٥\٢\٢٠١٢
بۆچی دروستکردنی
گرووپە لۆکاڵییهکان پێویسته؟

زاھیر باھیر
کۆمپانیاکانی پیشەسازی و بازرگانی مۆدیرن، کاپیتاڵیست و کاپیتاڵیزم،
دەوڵەت و فەرمانڕەوایان کە کۆمەڵگەکان بەڕێوەدەبەن ، تا بیناقاقەیان
گەندەڵە و دەستیان لە ھەبوونی برسێتی و بەدەستھێنانی پاوەر و
چەوساندنەوە و پڕوپاگەندەکردن و توندوتیژی و دانانی یاسا و ڕێسایەک کە
بە بەرژەوەندی خۆیان بشکێتەوە، وێرانکاری و وێرانکردنی ھەموو
کەڵچەرەکان و نامۆیی و شەڕ و تێکدانی سروشتی سروشت و ھەتا بەکارھێنانی
توندوتیژی و دڕندەیەتیش بەرامبەر بە ئاژەڵ و گیانلەبەرانیشدا، ھەیە.
دەبینین کاپیتاڵیزم وەکو سیستەمەکە، لیبراڵیەت وەکو شێوەی دەوڵەت و
فەرمانڕەواییەکەی، پارت و ڕێکخراوە وابەستەکانی و دەسگای
ڕاگەیاندنییەکەی وەکو ئامرازێکی پڕوپاگەندەچی بە گەیاندنی بۆ پای
دەسەڵات، دێوجامەی ھەڵبژاردن وەکو کڵێشەیەکی دیمۆکراتیانە، کۆمەڵگەکەی
وەکو پێکھاتەیەکی مەدەنی، سەروەریەتی بازاڕەکەی وەکو بازاڕی ئازاد و
زۆری تریش ، گەیشتۆتە بنبەست و چی تر ڕێگەچارەیەکی پێ نییە نە بۆ ئەو
قەیرانە کە خودی سەرجەمی سیستەمەکە تێی کەوتووە نە بۆ کۆمەڵگەی
بەشەریەتیش کە بەڕێوەی دەبات.
گەرچی زیاتر لە سەدەیەکە تەواوی پارتە چەپ و ڕاستەکان و لیبراڵەکان
سوشیال دیمۆکراتەکان لە ژێر ناوی ئەم بەناو شۆڕش و ئەو کودەتاوە، لە
ڕێی ھەڵبژاردنە بەدناوەکانەوە ھیچیان نەک ھەر نەیانتوانی لە پایە و
بناغەی سیستەمەکە، سەرمایەداری، بێننە خوارەوە و شتێکی زۆر کەم بۆ
خەڵکانی کرێکار و زەحمەتکێش و بەشخوراوان بەدەستبھێنن ، بەڵکو لە
ڕاستیدا ئەوەندەی تر ئەم سیستەمەیان بردە پێشەوە و بەھێزیان کرد. ئەمان
لە خودی سیستەمەکە خۆی زیاتریان داوە لە بزوتنەوەی کرێکاران و
زەحمەتکێشان، بەدەستەمۆکردنیان، تاودانیان بۆ " شۆڕش " و کودەتا و
بەکێشکردنیان بۆ گەمەی ھەڵبژاردن و بە نائومێدکردنیان.
ئەوەی کە ھەر لە چەرخی ڕابوردووەوە بەڕێ دەکرێت و دێت و دەڕوات، تا
ئێستاش ھەر بەردەوامە . ھەر لەو کاتەشەوە تا ئێستا یەک پرسیار لە لای
ھەمووان تەرح دەبێت ئەویش ئەوەیە : بۆچی و چۆن ئەو ھەوڵانە، ئەو
بزوتنەوانە بە تێکشکان کۆتاییان ھات؟!! ، وەڵامەکەش لەگەڵ تازەبوونەوەی
ھەر بزوتنەوەیەکدا، یا لەگەڵ دروستکردنی ھەر پارتێک، ڕێکخراوێکی نوێدا،
ھەموو وەخت یەک شت بووە: دەرسوەرگرتن لە ڕابوردوو بە ھەموو باشی و
پۆخڵاواتەکانییەوە، یاخود گەڕان بەدوای ھۆکارە لاوەکییەکاندا، بووە ،
وەکو، نەبوونی یارمەتی ناوخۆیی یا دەرەکی، لۆمەکردنی ئەم سەرکردە و ئەو
بنکردە، یاخود سازنەبوونی زەمینەی لەبار و گەلێکی تر لەم بیانوانە
ھەمیشە دڵی شکاوی خۆمانمان پێداوەتەوە.
بەدرێژایی زیاد لە چەرخێک ئێمە ھەمان بەیت و بالۆرە لێ دەدەینەوە و
ھەمان کاریش دووبارە و دەبارە دەکەینەوە ، ھەمان ڕێگەی فاشلی
دەستپێکردووی شوێن و وڵاتەکانی تر دەگرینەوە بەر، بەبێ ئەوەی بیر لەوە
بکەینەوە کە ئیتر لە خەباتکردنماندا پێویستمان بە ڕێگەیەکی تر ھەیە
بیگرینەبەر. بە درێژایی سەدەیەکە ئەم ئەزموونی تێشکاو دەمانداتەدەست
ئەو ئەزموونی تێشکاو ، بەبێ ئەوەی بە خۆماندا بچینەوە ، بەبێ بیر لەوە
بکەینەوە ، کە نەک ئەمەی کە ئەیکەین دیسانەوە ھەر دەستداخکردنە، بەڵکو
ناشمانگەیەنێتە ھیچ شوێنێک.
مێژووی ڕودانی " شۆڕشەکان " ڕاپەڕینەکان ، تەواوی بەیەکاندانەکان لە
جیھاندا ، یا پێماندەڵێن، ھیچ بە ھیچ نەکراوە و سەرئەنجام بوونەتەوە بە
دژەشۆڕش و دژەڕاپەڕین یا ئەوەتا لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ، ئەو نیەتە
باشە، ئەو ڕوداوە مەزنە ھەر ھەموویان لەلایەن دەسەڵات و
دەسەڵاتخوازانەوە، ئیحتیوا کراون. تەنھا بە تەنھا لە ھەموو مێژووی
چەرخی ڕابوردوودا ، لە ھیچ پێگەیەکی ئەم سەرزەمینەدا نموونەیەکی
سەرکەوتوومان نییە، کە تا ماوەیەکی درێژ بڕی کردبێت، بەڵام لەگەڵ
ئەوەشدا ، ھەر وەکو پێشتر باسم کرد وەڵامی ئێمەش ، دەرسی ئێمەش،
دووبارەکرەنەوە و دەبارەکردنەوەی ھەمان شت بووە، کە پێشوەخت گەر کەسێک
تۆزێک بە قوڵی بیری لێ کردبێتەوە ، زانیویەتی کە سەر ئەنجام ئەم شتە
تازەیەش لە کۆنەکان باشتر نابێت.
ھەڵبەتە دیارە قسەی من لەسەر پارتە سوشیالیست و کرێکاری و
کۆمۆنیستەکانن کە ھەموویان خوازیاری بزوتنەوەی سوشیالیزم و شۆڕشی
سۆشیالیستین. من لێرەدا قسەم لەسەر پارتە چەپەکان و سۆشیال
دیمۆکراتەکان و ڕاستڕەوەکان و لیبراڵەکان نییە چونکە لە ھەقەتدا ئەوان
ئەوەی کە ویستویانە کردوویانە و ھێناویانەتە دی ، کە بە
سەرمایەدارکردنی ھەموو شتێک بووە لە دونیادا بە بنەما ماتریاڵەکان و
پەیوەندی بەرھەمھێنان و پەیوەوندی نێوانی تاکەکانی ناو کۆمەڵگە و
چینەکانیشەوە، پێیان لەسەر چڕبوونەوەی ئەم سیستەمە و خۆخزاندنە یەکەمین
و سەرەتاییترین یەکە، یا شانەی کۆمەڵگەوە، کە خێزانە و لەوێشەوە تا
سەری سەرەوەی کۆمەڵگە بە ھەموو دامودەسگە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری و
بەرھەمھێنەرەکانییەوە، داگرتووە.
بەڕای من دەرککردنیش بەو سەرئەنجامە ، کارێکی زەحمەت نییە و نەبووە،
چونکە ھەرچی شتێک کرابێت گۆڕانکارییەکانی لەسەرەوە ئەنجام داوە.
بێگومان گەر تۆ چارەی ھەر کێشەیەک بکەیت بە کێشە کۆمەڵایەتیەکانیشەوە
دەبێت لە ڕەگ و ڕیشەکەیەوە دەستیان بۆ بەریت ، بە واتایەکی تر دەبێت
گۆڕانکارییەکان لە بنەوە، لە ڕیشەوە بن ، نەک لەسەرەوە ، یا لە لق و
پۆپەکانییەوە.
بە ڕای من ئەوەی تا ئێستا کراون گۆڕانکارییەکان بوون لەسەرەوە ، ھەر
بۆیەش خۆئامادەبوون بۆ ئەم گۆڕانکاریانەش بە خۆڕێکخستن بوو بێت، بە
گردبوونەوە بوو بێت لە ناو پارتێک ، گروپێک، یا قەوارەیەکی ڕێکخراوەیی،
جا لە ھەر زروفیکدا بوو بێت یا لە ھەر دەرفەتێکدا بوو بێت ، شتێکی تری
بە ئەنجام نەگەیاندوە جگە لە گۆڕانکاری نابناغەیی کە لەسەرەوەی
کۆمەڵگەکەوە دەستی پێکردوە. بە مانایاکی تر، بنەمای کارکردنت ، داڕشتنی
بناغەی ھەر کارێکت، تەحدیدی سەرئەنجامی کارەکەت دەکات.
ھەر بەو پێیەش دەتوانین زۆر بە ئاسانی ھەڵسەگاندنێک بکەین بۆ
ڕاپەڕینەکانی خەڵک و ڕژانە سەرجادەیان لە تونس . لیبیا، میسر ، سوریا،
ئیمارات و ساڵ پاری کوردستانی خۆشمان . زۆر بە ئاسانی ئەوە تێدەگەین کە
ئەو بزوتنەوانە بزوتنەوەیەکی سۆشیالیستی نەبوون و نیین، سەرئەنجام گەر
باری ژیانی خەڵکی لە بواری ئابوورییدا بەرەو خراپتر نەبات زۆر گرانە
بگەیتە ئەو ڕایەی کە بڵێیت ، ژیانی خەڵکی ئاسانتر دەکات و خۆشگوزەرانی
و یەکسانی و دادوەری کۆمەڵایەتییان بۆ دەھێنێت. چونکە ئەو بناغەیەی کە
ئەو بزوتنەوانەی لەسەر دامەزراوە یا دروست دەکرێت، (مەبەستم لە
بزوتنەوە سائیدەکەیە) داخوازییەکانیان لە بەسەرمایەدارکردنی باشتری
وڵاتەکە ، زیاتر تێنەپەڕیوە و تێناپەڕێت، چ لە بوارەکانی بەروبووم و
داھاتیدا ، لە دابەشکردنی ئەم بەروبووم و داھاتەدا، لە ڕۆشنبیری و
پەروەردەیی دا، لە دەسگەی ڕاگەیاندنیدا، چ لە پێوەندی تاکەکانی ناو
کۆمەڵگەکە و پەیوەندی بەرھەمھێناندا.
ئەم بزوتنەوانە بۆ دروستکردنی حکومەتی مەدەنی و کۆمەڵگەی مەدەنی و
سەروەربوونی یاسا و ڕێز لێگرتنی، نەمانی گەندەڵی و ھەبوونی شەفافییەت
لەسەرجەمی بڕیارەکانی دەسەڵاتدا، ھەوڵ دەدات. گەر تەماشای ھەموو ئەو
دروشمانە، یا داخوازیانەی، کە ناونووسم کردن لەسەرەوە، بکەین، دەبینین
دروشم و داخوازی ناوکۆییە لە ھەموو ئەو وڵاتانەی کە ناوم بردن . ئەمە
جگە لەوەش ئەوەی کە دەسگەی میدیای جیھانی و ھەر ھەموو ڕۆشنبیرانی
لیبراڵ لە ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوادا ، پیادا ھەڵدەدەن و پێی دەڵێن "بەھاری
عەرەبی" ، تا ئێستا کە لە دوو وڵاتدا ئەنجامێکی ھەبووە ، دوو دەوڵەتی
یا دوو دەسەڵاتی " ئیسلامی مەدەنی " بەرھەم ھێناوە و چی تر نا.
بەھەرحاڵ من لێرەدا نامەوێت لەسەر ئەو بابەتە بدوێم و بە درێژی ھەڵی
سەنگێنم، بەڵکو تەنھا وەکونموونەیەک بۆ بەستنەوەیان بە بابەتەکەمەوە،
ھێنامنەوە، تاکو ببنە شاھیدێکی عەیان.
دیارە من پێش لەسەر ئەوە دادەگرم . کە من بە ھیچ شێوەیەک ڕام وانییە کە
دەبێت دەستەوسان بین لەبەرامبەریاندا، ھەڵبەتە من لایەنە ئیجابیەکانی
ئەو ڕاپەڕینانە و پێداویستی بەشداریکردنیشیان لەلایەن خەڵکانی وەکو
منەوە بە زەرور دەزانم، چونکە ئەوەندەی تێدا دەبینم کە بزوتنەوەکە
تۆزێک دەباتە پێشەوە و دەتوانین لەوێشەوە ھەر لەسەرەتاوە ھۆکارەکانی
فەشەلبوونمان بدۆزینەوە و میکانیزمی نوێ بۆ کاری دەستەویەخە و
ئایندەمان دروست بکەین. ئەمە جگە لەوەی کە من بەش بەحاڵی خۆم ھاندەر و
کۆمەککەر و بەشداریکەری ھەر جوڵە و ڕاپەڕینێکم کە خەڵکەکەی بەھێز بکات
و سەربەخۆیی خۆشی بپارێزێت، بڕوا بەخۆی پەیدا بکات ، باوەرێ بە بوونی
گۆڕان ھەبێت، نامۆیی و پەراوێزکەوتن بخاتە لاوە، دژی ھەموو جۆرێک لە
زوڵم و زۆر و چەوساسندوە بێت ، دژی نادادوەرێتی کۆمەڵایەتی بێت ...ھتد
لە ھەمان کاتیشدا ئەوە تێدەگەم کە ئەمەی ڕوودەدات حوکمی مێژووە و ڕەنگە
خەڵکانی ئەو وڵاتانەش و کوردستانیش، کە تامەزرۆی بینینی حکومەت و
کۆمەڵگەی مەدەنی و سەروەریی یاسان، بیانەوێت تاقیکردنەوەی خۆیانیان
ھەبێت لەو بوارانەدا، بەڵی ئا لەو بوارانانەدا کە ئەمڕۆ سەدەھا
ھەزارانی وەکو من لەم وڵاتانەدا خەبات بۆ گۆڕینی و لابردنی دەکات.
ئەی کەواتە دەبێت چی بکەین تاکو گۆڕانکاری بنەڕەتی بکەین؟
بێگومان ئەمەی کە من لێرەدا دەیڵێم و تەرحی دەکەم کە بەرچاوخستنی
میکانیزمی کارکرنمانە بۆ خەباتی ئێستا و ئایندەمان، ڕەنگە لای گەلێک
شیاو یا کارێکی کردەیی ( عەمەلی ) نەبێت، بە بیانووی جیا جیای وەکو :
ئەوە بۆ ئەم کۆمەڵگەیەی ئێمە نابێت ، کۆمەڵگەی ئێمە ھێشتا زۆری ماوە بۆ
ئەوە و لەم ڕێگەیەوە ئەم سسیستەمە ھەرەس ناھینێت ، یا ئەوانە کار و
چالاکی کۆمەڵگەی مەدەنیین و زۆری تر لەم پاساوانە.
بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا دەبێت ئەوە بزانین کە زەرورەی ژیان،
دووبارەنەکردنەوەی مێژوو، بەھەدەرنەدانی گیانی ھەزارەھای تر، پێمان
دەڵێت گەر بمانەوێت گۆڕانکاری بنەڕەتی بکەین دەبێت لە دروستکردنی گروپە
لۆکاڵییەکانەوە دەست پێبکەین، دەبێت لە بنی کۆمەڵگەوە ھەنگاو ھەڵبنێین.
کردنی گۆڕانکارییە زەروورییەکان ئاسانترە لە پاڵدانەوە و ھیچ نەکردن و
ڕۆیشتن لەگەڵ بارودۆخی مەوجوددا و دوایش باجی سەرئەنجامەکانی بدەیت.
گەرچی بۆ ماوەیەکی کەم و کورتیش بووە بەڵام ئەزموونەکانی چەرخی
ڕابوردوو، نیشانی دەدات کە گۆڕینی کۆمەڵگە مومکینە، گەرچی ئاسان نییە،
بەڵام دەھێنێت ھەوڵی بۆ بدەین، ئەو گۆڕینەش ئەرکی سەرشانی ھەموومانە،
لەبەر خاتر و بۆ بەرژەوەندی خۆمانە، بەرپرسیاریمانە لە ژینگە و
نەوەکانی داھاتوومان و بۆ ئەوانە.
دەبێت ئەوەش بڵێم کە ئەمە بەرنامەیەک نییە تاکو فەرز بکرێت بەسەر
خەڵکدا، قاڵبێکیشم نییە تاکو خەڵکە بەشداربووەکەی پێ لە قاڵب بدەم،
بەڵام دڵنیام بە ئەنجامدانی گەلێک شت لەلایەن خەڵکی ترەوە، وەرگرتن و
فێربوون لە تەجروبەی ئەوانەوە، بەکارھێنانی کۆمۆن سێنس (Common
Sense)، ھەموو ئەمانە یارمەتیدەرن و کۆمەککەرن لە کێشانی
کڵێشەیەک یا فۆرمـێک بۆ ڕێڕەوی ئایندەو ئیتیجاھەکەی، کە بەرەو کوێمان
بەرێت.
بەڵام لە ھەموو شت گرنگتر لێرەدا ئەوەیە کە باوەڕ بەوە بھێنین کە
سیستەمی مەوجود نە مەرغوبە لای زۆربەی زۆرمان و نە بێکەلێن و خاڵی
لاوازیشە و نە بەردەوامبوونیشی مسۆگەر و حەتمییە. ئەم سیستەمە ئەوەندە
لاوازە بە پژمەی دەوڵەمەندێک، بە تەسریحی کابرایەکی دەسەڵاتدار یا
پاوەر فوڵ، بە تەنھا ھەر ئەوە، کافییە بۆ ئاڵۆزبوونی بارودۆخی سەرجەمی
دراوە سەرەکییەکانی جیھان. لە شوێنێکی وەکو بریتانیادا کە کاپیتاڵیزم
چەند بەھێزە و لە لوتکەدایە، بۆ نموونە، مانگرتنی بەردەوامی یەکێک لە
کەرتی کرێکارانی وەکو ھاتووچۆو ڕێگەوبان، فڕۆکەخانە، ئاگرکوژێنەرەوە،
کۆکەرەوەی باجوخەراج، ھەتا کرێکارانی کۆکەرەوە و فڕێدانی زبڵ کە
لەبەریتانیادا ژمارەیان زۆر کەمترە لە کرێکارانی کەرتەکانی تر ، لە پاڵ
ھاوکاری و سۆڵیدارێتی چەند بەشێکی تری کرێکاران، دەتوانن ئەوەی کە
دەیانەوێت بەسەر دەوڵەتدا فەرزی بکەن و حکومەتیش بگۆڕن. کەواتە تەنھا
کەمەکێک لەو کەمایەتییەی کە دەسەڵاتدارن لەگەڵ دەسگە ئیداریەکانیان ،
ڕێکخراو و پاوەرفوڵ و بەھێزن.
دەبێت ئاستی خەبات و چالاکیمان فراوان بکەینەوە تاکو ھەم ھەموو کێشە
کۆمەڵایەتییەکان بگرێتەوە و ھەم بەشی ھەرە زۆری کۆمەڵگەکەش، لەو
خەباتەوە بگلێت. سەرجەمی توێژاڵ و بەشەکانی کۆمەڵگە بە چەشنێک لە
چەشنەکان ، لە بوارێک لە بوارەکانی ژیاندا ، وجودییەتی یا مانەوەی ئەم
سیستەمە و پارێزەرانی کە دەسەڵاتدارانن، بە ھیچ شێوەیەک لە
بەرژەوەندییان نییە.
من ڕام وایە ئێمە پێویستمان بەوە ھەیە کە لیجان و گروپ لە ھەموو کونج و
کەلەبەرێکی کۆمەڵگەکەماندا، لە ناو کارگە و کۆمپانی و قوتابخانە و
زانکۆکاندا، لە کێڵگە و شوێنە کشتوکاڵییەکاندا، لە ناو شوێنە
خزمەتگوزارییەکاندا، لە نەخۆشخانەکاندا، لە بازاڕەکاندا لە ھەموو
گەڕەکەکاندا، بۆ ھەموو کێشەیەک بۆ ھەموو داخوازی و پێداویستییەکانمان
دروست بکەین.
لە کوردستاندا کەلێن و بۆشایی زۆر ھەیە لە ژیانی خەڵکەکەماندا،
داخوازییەکان و پێداویستییەکانی ژیان ئەوەندە زۆرن کە بە دەیەھا گروپ
بگرە زیاتریشمان دەوێت لە خەباتکردنماندا، تاکو بەدەستیان بھێنین . ئەو
کۆمەڵگەیە بەتەواوی لە گرێژەنە دەرچووە ، زۆر زیاتر لە وڵاتانی
ئەوروپا. لەسەرکردەکانی ئەو میللەتە و بەرپرسیارەکانییەوە ھەتا
ئۆپۆزیشۆن و زۆربەی تاکەکانی ناو کۆمەڵگەکەش کار لەسەر زیاتر داڕمان و
وێرانکردنی ئەو وڵاتە دەکەن. ھەر بۆیە لای من سەیر نییە کە شتێک نییە
لەو وڵاتەدا پێویست نەکات گروپێکی بۆ دروست نەکرێت. ئەمە: ھەر لە
چاککردنی ڕێگەوبانەوە ، کەمپەین دژی سەیارە و ھێنانی سەیارەی زیاتر و
کردنی خەڵکی کوردستان بە کڕیاری سەیارەی بێگانە ، واتە ڕەوێنەرەوەی
بەشیک لەو قەیرانەی کە سیستەمی کاپیتاڵیزمی تێی کەوتووە، کەمپەین بۆ
ھەبوونی ھۆکانی ھاتووچۆی گشتی لە چەشنی پاس و شەمەنەفەر و میترۆ
و...ھتد بە نرخێکی زۆر ھەرزان و ھاتنی لە وەختدا و زەمانەتی سەلامەتی
نەفەرەکانی و دەوروبەرەکەشی ، کەمپەین بۆ باشکردنی پەروەردە و خوێندن،
کەمپەین دژی قوتابخانە و زانکۆو کلینیک و خەستەخانەی ئەھلی، گروپی
کەمپەین بۆ چاککردنی تەندروستی چارەسەری خەڵکی ، بۆ ئاوی پاک، بۆ
ژینگە، کەمپەین بۆ چاککردنی سەرجەمی خزمەتگوزارییەکان، دژی گرانی
شتومەک و پێداویستییەکانی خەڵک، بۆ مەسەلەی خانوبەرە و ئەو قەیرانە
سەکەنییەی کە ئێستا ھەڕەشەمان لێدەکات ، کەمپەین دژی بەرزێتی و
بەرزبوونەوەی کرێی خانوو، مەسەلەی بەتاڵە، کەمپەین بۆ ھەبوونی ئەکسێس
بۆ کەمئەندامان لە ھەموو دائیرەکان و شوێنە خزمەتگوزارییەکاندا ھەتا لە
ناو شۆپە (دووکانە) گەورەکان و بازاڕەکاندا، کەمپەین دژی کردنەوەی
سۆپەرمارکێتی گەورە کە خەڵکێکی زۆر کەم کاری تێدا دەکات و کاڵ او
شتەکانیشی ھەموویان ھاوردەن لە وڵاتانی بێگانەوە، کە تەنھا ھانی
وابەستەییمان بە بازاڕی بێگانەوە و پەراوێزکردنی کاڵاو بەروبوومی
خۆمانە، دەدات، کەمپەین بۆ مەسەلەی ئافرەت و دژی بەکارھێنانی توندوتیژی
بەرامبەریان، کەمپەین دژی دەستدرێژکردنە سەر ئافرەتان و منداڵان و
کرێکارانی کۆچەر و پەنابەران، کەمپەین بۆ کردنەوەی یانە و شوێنی
حەوانەوە و بەسەربردنی وەخت ، بە خۆشێیەوە، بۆ خەڵکانی پیر و
کەمئەندام، کەمپەین بۆ چاکبوونی کارەبا و ھەبوونی ئاو بەبەردەوامی ،
کەمپەین دژی ھەڵکەندنی بیری ئیرتیوازی، بیری نەوت و دروستکردنی بەندی
ئاو( سەد) کە زۆربەیان زەروور نین، بۆ باشکردنی ھەلومەرجی کارکردن لە
شوێنەکانی سەرکار بە زیادکردنی کرێی کاریشەوە ، کەمپەین بۆ دروستکردنی
گروپی ھاوپشتی ئەم خۆپشاندان و سەپۆرتی ئەو مانگرتن و ھاوکاری لەگەڵ
ئەو کەمپەین ، دروستکردنی گروپی کەمپەین دژی دەستدرێژیکردن و لێدان و
کوشتنی کرێکارانی بێگانە کە بۆ نان پەیداکردن ئاوارەی وڵاتی ئێمە بوون
ھەر وەکو چۆن زۆر لە ئێمە ئاوارەی وڵاتانی تر بووین، کەمپەین دژی
ڕایسیزم و فاشییەت و فاشیزسم، کەمپەین بۆ ھەبوونی زیاتری پارک، کەمپەین
دژی دروستکردنی ھۆتێلی ڕاقی و بەرز، کە بەشی زۆری خەڵکە ئاساییەکەی
کوردستان تەنھاو تەنھا پیاھەڵڕوانینیانە، دژی کردنەوەی لۆقەنتە و
چێشتخانەی گرانبەھا، کە دیسانەوە سەرجەمی خەڵکە ھەژارەکان نەک ھەر ھەلی
ئەوەیان بۆ ڕێک ناکەوێت کە ژەمێک خواردنی تێدا بخۆن بەڵکو ژیان ئەو
ھەلەشیان پێڕەوا نابینێت کە بۆنی خواردنەکانیشی بکەن.
بێگومان ئەم لیستەی سەرەوە کۆتایی بۆ نییە چونکە ھەموو کەموکوڕیەکان و
پێداویستییەکان ناگرێتەوە و دەتوانرێت درێژتر بکرێتەوە، بەڵام من ھەر
وەکو نموونەیەک لێرەدا ڕیزم کردوون .
میکانیزمی کارکردنی ئەم گروپانە:
ئەم گروپانە بۆ مەرامێک، مەبەستێک لەوانەی سەرەوە کار دەکەن ، خەڵکانی
ناو گروپەکان بە تەواوی ئازادی خۆیانەوە لە گروپەکاندا یەکدەگرن، ھەر
کەس بە پێی توانا و وەختی خۆی کاری بۆ دەکات و بەپێی توانای دارایی
خۆشی یارمەتی گروپەکە دەدات. ئەم گروپانە گروپێک یا پارتێک یا
ڕێکخراوێکی سیاسسیانە نین تاکو پەیڕەو و پڕۆگرامی سیاسی و پلەوپایەی
ئەندامەتی سەرکردە و بنکردەی ھەبێت، وەکو لەسەرەوە وتم خەڵکی بەتەواوی
ئازادن لە چوونە کۆبونەوەکان یا نەچوون ، لە یارمەتیدان و
یارمەتیندانیان. ئەم گروپانە بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن لە بیرۆکراتیەت و
وابەستەیی و پیرۆزکردنی کەس و پارت و سەرکردەکان ، خۆیان دەپارێزن لە
ھەبوونی سەرکردە و دەمڕاستی گروپ یا کەسی ئەساسی گروپ. کۆبونەوەی دەوری
خۆیانیان ھەیە، جا چەند کۆبوونەوە لە مانگێکدا دەکەن و کۆبوونەوەکان
چەندێک بخایەنێن، ئەمانە ھەموو بڕیاری گروپەکان خۆیانن.
ئەم گروپانە لەسەر بناغەی تیئوری و یەککەوتنی بیر و بۆچوون پێکنایێن،
ئەوەی کە ئەمان یەک دەخات شتە عەمەلییەکانن، داخوازییەکانی سەرجەمی
خەڵکی کۆمۆنێتیەکەیە، ھەر بۆیە بۆ ھەر یەکێک لەو داخوازییانە خەڵکانێک
بەدەر لە تەمەنیان، لە جیاوازی دینی و مەزھەبیان، بەدەر لە جیاوازی
ڕەنگ و پێست و ڕەگەز و نەتەوەیان ، بەدەر لە (جێندەر) ڕەگەزیان و لە
کار و فەرمانیان و ڕێوشوێنی کۆمەڵایەتییان، لەسەرووی ھەموویانەوە بەدەر
لە ئینتیمای حیزبیان، دەتوانن کار بۆ بەدیھێنانی داخوازییەکان بکەن.
ئەوەی کە لەو گروپانەدا دەکرێت لێدوان و وتووێژ و جەدەل نییە لەسەر
مەسەلەی فکری ، باس لەسەر حیزب حیزبێنە، نییە ، کامیان ڕاستن و کامیان
ھەڵەن، دیندار ھەڵەیە و بێدین ڕاستە یا خوا وجودی ھەیە یا نییە، ئەمانە
لە ناو کۆبوونەوەی گروپەکاندا باس ناکرێت . قسەوباسی ئەم گروپانە لەسەر
کێشە کۆمەڵایەتییەکانە، لەسەر ئەوانەن کە لەسەر زەوین نەک لە ئاسمان،
لەسەر ئەو کێشانەن کە مرۆڤ بۆ مرۆڤی دروست کردوون نەک خوا. ئیتر
ئەوەندەی ئەو کەسانە بێنە پێشەوە ئامادە بن لە ئەنجامدانی کارەکانی
گروپەکاندا، باقی جیاوازییەکانی تر گرنگیان نییە. ئەوەی کە گرنگە
لێرەدا بکرێت، کردنی شتەکانە بە کردەوە. کابرایەکی حیزبی ، بۆ نموونە،
گەر دژی کردنەوەی قوتابخانە و زانکۆ و خەستەخانەی ئەھلی بێت، ئامادە
بێت ھاوکاری لە گروپەکەدا بکات و بۆ ئەمە توانای خۆی بخاتە کار ، با لە
ھەمان کاتیشدا ھەر بۆ خۆی بچێت لە کۆبونەوەی حیزبەکەیدا، قسە بە ھەوادا
بدات، چونکە ئەوەی کە لە گروپەکەدا دەیکات کردارە و بە عەمەلیش شتێک بە
ئەنجام دەگەیەنێت لەگەڵ ھاوگروپیەکانیدا، بەڵام لە ناو کۆبونەوەی
حیزبەکەیدا قسە دەبڕسکێنێت، نە شتێکی بە کردار، ھەر لەبەر ئەمەشە کە
ھەموو کەسێک دەتوانێت لە ناو ئەم گروپانەدا کار بکات و بە پێی توانای
خۆی ڕۆڵی خۆی بنوێنێت.
ئەوەی کە لە گروپێکدا کار بکات، گەر بخوازێت، دەتوانێت لە چەند گروپی
تریشدا لەوانەی سەروە یا لەو چەشنە گروپانەی سەرەوە کار بکات، نە
ڕێگرییەک ھەیە نە مەرج و یاسایەک بۆ کردنی ئەم کارە کە چالاکی ئەو
تەنھا بە گروپێکەوە یا یەک دوو گروپێکەوە سنووردار بکات . لە ڕاستیدا
دەبێت ھانی خەڵکی بدرێت کە ھەوڵی خۆی لە چەندەھا گروپدا بخاتە کار ،
بەمە نەک تەوژمێک بە گروپە نوێیەکە دەدات بەڵکو ئەزمونی خۆی
دەگوێزێتەوە بۆ ئەوێ و ھەرچی تازەش وەربگرێت گروپەکانی تری پێ
دەوڵەمەند دەکات.
ئەم گروپانە ئازادن لە بیر کردنەوە و کارکردنیاندا، لە خەبات و
چالاکیاندا. لە دەرکردنی چەند بڵاوکراوەیەکدا کە خزمەت بە کارەکەیان
بکات، مەرجیش نییە بڵاوکراوەکان دەربڕی ڕا و بۆچونی ھەموو بەشداربووانی
گروپەکە بێت، بۆیە ئەوەی کە ڕای جیایە، ئازادە لە یارمەتینەدانی لە
نووسینیدا، لە بڵاوکردنەوە و پەخشکردنیدا . کەواتە ئەم گروپانە لە
دەربڕینی بیر و قسەکردنیاندا دیمۆکراتیانە بەڕیوەدەچن و ھەموو بڕیارێک
کە دەیدەن و جێبەجێی دەکەن بە بڕیاری زۆربەیانە، ئەوانەیان کە ڕایان
لەسەر چالاکیەک نییە دەتوانن بەشداری تێدا نەکەن ، ھیچ کەسێک لە کەسانی
ناو گروپەکە لۆمەیان ناکات، ھەراسانییان ناکات.. چالاکی سەرەکی لای
ئەم گروپانە : کردنی چالاکی یا کاری ڕاستەوخۆ، (دەستبەسەراگرتن و
داگیرکردن*)ی ئەو شوێنانەی کە
بڕیاری لەسەر دەدەن ، خۆپیشاندان و مانگرتن، کردنی پرۆتێست و کۆمەک و
ھاوپشتیکردنی گروپەکانی تر و بەشداریکردنە لە ناڕەزاییەکانی کرێکاران
خوێندکاران و قوتابیان و کارمەند و کرێکارانی شوێنە خزمەتگوزارییەکان و
پرۆتێستەکانی ناو گەڕەکەکان و کۆمۆنێتیەکە.
ئەم گروپانە لە ڕێگەی نوێنەرانی ھەر گروپێکەوە، لە گروپێکی گەلیک
فراوانتردا، بە یەکەوە پەیوەست دەبنەوە لە کاتێکدا کە لەسەر ئاستی شار
، ناوچە، ھەرێم، وڵات ، کۆبوونەوی دەوری دەکەن ، لەسەر یەکێک لەو
ئاستانە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی گروپە لۆکاڵییەکانەوە - نوێنەر بەو
مانایە نییە تاکو کەسانێک ماوەیەکی دوورو درێژ یا بە دائیمی لە
ئەنجامی ھەڵبژاردنی ناو گروپەکان بە سیفەتی نوێنەر بناسرێن و ھەر ئەمان
بۆیان ھەبێت بچنە کۆبونەوەکانی ئاستەکانی ترەوە، بەڵکو ھەر کەسێک
بیەوێت لە گروپەکە دەتوانێت بەشداری بکات و دەنگوباسی گروپەکەی خۆی
دەگەیەنێت و دەنگوباسی ئەوێش دەھێنێتەوە بۆ گروپەکەی خۆی- ئا لێرەوە
جۆرێک لە تەنسیق یا پەیوەندیەک لە نێوانی سەرجەمی ، یا ھەندێک لە گروپە
لۆکاڵییەکاندا دروست دەبێت ، ئەمەش ھەلێکی باش دەبێت تاکو ھەموو
گروپەکان لەو ڕێگەیەوە بتوانن کار بکەن کارەکانیشیان بەیەکەوە گرێ
بدەنەوە و ئەنجام بدەن، بەمەش دەتوانن سەنگێکی زیاتر بدەن بە ھەر یەکێک
لەو چالاکییانەی کە دەیکەن و داخوازیەکانیشیان یەکخەن و ئەزموونەکانی
ناو گروپەکان بۆ ئەوانی دیکە بگوێزنەوە.
ئامانجی سەرەکی ئەم گروپانە لە پاڵ ئەوانەی سەرەوەدا: یارمەتیدان و
کۆمەککردن بۆ تەشەنەکردنی زیاتری گیان و ورەی خەبات و بەرزکردنەوەی
ئاستی بڕوابەخۆبوون لەو خەباتەدا بۆ باشکردنی تەواوی سەرجەمی ژیانیان،
چونکە ئەوەی ئاشکرایە و دەیبینین ئەوەیە کە ناتوانین باوەڕ بە
سیاسییەکان یا بە بزنس و بزنسمانەکان لە کۆتایی پێھێنانی نایەکسانی و
ھەبوونی ئیمتایازات، کە بە شێوەیەکی کاریگەر کۆمۆنێتییەکەمانی دابەش
کردووە، بکەین. ئەوەش دەزانین گۆڕانکارییە ڕاستەقینەکان یا
بنەڕەتییەکان لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە نایەنە دی، لە ڕێگەی
لوولەی چەکەوە نایەنە دی. ئەو گۆڕانکاریانە تەنھا لە ڕێگەی چالاکی
سەرومڕی ھاوبەشی و سەربەخۆی ھەموو تاکەکانی کۆمۆنێتیەکە یا زۆربەیان ،
دێتە کایەوە و ئەمەش تەنھا بە یەکتر دوواندن و و گۆڕینەوەی ڕا لە
نێوانی یەکتریدا و خۆڕێکخستن لە پێناوی بنەبڕکردنی ئەو گیروگرفتانەی کە
لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەرەو ڕوی دەبنەوە، دێتە دی. زیاتر لەمەش
پەیوەستبوون و گرێدانی چالاکی ھەموو گروپەکان بەیەکەوە لە ھەموو ئەو
شوێنانەی کە لەسەرەوە ناونووسم کردن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ھەمان
گیروگرفت کە خەڵکانی ئاسایی لە گەڕەکەکان و شارەکان و شوێنەکانی سەرکار
و خوێندن، بەدەستییەوە دەناڵێنن.
گۆڕانکاری ڕاستەقینە لەسەر دەستی ڕێکخراوە سیاسییەکان و سەرکردەکان و
ئەم بارودۆخەی ئێستا کە ھەیە ، دروست نابێت. دەبێت ئێمە خۆمان
کۆمەڵگەکەمان بگۆڕین لە ڕێگەی کار و چالاکیمانەوە ، لە ڕێگەی
ژیانمانەوەو پەیوەندیمان بەوانی ترمانەوە ، ئەویش کە ڕێکخستنی خۆمانە
لە ناو خودی کۆمۆنێتییەکەدا، بە پتەوی و توانای جەماعیمانەوە، بە
کۆمەککردن و سۆڵیدارێتی لەگەڵ یەکتر بە بەرامبەری و بێھیچ بەند و
مەرجێک، بە دەستپێشکەریمان و بڕوا بەخۆبوونمانەوە و لە ڕێگەی ململانێ و
خەباتی چینایەتییەوە.
گۆڕانکاری ڕاستەقینە و بەردەوامبوونی ڕوودەدات تەنھا لە ڕێگەی خودی
خەڵکی خۆیەوە، بە دەستبەسەرداگرتنی ھەموو کارگە و سەرچاوەی داھاتەکان و
دەسگەکانی خویندن و خەستەخانەکان و شوێنە خزمەتگوزارییەکان، ھەر ھەموو
ئەوانەی کە موڵکی دەوڵەتە یاخود ھی سەرمایەدارانە، لەبەرژەوندی خەڵکی
کۆنترۆڵ بکرێن ، بە گێڕانەوەی ھەموو بڕیارەکان بۆ دەستی خۆیان سەبارەت
بە پێداویستییەکانیان و بەرژەوەندیەکانیان.
بەم شێوەیە گۆڕانکارییەکان لە بنەوە نەک لە سەرەوەی کۆمەڵگەکە وە دەست
پێدەکات و سیستەمی مەوجود بنکەن دەکات، لە جێگەیدا دەتوانین کۆمەڵگەیەک
دروست بکەین کە لەسەر بناغەی تەبایی و خۆشەویستی و بەتەنگەوەھاتن و
ھاوبەشی لە ھەموو داھاتێکدا لە بری دروستکردنی کاپیتاڵ و کاپیتاڵیزمی
زیاتر و بەرھەمھێنانی جۆرە جیاجیاکانی حکومەت کە ھەر ھەموویان یەک شتن.
واتە کۆمەڵگەیەک دروست دەکەین کە مرۆڤ و پێداویستییەکانی مرۆڤ بخاتە
پێش پارە و سوود و قازانجەوە.
تایبەتمەندییەکانی گروپە لۆکاڵییەکان و گرنگیان:
١- لەبەرئەوەی ھەموو خواست و ئامانجەکانی گروپەکان خواستێکن
لەبەرژەوەندی ھەموو تاکەکانی گروپەکە و سەرجەمی کۆمەڵگەیە، ھەر لەبەر
ئەمە ھیچ جۆرە ئیمتیازاتێکی تاکە کەسی تیدا بەدی نایەت، ھەموو کەسێک
بەقەدەر ئەوی تر لەوەی بەدی ھێنراوە بەسوود دەبێت بۆی ، ئیدی شوێنەواری
جیاوازیەک یا نایەکسانییەک لەوێدا نابینیت ھەر بەم شێوەیەش دروستبوونی
کۆمەڵێک یا دەستەیەک کە جیابێت لەوانی تر مەحاڵ دەبێت.
٢- دروستکردنی گروپە لۆکاڵییەکان و ڕێکخستنیان و یەککەوتنی تاکەکانی
ناو گروپەکان لەبەرامبەر بەرژەوەندییەکانیاندا ھۆشمەندییەکی تەواوی
تێدا دروست دەبێت ، ھەر بەو پێیە ھەموو کەسێک بە ئاگایە
لەبەرژەوەندییەکان و کار بۆ ئەوە دەکات ، ئەمەش ڕێگر دەبێت لە بردنی
ڕێڕەوی گروپەکە بە لاڕێدا یا بەخراپ بەکارھێنانی بۆ مەبەستێکی تر،
بەدەر لە مەبەستە سەرەکییەکەی خۆی.
٣- لەبەرئەوەی تەوای گروپەکان بە خواستێکی ئازادانەی خەڵکەکە دروست
بوون و شێوەیەکی دیمۆکراتیانە دەگرێنەبەر لە بڕیارەکانیاندا کە دەیدەن
و کارەکانیان ھەر ھەموو بە ھەرەوەزی دەکەن و لەبەرژەوەندی ھەموویان
دەبێت . ھەروەھا ھەموویان ڕێز لە ڕای جیاوازی یەکتری دەگرن بۆیە بە
ئازادییەکی تەواوە ڕاو و بۆچونی خۆیان لەسەر تەواوی مەسەلەکان
دەردەبڕن، ھەر لێرەشەوە دەتوانن ھەموو یەکێکیان موبادەرەی خۆی بکات
ئیدی ھەموو کەس دەتوانێت مێشکی خۆی بەکاربھێنێت و قسەی دەم و دڵی خۆی
بکات کە ئەمەش ڕێگرێکی تەواوە لە دروستبوونی خەڵکانێک کە بەڵێیان
پێویست بێت، یا خۆیان ئەھلی بەڵێ بن. ئەمەش یانی پارێزگاریکردن و
بەردەوامبوونی دیمۆکراتیەتی ڕاستەوخۆ و چالاکی ھەرەوەزییانە، یانی
ڕێگەگرتن لە دروستبوونی خەڵکانی بیرۆکرات و دیکتاتۆر و گروپی
بیرۆکراتییانە و دیکتاتۆرییانە.
٤- کارکردن لە ناو گروپە لۆکاڵییەکاندا خەڵکێکی زۆری پێوە دەلکێتەوە و
مەودایەکی فراوانتری لەبەردەمدایە بۆ کار و چالاکیکردن، چونکە ئەمان بە
پێچەوانەی حیزبییەکان کە لەسەر بیر و باوەڕ و خاڵی تیئۆری یەکدەکەون،
ئەمان لەسەر تەواوی بەرژەوەندی کۆمۆنێتیەکە کە بەرژەوەندی ھەموو
تاکەکانێتی یەکدەگرن. ئەمەش دەبێتە ھۆی دروستکردنی خۆشەویستی و تەبایی
و گیانی بە تەنگەوە ھاتن و دوورکەوتنەوە لە ڕۆحیەتی سکتاریزم و
دەستەگەری ، کە ھەمەموو ئەمانەش ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجی گروپەکان
خۆشتر دەکات و خێرایی دەدات بە بەدەستھێنانیان. ھەرچی حیزبەکانیشە ھەر
لەسەرەتاوە لەسەر بناغەی قوچکەیی (ھەرەمی - ھیراشی) دروست دەکرێن و
لەسەر گیانی خۆبەزلزانین و تاکڕەوایەتی و خۆبەڕاست زانین و وابەستەیی
بۆ سەرکردەکان و دەستەگەری و زۆربەی کاتیش پیلانگێڕان دژی یەکتری و لە
دواقۆناغیشیدا گەر سەرکەوتن یا فاشیل بوون، بەشیان بێت، ھەمیشە
بەرژەوەندی حیزبەکە و کۆمەڵە خەڵکیکی سەرەوەی حیزبەکە دەخرێتە پێش
بەرژەوەندی " نەتەوە " و " چینەوە ".
٥- لەبەر ئەوەی لەم شێوە کارکردنانەدا نە سەرکردە ھەیە و نە بنکردە، نە
ئیمیتیازی شەخسی بەدەست دەھێنرێت نە بۆ تاکە گروپێکیش بە تەنھا . ئەمەش
دەبێتە ڕێگەگرتن لە سەرھەڵدانی گەندەڵی و پارێزگاریکردن
لەبەرژەوندی تاکە کەسێک یا چەند کەسێک.
٦- لەبەرئەوەی چالاکییەکانی گروپەکان بۆ بەرژەوندی ھەموو کۆمۆنێتیەکەیە
بە خلاف بە بەرژەوەندی حیزبێک لێرە و لەوێ ، یا تەیارێکی سیاسی ، یا
بەشێک لە بزنس ، کە بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵێکی زۆر کەم کار دەکەن، بە
دڵنیاییەوە چالاکی ئەم گروپانە ڕووبەڕووی بەژەوندی ئەوانەی سەرەوە
دەوەستێتەوە. بەڵام لەبەرئەوەی کە ئەم گروپانە دەربڕی خواست و
پێداویستییەکانی کۆمۆنێتیەکەن سەرئەنجام ھەموو ئەوانەی سەرەوە لەبەر
ھێز و توانای زۆربەی ئەم خەڵکانەدا لە پاشەکشەدا دەبن، چارەیەکی تریان
لەبەردمدا نامێنێتەوە جگە لە تەسلیم بوون بە ئەمری واقیع نەبێت.
٧- بە ھۆی خەباتی سەرجەمی گروپە لۆکاڵێیەکانەوە ، ھەموو شتێ دەکەوێتەوە
دەستی کۆمۆنێتیەکە و لەلایەن ئەوەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، خودی کۆمەنێتییەکە
خاوەنی بڕیار دەبێت لە ھەموو شتێکدا بۆیە ئیتر دەوری ئیدارە
بیرۆکراتییەکان و دەسەڵات (دەوڵەت) نامێنێت. ئەمە بە پێچەوانەی حیزبە
سییاسییەکانەوەیە کە مەھامی سەرەکییان گەیشتنە بە کورسی دەسەڵات لەو
کاتەشدا ئەوان فەزڵی مانەوە لە دەسەڵاتدا و پارێزگاریکردن لێی دیسانەوە
دەبێتە ئامانجی یەکەمی حیزب، بۆ بەجێگەیاندنی ئەمەش جارێک پەنا دەبەن
بۆ بەکارھێنانی دیمۆکریتیەت و جارێ تر پەنا دەبەنەبەر دیکتاتۆریەت،
دیارە ئەمەش بەپێی خواستی بارودۆخەکە دەبێت.
٨- تاکەکانی گروپەکان، بەم جۆرە کارکردنانە ، کەمتر ڕووبەڕووی گرتن و
کوشتن و توندوتیژی لەلایەن دەسەڵاتەوە دەبنەوە بە حوکمی ئەوەی کە ئەوان
داخوازییە کۆمەڵایەتییەکانیان، داخوازی ژیانن، نەک سیاسی و
دەستبەسەراگرتنی دەسەڵات ، ئەمەش وا دەکات کە خەباتەکەیان بەردەوام بێت
و گروپەکانیش بەرنامەی شاراوەییان نەبێت کە ئەمەش جۆری خەباتەکان
ئاسانتر دەکات.
٩- بە ئەنجامدانی کارەکان بە دەستە جەمعی و لە ڕێگەی گروپە
لۆکاڵیەکانەوەیە، یانی بە جووڵەخستنی ھەموو کۆمەڵگە، یانی کۆمەڵگە
بەردەوام لە ھەوڵی چاککردنی ژیانیدایە، لە ھەنگاو نانی گەورەدایە
بەرەو شۆڕشی ئایەندە. بەرپرسیارکرنی ھەمووانە چ لە ھەوڵدان بۆ
بەدیھێنانی داخوازییەکان و چ لە دابەشکردن و خواردنی بەر و ڕەنجی
بەدەست ھێنراودا.
١٠- بە دروستکردنی گروپە لۆکاڵییەکان یانی دروستکردنی بناغەیەک،
بڵاوبوونەوەی ھۆشیاریەک لەناو ھەموواندا سەبارەت بە
بەرژەوەندییەکانیان. ئەمەش یانی ئامادەبوونیان بۆ کاتێک کە بارودۆخێکی
تر دێتە پێشەوە ، کە ھەموو خەڵک دەڕژێتە سەرشەقامەکان ، وەکو ئەوەی کە
دەیبینین ئەمڕۆ لە ھەنژێک وڵاتدا ھەیە ، تاکو بزوتنەوە جەماوەریەکە
نەکەوێتە ژێر کاریگەری دەسەڵات و ئەحزابە ئۆپۆزۆسیونەکانەوە یا کۆنترۆڵ
و ئیحتواکردنی لەلایەن ئەوانەوە. ھەبوونی ئەم گروپە لۆکاڵییانە زەمانەت
و دەستەبەری ھاتنەدی سەرجەمی داخوازییەکانی ھەموو خەڵکان دەکات کە
ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و ناھێڵێت ببنە پارویەکی چەور تاکو دەسەڵات و
دەسەڵاتخوازان قووتیان بدەن.
١١- گۆڕانکاری بنەڕەتی و بەردەوام تەنھا لە ڕێگەی خەڵکی خۆیانەوە دێت،
ئەوەیش بە دەستبەسەراگرتن و کۆنترۆڵکردنی ھەموو داھاتەکانی کۆمەڵگەیە،
گەڕانەوەی ھەموو بڕیارەکان بۆ دەستی ئەوان. ئەوکاتە خەڵکەکە خۆی
بەدەستەجەمعی بڕیارەکان دەدات ئەویش لەسەر ئەساسی پێویستییەکانی کە بە
ھەقەت خەڵکی دەیەوێت و پێویستێتی، ئەوەی کە ئارەزوویانە و زەروریە، کە
ئەمانەش ھەر تەنھا ئارەزوویەکی ڕووت نین، بەڵکو کارێکی پراکتیکەڵیشە و
شیاوی جێبەجێکردنن، ئەمانەش شتێکی نوێ نین و تۆوەکەیان لە شۆڕش و
ڕاپەڕینەکانی خەڵکیدا، پێشتر بینراوە.
ھەموو ئەم کارانەش تین و گەشەیەکی گەورە دەدەن بە بزوتنەوەکە و بەرەو
بزوتنەەیەکی جەماوەری گەورەی دەبەن لە خەباتکردنیا، ئەم بزوتنەوەیەش
دەبێتە دروستکەری پاوەرێکی تر، دەسەڵاتێکی تر ، کە دەسەڵاتی جەماوەرە
لە پاڵ پاوەری فاسیدی مەوجوددا، دەخولقێنێت، کە پاوەری خەڵکە بە
بەبەردەوامی لە کۆنترۆڵکردن و دەستبەسەراگرتنی ھەموو شتێکدایە و
کۆمەڵگەش لە قۆناغی کۆتایی گۆڕانیدایە ، کە لەم قۆناغەشدا دەسەڵات و ،
دەوڵەت و بزنس، ھەموویان وەکو ئیدارەیەکی یا لایەنێکی لاوەکی ناپێویست
و نازەروری دەبینرێن و مانەوەشیان بەربەست و ڕێگر دەبێت لەبەردەوامی و
پێشەوەچوونی کۆمەڵگەدا، تا وای لێدێت کە بە تەواوی پەراوێز دەخرێن و
ھەڵدەوشێنرێنەوە.
_________________________________________________
*
(دەستبەسەراگرتن و داگیرکردن):
بە واتای سەندنەوەی سامان و داھات و کارگە و خانووبەرە و کەرتەکانی
پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و خزمەتگوزاری و پەروەردەییەکان لە
پارت و سەرمایەدار و حکومەت و گێڕانەوەی بۆ کۆمەڵگە و بەھرەمەندبوونی
گشت ئەندامانی کۆمەڵگە لێیان.
لەندەن
ماڵپهڕی
زاهیر باهیر
|