په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\۴\٢٠١٠

ڕاپۆرتى شیکاریی:

بۆ جارێکیدیکە پرسە نەتەوەیەکان دەکرێنە قوربانى بەرژەوەندیی حیزب.


گۆران دوکانى  

کورد لە رابردوودا چی پچڕی لە بەغدا؟!


ئەگەر لەسەرەتاوە بەشێوەیەکى گشتى باس لەڕۆڵى سەرکردایەتى سیاسی کوردبکەین لەبەغدا لەبەرامبەر دەستکەوتو کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەرێم و ناوەندا، ئاشکرایە کەلەخولى پێشوى پەڕلەمان وکابینەى حکومەتەکانى (جەعفەرى ومالیکی)دا ،بەحکومەتە کاتیە یەک لەدواى یەکەکانیشەوە سەرکردایەتى کورد لەبەغدا وێڕاى ئەوەى سەرکردایەتیەکى شکستخواردوبوو، هاوکات نەیتوانی نەک هیچکام لەبەرژەوەندیە سەرەکیەکان ،بەڵکوسادەترین داواکاریەکانى ئەم هەرێمە بپچڕێت کەلەدەستورێکدا هاتون زۆرینەى گەلانى عێراق بەگشت پێکهاتەو ئەتنیە جیاوازەکانەوە دەنگیان بەودەستورەداوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە سەرکردایەتى سیاسی کورد نەیتوانى تەنانەت دۆستێکى ڕاستەقینەش بپچڕێت!. وەک ئەوەى کەچەندین بەرپرسی شیعەوسونە نەما بەویستى خۆیان ولەپێناوبەرژەوەندیە شەخسیەکاندا نەیانکەن بەبراگەورەو هاوکات هەربەزۆریش نەیانکەن بەدۆستى کورد، وەک نموونەى (هاشمی و جەعفەرى و مالکى ومەشهەدانى و....تاد)، کەدواجار هەریەک لەم بەرپرسانەو چەندین نموونەى دیکەى لەم بەرپرسانەش جگەلە گەمەکردن بەعەقڵى بەرپرسانى کوردلەبەغدا هاوکات هەموو ئەو بەڵێنانەى کەلەبەرژەوەندى ئەم هەرێمە دابویان پاشگەزبونەوە لێیانو ،تا ئەمڕۆشى لەگەڵدابێت دژى گشت بەرژەوەندیەکانى ئەم هەرێمەن.


خەمى سیاسیەکانى کورد چیبووە لە بەغدا؟


لەلایەکى دیکەوە ئەگەر بەگشتى ئاوڕێک لەحەوت ساڵى ڕابردووى سیاسەتى سەرکردایەتى کورد بدەینەوە لەبەغدا ئەوەندەى خەمى سیاسیەکان بۆنموونە خەمی بودجەو گرێبەستە نەوتیەکان بوە نیوبەرامبەر خەمى مەسەلە نەتەوایەتیەکان نەبوە بەتایبەتیش کێشەى کەرکوک وناوچەدابڕاوەکان ،بەدیوێکى دیکە بڵێین هەردەم مەسەلە نەتەوایەتیەکان خاڵى چوارەم وپێنجەمى داواکاریەکانى کوردبوە لەبەغدا ،ئەگەر جاروباریش لەچوارچێوەى هەڕەشەیەک، یاخود خیتابێکى سیاسی سەقەتدا باس لەیەکێک لەپرسە نەتەوایەتیەکان کرابێت گومان لەوەدانیە کەبەرپرسان فشارى خەڵکو مێدیاى کوردیان لەسەربوە.ئەمە جگەلەوەى ئەگەر ئاوڕێک لەودەسکەوتو ئیمتیازە زۆروزەوەندانەى بەرپرسانى کورد لەبەغدا بدەینەوە بەقەد ئەوەى چیان بۆخۆیان کردوە وچیش بۆکوردستانیانى ئەم هەرێمە؟،جارێکى دیکە دەگەینە ئەو ڕاستیەى کەخەونى بەرپرسانى کورد ئیمتیازاتو مەرامى سیاسی شەخسی بون نەک پرسە نەتەوایەتیەکان.


کورد پێویستى بە چارەسەرى پرسە نەتەوەیەکانە، یان شەڕى سەرۆک کۆمار؟


ئەگەرلەئێستادا یەکێک لەپرسە نەتەوایەتیەکان وەک نموونەیەک بێنینەوە کەلەهەڵمەتى هەڵبژاردنەکاندا سیناریۆى گشت لیستە کوردیەکانى هەرێمى کوردستان بوو ،ئەویش مەسەلەى گەڕانەوەى کەرکوک وناوچەدابڕاوەکان بوو بۆسەر هەرێمى کوردستان ،کە چۆن وبەچى شێوەیەک هەر لیستەو بەئەجێندایەکى سیاسی ولەچوارچێوەى کۆمەڵێک خیتاب و سرودوو مارشی پڕلەفانتازی بەسەر بەژنوباڵاى کەرکوکیاندا هەڵدەدا،بەڵام دواى کۆتاى هەڵبژاردنەکان دەبینین هەرلەئێستاوە گشت بەڵێنەکان ئاوەژوو دەبنەوە ویەکەمین داواکارى و خاڵى هاوبەشى گشت لیستەکان لەبرى ئەوهەموو کێشە هەڵپەسێردراوانەى نێوان هەرێم وناوەند،(هەڵبژاردنەوەى تاڵەبانیە بەسەرۆک کۆمار!).


ئەگەر وەک نموونەیەک بڵێین لەئێستادا لەسەرئاستى هەرێمى کوردستاندا ڕاپرسییەک ئەنجام بدرێت ئایا داواکارى کورد چیە لەپەڕلەمانى ئایندەى عێراقدا؟،هەڵبژاردنەوەى تاڵەبانى یان هەرکەسێکى دیکەیە بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار کەچەندینجار هەرخودى بەرپرسانى یەکێتى وپارتى لەڕاگەیاندنە حیزبیەکانیانەوە باسیان لەوەکردوە کەپۆستى سەرۆک کۆمار جگە لەپۆستێکى تەشریفاتى زیاتر چیدیکە نیە، یاخود داواکارى خەڵکى ئەم هەرێمە لەنوێنەرانى کورد ئەوەیە کەیەکێک لەپرسە نەتەوەییە چارەنوسسازەکانى ئەم هەرێمە بەدەست بێنن لەبەغدا؟؟، کەگومان لەوەدانیە داواکاریەکانى کورد خاڵى دووەمە.وەلێ لەکۆبونەوەکانى نێوان سەرۆکى هەرێمو لیستەبراوەکان،خاڵى گرنگ وهاوبەشى نێوان گشت لیستەکان لەبرى ئەوهەموو کێشمەکێشە سیاسیانەى نێوان هەرێموناوەند،لەچەند خاڵێکى بچوکدا خۆى بینیەوە.کەدەکرێت بڵێین زۆربەیان پەیوەستبون بەکێشە ناوخۆیەکانى هەرێمەوە نەک بەغدا.


دەرهێنانى کارتى گۆڕان بۆ تاڵەبانی لە بەرژەوەندیی کێیە؟


ئەگەرچى لیستى گۆڕان تائێستا هەڵوێستى خۆیان بەڕوونى یەکلانەکردۆتەوە کەئایا دەنگ بەتاڵەبانى دەدەنەوە بۆپۆستى سەرۆک کۆمار یاخود نا، بەڵام ئەم هەڵوێستەى گۆڕانیش وەک خۆیان دەڵێن (تاسزاى سیاسی کۆتاى پێ نەیاتو نانبڕاوەکانمان موچەیان بۆ نەگەڕێندرێتەوە دەنگ نادەین بەتاڵەبانى)، واتە بەکارهێنانى ئەم کارتەى فشاریش لەلایەن گۆڕانەوە لەبەرامبە تاڵەبانیدا بۆمەبەستى سیاسیە نەک بۆپرسە نەتەوەیەکان.


هەڵبژاردنەوەى تاڵەبانى بە سەرۆک کۆمار نایاساییە.


جارێ ئەگەر قسەلەسەر هەڵبژاردنەوەى تاڵەبانى بکەین بۆپۆستى سەرۆک کۆمار،جگەلەوەى کەتاڵەبانى دەبوایە هەرخۆى ڕەفسی ئەوپۆستەى بکردایەتەوە چونکە لەلایەک وەک ئاشکرایە ناوبراو تەندروستی ناجێگیرەو پێویستى بەپشوە، لەلایەکى دیکەشەوە تاڵەبانى بەوپێیەى خۆى کەسێکى یاساییە ،دەبوایە بەرلەهەموو کەسێک درکى بەو ڕاستیە بکردایە کە جارێکى دیکە هەڵبژاردنەوەیان بۆپۆستى سەرۆک کۆمار پێچەوانەى یاسای هەمیشەى دەستورى عێراقیە، چونکە لەماددەى 69ى دەستوردا هاتوە (سەرۆکى کۆمار تەنها دووجار مافی ئەوەى هەیە ئەو پۆستەى پێبدرێت)، بەڵام لێرەدا بۆ جارێکى دیکە دەگەینەوە ئەو ڕاستیەى کەناوبراو هەمیشە عاشقى کورسی دەسەڵات بوە و ئەمەش زۆرجاری دیکە لەلایەن زۆرێک لەمێدیاکانەوە باسی لێوە کراوە.


گرەنتی لیستەکان چیە بۆدووبارە نەبونەوەى فەزیحەکانى تاڵەبانى؟!


جارێ باواز لەوپرسیارە گرنگە بێنین کەئایا تاڵەبانى لەماوەى دوو خولى پێشوى سەرۆکایەتى کۆماردا چی مافو داواکاریەکى بۆکوردستانیانى ئەم هەرێمە بەدەست هێناوە، یان بەدیوێکى دیکە بڵێین ئایا بونى تاڵەبانى بەسەرۆک کۆمار، چ کام لەپرسە نەتەوەی وستراتیژیەکانى ئەم هەرێمە گۆڕانکاری پۆزەتیفیان بەسەردا هاتوە؟، وەلێ بالەوپرسیارەوە دەست پێبکەین چى فەزیحەیەکە لەکۆبونەوەیەکدا بێ حزورى تاڵەبانى گشت لیستەکان یەک دەنگ کۆکن لەسەر دەنگدانەوە بەناوبراو بۆپۆستى سەرۆک کۆمار؟! ،ئایا داواکارى وپێشنیارى لیستەکان چیبوو لەهەمبەر پرسە نەتەوایەتى وستراتیژیەکانى ئەم هەرێمە بۆتاڵەبانى؟! ،ئایا گرەنتی چیە کەتاڵەبانى لەخولى پێشوى سەرۆکایەتى کۆماردا ئەو سازشانەى کەلەپێناو سونەو شیعەو تورکماندا کردى دووبارە نابنەوە؟!، ئایا گرەنتى لیستەکان چیە لەخولى نوێى سەرۆکایەتى کۆماردا تاڵەبانى جارێکى دیکە تەوازنى ماڵى عێراقێکى تابینەقاقا گەندەڵو ئاوێتەبوى شەڕى مەزهەبى وتائیفى لەسەر حیسابى ماڵى کورد ڕێک ناخاتەوە؟!،(وەک ئەوەى کەلەڕابردوودا لێدوان و وتەکانى خۆى باشترین گەواهن بۆسەلماندنى ئەو ڕاستیە)، ئایا گشت لیستەکان چ گرەنتیەکیان لەناوبراو وەرگرتوە کە ئەوسازشانەى لەبەرامبەر تاوانبارانى کەیسى هەڵبجەو ئەنفالدا کردى (بەتایبەتیش فەزیحەى ئازادکردنى تارق رەمەزانى فڕۆکەوان کەبە بڕیارى خودى خۆیبوو) نموونەى ئەم سازشانە جارێکى دیکە دووبارە نابنەوە؟!.


دەبوایە نوێنەرى گشت لیستەبراوەکان لەگەڵ سەرۆکى هەرێمدا بەر لەوەڵامدانەوەى ئەم پرسیارانە هەریەک خاوەن ئەجێندایەکى تایبەتى خۆیانبونایە لەبەرامبەر دەنگدانیان بەتاڵەبانى بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار نەک ئەودیزە بەدەرخۆنەیەى کەبینیمان،ئەم هەڵوێستەى گشت لیستەکان بێجیاوازى (تەنانەت ئەرزشێک بۆ ئۆپۆزسیۆنیش ناهێڵێتەوە لەم هەرێمەدا).


دواجار ئەگەرخاڵى گرنگوهاوبەشى گشت لیستەکان بەتەنها شەڕى سەرۆک کۆماربێت وەک ئەوەى کە لەکۆبونەوەکەى سەرۆکى هەرێمدا بینیمان ،ئەوا بۆ جارێکى دیکەش لەخولى نوێى پەڕلەمان وکابینەى حکومەتى عێراقدا گشت خواستو بەرژەوەندى وپرسە نەتەوەیی و ستراتیژیەکانى ئەم هەرێمە دەکرێنە قوربانى بەرژەوەندى حیزبی وشەخسی.
 


Goran_Dukani@yahoo.com