی لەلایێن بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانەوە،واتە بەرامبەرکێی دین بە دین و جەنگی کۆنەپەرستیی بە هەمان چەک. ئەو گەمەو دەست تێکەڵکردنەی گۆڕان لە گەڵ ئیسلامییەکان،ئەگەرچی لەوانەیە بۆ ئەو بزووتنه‌وه‌یە،وەک تاکتیک و تەڵەکەبازیی سیاسەت بۆخۆیان و بڕێک خەڵک و ڕوناکبیرە گەمژەکانی دەوروبەری تەفسیر بکرێت(هەڵبەت بۆ ئیسلامییەکانیش هەروایە)بەڵام ئێمە دەتوانین لێیەوە لەلایێک خەسڵەتی سیاسیی و فەرهەنگی دواکەوتوانەی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی پێبناسین و لایێکیش ئەو ئاییندە تاریکە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەی پێببینین،کە لە ئەگەری سبەینێی زیاتر بەهێزبوونیان و لە ئەگەری بە دەسەڵات گەیشتانیاندا چ زەلکاوێک دەخولقێنن.واتە لە دەرەوەی ئەوە کە گۆڕان چ پاساوێکی بۆ ئەو پەیوەندیی و هاوئاهەنگییە هەیە لەگەڵ ئیسلامییەکان،بۆ ئێمە،لای هەموو ئەوانەی هەڵسوکەوتوو کارنامەی ئەو بزووتنه‌وه‌یەیان خستۆتە ژێر چاودێرییەوە،دەتوانین و دەتوانن ڕووی ڕاستیینەی ئەودیوی گەمەکە ببینین و پەردەکان بپچڕێنین.بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وەک بزووتنه‌وه‌یەکی چینایەتیی بۆرژوازیی،ڕەوتێکی بێڕادە کۆنەپەرستە،ئەوەش کە لەم نوسینەدا زیاتر جەختی لەسەر دەکرێتەوە دەرخستنی خەسڵەتی فەرهەنگیی ئەو بزووتنه‌وه‌یەیە،واتە هەوڵ دەدەین لە ڕوانگەیێکی فەرهەنگییەوە کولتورو دونیابینیی ئەو بزووتنه‌وه‌یە بخەینە بەرباس و لێکدانەوە.


هەڵبەتە پێویستە ئەوە بەبیر بهێنینەوە کە دواکوتوویی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هەرگیز بابەتێکی چاوەڕواننەکراو نییە،هەروەها بەبۆچوونم هەرکەس و چین و توێژێکی کۆمەڵایەتیی ئەو دەرک و تێگەیشتنەی نەبێت،واتە ئەوە نەبینێت و نەزانێت کە ئەو بزووتنه‌وه‌یە مەحکومە بە کۆنەپەرستیی و ئاوێزانبوون بە ڕزیوترین نەرێتی کۆمەڵایەتیی،ئەو کاتە گومانی گەورەیان لەسەر دروست دەبێت،گومانی ئەوە کە هێشتا کۆمەڵگە دواکەوتووە،هێشتا کۆمەڵگە ئەو کەرەستە خاوەیە،بەرەی کۆنەپەرستیی و ئایین دەیشێلێت و بت و جڕوجانەوەری ترسناکی لێدروست دەکات.هەر ئەوە کە بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دەبێتە جێئومێدی بەشێکی فرەوان لە چین و توێژەکانی کۆمەڵ و ئەوەش کە ئیسلامییەکان بە سەدان هەزار دەنگ دەهێنن،ئاماژەیێکی ڕوون و بێپەردەیە کە ناوئاخن و باڵادەستیی کولتوریی کۆمەڵگەی کوردستان،بەپێچەوانەی هەموو ئەو بۆچوونانەوە کە باس لە گەشەو ڕەوتی سیکۆلار لە کوردستان دەکەن،تەواو کۆنەپەرستانەیە.


مەحکوم ببوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بە کۆنەپەرستیی لەو بنەمایەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئەو بزووتنه‌وه‌یە بەرهەمی مێژوو نەبوو،بەرهەمی مێژوو بە واتای ئەوە لە جەنگ و ناکۆکیی لەگەڵ بەرەی کۆنەپەرستیی و نەرێتیی نەهاتە دەرەوە،لە جەنگ لە دژی ئایین و جیاکردنەوەی ئایین لە سیاسەت و ژیانی تایبەتیی مرۆڤەکان نەهاتە دەرەوە،گۆڕان کە باڵێکی جیابووەوەی ناو یەکێتییە،مێژوویێکی بەرامبەرکێی لە بەرامبەر گەندەڵیی و ستەم و ملهوڕییەکانی یەکێتییدا نییەو نەبوو،یەک ڕۆژێکیان نییە بە ئەمڕۆشەوە تێیدا جیا لە یەکێتیی بیریان کردبێتەوەو جیا لە یەکێتیی گوتارێکیان هەبووبێت.تەنها شتێک هەیانبێت ناوی گۆرانەو بەڵام بە هەموو ئاسەوارو کولتورێکی یەکێتیی و مێژووە ناشیرینەکەیەوە،ئەوەش کە ئەمڕۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی هاوئاهەنگ و موتوربەی ئیسلامییەکان کردووە،هەمان ئەو کولتورو سیاسەت و دونیابینییەیە کە گۆڕان نەیتوانیوە بیگۆڕیت و مەحاڵیشە بیگۆڕێت.


بەڵام گەمەو سیاسەتی ترسناکتر لە گۆڕاندا،ئەوە کە کۆنەپەرستیی سیاسیی ئەو بزووتنه‌وه‌یە باوەش بە هەموو ئاگرو دۆزەخێکدا دەکات لە پێناو بەرژەوەندییە ڕیکخراوەییەکانی خۆیدا،ئەو پەیوەندییەیە لەگەڵ ئیسلامییەکان،دروستکردنی ئەو بەرە ڕەش و تاریکستانەیە لەگەڵ بەرەی جەهل.ئسلامییەکان بیست ساڵە،واتە تاکو ئێستاش بە شێوازی جۆراوجۆر بەشک بوونە لە دەسەڵات،بەشێک بوونە لەو مێژووە ڕەش و بێداو ستەمگەرییەی پارتی و یەکێتیی،لایێنێک بوونە لەو تاڵانییە کە بە گەندەڵیی ناسراوە. ئیسلامییەکان،تێزاب ڕێژەکانی جەستەو ڕۆخساری ژنانن،ئەو منارانەن لێیەوە فتوای مەرگی دەیان نوسەرو شاعیرو کەسایەتییە بێباوەڕەکانیان پەخش دەکرد،ئەو قیڕەقیڕە نامۆ و ناشیرینە بوون و هەن کە سەنگەریان لە جوانییەکانی هونەرو ئەدەبیات دەگرت.مێژووی ئیسلامییەکان مێژوویێکی جوانترو بانتر لە پارتی و یەکێتیی نییە.ئەگەر قەراربوایە خەڵکی کوردستان ڕاپەڕین و شۆڕشیان لە دژی پارتی و یەکێتیی و کۆنەپەرستیی بکردایەو دەستی ئەو دوو باندەیان لە ژیان و پرۆسەی سیاسیی دووربخستایەوە،دەبوا دووەم کارو دادگەریی شۆڕش،لێپێچینەوەو پەردەهەڵماڵین بوایە لە سەر ئەو تاوانکارییانەی کە ئیسلامییەکان ئەنجامیانداوە،ئەوانەی تێزابیان بە قاچ و دەموچاوی ژناندا دەکرد و ئەوانەی فتوایان دەقیڕاند.بەڵام بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان،وەک چۆن ناڕەزایەتیی و تووڕەیی و جەخماخەی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانی خەفەو چەواشەکردو کردییە بابەت و کەرەستەیێکی بێبایەخی سات و سەوداکردن لەگەڵ پارتی ویەکێتیی و هاوکات تەمەنی ئەو دەسەڵاتەی پێدرێژکردەوە،بەهەمان شێوە ڕووی دزێو و کۆنەپەرستانەی ئیسلامییەکانیشی سپی کردەوە.ئێستا ئیسلامییەکان شانبەشانی برا گەورەکەیان_گۆڕان،ئۆپۆزیسێونی دەسەڵات و داکۆکیکاری ئازادیی و دادی کۆمەڵایەتیین!ئەمە ئیتر تراژیدیایە،تراژیدیای ئەخلاق و سیاسەت و لە یەک وشەدا تراژیدیایێکی کۆمەڵایەتییە.


بەبۆچوونم،ئەو پەیوەندیی و هاوپەیمانییەی گۆڕان لە گەڵ ئیسلامییەکان،هەر لە ئێستاوەو لە درێژماوەشدا بە قازانجی ڕەهای ئیسلامییەکان کۆتایی دێت.ئەگەر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان باوەڕی وابێت کە لە بەرامبەرکێی دەسەڵاتدا ئیسلامییەکانی بە لایخۆیدا ڕاکێشاوەو ئەو کارەی وەک خاڵی بەهێزی خۆی لە بەرامبەر دەسەڵات و ئەوانیتردا دەبینێت(کە ئەوە میراتێکی هەمیشەیی پارتی و یەکێتیی بووە)بەڵام لە دواجاردا کۆمەڵگەو بەرەی ئازادیی خوازیی و سیکۆلارو یەکسانیی خوازیی باجەکەی دەدات،هەڵبەتە باجێکی گەورە کە خۆی لە دواکەوتوویی فەرهەنگیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا دەبینێت.سەرباری ئەوە کە شۆڕش لە وڵاتانی تونس میسرو...تاد کە وادێتە پێچاو ئیسلامییەکانی بە دەسەڵات گەیاند(ئەوەش یەکێک لە ترژایدیاکانی شۆڕشە)دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێزی مادیی و مەعنەوەیی بۆ ئیسلامییەکانی کوردستان،دۆخی فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتیی کوردستانیش زەخیرەو زەمینەیێکی بە پیتە بۆ گەشەو هەڵدانی بیری کۆنەپەرستیی و ئایینیی.هەروەها بەجیا لە مێنتالیتێتی خەڵکی کوردستان کە مێژوو و ڕەگێکی قووڵی ئایینیی و دواکەوتووانەی هەیە،کۆی سیستەمی خێزان،قوتابخانە و مزگەوت و پەروەردەو سیاسەت،وەک کۆیێکی یەکانگیرو تەواوکاری یەکتریی،لە خزمەت ئەو فەزا دواکەوتووەدایە.لە پاڵ ئەوانەشدا ئیسلامییەکان لە هێزو پیگەیێکی زەبەلاحی ڕاگەیاندن بەهرەمەندن و ڕۆژانە ژەهر بڵاو دەکەنەوەو ئاو بە ئاشی ئەو دواکەوتووییەدا دەکەن.لەو ڕوانگەیانەوە،بەبۆچوونم ئیسلامییەکان و کۆنەپەرستیی،مەترسییەکی هەرە گەورەو ڕەگ وڕیشەداری ئەمڕۆ و ئاییندەی کوردستانن،وەک ئاماژەم پێدان،هەم فەزای فەرهەنگیی و کۆمەلایەتیی کوردستان لە بارە تا ئیسلامییەکان گەشە بکەن و هەمیش فەزای دەرەکیی ئیسلامیی ناوچەکە.


من گومانم هەیە تاکو ئێستا هۆشیارییەکی پێویست لە ئاست ئەو مەترسییەدا هەبێت...!


١٢\٢\٢٠١٢

ماڵپه‌ڕی کازم قادر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک