په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٥\٢٠١٤

بزووتنەوەی گۆڕان و پێویستبوونی بە وەزارەتی ئەوقاف بۆ پاراستنی سەوابتەکانی ئیسلام!


ئەکرەم عەبدوڵا     


بزووتنەوەی گۆڕان لەو کاتەوەی کە دروست بوو وە توانی ناڕەزایەتی و نەفرەتی خەڵک لەبەرامبەر دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بکات بە بەردەبازێک بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی خۆی لەبەشداری لە دەسەڵات و بەمجۆرە بردنی بەش و پشکێک لە داهاتی ئەو کۆمەڵگایە، بەرمانە و سیاسەتی خۆی بۆ کۆمەڵگا ئاشکرا کردووە. یەکێک لەو بنەمایانەی کە دەسەڵاتەکەی خۆی پێوە ئەبەستێتەوە پاڵدانە بە دینەوە تا ڕادددەیەک کە ئەگەر یەکێتی و پارتی ئەو کارەیان نەکردبێ، ئەم زیاتر تەواوی بکات.

بۆیە وەک ئەبینین بە شانازیەوە وەزارەتی ئەوقاف وەرئەگرێت! ئەمەش بەشێکە لەو پاشخانەی کە لە پەیوەند بە بەکارهێنانی دینەوە هەیەتی. ئەم مەسەلەیە بۆ بزووتنەوەیەک سەیر نییە کە هەر زوو لە سەر زاری رابەرەکەیان نەوشیروان مستەفاوە ووتیان "ئەگەر ئێمە بچینە پەرلەمان ئەوا هەر برگە و یاسایەك لە دژ بە بنەماکانی ئیسلام بێت ئێمە رێگەی پێ نادەین و دژی ئەوەستینەوە." ئەم قسەیەی نەوشیروان هیچ جیاوازیەکی نییە لەگەڵ ئەوەی کە سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی چەند جارێک ئەوەی دووبارەکردۆتەوە کە "ئێمە هیچ کەس لە خۆمان بە ئیسلامتر نازانین بۆیە کەس مزایەدەی ئیسلامبوون بەسەر ئێمەدا نەکات." پرسیار ئەوەیە کە ئایا زەرورەتی گرتنی دین بەم شێوە توندە لە لایەن بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردەوە چییە؟ دیارە زەرورەتەکەی لەوێوە هاتوە کە ئیسلام وەك دین بۆ بۆرژوازی کوردی گرنگە تا لەو رێگەیەوە بتوانن خەڵکی کوردستان لە ناو خورافەدا نقوم بکەن و کلتورو فەرهەنگی دواکەوتوانە لە ناو خەڵکدا درێژەی هەبێت و دەسەڵاتی خۆیان ئاسانتر بسەپێنن. دین یان هەر بیروڕایەک کە ئەو ڕاستیە لەبەرچاوی خەڵک لێل بکات کە سەرچاوەی ئەسڵی ژیانی نایەکسان و نەبوونی ئازادی بۆ مرۆڤەکان سیستمی بەڕیوەبردنی کۆمەڵگایە لەلایەن سەرمایەدارییەوە، کە تیایدا قازانج و سوود و کەڵەکەی سەرمایە ئەسڵە نەک خودی مرۆڤەکان، بۆرژوازی دەستی پێوە ئەگرێت و بەهێزی ئەکات. دینیش هۆکارێکە بۆ بەهێزکردنی ئەو بیرکردنەوەیەی کە گوایە ئەم دنیایە ئەبەدیە و دەست لێدانی مەحاڵە چونکە ئەمە چارەنوسێکە کە لەلایەن خاڵقێکەوە دانراوە ئینسان ئەبێت رازی بێت پێی . بزوتەنەوەی کوردایەتی هەر وەك چۆن نوێنەرایەتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست ئەکات، هەر لەو ڕێیەشەوە توانیویەتی بگاتە دەسەڵات، ئەزانێ کە کۆمەڵگەی کوردی دین بەسەریا زاڵەو تەنانەت حیزبی دینی لەکوردستان بونیان هەیە و خەڵك لە ڕێگەی ئیحساسی دینەوە بۆلای خۆیان ڕائەکێشن.

بزووتنەوەی گۆڕانیش لە هەمان ڕوانگەوە باوەشێنی دین و پێوانەکانی ئەکات و وەرگرتنی وەزارەتی ئەوقافیش بەشێکە لەم هەوڵەی. تەنانەت بەشێکی بەرچاوی ئەو کادرو بەرپرسانەی کە گۆران بۆ پۆستە سیادیەکان دیاری کردون باکگراوندی ئیسلامیان هەیە، وەكو پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی پەرلەمان. کاتێك گۆڕان وەزارەتی ئەوقاف وەرئەگرێت و لەولاشەوە رابەرەکەیان و تەنانەت بەشێکی بەرچاو لە کادرەکانی ئەوە دوبارە ئەکەنەوە کە ئەوان دژی هەر یاسایەکن کە لە دژی دین و فەرگەنگ وسوننەتەکانی دەربچێت، ئەم ڕستەیە مانا عەمەلیەکەی ئەوەیە کە ئەگەر کوڕان و کچانی کوردستان خوازیاری دەرکردنی یاسایەك بن کە ژن و پیاو یەکسان بن و چەند ژەنە قەدەغە بکات، یان دین لە پەرەوەردە و خوێندن جیا بکرێتەوە، بکوژی ژنان بدرێن بە دادگا، زەواجی ئیجباری نەمێنێت و حیجاب لەسەر منالانی خوار ١٨ ساڵ قەدەغە بکرێت و دەمی ئەو مەلاو مەزگەوتانە بگرن کە ڕۆژانە سوکایەتی بە کوڕان و کچانی ئەو کۆمەلگایە ئەکات و ئەو مەلایانە بدرێنە دادگا کە هانی خەڵك ئەدەن بۆ توندو تیژی بەرامبەر بە کۆمەڵگا و دین بکرێتە کارێکی شەخسی ئینسانەکان، ئەوە ئەمان دژی ئەبن و رێگەی پێ نادەن چونکە لەگەر شەریعەتەی ئیسلام یەك ناگرێتەوەو دژی یەکن.

هەندێک کەس کە لە کوردستان خۆیان بە کەسانی عەلمانی وچەپ و ئازادیخواز ئەزانی هاتن و دەنگیاندا بەم بزووتنەوەیە، ئەبێت ئێستا ئەمانە چی لە عەلمانیەتەکەیان وئازادیخوازیەکەیان بەکەن کە بونەتە بەشێك لە بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرست و دیفاع کەر لە دین و فەرهەنگ و سوننەت و پرۆگرامەکەی؟ وەرگرتنی وەزارەتی ئەوقاف لە لایەن گۆڕانەوە لە لایەك دڵنیا کردنی دەولەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەیە و لە لایەکی ترەوە ئەویش وەك یەکێتی و پارتی نیشانی ئەدات کە ئەمیش درێژە پێدەری هەمان سیستەم و ئەقڵیەتی داوکەوتوانەیە لە کوردستان واتە هێشتنەوەی دینی ئیسلام وەكو دینێکی رەسمی کۆمەڵگا و لە هەمان کاتدا وەكو سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دانانی ڕەسم و یاساکان کە لەکوردستان دەرئەچن. چونکە بزووتنەوەی گۆران خۆی خاوەنی وەزارەتی ئەوقافە حەتمەن ئەشبێت دیفاع کەری گوتە و سورەت و ئایەتەکانی ناو کتێبەکەشیان بێت. ئەبێت سورەتەکانی محمد و توبە و ئەنفال و مانگا وەكو هەر شتێکی تر لای پیرۆز بێت کە بەشی هەرەزۆریان هانی خەڵك ئەدەن بۆ کوشتن و تۆقاندن. ئەگەر کەسانێك پەیدا بن وبڵێن ئەبێت ئەمانە قەدەغەبکرێن چونکە بۆ مرۆڤی ئەم سەردە شیاو نیە و لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ ناگونجێت ئەوا بزووتنەوەی گۆران دژی ئەوەستێتەوە لەبەرئەوەی بە پیێ رەسم ویاسکانی ئیسلام هیچ کەس بۆی نیە رەخنە لە ئیسلام و فکرەکەی و ڕابەرەکەی بگرێت. ئەگەر کەسانێك بێن و بڵێن ئەبێت ئازادی بۆ هەموو کەسێك بەرقەراربێت واتە چۆن بۆ کەسانێك کە دینیان هەیە ئازادن و ڕۆژانە بە ڕادیۆ و رۆژنامە و تەلەڤیزیۆن بانگەشە بۆ دینەکەیان ئەکەن و دیفاعی لێ ئەکەن، ئاواش بۆ ئەوکەسانە ئازادی هەبێت کە بروایان بە هیچ دینێك نیە و ئازاد بن لە رەخنە گرتن، ئەوە بزووتنەوەی گۆران دژیان ئەبێ چونکە ئەوە پێچەوانەی بنەماکانی ئیسلامە. ئەوانەی کە دەنگیاندا بە گۆڕان ئێستا ئەبێت باجی خۆشخەیاڵی کۆمەڵگای مەدەنی و هاوڵاتی یەکسان بوون لەژێر سایەی گۆڕاندا بدەنەوە.

 


ماڵپەڕی ئەکرەم عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک