په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

بۆ بەرێز بان کی مۆن سکرتێری گشتی نەتەوە یەگرتووەکان
بەرێز جێرزی بۆزیک سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا.


سلاوێکی گەرم...


لە لایەن فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقیەوە ئەم نامەیە بۆ بەرێزتان دەنوسم لە پەیوەند بە سیاسەتی حکومەتە ئەوروپایەکان لەمامەڵە لەگەڵ ئەو پەنابەرانەی کە لەعێراق و کوردستانەوە هاتوون.


لەماوەی ڕابردوودا حکومەتی بەریتانیا و سویدو بەلجیکاو نەرویج وسویسرا..لەژێر بانگەشەی "ئامن بوونی عێراق" بە خاتری دیموکراسی نیشاندانی "پرۆسەی سیاسی و دەسەڵات" سیاسەتی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی عێراقیان گرتۆتەبەر، تا ئێستا بە دەیان پەنابەری کوردو عێراقی یان بە شێوازی ئەوپەری ناشارستانیانە دور لە هەموو پێوانە نیودەوڵەتێەکان لەبارەی مافەکانی مرۆڤ و مافی پەنابەران، وە دور بنەما مۆراڵیەکان ، تەواوى ماف و یاسا مەدەنییەکان، ووڵاتانی ئەوروپا کەوتوونەتە زەخت و زۆر هێنان بۆ پەنابەرانی عێراقی و بەزۆر دیپۆرتی بەغدا و شارەکانی کوردستانیان دەکەنەوە.


جێگای ئاماژەیە لەناو ئەو پەنابەرانەی تا ئێستا بەزۆر نێراونەتەوە مناڵ و ژنانی بێچارەو هەڕەشەلێکراو و پیرو پەکەوتە و تەنانەت کەسانی کەم ئەندامیشی گرتۆتەوە. بێگویدانە هیچ پرانسیپێکی مرۆیی و ڕێزگرتن لە یاساکانی خۆشیان، کەلەپچەو دەرزی تخدیرو و لێدان و سوکایەتی وتەشهیر لەدژیان پەیرەوی لێکراوە. زۆرجار فرۆکەی سەربازی و بارهەڵگری داودەرمان و پێداویستیەکان بەکارهاتووە وەک ئەوەی پەنابەران تاوانباری جەنگ بن. بەپێ چەند ڕاپۆرت و سەرچاوە کە بەدەستی ئێمە گەیشتووە ، چەندین کەس لەو پەنابەرانەی نێردراونەتەوە تیرۆرکراون یاخود خۆکوژییان کردوە یانیش دووچاری تێکچونی باری دەروونی بوون وە یان جارێکی دیکە ئاوارەوە دەربەدەر بوون. ئەمانەش بە بەڵگەوە چەندین جار بەمەبەستی ئاگادارکردنەوەی ئەم ووڵاتانە خراوتە بەردەم سەرۆک وەزیران و لایەنەکانی بەرپرس لەم حکومەتە ئەوروپیانە بە حکومەتی عێراق و کوردستانیشەوە.


ئەوە زۆر ڕوونە بۆ ڕای گشتی دنیای شارستانی و خەڵکی عێراق و بەڵگەی پێویست نییە، ئەوەیە کە خەڵکی عێراق تا ئێستا نوقمی کوشتاری ناو باڵە چەکدارەکانی حزبە میلیشیایەکان و داگیرکاری و بەرامبەرکێی تیرۆریستی و نائەمنییە، کە هیچ جێگایەکیان بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵکی نەهێشتۆتەوە ئاگری ئەم نائەمنیەی بەرنەکەوتبێت. کارەساتە یەک لەدوای یەکە جەرگبرەکان کە ڕۆژانە دەبنە سەردێری یەکەمی هەواڵی میدیا و ماس میدیای دنیا بەس نییە، تا ویژدانی نوستووی ئەم حکومەتە ئەوروپیانە تەکان بدات و بۆ دەست هەڵگرتن لە ناردنەوەی بەزۆری پەنابەران بۆ ناو ئەو دۆزەخی جەنگ و نائەمنی و داگیرکاری و کوشتارەی خۆیان ناچارن بیکەنە مانیشتی دەزگا ڕاگەیاندنەکانیان؟ ئایا ئاماری کوشتار و داگیرکاری و تەقینەوەکان و گەندەڵی و قوربانیانی کێشمەکێشی قیزەونی میلیشیایی لایەنەکان، وە داتاشین و داسەپاندنی شوناسی تایفی و قەومی مەزهەبی و.... لە جێگای شوناسی" هاووڵاتی" بوون بەس نییە بۆ ئەوەی حکومەتە ئەوروپیەکان دەست لەو سیاسیەتە هەڵبگرن و سیاسەتێکی ئینسانی بەرامبەر پەنابەران بگرنە بەر؟
سەرباری ئەوەی ئێوە بەردەوام داواتانکردوە پەنابەرانی عێراقی بەزۆر نەنێرنەوە بەڵام بەداخەوە ناردنەوەی پەنابەران دریژەی هەیە. بۆیە هەڵویستی جدی تر لە ئێوە دەخوازێت تا بڕیار جیهانیەکان و بە تایبەتی بڕیاری کۆنفیدراسیۆنی جنیڤی(1951) مێداقیتی خۆی بمێنێ.


ئێمە لەکاتێکدا کە نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بە سیاسەتی دەستگیرکردن و ڕاونان و دیپۆرتکردنەوە بۆ عێراق لەلایەن ئەم ووڵاتە ئەوروپیانەوە، هاوکات داواکارین لە ئێوە بە خێرایی لەم کێشەیەدا بەرپرسیاریتی خۆتان نیشان بدەن و بەشداری بکەن لە ڕاستای ڕاگرتنی سیاسەتی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران و سەلماندنی مافی پەنابەری بۆیان.


هاووڵاتیانی عێراق و کوردستان شایەنی ئەوەن کە بەڕەسمی بە پەنابەر وەربگیرێن، بەتایبەتیش ئەگەر پەیمان وکۆنفیدراسیۆنی جنیڤی 1951 ومافەکانی ئینسان لەلایەن ئەوە ووڵاتانەوە کارپێکراو بێت و ڕێزی لێبگیرێت .


ئێمە وێراى ئەوەى بەتەواوى تواناوە ئامادەى هاوکارین بۆ باشکردنى ڕەوشى پەنابەران لەووڵاتى ئەوروپا هاوکات جێبەجیکردنى ئەم خواستانە بە هەنگاوێکى کارساز دەبینین و دوامان لەبەڕێزتان هەیە بیخەنە بەرنامەی کارتانەوەو بەکردەوە هەنگاوى بۆ هەڵگرن:


1- ڕاوەستانی دەستبەجێ بریارى دیپورت کردنەوەی پەنابەرانی کورد و عێراقی ، پەنابەرانی کورد و عێراقی مافی ئەوەیان پێ بدرێ دیفاع لەخۆیان وەکەیسەکانیان بکەن.
2- ئازاد کردنی ئەو پەنابەرە عێراقیانەی لەگرتووخانەکاندا ڕاگیراون..


وێرای سڵاوی دووبارە

دەشتی جەمال
سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
10-12-2009

_____________________________________________________
IFIR:PO.BOX1575، ILFORD، IG1 3BZ، LONDON UK:CONTACT

www.csdiraq.com ifir@hotmail.co.uk www.federationifir.com

07856032991