په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٨\٢٠٢٥

بلاکستۆن خەڵک بێخانە ئەکات و

ترامپیش سەرباز بۆ زیدانیکردنیان ئەنێرێ.

عامر سابیر      


کۆمپانیای بلاکستۆن (بەردی ڕەش) کۆمپانیایەکی گەورەی ئەمریکییە و سەرمایەکەی یەک پۆینت دوو (١،٢) تریلیۆن دۆلارە و داهاتی ساڵانەی ٧ بۆ ٨ بلیۆن دۆلارە. لە ساڵی ٢٠٢٢ دا ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕاپۆرتێکی لە بارەوە بڵاوکردەوە(١) کە ئەم کۆمپانیایە خەریکی کڕینی ئاپارتمان و خانووە بەتایبەت لە گەڕەکە کرێکاریی و هەژارنشینەکانی شارەکانی ئەمریکادا و لە ئێستادا تەنها لە ئەمریکادا زیاتر لە ٣٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی هەیە و داویەتی بەکرێ. هەر ئەم کۆمپانیایە هەمان شت لە ولاتانی تریشدا ئەکات و لە ئێستادا لە (ئیسپانیا)شدا خاوەنی ١٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە و داویەتی بەکرێ.

کە پەتای کۆرۆنا لە دیسەمبەری ٢٠١٩دا لە چین سەریهەڵدا و لە مارتی ٢٠٢٠دا گەیشتە وڵاتانی دونیا. سیستەمی سەرمایەداری و بلوێنێرەکانی ئەم قەیرانەیان قۆستەوە و چەندەها تریلیۆن دۆلاریان چاپکرد. بۆ نموونە لە سەرەتای کۆڤید نۆزدەوە تا مارسی ساڵی٢٠٢١ ، تەنها وڵاتانی (جی حەوت) سیازدە تریلیۆن و نیو دۆلاریان چاپکرد و کردیانە بازاڕەوە کە لە ئەنجامدا نزیک بە هەموو ئەم پارەیە کەوتە گیرفان و بەردەستی بلیۆنێر و کۆمپانیا گەورەکانەوە. ڕێکخراوی ئۆکسفام کە ڕێکخراوێکی چارتی بەریتانییە و ساڵانە داتاکان لەسەر قڵشتی چینایەتی بڵاوئەکاتەوە، ئەڵی؛ لەسەرەتای هاتنی کۆڤیدەوە (مارسی ٢٠٢٠) تا (مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢١) دە دەوڵەمەندترین پیاوی دونیا سەروەتەکەیان لە ٧٠٠ بلیۆنەوە بەرزبۆوە بۆ تریلیۆن و نیوێک. ئێستاش کە کۆڤید تەواو بووە تەنها لە ساڵی ٢٠٢٤دا بلیۆنێرەکان دوو تریلیۆن دۆلار سەرمایەکەیان چووە سەرەوە کە لە ١٣ تریلیۆنەوە بووە بە ١٥ تریلیۆن.

بلوێنێر و ملوێنێرەکان کە ئەم هەموو پارەیەیان کەوتۆتە ژێر دەستەوە، بەشێکی بەکارئەهێنن بۆ کڕینەوەی پشکی کۆمپانیاکانی خۆیان و بەمە بەهای کۆمپانیاکانیان بەرزئەکەنەوە و بەشێکی تریشی بۆ کڕینی (پرۆپتی) ماڵ و خانوو و ئاپارتمان و بینا و ئۆفیسەکان بەکارئەهێنن. ئەوان کە (١٪ی دانیشتوانن) کە لەسەر حیسابی چینی کرێکار و بەشی زۆری دانیشتوان پارەیەکی خەیاڵی دراوە پێیان و کەوتۆتە لایان، بەو پارەیە خانوو و ئاپارتمان ئەکرن، بەمە نرخی خانوو زۆر بەرزئەکەنەوە و ئیتر کڕینی خانوو لە توانای نەوەی کرێکاراندا ناهێڵن و نەیانهێشتووە تا بیکڕن. وە کە خۆیان بوون بە خاوەنی رێژەیەکی زۆر و بەکرێ دایانەوە بە کرێکاران، ئیتر هەر خۆیان بڕیار بەدەستن و بە ئارەزووی خۆیان کرێ بەرزئەکەنەوە و چینی کرێکار و ٦٠٪ خوارەوەی دانیشتوان زیاتر ئەدۆشن و چینی مامناوەند تەفروتونا ئەکەن و لە هەژاریدا نوقمیان ئەکەن. سەیرکەن بەپێی ڕێکخراوی (مارکێت وۆچ) لە ئەمریکادا کرێی خانوو لە ساڵی ٢٠٢٠ ەوە تا ئەمساڵی ٢٠٢٥ بە ڕێژەی ٤٣٪ چۆتە سەرەوە، وە کرێی ئاپارتمان (شوقە) بە ڕێژەی ٢٩٪ بۆ ٣١٪ چۆتە سەرەوە. لە کاتێکدا کرێی کرێکار لە هەمان ماوەدا بە ڕێژەی تەنها ١٥٪ بۆ ٢٠٪ چۆتە سەرەوە.

لەکاتێکدا بلوێنێرەکان و کۆمپانیاکانیان خەڵک هەژار و بێ خانەولانە ئەکەن و ژمارەی ئەوانەی کە ناتوانن خانوویان هەبێت یان ناتوانن کرێی خانوو بدەن لە هەڵکشاندایە و کرێکاران و هەژاران ناچار ئەکەن کە لەسەر شەقامەکان لە خێمەدا شەوبکەنەوە. لە لایەکی تریشەوە بلوێنێرێکی تر کە ناوی (دۆناڵد تامپ)ە کە لە ئەنجامی فراوانبوونەوەی قڵشتی چینایەتی و خۆشخەیاڵی کرێکاران بۆوە بە سەرۆک، لە ١١/٨/٢٠٢٥دا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا(٢) ڕایگەیاند کە لە هەنگاوی یەکەمدا پایتەخت (واشنتۆن دی سی) لە بێ خانەولانەکان (هۆملێس پیوپڵ) پاکئەکاتەوە و ئەوانی بە تاوانبار و هۆکاری ئەنجامدانی تاوان ناساند. ئەمە لە کاتێکدا بەپێی داتاکانی پۆلیس ژمارەی تاوان لە ئێستادا نزمترینە لەچاو سی ساڵی ڕابردوودا و تەنها لە ٢٠٢٥دا ڕێژەی تاوان ٢٦٪ کەمیکردووە و ڕێژەی کوژراوان ١٠٪ کەمی کردووە. ترامپ ڕایگەیاند کە ٨٠٠ سەرباز و پۆلیس و هێزی فیدراڵ ئەنێرێ بۆ پاککردنەوەی شار لە بێخانەولانەکان.

ئەم بڕیارەی ترامپ لەگەڵ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و تووڕەی خەڵکی واشنتۆن دی سی و سەرۆکی شارەوانی بەرەوڕوو بۆتەوە.


سەرمایەداری تاوانی لێئەچۆڕێ، غەزە وێران ئەکات و سەدان هەزار ئەکوژی و خۆراک و خواردن ئەبڕێ، وە کاتێکیش کە برسییەکان لەسەرەدا ئەوەستن، بەر گوللەیان ئەدات و ئەیانکوژێ. لە ئەمریکاشدا کرێکاران هەژار ئەکات و ئەیانکاتە بێخانەولانە و کە فڕێدرانە سەر شەقام، سەرۆک سەربازیان بۆ ئەنێرێ و زیندانیان ئەکات.

_________________________________________________
تێبینی:
١-  Blackstone Company.
https://www.nytimes.com/2022/02/16/business/blackstone-real-estate-acquisition.html  
٢- لە ١١/٨/٢٠٢٥دا دۆناڵد ترامپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پلانی هێڕشی بۆ سەر بێ خانەولانەکان ڕاگەیاند.
https://www.youtube.com/watch?v=wySv9bWVCwg


١٣\٨\٢٠٢٥

ماڵپه‌ڕی عامر سابیر
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک