١\٣\٢٠١١
بۆچى دەبێ بارەگاکانى پارتى بکرێنە ئامانج؟!

هیوا رەش
ئەمەى سەرەوە هەم پرسیارە و هەمیش سەرسوڕمان، بەشبەحاڵى خۆم
خوێندنەوەى خۆم بۆى هەیە بەڵام بەڵگەم لا نیە، بێبەڵگەش ناتوانى
لایەنى گومانبار تاوانبار بکەیت ، بۆ خوێندنەوەش هەرچییەک بڵێم دەچێتە
خانەى گومانەوە و گومانیش کێشەکە ساغ ناکاتەوە و لە ڕووى یاساییشەوە
گومانبار بێتاوانە تا ئەو کاتەى تاوانەکەى بەسەردا ساغ دەبێتەوە ، بۆیە
ئەم پرسیارە سەرسوڕهێنەرەم کردووە تا خوێندنەوەیەکى ڕاستم دەست بکەوێت
، یان بەڵگەى ماقوڵم پێ ببەخشرێت و ئەم هاوکێشە جاڵجاڵۆکەییە نەخشە بۆ
داڕێژراوە شى بکاتەوە ، بە هیوام شارەزایان و خاوەن زانیاری زیاتر
وەڵامێکیان پێ بێت.
خۆپیشاندان مافى سەرەتایى خەڵکە و ناتوانرێ لێیان زەوت بکرێ ، سەرکوت و
کوشتوبڕى ڕژێمە دیکتاتۆرەکان ناتوانن ڕێگەى لێ بگرن ، کەواتە ئەو مافە
بەخششێک نیە بەخشێنرابێ بە خەڵک ، بەڵکو کەڵەکە بوونى ناڕەزایەتى
جەماوەرە لە هەمبەر ستەکانى زۆرداران و بەم جۆرە پراکتیزە دەکرێ ، ئەم
جۆرە ناڕەزایەتى دەربڕینەش هەندێک جار خۆڕسک و هەڕەمەکییە و هەندێک
جاریش بەرنامە بۆ دانراوە ، ئەوەى 17 2 2011 ى شارى سلێمانى هەرچەندە
بۆ پشتیوانى کردنى گەلانى تونس و میسر باڵاپۆشکرابوو بەڵام لە ڕاستیدا
ناوەڕۆکەکەى دەربڕینێکى ناڕەزایەتى ڕەفتارە دزێوەکانى دەسەڵاتى پارتى و
یەکێتى بوو کە بیست ساڵە هەموو کایەکانى ئابورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى و
سەربازى و دیپلۆماتى گەلەکەمانیان لە مستى کەسک و زەردى حیزبدا کۆ
کردبۆوە و حیزبیش لە مستى بنەماڵەدا و بنەماڵەش لە مستى سەرۆکدا لغاو
کرابوو ، بیست ساڵ پیادە کردنى دزى و تاڵانى و گەندەڵى و نادادپەروەرى
و قۆرخکارى و پاوانخوازیى هۆکار بوون بۆ ئەم ئەنجامە.
بەندە دووساڵ بەر لە ئێستا بە ڕاشکاوى زیندانەکانى دوو زلحیزبە
دەسەڵاتەکەى کوردستانم بەرامبەر بە ئەمنە سوورەکە ناو ناوە ئەمنە
زەردەکە و ئەمنە سەوزەکە و ئەمەشم بڵاوکراوەتەوە و لە ئەرشیفدایە ،
ئەوەى لە زیندانى ئەواندا بە خەڵک کراوە بە سوود وەرگرتن و ئەزموونى
زیاترەوە هاوشێوەى ڕەفتارە دڕندانەکانى بەعس بووە ، ئەوەى لە
کوردستاندا دەرهەق بە میللەت ئەنجام دراوە کۆکراوەى پەڕەپەڕەى فەرهەنگى
دیکتاتۆرەکانى دنیایە ، بە دیموکراسییەت دەست لە بیناقاقا گیر دەکەن و
هەناسە دەبڕن ، پەرلەمان و حکومەتى حیزبى بەڕێوە دەبەن ، سامانى سەر و
ژێر زەوی دەدزن ، ئاسمانى نیشتمان دەکەنەپردى بازرگانى ، بۆندى ژێر بە
ژێر واژۆ دەکەن ، وڵاتیان کردۆتە مۆڵگەى هەواڵگریى دوژمنان ، سازش بە
خواستى خەڵکەوە دەکەن و بێئەوەى پرس و ڕاى کەس وەربگرن جەنگیش
هەڵایسێنن ، ڕاى جیاواز خەفە دەکەن ، حیزبۆکەى بچووک بۆ پیاهەڵدانیان
برەو پێ دەدەن ، یەکڕیزیى خەڵک لەبەر یەک هەڵدەوەشێننەوە ، خیانەت و
نیشتمانپەروەریى دەبەشنەوە ، نوسەر و ڕۆژنامەوانى دەربار قووت دەکەنەوە
، سەربارى هەموو ئەمانە خۆپیشاندان بە ئاژاوەگێڕى و گێرەشێوێنى وێنا
دەکەن ، ئەمانە چمکێکن لە دەسەڵاتى دواکەوتووى بنەماڵەیى لە کوردستاندا
کە شایستەى ئەوەن وەڵامى گورچکبڕیان بدرێتەوە و کار و بەرهەمى وڵات کە
حیزب لووشى دەدا ئیفلیج بکرێن ، دەزگاکانى هەواڵگرى و کۆمپانیاکانى
وەبەرهێن و قونسوڵگەرییەکانى وڵاتانى پێ بترسێنرێن ، بەڵام نابێت ڕێگە
بدرێت نان و پیازیان پێوەبخورێ و لە لایەن ئیسلامییەکان و بزووتنەوەى
گۆڕانەوە لێخن بکرێ ، بوار نەدرێ ئەوان خۆیان بە خاوەندى بکەن ، چونکە
هەر ئەوان بوون ڕۆژى دووەمى خۆپێشاندانەکە بە هەمان گوتارى تۆمەتاوى
دەسەڵاتداران خەڵکیان بە ئاژاوەگێڕ و گێرەشێوێن ناوزەد کرد و ئێستا
دەیانەوێ بە نوێژ کردن لەسەر بەرماڵى مۆرەوە ببن بە فریشتە و ئیعلانى
جیهادیش بکەن ، کە دەبوایە جیهادیان بەرامبەر داگیرکاریى چەتە
عەرەبەکانى لم و بیابان بەرامبەر بە عەقڵ و خاکى گەلى کورد
ڕابگەیاندایە.
ئەگەر کار بۆ ئەوە کرا خۆپیشاندانەکان خوێناوى بکەن نابێت مەسیح ئاسا
وەڵام بدرێنەوە ، بۆ پاراستنى گیانى ڕۆڵەکانمان نابێت
ناڕەزایەتییەکانمان بە ئاقارى توند و تیژیدا ببەین ، بەڵام نابێ ڕێگەش
بدرێ لەسەر ملمان جێگە بۆ شمشێرەکانیان خۆش بکەن ، دەبێت کارێک بکەین
بە دادپەروەرانە ڕەفتار بکەین و بە یەک چاو لە نادادپەروەریى هەموو
ئەوانە بڕوانین کە ساڵانێک گەندەخۆرییان دەکرد لەسەر جەستەمان ، دەبێ
دواى سۆز و عاتیفە نەکەوین و بپرسین کێ بوو یەکەمجار بە گوللە وەڵامى
خۆپیشاندەرانى دایەوە و – بەکر عەلى – شەهید کرد ، ئەو پارێزگارانەى
شارى سلێمانى چەندیان بوونە هۆى کرمێ کردنى خزمەتگوزارییەکانى شارى
سلێمانى و ئێستا لە کوێن ، ڕەفتارى کام ئەندامى مەکتەبى سیاسى لە
ساڵانى ڕابردوو بە ئێستاشەوە کەرکوکى گورگانخواردوو کرد ، بە فەرمانى
کێ کۆمەنیستەکان خڵتانى خوێن کران ؟ ؟ ؟ بە دڵنیاییەوە ئەوانەى قبوڵ
بکەن گردێک لە موڵکى گشتیى بە ناویانەوە بکرێ لە چیایەکیش ناسڵەمێنەوە
، کەواتە دەبێ وریا بین گەندەڵ و گەندەڵکاران چواردەوریان داوین ، زەرد
و کەسک و مۆر ، باوبارانن و دەیانەوێ لە ئێمەى بەفر بتوێننەوە.
لە کۆتاییدا دەڵێم با خۆپیشاندانەکان بە حیزباوى کردن ناشرین نەکرێن ،
سەراى ئازادى نەکرێ بە مزگەوت و مەلا و فەقێى حیزبییش نەبنە دەمسپی ، و
بە فرمێسکى تیمساحیى گۆڕانیش فریو نەخۆین و بە هەلهەلەى گێڕانەوەى
کەرکوک بۆ سەر کوردستانى پارتى و یەکێتیش نەکەوینە سەما ، دەبێ
خۆپیشاندانەکان تا گەییشتن بە ئامانج بەردەوام بن و پەلامارى هیچ
دەزگایەکى فەرمى و حیزبى نەدرێ ، ئەگەر کار بەوە گەییشت جیاوازى لە
نێوان هیچیاندا نەکرێ کە هەموویان وەکو یەک گەنەخۆرن ، دەبێت پارتى بە
تەنها نەکرێتە ئامانج بۆ ئەوەى لە باتى خزمەتى خۆمان خزمەتى ئەوان
نەکەین کە دەمێکە خەونى دابەشکردنى میرات بیر و هۆشى بردوون و هەر
یەکەیان بەشى خۆى بە کەم دەزانێ و چش لە بەشى میللەت
دەکات.
بە دڵنیاییەوە ئەگەر بە عەقڵى سەرکردەکان بکەین ، بادینان و سۆران لێک
جودان ، هەولێر و سلێمانى لە بەرەى دژدان ، دەبا ئەم کلتورى بەعسیزمە
ڕیسوا بکەین و بوار نەدەین یەکتر کوشتن و یەکتر قبوڵ نەکردن کە پەیامى
کۆنى هەگبەکەیانە و دەیانەوێ لە شاخەوە بیگوازنەوە شار ، چیدى نەهێڵین
مەرامى پەنهانیان بێتە دى و لە بەهاى خۆپیشاندانەکانمان کەم بکەنەوە و
ئامانجەکانیمان بیر ببەنەوە و بەرەو هەڵدێرى .
نەفرەت لەوانەى گوڵباران دەکەن بە گوللەباران.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|