په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١١\٢٠١٩

بۆچی بەرامبەر بە تورکیا بێدەنگن؟


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   

 

روون و ئاشکەرایەو لە مێژەوە داگیرکردنی خاکی وڵاتان لە لای تورکیای عوسمانلییەوە بوو بوو بە پیشەو بۆ مەرام و خواستە چەپەڵەکانی ئاینی ئیسلامی بەکار ھێناوە بۆ چەواشە کردن جارێک بەناوی خەلیفەی ئیسلام و جارێکی تر بەناوی ئەمیر ئەلمۆمنین بۆ ئەوەی شەرعییەت بەو داگیرکردنانەدا بدات و لە پاش لەناوچوونی عو‌سمانلییەکان سەر لە نوێ و لە سەر رێچکەی ئەوان تورکیا دەستیکردەوە بە داگیرکردنی خاکی وڵاتانی ترو باشترین نموونەش داگیرکردنی قوبرس ودابەشکردنی بە دوو وڵات و دامەزراندنی حکومەتێک لەو بەشەی سەر بە تورکیاو بەوپێیە تورکیا بوو بە خاوەنی نیوەی وڵاتێک.

پاش ئەوەی کوردستان دابەش کرا لە نێوان سلێمانی و ھەولێرو ھەڵگیرسانی شەری نەگریس و چەپەڵی خۆکوژی ( نە براکوژی) لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان ( پدک) و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ( ینک) ، ئەو شەرە پەرەی سەندو درێژەی کێشاو خوێنێکی زۆر رژاو، ژمارەیەکی پێشمەرگە لە پێناو بەرژەوندی تاقمێک "" سەرکردە و بەرپرس"" لە ناوچوون و ژمارەیەکی زۆر تا ئێستا بێسەرو شوێنن و، لە ساڵی ١٩٩٧ لە پرۆسەی ھامەری سەربازی تورکیای تیرۆریست و و مرۆڤکوژ و، لە سەر رێچکە و نەریتە کۆنەکانی سوڵتانەکان و دەسەڵاتی ئیسلامی عوسمانیلییەکان و، بە ‌ناوی دژایەتی (پ. ک . ک) و، لە راستیدا بۆ یارمەتی یەکێک لە حزبەکان ھاتە خاکی کوردستان و لەو کاتەوە تا ئێستا چەند ناوچەیەکی داگیرو کەنترۆڵ کردووە.

ھەر لە سەرەتای دروستبوونی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانلییەکان پیشەیان کوشتنی بە کۆمەڵی خەلکی سڤیل و بێ دەسەڵات بووە لە گەڵ لەناوبردن و خاپورکردنی گوندو شارو داگیرکردنیان و، ئەو پیشە ‌قیزەوەنە گوازرایەوە بۆ نەوەکانیان تا گەیشتە رەجەب تەیب ئەردۆگانی تیرۆریست و رژێمە خوێنرێژەکەی و، نموونەی کردەوە نامرۆڤەکانیان زۆرەو، لەوانە لەناوبردن وقەتل وعام و جینوسایدی ئەرمەنەکان و قەسابخانەکەی گوندی رۆبۆسکی پارێزگای شێرناخ و کوشتارەکەی پاریس و تاوانەکەی گوندی کورتەک و زارگەلی و عەفرین و ناوچەکانی تری کوردستان و لە مانگی رابردوو ھێرشی بەرفراوانیان بۆ سەر رۆژئاوا و، ئەم رژێمە لە دوواین ھێرشی بۆ سەر کوردستان چەکی قەدەغەکراوی بەکارھێناوەو دەستی نەپاراستووە لە بۆردومانی خەڵکی سڤیلی گوندنشینەکان و قوتابخانەو نەخۆشخانەو سەرەرای وێرانی کردنی ماڵ و سوتاندنی باخ و لە ناوبردنی ئاژەڵ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل و بێدەسەڵاتی شەھیدو بریندار کرد.

لە دوای بۆردومانی قەندیل و مەخمورو ئامێدی و ئاسۆس و ناوچەکانی تر، تورکیا بە فرۆکە جەنگییەکانی دوێنی و پێرێ بۆردومانی شەنگال و، ئەمرۆش ٦/١١/٢٠١٩ زاخۆیان بۆردومان کرد و زیانی ماددی و گیانی بەر ناوچەکان کەوتووەو، لەم دواییەداو بە ھوێ سیخوری و چاوساغی چڵکاوخۆرانی تورکیا فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی دوو کەسی لە سلێمانی و دووی تر لە دھۆک شەھید کردو، وادیارە تورکیا خاوەن ماڵە و ئەتوانێت ئەو جۆرە ھەلسوکەوت و رەفتارانە سەربەستانە ئەنجام بدات ، بە بەرچاوی بەرپرسان یاوەرەکانی تورکیا لە ھەولێرو کەرکوک و بگرە لە سلێمانیش چرت و فرتیان و زانیاری ئەدەن بە تورکیا.

بەرپرسە باڵاکانی باشووری کوردستان ناوێرن بەرنگاری تورکیا ببنەوە، چونکە نزیکەی نیوەی خاکی باشوری کوردستان لەلایەن تورکیای رەگەزپەرست داگیرکراوەو، وناتوانن بڵێن: تورکیا بۆ دەرەوەو، ھەر دوێنی ٥/١١/٢٠١٩ سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە گەڵ سەرجەم حزبەکانی کوردستان کۆبوونەوە و داوای یەکریزییان کرد و، ئەگەر یەکریزی لە پێناوی پاراستنی خاکی کوردستان و دەرکردنی ھێزەکانی تورکیا بێت کارێکی پیرۆزەو ھەنگاوێکی مەزنە بەرەو چاکسازی و ئازادی و، بە پێچەوانەش خیانەتێکی نیشتمانی گەورەیە.

دەوڵەتی تورکیای فاشست سیاسەتی ئاگرو ئاسنی لە باکووری کوردستان بەکارھێناو، شارە کوردییەکانی خاپور کردو، کوردی ناچار کرد خاک و ماڵ و سامانیان بەجێبھێڵن و سەرگەردان ببن و، دەیان و سەدان و ھەزاران ھاوڵاتی کوردی سڤیل گیران و کوژران و، لەمرۆشدا رەجەب تەیب ئەردۆگانی تیرۆریستھێرشە ئەکاتە سەر رۆژئاواو ھاوڵاتیانی کوردو پێکھاتە ئێتنیکییەکان دەربەدەر ئەکات و ماڵ و سامانیان ئەسوتێنێت و، شاڵاو ئەھێنێت بۆ باشوورو رۆژانە بە فرۆکەی جەنگی و بە تۆپ کوردستان کاول ئەکات و، تا ئێستا بەرپرسێکی بوێرمان نەدی کردەوەکانی تورکیای دوژمن ریسوا بکات و، زمانیان بەرامبەر بە تورکیا لاڵەو، چاویان کوێرەو، بەوەش نەوەستاون بێشەرمانە ئەلێن نێوانمان لە گەڵ تورکیا باشەو، لێرەدا پێویستە بەو بەرپرسان بڵێن : بەسە گەندەڵی، بەسە کرنوش بردن بۆ دوژمن، چیتر خاکی کوردستان مەدەن بە تورکیای رەگەزپەرست" بە جادەی قێرتاو مەیھێنن بۆ سیدەکان وقەندیڵ و، ئەگەر یەکریزیتان ئەوێت دەبا بێدەنگی بشکێنین و،ھەموومان تێبکۆشین بۆ ئازادکردنی خاکی کوردستان لە چنگی دوژمنان.
 

٦\١١\٢٠١٩
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک