بۆبەرگرتن بە
سەرکوتکردنى ئازادى،
دژ بە پرۆژەیاساى
''رێکخستنى خۆپیشاندان و کۆبوونەوەگشتیەکان''
وەرنە مەیدان.
لەدرێژەى هەوڵ و هەنگاوە یەک لەدواى یەکەکانى دەسەڵاتدارانى کوردستان
بۆ سەرکوتکردن و بەرتەسککردنەوەى ئازادیەکانى خەڵکى کوردستان لەلایەن
دەسەڵاتەوە هێرشێکى دیکە بەڕێوەیە،کە نەخشەکەى لە چوارچێوەى
پڕۆژەیاسایەکدا لەلایەن وەزارەتى ناوخۆوە نوسراوەتەوە و خراوەتە بەردەم
پەرلەمانى کوردستان بەمەبەستى بە یاساییکردنى ئەویش ( پڕۆژە یاسای
رێکخستنی خۆپیشاندان و کۆبونەوە گشتییەکان)ە .
بەپێى بڕگەکانى ئەو پڕۆژە یاسایە سەرەتایترین مافى خەڵک بۆ
بەدەستهێنانی داواکاریەکانیان و دەبرینی ناڕەزایەتیەکانیان بە
خۆپیشاندان و کۆبونەوە زەوتدەکرێت ،ئەمە لەکاتێکدایە کەدەسەڵاتدارانى
کوردستان رۆژانە بانگەشەى فەراهەمکردنى دیموکراسى و ئازادى دەکەن بۆ
دانیشتوانى هەرێمەکە ئەمەلەلایەک، لەلایەکى دیکەوە رۆژدواى رۆژ سەرقاڵى
هەرەشەو دانانى یاسان بۆ سەرکوتى خەڵکانى ئازادیخوازو نارازى لەخراپى
گوزەران و ئایندەیان وە بەهەمان ئەوبیانوە سواوانەی دەسەڵاتدارانی
کوردستان کە هەمیشە بۆبەرگرتن بە ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان
دەیڵێنەوە بە نمونەى وەک (پاراستنی سیستم و ئادابی گشتى) هیچ کەس
ولایەنێک مافی کۆبونەوە و خۆپیشاندانی نابێت تا جەنابی وەزیر دڵنیا
نەکاتەوە کە کارەکەیان لەگەڵ بیری ئەودا تەبایە؟! ئەمە جگەلەوەى خودى
کەسانى بەشداربو لە مانگرتن و خۆپیشاندانەکاندا دەکرێنە بەرپرسى
ئەمنیەتى خۆیان و وەختێک خۆپیشاندان و کۆبونەوەکان کەوتنە بەردەم هێرشی
هێزەکانی ناوخۆ روبەروی ئازارو مەرگیشبونەوە دیارنیە لێپێچینەوە لەگەڵ
کێ دەکرێت و سزاکەی چییە؟؟!. لەکاتێکدا ئازادى مانگرتن و خۆپیشاندان
یەکێکەلەبەڵگەکانى بونى ئازادیە لە هەر کۆمەڵگایەکدا .
پڕۆژە یاسای لەو جۆرە بێجگەلەوەی راستەوخۆ ئازادی خۆپیشاندان و
کۆبونەوە زیندەبەچاڵ دەکات لەهەمانکاتدا دەستی هێزەکانی دەسەڵات
ئاوەڵادەکات بۆ پەلامار و بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەران وە سزاو
بەرپرسیاریەتەکەشى ئەخرێتە ئەستۆی ڕێکخەرانی ئەو خۆپیشاندانە،بەوەى کە
دەبێت گیانى خۆیان بکەنە بارمتەى ڕونەدانى هەر لادانێک لەوەى کە
دەسەڵات تەنگەتاو سەغڵە بکات ،کە ڕەنگە دەسەڵات خۆى زۆرجار دەستى هەبێت
لەو کارەدا تا کەسێک نەوێرێت داواى مۆڵەتى خۆپیشاندان یان مانگرتن بکات
کە بۆخۆى داواکردنى مۆڵەت بۆ خۆپیشاندان و کۆبونەوە لەگەلڕ هیچ
پێوەرێکى دنیاى مەدەنى و مۆدێرندا نایەتەوە ،لەمانەش سەمەرەتر ئەوەیە
کە مانگرتن و کۆبونەوەکان تا بەرلەخۆراوابون بەردەوامیان هەبێت کەئەمەش
پێشێلکردنى مافى خەڵکى نارازیە لەچۆنیەتى دیاریکردنى شێوازى
بەدەستهێنانى ماف و داواکاریەکانیان.
بەڵام مانگرتن،خۆپیشاندان،کۆبونەوەی گشتی مافێکی سەرەتایى خەڵکە و
هەرجۆرە رێگریەک بەهەربیانویەک پێشێلکردنی ئەو مافەیە ، وە کاری
ئازادیخوازانیشە بۆ بەرگری لەو مافەو وەستانەوە بەرانبەر هەوڵی
بەیاساییکردنەوەی سەرکوتی ئازادیدا دەنگ هەڵبڕین و تواناکانمان لەپێناو
هەڵوەشاندنەوەی ئەو پرۆژە یاسایە یەک بخەین و کار بکەین لەپێناو
جێخستنی یاسایەکدا کە ئازادی بێ قەید و شەرتی خۆپیشاندان و مانگرتن و
کۆبونەوەگشتیە کان فەراهەم بکات .لێرەوە بانگەوازى هەموو رێکخراو و
گروپ و خەڵکانى ئازادیخوازدەکەین کەبێن لەم پێناوەدا تواناکانمان
بخەینەگەر.
تۆڕى بەرگرى لە ماف
و ئازادییەکانى خەڵک
azady.aynda@gmail.com
کوردستان 22-4-2008
|