په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١\٢٠١٩

بزووتنەوەی خەڵکیی زۆر پێویستی بە ھاوپشتی چینی کرێکاران هەیە.


زاھیر باھیر      

 
نزیکەی چوار دەیەیە ھاوپشتی چینی کرێکاران بەتایبەتی کرێکارانی کەرتەپیشەسازییەکان و کۆمپانییە زەبەلاحەکان بۆ بزوتنەوەی خەڵکی کە ماوەیەکی زۆرە لە ئارادایە,یا نەبینراوە یاخود زۆر دەگمەن بوووە.


ئەم دیارەدیە زۆر بە ئاسانی دەبینرێت. با ھەر دوور نەڕۆین تەماشای بزوتنەوەی سەوزی حوزەیرانی ٢٠٠٨ی ئێران، ئەوەی پار کە ھێشتا ھەر ناو بەناو دەردەکەوێتەوە، بکەین ، ھەروەھا ولاتانی " بەھاری عەرەبیی"ش. ھەر ئاواش ئەم دیاردەیەمان لە ئەردەن و بەحرەین و خۆپیشاندان و پرۆتیستە گەورەکەی گازی پارکی تەقسیمی تورکیا، ساڵی ٢٠١٣ و فەرەنسای ٢٠٠٥ یش، بینیوە کە بێ پشتوپەنای کرێکاران ماونەتەوە . لەو ھەموو خۆپیشاندان و پرۆتێستانەی عێراقیش بە کوردستانیشەوە کە ھەر لە داگیرکردنەکەی ٢٠٠٣ وە سەری ھەڵدا، تەنانەت ئەمانەی ئەم دوایەی مانگی تەموز و سێبتەمبەری شاری 'بەسرە'ی ساڵی پار، ٢٠١٨، لێرەش ھاوپشتی کرێکارانمان نەبینی. لە وڵاتانی بلۆکی شەرقی کە سەر بە شورەویی جاران بوون، خۆپیشاندانێک و پرۆتێستێکی زۆر لەم ساڵانەی دواییەدا ھەتا ئەم دوایەش دەرکەوتن بەڵام ھێشتا ھەر کرێکاران وەکو پێویست پشتگیرییان نەکردن . لەمانەش گرنگتر ئەوەی فەرەنسایە کە لە ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەری پارەکەوە دەستیپێکردووە و تا ئێستاش ھەر بەردەوامە ، چینی کرێکاران ھەر خەریکی کاری خۆیان و کەڵەکەکردنی سەرمایەن بۆ خاونکارەکان و خاوەنکۆمپانیاکان.


پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا، جیھانگیریی [گڵۆبەلایزەیشن/ عەولەمە] و قەبارە و جۆرێتیی [کواڵەتی] چینی کرێکاران لەم چەرخەدا ، ھەموو ئەمانە دەبوایە ئێمەی بەرەو شۆڕشی سۆشیالیستیی ببردایە یاخود لانی کەم ھارکاریی و ھاوپشتی ئەو بزوتنەوانەی خەڵکییان بکردایە کە بە بەردەوامی و لە زۆر شوێنی ئەم دونیایەدا ڕوویانداوە و ڕوودەدەن. بەڵام مەخابن ئەوەی کە لەم چوار دەیەیەدا دەیبینین، چینی کرێکاران یا ھاوپشتییان نەکردون یاخود ھەر زۆر کەم. من وای دەبینم کە زەمینەی ھەنووکەیی پیشەسازیی ، تەکنەلۆجیای نوێ و پێشکەوتوو، جیھانگییریی ، ھەمو ئەمانەدەبوایە ئامادەکاریی بۆ شۆڕش بکردایە.


گرفتەکەش ھەر ئەوە نییە کە شۆڕش ڕووینەداوە ، بەڵکو خودی بزوتنەوەی کرێکارانیش لە زۆرێک لە وڵاتانا ھەر بوونی نییە. ھەلومەرجی ئێستایی کرێکاران گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی کە خۆی بەدوور لە بزوتنەوەی خەڵکی بگرێت. پرسیار دەکرێت بۆچی تا ئێستا شۆڕش ڕوینەداوە؟ من لێرەدا ھەوڵنادەم کە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە چونکە من لە ھەندێک لە وتارەکانی پێشترما خۆم لە قەرەی وەڵامەکەی داوە. بەڵکو من لێرەدا ھەوڵدەدەم ئەو بارودۆخەی کە گەمارۆی کرێکارانی داوە، بەم نوسینە گەر کورتیشە، لێکبدەمەوە، ئەمەش بەگوێرەی بۆچوون و تێگەیشتن و ئەزموونەکانی خۆمن.


من باوەڕم وایە ئەم ھەڵوێستەی چینی کرێکاران کە پاڵپشتی بزوتنەوەی خەڵکی ناکات زۆر بە توندی گرێدراوەتەوە بە جیھانگیرییەوە [ گڵۆبەلایزەیشن] . بۆ من ئەوە ئاشکرایە بە فراوانبوونی شەپۆلی جیھانگییریی، بە گەیششتنە وڵاتانی زیاتر، چینی کرێکاران لاواز و لاوازتر بوون . بۆ سەلماندنی ئەمەش دەکرێت سەرنجی ئەم دوو خاڵەی خوارەوە بدەین:


کەی جیھانگییریی دەستیپێکرد؟ بە واتایەکی دیکە لەکەیەوە چینی کرێکاران لاواز و لاوازتر بووە؟


بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە لە نێوانی ئابوورییناسانو مێژووناسەکانا ڕایەکی ھاوبەش و یەکگرتوو نییە سەبارەت بە سەردەمی یاخودی مێژووی دەستپێکردنی جیھانگییریی. ھەندێکیان دەیگێڕنەوە بۆ سەرەتای چەرخی نۆزدە. ھەندێکی دیکەیان بۆ چەرخەکانی شازدە و حەڤدە، بەتایبەت بۆ یەکەم ئیمپایەری پورتوغالیی و ئیسپانییەکان ، دواتریش بۆ ئیمپایەری 'دەچەکان' و بریتانییەکان کە دەستیان بە کۆڵۆنایزکردنی وڵاتان، کرد. ئەم گروپە باوەڕیان وایە ئەمە لە سەرەتای چەرخی حەڤدەدا، بەدیاریکراوی پاش دامەزاندنی کۆمپانیا فرە قەومییەکەی کە ناوی کۆمپانیای بریتانی لە ڕۆژەھەڵاتی ھندستانا بوو، کە لە ساڵی ١٦٠٠ دا، دامەزرا ، ئەمە سەرەتای جیھانگییریی بووە.


لەگەڵ ئەم ڕایانەدا زۆرێکیش کە لەم بوارەدا کاردەکەن ئەوە دەسەلمێنن کە جیھانگییریی سەردەمیانە [مۆدێرنانە] لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە دەستیپێکردووە.. ئەمەش کاتێک کە ڕێگادراوە کە کاڵای ھەرزان لە بەرھەمێنانا و بەکارھێنانی ھێزی بازووی ھەرزان، کەوتە بەردەست ، ئەم دیاردەیە زۆر یا کەم ، پاڵنەرێک بوو بۆ پێشەوەچوونی ئابووریی ھەنگاوێک زیاتر.


کاپیتاڵیزم لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە پێی نایە قۆناخێکی نوێوە و ھاوکاریی جیھانگییریی کرد. ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ دۆزینەوە و و دامەزراندنی کۆمەلێک دامەزراوەی جیھانیی. یو ئێن [United Nation ] ، فراوانبوون و زیادبونی ژمارەی کۆمپانیای فرەنەتەوەیی لە ئەمەریکا و ئەوروپا ، ڕیکەوتنی یا پەیمانی گشتی لەسەر گومرگ و بازرگانییGeneral Agreement on Tariffs and Trade (GATT),] ، پەیمانی/ڕێکەوتنی ئازادی بازرگانیی باکوریی ئەمەریکا، [North American Free Trade Agreement (NAFTA) ] ڕێکخراوی بازرگانیی جیھانیی[World Trade Organization (WTO)] ، پەیمانی ماستریخت [MaastrichtTreaty] و لە کۆتایشدا یەکێتی ئەوروپا [European Union]. تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو کە نرخی یاخود تێچوونی بازرگانی کەمکردەوە ، بڕی گوومرگ و سنووریی زۆنی بازرگانیی لابرد یا ھەر زۆر کەمیکرندنەوە ، ھەموو ئەمانە ھاوکار و یارمەتیدەری ئەو دامەزراوانە بوون کە لە سەرەوە باسمکردن.


ئاڵوگۆڕکردنی زانست و پێشکەوتنی لەسەرجەمی دونیادا ، تەکنەلۆجیا و بەرھەمەکان ، ماسمیدیا، پێشەوچوون و تەشەنەکردنی ھاتووچۆی جیھانیی، پەیوەستکردنەوەیی تەلەفونیی و بەشەکانی ئەلەکترۆنیی ڕۆڵێکی یەکجار گرنگ و کاربڕیان لە جیھانگیریی سەردەمدا ، گێڕا.


بۆچی جیھانگیریی ، چینی کرێکارانی لەبری چالاکبوون پاسیڤکرد؟


ئەوانەی کە لەسەرەوە پەنجەم بۆڕاکێشان سوود و زیانی خۆیان بە چینی کرێکاران گەیاند. بەڵام بەڕای من بۆ سەرمایە و سەرمایەداریی زۆر زیاتر تاکو چینی کرێکاران، بەسوودتر بوون.


من بۆ وەلامی ئەو پرسیارەی سەرەوە دوو ھۆکاری سەرەکی دەبینم:


یەکەم: جیھانگییریی سەردەم بەھەر شوێنێک گەیشتبێت تەواوی ستراکتوریی چینی کرێکارانی گۆڕیوە. ئەوەی کە بۆ کرێکاران ماوەتەوە و ھاوبەشە تەنھا ناوەکەو فرۆشتنی ھێزی بازوو و مێشکیانە ، نە زۆر نە کەم. ئێمە ئەم دیاردەیە لە بریتانیادا زۆر بە ئاشکرا دەبینین. کرێکاران لەسەر کار بۆ توێژاڵی جیا جیا و بەھەلومەخی جیا دابەشکراون. ئیدی چی تر یەکێتی چینی کرێکارانی، تەنانەت لە ھەمان کۆمپانیادا یا کارگەدا ، یا ھەمان سۆپەرمارکێتا، یاخود لە خەستەخانەکانا، شارەوانییەکانا، بەھۆی دامەزراندنی کەرتی جیاوازەوە ،لەناوبردووە ، لانی کەم تا ئێستا. کەرتی ئای تیی ، بەرھەمھێنان، کەرتی دۆزینەوەی بازاڕی فرۆشتن ، ڕێکلامە، بەشی دامەزراندنی کرێکار و کارمەند، ئەدمین ، کرێکارانی سەر کاسەکان ، کرێکارانی پاراستن و پاککەرەوە و پاسەوانی شوێنەکانی سەر کار ، تەکنیشنەکانی پاراستن و چاککەرەوەی ئامرازەکان و ماشێنەکانی کار... ئەمانە چەند کەرت و بەشێکن لە ھەمان کۆمپانیادا، کارگەدا یا لە شارەوانییەکان و خەستەخانەکان و ..تد . ئەم کرێکارانە و ستافەکانی دیکە کە لەو شوێنەدا کاردەکەن ھەلومەرجی کار و سەر کاریان و موچەیان جیاوازە. ئەمەش ھۆکارێکە کە بە دەگمەن دەیبینینن کە کارمەند و کرێکارانی کۆمپانیایەک یاخود کارگەیەک بەیەکەوە مانبگرن بۆ ھاریکاریی کرێکارنی دیکە و ھەتا بەشێکی خودی کرێکارانیش لە بەشەکانی کۆمپنایەکە یا شارەوانییەکە کە لە مانگرتنان.


گومانیش لەوەدا نیە کە لێرەدا نقابەش ڕۆلێکی گەورە یاریدەکات بە ڕازیبوونی دابەشکردنی کرێکاران بەسەر چەند نقابەیەکی جیاوازدا . ڕەنگە یەکێک بلێت ئەوە لە بریتانیادا بەھۆی یاسای دژە نقابەوەیە بۆیە کرێکاران ناتوانن ھەڵوێستیان ھەبێت. بەڵام لە ڕاستیدا گەر کرێکاران لە بناخەدا بەھێزو یەکێتییان ھەبوایە، چالاکی جددیان دژی مارگرێت تاچەری سەرەکوەزیرانی ئەوکاتەی بریتانیا ، بکردایە، کە ئەو بوو یاسای دژە نقابەی چەسپاند ، ھەرگیز تاچەر زاتی ئەوەی نەدەکرد کە ئەم یاسایە بخاتە گەڕ. تاچەر ئەمەی کرد لەبەرئەوەی کە کرێکاران خۆیان لاواز ، بەش بەش، بێ ورە، بوون،مرۆڤگەلێکی نەیار بە خۆشیان بوون. بێ گومان ئەمە نەدەکرا گەر نقابەی مەرکەزیی و پارتی کرێکارانی بریتانیی یارمەتیدەری تاچەر نەبوونایە.


مێژوی کرێکاران لە چەرخەکانی ھەژدە و نۆزدەدا، تەنانەت لە نیوەی چەرخی بیستی-شدا ئەوە دەسەلمێنێیت کە چینی کرێکاران زۆر چالاک و یەکگرتوو بوون لەو سەردەمانەدا. ھۆکاری ئەمەش، لای من ، تەنھا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەرمایەداریی وەکو ئەم دواییە پێشنەکەوتبوو و جیھانگییریی سەردەمیانەش نەھاتبووە کایە. ھەنووکە بە پێشکەوتنی تەکنەلۆچیا و قەبارە و جۆرێتیی چینی کرێکاران کە شۆڕشگێڕە پێشەنگ و قەدیمەکان لە نێوانیشیانا کارل مارکس-ش ڕایانوابووە کە ئەو مەرجانە دەکرێت بەس بن بۆ ڕوودانی شۆڕش. ئەی بۆچی ڕووی نەدا ؟ وەڵامی پرسیارەکە بۆ خودی خوێنەر بەجێدەھێڵم.


فاکتی دووەم، جیھانگییریی جوتێک پێشکەوتنی لەتەک خۆیدا ھێنا: یەکەم: زۆرێک لە بەڕیوەبەرانی ناونجیی درووستکرد ، ھەروەھا ڕۆبۆت، زۆرینەیەک لە خەڵک کە ئێستا لە بەشەکانی وەکو : کڕینی شمەکی جیا جیا [ دووکان و بوغازە و سوپەرمارکێتەکان]، بەشی ھاتووچۆ، گەشتکردن ، بەشەکانی دیکەی وەکو : باڕەکان، شوێنەکانی دیکەی خۆاردنەوە، ھوتێل، قاوەخانە، چێشتخانە، جۆرەکانی دیکەی خواردەمەنی، ھێنایە ئاراوە . ھەندێک لە ڕاپۆرتە نوێیەکان ڕێژەی سەدیی ئەو کرێکار و کارمەندانەی کەلەم شوێنانەی سەرەوە کاردەکەن بە لە سەدا ٢٦ ی سەرجەمی کرێکارانی بریتانیای خەمڵاندووە . ھاوکاتیش بەگوێرەی تازەترین ڕاپۆرتی نقابەی مەرکەزیی بریتانیی تەنھا ٢.٦ ملیۆن کرێکار لەبەشەکانی پیشەسازییدا کاردەکەن. کاری پیشەسازیی واتە کارکردن لە کارگە و کارخانەکانا لە ساڵەکانی حەفتاکانی چەرخی ڕابووردووەوە بەشێکی بچوکی ئابوریی بریتانیا پێکدەھێنن. دووەم: جیھانگییری بە ڕۆڵی خۆی بێکارییەکی یەکجار زۆر، پەنابەر و کۆچبەر ، خەڵکانی ھەژار ھەر زۆر ھەژار، کرێکارێکی زۆر بە بە پارەیەکی یەکجار کەم کە ھیچ زەمانەت و ئایندەیەکیان لەسەر کارەکانیان، نییە ، دروستکردووە. تا ڕادەیەک لە ھەموو شوێنێکی ئەم دونیایەدا نەک ھەر بەتەنھا لە ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی پیشەسازیی گەشەکردوو، ئەم دیاردەیە دەبینین.جیھانگییریی کارێکی وای کردوە کە خەڵکێکی زۆر لەدامێنی کۆمەڵ-دا بژین و پەرواوێز بکەون.


خەڵکانی فەرامۆشکراو، پەراوێزخراو کە من لەگەڵ سەرجەمی کرێکارانا بە چینی پڕۆلیتارییان دەزانم و دەناسم کە: بێکاران ، خانەنشیکراوان، قوتابی و خوێندکاران، پیاوان و ژنانی تەنیا باڵ لەگەڵ منداڵەکانیانا کە کار دەکەن یا لەسەر بیمەکانن ، ئەوانەی لەسەر بیمەکانن ، کەمئەندامان و خەڵکانی خاوەنپێداویستی تایبەتیی، دەسگێڕەکان، خاوەندووکانە بچووکەکان .. تد . ھەرە زۆرینەی پڕۆلیتاریان ، ئەمانە لەم جیھانەدا لەسەر ھێڵی برسێتی دەژین و ھەندێکیشان لە خوار ئەو ھێڵەوە ژیان دەبەنەسەر. دەتوانین پەنجە بۆ زۆرێک لە وڵاتە جیا جیاکانی بەشەکانی جیھان یا کیشۆرە جیاوازەکانی دونیا ڕاکێشین کە نزیکەی نیوەی دانیشتوانیان داھاتی ڕۆژانەیان یا تاکە دۆلارێکی ئەمریکییە یا دوو دۆلارە.


ئەم خەڵکانە لە ڕووی ئابوورییەوە، کۆمەڵایەتییەوە، داراییەوە باری ژیانیان زۆر خراپترە لەو کرێکارانەی کە کەم تا زۆر کارێکیان ھەیە و داھاتیان باشترە لەوان، ھاوکاتیش گەلێکیان شوێنیێک ، خانویەکیانھەیە کە تیایدا دەژین گەر چی بە کرێش بێت. بەم جۆرە ئێمە دەبینین کە پڕۆلیتاریا بەشە زۆرەکەی کۆمەڵن لە ھەر شوێنێکی ئەم دوونیایەدا، بن، ئەمانە ئەو خەڵکانەن کە ژیانیان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبێت و بێ چارە ماونەتەوە. ئەمانە ژیانێکی ناڕەحەت دەچێژن ، ژیانیان کولەمەرگییە . خۆشبەختانە زۆرێک لەمانە لەپێناوی باشکردنی ژیانیانا لە خەباتدان دژ بە دەوڵەت و بە سیستەمەکە. ھەر ئەم ھۆکارەشە واتە زۆرینەی پڕۆلیتاریا لە کۆمەڵدا، کە من باوەڕم وایە یا شۆڕشنابێت یاخود دەبێت شۆڕشی پڕۆلیتاریا و کۆمەڵایەتیی، بێت ، نەک بە تەنھا شۆڕشی چینی کرێکاران.


لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا ، مانای ئەوە نییە کە چینی کرێکاران ڕۆڵیکی کەمدەبیننن لە شۆڕشی سۆشیالیستیی-دا . لە ڕاستیدا شۆڕش بێ بەشداریکردنی ئەوان و ھاوپشتییان کە زۆر زەرووری و بناخەییە، مەحاڵە، چونکە یا بزوتنەوەکە ، ڕاپەڕینەکە ڕەنگە بەرەو جەنگی ئەھلی بڕوات ، یاخود لەلایەن ڕاستڕەوە توندڕەوکانەوە ، یا لە لایەن گروپە ئیسلامییە دەسەڵاتخوازەکانەوە وەکو ئەوەی کە لە " بەھاری عەرەبی"دا بینیمان ، کۆنترۆڵدەکرێت. ئەمە جگە لەوەی لە حاڵەتی بەشدارینەکردنی کرێکاراندا، ئەگەری ئەوەش ھەیە زۆر درێژە بکێشێت کە لەم بارەشدا خەڵکیی ھیلاک و بێ ئومێد و پەردەوازە دەبێت و دواتریش لە لایەن دەوڵەتەوە بزوتنەوەکە تێدەشکێت.

 

٤\١\٢٠١٩ - لەندەن

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک