١۴\٥\٢٠١٠
بۆ بەرپرسی
کۆماندۆی تیرۆرکردنی سەردەشت.

سەلام عەبدوڵا
دەسەڵاتە دیموکراتەکانی ئۆروپا دەزگای
پۆلیسی و ئەمنی نهێنی جۆراوجۆریان هەیەو لەناویشیاندا، کۆماندۆی ئەرکە
زۆر تایبەت و نهێنییەکانیان هەیە کە لەدەرەوەی گشت کۆنتڕۆڵ و رای گشتی
و راگەیاندنەکان جموجۆڵی خۆیان دەکەن. ئەو جۆرە کۆماندۆیە درووستکەری
بازنەیەکی زۆر تەسکی دەسەڵاتدارانە. بۆ نموونە لە ساڵانی پەنجاکان لە
ئۆروپا دەزگای(گلادیو)ی سەر بە ناتۆ درووستکرا (لە نەمسا بەناوی شوێر،
لە بەلژیک و دەنیمارک و ئەسپانیا بەناوی گوڵی باکان و لە یونان بەناوی
تواسون روج)کاریان دەکرد یان کۆماندۆی ئەنتی تیرۆری ناو
هێزی(پارێزەرانی سنوورGSG9)لە ئەڵمانیا. هەروا ساڵی رابردوو لە سویرسرا
ئاشکرابوونی پێکهێنانی کۆماندۆیەکی تایبەت کە پێکهاتبوو لە12کەس، هەموو
پەرلەمان و حکومەتی وەڵاتەکەی هەژاند.
لە کوردستانی نەگبەت و داماویش لە پشت دەزگا ئەمنییەکانەوەو، بەبێ
ئاگاداری مەکتەبە سیاسییەکان، بەرپرسی پلە یەک هەیە بۆ خۆی لەناو
دەزگاکەی یان بەڕێگای کەسە زۆر نزیکەکانییەوە، ئەو جۆرە کۆماندۆیە
دامەزراندووە بۆ لابردنی حیساباتی تایبەت بەشێوەیەک کە زۆر زەحمەتە بۆ
خودی دەزگای ئاسایش، پاراستن و زانیاری یان حکومەت و پەرلەمان بە
بەڵگەوە بوونی ئەو جۆرە کۆماندۆ نهێنییە، بسەلمێنن.
ئیمڕۆ دەبینین هەموو حزب و حکومەت و دەزگاکانی ئەمنییەت وەک من
ناڕەزایەتی خۆیان دژ بە کوشتنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دەردەبڕن و
منیش پرسیار دەکەم: کێ سەردەشتی کوشت؟ کێ هەڕەشەی لە چەند
رۆژنامەنووسێکی تر کردووە؟ کێ(سۆرانی مامە حەمە)ی تیرۆرکرد؟ کێ(ستار
تاهر شەریف)ی تیرۆرکرد؟ (کێ سەردەشت عوسمان)ی تیرۆرکرد؟ بۆچی ئەو
کەسایەتییانە تیرۆرکران؟ لە بەرژەوەندی کێ؟ کامە خەتی سووریان بەزاند؟
خەتی سوور چییە؟! لە رۆژانی داهاتوو کێ تیرۆر دەکرێت؟!
بەرپرسی ئەو کۆماندۆیە کابرایەکی زۆر کەرو گەمژە و دڵڕەقە(زۆر بەڕێز
لێم ببورە!)، چونکە تۆ پێت وایە کە بە ئامرازی کوشتن، ئیدی ئاسوودە
دەبیت...پێتوایە ئیدی خەڵک لێت دەترسن؟ ئایا چەمکی حیکمەت و کەمال
لەلای تۆ ترسان و تۆقاندنی خەڵکە؟!) و ئیدی بە کوشتنی رەخنەگرێک کە
لەوانەیشە رەخنەیەکی نابەجێیشی گرتبێ، کەس ناوێرێ رەخنە یان بەشێوەیەک
لە شێوەکان بۆچوونی خۆی بڵاوبکاتەوە؟
تازە تۆ دەستەکانت بە خوێن سوور بووە و ئەم کارە قیزەوەن و نائینسانییە
ئەنجامداوەو کردووتە بە پیشەی خۆت و لە کوشتنی چەندین کەسی تر لە ماوەی
داهاتوو سڵ ناکەیتەوەو بۆتان دەلوێ لەناو تەلارە گرانبەهاکەتەوە،
بەشێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ فەرمانی کوشتنی چەندین کەسایەتی تر
بدەن و چەقۆکێشەکانیش بەو توانا زەبەلاحە لە خزمەتیان دانراوە،
بەشێوەیەکی پێرفێکت ئەنجامیان دەدەن و پاشان ئەم پرسیارانە ئاراستەیان
دەکەن: هیچ جێ پەنجەیەک بەدوای خۆتان بەجێ نەهێشت؟! کەس هەستی پێنەکرد؟
کەس ئێوەی نەناسیوە؟ ئەوجا بە شانازییەوە دەڵێن: ئەوەی زماندرێژی بکات
یان رەخنەیەک لە"موحەرەمات" بگرێ، ئەوە چارەنووسی دەبێت!
"بەڕێز"!
ئێستا هەزاران گەنجی و خوێندکارو رۆژنامەنووس و ئەوەی تۆسقاڵێک ویژدانی
هەبێت، لە دژی تاوانە قیزەوەنەکەتان ناڕەزایەتی دەردەبڕن و بەختیار
عەلی لە وتارەکەی(سەردەشت و بارۆنەکان)، عەفوی فەرمووە:
نووسیویەتی(بکوژی سەردەشت ئەو کۆمەڵگایەیە کە لە تاوانی گەورە بێدەنگ
دەبێت و ناهەژێت.
چالاکییە بەرفراوانەکانی خەڵکی کورستان سەلماندی کە کۆمەڵگاکەمان:
- دژ بە تیرۆرکردنی خاوەن قەڵەمەو لە ئاستیدا بێدەنگ نابن.
- دووپاتی مافی ئازادی بیروڕایان کردەوە.
- وشەی یارەکانی لە لولەی تفەنگی دەزگاو کۆماندۆ نهێنییەکان گرەوی
بردەوە
- تێگەیشتنی دیالۆک و ململانێی قەڵەم بە قەڵەم بەشێوەیەکی ئاشتیانە
بەرەو پێشەوەمان دەبات.
بەختیار هەر درێژە دەدا بە بەهەڵە بەکارهێنانی وشەی ئەڵمانی کە
کوردزمان نایزانێ، لەبری ئەوەی بنووسێ(لابووە)نووسیویەتی(لابۆری)و
لەبری (باڕۆن) نووسیویەتی(بارۆنەکان). هەروا رستەگەلێکی نووسیوە کە
لەگەل راستی یەکنایەنەوە، بۆ نموونە دەنووسێ(بکوژانی سەردەشت ئەوانەن
کە ئەنفالیان کردو تاوانەکەیان بەهێمنی تێپەڕاند)و زۆر شتی پێکەنیناوی
ترو لە هەڵەکانی تر دەیبوورم...
ئەقڵییەتی خێڵەکی کەرەستی بەرهەمهێنانی کوشتنی رۆژنامەنووس و
نووسەرەکانەو کوشتنی سردەشت زەنگی مەترسی بەرفراوانکردنی بازنەی
تیرۆرکردنە و نموونەی تیرۆرکردنی رۆشنبیرە چەپ و شوعییەکان بەدەستی
بەعسەوە و پاشان هێرشی بەرفراوانکردنی هێرشەکەیان، زەقترین نموونەیە.
بەرپرسی"بەڕێز"
ئەگەر تۆ زۆر پەرۆشی ئەزموونی هەرێمی کوردستانی، بۆچی توانا
فرەلایەنەکانت دژ بە بۆردومانکردنی کوندەکان لەلایەن ئیرانەوە
بەکارنەهێناوە؟ بۆچی دژ بە گەندەڵی ئیداری، بازرگانی، حزبی و ئابووری
فزەت لێوە نەهاتووە، کەچی خۆت سەخڵەت کردو گەنجێکی هەژاری بێ چەک و
دیفاع لە شوێنێکی مەدەنییەوە دەڕفێنی و پاشان دەکوژی؟. ئایا ئەوە
کارێکی زۆر ترسنۆک بێ مەعریفەت و وەحشیانە نەبوو؟! ئایا خۆکوژی باشتر
نییە بۆ تۆ تا خۆتان لە نەفرەت و نەعلەتی خەڵک و رۆشنبیران و مێژوو
رزگار بکەی؟!
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|