په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٥\٢٠١٢

بۆچى بە رووى تاوانى ئەنفالدا (ئەڵڵا)تان (ئەکبەر) نەدەکرد.


هیوا رەش        


پەرستن ، لەگەڵ مێژووى دێرینى سەرهەڵدانى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى و سەرەتاکانى بیرکردنەوە لە ژینگە و دەوروبەر ئاوێتەى هەست و نەستى مرۆڤ بووە ،پێشتر و پێش لێکدانەوەى بۆ کارەسات و ڕووداوە سروشتییەکان مرۆڤ نە خواکانى ناسیوە و نە ئاینەکانى زانیوە و نە پێغەمبەرەکان توانیویانە بیترسێنن و نە لە چەمکى پەرستنیش تێگەییشتووە ، بەڵکو ئەمانە خوڵقاوى زادەى بیر و ئەندێشەکانى مرۆڤ بووە و لە تێڕوانینى ترساوى بۆ دەوروبەر بە ناچارى بێپەیام و بێپەیامبەر و بێسروش و خۆڕسکانە پەناى وەبەر هێزى نادیار و دەرەوەى تواناى بیرکردنەوەى خۆى بردووە ، بەڵام بە تێپەڕ بوونى کات و لەگەڵ فراوانبوونى هزر و بیریدا گۆڕانى بەسەر پەرستنەکانیدا هێناوە، لە کارەساتى سروشتیى ڕاماوە و دەسەوەستان لە بەرامبەریدا چۆکى داداوە، لە هەمبەر ڕوداوە ئاساییەکانى دەوروبەر چاوى مۆلەق بووە و کڕنوشى بردووە، لە پێکهاتەکانى گەردون وردبۆتەوە پەرستویەتى تا دەگات بە خودا جوداکان، وەکو ئاگر و مانگا و خۆر و (خودا و ئەڵڵا و God)، بۆیە دەکرێت لە بنەمادا پەرستن بە زادەى بیرکردنەوە و خولقێنەرى خودى مرۆڤ دانێین کە لە دواییدا پێغەمبەران و ئایینەجیاوازەکانى بە دواى خۆیدا هێناوە ، دیارترینیان ئایینى جولەکە و موسا ، مەسیحى و عیسا ، ئیسلام و محەممەدن کە بە بەراوورد بە مێژووى مرۆڤایەتى مێژووى سەرهەڵدانیان بۆ کاتژمێرێک بەر لە ئێستا دەگەڕێنەوە .

مێژووى ململانێى فەلسەفى ئەغریقییە کۆنەکان لە مێژووى سەرهەڵدانى ئەو ئاینانە زۆر دێرینترە و لەو سەردەمە و پێشتریش خوێندنەوە بۆ گەردوون درزى خستۆتە نێوان دید و بۆچوونى فەیلەسوفەکانەوە و دوو بەرەى ڕکابەریان تێدا دروست بووە و لایەکیان بڕواى وابووە گەردوون بەرهەمى خوڵقاندنى عەقڵ (ئاوەز) ێکە و ئەوى تریشیان بە پێچەوانەوە گەردونى خستۆتە بەر لە دروستبونى عەقڵ و عەقڵیش بۆتە ماشێنى بەرهەمهێنانى ئایین و ئایینیش تلیاکى گەلان ، لە سەدەکانى ناوەڕاستدا باڵادەستیى قەشە و کڵێساکان و دەستوەردانە نێو کاروبارى سیاسى و ئابورى و ئیدارى وڵات کۆمەڵگاى ئەوروپاى دوچارى نەهامەتى گەورە کردۆتەوە ، لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا لە دوبارەکردنەوەى هەمان سیناریۆدا هێشتا لە سەرەتاى قۆناغەکەدایە بەڵکو دەتوانین بڵێین لە برەوبونیدایە ، ئایینەکان جگە لەوەى یەکتر ڕەتدەکەنەوە دۆگمایانە ئامانجەکانى خۆیان بەسەر بەرامبەرەکەیانداپیرۆزتر دەکەن ، لە هەمان کاتدا لە نێو خودى یەک ئایینیشدا ئایینزا هەن و تا ئاستى یەکتر سڕینەوە دژ بە یەکن ، دوو دیارترین ئایینزاى (شیعە و سوننە) کە لە ئیسلامدا نمونەى بەرجەستەى یەکتر سڕینەوە ن و لە مێژووى سەرهەڵدانى ئیسلامەتییەوە بە تایبەتى لە دواى مردنى محەمەدى پێغەمبەریانەوە ، کوشتن و سەربڕین و هەتککردنى جەستەى مردووەکانیان و ڕاوەدونان و قڕکردن و تاڵانچێتى لە سیما هەرەدیارەکانیانە ، ئەگەر چاوێک بە مێژووى سەراپاگیرى ئیسلامدا بخشێنینەوە وێڕاى خوێناویبوون پڕە لە ڕەفتارى نامرۆڤانە ، پێشێلکردنى دیموکراتیەت و ئازادى ڕادەربڕین و مافەکانى مرۆڤ تیرۆرخواردوو کراوە و لە نێوخۆى خەلیفەکانى دواى پێغەمبەرەوە تیرۆر کردنى یەکتر بۆتە مۆرکێکى دیار و ئاشکراى ئیسلامەکان ، شێواندنى تەرم و خیانەت لەیەککردن وەکو دیاردەیەکى ئاسایى چەندین جار دوبارە کراوەتەوە ئیمامى عەلى کوڕى ئەبى تاڵبى ئامۆزاى پێغەمبەر لە لایەن عەبدولڕەحمانى کوڕى مولجەمەوە لە کاتى نوێژ کردندا زەفەرى پێبرد و تیرۆر کرا و هەروەها کوڕەکەى ( ئیمامى حوسەینى ) کوڕى عەلى کوڕى ئەبى تاڵبى مامى پێغەمبەر کە لە هەمان کاتدا کچەزاى پێغەمبەریش بوو بە شێوەیەکى هێندە دڕندانە سەربڕدراوە و سەرى بە نوکەڕمەوە کراوە لە لایەن یەزیدى کوڕى مەعاویەى کوڕى ئەبوسوفیانەوە کە بەر لە کوشتنى زۆر پاڕابووەوە تا ئاو بە دەمى کوڕە کۆرپەڵەکەیەوە بکەن بەڵام بە فەرمانى یەزید حەرمەڵە ناوێک لە باوەشى باوکیدا تیرێک لە مێشکى دەدات و دەیکوژێت ، کاتێک کە خوێن بۆ لاى دەمى شۆڕ دەبێتەوە وا دەزانێ ئاوە و لە تینوێتیدا دەیخواتەوە ، ئەم مەرگەساتانە کە بڕینەوەى ئاسەوارى بنەماڵەى پێغەمبەرە بۆتە هێماى غەدر و ستەمى مێژووى مرۆڤایەتى، محەمەدى کوڕى ئەبوبەکرى سدیق کەبکوژى خەلیفە عوسمانى کوڕى عەفانە و دەکاتە ژنبراى پێغەمبەر دواى ئەوەى دەست و لاقى دەبڕن و دەیخەنە پێستى کەرەوە ئینجا گڕى تێبەر دەدەن ! جگە لەمانەش خەلیفە عومەرى کوڕى خەتاب بەر لەوان تیرۆر کراوە ، سەرجەم خەلیفەکانى دواى پێغەمبەر بەدەر لە ئەبوبەکرى سدیق تیرۆر کراون و تاوانگەلى قێزەونى نێوخۆى خودى ئیسلامە سەرەتاییەکان هێندە زۆرن بە شەڕى نێوخۆى کورد بەراورد ناکرێن کەچى گروپە ئیسلامییە سیاسییەکان بە بێئاوڕدانەوە لەو مێژووە خوێناوییە گەلێک جار شەڕى خەبەخۆى حیزبە کوردییەکان دەکەنە بەرکوڵى کەفوکوڵى سیاسى خۆیان ، بەڵام کوشتارگەى نێوخۆیى تیرە و تایەفەکانى ئیسلام وەلاوە دەنێن ، لە کاتێکدا مێژووى پانزەسەدەى ئیسلام پڕە لە تیرۆر و ڕەشەکوژى و خیانەت و دەیان وڵات و گەلى دنیایان خستۆتە بەر قەڵەمڕەوى و داگیرکاریى ئیمپراتۆریەتەکەى خۆیان و سەریان بڕیون و سامانیان دزیون و ئافرەتیان بە کەنیزەک کردوون و جەزیە و باج و خەراجیان بەسەردا سەپاندوون و ناسنامەیان لێزەوت کردوون و تەعریب و تەسلیمیان کردوون !

لە دواى پێغەمبەرى ئیسلامەوە جموجۆڵى نائاسایى لە نێو موسڵماناندا چەکەرەى کرد لەسەر جێگرتنەوەى ئەو بۆشاییەى لە دواى مردنەکەیەوە جێمابوو ، ئەمەش زەبروزەنگ و سڕینەوەى یەکترى بە دواى خۆیدا هێنا ، دەستەبەندیى و کێشمەکێش و یەکتر قبوڵنەکردن بووە مایەى تێکبەربون لە نێوان خۆیاندا و ئەمەش درێژ بووەوە بۆ نێو بنەماڵەى پێغەمبەر و هەروەکو ئاماژەم پێدا کەسە نزیکەکانى پێغەمبەریشى نەبوارد و بە دڕندەترین شێواز قڕیانیان کرد ، کەچى گەلێک جار بێشەرمانە لە مینبەر و میدیاى ئیسلامە سەلەفییەکانەوە بۆ گێلاندنى ڕاى گشتیى و شێواندنى مێژوو دەچنە سەر باسى ( هەمەجیەت و بەربەریەت و دیکتاتۆریەتى ) کۆمەنیستەکان ، خەلیفەکانى دواى پێغەمبەر نەیانتوانى بەسەر ململانێکاندا زاڵ بن و تەنانەت خوێندنەوەى جیاواز بە پێى خواست و ویستى تایبەت بۆ ئایەتەکانى قورئان و حەدیسەکانى پێغەمبەر و پاساو هێنانەوە بۆ ڕەتکردنەوەى یەکتر و خۆسەپاندن باڵى بەسەر دۆخەکەدا کێشا و بچوکترین نمونەى یەکتر قبوڵنەکردن ڕێکنەکەوتنیانە لەسەر دەسپێک و کۆتاى مانگى ڕەمەزان و شیعە بە جیا و سوننەش بە جیا پێشوازى لەو مانگە دەکەن و بەڕێى دەکەن ! تا هەنوکە ئەم ڕێچکەیە شۆڕ بۆتەوە بۆ ناو تەواوى وڵات و گروپە ئیسلامییەکانى دنیا و لە نێو ئەوانیشدا ئیسلامییە سیاسییەکانى کوردستان کە ناوەڕۆکى خۆیان شاردۆتەوە کەى بخوازێت کاژ فڕێ دەدەن و کرۆکى ڕاستەقینەى خۆیان دەردەخەن کە دەرکەوت چۆن جیهادچییەکان بە ئاشکرا لە سەراى سلێمانى و بادینان و هەولێردا ئەزمونى گەلى کوردستانیان خستۆتە نێو قەرەوڵەوە .

وێڕاى ململانێى نابەرپرسانە و نانەتەوەییانەى پارتى و یەکێتى و هەڵگیرسانى شەڕى ناوخۆ بە ناشیرینترین بەرگى شەڕانگێزییەوە ، پشتیوانى و هاریکارى دەوڵەتە دوژمنەکان بە تایبەتى (تورکیا و ئێران و سعودیە) لە بوارى مادى و مەعنەوییەوە زەمینەیەکى ڕەخساوى بۆ گەرادانانى ئیسلامى سیاسى هێنایە کایەوە ، تا کار بەوە گەییشت هەندێک دەڤەرى کوردستان ببێتە مۆڵگەى تیرۆریستە موحتەریفە ئەفغان و عەرەبئەفغانە نێودەوڵەتییەکان و ببنە مایەى هەڕەشە و نائارامى بۆ سەر تەواوى ناوچەکە و چاویان لە بە ئەفغانستانکردنى کوردستان بڕیبوو و دەیانویست ئەو نەهامەتییانەى تاڵیبان بەسەر گەلى ئەفغانستانیدا هێنابوو بە هەمانشێوە گەلى کوردستانیشى پێوە گیرۆدە بکەن ، بەڵام سەرچڵییەکانى سەدام و کەڵەگایى ئەمریکا و هاتنە پێشەوەى دۆخى نێودەوڵەتیى تازە ئەو پیلانانەى پوچەڵ کردەوە ، ئەمەش ئیسلامى سیاسى کوردستانى ناچارى سڕبوون و متبوون کرد و خۆیان لە فرێزەر نا بۆ کاتى دیاریکراو لە پێناوى قۆستنەوەى هەلێکى گونجاودا بەڵام پەلەپڕوزێ کردنیان لە خۆپیشاندانەکانى پار و ئەمساڵدا دەریخست دروشم و هوتاف و بانگهێشتەکانیان هێشتا کرچوکاڵە بۆیە زیانى لە قازانج زیاتر بوو بۆیان .

لە ئاکامى ئەو هەموو گەندەڵى و نادادپەروەرى و دزى و تاڵانى و دەسدرێژیکردنە سەر ماف و داهاتى هاوڵاتییان لە لایەن پارتى و یەکێتییەوە و بە دەنگەوە نەچوونیان بۆ کێشە کەڵەکەبووەکانى کۆمەڵگا و خزمەتگوزارى گشتیى و بێپلانى و نەبوونى یەکگوتارى نەتەوەیى و گشتاندنى سیاسەتى فیفتیفیفتى بەسەر تەواوى جومگەکانى حکومەت و پەرلەمان و دامودەزگاکان و ناوچەکان و غیابى هێزى چەپ و کۆمەنیست ، هەموو ئەمانە فاکتەرى بنەڕەتى کلکەلەقێى ئیسلامى سیاسین و دەیانەوێ بە وریاییەوە ڕەفتار لەگەڵ ئەو دۆخەدا بکەن و بە سوود وەرگرتن لە بێزارى و ناڕەزایەتى خەڵک سەرقاڵى پیتاندنى گەراکانى خۆیانن ، پارساڵ بەردەرکى سەراى سلێمانییان کردە بەردەرکى جیهاد و وێڕاى پشێوییەکانى دەڤەرى بادینان ئەمساڵ شارى هەولێریشیان شڵەقاند و بە - الله اکبر - ەوە کەوتنە پەلاماردانى شوێنە مەدەنییەکان و هێرشکردن ، هەموو هەوڵێکیشیان لەباربردنى ئەزمونى گەلى کوردستان و هاوچارەنوسکردنیەتى بە کۆمارى مەهاباد، ئەمەو لە کاتێکدا کە بەعسییەکان کوردستانیان سوتماک و ئاسمانەکەیان ژەهراوى و خەڵکەکەیان ئەنفال و جینۆساید دەکرد مێشێک میوانیان نەبوو ، هەتا نەیاندەوێرا لە مزگەوتەکانیشیاندا بە ماتومەلولییەوە نەغمەى - اللە اکبر -ى ناڕەزایەتیى چەشنى خۆپیشاندانەکانى هەرێمى کوردستان جاڕ بدەن، سەدام حوسێن لادیوارى مزگەوتى کوێرەدێیەکى کوردستانیشى بە پێوە نەهێشت و بە قورئان و کتێبەکانى ناویەوە دۆزەخى بۆ هەڵخستن کەچى مەلایەکى سەلەفى نەیدەوێرا خۆى بەسەر پێڵاوەکانى بەعسییەکدا بدات و دامانگیرى بێت و ڕێگرى لە قورئان سوتاندنى بکات ، ئێستا لەسەر وتەیەک و وتارێک لە بڵندگۆى مزگەوتەکانەوە دەیانەوێ ئەزمونى هەرێمى کوردستان گورگانخواردوو بکەن! بەعس کوردستانى بە - شمال الحبیب - و بەشێک لە نیشتمانى عەرەبى دەزانى و نەتەوەى کوردیشى بە بەشێک لە نەتەوەى عەرەب دادەنا ئیسلامییەکان ورتەیەکیان لە زار نەهاتە دەرێ و منداڵى ساوا کوشتن و ئافرەت هەتککردنیان تەحریم نەدەکرد بەڵام دادوفیغانى ناجۆریان دنیا پڕ دەکات بۆ گۆڕینى سرودى نیشتمانى - ئەى ڕەقیب - و هەوڵ دەدەن بەرزترین هەستى نیشتمانى (دینمان، ئایینمان، هەر نیشتمان)ى تێدا بکوژن و تەکفیرى بکەن .

مارکس وەکو درێژەپێدەرى ڕێچکەى فەیلەسوفە مادییەکانى بەر لە خۆیەتى بەڵام وردتر ڕۆچۆتە ناو کێشە چینایەتى و ئابورى و کۆمەڵایەتییەکان و لە ڕەهەندێکى مادییەوە شرۆڤە و شیکارى تەواوى بوارەکانى ژیانى کردووە و بە شێوەیەکى زانستیانەتر ( ماتریالیزمى مێژوویى و دیالیکتیکى ) شیتەڵ کردووە و خوێندنەوەى بۆ هەموو ئەو ئاستەنگییانەى لە سایەى بیرى ئایدیالیستى بۆتە لەمپەر لەبەردەم پێشکەوتنى مرۆڤایەتیدا کردووە و ڕەخنەگرانە بە هزرێکى نوێوە درز و کەلێنەکانى ئاشکرا کردووە ، بێ لەویش سەدان فەیلەسوفى دیکە لەسەر هەمان نەزم تیئۆرى خۆیان داڕشتووە بەڵام واقیعبینى و خوێندنەوەى زانستییانەى مارکس وایکرد ئایدیۆلۆژیاى مارکسیزم لەدایک بێت و ببێتە کارنامەى شۆڕشگێڕانەى چەوساوان بۆ ڕزگار بوون لە سیستمى ستەمگەرایى چینایەتى و پێگەیەکى فراوانى لە نێوەندە کرێکارى و ڕۆشنبیرى و چینە بەشمەینەتەکاندا پەیدا کرد و تا دەهات زیاتر برەوى دەستاند، سیستمى چینایەتى بە تایبەتى سەرمایەدارى پەنایان وەبەر بەدەسکەلا کردنى پیاوانى ئایینى برد تا ڕێگرى لە هوشیارى چینایەتى بەشمەینەتان بگرن و لەو ڕێگەیەوە پەرستگا و مەزارە ئایینییەکان بە پشتیوانى مادى زەبەلاحەوە بووە مۆڵگەى دژایەتى کردنى مارکسیزم، هەروەکو لە کۆمەڵگاى خۆماندا بە بەرجەستەیى درک بەوە دەکەین کە چۆن - فەتوا و تەکفیر - کردنى ئایدیۆلۆژیاى چەپ و کۆمەنیستى بۆتە خەسڵەتى شەرمەزارانەى کۆڵکە پیاوە ئایینییەکان و بۆنە ئاینیەکان و نوێژەکانى هەینى دەکەنە مینبەرى بەگژداچونەوەى مارکسیزم و ناهوشیار کردنى خەڵک ، ئەم هەقە بە خۆیان بە ڕەوا دەزانن بەڵام کاتێک وتارێکى ڕەخنەیى زانستى لە یەکێک لە میدیاکانەوە ئاراستەى خۆیان بکرێ هەراوزەنایان دنیا پڕ دەکات و هەوڵى ملقرتاندنى خاوەنەکەى و یاسا مەدەنییەکانیش دەدەن .

پارە و توانستى مادى نادیارى خۆیان بۆ ئیسلاماندنى خەڵکى تەرخان دەکەن و شانازیشى پێوە دەکەن کە - بانگخواز - ێکیان کەسێک دەکاتە ئیسلام ، بەڵام کەسێک ئارەزومەندانە لە ئیسلام وەربگەڕێ فەتواى کوشتنى بۆ دەردەکەن کەچى باس لە ماف و ئازادییەکان دەکەن ! پێویستمان بە دابینکردنى سەدان قوتابخانە هەیە بۆ ئەوەى چیتر جگەرگۆشە چاوگەشەکانمان بە سێ و چوار دەوامیى پرۆسەى خوێندنەکەیان بەڕێ نەکرێ و لە پۆلێکدا چل و پەنجا قوتابى بەسەر یەکدا نەترینجێنرێن و ئامرازەکانى گەرمى و فێنکییان بۆ مەیسەر بکرێ بەڵام سەدان مزگەوت بەو پارە نادیارانە و بە پشتیوانیى دەسەڵاتدارێتى کۆنەپارێزى کوردستان قوت دەکەنەوە بە مەرجێک جگە لە جێوڕێ گرتن و پارە بەهەدەردان زیاتر ئاکامێکیترى نیە ! گەر بڵێین قوتابخانە پێداویستترە لە مزگەوت و ئەگەر مزگەوتیش نەبێ دەکرێ نوێژەکان لە شوێنى دیکەدا بکرێن بەڵام نەبوونى قوتابخانە دەبێتە مایەى نەزانى و نەخوێندەواریى نەوەکانمان ، ئەوا بە لێکدانەوەى پڕ جەهالەتیان تەکفیرمان دەکەن .

ئیسلامى سیاسى لە کۆمەڵگاکانى ئێمەدا بە بێڕەچاو کردنى ئاستى پێشکەوتنى زانست و تەکنەلۆژیا تازەبەتازە دەیەوێ کۆمەڵگا بگەڕێنێتەوە بۆ قۆناغى سەدەکانى ناوەندى سەردەمى حوکمڕانیى کڵێساکانى ئەوروپا و تەواوى تواناکانیان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردووە و بۆیانیش چۆتە سەر ، دانانى شەریعەتى ئیسلامى بە دایکى یاساکان و سەپاندنى بەسەر دەستوردا کە ئەمە تەواو ناکۆکە لەگەڵ دامەزراندنى حکومەتێکى موئەسەساتى و بنیاتنانى کۆمەڵگاى مەدەنیدا، هەرچەندە بە سۆنگەى سیستمى سیاسیى گەندەڵى حوکمڕانى هەرێمى کوردستانەوە تەکانى جەماوەرییان دا بەڵام بەمە تووشى غرورى و سەرچڵیى هاتن و ناخى شەڕانگێزى و دواکەوتووییان لە ڕووداوەکاندا قێزەونترین سیماى ناشارستانیبوونیانە و ڕەفتارەکانیان وەکو مەترسى بۆ سەر ئاییندە و بەرژەوەندى گەل و نیشتمان دەردەکەوێ ، بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانى کوردستان هەرچى زووترە بە خۆیاندا بچنەوە و پرۆژەى چاکسازى و کەمکردنەوەى گەندەڵى و ناعەدالەتى بکەنە چەکێک بۆ بەڕەنگاریى بێهودەیى و ڕەشبینى و نائومێدى تاکەکانى کۆمەڵگا کە فاکتەرى سەرەکین بۆ دەسلەخۆبەردانیان و پشتکردنیان لە تێکۆشان و گۆڕینەوەى دنیایەکى بەرجەستە بە دنیایەکى نەبینراو و نەهێڵانى ئینتیماى نیشتمانى .

ئێستاش کە پرۆژەیاساى پاراستنى پیرۆزە ئایینییەکان دادەڕێژرێ، وێڕاى - تەحریم - کردنى ڕەخنە لە ئایین، پێویستە و دەبێ ئەم خاڵانەى خوارەوەش ڕەچاو بکرێن:
١- ڕێگرتن لە بەحیزبیبوونى مەلاکان ، بە تایبەتى وتاربێژان.
٢- پاراستنى ئەو شوێنانەى سەلەفییەکان بە ئامانجیان کردووە، وەکو شوێنە گشتییەکان (یانەى خێزانى، مەیفرۆشیى و شێلانگە)کان و دانانى سزاى قورس بەسەر ئەوانەدا کە پەلاماریان دەدەن.
٣- تایبەتکردنى (فتوى) بۆ لیژنەى پسپۆڕ و شارەزا و ڕاگەیەنراو و دانپێدانراوى فەرمى و سزادانى ئەو مەلایانەى بە ویست و خواستى خۆیان جاڕ دەدەن.
٤- پێدانەگرتن بە پێدانى پۆستى وەزارەتى ئەوقاف بە حیزبى ئیسلامى.
٥- چاودێرى کردنى وتارەکانى هەینى کە زیانمەند نەبێ بە بەرژەوەندى نیشتمانى و ئاساییشى نەتەوەیى.

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک