په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٥\٢٠١٠

بۆ باخەوانه‌ جنێوفرۆشە لاهاییەکە!


سەلام عەبدوڵا
  


ئەگەر مارکس ئاینی بە ئەفیونی گەل زانیوە، ئەوا من ئەو تێڕوانینە بەرفراوانتر دەکەم و دەڵێم: دژایەتی شوعییەت ئەفیونی گەلانە. بەداخەوە زۆرێک کەس لەم بۆچوونە تێنەگەیشتن و تەنانەت هەفتەنامەی(رێگای کوردستان)یش لەخۆیانەوە دەستکاری ناوی وتارەکەیان کرد. یەکێک بەناو(ب...)ئەوەندە بە ئەدەب و ئەخلاقە بە شوعییەکان دەڵێ: (با چیتر خۆیان نەکەن بە سینەما).


جا خاوەن ئەخلاقی بەرزو راستگۆ خواز: شوعییەکان سینەمان؟! ئایا بەڕێزیان چەندە لەو وەسفە ئەخلاق و راستگۆیی پاراستووە؟ ئەمەیان بۆ ئاسۆ بیارەیی بەجێدەهێلم چونکە ئەمیش بە هەزاران ئەندامی حزبێک دەڵێ(کۆمپانیا)!


رۆشنبیرە بە ویژدانەکانی جیهان قەڵەمەکەیان ئاراستەی بەرپرسی سەرەکی کارەساتی ئینسانی و جەنگ و تاوانەکانی دەکەن(سەرمایەو دەزگا زەبەلاحەکانی بۆرسەکەو سەندوقی دراوی جیهانی و فاشیزم هتد...)، بەڵام کۆڵەکە بەناو"نوسەرو روناکبیر)ەکانی کوردستان ئەرکی تریان لە ئەستۆ گرتووە: دژایەتی شوعییەت!


هیرۆئینفرۆشەکان، مەبەستم ئەنتی کۆمونیزمە، لەلایەکەوە نوسیویەتی(من بەناوی خۆمەوە قسە دەکەم و(بەس)، بەڵام لە رستەی دوایەوە خۆی بە (پێشەنگی ئەو کەسە نەتەوەیی لیبڕالانە دەزانێ کە رەخنەی لە ....)! ئەمەیان چەندی بە چەندە؟!


جنێوفرۆشەکە لە هۆڵەنداوە یاسای هۆڵەندیمان پێدەفرۆشێت! هۆی ها: زەحمەت نەبێ بڕۆ جارێ زیندانە تاکە کەسییەکانی لاهای و زیندانی دادگاکەی لاهای لە میزو بۆنەکەی پاک بکەوە، ئەوجا باسی یاسامان بۆ بکە...بڕۆ بپرسە بۆچی 12کوردستانی لەوێ زیندانی کران و بۆچی بەندەیان لە هاتن بۆ سەر زەمینی هۆڵەندای"پیرۆز" بۆ ماوەی 2ساڵ یاساغکرد!


جەنابی نووسیویەتی(...یان چارەسەری سروشتی. چارەسەرەکەش دنیادیدەییە)
من لە جەنابی جنیوفرۆشەکە زۆر زیاتر دنیامان بینیوەو"زۆر حەز"دەکەم لە شەقامە جوانەکەی سەنتەری ئەمستردام: سەرتاپای شوێنی قومارو و سۆزانیخانەیە. کوتومت جیهانی لیبڕڵەکان پیشاندەدا. ئەگەر سۆفیا سۆزانی زۆر بێت، ئەوا دەبێ باخەوان خۆشحاڵ بێت بە سەرکەوتنی سەرمایە، چونکە ئەم سیستێمە نەک سۆفیا، بەڵکو هەموو وەڵاتانی ئۆروپای رۆژهەڵاتیان کرد بە سۆزانیخانەیەکی گەورە بۆ خۆیان: ئەمە بەرهەمی فکر و ئەقڵ و بێویژدانی نیولیبڕالیزمی سەرمایەو بازاڕە"ئازاد"ە دڕندەکەیە کە جەنابی بەرگری لێدەکات، بەرگری لە سەرمایەی باوکسالار دەکات، چونکە ئەگەر پرسیار بکات کێن ئەوانەی سۆزانیخانەکانی ئۆروپایان پڕکردووە، بۆی دەردەکەوێت کە زۆریان لەو وەڵاتانەوە بەهۆی بارودۆخی هەژاری لەلایەن مافیای ئۆروپی و وەڵاتەکانیانیانەوە بۆ پیاوانی ئۆروپای"دیموکراسی"، (ئەستیراد)کراون!


بڕۆ قوربانییەکانی جەنگی ئەمریکی لە کەمبۆدیا، ڤێتنام، لاوس ببینە!
بڕۆ بۆ لای بەردە قارەمان و بپرسە قارەمانەکانی دیموکراسی و لیبڕالیزم چەند کوردیان کوشت!
بڕۆ ناکازاکی و هیرۆشیما ببینە!
بڕۆ، بڕۆ قوربانیانی دەستی دیکتاتۆرە سەربازییەکانی ئەمریکای لاتین، ئەفریقا و ئاسیا ببینە کە دۆست و لایەنگری لیبڕالیزم و دیموکراسییەکانی دۆستەکانت!
بڕۆ بۆ هەڵەبجەو شێخ وەسانان ببینە، تا باسی چەکی کیمیاوی ئەڵمانی و هۆڵەندیتان بۆ بکەن!
بڕۆ پرسیار لە هیندە سوورەکانی ئەمریکا بکەن، بزانە چەند کەسیان ماوە!
بڕۆ پرسیار لە قوربانیانی پاشا و حکومەتی"زۆر بەڕێزی"هۆڵەندای مەزن بکە، چۆن بە زنجیر کۆتیان دەکردن، برسی دەکران و دەکوژران.
بڕۆ پرسیار لە هەژار، دەروەزە، ئەلکوهولیکە و بێکارەکانی هۆڵەندا بکە، باری ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان چۆنە و بۆچی وایان لێ هاتووە؟
بڕۆ پرسیار لە بارودۆخی بۆرسە، بازاڕی جەنگ و تەقەمەنی دیموکراسی و لیبڕڵی بکە، بزانە چەندە بایەخیان بە مافی مرۆڤیان داوەو دەدەن.
بڕۆ مۆزەخانەی سێکس ببینە لە نزیک بانهوڤەکەی ئەمستردام تا بزانی چۆن بازرگانە هۆڵەندییەکان کاتێ بۆ بازرگانی و راوە کویلەو داگیرکردن رۆیشتوون چۆن(پێش و پاشی نێولاقی!)هاوسەرەکانیان بە ئاسن قوفڵداوە.
بڕۆ، بڕۆ دونیا ببینە ئەی خاوەن ویژان و راستگۆ!
بڕۆ پرسیار لە کوردستانیان بکە، کێ بەرپرسە لە دابەشکردنی وەڵاتە نەگەبەتەکەیان، بەیاننامەی دابەشکردنی لە کوێ ئیمزا کرا..ئایا ئەوانە هەمان هاوڕێ و دۆستی هیرۆئینفرۆشەکە نین؟


هەر کەسێک بەرگری لە سەرمایەو سیاسەتی کۆلۆنیالیزم و نیو کۆلۆنیالیزم بکات، من بە کانیبالی دەزانم. ئەوەی نەفرەت لە کۆمونیزم بکات؟ نەفرەت لە بوونی دەکەم!


ئەو جنێوفرۆشە دەنوسێ: بچن دنیا ببینن و تێبگەن کە ئێوە دوای چی کەوتوون. تاوەکو خۆتان چارەسەر بکەن و بزانن چی دەڵێن و چۆن رەفتار دەکەن.)
ئاسۆ بیارەیی دەتوانێ چەپڵە بۆ(هیرۆئینفرۆشەکە)لێبدا. ئایا ئەو دێڕانە چەند ئەدەب و ئەخلاقی تێدایە؟ ئێمە تێڕوانین و جیهانبینی جیاوازمان هەیە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئێمە تێناگەین یان نەخۆش بین. وا چاکە باخەوان خۆی تیڕاپی بکات، چونکە بە روونی و ئاشکرا بەرگری لە داگیرکەرانی وەڵاتەکەی و جەنگ و تاوانەکانی سەرمایە لە جیهان دەکات.


باخەوان ئەوەندە بێ ئیتک دەنووسێ، رێ بەخۆی دەدا بە حزبێکی خاوەن هەزاران گیانبەختکردوو، زیندانی، خەباتگێڕ و تێکۆشەرو رۆشنبیرو شاعیر و هونەرمەند، بڵێ(من ئامۆژگاریتان دەکەم... ئێوە دوای چی کەوتوون... خۆتان چارەسەر بکەن...


من لەبەرامبەر هەموو جنێوەکانی"باخەوان"تەنها یەک وشەی ناشرینم بەکارهێناوەو ئەوەش وشەی(گەمژەیی)یە کە سزاکەی بە گوێرەی یاسای رۆژنامەوانی کوردستان تەنها بڕێکی مادی زۆر کەمەو پێشم ناخۆشە بەکارمهێناوەو وشەکانی تر رەوشت و فکرو رەفتاری سیستێمی سەرمایەداری دەگرێتەوەو لێشیان پەشیمان نیم.


"باخەوان"بە رابردووی ئیسلامی توندڕە"زۆر ئینسانی"و تازە لایەنگری لیبڕالیزمی نوێ"زۆر ئینسانی"، وەک چەندین نووسەری تر بەرچاوی رەشبووەو توشی هەستیریای ئەنتی کۆمونیستی بووەو لە رۆژنامەیەکی زۆر کڵۆڵ و بێئاستی حزبێکی نەتەوەیی" گەورەو بەناوبانگ"ی کۆماری مەزنی مەخمور، بە"ئازادی"بە ئەدەب و ئەخلاقەوە، تەقەی تاوان لە شوعییەکان دەکات و خۆی لێ بووە بە"رۆشنبیر"و رێپیشاندەرو پێشەنگ. بڕۆ رێ بە ئەمنستی ئینتەرناسیونال نیشانبدەن، تا راپۆرتەکانیان دژ بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە وەڵاتە دیموکراتەکان، بدڕن!


بڕۆ بە حکومەتی مەزنی نەرویژ، بەریتانی، دەنیمارک و هۆڵەندا بڵێ بۆچی پەنابەرە کوردستانییەکان بە زۆرەملی بۆ عیراق دەنێرنەوە!
بڕۆ رێ سەراماگۆ و چۆمسکی نیشانبدە تا واز لە شوعییەت و چەپایەتی بهێنن!


من ئێرەیی بە ئاستی کاڵفامییەکەی نابەم و بەدڵنیاییەوە وەڵامەکەی کە ئیمڕۆ لە دەنگی سەربەخۆ بڵاوبۆتەوە، زۆر باشتر ئاستنزمی هیرۆئینفرۆشێک پیشانداوەو هیچی تر.

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا