|
٤\٨\٢٠٢٦
بزووتنەوەی
ئەدەب و هونەری تاکتایگەراکانی هۆڵەندا.
- شۆڕشێک لە ئەدەب و هونەر -

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
بزووتنەوەی تاکتایگەراکان چی بوو؟
لە
ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، کۆمەڵەیەکی ڕادیکاڵ لە نووسەرانی
گەنج کە بە (تاکتایگەراکان یان بە هەشتاکان یان بە بزووتنەوەی
هەشتاکان) ناسرابوون، دۆخی کلتووری شاری (ئەمستردام)یان گۆڕی. ئەوان
شێوازی ئەدەبی کۆنەپەرستانەی ڕۆمانسیزمی سەدەی نۆزدەهەمی هۆڵەندییان
ڕەتکردەوە و ئیلهامیان لە بەرهەمی نووسەرانی سروشتی فەرەنسیی و
نیگارکێشە ئیمپڕیشنیستەکان یان ئینتباعییەکان، وەردەگرت. لە چارەکی
کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا زۆرێک لە نیگارکێشانی ئەمستردام پەیوەندییان
بە تاکتایگەراییەوە هەبووە یان کاریگەری تاکتایگەراکانیان بەسەرەوە
بووە. تاکتایگەراکان؛ (١)کۆمەڵەیەکی ڕادیکاڵ و کاریگەر لە نووسەرانی
هۆڵەندی بوون کە ڕێبازێکی نوێیان لە هونەر و ئەدەبیاتی هۆڵەندی سەدەی
نۆزدەهەمدا پەرەپێدا. نووسەران و هونەرمەندانی ئەم بزووتنەوەیە پێکەوە
کاریان کردووە و زۆرێکیان تا ئەمڕۆش بە شێوەیەکی فراوان دەخوێندرێنەوە.
بزووتنەوەی تاکتایگەراکان لەسەر بنەمای یاخیبوون لە دژی شێوازی
فۆرماڵیستی لە ئەدەبیاتی سەرەکی لە سەردەمی خۆیاندا بە تایبەتیش دژ بە
گۆڤاری ئەدەبی دی گایدس (ڕێبەر) لە ئەمستردام دامەزرا. تاکتایگەراکان
پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد کە شێواز دەبێت لەگەڵ ناوەڕۆکدا بگونجێت و
هەستە شوناسی و ناوەکییەکان تەنیا بە بەکارهێنانی شێوازێکی نووسینی
شوناسی و ناوەکیی دەتوانرێت دەرببڕدرێن. بۆ ڕێنمایی لەم هەوڵەدا، ئەوان
ئیلهامیان لە ولیەم شکسپیر و نیگارکێشە ئیمپریشنیستەکان و نووسەرە
سروشتخوازەکانەوە وەردەگرت.
دوای ئەوەی گۆڤاری ڕێبەر بەردەوام بوو لە ڕەتکردنەوەی زۆربەی بەرهەمە
ئەدەبیی و هونەرییەکانی ئەم گروپە، تاکتایگەراکان گۆڤارێکی ئەدەبی
کێبڕکێ یان مونافسیان دامەزراند، کە ناویان نا دی نیو گایدس (ڕێبەری
نوێ)، (٢) کە بۆ یەکەمجار لە ئۆکتۆبەری ١٨٨٥دا بڵاوکرایەوە. دوو لە
دامەزرێنەر و بەشداربووانی بەردەوامی ئەم گۆڤارە شاعیر و ڕەخنەگر ویلم
کلۆس(١٨٥٩ - ١٩٣٨) و ڕۆماننووس، شانۆنامەنووس و شاعیر فرێدریک ولیەم
ڤان ئیدن(١٨٦٠ - ١٩٣٢) بوون، کە هەردووکیان تا ئەمڕۆش بە شێوەیەکی
بەرفراوان وەک دوو گەورە ئەدیبی هۆڵەندیی سەیر دەکرێن. ئەندامانی
دامەزرێنەری تری گۆڤارەکە بریتیبوون لە فرانک ڤان دێر گۆس(١٨٥٩ - ١٩٣٩)
و ویلم ئەی پاپا (١٨٥٦ - ١٩٢٣) و ئەلبێرت ڤێروەی(١٨٦٥ - ١٩٣٧).
تاکتایگەرا دیارەکانی دیکە کە بەرهەمەکانیان لە گۆڤاری (ڕێبەری نوێ)دا
بڵاوبووەتەوە بریتین لە ڕەخنەگری ئەدەبیی لۆدیڤیک ڤان دیسێل (١٨٦٤ -
١٩٥٢) و شاعیر هێرمان گۆردەر(١٨٦٤ - ١٩٢٧) نووسەری داستانە شیعری
(ئایار) کە پاشان بوو بە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پارتی سۆسیال
دیموکرات و بیرمەندی دیاری بزووتنەوەی کۆمۆنیستی هۆڵەندا.
بزووتنەوەی تاکتایگەراکان پچڕانێکی ڕیشەییان لەگەڵ ئەدەبیاتی کۆنی
هۆڵەندیدا کرد. ئەوان هەم لە کارە هونەرییەکان و دەقە ئەدەبییەکانیان و
هەمیش لە گۆڤارەکەیاندا، بە ڕێبەرایەتی ویلم کلۆس(١٨٥٩ - ١٩٣٨) ،
بەدوای زمان و وێنەیەکی نوێدا دەگەڕان کە نزیکایەتییان لەگەڵ
ئیمپڕێشینیزمدا نیشان بدات. (٣) ئەدەب چیتر پێویستی بەوە نەبوو
ئامانجێکی ئەخلاقی هەبێت، بەڵکو لەسەر خودی هونەر و جوانی ئایدیالی نوێ
بوو. ئەمەش وای لێکردن بەشێک بن لە بزووتنەوەی گەورەتری هونەری
بەتایبەتی بزووتنەوەی ڕۆمانسیزمی ئەوروپا.
نووسەرانی بزووتنەوەی تاکتایگەراکان کێ بوون؟
نووسەرانی تاکتایگەراکان توانیان چالاکانە ڕۆڵی بەرچاو ببینین لە
گۆڕینی تێڕوانینی کۆن بۆ ئەدەب و هونەر. ئەوان پابەند بوون بە
تێڕوانینێک بۆ ئەدەب کە جیاواز بوو لە بۆچوونی نەوەی پێشوو. ئەدەب
نابێت ئەخلاقی بێت، دەربڕینێکی تاکەکەسی هونەرمەندێکە کە دەیەوێت
سەرنجی تاکەکانی دیکە ڕابکێشێت. تاکتایگەراکان بە ئاسانی دەستیان بە
گۆڤارە تەقلیدییەکانەوە نەدەگەیشت و هەر بۆیەش گۆڤاری (ڕێبەری نوێ)
دامەزراند کە هەر زوو بوو بە جێگەی سەرنج و مشتومڕ. تاکتایگەراکان
کاریگەرییەکی زۆریان هەبووە، چونکە جۆرێکی نوێی بەکارهێنانی زمانیان
ناساند، کە پێی دەوترێت هونەری وشە. جگە لەوەش زۆر ئینتباعی بوون و
تەکنیکەکانی پەیوەست بە ئیمپریشینیزمیان لە نیگارکێشیدا بەکاردەهێنا.
وا لەخوارەوە هەوڵ دەدەین چەند لەو نووسەر و هونەرمەندانەی
تاکتایگەراکان بەکورتی و لەچەند دێرێکدا بناسێنین.
هێرمان گۆردەر( ١٨٦٤ - ١٩٢٧)، شاعیر و بیرمەندی کۆمۆنیستی هۆڵەندیی و
یەکێک بووە لە پێشەنگەکانی بزووتنەوەی نووسەرانی (تاکتایگەراکان) لە
هەشتایەکانی سەدەی نۆزدەم، کە کاریگەرییەکی زۆری هەبوو لەسەر گروپێک لە
نووسەران، بەتایبەت ئەوانەی لە ئەمستردام خەریکی کاری نووسین بوون و
لەدەوری بڵاوکراوەی (ڕێبەری نوێ) کۆبووبوونەوە. یەکەمین کتێبی داستانی
شیعری بەناوی (ئایار) بوو ، کەداستانێکی شیعریی چوار هەزار دێڕییە و لە
ساڵی ١٨٨٩ بڵاوکردۆتەوە. هێرمان سەرەتا بە سپینۆزا (٤)کاریگەر بووە و
پاشان لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم مەیلی بەرەو سۆشیالیزم وەرچەرخاوە و
جگە لە شیعری سۆشیالیستیی، بوو بە نووسەرێکی سەرەکی بواری تیۆری
سۆشیالیستیش. ساڵی ١٩١٢ درێژترین داستانی شیعریی دەنووسێت. بەرهەمەکانی
وەرگێراونەتە سەر زمانی ئینگلیزی.
لویس ماری ئانا کوپەروس (١٨٦٣ - ١٩٢٣) وەک ڕۆماننووسێکی دیکەی دیار،
یەکەم ڕۆمانی خۆی لە ساڵی ١٨٨٩دا بڵاوکردەوە و بە قووڵی کاریگەری
تاکتایگەرایی لەسەر بوو. زۆرجار وەک تاکتایگەرایەک هەژمار دەکرێت،
هەرچەندە لە دەرەوەی بازنەی کۆمەڵایەتی ئەمستردامی تاکتایگەرا
ڕاستەقینەکانەوە بووە. لویس سێ کۆشیعر و ٢٢ ڕۆمان و ١٠ کورتەچیرۆک و
کورتە ڕۆمان و ٢٧ کۆچیرۆک و دەیەها کتێبی تری بلاوکردۆتەوە کە تا
ئەمڕۆش خوێندنەوەیان بەهەڕمێنن.
ستێفنی هێڵن سوارت(١٨٥٩ - ١٩٤١) ئەو ژنە شاعیرەی کە بە ستایشەوە باسی
لێوەکراوە و زۆرجار بەرهەمەکانی لە گۆڤاری (ڕێبەری نوێ)دا بڵاو
دەکرایەوە، وەک شاعیرێکی سەردەمەکەی بەشداری مشتومڕە ئەدەبییەکانی
نەدەکرد، مانیفێست و پێشەکی نەدەنووسی و هەر بۆیە وەک تاکیتاگەرایەک
نەدەناسرا. دیارە مێژوونووسانی ئەدەبییش زیاتر سەرنج دەخەنە سەر ئەو
کەسانەی کە باس لە داهێنان دەکەن یان لە دەوری گۆڤارێکدا یەک دەگرن،
نەک نووسەر و ئەدیبە بێدەنگەکانی دەرەوەی بازنەی هاتوهاوار و
ململانێکان. بەڵام کارە سەرەتاییەکانی سوارت دەتوانرێت وەک بەرهەمێکی
ئاسایی تاکتایگەراکان بخوێنرێنەوە و ببینرێن. سوارت ژمارەیەک کتێبی
لەنێوان ١٨٧٩ تا ١٩٣٨ بڵاوکردۆتەوە.
ئەنتۆن مۆلکنبۆر( ١٨٧٢ - ١٩٦٠)؛ لە ساڵی ١٨٧٢ لەدایک بووە. بەهرەی
مۆڵکنبۆر تەنها لە وێنەکێشان و نیگارکێشاندا سنووردار نەبووبووەوە،
بەڵکو پەلی هاویشتبوو بۆ کاری مۆزایک و گرافیک و دیزاینی شانۆ. ئەندامی
کۆمەڵەی واگنەری ئەمستردام بووە و دیزاینی جلوبەرگ و سێتی شانۆی بۆ
هەموو نمایشەکانی کۆمەڵەی واگنەر لە نێوان ساڵانی ١٩٠٠ بۆ ١٩٠٤ کردووە.
لە ڕێگەی ئەم بەشداریکردنەوە بوو کە بانگهێشتی سەردانیکردنی ئەمەریکا
کرا. مۆلکنبۆر لە ساڵی ١٩٠٥ تا ١٩١٠ خوێندنی لە خولی خوێندکارانی هونەر
لە نیویۆرک بووە. لە ڕێگەی نیگارکێش جۆزێف ئیسرائیلس (١٨٢٤-١٩١١)،
ڕاسپێردرا کە بە بۆیاخ ئەو وێرانکارییە گەورەیە تۆمار بکات کە بەهۆی
بوومەلەرزەکەی ساڵی ١٩٠٦ لە سانفرانسیسکۆ ڕوویدا و نیوەی دانیشتوانی
شارەکەی بێ ماڵ و حاڵ کردبوو. لە گەڕانەوەی بۆ هۆڵەندا لە ساڵی ١٩١٠،
مۆلکنبۆر و هاوسەرەکەی لە لاهای نیشتەجێ دەبن و بڕیار وادەبێت لە
دەیەکانی دواتردا لەوێ بژێن و کار بکەن. ئەنتۆن مۆلکنبۆر خۆی وەک
نیگارکێشێکی گەنجی پڕ لە وزە و جیددی وێنا دەکات. شێوازی مۆدێرن و
خۆوێناکردنی لەگەڵ نەریتی ڕۆمانسیدا دەشکێت و خۆی بە هونەرمەندێکی
واقیعیی دەبینێت نەک ئیمپریشینیست.
ولیەم کڵوس(١٨٥٩ - ١٩٣٨) شاعیر و ڕەخنەگری ئەدەبی هۆڵەندیی سەدەی
نۆزدەهەم بووە. یەکێک بوو لە ڕابەرە بەرجەستە و کەسایەتییە دیارەکانی
بزووتنەوەی تاکتایگەراکان و ماوەیەکیش سەرنووسەری گۆڤاری (ڕێبەری نوێ)
بووە و پێنج جاریش پاڵێوراوی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب بووە. کلۆس ڕەخنەی لە
شێوازی ئەدەبی باو گرت و ئەو شێوازەی بە کتێبگەرایی و زیادەڕەوی دەزانی
و لەبری ئەوە هەوڵی دەدا دەقێک بنووسێت کە شێوازەکەی لەگەڵ
ناوەڕۆکەکەدا بگونجێت. هەروەها کلۆس ئەو هونەرەی ڕەتکردەوە کە هەوڵی
دەربڕینی ئەزموون یان هەست و سۆزی هاوبەشی دەدا. بەڵکو داوای کرد کە
هونەر دەبێت تاکگەراییترین دەربڕینی تاکگەراییترین هەست بێت. کڵوس دوای
ئەوەی بەرهەمەکانی بوون بە بەشێک لە کانونی ئەدەبیاتی هۆڵەندیی،
لەتەمەنی ٧٩ ساڵیدا لە لاهای ژیانئاوایی دەکات.
جگە لەمانەش چەندین نووسەری تر هەبوون کە لە چوارچێوەی مانیفێستی ئەو
گروپەدا کاریان کردووە ڕۆڵی گرنگ و بەرچاویان گێڕاوە وەکو: هونەرمەندی
نیگارکێش جان توورۆپ(١٨٥٨ - ١٩٢٨)، دکتۆر و نووسەر فریدریک ولیەم ڤان
ئیدن (١٨٦٠ - ١٩٣٢)، ڕۆماننووس و شاعیر و ڕەخنەگر لۆدڤیک ڤان دیسێڵ
(١٨٦٤ - ١٩٥٢)، شاعیر و وەرگێڕ ئەلبێرت ڤێروەی(١٨٦٥ - ١٩٣٧)، نووسەر و
بیرمەندی مارکسیست فرانک ڤان دیر گۆس (١٨٥٩ - ١٩٣٩)، ڕۆماننووس ولیەم
ئەی پاپا ( ١٨٥٦ - ١٩٢٣)، مارسیلەس ئیمانتس(١٨٤٨ - ١٩٢٣) کە هەموو
ئەمانە بە یەکەوە دڵی بزووتنەوەی تاکتایگەرایی هۆڵەندا بوون کە ڕۆڵیان
گێڕا لە گەشەدان بە ئەدەب و هونەرێک کە پەنجەرەیەکی نوێی بەڕووی زمان و
نووسیندا کردەوە.
بنەماکانی بزووتنەوەی تاکتایگەراکان.
بنەماکانی بزووتنەوەی تاکتایگەراکان دەتوانرێت بەم شێوەیە کورت
بکرێنەوە:
جوانیناسی: هونەرمەندان و بیرمەندانی ئیستاتیکا پێیان وابوو کە هونەر
دەبێت خزمەت بە پێشخستنی جوانی بکات لە هەموو ڕوویەکەوە، خزمەت بە
ئامانجێکی بەسوود یان پەروەردەیی بکات یان بەرەو جیهانێکی باشتر ببات.
هونەر خزمەت بە هیچ ئامانجێکی تر ناکات جگە لە هونەر بوون. ئەمەش
پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ ئیمپریشینیزمدا هەیە.
تاکگەرایی: هونەر بریتییە لە (تاکترین دەربڕینی تاکترین هەست).
یەکێتی فۆرم و ناوەڕۆک: ناوەڕۆکی بەرهەمێک دەبێت فۆرمێکی دیاریکراوی
هەبێت کە یەکێتییەک لەگەڵ یەکتردا پێکبهێنێت.
واقیعیبوون: واقیعی چاودێرکراو وەک خاڵی دەستپێک: ئەمەش دەبێتە هۆی
ڕیالیزم و سروشتگەرایی.
ڕەسەنایەتی: بەرهەمەکان دەبێت ڕەسەن بن و خۆیان لە کڵێشەسازی بەدوور
بگرن.
جیاوازی: تاکتایگەراکان بڕوایان وابوو کە بۆ ئەوەی جیاواز بن و داهێنەر
بن؛ دەبێت:
یەک: لە بەرانبەر ئەدەبی بۆرژوازی باوی ئەو سەردەمەی هۆڵەندا بوەستنەوە
ئەویش لەڕێگەی بەرهەمە هونەریی و ئەدەبییەکانیان کە لە گۆڤاری ڕێبەری
نوێ بڵاو دەکرانەوە.
دوو: ناوەڕۆک و شێوازی بەرهەمەکانیان دەبێت هاوتای یەکتر بن.
شۆڕش لە ئەدەبی هۆڵەندیدا.
گۆڤاری ڕێبەری نوێ بە مانای وشەکە شۆڕشێک بووە لە ئەدەبیاتی هۆڵەندیدا،
ئەو ئەدەبیاتەی کە ئامانجی ئەخلاقی هەبوو وەلانرا و لەجێیدا ئەدەبێک
هاتە ئاراوە کە جەغدی لەسەر خودی هونەر دەکردەوە. هەروەها ئەدەبیاتی
نوێ دەبوو شێوازی نوێ بدۆزێتەوە. هەورەها نووسەران بە دوای داهێنان لە
زماندا دەگەڕان. ناساندنی هونەری ئاخاوتن و زمانی درشت بەس نەبوو.
دەبوو زمانێک دروست بکرێت کە بتوانێت مامەڵە لەگەڵ کاریگەری نواندنە
بچووکەکان بکات. ئەگەر ئەدەب تاکترین دەربڕینی تاکترین هەستی تاکەکەسی
بێت، ئەوا ئەمەش پێویستی بە تاکترین بەکارهێنانی وشەکان هەیە. ئەمەش
بوو بە ئەوەی کە دواتر ناونرا (هونەری وشە) یان (نیولۆجیزم)(٥).
تاکتایگەرەکانی هۆڵەندا لە دەوروبەری ساڵی ١٨٨٥ کە بە کۆمەڵێک نووسەر و
هونەرمەندی ناکۆمەڵایەتی و ناداهێنەر ناسێندران. بەڵام بە گوتەی
ڕەخنەگران، شۆڕشێکی ئەدەبیی و هونەرییان لێکەوتەوە. تاکتایگەراکان
بەتێپەڕبوونی کات وەکو خۆیان یەکگرتوو نەمانەوە، بەڵکو بەهۆی ململانێی
کەسیی و ئایدیۆلۆجیی و کێشەی سەرنووسەری گۆڤارەکەیان، یەکێتییەکەیان
درزی تێکەوت و ئەو یەکگرتووەی جارانیان نەما و ساڵی ١٨٩٤ گرژییەکان
پەرەیان سەند و لێکترازان ڕوویدا. بەڵام کاریگەری نووسینەکانیان سنووری
بازنە و شار و وڵاتی هۆڵەندا و تەنانەت کیشوەری ئەوروپاشی بڕی. ئەوان
دروشم و بەهای نووسینەکانیان بوو بە پێوەری داهێنان و لێرەشەوە
گاریگەری کلتوورییان هەست پێکرا. بزووتنەوەی تاکتایگەراکان سەرباری
پێداگرییان لەسەر فۆرمی نوێ و زمانی نوێ، بەڵام ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی
دەق و کارە هونەرییەکانیان سۆشیالیستییانە و ئینسانییانە بوو.
سەرەنجام.
بزووتنەوەی تاکتایگەراکانی سەدەی نۆزدەهەم لە ئەمستردام کۆتایی بە
نەریتە ئەدەبییە باوەکانی هۆڵەندا هێنا. نووسەرانی تاکتایگەراکان لە
نیگار و دزاین و ڕۆمان و شیعرەکانیاندا لە جوانییەکی ئایدیالی نوێ بوو
بۆرژوازییان ڕیسوا کرد. ئەوان لەڕێگەی دەقەکانیانەوە سنوورەکانی
بزووتنەوەی ئەدەب و هونەری باویان تێپەڕاند و شۆڕشێکی فەرهەنگی
گەورەیان لە ئەمستردام و هۆڵەندا لەڕێگەی (هونەری وشە)ەوە بەرپا کرد کە
تا ئەمڕۆش کاریگەری ئەو شۆڕشە بەسەر بزووتنەوەی ئەدەب و ڕۆشنبیری
هۆڵەندا دەبینرێت. بزووتنەوەی تاکتایگەراکان بە کۆمەڵێ بنەمای
مەعریفییەوە ڕووبەڕووی فەرهەنگی کۆن و ڕابردوو بوونەوە و توانیان ببنە
جێی سەرنجی نەک بزووتنەوەی ئەدەب و هونەری هۆڵەندا، بەڵکو ببنە جێی
سەرنجی بزووتنەوەی ئەدەب و هونەری ئەوروپا و جیهان.
___________________________________________
پەراوێزەکان:
(١) تاکتایگەراکان؛ یان بزووتنەوەی هەشتاکان،
گروپێک لە نووسەرانی رادیکاڵی و کاریگەری هۆڵەندی بوون کە ڕێبازێکی
نوێیان لە ئەدەبیاتی هۆڵەندی سەدەی نۆزدەهەمدا پەرەپێدا. لە ساڵانی
١٨٨٠ەوە لە ئەمستردام کارلێکیان کردووە و پێکەوە کاریان کردووە.
زۆرێکیان تا ئەمڕۆش بە شێوەیەکی بەرفراوان دەخوێندرێنەوە. ئەم گروپە
پێکهاتبوو لەکۆمەڵێک نووسەر و هونەرمەند لەوانە شاعیر و ڕەخنەگر ولیەم
کلووس و شاعیر و ڕۆماننووس و شانۆنامەنووس فریدریک ڤان ئیدن کە تا
ئێستاش بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک گەورە نووسەرانێکی ئەدەبیاتی
هۆڵەندیی سەیر دەکرێن.
(٢) ڕێبەری نوێ(١٨٨٥ - ١٩٤٣)؛ کۆنترین گۆڤاری ئەدەبی هۆڵەندایە کە
ژمارە یەکی لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٨٨٥ بڵاوکراوەتەوە. ئەم گۆڤارە وەک
بەناوبانگترین گۆڤاری دەورەیی ئەدەبیی لە هۆڵەندا دێتە ئەژمار و
لەلایەن ژمارەیەک نووسەری گەنج لە ئەمستردام دەردەچوو. ئەم گۆڤارە ڕۆڵی
گرنگی گێڕا لەو ئاڵوگۆڕەی کە ئەدەبی هۆڵەندا لەسەدەی نۆزدەهەم بەخۆیەوە
بینی.
(٣) ئیمپڕێشینیزم بزووتنەوەیەکی هونەری سەدەی نۆزدەهەم بوو کە بە
لێدانی فڵچەی تاڕادەیەک بچووک، تەنک، بەڵام دیار، پێکهاتەی کراوە،
جەختکردنەوە لەسەر وێناکردنی وردی ڕووناکی لە سیفەتە گۆڕاوەکانیدا
(زۆرجار زەقکردنەوەی کاریگەرییەکانی تێپەڕبوونی کات)، بابەتێکی ئاسایی،
نائاسایی تایبەتمەند بوو گۆشە بینراوەکان، و وەرگرتنی جووڵە وەک
توخمێکی چارەنووسساز لە تێگەیشتن و ئەزموونی مرۆڤ. ئیمپڕێشنیزم لە
کۆمەڵێک هونەرمەندی دانیشتووی پاریسەوە سەرچاوەی گرتووە کە پێشانگە
سەربەخۆکانیان لە ماوەی ساڵانی ١٨٧٠ و ١٨٨٠دا بوونەتە جێگەی ناوبانگ.
(٤) سپینۆزا؛ باروچ (دی) سپینۆزا ١٦٣٢ -١٦٧٧)، فەیلەسوفێکی بە ڕەچەڵەک
پورتوگالی-جوولەکە بووە. سپینۆزا پێشەنگێکی سەردەمی ڕۆشنگەری بوو،
کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ڕەخنەی ئینجیلی مۆدێرن و عەقڵانییەتی سەدەی
حەڤدە و کلتووری ڕۆشنبیری هۆڵەندیی هەبوو، خۆی وەک یەکێک لە گرنگترین و
ڕادیکاڵترین فەیلەسوفەکانی سەرەتای سەردەمی مۆدێرن دێتە ئەژمار.
سپینۆزا لە ژێر کاریگەری ستۆسیزم، تۆماس هۆبس، ڕێنی دیکارت، ئیبن
توفایل، و مەسیحییە هێتێرۆدۆکسەکاندا بووە و فەیلەسوفێکی پێشەنگی
سەردەمی زێڕینی هۆڵەندا بووە.
(٥) نیولۆجیزم؛ نوێگەرایی زمان، نوێگەرایی هەر وشەیەک، زاراوەیەک، یان
دەستەواژەیەکی تازە دروستبوو کە پەسندی جەماوەریی یان دامەزراوەیی
بەدەست هێنابێت و لە زماندا جێی خۆی کردبێتەوە.
___________________________________________
سەرچاوەکان:
بۆ نووسینی ئەم بابەتە
سوودم لەم سەرچاوانەی لای خوارەوە وەرگرتووە:
1-
https://daxermarschall.com/en/portfolio-view/antoon-molkenboer-sold/
2-
https://en.wikipedia.org/wiki/Tachtigers
3-
https://en.wikipedia.org/wiki/H%C3%A9l%C3%A8ne_Swarth
4-
http://caans-acaen.ca/Journal/issues_online/Issue_IX_ii-X_i_1988_89%20/Dierick.pdf
5-
https://www.simonis-buunk.com/art-movement/amsterdam-impressionsmus/artists-artworks-for-sale/1097/
6-
https://www.literatuurgeschiedenis.org/19e-eeuw/de-beweging-van-tachtig
7-
https://kunst-en-cultuur.infonu.nl/geschiedenis/128581-de-tachtigers-revolutie-in-de-literatuur.html
8-
https://grokipedia.com/page/tachtigers
ماڵپهڕی عهبدوڵا
سڵێمان(مهشخهڵ)
|