١٠\١١\٢٠١١
بزووتنەوەی دژە
سەرمایەداریی (ئەنتی کاپیتاڵیزم)
لە شێوەی
دەستبەسەرداگرتن و داگیرکردن لە بهریتانیادا
لە زیادبوون و برەودایە.

زاھیر باھیر
تیشکی ھەتاوی بەرھەڵستکردنی زوڵم و زۆر و
نەھامەتی و قەیرانی گەورەی ئابووری ئەم جارەی جیھانی، کە لە ئاسۆی
بڵندی ڕاپەڕیوانی یۆنانەوە دەستیپێکرد، ڕووناکی خۆی بەسەر گەلێک لە
وڵاتانی جیھاندا پەخشکردوە. بەرھەڵستیکردنێک کە شەپۆلەکەی تەواوی
سەرجەمی وڵاتانی گەشەسەندوو و وڵاتانی دیکە، کە لە ڕێی گەشەکردندان،
زۆر و کەم گرتۆتەوە . چەشنێک لە خەبات بەکار دەبرێت، کە لە ئێستادا
لە ھەموو جۆرە خەباتەکانی پێشووی تێپەڕاندووە بە گرتنەبەری خەبات و
چالاکی ڕاستەوخۆ و دەستبەسەرداگرتنی شوێنەکان کە بەرەو ئیسپانیا و
دواتریش ئیسرائیل و بەدوای ئەویشدا وۆڵ ستریتی ئەمەریکا، ملی نا، وا
ئێستاش لە بهریتانیادا بووەتە تەواوکەری زنجیرەی ناڕەزاییەکانی
قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆکان، کە ماوەی چەند مانگێک لەمەوبەر
بەردەوام بوو، دەستیان بەسەر بڕێکی زۆری زانکۆکاندا گرتبوو، ئێستاش
بزووتنەوەکەی بردۆتە قۆناغێکی تری کاراوە.
قافڵەی کاروانی دەستبەسەراگرتن و داگیرکردن، کە لە ڕۆژی ١٥.١٠.١١ بەرەو
لەندەن ستۆک مارکێت، بۆرسەی لەندەن، خۆی کوتا، بەڵام پۆلیس، جەردەئاسا
ڕێگای پێگرت ، ئەویش ھەواری خۆی لە کڵێسەی سانت پاوڵس
St Pauls Cathedral خست، بە نزیکەی ٢٥٠
چادر، خێوەت، ئەو بۆشاییەی، کە لەوێدا بوو پڕ کردەوە. ئەوە ٣ ھەفتەی
تەواوی پڕکردەوەو پێی ناوەتە ھەفتەی چوارەمەوە.
لەم ٣ ھەفتەیەدا ، کەنیسە و دەوڵەت و کۆمپانیا گەورەکانی ناو جەرگەی
شار وایان چاوەڕوان دەکرد، لە ماوەی چەند ڕۆژیکدا ئەم ھەڵمەتە
بێپشتگیری کردن دەمێنێتەوە و ئیدی بۆ خۆی تێدەشکێت و ئەمیش وەکو زۆر
جۆر لە شێوە کۆنەکانی خەبات ، ساتێکەو تێدەپەڕیت ، بێ
پشتگیری کردن ، بێ دەستپێشکەری کردن
، بێ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکانی لەندەن و
گەشتیاران، دەپووکێتەوە. بەڵام پێشبینییەکەی ھەر ھەموویان بەھەڵە
دەرچوو ، کەمپەینی داگیرکردن و دەستبەسەراگرتن لە برەو و
پێشەوەچووندایە ، دۆست و ھەوادار و پشتیوانانی لە زۆربووندایە، ئەمەش
ھانی خەڵکی تری دا، بێنە ناو بزاڤەکەوە، ئەوە بوو ٢ ھەفتە لەمەوپێش
لەناو لەندەندا لە Finsbury Square ،
لەوێش خەڵکی چادری خۆی لێھەڵدا.
لە ڕۆژی ٠٣.١١.١١ لە Canery Wharf
ھەمان شت ڕووی دا. ئەمە جگە لەوەی، کە لە ڕۆژی ٢.١١.١١ و ٣.١١.١١ لە ٥
شاری تری بهریتانیا:Bristol, Bath,
Bradford, Birmingham and Edinburgh ئەم
کەمپەینە دەستیپێکردووە، بۆیە چیتر لەلایەن کەنیسە و دەوڵەت و
کۆمپانیا گەورەکانەوە ناتوانرێت ئەم بزووتنەوەیە پەراوێز بخرێت.
بەڵام بۆ ئەوەی سەروەریی یاسا بەرقەرار بێت، لەم قۆناغەی ئێستادا بە
یاسا نەک بە فیشەک خەڵکی دەمکوت بێت ، دەیڤد کامیرۆن، سەرەک شالیارانی
بهریتانیا بە ئاشکرا دوو ھەفتە لەمەو پێش لە میدیادا ڕایگەیاند " ئێمە
لەگەڵ ناڕەزایی دەربڕینداین و لەگەڵ
سەربەستی دەربڕینی قسە و ڕاداین، بەڵام نەک لەگەڵ دانانی چادر و
خێوەتدا، ئەمەی کە ئەم خەڵکە دەیکات یانی بە ئارەزووی خۆیان دانانی
خێوەت لە ھەر شوێنێکدا کە خۆیان بیانەوێت، کە ئەمەش کاری کردە
نییه و دەبێت یاسایە دانێین، کە کردنی ئەم جۆرە کارانە بە
تاوان حسابی بۆ بکرێت" واتە خەڵکی لە دەربڕینی ناڕەزایی و چادرھەڵدان ،
گەرچی بە ڕێگای ئاشتیانەش بێت، دەتوانرێت بە تاوانبار بدرێتە قەڵەم
و بترێنجێنرێتە کونجی بەندیخانەکانەوە. شایانی باسە، کە ئەوەش بڵێن ھەر
ھەفتەی پێشتریش کامیرۆن بانگێشەی ئەوەی کرد داگیرکردنی خانووە
چۆڵەکان، کە ھی خەڵکانی دەوڵەمەندن، لەلایەن خەڵکانی بێشوێن و جێگەوە،
دەبێت قەدەغە بکرێت، دەبێت یاسایەک دابنرێت، ئەو کارە بە تاوانبارێتی
لە قەڵەم بدات. ئیدی وا چاوڕوان دەکرێت لە سەرەتای ساڵی تازەدا
چەلەحانێ لە ھۆڵی پەڕلەماندا بۆ دانانی ٢ یاسای نوێ بەردەوام بێت تاکو
زیاتر ئازادییەکانی تاک و گروپ لە کۆمەڵگەی " مەدەنیدا" تەسکتر
بکرێنەوە.
دەوڵەت و پیاوەکانی و کۆمپانیە گەورەکان و بانکەکان ، ھەرچیەکیان لە
توانادا بێت دەیکەن بۆ ھێڵانەوەی سیستەمی سەردەم ، بەڵام ھەرچیەک بکەن
ناتوانن ویست و دەنگی ئازادی خەڵکی بتاسێنن . گەنجانی بهریتانیا ، لە
کاتێکدا کە ڕێژەی بێکاریی لە نێوانیاندا لە لە سەدا ٢٠ زیاترە، ناتوانن
و ناکرێت قڕوقپی لەمە بکەن، بەتایبەتیش ئەوە دەزانن، کە ئەم
نەھامەتیەی بەسەر زۆربەی زۆری خەڵکیدا لە جیھاندا ھاتووە بەھۆی ھەبوونی
سیستەمی سەردەم(کاپیتاڵیزم)ەوەیە.
کەمپەینی داگیرکردن و دەستبەسەراگرتن لە لەندەندا ، کە بەشێکە لە
بزووتنەوەی داگیرکردن و دەستبەسەراگرتنەکان کە ئەمڕۆ لە جیھاندا
بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەی گەلێک ڕووداوی لێکەوتەوە ، وانەی گەورە و
زۆرمان فێردەکات بە ھۆی دەستپێشکەری بەشداربووانییەوە و ھەروەھا ئەو
ڕێڕەوەشی کە گرتویانەتە بەر، لەوانەش:
* گەرچی گۆڕەپانی داگیرکردنەکە
لە بەردەم گەورەترین و گرنگترین کەنیسەی لەندەندایە ، بەڵام ئەوەی
نەگەیاندووە کە ناڕەزاییەکە دژ بە دین و کەنیسە و پیاوەکانی کەنیسەن.
بگرە خەڵکانی کەمپەکە لەوێ ھەتا ئێستاش پەیوەندییەکی باشیان لە گەڵ
بەرپرسیارانی کەنیسەکە ڕاگرتووە و ھەمیشەش لە دایەلۆگدان لەسەر ئەو
گیروگرفتانە کە ڕۆژانە سەر ھەڵدەدات.
ھەڵبژاردنی ئەم شوێنە تەنھا بەھۆی گرنگێتی شوێنەکەیەوە بوو، کە یەکەم
نزیکە لە بۆرسەی لەندەنەوە، دووەم ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر لە گەشتیارەکان
دێن بۆ بینینی ئەم کەنیسەیە، سێھەمیش بەھۆی قەرەباڵغیەکی یەکجار زۆرەوە
یە. .ئەم کەمپەینە وای کردووە، کە کەنیسە و پیاوەکانی ھێناوەتە
ناوجەرگەی کێشەکەوە و ئەوان ناتوانن بێھەڵوێست بمێننەوە، لە کاتێکدا کە
دەبینن ئەم کەمپەینە دژی زوڵم و زۆرە ، لە دژی نەبوونی و بێکاری و
ناعەدالەتی کۆمەڵایەتییە، ھەر بۆیەش پیاوانی کەنیسەش ، کە ھەمان
بانگێشە دەکەن، ناتوانن خۆیان لەو ڕاستیە بدزنەوە، کە ئەم قەیرانە
ئابوورییەی ئیستا بەسەر جیھاندا ھاتووە ھۆکارەکەی ئەم سیستەمەیە.
ئەم کێشەیە لای پیاوانی بەرپرسیاری کەنیسەکە وا قوڵبووەتەوە کە تا
ئێستا ٣ قەشە ، دووانیان قەشەی سەرەکین، دەستیان لە کارەکانیان و
بەرپرسیارێتیان لە کەنیسەکە ، کێشایەوە، ئەمەش بەھۆی ململانێی نێوانی
خۆیانەوە، کە ھەندێکیان لە ھاوشانی کۆمپانیا گەورەکانی شار و گەورە
بزنسمانەکانەوە داوای ئەوەیان دەکرد، کە دەبێت ئەم خەڵکانە لەوێ
دەربکرێن ، ھەتا ئەگەر بە بەکارھینانی ڕێگای توندوتیژیش بێت.. یەکێک
لەو قەشانەی کە دەستی کێشاوەتەوە یەکێکە لە ھەرە بەرپرسیارە گەوەرەکانی
کەنیسە، کە تەنھا شەخسی شاژن(مەلیکە)، خۆی دەتوانێت کەسێک لەبری
ئەو دانێتەوە. دەبێت ئەوەش بڵێم ئەو شوێنەی کە دەستی بەسەردا گیراوە
موڵکی کەنیسە و( City Of London Corporation)ە.
* لەم کەمپەدا دیمۆکراتی
ڕاستەقینە پەیڕەو دەکرێت، کە ئەویش دیمۆکراتی ڕاستەوخۆیە، کە ھەموو
بڕیارێک، ھەموو چالاکیەک بە ھەرەوەزی دەدرێت و دەکرێت. لە ڕۆژێکدا دوو
کۆبوونەوەی فراوان بۆ ئەو مەبەستە و بۆ شتی تر لە کاتژمێری ١ ی
پاشنیوەڕۆ و ٧ ی شەودا دەکرێت . لەو کۆبوونەوانەدا باس لە ھەموو
ڕووداوەکانی ناو کەمپەکە دەکرێت: مەسەلەی ئاسایش و پاکوخاوێنی ناو
کەمپەکە ، چی ڕوویدابێت، چ بڕیارێک بدرێت و ھەرکەس بیەوێت قسە بکات ، چ
لیژنەیەکی نوێ ھەڵببژێریت بۆ مەبەستێکی نوێ یا گەر گۆڕانکاری بەسەر
لیژنەکاندا بێت. لێرەدا ڕێگاش لە ھیچ کەسێک ناگیرێت گەر بیەوێت قسە
بکات بە مایکرۆفۆنەکە ، ئازادە لە تەواوی دەربڕینی ڕاوبۆچوونی خۆی،
ئەمە نەک ھەر بۆ خەڵکانی خودی کەمپەکە بەڵکو بۆ ڕێبوارەکان و
زیارەتکەرانیشی.
بەپێچەوانەی ناحەزانی کەمپەکە، کە وایان پێشبینی دەکرد، کە یا
سەپۆرتیان ناکرێت یا خەڵکێکی زۆر کەم بەدەمیانەوە دەچێت، بەڵام لە
ڕاستیدا سەپۆرتێکی زۆر زۆریان ھەیە لە لایەن ھەموو توێژاڵە
کۆمەڵایەتیەکانی ناو کۆمەڵگای بهریتانیایەوە ھەتا بە گەشتکەرانی
بێیانیەوە و خەڵکانێکیش لە وڵاتانی ترەوە، ھەر لە خەڵکی ئاساییەوە تا
نووسەر، ئەکتەر، ڕۆژنامەنووس، دەرھێنەری فیلم، وەرزشکار، پیاوانی دینی
لەگەڵ گەلێک لە کەسانی تریش.
ھاوکاری خەڵکی تەنھا مەعنەوی نییە بەڵکو بە پارە و بە پێداویستی تریش،
دێنە پێشەوە . لە حاڵی حازردا پارەیەکی باشیان ھەیە و دەتوانن ھەموو
پێداویستییەکانیانی پێ دابین بکەن.
* کەمپەکە زۆر بە ڕێکوپێکی ھەر
لە ڕۆژی یەکەمەوە ڕێکخراوە بە دابینکردنی ھەموو شتێک، کە لە
کەمپێکدا یا لە گوندێکدا پێویست بکات ببێت، لەوانە : چادرێکی گەورە
کە تێیدا بۆ چێشتلێنان و ئامادەکردنی خواردنەکانی تر بەکار دەھێنرێت و
چەند کەسێک بە خۆبەخشانە کاری لێدەکەن، کە ئامادە کردنی خواردنی ٣
ژەمە ، کە نانی بەیانی و نیوەڕۆو شێوانە. ناندان نەک ھەر بە خەڵکی
کەمپەکە بەڵکو بۆ زیارەتکەرانی کەمپەکە و سەپۆرتکەرانی ڕۆژانەشی، کە
ھەموو ئەم خواردنانەش بەلاشە و خەڵکی چەندی دەوێت دەتوانێت بخوات. ھەر
لەم مەتبەخەدا میوەیەکی زۆر لە سندووقدا، شەربەت و شیرێکی زۆر لە
پاکەتدا، ھەڵدراوەتەوە، ئەمە جگە لە چەندەین جۆر لە کێک و پسکیت ، کە
ھەموو کاتێک ئامادەن بۆ خواردن.
چادرێکی تر کە ئەمەیان قاوەخانەیە بەردەوام کراوەیە و چا و قاوەی
تێدا دەخورێتەوە. دوای ئەمانەش بەشی یاسایی، کە ئامۆژگاری خەڵکی
دەکەن گەر لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر بکرێن، بەشی میدیا، کە ھەفتانە
ڕۆژنامەیەک دەر دەکەن، بەشی کتێبخانە ، بەشی نەخۆشی بۆ چارەسەرکردنی
باری تەندروستی خەڵکەکە گەر پێویستی کرد ، لە گەڵ خێمەی تایبەتی بۆ
موحازەرە لەسەر مەسەلە گرنگەکانی وەکو ئابووریی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و
ڕۆشنبیری و بابەتی تر، ئەمە جگە لە دابینکردنی پێداویستیەکانی تری کەمپ
وەکو کارەبا و غاز و بەشی زانیاری تەکنۆلۆجی و بەشەکانی تر. ئەمانە و
زۆری تر لە پاڵ ڕاگرتنی پاکوخاوێنی ناو کەمپەکە و قەدەغەکردنی
خواردنەوەی ئەلکحول، کە خەڵکانی ناو کەمپەکە بە جەماعی ڕایان لەسەر
داوە. لێرەدا ھەست بە ھەبوونی ئاسایشی تەواو و ھەست بە ژیانێکی تر
دەکەیت، کە ھەموو شتێک بەلاشە و ھەموو شتێکیش بە ھەرەوەزی دەکرێت
کەسیش سەرکردە و بنکردە نییە لەوێدا.
بە پێی قسەی ڕۆژنامەی ئیڤنین ستاندەر، کە ڕۆژنامەیەکی ئەنتی مانگرتن و
خۆپێشاندان و ھەموو چالاکیەکی جەماوەرییە، دەڵێت لە ڕۆژانی یەکەمدا
یەکێک لە ھەرە شێف (چێشتلێنەر)ە باشەکانی ئیتالیا ھاتووە بۆ کەمپەکە
بۆ دانانی مەتبەخەکە و ئامۆژگاریکردنی ھەڵسوڕاوانی مەتبەخەکە لە
ڕاگرتنی ڕادەی پاکوخاوێنی لەوێ، ھەم بۆ مەبەستی تەندروستی و ھەم تاکو
خاڵێک نەدرێتە دەست دەسەڵات کە بە ناوی پیسوپۆخڵییەوە مەتبەخەکە
داخرێت.
* نموونەیەکی بچووک بەڵام گرنگ
نیشان دەدات، کە خەڵکی دەتوانێت سەرجەمی ژیانی خۆی لە ناو کۆمەڵگادا لە
ھەموو ڕوویەکەوە ڕێکبخات بە سەرجەمی کەرتە خزمەت گوزاریەکانی ناو
کۆمەڵگاوە، بە کارگە و کارخانەکانەوە، بێئەوەی پێویسستی بە
ئیدارەیەکی بیرۆکراتی وەکو دەوڵەت ببێت، بێئەوەی کە پێویستی بە سەرکردە
و بە پێشڕەو و ھتد ھەبێت. خەڵکی خۆی ئەمەندە بە توانا و دەستپێشخەرە
دەتوانێت ھەموو شتێک، کە لە خزمەتی خۆیدا بێت بیکات. ئەمە جگە لەوەی،
کە نیشانی دەدات، کە خەڵکی دەتوانێت ھەرەوەزانە لە کەش و ھەوایەکی
ئاسایی و ئاسایشدا بە بێ تەنگوچەڵەمە،
ژیانی خۆی بەرێتە سەر.
* بووەتە پڕۆپاگەندەیەکی گەورە
بۆ بە ئاگاھێنانەوەی خەڵکی و ئەو کێشە گەورانەی، کە ئەم سیستەمە
ڕووبەڕووی کردوونەتەوە و پێشانیشیان دەدات، کە تەنھا ڕێگا چارەیەک لە
بەردەمیدا خەباتکردنە و خەباتکردنی ڕاستەوخۆش، بە بڕواکردنە سەر خودی
خۆت نەک سیاسییەکان و پارتە سیاسیەکان. ھەر بۆیە خەڵکانێکی زۆری بۆ
پشتوپەنای خۆی کۆکردۆتەوە لە نێوەندی ھەموو توێژاڵەکانی ناو کۆمەڵگادا.
وە پێشمان دەڵێت کە چۆن کۆمەڵە خەڵکێکی کەم دەتوانێت بەڕووی سیستەمێکی
ئاوا دڕندەدا بوەستێتەوە و کارایی خۆشی بچەسپێنێت.
وەکو لەسەرەوە باسم کرد ئەم بزووتنەوەیە بە جۆرێک دەنگی داوەتەوە و
خەڵکێکی گەلێک زۆریشی لە خۆی کۆکردۆتەوە ، لە ئێستادا دەوڵەت و
کەنیسە و کۆمپانیا گەورەکان و بانکەکان لەو ھەڕەشانەی کە پێشتر دەیان
کرد چوونەتە دواوە و پشتڕاستی ئەوەشیان کردۆتەوە، کە ھەتا کۆتایی
ئەمساڵ کەمپەینی ئەنتی کاپیتاڵیزم دەتوانێت لەوێدا بمێنێتەوە.
لەولاشەوە سەرکردەی پارتی لەیبەری ئۆپۆزیشنیش ، ئێد مییلەبان ، دەیەوێت
کە سەرمایەی سیاسی سەبارەت بەم کێشەیە بۆ خۆی و پارتەکەی دروست بکات.
بۆیە ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەی ئۆبسێرڤەری بەریتانیدا نووسیویەتی و دەڵێت: "
ئەمەی کە ئەمڕۆ دەیبینین زەنگی بە ئاگاھێنانەوەیە" ئەمە " ئیشارەتێکی
مەترسیدارە تەنھا بێڕەحمەکان دەتوانن فەرامۆشی بکەن" درێژە بە
نووسینەکەی دەدا و دەڵێت " ئەمەی کە ڕووی داوە ڕەنگدانەوەی ئەو
قەیرانەیە، ئەو بارو دۆخەیە، کە بە ملیۆن خەڵکی تێدا دەژی سەبارەت
بە گەورەبوونی کەلێنی نێوانی دەوڵەمەند و ھەژار، ھەروەھا چونیەتی
بەڕیوەبردنی وڵات"
* ئەمان داخوازییەکی ئاوایان لە
دەوڵەت و کۆمپانیاکان نییە ، ئەمان بە دووی داخوازیدا وێڵ نین، بەڵکو
بە دوای ئامانجی سەرەکیدا. لای ئەمان خستنەڕووی داخوازیەکانیان یانی
پێلێنان و ئیعترافکردن بە سەروەری دەسەڵات. ھەر بۆیە نوێنەرەکانیان
لە سەر داخوازی کۆمپانیا گەورەکانی دەوروبەر چوونە دایەلۆگەوە لە
گەڵیاندا، لیستی داخوازییان نەخستە بەردەمیان.
تۆنی، یەکێک لە نوێنەرەکانی کەمپەکە ، لە دوای وتووێژەکە وتی " ئەمان
بە گران لە ئێمە تێدەگەن ، تێناگەن بۆچی ئێمە لێرەین . باوەڕم وایە
ئەمان چاوەڕوانی ئێمە دەکەن لیستی داخوازییەکانمانیان پێشکەش کەین .
بەڵام ئەمە ئەوە نییە کە ئەمانەوێت . ئێمە بۆ ئەوە لێرە نین تاکو
دروشمەکانمان ڕاوەشێنین و بشەکێنینەوە، پێبدەین بە زەویداو ئیمجا
بگەڕێینەوە بۆ ماڵەکانمان، ئەمان تێناگەن ئێمە گۆڕانی ڕاستەقینەمان
دەوێت، گۆڕانی بنەڕەتیمان دەوێت.
ماڵپهڕی
زاهیر باهیر
|