بۆ بەڕیز سەرۆک
وەزیرانی بەریتانیا گۆردن براون.
سلاوێکی گەرم...
هەروەک هەواڵەکانى چەند ڕۆژ لەمەوبەر ئاشکرایان کردووە کە
حکومەتەکەى ئێوە بەیانی ڕۆژى پێنج شەمە27-3 بە شێوەیەکی ناشارستانیانە
لەڕێگاى ژمارەیەکی زۆر لە کۆماندۆی وەزارەتی ناوخۆوە چوونەتە سەر
هەردوو گرتووخانەی کۆڵن برۆک و کامسفیڵد هاوس و نزیک بە 71 پەنابەری
کوردی عێراقیان بە کەلەپچەو بەفشارو زۆرهێنان براون بۆ فرۆکەخانەی ستان
ستێد ولەوێشەوە 60 پەنابەریان دیپۆرتى فرۆکەخانەی نیو دەوڵەتی هەولێر
کردۆتەوە.
پاشان لەوێش دەزگاکانى ئاسایشى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەلێدان
وسوکایەتی پێکردن لە فرۆکەکە دابەزێنراون. ئەمە لەکاتێکدایە کەئەو
پەنابەرانە نە تاون کارن و نە سەربازی جەنگین ، بگرە خەڵکی ئاسایى و
مەدەنی کوردستانن کەلە ئەنجامى جەنگ و پشێووى داسەپاو بەسەر عێراق و
کوردستاندا ڕوویان لە وڵاتی بەریتانیا کردووە. ئەم ڕووداوە جگە لەوەی
ئۆپەراسیۆنیکى سەربازى ئاشکرایە لەدژى پەنابەران ، راستەوخۆش تەواوى
یاسا مەدەنى و ئینسانىیەکان و هەموو ئەو ماف و ئیستانداردە ئینسانیانە
دەخاتە ژیر پرسیارەوە کە لە کۆمەڵگاى بەریتانیا جێکەوتووە.
بەڵام ئەمە یەکەمین جار نییە کە حکومەتەکەى ئێوە دەست بۆ کردەوەیەکى
نامرۆڤانەى لەم چەشنە دەبات، بەڵکو لەماوەی سێ ساڵی رابردووا 179
پەنابەری کوردی بەزۆر بەبێ ئەوەی هیچ فۆرمێکی گەڕانەوە ئیمزا بکەن
دیپۆرتی کوردستانی عێراق کراوەتەوە، کەلە نیویاندا ئۆپەراسیۆنى
ناردنەوەى پەنابەرانى کوردستانى عیراق بوو لەڕێگاى فرۆکەى جەنگىیەوە
بۆشارى هەولێر. هەموو ئەم کردەوانەش جگە لەوەى کە پێچەوانەیە لەگەڵ
پێوانە و بریارنامە نیو دەوڵەتیەکان لە بارەی مافی پەنابەران،
بەتایبەتى بڕیارنامەکانی جنیفی 1951، هاوکات ژیر پێنانى تەواوى ماف و
یاسا مەدەنیەیەکانى حکومەتى بەریتانیایە. کارێکى ئاوا بێشک پشیوى
گەورەو نائارامى لەڕەوشى پەنابەرى لەم ووڵاتەدا دنێتەکایەوە و ژیانى
پەنابەرانى کورد لەئاستەنگێکى خراپدا ڕادەگرى کە جگەلە تیرۆریزم و
تیرۆریستان کەسى تر سودى لێوەرناگرێ.
ئەم کردەوەیەى حکومەتى ئێوە تەنها گۆشەیەک لە سیاسەتیکى فراوانتر
دەخاتەڕوو کەلەماوەى چەند سالى ڕابردوودا بۆتە بەرنامەى کارى وەزارەتى
ناوخۆ لەدژى پەنابەران بەگشتى و پەنابەرانى کورد و عیراقى بەتایبەتى.
بەتایبەتیش لە دوای رووخانی رژیمی بەعس ئێمە شاهیدی حکومەتەکەى ئێوەین
بارودۆخێکی ئیجگار خراپ و دژوارى رووبەرووى پەنابەرانى کورد و عێراقى
کردۆتەوە. ویراى ڕەفزی بەکۆمەڵی بەپەنابەران و برینی سوسیال
ولێسندنەوەی خانووبەرەو دانی ڤاوچەرو و گرتن ڕاونان و زیندانی کردنی
ژمارەیەکی زۆر تا دەستبردن بۆ لەسەرکاردەرکردن و ئاگادارکردنەوەى
کۆمپانیاکان بۆنەدانى کار بەپەنابەران وزۆر هەنگاوتریش.. ئەمانە
لەکاتێکدایە کە رووهێنانى پەنابەرانى کوردو عیراقى بۆ وڵاتى بەریتانیا
ئاکامێکە لەجەنگ و سیاسەتێک کە حکومەتى بەرتیانیا لەم ناوچەیەدا
پەیڕەوى لێکردووە.
بەڕێز سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا گۆردن براون.
خۆتان ئاگادارى بارى پشێوى و ناجێگیرى عێراق و کوردستان هەن وئەوە
دەزانن کە لەعێراقدا، چ نائارامى وپێشیوىیەک هەیە، شەڕی ( مەزهەبی و
تایفی) تا درێژەکێشانى جەنگ و تیرۆر وکوشتار و پەرەگرتنى دەستەو تاقمی
ئیسلامی کە هیچ بەهایەکیان بۆ ماف و ئازادى خەڵکى مەدەنى وبەتایبەتیش
بۆ ژنان و منداڵان وخەڵکى ئاسایى لەعێراقدا نەهێشتۆتەتەوە.
لەکوردستانیش کە وەک بەشێکى فیدڕاڵ لەم عَیراقە پیناسەکراوە نائارامی و
ناجێگری و سەرگەردانی و هەرەشەی دەوڵەتی تورکیاو تۆب بارانکردنی
سنورەکان لەلایەن جمهۆری ئیسلامی ئێرانەوە دیاردەیەکى هەررۆژەیە، ئەمە
جگە لەوەى کە خودى راپۆرتەکانى ئەمنستى ئەنتەرناسیونال و وهیومەرایت وچ
و وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا بەڕِۆشنى باس لە پێشیلکارى و سەرکوتى
ئۆپۆزسیۆن و نەیارانى دەسەڵاتى کوردى و کوشتنى ژنان و دەستگیرکردنى
رۆژنامە نوسان دەکەن. هەموو ئەم واقعیەتانەش دیاردەى پەنابەریتى بەرهەم
هێناوە.
لێرەدا ئێمە وەک کۆمەڵگای کوردیو ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوە کوردیو
عێراقیەکانەوە دەمانەوێت ئەوپەری نیگەرانی خۆمان دەرببڕین بەرامبەر
بەبڕیارى ناردنەوەی بەزۆرى پەنابەرانی کورد بۆ کوردستان و تەنانەت
کەسوکاری ئەو پەنابەرانەشی لەناوخۆی کوردستان بەرامبەر حکومەتی
بەریتانیا تووڕەکردوە. هاوکات داواکارین لە بەڕێزتان کەئەم بریارە
ڕابگرن وچیتر کارى پێمەکەن. ئێمە وێراى ئەوەى بەتەواوى تواناوە ئامادەى
هاوکارین بۆ باشکردنى رەوشى پەنابەران لەوڵاتى بەرتیانیا هاوکات جێبەجى
کردنى ئەم خواستانە بەهەنگاوێکى کارساز دەبینین و دوامان لەبەڕێزتان
هەیە بیخەنە بەرنامەى حکومەتەکەتانەوە و بەکردەوە هەنگاوى بۆهەڵگرن:
1- راوەستان و
کارپینەکردنى بڕیارى دیپورت کردنەوەی پەنابەرانی کوردی عیراقی ،
پەنابەرانی کورد عیراقی مافی ئەوەیان پێ بدرێ دیفاع لەخۆیان
وەکەیسەکانیان بکەن.
2- هەرجۆرە هیرش وەلێسەندنەوەی خزمەت گوزاریەکان لەوانە(خانووبەرە
وەحقوقی سوسیال وەمافی کارکردن ) لەپەنابەران ڕابگیری وپەنابەران ئەو
مافانەیان پاریزراو بێت.
3- ئازاد کردنی ئەو پەنابەرکوردانەی لەگرتووخانەکادا ڕاگیراون..
لەبەریزتان چاوەڕوانی وەلامین
لێژنهی پێک هاتووە لە ژمارەیەکی زۆر لە
ڕێکخراو مەڵبەندە کوردی و عێراقیەکان لە بەریتانیا.
ناوی رێکخراوەکان:
1. فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی.
2. ناوەندی چاک .
3. مەڵبەندی رۆشنبیری کوردی.
4. رێکخراوی ژنانی پەنابەری کوردستان.
5. کۆمەڵەی کوردی پۆرتسمۆس.
6. کۆمەڵەی کوردی لە شاری لیدز.
7. کۆمەڵەی کوردی لەشاری شەفیڵد.
8. کۆمەڵەی رۆشنبیری کورد ی-کێرکلیس.
9. کۆمەڵەی کوردەکانی رۆژهەڵات-کێرکلیس.
10. کۆمەڵەی دۆستینی کوردی رۆژئاواو و بەریتانیی.
11. کۆمەڵەی ژنانی کورد-کێرکلیس.
12. رێکخراوی مینبەری کوردستان.
13. رۆژنامەی Re-live Magasine .
14. کۆمەڵەی کوردی لە ولڤەرهامتن.
15. فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی لە لیستەر.
16. سایتی ئەمرۆ.
17. بەرەی دژی دیپۆرتی پەنابەران بۆ عێراق.
18. یەکیتی ژنانی کورد لە بەریتانیا.
19. فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی لە نوتین هام.
POBOX1575،ILFORD،IG1 3BZ
|